ئەنفالی یەکەم و قوربانیە فەرامۆشکراوەکانی
هۆمەرمحەمەد
لە یەکەم سەردانمدا بۆگوندی یاخسەمر قەپاغی ئەو رۆكێتەترسناکانە، كە بەلاپاڵی چیاكانی دەوروبەری گوندەوە كەوتبوون سەرنجیان ڕاکێشام، هەندێک لەو قەپاغە نەفرەتیانە هێشتا لەناوگوندو بن دیواری ماڵەكاندا كەوتبوون، دیمەنێک بۆمن زۆر سەرنج ڕاکیش بوو گوندنشینێك قەپاغی دوو ڕۆکێتی لەسەر یەک دانابوو كردبووی بە كۆڵەكەی خانووی ماڵەكەی . بەداخەوە ئەو ڕۆژە کامێرام پێنەبوو بۆ جاری دووەمیش کە سەردانم کردووە زۆربەی رۆکێتەکان نەمابوون، بەڵام فریای ئەوەکەوتم وێنەیەكی ئەوانە بگرم کە مابوون، وێنەیەکیانم لەبەرگی یەكەمین ژمارەی ئەنفالستاندا بڵاوکردەوە.
بەداخەوە درەنگانێك توانیم سەردانی گوندی یاخسەمر بكەمەوە، ئەو كاتە چیرۆکی پورەئایشێم نەدەزانی کە پیرەژنێکی تەنیا کەوتووی گوندی یاخسەمرە، ئەوسا زۆربەی چاوەكان لەسەر ئەنفالی گەرمیان بوون، بیرورای هەڵسوراوان و چالاكانی بواری ئەنفال بەروكەش یان سۆزدارانە تەماشای تاوانی ئەنفالیان دەكردو بەگۆترەكاری و ژمارەی قوربانیەكان پێوانەی روداوەكانیان دەكرد، هەندێكیش لە ئەوروپاوە لەپشتی شاشەی كۆمپیتەرەوە بەناو روداوەكان دەكەوتن .
بەڵام كاتێك چوومە ناو چیرۆكەكانیانەوەو بە خانەوادەی قوربانیەكانی ئەنفالی یەك گەیەشتم، كە زۆربەیان لە ئۆردوگای پیرەمەگرون و گوندەكانی دۆڵی جافایەتی و شارباژێرو هەندێكیشیان لە سەنتەری شاری سلێمانی نیشتەجێن، چیرۆكی تراژیدی قورسم لێبیستن. وێنەی ترسانكم بینی خەڵكی ئەو دەڤەرە بەگشتی ئەو هەستەیان لەلا گەڵالە بووە كە ئەنفالی ناوچەكەیان گرنگییەكی ئەوتۆی نیە، قسەی یەكێك لە قوربانیەكان هێندە كاری تێكردم و هەڵوەستەی پێكردم کە وتی: (هەندێك كەس بێویژدانن پێمان دەڵێن، جا كوا ئەنفالی یەك ئەوەندە خەڵكی تێدا چووە. ) ئەمە قسەی ئەحەمەد سێكانی بوو دەربارەی فەرامۆشكردنیان بەڵام بۆمنیش ڕاچڵەکێنەر بوو.
لەسۆنگەی گەڕان و پشکنینمدا مرۆڤی بەهەیبەت و نەفس بەرزم لەناو ئەو خانەوادانەدا ناسی، هەروەك بێباكی و خەمساردیشم تێدابینیون، ئەگەر سیاسەت پلان هەبوایە دەشیا کۆمەڵگەیەکی بەهێز دروست بکەینەوە بەڵام ئەفسوس دۆخەکە ئەمەیە کە تیایداین .
خەڵكی ئەم دۆڵەو شارباژێر سورداش و ناوچەی مەرگەو کانی تو، لەئەنفالی یەکدا لە شوێنی خۆیان هەڵكەندراون و ئاوارەی ئێران و سەرسنورەكان بوون، راستە وەك گەرمیانیەكان سوپا كۆزەی نەكردوون و بە قۆناعەكانی كۆكردنەوەو پۆلێنكردندا نەرۆیشتوون بۆیە ژمارەی قوربانیەکانیشیان بەرچاونیە، هەلبەت ئەمەش بۆ هەموویان ڕاستنیە بەڵكو هەندێكیان لەوێ بە هۆی سەرماو سۆڵەوە گیانیان لە دەستداوە و هێشتا گۆڕیان ونە یاخود لە ئێران و پەناوپەسیوی چیاو دۆڵەکانیدا بەجێماون. هەشیانە لەناو چۆم و روبارەكاندا ئاوبردوویەتی و هێشتا سۆراخیان نیەو ئێسک وپروسکیان نەدۆزراوەتەوە، بەڵام بەرچاوترینیان ئەو دوو پۆلەن كە بە پێی خۆیان بەپروپاگەندەی لێبوردنی گشتی فریوی سیخورەكانی بەعس و حكومەتی عێراقیان خواردووەو هاتوونەتەوە بۆ سەرسنورو لەوێ خۆیان ڕادەست كردووە، هەندێکیشیان هەر لەدەوروبەری گوندەکانیان خۆیان تەسلیم کردبوو، بەڵام ئەوانە سەلامەت نەبوون هەموویان گیراون و ئەنفالكراون و زۆربەیان چاویان بەدنیا نەكەوتەوە.
لەناو ئەوانەدا كە خۆیان رادەستی سوپاو جاش كرد بوو، كۆمەڵێك ژن ومنداڵی خەڵكی گوندی سێدەر بوون ئەوانیش گیران و هەتا ساڵی ٢٠٠٤ بێ سەروشوێن بوون بەڵام لەوساڵەدا ڕوفاتەكانیان لە ناوچەی حەزری پارێزگای موسڵدا دۆزرانەوە، ئەوەش دوای روخانی رژێمی بەعس، یەکەیەکی سەربازی هێزە هاوپەیمانەكان لەناوچەی حەزەری پارێزگای موصڵ، بۆ چەکی قەدەغەکراو گەڕابوون لەوەدا گۆرێكی بەكۆمەڵیان هەڵدایەوەو هەرزوو دایان پۆشییەوە، بەڵام ئەوەیان باشکردبوو کە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیان لێ ئاگادار كردبووەوە، دواتر دادگاش تیمێكی پزیشكی دادوەری و تیمێكی گۆرهەڵدانەوەیان راسپارد بۆئەوەی گۆڕەکانی ناوچەی حەزەر لەموسڵ و دوانی تر لە پارێزگای سەماوە هەڵبدەنەوە، هەتا وەك بەڵگەیەكی یاسایی لەدژی سەرانی رژێمی بەعس بەكاری بهێنن. كە لە (یاداشتی دادگادا ئەو چوار گۆرە بە حەزەر (١) وحەزر(٢) سەماوە(١)و سەماوە (٢) دەناسرینەوە .
پاش هەڵدانەوەیان بە هۆی ناسنامەكانی گیرفانیانەوە ناسرانەوەو دوای ئەوەی رێوشوێنی یاساییان تەواو كراو دادگای باڵای تاوانەكان سودی لە بەڵگەكان و ڕوفاتەکان و کەسوکاریان بینی ئیتر هەموویان بەفەرمی رادەستی وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوان كردنەوەو لە ساڵی ٢٠٠٧ روفاتەکان هێنرانەوە بۆ قەزای دوكان و لە شوێنێكی تایبەت بەخاك سپێردرانەوە.
لەناو دۆسێی ئەنفالی یەکەمدا هەزارن چیرۆکی تراژیدی سەرسوڕهێنەر هەیە، ئەوەندەی بۆم کرابێت تۆمارم کردوون، و لەکات وشوێنی جیاوازدا باسم کردون بۆیە لێرە دوبارەیان ناکەمەوە، لەناودۆسێی كیمیاباراندا خەڵكی شارباژێرو دۆڵی جافایەتی تەواو پەراوێز خراون لەكاتێكدا زۆر گوندنشینی گوندەكانی ئەو دۆڵە بە چەكی كیمیایی كوژراون و بریندار بوون . بۆنمونە هەرگوندی مالومە بەبێ ئەوەی کیمیاباران کرابێت نزیکەی ٣٠کەسیان برینداری کیمیایین.
جێگەی ئاماژەیە ڕێكخراوی وادی ئەڵمانی پڕۆژەیەكی فریان گوزارییان ھەبوو بۆ بریندارانی چەكی كیمیایی لەناوچە كیمیابارانكراوەكاندا خۆشبەختانە سەرپەرشی پرۆژەکەیان بەمن سپارد، بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە زانیم کە خەڵكێكی زۆر لەبریندارەكانی ئەو گوندانە سودیان لەهیچ بەهاناوەچونێکی حکومەت نەبینیوەو لەبنەرەتەوە وەک بریندار حساب نەکراون، ئەگەرچی سودیان لەو پرۆژەیەی وادی بینی و بەبودجەی ڕێكخراوەكە دەبران بۆ لای دكتۆرەكانی شارەكان لە ناویاندا بریندارە ئاوڕلێنەدراوەكانی شارباژێڕو دۆڵی جافایەتیش لێ سودمەند بوون بەڵام ئەوە تەنها هاوکارییەکی کورتخایەن بوو، ئەوان هەتا لەژیاندابن پێویستیان بەهاوکارییە، نابێت ئەوەش لەیادبکەم کە منیش بەھۆی ئەو پڕۆژەیەوە دەستم بەزۆربەی بریندارەكان گەیشت و چیركەكانیانم تۆماركرد.
لەسەردانێکمدا بۆ گوندی مالومە پیاوێک بەناوی حەمەرەشید زۆر بەسادەیی بۆی گێرامەوە كەوا باوكیان لە چیا كیمیایی كوشتوویەتی و هەر لە شوێنی خۆی بەخاكیان سپاردووەو هەتا ئێستاش هەرلەو شوێنەماوە بەتەنیا نێژراوە . هەرلەوگوندە دەیان چیرۆکی برینداران و ئەنفالکراوانم بیست لەوانە خانەوادەکەی قادرەسور کەئەنفالکراون و چیرۆکی ئەوپیاوەی کەنەخۆشی هۆشەکی هەبووەو لەکاتی گیرانیدا وەک فەرماندەی یەکەمی پێشمەرگە ناساندووەو سوپاش وەک دەستکەوتێکی گەورە بروسکەیان بۆسەرکردایەتی کردووە کە کەسێکی گرنگیان گرتووە بەڵام لەبنەرەتدا عوسمانی گوندی مالومە بوو کە بەعوسمانە شێت ناسرابوو.
لە شارباژێریش گوندی شاناخسێ بەرچەكی كیمیایی كەوتووەو زۆربەی بریندارەكانی ئەو بۆمبارانە پێشمەرگەی یەكیتی بوون چیرۆكی عومەرچاوشین تراژیدی ترین چیرۆکی ئەوبریندارەنە بوو کە یاداشتم کردووەو لە ژمارە ٤ی ئەنفالستاندا بڵاوم کردووەتەوە.
ئەوەی مایەی تڕامانە هەندێك لە بریندارەكانی ئەو دۆڵە هەتا ئێستا سەردانی هیچ دکتۆرێكیان نەكردووەو حكومەتیش لێی نەپرسیونەتەوە.
گوندی هۆمەرقەوم ١٨ گەنجیان ئەنفالکراون ئەوان هەرچەندە دەربازببوون بەڵام دوای ئەوەی خۆیان رادەستی برایماغای سەرۆک جاش کردبوو، هەمویانی رادەستی حکومەت کردوو جارێکی تر نەبینرانەوە.
لەسەردانێکماندا بۆ گوندی هەڵەدن لەگەڵ هاوڕێم سمکۆ سابیر چەند شوێن خانوویەکیان نیشانداین، کە تەنها بناغەکانیان مابوو ئەوانە هیچ کەسێکیان دەربازنەبوون .
هەر لەهەڵەدن چیرۆکی پێشمەرگەیەک بەناوی ئیسماعیل گورون و خانەوادەکەی زۆر بەئازارە ئیسماعیل لەبەرگری و شەڕی ئەنفالدا لەچیای قوڵەپوشینە شەهید بوو، تەرمەکەشی نەدۆزرایەوە هەر لەو پەلامارەدا ژنەکەی و هەموو منداڵەکانیشی ئەنفال بوون ئێستا ئیسماعیل لەکوردستان گۆری ونەو ژن ومنداڵەکانیشی لەبیابان !
هەوارە خۆڵ چیرۆکێکی فەرامۆشکراو
زۆربەی بریندارەكانی ئەو دۆڵە دوای دەربازبونیان بەزەحمەتكی زۆر بەناو دۆڵی بەفرگرتووی شێخ محەمەدا گەیشتبوونە ئێران و لەوێ لە ئۆردوگای هەوارە خۆڵ لەژێر چادردا نیشتەجێ کرابونەوە، بەڵام ئەوێش پەنایەکی سەلامەت نەبوو، بەڵكو رۆژی ١٠ی تەموزی ١٩٨٨ فرۆکەکانی بەعس بە بۆمبی كیمیایی ئۆردوگای هەوارە خۆڵی داگرتەوەو بەهۆیەوە کەسێکیان شەهید بوو خەڵكێكی زۆریان بریندار بوون و هەتا ئێستاش بەدەست ئازاری بریندارییەكانیانەوە دەنالێنن. چیرۆک هەندێک لەو بریندارانەم تۆمارکردووە کە بەزۆری خەڵکی مالومەو هەڵەدن و چاڵاوان .
كەچی لە كارنامەی رێكخراوەكانی تایبەت بە ئەنفال و كیمیاباران و كارنامەی حكومەت و تەنانەت لەناو بەرنامەی رێكخراوە تایبەتەكەی دۆڵی جافایەتی و شارباژێریشدا كە وابریارە كاربۆ ئەنفالی ئەو دۆڵە بكەن ، كیمیابارانی هەوارە خۆڵ و قوربانیەكانی ئەو تاوانە تەواو ونەو كەس لێیان ناپرسێتەوە .!
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.