تەموز 17, 2019 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە کوردو دەوڵەتی عێراق عێراق و پێشێلکاری و دادگای تاوانی نێودەڵی … عومەرمحەمەد
عێراق و پێشێلکاری و دادگای تاوانی نێودەڵی
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ( International Criminal Court – ICC) دادگایەکی تایبەت وسەربەخۆی هەمیشەییە لە ساڵی ١٩٩٨ لەرۆما دامەزراوەو ساڵی ٢٠٠٢ پەسەندکراوە لەلایەن ٦٠ دەوڵەتەوەو لەوەبەدوا دەستی بەکارەکانی کردووە. شوێنی فەرمی دادگاکە لاهایە- لەوڵاتی هۆڵندا بۆیە زۆرجاریش بەدادگای لاهای ناودەبرێت . هەتا ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ١١١ ولات ئەندام بوون ٣٧ وڵاتی تریش کاندیدن بۆ بوونە ئەندام .[1]
ئامانجی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، سزادان و لێپرسینەوەیە لەو كەسانەی تاوانی جەنگ و تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، بوونی وەها دادگایەک بۆ ئابروو سەلامەتی مرۆڤایەتی زۆر گرنگە بەلام مەرجەکانی تاڕادەیەک قورسن و بەهۆیەوە هەموو نەتەوەو کەمەنەتەوەکان ناتوانن لێی سودمەند بن یەکێک لەمەرجەکانی ئەو دادگایە ئەوەیە کەوا کاتێک دۆسێیە بۆ تاوانێک دەکاتەوە کە ئەو وڵاتەی تاوانەكانی تیادا ئەنجام دراوە مەرجە ئەندامی ئەم دادگایە بن، بەڵام ئەوەی مایەی لەسەروەستان و تێڕامانە ئەوەیە وڵاتانی زلهێز و هەندێک لە وڵاتە دیکتاتۆرەکانیش بروبیانوو بۆ بوونە ئەندام دەدۆزنەوە بۆنمونە ئەمریكاو رووسیا بەهۆی رەخنەکانیانەوە لەم دادگایە خۆیان لە ئەندام بوونی دەدزنەوە هەروەها عێراق هەتا ئیستا خۆی لەقەرەی ئەم دادگایە نادات، ئەمەش مایەی ترس وگومانە بەتایبەتی بۆ میللەتی کورد کەپێشتر لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە زیاد لەجارێک بەرپەلاماری جێنۆساید کەوتووە.
ئەوەی هەتا ئێستا بۆمن مایەی ترس وجێگەی تێڕامانە ئەوەیە بۆچی لە دوای رووخانی رژێمی سەدام و هەڵوەشاندنەوەو سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق نەبووەتە ئەندام لەم دادگایە ؟ لەکاتێکدا لەدوای رژێمی پێشوو دەبوو یەكێك لەهەنگاوەكانی ئەم دەوڵەتە تازەیەی عیراق بەئەندام بوونی بوایە لەم دادگایە – دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
ئەویش وەک گەرانەوەی شکۆمەندی وئابرومەندی عێراق
کە پێشتر بەهۆی تاوانەکانی دەوڵەتەوە شکۆو ئابروی شکاوە لەلایەکی تریشەوە بۆ
نیازپاکی و رێگرتن لە تاوانی جەنگ و تاوانی کۆمەلکوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و
جینۆساید و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەلامەت و گەرانەوەی متمانەی پێکهاتەکانی
بۆئەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق دڵنیابن لەوەی هەموو تاوانبارێکی تاوانە
نێودەوڵەتییەکان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەعیراقی نوێداسزای تاوانەکانیان
وەردەگرن.
بەڵام دورەپەرێزی عێراو ئەندام نەبوونی لەم دادگایە، ماف دەداتە
پێکهاتەکان (بۆنمونە ترسی سوننە لەشیعەکان و شیعەکان لە سوننەکان و کورد
لەهەردوکیان لە دوبارەبوونەوەی تاوانە گەورەکان هەست بەسەلامەتی نەکەن .
بەپێچەوانەشەوە ئەندام بوونی عێراق لەدادگای تاوانی نێودەوڵەتی هۆشیاری و ئاگایی دەداتە بەرپرسانی باڵای دەوڵەت وفەرماندەو ئەفسەرانی سوپاو دەزگاو دامەزراوە ئەمنییەكان و هەرهیچ نەبێت لەترسی لێپرسینەوەیان لەوەها دادگایەکە پابەند دەبن بە پاراستنی مافی مرۆڤ و پارستنی خەڵکی مەدەنی لەکاتی جەنگدا کەهەتا ئیستا ئەم هوشیارییە نەک لەلای هێزە میلیشیاییەکان تەنانەت لەلای هێزە نیزامییەکانیش نیەو لەکاتی جەنگ وروبەروبوونەوەدا تاوانی جەنگ وتاوانی دژی مرۆڤایەتی دوبارە دەبنەوەو پێشێلی هەموو یاسایەکی جەنگ دەکەن.
بەکورتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بریتیە لە
دەستەیەکی دادوەری نێودەوڵەتی بۆ دادگایی کردنی تۆمەتبارانی تاوانی جێنۆسایدو
تاوانی نێودەوڵەتی تایبەتمەندییەکانی ئەم دادگایە بە پێ سیستەمی ناوخۆیی و جۆری
تاوانەکە بریتیە لە:
…. تاوانەکانی
جێنۆسایدو ئەو رەگەزو خەسڵەتانەی ئەم تاوانە پێکدەهێنن وەک :
آ- کۆمەڵکوژی .
ب- تاوانی دژی مرۆڤایەتی .
ج – تاوانی جەنگ
بێگومان ئەم دادگایە بۆگەلانی هەرەشە لێکراو گرنگ دەبێت ئەگەر ئەومەرجانەی لێلاببرێن وەک ئەوەی هەردەبێت ئەو وڵاتەی تاوانەکانی تێدا ئەنجام دەدرێن ئەندام بن، یاخود یەکێک لەو وڵاتانە دۆسێکەی هەواڵەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکات کە ئەندام بێت دەنا لەم دۆخەی ئێستایدا بوون ونەبوونی بۆ ئێمەی کورد هیچ بەهاو گرنگییەکی نیەو لەداهاتوشدا نایبێت وەک چۆن لەرابوردوودا نەیبووە لەبەرئەوەی عێراق ئەندام نەبووە لەو دادگایەو هیچ وڵاتێکی ئەندامیش نەهاتووەتە دەنگ بۆنمونە یەکێک لەو دۆسێانە (ئەنفال و هەڵەبجە یاخود فەیلیەکان و بارزانیەکان) هەواڵەی ئەو دادگایە بکات .
بەداخەوە هەندێک لەخۆیانەوە قسە دەکەن و بەم حاڵەشەوە دەڵێن ئەم دادگایە بۆئێمەی کورد زۆر گرنگە ! نازانم هەتا ئێستا گرنگیەکەی چی بووە ؟ بۆ دادگایی کردنی تۆمەتبارانی جێنۆسایدی کورد بۆ دادگایی کردنی کۆمپانیاکان کە مەوادی کیمیاییان بە عێراق فرۆشتووە ؟ بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی جێنۆسایدەکانی کورد (بەلای کەمەوە ئەو چوار دۆسێیەی کە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق بە جێنۆسایدا یەکلایی کردوونەتەوە) ! ئەگەرچی یەکێکی تر لەمەرجەکانی ئەم دادگایە ئەوەیە کەوا هەردۆسێیەک جارێک بینرا ئیتر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دۆسێی بۆناکاتەوەو نایبینێتەوە، بەو حاڵەشەوە وەک دادوەر رزگار محەمەدئەمین لەبارەی كەیسی ئێزدییەكانەوە دەڵێت (هەرچەند عێراق ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی-دا، بەڵام دەتوانرێت لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە ئەو كەیسە ببرێتە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.)[2] بەڵام دیسان گرفتەکە مەرج و ئەگەرەکانن ئایا ئەنجومەنی ئاسایش چۆن وکەی بەم ئەرکە هەڵدەستێت ؟ بەتایبەتیش ئەگەر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی کورد کەم تەرخەم و بێباک بن ئێدی بوونی ئەو دادگایە بۆ ئێمەی کورد بەهای چییە ؟
یەکێک لە بێباکی کەمتەرخەمییەکانی سەرانی حزبەکوردستانیەکان ئەوەبوو کە لەبنەرەتەوە دۆسێی ئەنفال وهەڵەبجەو ئەوانەی تریش یاخود جێنۆساید بەگشتی نەبووە تەوەری گفتوگۆو دانوستانەکانیان لەگەڵ عێراقیەکان لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراقدا ئەگەر ئەوە یەکێک بوایە لەمەرجەکانیان و بەسەرعێراقیەکانیاندا بسەپاندایە بەدڵنیایی هەم بۆ عێراقیەکان و هەم بۆ کوردیش دەستەکەوتێکی زۆر گرنگ دەبوو.
ئێستاش نەچووە بچێت کە دەتوانن سەرباری هەرناکۆکییەکیان لەگەڵ یەکتر ئەم خاڵە بکەنە هاوبەش و هەوڵەکانیان چربکەنەوە بۆ ئەوەی پاڵ بەعێراقەوە بنێن ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی . وەبە پێجەوانەشەوە دەتوانرێت لەریگەی جوڵاندنی دۆسێیکانەوە دیسانەوە عێراق بخەنە ژێر فشارەوە بۆنمونە دۆسێی جێنۆسایدی ئێزدییەکان کە تارادەیەکی زۆر هاوسۆزییەکی نێودەوڵەتی هەیەو خاڵێکی جیاوازیش هەیە لەگەڵ دۆسێکانی ئەنفال وهەڵەبجە ئەویش ئەوەیە کە ئەندام نەبوونی عێراق ناکاتە کێشە بەهۆی ئەوەی کە داعش کەسانی بیانیان تێدایەو رەنگە هەڵگری رەگەزنامەی یەکێک لەو وڵاتانەبن کە ئەندامن لەدادگاکەدا لەم بارەیەوە سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان سۆران عومەر لەدیدارێکی نێوانماندا دەربارەی دۆسێی ئێزدییەکان و بردنی بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەلایەن پەرلەمانەوە باسی لەوەکرد کە ئەندام نەبوونی عێراق لەو دادگایە کێشەیە[3]، بەڵام رێگا هەیە بۆچارەسەرکردنی هەمان ئەم قسانەی لەتۆڕی هەواڵی روداویشدا بڵاوکردووەتەوە لەوبارەیەوە دەڵێت ( ئەو رێگایەمان چارەسەرکردووە و ئەوەش بەوەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە یان دەزگا ئەمنییەکانەوە گیراون یەک کەسیان کە هەڵگری رەگەزنامەی یەکێک لەو وڵاتانە بێت کە ئەندامن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی داواکاری گشتی بێتە سەرخەت)[4]
سەرچاوەکان
[1] بروانە وێکپیدیا https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%AF%D8%A7%D8%AF%DA%AF%D8%A7%DB%8C_%D8%AA%D8%A7%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%8C_%D9%86%DB%8E%D9%88%D9%86%DB%95%D8%AA%DB%95%D9%88%DB%95%DB%8C%DB%8C
[2] بروانە رۆژ نیوز –دیدار لەگەڵ دادوەر رزگار محەمەد ئەمین https://rojnews.news/%D9%83%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86/%D8%AD%D8%A7%D9%83%D9%85-%DA%95%D8%B2%DA%AF%D8%A7%D8%B1-%DA%95%DB%8E%DA%AF%D8%A7-%D9%87%DB%95%DB%8C%DB%95-%D9%83%DB%95%DB%8C%D8%B3%DB%8C-%D8%A6%DB%8E%D8%B2%D8%AF%DB%8C%DB%8C%DB%95%D9%83%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%A8%DB%95%DB%8C%D9%86%DB%95-%D8%AF%D8%A7%D8%AF%DA%AF%D8%A7%DB%8C-%D8%AA%D8%A7%D9%88%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%86%DB%8E%D9%88%D8%AF%DB%95%D9%88%DA%B5%DB%95%D8%AA%DB%8C-18377
[3] دیداری نوسەر لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان – هەولێر هۆتیل دیوان- ٤ی ئایاری ٢٠١٦
[4] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0102201543بروانە لێدوانی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی عێراق –
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.