نیسان 13, 2019 Omer ئهرشیف, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە کوردو ئەنفال و بازاری نیولیبرالیزم عومەرمحەمەد ١٣/٤/٢٠١٩ – سلێمانی
کوردو ئەنفال و بازاری نیولیبرالیزم
عومەرمحەمەد
١٣/٤/٢٠١٩ – سلێمانی
کەس نکۆڵی لەدڵرەقی وتوندرەفتاری بەعسیەکان و دەسەڵاتدارانی سەردەمی دیکتاتۆرییەتی بەعس نیە، بەڵام ناکرێت تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال وکیمیاباران، تەنها لە سەدام و بەعس وفاشیەتی ئەواندا کورت بکەینەوە. !
ناکرێت ئێمە یادی ئەنفال بکەینەوەو لێی نەکۆڵینەوەو لێی ڕانەمێنین، لەنیازەکانی بەعس و ئەو زەمەنە رانەمێنین کە تاوانەکەی تێدا ئەنجامدرا،لەم زەمەنیش سەرمان دەرنەچێت کە دادگایی تاوانبارانی تێداکراو سزای یاسایی دراون، ئەم دادگایە چی کرد، دەرئەنجامەکەی چی بوو، دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەتا چەند پابەندن بەوداگایەوە کە هێزی دادگای نێودەوڵەتی هەبوو، ئەم دۆسێیە دوای دادگاکە بەکوێ گەیشت و دواتر بەکوێ دەگات ؟!
سەیرە ! لەتوێژەرێکەوە بیگرە هەتا خەڵکی ئاسایی، بێ بیرکردنەوە قسەیەک دەڵێنەوە (دەبێت ئەنفال بەجیهان بناسێنین) بەڵام چۆن بیناسێنین ؟ ئەو رێگایانە کامانەن کە دەبێت پیایدا بڕۆین ؟ میکانیزمەکانت کامانەن ؟ هەموو ئەم پرسیارانە بێ وەڵام ماونەتەوە. لەوەش واوەتر هەموو دەڵێن دەبێت ئەنفال وەک هۆڵۆکۆستی جووەکان بکرێتە فیلم وبەدونیا بناسێنین ! لەراستیدا ئەمە قسەیەکی تارادەیەک پوچە ! چونکە نەهەلومەرجی سیاسی دونیای ئێمە وەک هی هۆڵۆکۆستە ونەکوردیش وەک جووەکان ئامادەیی هەیە، خەڵکی کورد تەماشای فیلمی خۆی نکات هەتا ئەنفال بکات بەفیلم وپارەی بۆخەرج بکات، جوەکان دونیابینی و تێفکرینیان بۆهۆڵۆکۆست وەک ئێمە نیەوئیمەش لەوان ناچین، جووەکان و دەوڵەتەکەیان هەتا ئەمرۆ بەدوای گومان لێکراوان و تۆمەتبارانی هۆلۆکۆستەوەن هەتا بیانگرن و رادەستی دادگاو لێکۆڵینەوەیان بکەن و سزایان بدەن، نەک فیلمێک هەزاران فیلمیان هەیە، بەڵام چ لەعێراق و چ لەکوردستان تاوانباران و تۆمەتبارانی ئەنفال و هەڵەبجە لەناو هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانی سوپاو پێشمەرگەو ناوخۆ پلەوپۆستیان هەیەو حەسانەیان هەیە، ئەمە پێشێلکارییەکە نەک مافی قوربانیەکان بەڵکو یاسانێودەوڵەتیەکانیشی بەزاندووە. چونکە تۆمەتباری جێنۆساید هیچ حەسانەیەکی ناوخۆیی ونیودەوڵەتی نایگریتەوە. بێگومان لەناوجووەکانیشدا گەندەڵی وکەمتەرخەمی هەیە، بەڵام کێ جورئەت دەکات گومان بخانەتە سەر تاوانی هۆڵۆکۆست؟ کێ جورئەت دەکات سوکایەتی بەقوربانیەکانی وبەچیرۆکەکانی بکات ؟ ئەی رۆژانە گوێتان لێی نیە لەکەناڵە کوردییەکانەوە رەحمەت بۆسەدام دەنێرن ؟ کێ جورئەتی هەیە کتێبێک بنوسێ و زانیاری هەڵە لەبارەی هۆڵۆکۆستەوە بڵاو بکاتەوە ؟ بەلام لای ئێمە چەند گۆڤارو کتێبی چەواشەکار هەن ؟ چەند کارەکتەری لەدرۆ دروستکراوهەن و بوونە پالەوانی ناومیدیاکان؟ کام نوسەر وکام دەزگای میدیایی پۆزیشی هێناوەتەوە لەمەرئەوهەڵەو زانیاریانەی دەربارەی ئەنفال وهەڵەبجە بلاوی کردونەتەوە؟! بەپێچەوانەوە پارەی باش خەرج دەکرێت بۆ چاپکردنەوەو وەرگێرانیان بۆ زمانی بیانی. ! ئێ خۆ هەر ئەودەزگاو دامەزراوانەش یادی ئەنفال و هەڵەبجە دەکەنەوە .
سەردەمی تاوانەکە و دوای روخانی بەعسیسش سەردەمی بێ شانسی کوردبوون ! رەنگە هەبن بڵێن چۆن ؟ لەسەردەمی جەنگی عێراق ئێران و بەتایبەتی لەناوەراستی سالانی هەشتاکان و کۆتاییەکانی جەنگ هەموو دونیا دژی ئێران وەستابوونەوە حزبەکوردستانیەکانی باشور دۆستی ئێران بوون! ئەمە نەگبەتی نیە؟ هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەعس ملهوری بکاو لەکاردانەوەی نێودەوڵەتی نەترسێت، ئەنجومەنی ئاسایش ودەوڵەتە زلهێزەکانی دونیا جگەلە (چین) کە ئەوسەروەختە بێلایەن مابووەوە هەموویان هاوسۆزی عێراق بوون لەدژی ئێران. لەراستیدا دەتوانین بڵێین بەبۆنی نەوت گێژ ببوون، ڕاستە ئەوان لەفراوانبوونەوەی دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەترسان، بەڵام تەماحی گەورەشیان هەبوو کەعێراق بەنەوت دەمیان چەور بکات، بۆیە چاوپۆشیان لە هەموو پێشێلکارییەکی عێراق دەکرد دەستئاواڵابوو لەوەی هەرچی بکات بەرانبەر بەئێران بە بەکارهێنانی گازو جۆرەکانی چەکی کیمیاییشەوە ! بەعسیەکانیش دەرفەتیان قۆستەوەو تاوانی ئەنفال و هەڵەبجەیان لەناوتەپ وتۆزی ئەوجەنگەدا جێبەجێکرد، تەنانەت تاوانەکە بەتۆمەتی بەکرێگیراوانی ئێرانی ئەنجامدرا.( هەرچی یوست هێڵتەرمانە، بڕوای وایە كە شیكردنەوەی زانیاری و لێكۆڵینەوە هەرگیز پاك و بێگەرد نەبوون، ئەمەش لەبەر ئەوە بووە كەوا دەستەو تاقمەكانی ناو ئیدارەی ڕیگان، بە تایبەتیش دەزگای موخابەراتی بەرگری بەتوندی لەپشتی جەنگی عێراقەوە بوون لەدژی ئێران، تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا بوون كە ئەگەر گەلێ كەس وایان پێ باش بووایە خۆ بەدووربگرن لە ڕژێمی عێراق، بۆنمونە زانیاریی لەسەرهەر ڕووداوێك كە لە توانایدا بووبێت پێش بەسەركەوتنێكی عێراق بگرێت یان بەلای كەمەوە دوای بخات و بە شێوەیەك لە شێوەكان پشتگیری لە ئێران بكات، دەبوایە سەركوت بكرایە و تێك بشكێندرایە؛ لێرەوە دەتوانین ئەوە بزانین كە هۆکاری بێدەنگی لەتاوانەکە چیی بووە،ئێستا بەڕوونیی ئەوە دیارە کە بەشێكی بێدەنگیی ئەمریکاو ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەردوو گەورە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال ئەوەبووە و لەوێوە سەرچاوەی گرتبێ كەحزبە كوردییەكان لەو کاتەدا هاوپەیمان و پشتیوانی ئێران بوون. ئەمەش پەردە هەڵماڵینێکی ئاشکرای پروپاگەندەکانیانە بۆ دیموکراسی ومافی گەلان ودەستوەرنەدان لەکیشەی ناوخۆی وڵاتان) [1] پێدەچێت کورد زۆر کورت بین بن ویادەوەریشیان بەلاوە گرنگ نەبێت، دەنا چۆن تاوانێکی وەک ئەنفال بەبێ توێژینەوەی زانستی و شیکاری هۆکارو دەرئەنجامەکانی تێدەپەڕێ و بەنوخبەیەکی دەسپێرێ وحکومەت و کۆمەڵگە پشتی لێدەکەنەوەو لای لێناکەنەوە؟ ئەزانکۆکان چ کارەن ؟ چۆن دەتەوێ دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنی و دۆسێی جێنۆسایدیشت فەرامۆشکردبێ ؟ کێ دەڵێت ئەم قسانە راست نین دەبێت وەلامی ئەم پرسیارانەم بداتەوە، ئەنفال بۆ رویدا ؟ دوای رودانی کورد چی کرد؟ ئەوەی کردوویەتی چەندەو چۆنە؟ ئەی بۆنەیکرد ؟ لەکوێی دادپەروەریداین ؟ مافی مرۆڤ لەدوای دەسەڵاتی بەعسیەکان لەکوێی یاساو دامەزراوەکانماندایە؟ ئەی شەری ناوخۆ چی بوو ؟ ئەی ئەو فاشیزمی ڕایەی تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێ ؟ ئەی ئەو هەموو بازرگانی وشەو ئێسک وکەللە سەرە چین بەناوی ئەنفالەوە؟ ئەی ئەو پەرتوک و گۆڤارو توێژینەوانە چین دەربارەی ئەو تاوانە و بۆچئ زۆربەیان دزی وفزی وکۆپی پەیستن وکەسیش قسەیەکیان لەبارەوە ناکات؟
نەگبەتی و بێ شانسی دووەمی کورد لەوەدابوو کاتێک سەدام وبەعس روخان کە نیولیبرالیزم بە تەواوی باڵی بەسەر سیاسەت و بازاری جیهاندا کێشابوو، هەروەک ئێستا گەرمتر لەو سەروەختە لەمەیداندایە، سەرەتا سیاسەتی ئەمریکا بانگەشەی دیموکراسی بازاری ئازادی دەکردو کوردیش واشرۆڤەی دەکرد کە ئەمریکا دونیا دەکاتە ماستی مەیوو، شنەی شەماڵی دیموکراسی ئێمەش فێنک دەکاتەوەو سەردەمی نەمانی دیکتاتۆرەکان بەسەرچوو دیموکراسی راستەقینە دێتە ئاراوە ! بەڵام ئەمە هەرگیز راست نەبوو، ئیستا ئەم راستیە مشتومر هەڵنەگرە،نیولیبرالیزم دەمامکەکەی کەوتووەو بەدوای بەهاو شکۆی مرۆڤەوە نیەو تەوەری سەرەکی بازاروقازانجە،نەک مرۆڤ، دادگایی کردنی سەدام وکەمێک لە یاوەرانی بەشێک بوون لەو بازارو قازانجە،لەم نێوەدا ئەنفالیش بووە کاڵای ئەوبزنسە بۆ کۆمپانیاکان و رێکخراوەکان، بووە هۆیەک بۆ مامەڵە پێوەکردن.
هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ و هێنانی تیمی پرۆفیشناڵی ! بیانی و نێودەوڵەتی بەپارەیەکی خەیاڵی و بەتەندردانی دۆسێکە، بەشێک بوون لەم سەودا وگەمەی قازانج وبازارە، ناسینەوەی تەرمەکان و وونبووە دۆزراوەکان تاقیکردنەوەی دیئێن ئەی ( DNA) باشترین دێوێکی ترە لەمامەڵەکردن بە قوربانیانی جەنگ وجێنۆسادیدەوە، بەڵگەش دوای دادگایی کردنی سەدام و دارودەستەکەی دادگاکە هەڵپەسێردراوەو ئیستا ئیش ناکات ! بەڵام ئایا کەس پرسیار دەکات خەرجی دادگایی کردنەکە چەندبووە ؟ کێ پارەکەی دابین کرد؟ کەس پرسیار دەکات خەرجی هەڵدانەوەی ئەوچەند گۆرە بەکۆمەڵەی لە پارێزگای موسڵ (حەزەر)و سەماوە هەڵدرانەوەو بۆبەڵگەی تاوان بەکارهێندران چەند بووە؟ لێرەدا بواری وەڵامەکەیمان نیە بابۆدەرفەتێکی تربێت، بەلام بابپرسینەوە کەس دەپرسێت دادگاکە بۆ هەڵپەسێردراوە ؟ لەکاتێکدا دادگای تۆمەتبارانی جێنۆساید دەبێت هەمیشە کراوە بێت و دۆسێکە داناخرێت . ئێستاش تاکە رێگەیەک بۆئەوەی ئەم دۆسێیانە گەرم بکرێنەوە دیسانەوە هەر بازارو قازانجە نەک مافی مرۆڤ وبەهای هاوڵاتیەکانی؟ بابزانین لەداهاتوودا چ کۆمپانیایەک لەبەرانبەر نەوتدا دێت و دۆسێی ئەنفال دەجوڵێنێ ؟ هەروەک لەئێستاوە سەرەتاکانی لەدەرکەوتنی دادگایی کردنی ئەو کۆمپانیایانەوە دەرکەوتووە کەباس لەقەرەبووی زیانلێکەوتوان دەکات و گوایە لەهەڵەبجە دادگایی کۆمپانیا بیانیەکان دەکات ؟! باگریمانەی ئەوە بکەین ئەم هەوڵە جدییەو کۆمپنیاکان سزادەدرێن و قەربویان لێوەردەگرنەوەو ئەمانیش مل بەو سزایە دەدەن و قەرەبووی زیانلێکەوتووەکان دەدەنەوە بەڵام قازانجەکەی بۆکێیە ؟ رێژەی لە٣٠% بۆقوربانیەکانەو لە٧٠%ی بۆ کۆمپانیاکان و خەرجی پارێزەرەکانێتی ! کەواتە هەمان ئەو ریسایەی نیولیبرالیزمە کە هەموو شتێک بەقازانجەوە دەبەستیتەوە نەک بەمافی مرۆڤەکانەوە هەموو شتێک دەخاتەوە سەر رێگای قازانج وبازار.
نیولێبرالیزم مرۆڤی هێندە سەرگەردان کردووە بەو توێژەرانەشەوە کە کوردن و توێژینەوەکانیان بۆ زانکۆکان دەکەن و ئەنفال دەکەن بەبابەتی لێکۆڵینەوەکانیان، سەرەتا باس لەمافی مرۆڤ ئەرکی نیشتمانی ونەتەوەیی دەکەن بەڵام لەبنەرەتەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوا نامەیە هەتا وەک پلیکانەی پەیژە پیایدا سەربکەون و بروانەمەی تێدا دەهێنن. مەگەر زۆر بەدەگمەن تیایاندا هەڵکەوێ دەنا ئامانج لیرەدا ئینسان ومافی مرۆڤ نیە بەڵکو بڵندکردنەوەی بروانامەو پلەی وەزیفی و زانستییە، کەبازاری دڵرەق سەپاندویەتی و بەبێ بڕوانامە کاردەستناکەوێ، دەرچوانی زانکۆکان دەتوانن بەکاری بەهێنن، بەڵام هەرئەوەندەی بەمەرامی خۆیان گەیشتن مەگەر چۆنها ودەگمەن دەنا هەرگیز بەلای دۆسێکەدا ناچنەوەو باسی ئەنفالیش ناکەنەوە ! باشە ئەگەر دونیای سیاسەت و یاسا بەم شێوەیە بێت ؟ بازارو قازانج سەنتەربێت؟ ئیدی ئەم دۆسێیە بەبێ خولانەوە لەسەر تەوەری بازارو قازانج چۆن بەجیهانی دەناسێنن؟
بیرمان نەچێت یەکێک لەهۆکارەکانی رودانی تاوانی ئەنفال بوونی نەوتێکی زۆرە، لەکوردستان و بەتایبەتیش ئەوسا نەوتی کەرکوک هەروەک هێنانی چەک ورۆکێتی ئێران و پاسدارانی ئێرانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بۆسەر چاڵە نەوتەکانی کەرکوک بووە بەڵاو بووە بە یەکێک لەهۆکارەکانی تاوانەکە(وەفیق سامەڕایی) كۆنە ئەفسەری پایە بڵندی هەواڵگریی سەربازی کە لە سەروەختی جەنگی ئێران– عێراق و پەلامارەكانی ئەنفالدا بەڕێوەبەری گشتیی هەوڵگری بوو. قسە بۆ یوست هێڵتەرمان دەکات و لەكتێبەكەیدا لە زاری وەفیق سامەڕاییەوە مەبەستەكانی سەدام حسێن لە ئەنفالدا ڕووندەكاتەوە، گرنگترین خاڵ لە قسەكانی سامەڕائیدا ئەوە ئاشكرا دەكات كە كۆمەڵكوژی و كوشتاری زۆری گەرمیانیەكان لە ئەنفالدا پێوەندییەكی ڕاستەوخۆی بەبوونی نەوت وتەعریبكردنی كەركوكەوە هەیە، هەروەك سامەڕائی بە ڕاشكاوی پێ لەو ڕاستیە دەنێ كە ئەگەربێت و لە كەركوك پەنجا هەزار پیاوی كورد بكوژرێت ئەوا كێشەی كەركوك وتەعریب كۆتایی پێدێت، بەڵام ئەگەر لە سلێمانی و هەولێر پێنج سەدهەزار كوردیش بكوژرێن ئەو شارانە هەركوردستانی دەمێننەوە. بۆیە كوژرانی كوردەكانی دەوروبەری كەركوك لەجیاتی هەمووكوردەكانی هەولێر یان هەرشارێكی تری كوردستان، جێگەی سەرنجی بەعس بووە.)[2]
ئەمەش بەپێشچاوی
دونیاوە رویداو هەندێکیان وێنەی سەتەلایتی روداوەکانیان گرتووە (نوێنەرێکی
پلەبلندی ئەمریکا دەڵێت من ئاگام لەگوند روخاندنە بەربڵاوەکە بووە، ئەو بەرپرسە ساڵی
٢٠٠٠ هاتووەتە عێراق دان بەوەدا دەنێت کە ئەمریکا ئەوکاتە وێنەی سەتەلایتی
روداوەکانی گرتووە)[3]
کەواتە ئەم دۆسێیانە هەروا ئاسان نین کە بەدەبێ ونابێ یەکلاییان بکەینەوە چونکە
لەبنەرەتەوە بەفەرمی ناسینی دۆسێی جێنۆسایدی کورد لەجیهاندا بەواتای چارەسەرکردنی
کێشە سیاسیەکەی دێت، ئەوسا نەک عێراق دەبێت دونیا پیوەی سەرقاڵ وپابەند بێت و
دەبێتە پایەکانی دامەزراندنی دەوڵتی سەربەخۆی کوردەکانیش بێگومان ئەم دەوڵەتە
دابراونابێ و دەبێت ببێتە چەقی ستراتیژی دەوڵەتە زلهێزەکان ولەسەر بنەمای
بەرژەوەندی دولایەنە دەبێت . دەنا بەفەرمی ناسینی دۆسێی جێنۆسایدو قسەلەبارەوە
کردنی دوشتی جیاوازن و کارێکی هێندە سادەو ئاسانیش نیە . وەک هەندێک کەناڵ و
رۆژنامە نابەرپرسیارانە روماڵی هەندێک جوڵەی کرچ وکاڵ دەکەن و بەهارمان لێ دێننە
چۆکان .
[1] بروانە دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم عومەرمحەمەد- هەناسەی شەیتان خوێندنەوە بۆکتێبی کارێکی ژەهراوی یوست هێڵتەرمان –ل١٢٣ -٢٠١٦
[2] بروانە یوست هێلتەرمان کارێکی ژەهراوی ئەمریکاو عیراق وگازبارانی هەڵەبجە – ٢٠٠٨ چاپخانەی کۆمپانیای ئاوێنە ل
[3] هەمان سەرجاوە ل ١٨١
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.