ئیلول 24, 2020 Omer ئهنفال, دەربازبووان 0
مەرگی ئەبابەکر
عومەر محەمەد
ئەبابەكرعەلی سەعید لە دایكبووی ساڵی ١٩٥٤
گوندی كورێمێ – ناحێی مانگێش -قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆك.
یەکێکە لەو ٦ کەسەی لە کۆمەڵکوژییەکەی گوندی کورێمێ بەبرینداری و بەرێکەوتێکی ئەفسوناوی رزگاربوو.
لە ساڵی ١٩٨٨ دانیشتووی گوندی كورێمێ بووە. كە پەلاماری قۆناغی هەشتەمی بادینان دەستی پێكرد ئەبابكر پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، تا رۆژی ٢٨ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەوەی لەهەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون بۆ پەرینەوە لەسنور گەرانەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، لەوێ بەناچاری لەگەڵ خەڵكێکی زۆر خۆیان رادەستی سوپای عێراق كرد، پاشئەوەی چەكەكانیان تەسلیم كرد، ژنو پیاویان لە یەكتری جیاكردووەتەوە هەر لەجێدا ٢٠٠ مەترخوارگوندی كورێمێ كۆی پیاوەكان كە ژمارەیان ٣٣ كەس بوو لەلایەن دوو ئەفسەری سوپاوە كەناوەكانیان عەباسو محمەد بوو دوای ئەوەی یەکێک لەئەفسەرەکان بەهۆکی تۆکی پەیوەندی بەسەرۆی خۆیەوە کرد هۆکی تۆکیەکەی داخستەوەوە فەرمانی بەو ١٠ سەربازە کرد، کە گوندنشینەكانیان ریزكردبوو لەبەرانبەریان وەستابوون تەقەبکەن .. هەر لەجێدا گوللەباران كران.
ئەبابكر لەگەڵ دەنگی ئەفسەرەکە کە گوتبووی (ارمي)، پركێشی كردبوو توانیبوی لەریزەكە، بێتە دەروەورابكات، بەڵام ١٠٠ مەترێك دورنەکەوتبووەوە كە جەلادەكان دایانگرتووەتەوەو چەند گوللەیەک قاچەكانیان پێكاوەو كەوتووە.
لە دیدارێکی نێوانماندا کە رۆژی ٨ی ئایاری ساڵی ٢٠١٣ لە هەولێر لەگەڵیدا ئەنجاممداوە بەدرێژی بۆی باسکردم کە چۆن دەربازی بووەو چەند ئازاری چەشتووە.
ئەبابەكر باشئەوەی بیرمابوو، كە لەدورەوە سێجار بە رەشاش تەقەیان لێكردووە، بەڵام سەربازەكان بە حسابی مردوو بەحێیانهێشتبوو، ئەوشەوە بەجەستەی خوێناوی و ئازاری بریندارییەوە هەتابەیانی لە نزیك تەرمی ئەو کۆمەڵە پیاوەمابووەوە کە سەربازەکان گولەبارانیان کردبوون، بەڵام كە رۆژبووەتەوە كەوتووەتە دەست كۆمەڵیك جاشو بردبویان بۆ ناحێی مانگێش كەچی لەوێ هەمان ئەو ئەفسەرەی بینیبوو كە فەرمانی گوللەبارانكردنەكەی دابوو، ئەفسەرەكەش كە ناسیبوویەوە بە پۆستاڵ قاچەبریندارەكانی شێلابوو بەجۆرێك ئازاری ئەبابەكری دابوو.
لەودیدارەدا شەرواڵەکەی هەڵکرد، شوینی لێدانەكانی پێوەدیاربوو، كەچی سەیرلەوەدابوو، بریاری كوشتنی نەدابوو، ئەفسەرەکە بەخوێنساردییەوە گوتبوی چۆن نەمردوی ؟ ئینجا رادەستی قەلای نزاركێی كردبوو، دوای ئەوەی گەیەندرابووە قەلای نزارکێ چەندرۆژێک مابووەوە ئینجا بریاری لێبوردنی گشتی دەرچوو ئەگەرچی برینەکەی تەداوی نەکرابوو هەوی کردبوو بەڵام بەهۆیەوە رزگاری بوو.
ئەو سەروەختە باوكی سێ منداڵ بوو، ئەوان ئەنفالكرانو بران بۆكەمپی سەلامییە، برایەكی بەناوی سەعید لەو كۆمەڵكوژیەدا كوژراو برایەكی تریشی بەناوی كامەران پێشتر شەهید بوو.
ئەبابەکر هەتا دوارۆژەکانی ژیانی لە ناحێ مانگێشک نزیک گوندی کورێمی لەگەڵ خانەوادەکەی دەژیا. هەرجارێک چاوی پێم بکەوتایە لەچاوانیدا ئەو دڵشکانەیم دەخوێندەوە وەک بڵێت : چمان کردو چمان دورییەوە ؟! ئەم پیاوە بەدبەختە تەنها بەختی ئەوەی هەبوو کە بەشداری دادگای بالای تاوانەکان بکات و شایەتی لەسەر تاوانەکە بدات ساڵی ٢٠١٢ بەشداری فیلمی ١٠٠١ یەک سێوی کرد.
بەداخەوە ڕۆژی ٢٠/٩/٢٠٢٠ بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەستدا .
جێگەی ئاماژەیە ماوەی سالێک زیاترە هەردوک دەربازبوو ئەبابەکرو عەبدولقەهار باری تەندروستییان خراپەو هەردوکیان بەهۆی دۆخی خراپی جەستەییانەوە لە ماڵەوە لەسەر جێگە کەوتوون . سدقی عەبدولقادریش هەر لەسەرەتای نەوەدەکانەوە کوردستانی بەجێهێشتووەو ئێستا پەناهەندەیەکی وڵاتی سویدە.
جێگەی ئاماژەیە لەکۆی کۆمەڵکوژییە خوێناوییەکەی ئەنفال تەنها ١٤ کەس دەربازیان بوو، لەوانە ٧ کەسیان خەڵکی گەرمیان و ٦ کەسیان خەڵکی بادینان و یەک کەسیشیان خەڵکی سلێمانیە.. بەداخەوە هەتا ئێستا ئەو دەربازبوانە دلشکاوترین کەسانی نێوکۆمەڵگەی ئێمەن ! بێگومان ئەم شایەتحاڵە زیندوانە کوری هەر میللەتێکی تربونایە عەرشی زەمانەیان پێدەلەرزاندن بەڵام ئەفسوس هەرگیز لەلای بەرپرسانی حزب وحکومەت بەقەد جاشێک قەدریان نەبوو.
ئەوەی دەبوو خەڵکی کورێمێ بیکەن
نەک هەرخەڵک تەنانەت بەرپرسانی حکومەت خۆشیان ناتوانن نکۆڵی لەو راستی یە بکەن، کە زۆرکار هەیە حکومەت تیایدا کەمتەرخەمە، بەتابەتی لەدۆسێی ئەنفالدا حکومەت لە زۆر سێکتەری ئەو دۆسێیەدا کورتی هێناوەو دەستی بۆنەبردووە، بۆیە بەلای کەمەوە خەڵکی گوندی کورێمێ دەبوو بێ گوێدانە ئەوەی حزب وحکومەت بە تەنگیانەوە دێن یان نا، شوێنێ کۆمەڵکوژییەکەو ئەو سێ چاڵەی کەوا قوربانیەکانی بە کۆمەڵ تێدا کۆکرابووەوەو هەروا هاکەزایی داپۆشرابوون، دوای هەڵدانەوەی روفاتەکانیان و بەخاکسپاردنەوەیان دەبوو شوێنەکە دیاری بکەن و بەلای کەمەوە دیوارێک یان تابلۆیەکیان لە سەر جێگیربکردایەو نەدەبوو بهێڵن شوێنەکەیان ون ببێت.
بۆئەوەی وەک یادەوەرییەک لە مێژووی کوردو کورێمێدا بمێنێتەوە.
وەها کارێک ئێستاشی لەگەڵدا بێت کارێکی ئەستەم و گران نیە، چونکە کاتێک گۆرە بە کۆمەڵەکەی کورێمێ هەڵدرانەوە، خەڵکی گوند بە دیاریانەوە بوون و دەزانن شوێنەکەی کامە بووە، بەڵام کاتێک ئێمە چووین بەزەحمەت حاجی عوسمان توانی هەرسێک شوێن گۆرەکە بدۆزێتەوە، ئەگەر ئەو شوێنانە بە دیوارێکیش ئەستەم بێت و لە رووی نرخەوە بۆیان هەڵنەسوڕێ ئەوا لە توانادا بوو بەکۆمەکێکی دەستەجەمعی هەر هیچ نەبێت لەموچەی ئەنفالکراوەکان و شەهیدەکانیان وەک مافێکی خۆیان لەسەر تابلۆیەک رۆژی تاوانەکەو ناوی هەموو شەهیدەکان و تەنانەت ناوی تیپی ٢٩ی سوپاو هەردوو ئەفسەرەکە کە ناویان عەباس و محەمەد بووەو پلەی سەربازییەکەیان ملازم بووە بنوسن و بۆ مێژوو بیهێڵنەوە . بەهیوام هەتا ئێستا ئەگەر نەیان کردووە، لەمەودوا بەو کارە هەڵبستن .
تێبینی :
دەربارەی ئەنفالی بادینان و کۆی دەربازبوانی گۆری بەکۆمەڵ کتێبێکم ئامادەیە بەهیوام ژیان دەرفەتم بدات بلاوی بکەمەوە)
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.