شوبات 27, 2022 Omer توێژینهوه, وتار 0
پرسی فەیلییەکان، زمان، ناسنامە، کولتوور
فەرەیدون سامان
پێشەکی
فەیلییەکان پێکھاتەیەکی رەسەنی نەتەوەیی کوردن لەدێرزەمانەوە لەسەر خاکی کوردستاندا ژیاون، یەکەم گروپی ئیتنیکی کوردیشن لەسەدەی بیستەمدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە دووچاری کۆمەڵکوژی و راگواستن ھاتوون، لەرووی زمانەوە سەرچاوە زمانناسیەکان ئەوە پشڕاست دەکەنەوە، کە لەبنەڕەتدا “فەیلی”یەکان سەر بە زاراوەی “کەڵھووڕ” ن و کە دیالەکتێکی کوردییە (دیالێکتی کوردی باشوور) وەک زاراوەگەلی “لەک، لور، کرمانج، گۆران- زازاکی” کە پێکڕا نەتەوەی کورد پێکدەھێنن.
بەڵام بە پشت بەستن بە پۆلێنکردنەکانی کتیبی مێژوویی (شەرەف نامە)ی
شەرەفخانی بەدلیسی، زاراوەی فەیلی بە کۆمەڵێک ھۆزی لوڕی دەگوترێت، لەراستیدا
سەرچاوە زمانناسییەکان پشتگیری لەو بۆچووونە ناکەن، بەڵکو فەیلییەکان لەکۆمەڵێلک
ھۆزی کەلھور پێکدێن، بەڵام لەسەردەمانێکدا دەڤەرەکەیان لەرووی کارگێڕییەوە بەشێک
بووە لەئوستانی لورستان (توێژینەوە لەسەر دیالێکتە کوردییەکانی باشوور- دکتۆر
ئیسماعیل قومەندار).
فەیلییەکان زۆرینەیان
نیشتەجێی کێوەکانی (پێشکۆ،پشتکۆ)ی زنجیرە چیای زاگرۆسن، ھاوکات زۆرینەی
مێژوونووسانیش کۆکن کە فەیلیەکان لەڕەچەلەکی (ئیلامی ) یا (گۆتییەکان)ن، کە
لەناوەڕاست و باشووری عێراق لەناوچەکانی (مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جاسان،
خانەقی، کەرکوک، بەغدا، کوت، عەمارە و بەسرە) ژیاون، لەلایەن چەند کەسانێکی
ڕۆژھەڵاتناسی وەکو فلادیمێر مینۆرسکی رووسی و جۆن ماڵکۆن، ھەروەھا توێژەری ناسراوی
کوردی فەیلی د.ئیسماعیل قوماندار پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن کە بڕوایان وایە
سەرەتای دەرکەوتنی زاراوەی فەیلی لەسەدەی شازدە بووە، ئێستاش ئەم زاراوەیە بۆ ئەو
کوردانە بەکاردێن کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بەر دەوڵەتی عێراق کەوتون، لەرووی
جوگرافییەوە ناوچەکانیان بەشێکیان لەباشووری رۆژھەڵاتی کوردستانن لەدەڤەرەکانی
(لوڕستان و کرماشان و ئیلام)ی سەر بە ئێران دەژین و بەشێکی دیکەش لەباشووری
کوردستان لەعێراق لەڕۆژھەڵاتی دیجلەن، کوردی فەیلی ئایینزا شیعەن لەبەغدا و
پارێزگای دیالە دەژین، بۆجوێکردنەوەی میرنشینی “لوڕی بچوک” و حکومڕانیەکەی، کە
خۆیان بە لوڕی رەسەن دادەنا، بە بەراورد بە “لوڕی گەورە” کە وایان دادەنا “لوڕی
بچوک” بەشێکن لە“لوڕی گەورە” نەک رەسەن و بنچینە، “جۆن ماڵکۆن و براون” ھەروەھا
توێژەری کوردی فەیلی “د.ئیسماعیل قوماندار” پشتگیری بۆچوونەکەی “فلادمیر مینۆرسکی”
دەکەن و پشتڕاستی دەکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم زاراوەیە لەم ناوچانە بە دەگمەن بەکارھاتووە، بەڵام لەسەدەی نۆزدەیەم تەنیا لەلایەن دانیشتوانی “پشتکۆ” وە بەکارھاتووە، لەسەردەمی ئێستاش ئەم زاراوەیە تەنێ بۆ ئەو کوردانە بەکاردەھێنرێت، کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن، کە لەناو سنووری دەوڵەتی عێراقن لەدوای دیارکردنی سنووری نێوان “ئێران و عوسمانییەکان” لەساڵی ١٩٠٥، بەڵام دانیشتوانی “خانەقی و مەندەلی” کە کوردی گەرمەسێرن، ئەم زاراوەیە بۆ ناساندنی خۆیان بەکارناھێنن، بەڵکو زاراوەی کوردی فەیلی بۆ ئەو توێژەی کورد بەکاردەھێنرێت، کە لەرووی ئاینیەوە سەربە ڕێبازی ئایینزای شیعەن، واتا ناولێنانەکە لەسەربنەمای مەزھەبیە نەک نەتەوەیی.
ناسنامەی نەتەوەیی فەیلییەکان:
بە بۆچوونی د. ئیسماعیل
قومەندار لەکتێبی (توێژینەوەی زاراوە کوردییەکانی باشوور) دەڵێت: کوردانی فەیلی
ھەزاران ساڵە لەو ناوچانەی کە تا ئێستا نێشتەجێین و دەژین جێگیرین، دەکەوێتە
ھەردوو دیوی باشووری کوردستان و باشووری رۆژھەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان
دەوڵەتی عێراق و ئێران، لەخانەقین لە باکوورەوە تا عەلی غەربی لەباشووری عێراق،
لەئیلام، کرمانشان و لوڕستان و شوێنی دیکە لەوڵاتی ئێران نیشتەجێن، کوردانی فەیلی
بە ژمارەیەکی بەرچاوی زۆرەوە لەھەردوو شارە گەورەکانی وەک بەغدا و تاران دەژین و
نیشتەجێن، بەڵام ھێشتا بە فەرمی ھیچ ئامارێکی متمانە پێکراو بۆ ژمارەی فەیلیەکان
نەکراوە، بەڵام بە گشتی بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن، ڕووبەرێکی
بەرفراوانی خاکی کوردستان دەکەوێتە پشت خانەقینەوە و لەنێوان خانەقین تا دواسنووری
خاکی باشووری کوردستان سەدان گوند و چەندین ناحیە و دوو قەزای تری کوردستان ھەن،
کە ئەوانەش قەزای مەندەلی، لەگەڵ دوو ناحیەی بەلەدروز و قەزانییە و ٢٣٤ گوند کە
ڕووبەرەکەی ٦٥٨٦ کم٢یە. قەزای بەدرە و ناحیەی جەسان و زوڕباتییە، لەگەڵ ٥٣ گوند کە
ڕووبەرەکەی ٣٦٥٠ کم دووجایە، جگە لەو ناوچانەش شارۆچکەی عەزیزییە و ناوچەکانی عەلی
غەربی و عەلی شەرقی و قەزای (حەی)یش ناوچەی کوردنشینن.
کە ھەموویان دەکەونە سنووری پارێزگای واست لەخوارووی عێراقدا، ئەمە جگە لەشاری کووت، کە ناوەندی پارێزگاکەیە و کوردانی فەیلی بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی پێکدەھێنن، قەزای بەدرە و ناحیەکانی جاسان و زوڕباتییە لەپارێزگای کووت (واست)، لەسەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان باشوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵکەوتوون و دەروازەی سنوورییان ھەیە لەنێوان ئێران و عێراقدا، بەدرە دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی شاری (کووت)ی ناوەندی پارێزگای واست و ٧٠کم لە شاری کووتەوە دوورە، ٤٥کم لە شاری مەندەلی و ٧٥کم لە شاری خانەقینەوە دوورە. ناحیەی (جەسان)یش دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری بەدرە و ١٥کم لەو شارەوە دوورە، ناحیەی زوڕباتییەش دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری بەدرە و ١٨کم لەو شارەوە دوورە. لەساڵی ١٩٤٧دا ژمارەی دانیشتووانی قەزای بەدرە نزیکەی ٢٢ ھەزار کەس بووە. سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی ئێستای قەزاکە، ئامارێکی ورد و فەرمی لە بەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی دانیشتووانی بەدرە لەگەڵ ھەردوو ناحیەی جەسان و زوڕباتییە لە نێوان ٣٠- ٤٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکرێت. کوردانی بەدرە و جەسان و زوڕباتییە بە شێوەزاری کوردیی کەلھوری- فەیلی قسە دەکەن. ھاوشێوەی کوردانی فەیلیی ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی، کوردانی خەڵکی شارەکانی بەدرە و جەسان و زوڕباتییەش، لەسەردەمی ڕژێمی بەعس، کۆچی زۆرەملێیان پێ کرا بۆ بەغدا و ناوچەکانی تری ناوەڕاست و خوارووی عێراق و شارەکەیان تەعریب کرا. سەبارەت بە ناوی بەدرە، کە کوردانی خەڵکی شارەکە بە کوردی پێی دەڵێن (بەێرە)، بیروبۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەدرە لە (بەد+راھـ)ەوە ھاتووە ،کە مانای ڕێگای سەخت و دژوارە. بەدرە خاکێکی پڕ پیت و بەرەکەتی ھەیە و ژمارەیەکی زۆر باخی خورما و میوەی لێیە. ڕووباری (گەڵاڵ) کە لەڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە شاری بەدرەدا دەگوزەرێت، سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی شارەکە و باخەکانیەتی. سەرەڕای بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، بەدرە ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت و غازە، کە یەدەگی نەوتەکەی بە ١٠٩ ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت و نەوتەکەی نەوتی خاوی API=٣٥Oە، ڕووبەری کێڵگەی نەوتی بەدرە ٩٦کم٢یە، لەپاش پرۆسەی ئازادیی عێراق، پرۆسەی بەرھەمھێنانی نەوتی کێڵگەی بەدرە بەشێوەی فەرمی لە ٢٦/٨/٢٠١٤ لەلایەن کۆمپانیای گازپروومی ڕووسییەوە دەستی پێکرد، بە بەرھەمھێنانی ١٥٠٠٠-١٧٠٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدایە.
فەیلییەکان لەمێژووی کۆن و نوێدا:
سەرچاوەی کتێبە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە کوردانی فەیلی
بەشدارییان لە دروستکردنی شاری بەغدادا کردووە لە ساڵی ٧٦٢ ی زایینی و لەسەردەمی
خەلیفەی عەباسی (ابو جعفر المنصور)دا، فەیلییەکان بە سەرۆکایەتی (ذولفقار الموصلی)
لە نێوان ساڵانی (١٦٢٣ تا ١٦٢٩)ی زایینیدا حوکمی عێراقیان لەکەرکوکەوە تا بەسڕە
کردووە، بەڵام لەئەنجامی رێکەوتنێکی نێوان ھەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەویدا
حوکمیان لەکوردەکان سەندۆتەوە و زاڵ بوون بە سەریاندا. سەرەتای کێشەی فەیلییەکان بە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دوای جەنگی
جیھانی یەکەمەوە دەس پێدەکات، کە بە پێی رێکەوتنی سایکس پیکۆ دەستی پێکرد،
لەیەکەمین بڕیاری یاساییدا بۆ ھاووڵاتیانی عێراقی ((یاسای ژمارە ٤٢ ی ساڵی ١٩٢٤))
بەوەی کە عێراقییەکانی سەر بە تەبەعیەی عوسمانی (ھاووڵاتی پلە یەک) و تەبەعیەی
ئێرانی بە (ھاووڵاتیانی پلە دوو و سێ) سەپاند و دەسڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق کوردی
فەیلییان خستە خانەی تەبەعیەی ئێرانییەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە کوردی
فەیلی بە پلە دووی ھاووڵاتیانی عێراقی دەژمێردران، بەڵام لەدامەزراندنی ئابووری
دەوڵەتی عێراقەوە لەرووی خاوەندارێتی تایبەتدا بەشدارییان کرد، بۆیە دەڵێین لە
رێگای خاوەندارێتی تایبەت، چونکە دەرگای دامەزراندن لەکەرتی گشتیدا بە سەریاندا
داخراوو رەوا نەبوو، لەرووی سیاسیشەوە بەشدارییەکی چالاکانەی جموجۆڵی بزووتنەوەی
دیموکراسی عێراقی و کوردستانی بوون.
فەیلییەکان لەساڵانی
پەنجاکانی سەدەی رابردوودا توانیان دەست بەسەر کەرتی تایبەتی بازرگانی لەبەغدای
پایتەخت بگرن و لەو رووەوە لە جموجۆڵ و کاری بازرگانیدا سەرکەوتوو بوون، بەشداری
فەیلییەکان لەژیانی سیاسی عێراق و لەنێو ریزەکانی ھێزە دیموکراسی و
پێشکەوتوخوازەکانی عێراقیدا بەرچاو و ئاکتیڤانە بووە، تا ئەو ئاستەی گەیشتنیان بە
پۆستی بەرپرسایەتی باڵا لەریزەکانی ئەو بزووتنەوانە وەرگرن، لەھەمان کاتدا
بەشداریکردنی کوردانی فەیلی لەبزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردا لەسەرەتای
دامەزراندنیەوە و لەھەمانکاتدا بەشێک بوون لەدامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی
کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ لەشاری بەغدا، بۆ نموونە تا پێش ئاداری ساڵی١٩٧٥ سەرۆکەکانی
یەکیەتی ئافرەتان، یەکیەتی قوتابیان، یەکیەتی لاوان و سکرتێری خودی پارتی
دیموکراتی کوردستان خۆیشی لەکوردانی فەیلی بوون، ھەروەھا لەریزەکانی پارتی
کۆمەنیستی عیراقی و دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشدا رۆڵی کارایان گێڕاوە.
فەیلیەکان بە گشتی بە
دەستئاواڵەیی پشتگیریی ئابوری، سیاسی، لۆجستیکی و خزمەتکردنی سەربازیی عێراقیان
کرد و لەرووی سیاسی و بەشداری چەکداری لەریزەکانی پێشمەرگەدا، ھەروەھا لەبەشداری
دەزگاکانی راگەیاندن و خزمەتی ئەکادیمی، پزیشکیی و تەندروستی و ئەندازیاری
بیناسازی لەو وڵاتەدا کردووە، بە ھۆی رۆڵی دیار و بەرچاوی کوردی فەیلی لەژیانی
ئابوریدا ( بازرگانی کەرتی تایبەت ) و کایەی سیاسی لەنێو ریزەکانی بەرھەڵستکاریی
عیراقی و کوردستانیدا لەبەرامبەر سەرنەکەوتنی بەعس لەبەدەستھێنانی پشتگیری
فەیلیەکان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی بەعسییەکان، بۆیە فەیلیەکان بوونەتە ئامانجی
زەبروەشاندن و لێدانی سەرەکی لەلایەن دەسەڵاتی بەعس لە عێراقدا، ھەربۆیە دەوڵەتی
عیراق دەستی کرد بە زۆرەملێ راگواستنی ٥٠٠٠٠ پەنجا ھەزار رۆڵەی کوردی فەیلی
لەنێوان ساڵانی ١٩٦٩ ـ ١٩٧٢ بۆ ئێران.
لەساڵی ١٩٢٤ یاسای رەگەزنامەی عێراقی جەختی لە سەر دابەشکردنی گەلی عێراق کرد، بۆ سێ بەش لە سەربنەمای “ئایین و نەتەوە”، کوردی فەیلی لەبەرئەوەی لە پەیڕەوکەرانی رێبازی مەزھەبی “شیعە”ی جەعفەری بوون، بۆیەش بە ڕەچەڵەکی “ئێرانی” ناونووسکران، بە بەردەوامی کەوتنە بەردەم ھێرش و پەلامار و شاڵاوەکانی فەرمانڕەوایانی عێراق، چ بە کوشتن و زیندانی کردن، یان بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانەکانیان و وەدەرنانیان لە عێراقدا.
ئەم کوردانە لەلایەن دەوڵەتی عێراقی کە بەعس فەرمانڕەوایی دەکردن
لە ساڵی ١٩٦٣وە بەھەموو شێوەیەک روو بەڕووی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی بوونەتەوە،
بەڵام بە دروستی لەسەرەتای ھەفتاکانەوە شاڵاوی کۆمەڵکوژی فەیلیەکان دەستی پێکرد،
کە ٤٠ ھەزار خێزانی کوردی فەیلی بۆ ئێران راگوێزران، لە ساڵی ١٩٨٠ بە پێی بڕیاری
ژمارە (٦٦٦) وەزیری ناوخۆی عێراق، فەرمانی وڵاتبەدەرکردنی کوردە فەیلییەکانیدا، لە
فەرمانەکەی وەزیری ناوخۆی عێراقدا ھاتووە، ئەو ئێرانیانەی لە وڵاتدان و رەگەزنامەی
عێراقییان نییە، ھەروەھا ئەوانەش کە مامەڵەیان کردووە و بڕیارییان لە بارەیەوە
دەرنەچووە دەردەکرێن، لەھەمانکاتدا بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی ئەوەشی تێدا بوو کە
لاوانی کوردی فەیلی لەتەمەنی ١٨ تا ٢٨ ساڵ، بگیرێن و لەبەندیخانەی پارێزگاکاندا تا
ماوەیەکی نادیار دەسبەسەربکرێن. ھەروەک بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق
ئەوەشی دووپات کردوەتەوە، کە ھەر کەسێک لەو کوردانەی ئاودیوی ئێران دەکرێن، ئەگەر
ھەوڵیاندا بگەڕێنەوە تەقەیان لێبکرێت، واتا بکوژرێن و ئەمەش لە ناوەڕۆکی
بڕیارەکەدا بە روونی ھاتووە.
لەرۆژی ٢٦-٢-١٩٨١
لەرۆژنامەی (الثورة)ی زمانحاڵی حکومەتی بەعسی عێراق “سەدام حوسێن” لەبارەی کوردە
فەیلیەکانەوە دەڵێت، ئەم توێژە لەعێراق ریشەکێش بکەن، تاکو خاک و خوێن وھەوای
عیراق پیس نەکەن.
بەپێی زانیارییە
بەردەستکەوتوەکان پێش ساڵی ٢٠٠٣ زیاتر لە دووسەد ھەزار دانیشتوانی عێراق ئاوارە
یان راوەدووی ئێران نراون، کە ٦٥% کە ئەو ژمارەیە لە کوردی فەیلی بوون و تا ئێستاش
زۆرێکیان لەو وڵاتە ماونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی لەماوەی دەسەڵاتی بەعسییەکان بە
ھەزاران کوردی فەیلی زیندانی کراون ولە سێدارە و کۆمەڵکوژی کراون.
فەیلییەکان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی عێڕاق و کوردستاندا
لە ئیلۆنی ساڵی ١٩٣٠فەیلییەکان وەکو دەسپێکی ھۆشیاربوونەوەی ھەستی نەتەوەیی لە نێو یەکەم وەچەی کوردە سکولار و شارنشینەکانە دا، ھێندێکان بەگەڵ پارتیی کۆمۆنیستی عێڕاق کەوتن، خەڵکی دیکەش چوونە ناو ڕیزەکانی گرووپێکی لیبێڕاڵی عێڕاقی ڕێفۆرمیست، وروژاندنی پانعەڕەبایەتیی بە نۆرەخۆی بووە ھۆی گەشانەوەی ھەستی نەتەوەیی کوردی کاتێک کە چاپەمەنی عەڕەبییەکان کوردەکانیان تاوانبار دەکرد بە پشتیوانی کردن لەتورکەکان بۆ وەدەست خستنی ئەسکەندروون لە سوورییە لە ساڵی ١٩٣٧ دا، ھێندێک لە ڕووناکبیرانی کورد بانگەشەیان دەکرد ھۆی کێشەی نێوان کورد و عەڕەب لەبەرگرژیی لە نێوان کۆمەڵگەکاندا نییە، بەڵکو لەبەر زۆرداریی حکوومەتە دژی کۆمەڵگەکان جا ھەر کامێکیان بن.
شەڕ بە دژی ناسیۆنالیزمی کوێرانە کە ھیچ ڕێزی ئەوانیدی لە بەر نەبوو و لەدژی ئەوە بوون ھەر گەلەی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێ بۆ بەڕێوەبردنی کارو بارەکانی لەئەنجامی ئەوەدا دەرکەوت چینی نوێی کوردە گەنجە پڕۆفێشناڵەکان کە ھیوایان ئەوە بوو ئاستێک لەسەربەخۆیییان ھەبێ خەریک بوو سەری ھەڵدەھێنا و پەیدا دەبوو. زۆر گرووپ دروستبوون بۆ نموونە (کۆمەڵە، برایەتی، ئازادی،ھیوا) و ھتد…کوردە فەیلییەکان بەگەڵ ئەو گرووپانە کەوتن و زۆر لەوان لەھاو دامەزرێنەرانی ئەو گرووپانە بوون و ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیسمی کورد خەریک بوو خۆی دادەکوتا، لە ١٦-ی ئووتی ١٩٤٦ پارتیی دێموکڕاتی کوردستان دامەزرێندرا، لێرەشدا فەیلییەکان لە ھاودامەزرێنەرانی بوون. کوردە فەیلییەکان پشتیوانی خۆیان لە ‘ پێشمەرگە ‘ و شۆرش کەمتر نەکردەوە چ لەڕووی مادی و چ وەکو دیکە، بۆ نموونە: یەکەم ئامراز و کەرەستەی ڕادیۆ بۆ شۆرش لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پدک عەبدولحوسێنی فەیلی کڕدرا و بە نھێنی بە ڕێگای شەریکەی تڕانسپۆرتەوە ڕاگوێزراوە بۆناوچە ئازادکراوەکان لە شاخ.
لەساڵی ١٩٧٠ و لەساڵی ١٩٨٠ دەرکردنی بە کۆمەڵی زیاتر لەمیلیۆنێک کوردی فەیلی بۆ ئێران قەوما، موڵک وماڵ، حیسابی بانکی، و تیجاڕەتخانەکانیان زەوت کران، بە ھەزاران گەنجی خوێندەواری فەیلی شوێن بزر و کوژران، لە ساڵی ١٩٧٣و لەبەر بۆچوون سەبارەت جینیایەتەکانی ڕێژیمی بەعس بە دژی فەیلییەکان و چاوەڕوانی ئەوەی کە دوژمنکاری لە نێوان ھەر دوولادا پێشی ناگیرێ و چی لەگەڵ ناکرێ، لە مانگی مارسی ١٩٧٥ ھەزاران پیر و لاوی فەیلی کچ و ژن و پیاو لە گەڵ بزووتنەوەی کورد کەوتن چ وەک پێشمەرگە یان لەبواری دیکەدا و زۆر لەوان میداڵی شانازیان وەرگرتووە لە بەر ئازایەتی خۆیان و ئەوانیدی لە بەر دڵپاکی، لێوەشاوەیی بەڕێوەبردن و فیداکارییەکانیان. لەوساڵەدا ڕێژیمی فاشیزمی بەعس ھێرشی کردە سەر ھێزی پێشمەرگە و بەتایبەتی ھێرشی خەست بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، تەنانەت نەخۆشخانەکانیشیان نەبوارد.
عیراق و نەهامەتی کوردە فەیلییەکان:
کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شیعەەکان پەیوەستە بەو ململانێیە سیاسیانەی نێوان دەوڵەتی تورکی عوسمانی و سەفەوی ئێرانی، کە رێخۆشکەربوو بۆ دابەشکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لەنێوان دوو دەوڵەتی ئێرانی و عوسمانی. زۆر لەشیعە عێراقییەکان بە دووکەوتەی ئێرانی ناونووسکران، کە لەناویاندا کوردە فەیلیەکان بوون لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی ڕووبەڕووی جیاکردنەوە بوونەتەوە لەگەڵ توێژو چینەکانی تری کۆمەڵگای عێراقی، لەساڵی (١٩٢٤) یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە. لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان سەر بە رێبازی شیعە بوون بە ڕەچەڵەکی ئێرانی ناونووس کران، بۆیە ھەمیشە کەوتونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق، لەدوای ھاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەستەڵات و دەست بەسەرداگرتنی، لە ساڵی (١٩٦٨)ەوە کوردە فەیلیەکان ڕووبەڕووی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناو بردن بوونەوە . لە سەرەتای ساڵانی (١٩٧٠) ڕژێمی بەعسی پێشوو نزیکەی (٤٠٠٠٠) چل ھەزار کوردی فەیلی بۆ ئێران راگواستەوە ، بەو بیانووەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە، لە درێژایی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلیەکان، لەساڵی (١٩٨٠) بەپێی بڕیاری (٦٦٦) مافی ھاووڵاتیبونیان لێسەندرایەوە، ئینجا دەست گیرا بەسەر ماڵ و موڵک وسامانانەکەیان، ھێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرانە سەر کوردە فەیلیەکان ئەویش بە بە زەوتکردنی ژن و کوشتنی پیاو و منداڵەکانیان، کەلە مێژوودا کەم وێنەبووە . لە میانەی چەوسانەوەو توندوتیژی ، سەرۆکی پێشووی عێراق لەسەردەمی ێدام حسین دا بڕیارێکی نوێ ھاتە کایەوە ، کە بڕیاردرا ئەو پیاوەی عێراقییە و ژنەکەی فەیلیە دەبێ لێی جیا ببێتەوە ، بەرامبەر بە (٤٠٠٠) چوار ھەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، (٢٥٠٠) دوو ھەزار و پێنج سەد دینار (بەپێی دراوی پێشووی عێڕاق) ئەگەر سڤیل بێت، بەپێی ئامارەکانی (خاچی سوور) و (مانگی سوور)ی نێودەوڵەتی، (٤٠٠٠٠٠) چوارسەد ھەزار ھاووڵاتی فەیلی بوونەتە قوربانی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
شۆڕش کە گەورەترین دەسەڵاتی بەعسییەکانی ئەو سەردەمەی عێراق بوو، بڕیارێکی دەرکرد
بە (ژمارە ٦٦٦ ـی رێکەوتی ٧ـی ئایاری ١٩٨٠ ) و لە رۆژنامەی رووداوەکانی عێراق (
الوقائع العراقیە ) ی (ژمارە ٢٧٧٦ ی رۆژی ٢٦ـی ئایاری١٩٨٠) دا بڵاوکرایەوە و
کورتەی بڕیارەکەش ئەمە بوو.
ھەرھاووڵاتییەکی عێراقی
بە رەسەن بێگانە بێت، رەگەزنامەی عێراقی لێدەسەنرێتەوە، لەسەر وەزیری ناوەخۆ کە
فەرمان بدات ئەوانەی رەگەزنامەی عێراقیان لێدەسەندێتەوە بەپێی بڕگەی یەک دوور
بخرێنەوە… ھتد.
ھێرشی بە زۆرەملێ
گواستنەوەی کوردانی فەیلی لە ( ٤ ی نیسانی ١٩٨٠ )دا، سەرەتا لە بازرگانە
گەورەکانەوە دەستیپێکرد و تا ساڵی ١٩٩٠ بەردەوامی کرد، دوای ئەوەی کە رەگەزنامەی
عێراقییان لێسەندرایەوە دەستیان بە سەر ھەرچی ماڵ و موڵکی راگوێزراو
رانەگوێزراوەکانیشدا گرت و گشت سەنەد و دیکۆمینت و بەڵگەنامە فەرمی و
نافەرمیەکانیشیان لێ زەوتکردن، بە پێی وتەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی فیدڕاڵ
نوری المالکی لە میانەی کۆنگرەیەکی کوردە فەیلیەکان دا کە لە بەغدا ئەنجام درا
پێشکەشی کرد دانی پیدانا کە بە ھەزاران کوردی فەیلییان لە تەمەنی نێوان ١١ تا ٣٠
ساڵیەوە دەستەسەرکرد و بێ سەروشوێنیان کردن، کە ژمارەیان لە ٢٠٠٠٠ بیست ھەزار کەس
زیاتربووە.
بە پێێ تەئکیدکردنی داواکاری گشتی لە کەیسی بە زۆرڕاگواستن و کوشتنی کوردە فەیلیەکان، عبدالقادر الحمدانی و بڵاوبوونەوەی زانیارییەکان لە رۆژنامەی شەفەق نیوزدا لە رێکەوتی ٤ ـ ٨ / ٢٠١٢ بە گوێرەی ئەو بڕیارە (٦٠٠٠٠٠) شەشسەد ھەزار لە کوردی فەیلی لە ھەموو لایەکی عێراقەوە راکێشرانە سەنتەرەکانی کۆکردنەوە و یەکسەر رەوانەی راگوێزرانە سەر سنوورەکانی ئێران.
خەڵکانی کوردی فەیلی ئەوانەی کە راگوێزران، ھەموویان لەسەر کار،
جێگای کار، قوتابخانە و یەکە سەربازییەکانیان لابران، لێرەدا دەمانەوێ ئاماژە بەوە
بدەین کە ئەوەی بە گوێرەی بنەماکانی بنکەی سەرژمێری، کۆی ژمارەی کوردی فەیلی بە
زۆرڕاگوێزراو (١٦٠٠٠٠٠) ملیۆنێک و شەشسەدھەزار کەس دەبێت، لەسەر بنەمای ئەوەی
رێژەی زیاد بوونی نفوس ـ باری کەسێتی لەعێراقدا لە ٢،٨ ٪ یە.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی
پێشووی عێراقیش لە ساڵی (٢٠٠٦) یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦)ی ساڵی
(١٩٨٠)ی پوچەڵکردەوە، لە مەیانەدا کۆمەڵێک لە کوردە فەیلیەکان توانیان مافەکانیان
بەدەست بھێننەوە، لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، کوردانی
فەیلی تەنھا ژمارەیەکی کەم نەبێت، نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و موڵک و
ناوچەکانیان، بۆ ئەوەی ماف و بەڵگەنامە و ماڵ و موڵکیان بۆ بگەڕێتەوە، تا ئێستایش
حکومەتی عێراق ھیچ زانیاری و روونکردنەوەیەکی لە بارەی چارەنووسی ونبوو و
دەستبەسەرەکانی پێشکەش نەکردووە کە بە چ شێوەیەک رژێمی بەعس لە ناوی بردوون و ئێسک
و پروسکیان کەوتۆتە کوێ؟.
بە داخەوە دوای ساڵی ٢٠١٣ فەیلییەکان دیسان رووبەڕووی کارەساتی نامرۆڤانەی تازە بوونەوە، ئەمجارەیان لەسەر دەستی چەتەکانی بەعس و سەلەفی و بەکرێگیراوانی تر و دواتر بەدەستی چەتەکانی داعشەوە بەتایبەت لە دیالا (خانەقین، مەندەلی، شارەبان، سەعدیە و جەلەولا ) و بەغدا و مەدائن (سەلمان پاک) و چەند شوێنێکی تر.
کوردی فەیلی لە عێراقدا داوای چارەسەرییەکی ریشەیی کێشەکانیان
دەکەن و داوا وگەیشتن بە مافە رەواکانیان پێویستی بە جێبەجێکردنە، لە دوای رووخانی
بەعس تا ئێستا چاوەڕوانیی درێژەی کێشا و ئەو رەوشەی ئێستای گشتی لە عێراقدا ھەیە
تروسکەی رووناکی بۆ وەرگرتنی مافەکانی کوردی فەیلی بەدی ناکرێت و بێ ھیوان لێی،
مەگەر بزووتنەوەیەکی جیدی و دڵسۆزانە بۆ کەیسەکە کار بکات.
داخوازییە سەرەکییەکانی
کوردی فەیلی لە ئەنجامنامەی یەکەم کۆنفڕانسی جیھانی کوردی فەیلی کە لە بڕۆکسلی
پایتەختی بەلجیکا لە ٢ ی ئایاری ٢٠١٦ دا بەسترا راگەیێندرا. چەندێک لەو
داواکارییانە پەیوەستن بە ئەو بەسەرھاتانەی کە لە رابردوودا بەسەر کوردی فەیلیدا
ھاتووە و لە بەندەکانی ١ ـ ٨ لە داواکاریەکان پێویستی بە وەڵامدانەوەی حکومەتی
عێراقی و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە ھەیە، بە تایبەت کە دادگای باڵای تاوانەکانی
عێراق لە رێکەوتی ٢٩ ـ ١١ ـ ٢٠١١ ەدا بڕیارێکی دەرکرد کە بەسەرھاتی کوردانی فەیلی
و بە کۆمەڵکوژی ـ جینۆساید ئەژماری کرد، ھەروەھا پەڕلەمانی عێراقیش بڕیارێکی لە
٨ـ١ـ٢٠١١ دا دەرکرد ئەو تاوانانەی کە بەسەر کوردە فەیلیەکان ھێنرا بە تاوانی
کۆمەڵکوژی ئەژمار دەکات، دیسان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بە بڕیاری ژمارە ٤٢٦ ـی
٩ـ١٢ـ٢٠١٠ ھەموو ئاسەوارێکی نەگەتیڤی لەسەر کوردی فەیلی لابرد، لێرەدا داواکاریش
ھەیە کە بەستراوە بە داھاتووی کوردی فەیلیەوە لە عێراقدا، خاڵی ٩و ١١ و ١٣ و ١٤ بە
تایبەت خاڵی ٩ کە گرنگە و لەوانەیە ببێتە مەسەلەیەکی چارەنووسساز بۆ داھاتوویێکی
دوور.
لێرەدا پێداگریێکی زۆر جیدی پێویستە بۆ وەرگێڕانی ئەم داوایانە بۆ
ھەنگاوی پڕاکتیکی و بەرەو جێبەجێکردن و بەردەوامی بەدواداچوون بە ھەوڵ و تێکۆشانی
کوردانی فەیلی خۆیان و بە پشتگیری خوشک و برا کورد و کوردستانییەکان لە ھەموو
بەشەکانی کوردستان، بەتایبەتی لە باشوور و عێراق و ھەروەھا پشتگیری لەلایەن
عێراقییەکان کە لە سەر کەیسی کوردی فەیلی تێگەیشتوون و پشتگیری داواکانیان دەکەن.
زۆرینەی کوردانی فەیلی
خۆشحاڵ بوون بە گرتنی کۆنفڕانسی یەکەمی نێونەتەوەیی لەسەر دۆزەکەیان لە برۆکسل
ئەوەی لە رۆژی ٢ ی ئایاری ٢٠١٦ بەڕێوە چوو و بە دڵخۆشیەوە پشتگیرییان لە
ئەنجامنامەکەی کرد و ئومێد و چاوەڕوانیەکی گەورەیان ھەیە و داوای جێبەجێکردن و
بەدواداچوونی داواکارییەکان دەکەن، دەمانەوێ پشتڕاستی بکەینەوە کە ھەر پێشکەوتنێک
لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بەسەر کەیسی فەیلیەکاندا بێت کاریگەری راستەوخۆ و ئەرێنی
دەبێت لەسەر باری دەروونی و ژیانی کوردی فەیلی لە عێراق و پەنابەر و راگوێزەکانی
ئێران و ھەموو ئەوانەیش کە لە وڵاتانی جیھاندا ژیان بەسەردەبەن.
لە خاڵی دوازدەھەمینی
ئەنجامنامەی کۆنفرانسدا ھاتووە کە بەردەوامی لە کارو ھاوکاری لەسەر ئاستێکی
بەرفراوانتر لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ ک ن ک دا، سیمینار و کۆنفڕانس
لەوڵاتانی ئەوڕوپا لە سەر کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ببێتە
بەشێک لە بەرنامەی ساڵانەی کارو خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.
کوردانی فەیلی لەعیراقی
نوێدا:
لەم ماوەیەی دواییدا،واتە دوای رووخانی رژێمی رەگەزپەرستی بەعس، کوردانی فەیلی ھەموو ھەوڵەکانی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە لایەنی کەمەوە ٣ کورسیی کۆتا بۆ پێکھاتەکەیان لە ھەرسێ پارێزگای دیالە و بەغدا و کووت (واست) دیاربکرێت، بەڵام پاش ھەوڵێکی زۆری فەیلییەکان بۆ ئەو مەبەستە، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سەرەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٢ی ١ی ٢٠١٨دا، بڕیاری دا کورسییەکی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی لەپارێزگای واست دیار بکرێت و بە نوێنەرێک بەشداریی پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق بکەن..
لایەنە سیاسییەکانی عێراق و بە تایبەتی ھێزە شیعەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، ڕازی نەبوون بەوەی لە بەغدا و دیالە کورسیی کۆتا بۆ کوردانی فەیلی دیار بکرێت، بەڵام لەکووت لەوبارەیەوە ڕەزامەندییان دەربڕی، لەکاتێکدا کە ژمارەی کوردانی فەیلی لە بەغدا و دیالە، زیاترە لە پارێزگای کووت (واست)، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان دەزانن بەپێی واقعی سیاسی و جیۆگرافی و دیمۆگرافی، لە پارێزگای کووت کە پارت و لایەنە سیاسییە شیعەکان تێیدا باڵادەستن، چانسیان زۆرترە بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەو کورسییە کۆتایەی کوردی فەیلی، بەڵام لە بەغدا و دیالە، ئەگەری زۆر بوو کە پارت و لایەنە کوردستانییەکان ئەو کورسییە کۆتایانەی کوردی فەیلی بەدەست بھێنن، بۆیە بەوە ڕازی نەبوون کە لە بەغدا و دیالە کۆتا بۆ کوردانی فەیلی دیار بکرێت.
ئەگەر واقعبینانە
تەماشای ئەو پرسە بکەین، نەک کورسییەک و دوو کورسی، تەنانەت ئەگەر ٥ کورسیش بۆ
کوردانی فەیلی دیار بکرێت، نە ھیچ لە واقعی ئەم پێکھاتە ستەملێکراوە دەگۆڕێت و نە
دەبێتە کارتێکی بەھێزیش بۆ پارت و لایەنە کوردستانییەکان، چونکە کێشەی کوردانی
فەیلی زۆر لەوە گەورەترە کە بە چەند پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی عێراق چارەسەر
بکرێت. سەبارەت بە پارت و لایەنە کوردستانییەکانیشەوە، ھیچ لە ھاوکێشەکان ناگۆڕێت،
ئەگەر ٦٠ کورسیمان ھەبێ، با ببێتە ٦١ کورسی، چی لە مەسەلەکە دەگۆڕێت؟ خۆ ھەر عەرەب
زۆرینەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تاقە
کورسییەی کە لە کووت بۆ کوردانی فەیلی دیارکراوە، بایەخێکی یەکجار زۆری بۆ کورد و
ھەرێمی کوردستان ھەیە. ئەگەر بپرسن بۆ؟ دەڵێم بە لایەنی کەمەوە، دیارکردنی
کورسییەک بۆ کورد لە واست، خۆی لە خۆیدا دانپێدانانێکە بە وجودی کورد لەو ناوچەیە
و شەرعیەتدانە بەوەی کە بەدرە و جەسان و زوڕباتییە ناوچەی کوردستانین و دواخاڵی
سنووری باشووری کوردستانن.
لەگەڵ سەرەتای ھاتنی
تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و پێکھاتنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ساڵی ٢٠١٤دا،
چەند ھەواڵێکی بێ بنەما لە میدیاکانی عێراقدا بڵاو کرانەوە، کە گوایە چەندان ھەزار
کوردی فەیلی لە بەغدا و ناوچەکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق و لەو ناوچە
کوردستانییانەی کە کوردانی فەیلی تیایاندا نیشتەجێن، پەیوەندییان بە ڕیزەکانی
حەشدی شەعبییەوە کردووە. زۆری پێ نەچوو کە ھەمان ھەواڵ، بوو بە مانشێتی سەرەکیی
زۆربەی ئاژانس و ماڵپەڕە ھەواڵدەرە کوردییەکان و میدیاکانی تریش دوو ئەوەندەی تر
ئەو بابەتەیان ورووژاند، بەبێ ئەوەی شرۆڤەی ناوەڕۆکی ھەواڵەکان بکرێت و لە ڕاستی و
دروستیی زانیارییەکانیان بکۆڵدرێتەوە. دوی پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستان کە لە ٢٥ی ئیلۆنی ٢٠١٧
بەڕێوە چووە و دەوڵەتی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە ھاندانی وڵاتانی
دراوسێ، بوونە ھەڕەشە بۆ سەر کوردستانی باشوورو مخابن دواتر ئەو ھێزە داگیرکارە
دەڤەرەکانی دەروەی ھەرێمی کوردستانیان داگیرکردەوە کە نزیکەی ٥١لەسەدی خاکی
کوردستان بوو ، بەشێکی زۆری ناوچە فەیلینشینەکانیشی گرتەوە، دیسان پرسی کوردانی
فەیلی وەکو ماددەیەکی میدیایی بە مەبەستی شەڕی سایکۆلۆژی لە دژی شەقامی کوردستانی
و بانگەشەی پێشوەختی ھەڵبژاردن بۆ شەقامی عێراقی بەکار دەھێنن و دەیانەوێت وای
پیشان بدەن کە گوایە بەشێکی زۆری گەنجانی کوردی فەیلی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی
حەشدی شەعبیەوە کردووە و ئەو گەنجە کوردانە ئامادەی بەشداریکردن لە ھەر شەڕ و
پەلامارێکن کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ئەنجام بدرێت.
ئەو لایەنانەی کە ئەو
جۆرە لێداونانە بۆ ماکینە میدیاییە زەبەلاحەکەی پارت و لایەنە سیاسییە شیعەکانی
عێراق دەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە چەندین ھەزار چەکداری فەیلییان
ناردووەتە ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە، پڕوپاگەندەکانیان ھیچ بنەمایەکی نییە.
ئەوانەی کە بە ناوی کوردی فەیلییەوە بانگەشە بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکەن،
چەند گرووپێکی بچووکی سەر بە پارتە ئیسلامییە شیعەکانن و لەلایەن ئەوانەوە
دامەزراون و پاڵپشتی دەکرێن، ئامانجی سەرەکیشیان سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی
کوردانی فەیلییە و دەیانەوێت بە بیانووی تایفەگەری و مەزھەبییەوە ئینتیمای
نەتەوەییان کاڵ بکەنەوە.
کۆمەڵکوژی کوردە فەیلییەکان:
پاکتاوکردن و راگواستن پێکڕا کردەگەلێکی نامرۆڤانەو ناشارستانینە
بوون کە بە درێژایی مێژووی ستەمکاریی و دیکتاتۆریی روویانداوە و تائەوڕۆکە
کاریگەرییە مەترسیدار و نامرۆییەکانی لەسەر جەستەی کۆمەڵایەتی و شارستانی وەک
خۆیان ھەرماون، یەکێک لەو کۆمەڵکوژی و راگواستنە ھەرە نامرۆییانەو دڕندانەی مێژوو،
کە تائەوڕۆکە رژد ئاوڕی لێنەدراوەتەوە کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی کوردانی فەیلی
بووە، ئەم شاڵاوە لەساڵانی شەستەکانەوە تا ھەشتاکانی سەدەی پێشوو بەردەوام بوو کە
زیاد لە ٦٠٠.٠٠٠ مرۆڤ بە زۆرەملێ لە عێراقەوە راگوێزراون بەرەو ئێران و ھاوکات
زیاد لە ٢٠.٠٠٠ گەنج بێ سەروشوێن کراون. سەبارەت بە جیھانیکردنی دۆسییەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی شاڵاوی یەکەم
لەدوای ھاتنی رژێمی بەعسەوە لەساڵانی ١٩٦٣ تا ١٩٦٨ کێشەو گرفتی کوردە فەیلییەکان
لەوێوە وەرچەرخانێکی ترسناکی بەخۆوە بینی، شاڵاوی دووەم ١٩٦٩ تا ١٩٧١ دەستیپێکرد
بەپێی ئەو بەڵگانە نزیکەی ٥٠.٠٠٠ کوردی فەیلی راگوازران بۆ ئێران بە بیانوی ئەوەی
کە ناسنامەی عێراقیان نیە، بەڵام شاڵاوە گەورەکە ئەوکاتە بوو کە لە ١٩٨٠ دا بەپێی
بڕیاری ٦٦٦ کە لە باڵاترین دەسەڵات سەرۆکایەتی شۆڕشی عێراقەوە ئەو بڕیارە دەرچوو
کە نزیکەی ٦٠٠.٠٠٠ ھەزار کوردی فەیلی لەماوەی ١٠ ساڵدا راگوێزران بۆ ئێران و دەست
بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیراو نزیکەی ٢٠.٠٠٠ ھەزار جەوانیان بێ سەروشوێن کران،
کارەساتێکی زۆر گەورە بوو…” سازکردنی کۆنفرانسێکی ئەکادیمی لەگەڵ پەرلەمانی
ئەوروپادا بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکان،
کۆنفرانسەکە دەسکەوتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کوردە فەیلییەکان کە بتوانرێت ئەو کەیسە
جموجۆڵێکی پێبکرێت، چونکە ئەو کەیسە کە بە دەیان ساڵە خۆڵی لەسەر نیشتبوو، بە
ڕاستی کاری بۆ نەکراوە، توانرا جارێکی تر لاپەڕەیەکی تر لەم کەیسە لاببرێت، ئێستا
کار بۆ ئەوە دەکرێت کە زیاتر ئەم کەیسە بناسرێت، داوەکە ئەوەبوو بە پشتبەستن بە
بڕیاری دادگای تاوانەکان لە عێراق ئەوەی بەسەر کوردە فەیلییەکاندا ھاتووە
جینۆسایدە، داواکرا لە پەرلەمانی ئەوروپا لەھەموو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
ئەوانیش دانیپیادابنێن کە کوردە فەیلییەکان لەلایەن رژێمی بەعسەوە رووبەڕووی
کارەساتی جینۆساید بونەتەوە. جینۆسایدی فەیلیەکان لە باشووری کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی
عێراقەوە چەندین وێستگەی جۆراو جۆری بەخۆوە بینیوە. بەعس وەک پارتی فەرمانڕەوای
عێراق لە ساڵی ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ گەورەترین بەرپرسیارێتی تاوانەکانی جینۆساید دژ بەگەلی
کوردی لە ئەستۆیە. ئێستاش لەگەڵ پشتگیری فەیلییەکان لە گشتپرسی باشوری کوردستان،
جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەر ھەڕەشی میلیشیا شیعەکان و رووبە رووی مەترسی جددی
بوونەتەوە.
٧ی
مانگی نیسانی ھەموو ساڵێک گەلی کورد بە تایبەتی بۆ کوردانی فەیلی یادی جینۆساید و
ئەنفالکردنی رۆڵەکانیان دەکەنەوە، کوشتن و بڕین، ئەنفال، کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی
کورد و کوردستانیان لە ناو دەوڵەتی عێراقدا و بەدەستی رژێمە داپلۆسێنەرەکانی
داگیرکەری عێراق، ھەر لەدەستپێکی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە دەستی پێکردووە و لە
مافەکانیان بێبەشکراون، لەبەرامبەریشیدا کورد بەھەموو چین و توێژو دین و
مەزھەبەکانیەوە خەبات و تێکۆشانی لە پێناو بەدەستھێنانی ئەو مافانەدا کردووە و
قوربانیی داوە، کوردە فەیلیەکانیش پێکھاتەیەکی دانەبڕاوی ئاکتیڤ و کارای ئەو
تێکۆشان و خەباتە مێژوویی و نەتەوەییەن، بۆیە بوونە یەکەمین قوربانیدەری لێکترازان
و پارچەبوونی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان. کوردە فەیلیەکان بەھۆی شوێنی
جوگرافیای نیشتەجێبوونیان کە دەکەوێتە ناوەڕاستی عێراق و بەدرێژایی سنووری
دروستکراوی عێراق و ئێران وەک خانەقین، مەندەلی، بەدرەو جەسان و زورباتیە…ھتد و خودی شاری بەغدایش بڵاوبوونەتەوە، لەھەمان کاتیشدا بەشی ھەرەزۆریان
موسوڵمانی شیعە مەزھەبن. مێژووی دەستپێکردنی کێشەو ئەو کارەساتانەی کە دژ بە کوردە
فەیلیەکان دەکرێ، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی دوورودرێژی نێوان ھەردوو دەوڵەتی
عوسمانی و سەفەوی لە دەورانی سەدەکانی ١٥و١٦ کاندا. وەکو توێژ لەنێوانی ئەو دوو
دەوڵەتەدا لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕە خوێناویەکانی ئەم ململانێیە بوون و بوونە
قوربانی کێشمەکێشمەکانیان. بە سەقامگیربوونی دەوڵەتی عێراق و ھاتنە سەر دەسەڵاتی
بەعسی شۆفینیستی عەرەبی لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا. بۆ پاڵاوتنی حساباتی
لەمێژینەو ئاڵۆزکاوی ئاینی و نەتەوەیی خۆیان، بەتایبەتی عەرەب و فارس و بە
عەرەبکردنی ناوچە کوردستانیەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق، ئەو رژێمە داگیرکەرە ھەڵمەتی
لەناوبردنی کوردی دا بەتایبەتی لە سنووری شاری بەغدا و باشوری شاری کەرکوک و ناوچە
سنووریەکانی نێوان عێراق و ئێران. ئامانجیان کوردە فەیلیەکان بوون. ھەم لەبەرئەوەی
بە ھۆکاری سەرەکی کوردبوونیان و ھەم شیعە بوونیان وەکو مەزھەب بەپێی پرۆسەی
بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانەی کە کورد خاوەنی رەسەنین لە سەری. لە سەرەتای حەفتاکانی
سەدەی رابردوودا لەلایەن رژێمی فاشیستی عێراقی داگیرکەرەوە گەورەترین پیلان و
پیلانگێڕی بۆ سەرکوتکردنی کوردە فەیلیەکان کرا، لە ساڵی ١٩٨٠ بە بڕیارێکی دەوڵەتی
عێراقی بە بیانووی ئەوەی کە کوردە فەیلیەکان ھاوڵاتی ئێرانین، پرۆسەی ئەنفال،
کوشتن و بڕین و راگواستنیان بەسەردا سەپێنرا و کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵکران. بە
ھەزاران ژن و پیاو و پیر و منداڵیان بە دڕندانەترین شێوە قەتلوعام و بێسەروشوێن
کرد. بە ھەزارانی دیکەشیان بۆ سەرسنوورەکانی دەوڵەتی ئێران گواستەوەو دەربەدەرکران
و زۆریشیان بێ سەروشوێنکران. تاوەکو ئێستایش چارەنووسیان دیار نیە. جگە لەو زیانە
مرۆییەی کە کوردە فەیلیەکان دووچاری ھاتن، موڵک وماڵیشیان بە تاڵان برا و دران بە
خەڵکی عەرەبی ناوچەکە. ئەوانەی کە مابوونەوەش لە ھەموو مافەکانیان بێ بەشکران و لە
کارەکانیان دەرکران و لە ژیاندا سەرگەردان کران و بەکولەمەرگی ژیانیان بردەسەر.
ئەو کارەساتە و کۆستە گەورەیەی دژ بە گەلەکەمان، کوردانی فەیلی دیسان بەبیردێنینەوە
و سەری رێزو نەوازش بۆ شەھیدان و قوربانیانی ئەو کارەساتە دڕندانەیە دادەنوێنین.
داوای مافەکانیان لە عێراق و کوردستان و سەکۆ نێودەوڵەتییەکان بە رەوا دەزانین و
ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانی لە پێناودا دەکەین. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوا ١٥ ساڵە رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس و شۆڤینی عەرەبی
لە عێراقدا روخاوەو لە جیاتی ئەو دەوڵەتێکی فیدڕالی فرە پێکھاتەیی دامەزراوە.
باشووری کوردستانیش ٢٧ ساڵە لە قەوارەیەکی سەربەخۆ و ئازاددایە. بە داخەوە کەچی
ھێشتاش ئەو کۆمەڵکوژیەی کوردە فەیلیەکان بە کەیسێکی ھەڵواسراوی چارەسەرنەکراو
ماوەتەوە. سەرگەردانی بە دوای مافە مرۆیی و مادیەکانی خەڵکانی کوردی فەیلی
زوڵملێکراو ھەر بەردەوامە و بە رەسمی پێناسەیەکی نەتەوەیی، نیشتیمانی و مرۆیی
لەھەردوو دەستوری عێراق و کوردستاندا بۆ دانەنراوە، بۆ ئەوەی ببێ بە پشتیوان و
پاڵپشت و بە مافەکانیان شادبن و قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە.
راسپاردەکان:
– داوا لەپەڕلەمانی
کوردستان و ھەردوو حکومەتی ھەرێم و و فیدرالی دەکەین بەتایبەت نوێنەرانیان خەبات
بۆ ئەوە بکرێت کە بەزووترین کات کۆمەڵکوژی کوردە فەیلیەکان لە ناوەوەی عێراق و
کوردستان و سەکۆکانی نێودەوڵەتیدا بە جینۆسایدی دژ بە مرۆڤایەتی و سیاسیانەی دژ بە
خەڵکی کورد بناسێنرێت. وەک کەیسەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال، کەیسی کۆمەڵکوژی کوردە
فەیلیەکانیش بایەخی پێبدرێت و لە ھەوڵ و تێکۆشانی جیدیدا بن بۆ بەدەستھێنانی
مافەکانی زیانپێکەوتوان و قەرەبوکردنەوەیان.
— بۆ دڵینابوونی کەسوکاری
کوردە فەیلیەکان، کاری جیدی و پراکتیکی بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی
بێسەروشوێنکراونیان بکرێت.
— داوا لە حکومەت و
پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان بکرێت کە ھۆبەیەکی تایبەت بە کەیسی کۆمەڵکوژی و
شەھیدانی فەیلی لە لیژنەی شەھید و ئەنفالی پەڕلەمان و لە وەزارەتی شەھید و
ئەنفالکراوەکان دابمەزرێت و کارا بکرێت و بە لەبەرچاو گرتنی ھەموو ئەو
نەھامەتیانەی کە بەسەر کورد و بەتایبەت کوردە فەیلییەکاندا ھاتووە، پێویست دەکات،
وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە کار بۆ پاراستنیان بکرێت، لە بەرانبەر عەرەبە
فاشیستەکان بەتایبەت میلیشیا شیعەکان، تا بتوانن بەشداربن لە یەکلایی کردنەوەی
چارەنووسی گەلی کورد لەعێراقدا.
–ھەرێمی کوردستان
لەکۆبوونەوە باڵاکان لە گەڵ بەغدا ئاوڕی جددی لە پاراستنی ئەو کوردانەی بەغدا و
ناوچەکانی تری عێراق بدەنەوە تاچیدی توشی ماڵوێرانی و کوشتار نەبنەوە کۆمەڵکوژی
کوردانی فەیلی برینێکی ساڕێژنەکراوی نەتەوەیی گەلی کوردە.
–ئەگەر بە کۆتا وەرگرتنیش بێت، ھەوڵ بدرێت لە ھەردوو پەڕلەمانی بەغدا و ھەرێمدا کورسی نوێنەری کوردە فەیلیەکان وەک پەرلەمانتار مسۆگەربکرێت.
ئەنجام:
فەیلییەکان پێکھاتەیەکی
رەسەنی نەتەوەیی کوردن لەدێرزەمانەوە لەسەر خاکی کوردستان ژیاون، یەکەم گروپی
ئیتنیکی کوردیشن لەسەدەی بیستەمدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە دووچاری
کۆمەڵکوژی و راگواستن ھاتوون، لە رووی جوگرافییەوە ناوچەی فەیلیەکان بەشێکیان
لەباشووری رۆژھەڵاتی کوردستانن لەدەڤەرەکانی (لوڕستان و کرماشان و ئیلام)ی سەر بە
ئێران دەژین و ھەروەھا بەشێکی دیکەش لە باشووری کوردستان لە عێراق لە ڕۆژھەڵاتی
دیجلە کە کوردی فەیلی ئایینزا شیعەن لە بەغدا و پارێزگای دیالە دەژین،زمانناسان
پێیان وایە کە لە بنەڕەتدا زاراوەی فەیلی بە کۆمەڵێک ھۆزی کەلوڕی دەگوترێت، کە
نیشتەجێی کێوەکانی (پێشکۆ،پشتکۆ)ی زنجیرە چیای زاگرۆسن، زۆربەی مێژوونووسانیش کۆکن
کە کوردە فەیلیەکان لە ڕەچەلەکی (ئیلامی ) یا (گۆتییەکان)ن، کە لە ناوەڕاست و
باشووری عێراق لە ناوچەکانی (مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جەسان، خانەقین، کەرکوک،
بەغدا، کوت، عەمارە و بەسرە) ژیاون، لەلایەن چەند کەسانێکی ڕۆژھەڵاتناسی وەکو(
فلایدمێر مینۆرسکی) رووسی و (جۆن ماڵکۆن)، ھەروەھا توێژەری کوردی فەیلی(
د.ئیسماعیل قوماندار) پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن، کە بڕوایان وایە سەرەتای
دەرکەوتنی زاراوەی (فەیلی) لە سەدەی شازدە بووە، ئێستاش ئەم زاراوەیە بۆ ئەو
کوردانە بەکاردێت کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بەر دەوڵەتی عێراق کەوتون.
بۆ جیاکردنەوەی
میرنشینی “لوڕی بچوک” و حکومڕانیەکەی، کە خۆیان بە لوڕی رەسەن دادەنا، بە بەراورد
بە “لوڕی گەورە” کە وایان دادەنا “لوڕی بچوک” بەشێکن لە “لوڕی گەورە” نەک رەسەن و
بنچینە. “جۆن ماڵکۆن و براون” و توێژەری کورد “د.ئیسماعیل قوماندار” پشتگیری
بۆچوونەکەی “فلادمیر مینۆرسکی” دەکەن و پشتڕاستی دەکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم
زاراوەیە لەم ناوچانە بە دەگمەن بەکارھاتووە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەم تەنیا
لەلایەن دانیشتوانی “پشتکۆ” بەکارھاتووە، لە سەردەمی ئێستاش ئەم زاراوەیە تەنیا بۆ
ئەو کوردانە بەکاردەھێنرێت، کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن، کە سنووری دەوڵەتی عێراقن
لە دوای دیارکردنی سنووری نێوان “ئێران و عوسمانیەکان” لە ساڵی ١٩٠٥، بەڵام
دانیشتوانی “خانەقین و مەندەلی” کە کوردی گەرمەسێرن، ئەم زاراوەیە بۆ ناساندنی
خۆیان بەکارناھێنن، بەڵکو زاراوەی کوردی فەیلی بۆ ئەو توێژەی کورد بەکاردەھێنرێت،
کە لە رووی ئاینیەوە سەربە ڕێبازی مەزھەبی شیعەن، واتا ناولێنانەکە لە سەربنەمای
مەزھەبیە نەک نەتەوەیی. زۆر سەرچاوەی تریش ئەوە پشڕاست دەکەنەوە، کە لە بنەڕەتدا، “فەیلی” لە
زاراوەی “لوڕ و کەڵووڕ” پێکدێت، کە زاراوەی “لوڕ، کەڵووڕ، کرمانج، گۆران- زازاکی”
نەتەوەی کورد پێکدێنن و ھاوکات “لەک و لوڕ و کەڵووڕ” نوێنەرایەتی نزیک لە نیوەی
نەتەوەی کورد دەکەن و بەشداری کارایان لە بوارەکانی ئەدەب و رۆشنبیریدا ھەبووە،
ھەر لە شاعیر، نووسەر و زمانزانەوە تا لە بواری ھونەر وەک گۆرانیبێژ، موسیکسیۆن و
بواری نواندن و شانۆ و وەرزش و تێکڕای بوارەکانی ژیانی مەدەنیانە لە عێراقدا
ھەبووە و بەشداریان کردووە. بە پشت بەستن بە پۆڵێنکردنەکانی کتیبی مێژوویی (شەرەف نامە)ی شەرەفخانی
بەدلیسی، بە راوەستانیش لە وێستگە مێژووییەکاندا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە
نازناوی “فەیلی”، بۆ کورد سەرچاوەی رەسەنایەتی و چاونەترسی و ئازایەتیە، لە
سەردەمی رووخانی حکومەتی “کاردۆنیا”وە تا ساتەوەختی ئەمڕۆ، لە پێناو بەرگری و
پاراستنی کولتوورو زمان و ناسنامە و خاک و مانەوە، ھەروەک ئەمە نازناوە بۆ ھەموو
بەش و پێکھاتەکانی تری کوردیش رەوا و دروستە، کە ھەمیشە لە بەرگری سەخت و پڕ
قوربانی بووە لە پێناو پارێزگاری لە خۆی و مانەوە و ژیاندا و نەچەمینەوە لە
بەرامبەر پەلاماربەرو ھێرشەکان بۆ سەری.
دۆزی کوردی فەیلی وەک
پرسی بەشێک لە نەتەوەی کورد و مەزھەبی شیعە، پەیوەستە بەو ململانێ سیاسییە دوورو
درێژەی نێوان “دەوڵەتی عوسمانی تورک و دەوڵەتی سەفەوی ئێرانی”، کە ھۆکار و
رێخۆشکەر بوو بۆ پەرتکردن و دابەشبوونی ناوچەکەیان لە نێوان “ھەردوو دەوڵەتی
عوسمانی و سەفەویدا”، ھەروەک زۆرێک لە شیعەکانی عێراق بە دواکەوتەی “ئێران”
ناونووس کران، کە لە ناویاندا کوردی فەیلییەکان پشکی شێریان بەرکەوت و لە سەرەتای
درووستبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگای
عێراقی جیاکرانەوە.
پووختەی توێژینەوە:
فەیلییەکان پێکھاتەیەکی رەسەنی نەتەوەی کوردن لە دێرزەمانەوە لەسەر خاکی کوردستاندا ژیاون، یەکەم گروپی ئیتنیکی کوردیشن لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە دووچاری کۆمەڵکوژی و راگواستن ھاتوون، وێڕای ئەوەی کە زمانەکەیان دیالەکتێکی کوردییە ھاوکات فەیلییەکان خاوەنی دابونەریتی رەسەن و فەرھەنگ و ئەدەبی زارەکی خۆیانن، لەرووی زمانەوە زاری “فەیلی سەر بە بن زارێکتی کوردی باشوور پێکھاتووە و کە وەک زاراوەکانی “لەک و لور، کەڵووڕ، کرمانج، گۆران” کە نەتەوەی کورد پێکدێنن، بە پشتبەستن بە پۆلێنکردنەکانی کتیبی مێژوویی (شەرەف نامە)ی شەرەفخانی بەدلیسی زمانناسان پێیان وایە کە زاراوەی فەیلی لەبنەڕەتدا بە کۆمەڵێک ھۆزی لوڕی نیشتەجێی کێوەکانی (پێشکۆ،پشتکۆ) ی زنجیرە چیای زاگرۆسن دەگوترێت، بەڵام ئەم بۆچوونە زانستی نییە تەنها لەبەر ئەوەیە کە فەیلیەکان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ھەرێمی لورستان بوون، واتە بۆ خۆیان لور نین، بەڵکو دیالەکتێکی کوردی باشوورن. کە لەناوەڕاست و باشووری عێراق لەناوچەکانی (مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جاسان، خانەقی، کەرکوک، بەغدا، کوت، عەمارە و بەسرە) ژیاون، لە لایەن چەند کەسانێکی ڕۆژھەڵاتناسی وەکو (فلایدمێر مینۆرسکی)ی رووسی و (جۆن ماڵکۆن)، ھەروەھا توێژەری کوردی فەیلی(د.ئیسماعیل قەماندار) پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن، کە بڕوایان وایە سەرەتای دەرکەوتنی زاراوەی (فەیلی) لەسەدەی شازدەھەم بووە، ئێستاش ئەم زاراوەیە بۆ ئەو کوردانە بەکاردێت کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بەر دەوڵەتی عێراق کەوتون، لەرووی جوگرافییەوە ناوچەکانیان بەشێکیان لەباشووری رۆژھەڵاتی کوردستانن لەدەڤەرەکانی (لوڕستان و کرماشان و ئیلام)ی سەر بە ئێران دەژین و بەشێکی دیکەش لە باشووری کوردستان لەعێراق لەڕۆژھەڵاتی دیجلەن، کوردی فەیلی بە ئایینزا شیعەن، بەشداری کارایان ھەبووە لە بوارەکانی ئەدەب و زانست و رۆشنبیریدا، بە دەیان شاعیر، نووسەر و زمانزان، لە بوارەیلی ھونەر وەک گۆرانیبێژ، موسیکسیۆن و نواندن و شانۆ و وەرزش و تێکڕای بوارەکانی ژیانی مەدەنیانە لە عێراقدا ھەبووە و بەشداریان کردووە، ناوە ھەرە دیارەکانی رووناکبیرانی کوردی فەیلی وەکو( د.کامل حەسەن ئەلبەسیر، د،ئیسماعیل قەمەندار، دعەدنان عودە عەباس،داری ساری،عەباس بەدری، حسین مردان، موحەمەد بەدری….ھتد)
پەراوێزەکان:
*- راگەیانراوی کەنەکە
لەساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردە فەیلییەکان
لەیادی ٣٦ ساڵەی شەھیدو
پاکڕەوانانی کۆمەڵکوژی کوردە فەیلیەکاندا
. کۆمەڵکوژی کوردانی
فەیلی، برینێکی ساڕێژنەبووە
٧ی
مانگی نیسانی ھەمووساڵێک گەلی کورد بە تایبەتی کوردانی فەیلی یادی جینۆسای دو
ئەنفالکردنی رۆڵەکانیان دەکەنەوە، کوشتن و بڕین، ئەنفال، کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی
کوردو کوردستانیان لە ناو دەوڵەتی عێراقداو بەدەستی رژێمە داپلۆسێنەرەکانی
داگیرکەری عێراق، ھەر لە دەستپێکی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە دەستی پێکردووەو لە
مافەکانیان بێبەشکراون. لە بەرامبەریشیدا کورد بەھەموو چین و توێژو دین و
مەزھەبەکانیەوە، خەبات و تێکۆشانی لە پێناو بەدەستھێنانی ئەو مافانەدا کردووە و
قوربانیی داوە. کوردە فەیلیەکانیش پێکھاتەیەکی دانەبڕاوی ئاکتیڤ و کارای ئەو تێکۆشان
و خەباتە مێژوویی و نەتەوەییەن، بۆیە بوونە یەکەمین قوربانیدەری لێکترازان و
پارچەبوونی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان. کوردە فەیلیەکان بەھۆی شوێنی جوگرافیای
نیشتەجێبوونیان کە دەکەوێتە ناوەڕاستی عێراق و بەدرێژایی سنووری دروستکراوی عێراق
و ئێران وەک خانەقین، مەندەلی، بەدرەو جەسان و زورباتیە…ھتد و خودی شاری بەغدایش بڵاوبوونەتەوە، لەھەمان کاتیشدا بەشی ھەرەزۆریان
موسوڵمانی شیعە مەزھەبن. مێژووی دەستپێکردنی کێشەو ئەو کارەساتانەی کە دژ بە کوردە
فەیلیەکان دەکرێ، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی دوورودرێژی نێوان ھەردوو دەوڵەتی
عوسمانی و سەفەوی لە دەورانی سەدەکانی ١٥و١٦ کاندا. وەکو توێژ لەنێوانی ئەو دوو
دەوڵەتەدا لەبەرەکانی پێشەوەی شەڕە خوێناویەکانی ئەم ململانێیە بوون و بوونە
قوربانی کێشمەکێشمەکانیان. بە سەقامگیربوونی دەوڵەتی عێراق و ھاتنە سەر دەسەڵاتی
بەعسی شۆفینیستی عەرەبی لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا. بۆ پاڵاوتنی حساباتی
لەمێژینەو ئاڵۆزکاوی ئاینی و نەتەوەیی خۆیان، بەتایبەتی عەرەب و فارس و بە
عەرەبکردنی ناوچە کوردستانیەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق، ئەو رژێمە داگیرکەرە ھەڵمەتی
لەناوبردنی کوردی دا بەتایبەتی لە سنووری شاری بەغدا و باشوری شاری کەرکوک و ناوچە
سنووریەکانی نێوان عێراق و ئێران. ئامانجیان کوردە فەیلیەکان بوون. ھەم لەبەرئەوەی
بە ھۆکاری سەرەکی کوردبوونیان و ھەم شیعە بوونیان وەکو مەزھەب بەپێی پرۆسەی
بەعەرەبکردنی ئەو ناوچانەی کە کورد خاوەنی رەسەنین لە سەری. لە سەرەتای حەفتاکانی
سەدەی رابردوودا لەلایەن رژێمی فاشیستی عێراقی داگیرکەرەوە گەورەترین پیلان و
پیلانگێڕی بۆ سەرکوتکردنی کوردە فەیلیەکان کرا. لە ساڵی ١٩٨٠ بە بڕیارێکی دەوڵەتی
عێراقی بە بیانووی ئەوەی کە کوردە فەیلیەکان ھاوڵاتی ئێرانین، پرۆسەی ئەنفال،
کوشتن و بڕین و راگواستنیان بەسەردا سەپێنرا و کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵکران. بە
ھەزاران ژن و پیاو و پیر و منداڵیان بە دڕندانەترین شێوە قەتلوعام و بێسەروشوێن
کرد. بە ھەزارانی دیکەشیان بۆ سەرسنوورەکانی دەوڵەتی ئێران گواستەوەو دەربەدەرکران
و زۆریشیان بێ سەروشوێنکران. تاوەکو ئێستایش چارەنووسیان دیار نیە. جگە لەو زیانە
مرۆییەی کە کوردە فەیلیەکان دووچاری ھاتن، موڵک وماڵیشیان بە تاڵان برا و دران بە
خەڵکی عەرەبی ناوچەکە. ئەوانەی کە مابوونەوەش لە ھەموو مافەکانیان بێ بەشکران و لە
کارەکانیان دەرکران و لە ژیاندا سەرگەردان کران و بەکولەمەرگی ژیانیان بردەسەر.
ئێمە لەکۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ ک ن ک، ئەو کارەساتە و کۆستە گەورەیەی دژ بە گەلەکەمان، کوردانی فەیلی دیسان بەبیردێنینەوە و سەری رێزو نەوازش بۆ شەھیدان و قوربانیانی ئەو کارەساتە دڕندانەیە دادەنوێنین. داوای مافەکانیان لە عێراق و کوردستان و سەکۆ نێودەوڵەتیەکان بە رەوا دەزانین و ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانی لە پێناودا دەکەین. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوا ١٣ ساڵە رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس و شۆڤینی عەرەبی لە عێراقدا روخاوەو لە جیاتی ئەو دەوڵەتێکی فیدڕالی فرە پێکھاتەیی دامەزراوە. باشووری کوردستانیش ٢٦ ساڵە لە قەوارەیەکی سەربەخۆ و ئازاددایە. بە داخەوە کەچی ھێشتاش ئەو کۆمەڵکوژیەی کوردە فەیلیەکان بە کەیسێکی ھەڵواسراوی چارەسەرنەکراو ماوەتەوە. سەرگەردانی بە دوای مافە مرۆیی و مادیەکانی خەڵکانی کوردی فەیلی زوڵملێکراو ھەر بەردەوامە و بە رەسمی پێناسەیەکی نەتەوەیی، نیشتیمانی و مرۆیی لەھەردوو دەستوری عێراق و کوردستاندا بۆ دانەنراوە. بۆ ئەوەی ببێ بە پشتیوان و پاڵپشت و بە مافەکانیان شادبن و قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە.
ئێمە لە ک ن ک. دووبارە داوا لە ھەردوو حکومەت و پەڕلەمانی مەکەزی بەغدا بەتایبەت نوێنەرانی کورد تیایدا و حکومەت و پەڕلەمانی ھەرێمی باشوری کوردستان دەکەین. ھەوڵ و خەبات بۆ ئەوە بکرێت کە بەزووترین کات کۆمەڵکوژی کوردە فەیلیەکان لە ناوەوەی عێراق و کوردستان و سەکۆکانی نێودەوڵەتیدا بە جینۆسایدی دژ بە مرۆڤایەتی و سیاسیانەی دژ بە خەڵکی کورد بناسێنرێت.
ھەروەک کەیسەکانی
ھەڵەبجە و ئەنفال، کەیسی کۆمەڵکوژی کوردەفەیلیەکانیش گرنگی پێبدرێت و لە ھەوڵ و
تێکۆشانی جیدیدا بن بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی زیانپێکەوتوان و قەرەبوکردنەوەیان
بۆ دڵنابوونی کەسوکاری
کوردە فەیلیەکان، کاری جیدی و پراکتیکی بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراونیان
بکرێت.
داوا لە حکومەت و
پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان ئەکەین کە ھۆبەیەکی تایبەت بە کەیسی کۆمەڵکوژی و
شەھیدانی فەیلی لە لیژنەی شەھیدو ئەنفالی پەڕلەمان و لە وەزارەتی شەھیدو
ئەنفالکراوەکان دابمەزرێت و کارا بکرێت.
ئەگەر بە کۆتا
وەرگرتنیش بێت، ھەوڵ بدرێت لە ھەردوو پەڕلەمانی بەغدا و ھەرێمدا کورسی نوێنەری
کوردە فەیلیەکان وەک پەرلەمانتار مسۆگەربکرێت.
سڵاو لە گیانی شەھیدانی
کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی و تەواوی قوربانیانی کورد و کوردستان. یادی ٣٦ ساڵەی
جینوسایدی کوردە فەیلیەکان بە ڕێزوحورمەتەوە رادەگرین. بۆ گەیشتن و وەدەستھێنانی
مافەکانیان لە ھەوڵ و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆمان بەردەوام دەبین
و کۆڵنادەین.
کۆنسەی بەرێوەبەی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ کنک
٧ ی نیسان ٢٠١٦، برۆکسل
٢- – بەبۆنەی ڕۆژی پاراستنی
مافی کەمەنەتەوەکان کە دەکەوێتە ١٨ی کانونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، بەرەی نیشتیمانی
کوردە فەیلییەکان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە
بەرەی نیشتیمانی کوردە
فەیلییەکان، داوای پاراستنی مافەکانیان دەکەن وەکو کەمینەیەک لە عێراق و دەشڵێن:
پاراستنی مافی کەمینەکان زامنی سەقامگیریی و ئاشتییە لە عێراقدا..
لە بەیاننامەکەدا
ھاتووە:”بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە ١٣٥/٤٧ کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە
تایبەتە بە پاراستنی مافی کەمینە ئاینی و ئەتنیکییەکان، پێمانوایە کە ڕێزگرتن و
پاراستنی مافی کەمینەکان و پێکھاتەکانی عێراق، وڵات بەرەو وەدیھێنانی سەقامگیری
سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی دەبات، نەک ئەوەی، کە لە سیستمە
دیکتاتۆرییەکەی جاران مافەکان نەدەپارێزران و بە ھەموو شێوەیەک بێڕێزی بەرامبەر
کەمینەکان دەکرا.لە بەشێکی دیکەی
ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە:”کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات، کە عێراق چەند
کارەسات و ناخۆشی و نەھامەتی و شەڕی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی
گەلەکەی پارچەپارچە ببێت جیاکاری لەنێوان پێکھاتەکانی گەلی عێراق بکرێت بەھۆی
جیاوازی نەتەوە یان مەزھەب و ئاین”. کوردی فەیلی، ناو یان نازناوێکە بەوکوردانە دەوترێ کەبەزۆری
لەشاروشارۆچکەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نیشتەجێبوون و لەرووی ئاینیەوە
سەربەمەزھەبی شیعەن. ئەم کوردانە لەلایەن دەوڵەتی عێراقی کەبەعس فەرماڕەوایی
دەکرد، لەساڵی ١٩٦٣وە بەھەموو شێوەیەک روو بەرووی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدو پاکتاوی
رەگەزی بوونەتەوە. ژێدەرو ئامارەکان ئەوە دەردەخەن و پشڕاست دەکەنەوە، کە بەدەیان
ھەزار لەم توێژەی کورد روو بەرووی مەرگ بوونەتەوە.. بەڵام بەدرووستی لەساڵی ١٩٨٠ وەزیری ناوخۆی عێراق، فەرمانی
وڵاتبەدەرکردنی کوردە فەیلییەکانیدا، لەفەرمانەکەی وەزیری ناوخۆی عێراقدا ھاتوە”:
ئەو ئیرانیانەی لەوڵاتدان و رەگەزنامەی عێراقییان نییە، ھەروەھا ئەوانەش
کەمامەڵەیان کردوەو بڕیارییان لەبارەوە دەرنەچوە دەردەکرێن”. لەھەمانکاتدا
بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی ئەوەشی تێدا بوو “: کەلاوانی کوردی فەیلی لەتەمەنی ١٨ تا
٢٨ ساڵ، بگیرێن و لەبەندیخانەی پارێزگاکاندا، تاماوەیەکی نادیار دەسبەسەربکرێن”.
ھەروەک بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق ئەوەشی دووپات کردوەتەوە “:
کەھەرکەسێک لەو کوردانەی ئاودیوی ئێران دەکرێن، ئەگەر ھەوڵیاندا بگەڕێنەوە تەقەیان
لێبکرێت..” لەرۆژی ٢٦-٢-١٩٨١
لەرۆژنامەی سەورەی زمانحاڵی حکومەتی عێراق “سەدام حوسێن” لەبارەی کوردە
فەیلیەکانەوە دەڵێ”: ئەم توێژە لەعێراق ریشەکێشبکەن، تاوەکو خاکی عێراق و ھەوای
عێراق پیس نەکەن و خوێنی عێراقیش پیس نەکەن، کاتێک بەڕێگەی ژن و ژنخوازییەوە
خوێنیان تێکەڵی خوێنی عێراقییەکان دەبێت”. سەرنجدان و وردبوونەوە لەم قسەیەیی
“سەدام” سەرۆکی دەوڵەتی پێشووی عێراق بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین کە شۆڤێنیەت و رادەی
رەگەزپەرستی بیرکرنەوەی حزبی بەعس و سەرۆک و سەرکردەو حکومەتەکەی لەعێراق تاچ
رادەیەک دژ بەمرۆڤ و ھاوکات لەھەوڵی ئەوەبوە لەناوییان ببا، بەتایبەت ئەوانەی
جیاوازبوون لەگەڵییاندا. بەپێی زانیارییە بەردەستکەوتوەکان، پێش ساڵی ٢٠٠٣ زیاتر لە “٢٠٠” ھەزار
دانیشتوانی عێراق ئاوارە یان راوەدووی ئێران نراون، کە ٦٥% کە شەست و پێنج لەسەدی
ئەو ژمارەیە لە کوردی فەیلی بوون و تائێستاش زۆرێکیان لەو وڵاتە ماونەتەوە. ئەمە
جگەلەوەی لەماوەی دەسڵاتی حزبی بەعس بە ھەزاران کوردی فەیلی زیندانی کراون و
لەسێدارە دراون و کۆمەڵکوژی کراون.
ژێدەرو ئاماری تریش زۆرن کەژمارەی وەدەرنانی کوردە فەیلیەکان لەعێراق و زیندانی کردن و کوشتن و زەوتکردنی سەروەت و سامانیان و بێسەرو شوێنکردنیان، بە “٥٠٠” پێنج سەد ھەزار کەس ئەژمار دەکەن، بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستی ئێمەدان، وە ئەوەشی کەسەرچاوەو بەڵگەنامەکان بۆ ئێمەیان ساغکردوەتەوە “٣٨٠” ھەزار کوردی فەیلی روو بە ڕووی قڕکردن و جینۆسایکردن بوونەتەوەو ئاسەوارەکانیشی تا ئێستا ماون و بۆچەندین دەیەی تریش ھەردەمێنن.باری ژینگەو کولتور و ئابووری و بایۆلۆژی ئەو دەڤەرەبوو پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر بووە.
سەرچاوە عەرەبیەکان:
— من ھم الکرد الفیلیون- د.احمد راسم النفیس
— محنە الکراد الفیلیە فی العراق- کازم حبیب
— الاکراد الفیلیون الانتماء المذھبی والهویە القومیە- عبد الکریم
ابراھیم
– دراما الاقلیات العراقیە والدیمقراطیە المزیفە- عزیز الحاج.
سەرچاوە کوردییەکان:
– د.ئاورەحمانی حاجی مارف، چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە،
بەغدا – ١٩٧٤
– وشەی زمانی کوردی، کۆڕی زانیاری کورد، ١٩٧٥١٩٧٩
– نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی، ھەولێر ١٩٨٦
– بە ستاندار کردنی زمان و ئە لفوبیی کوردی رە فیق سابیر.
– رۆژی نێونەتەوەییی زمانی دایک، کورتە باسێک سەبارەت بە زبان ناسی
کوردی و رێزمان سمکۆ ئەبرام. (یونسکۆ- ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و فەرھەنگیی
نەتەوە یەکگرتووەکان)
Zimani Kurdi interview with Amir Hassanpour/ – دیمانەیەک
سەبارەت بە زمانی کوردی.یوتوپ
جنکینز، ریچارد (Richard Jenkins)، «- پییر بوردیو»، ترجم لیلا جوافشانی و حسن چاوشیان، چاپ اول، ١٣٨٥،
نشر نی
«آثار و اندیشە پیر بوردیو بررسی میشود.».
خبرگزاری مھر. بازبینیشدە در ٢٥ فوریە ٢٠٠٨.
برومبرژە، کریستین.
پیر بوردیوی مردمشناس. . شب بوردیو، ۵ اسفند ٣.٨٦.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.