ئاب 02, 2019 Omer ئهرشیف, ئهنفال, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دەربارەی گۆرەکانی دەوروبەری قەڵای نوگرەسەلمان سەرنجێک لەمەڕ راپۆرتەکەی ئێن ئارتی ………..عومەر محەمەد
دەربارەی گۆرەکانی دەوروبەری قەڵای نوگرەسەلمان سەرنجێک لەمەڕ راپۆرتەکەی ئێن ئارتی
عومەر محەمەد
١/٨/٢٠١٩ – سلێمانی
شەوی ٣١ی تەموزی ٢٠١٩ کەناڵی ئێن ئارتی، راپۆرتێکی دەربارەی نوگرەسەلمان و دەستنیشانکردنی گۆرەکانی دەوروبەری کرد، کە تیایدا شوانێکی عەرەب گۆرەکانیان دەدۆزێتەوەو بەدەستی خۆی هەڵیان دەداتەوە. بەداخەوە ئەم میدیاکارانە ئاگاداری ئەوەنین کە ئەو گۆرانەی ئەم شوانە عەرەبە دەستنیشانیان دەکات شایەتحاڵی گرنگتریان لەو شوانە عەرەبە هەیە. !
ئەو گۆرانەی ئێن ئارتی نیشانیداین و نەیتوانی روناکی زیاتریان بخاتە سەر، گۆڕی تاکەکەسی ئەو کەسانەن کە لەئەنفالدا گیراون و لەزیندانی نوگرەسەلمان لەبرسان مردون یان لەتینوان خنکاون و زیندانیەکان بۆخۆیان ناشتویانن و بەعەرەبانیەکی سێ تایی بردویانن بۆ پشتی قەڵای نوگرەسەلمان و بەشیوەێکی زۆر هاکەزایی ژێرلمیانداون و دواتریش سەگەکانی دەوروبەری قەڵاکە تەرمەکانیان دەرهێناونەتەوەو خواردویانن.
ئەوەی ئێن ئارتی کردی جۆرێک سەرلێشێوانی دروستکرد، چونکە وێنەگشتیەکەی گۆری ئەنفالکراوان گۆڕی بەکۆمەڵە نەک گۆری تاکەکەسی، بەڵام ئەوەی نیشانیداین کارێکی نایاسایی وبێ ئیتیکی رۆژنامەوانی بوو، چونکە لەباری یاساییەوە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بچێت گۆڕەکان هەڵبداتەوە، کەچی بینیمان عەرەبێکی ئەوناوچەیە هەربەدەستی خۆی لمی سەرتەرمەکە لادەبات و ئیسک وپروسکی روفاتەکەمان نیشان دەدات ئەمە لەباری ئیتیکی رۆژنامەوانیشەوە هەر رێگەپێدراو نییە.
دەبوو لەوراپۆرتەدا ئەو پرسیارە وەڵام بداریەتەوە کە بۆچی ئەم گۆرانە بەتەنیان وبەکۆمەڵ نیه ؟ بۆئەوەی رونی بکەمەوە کە بۆچی ئەو تەرمانە بەتەنیان و ئاوا نێژراون لەم چەند خاڵەدا کۆیان دەکەمەوە :
لەماوەی کارکردنمدا لەدۆسێی ئەنفالدا گەلێک شایەتحالی نوگرەسەلمانم دواندووەو قسەیان بۆکردووم و بۆیان رونکردومەتەوە، کە بەزەحمەتێکی زۆرتوانیویانە مردووەکانیان بنێژن، هەندێکجار بەرپرسی زیندانەکە (حەجاج یان شەمخی) رەزامەندی دەرنەبریوەو ماوەی رۆژێک زیاتر ماونەتەوەو وەک سوکایەتی پێکردن لەبەردەم زیندانەکان تەرمەکەی هێشتووەتەوەو ئینجا رەزامەندی دەربریوە تەرمەکە بەرنە دەرەوەی قەڵای نوگرەسەلمان بۆناشتن، کەبردوشیانە هەربەجل وبەرگی خۆیەوە تەرمەکە خراوەتە سەر عەرەبانەیەک و براوەتە دەرەوەی قەڵاکەو دەبوو لەکەمترین ماوەدا ژێرخۆڵبدرایە، سەعید عەبدوڵا کە ئەوسا منداڵ بووە لەنوگرەسەلمان زیندانی بووە دەڵێت : وێنەی عەرەبانەکەم هەرلەبەرچاوە پارچە چینکۆیەک بوو سێ تایەی هەبوو لەپێشەوە تایەیەک ولەدواوە دوو تایەی هەبوو، لەدواوە دەسکێکی هەبوو بۆ پاڵپێوە نان، زۆر بەزەحمەت لەناو لمەکە دەرۆیشت، پیاوەکانیش پیروبێهێزو برسی بوون.
عەلی عارف لەدیدارێکی گۆڤاری ئەنفالستاندا کە دێتە سەرباسی مردن وبەخاکسپاردنی براکەی بەناوی (ئەنوەر) ئاوا باسی ناشتنی دەگێڕێتەوەو دەڵێت : بردمان بۆسەر قەبرانەكە، بەخاكمان سپارد، بەڵام تراژیدیا لەسەر قەبرانەكەی نوگرەسەلمان بوو. دەبوو لەسەر عەرەبانەیەكی سێ تایی ئەو جەنازەیە بەریت ئەویش تایەیەكی تەقی بوو نەدەرۆیشت بەناو ئەو لمەدا، تەنها زەنگ (پاچ) ێكیان دابوو پێمان كول بووكلكەكەی شكابوو، خاكەنازێكیان دابوو پێمان كلكەكەی كورت بوو، پۆلیس لەگەڵماندا بوو ئیهانەی دەكردین، بەقامچی و بەچەكەوە، دەبوو بەناو ئەو لەمەدا بەزوترین كات بیگەیەنینە گۆرستانەكەو بە كەمترین وەخت بەو قازمەو خاكەنازە خراپە گۆر هەلبكەنیت و بیشاریتەوە، نەك قەبری بۆ هەڵبكەنیت. ئەوەندە لەسەرمان نەدەوەستان، گۆر هەڵبەکەنی، ئینجا خاكەكەی سەرەوەی لم بوو هەتا قولەپێمان لم لەسەر خاکەکە بوو بەڵام ژێری رەق بوو، هەڵنەدەكەندرا، ئەو زەوییە لە وشكی و بێئاوی خۆیدا..لەو بیابانە شەقی بردبوو. کە پاچمان لێدەدا ئاگری دەكردەوە. ئێمەش لە برسان نەماندەتوانی قەبر لەوشەختە ڕقەدا هەڵبكەنین. بۆیە ناچاربووین هەروا كەمیك خۆڵ بكەینە سەریداو بیشارینەوە. چونكە پۆلیسەكان نەدەوەستان لەسەرمان قەبر هەڵبكەنین، دەبوو بەزوترین كات بیشارینەوەو بگەرێینەوە بۆناونوگرەسەلمان.
ئەفسوس کەناڵەکانی راگەیاندن ئەوەی پابەندنین پێوەی گەیاندنی زانیاری وردە، سەیر لەوەدایە زانیاری وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەکی پێبدەن کەچی هێشتا وەک خۆی زانیارییەکان ناگەیەنن، دەنا ئەگەر راگەیاندنکار تەنها سەردانێکی ماڵپەری ئەنفالستان بکات زانیاری وردی دەربارەی ئەنفال چنگ دەکەوێت بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک بدات. بەڵام ئەوان تەنها کات بەرێدەکەن، هەربۆیە کاتی بەنامەکانیان بەزانیاری درشت وباو پردەکەنەوە. لەنوگرە سەلمان بەسەدان کەس مردوون ولەوێ تەرمەکانیان بەجێماون، بەپێی زانیارییەکانی من تەنها هەڵەبجەییەکان ٥٢ کەسیان لەبرسان مردووەو ئێستا لەهەمان ئەو بیابانە بەجێماون کە دەکەوێتە خوار قەڵاکەی نوگرەسەلمانەوەو راپۆرتەکەی ئێن ئارتی تەنها بیابانێکی نیشانیداین و لەدورەوەش وێنەیەکی قەڵاکەی نیشانداین کەبەهیچ جۆرێک ئاماژە نەبوو بەوەی قوربانیەکانی ناو ئەم گۆرانە زیندانیەکانی ناونوگرەسەلمان بوون .
ئاگادارم کەوا ساڵی ٢٠١٣ عەلی عارف لەگەڵ تیمێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و وەزارەتی مافی مرۆڤی حکومەتی عێراق کە گۆرهەڵدەدەنەوە چوون بۆ سەماوە هەتا گۆرەکان دەستنیشان بکەن، بەڵام لەبری ئەوەی بیبەن بۆ سەرئەو گۆرانە بردبوویان بۆ بوسەییە لەسەر سنوری وڵاتی سعودییەو لێیان پرسی بوو کام لەم گۆرانە هی هەڵەبجەییەکانن ؟ ئەویش لەوەڵامدا پێیگوتبوون کەوا گۆری هەلەبجەییە ئەنفالکراوەکان لەنوگرەسەلمانن لێرەنین، کاتێک گەرابوونەوە بۆ نوگرەسەلمان و عەلی عارف گۆرەکانی نیشان دابوون (هەمان ئەو گۆرە تاکەکەسیانەی ئین ئارتی نیشانی داین) تیمەکەی وەزارەتی مافی مرۆڤ پێیانگوتبوو نەتۆو نەئێمە مافی هەڵدانەوەی ئەم گۆرانەمان نیە، چونکە ئێمە تایبەتین بەگۆری بەکۆمەڵ .. کەچی لەبەغدا ویستبویان ئەو راپۆرتە بەشایەتحاڵەکەی هەڵەبجە واژۆ بکەن کەتیایدا نوسرابوو دوای گەران وپشکنینێکی ورد شایەتحالەکەی هەلەبجە نەیتوانی هیچ گۆرێکی هەڵەبجەییەکان بدۆزێتەوە !
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.