کانونی دووهەم 13, 2019 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ئاخۆ درهختهكانى (گوێ سیروان) خهو ئهبينن؟ ………. ـ كـهمال ئهحمهد ـ
ئاخۆ درهختهكانى (گوێ سیروان) خهو ئهبينن؟ ـ كـهمال ئهحمهد ـ
زمانی پاکژی کوردیی، کە پێویستی بە پاڵفتەکردن نەبێ، ئەو زمانەیە کە خەڵکی لادێ پێی دەئاخفن، زمانی لادێکانی ئەو ناوچانەی کەمترین وشە و کەمترین دەربڕینی بیانییان پێگەشتووە.
گــوێ:
ئەندامێکی جەستەی مرۆڤە، کاری سەرەکیی گوێ، ڕێكخستنى هەستی بیستنە. لە پاڵ جوانیی سەروسیما و بایەخە تەندروستییەکانی تریدا.
(گوێبیست، گوێڕایەڵ، گوێگران، گوێشەوارە، گوێلەمست، بێگوێ، گوێ زل، گوێقوڵاخ …هتد) لە هەموو ئەمانەدا گوێ بە مانای حەقیقی، یان نزیک لێیەوە بەکارهاتووە.
بەڵام، کوردەواری جگە لەو مانا تایبەتەی گوێ، لە دەربڕیندا گوێیان بۆ مەبەستی تر بەکاربردووە. بۆ نموونە گوزارەی (گوێ) بە مانای ناوی شوێن (إسم مَکان) بەکاربراوە. وەک ئەوەی کە وتوویانە (گوێ ڕووبار، گوێ ئـاو، گوێ بـان، گوێسەوانە، گوێ جۆگە، گوێ ئـاگر، گوێ ئاگردان، گوێ کـەنار، گوێ کەن، گـوێ چـەم).
شاعیری ناوداری کورد (شێرکۆ بێکەس) کوردیزانێکی باش بوو، يهكێ له نهێنى بليمهتييهكهى ئهوه بوو، شیعرەکانی لە ترۆپکی شیعری ئازاددان، یەکێکە لە پایەکانی نوێگەری لە شیعری کوردیدا، ڕەگی شیعرەکانی لە قوڵایی قوڵی زمان و فەرهەنگی کوردیدان و، لەوێ ئاو دەخۆنەوە.
لە قەسیدەی (گۆڕستانی چراکان)دا بە درێژیی جینۆسایدی ئەنفال ئەگێڕێتەوە، لە پاڵ وێناکردنێکی وەستایانەی بەرزدا، وەک فەرهەنگێک هەندێ وشەی کوردیی بەکارهێناوە و زیندووی کردونەتەوە، بۆ نموونە:
گـڕەژۆ : گەڵاڕێزان.
گـڕاگـڕ: کڵپە و بڵێسە.
چـکـچـکـە: دەنگی دڵـۆپە.
گـــاپـێـڵ: پێچی شـــاخ.
گـرداڤ: ئاوی بەخول کە خول ئەدا.
چـریسکە: بریسکە.
گــارۆ: هێلانەی مەل لە کونی داردا.
تـوتــاک: قومری، جۆرە کۆترێکە وەک تاق تاقکەرە.
پـرژاڵ: لـکی هەرە باریکی دار.
گـژگـژە: پووش و پەڵاشی بـابردە.
ئەمانەو چەندانی تریش…
شێرکۆ بێکەس، لەوێدا بە زمانە لادێییە بێخەوشەکە
(گوێ سیروان)ی بەکارهێناوە، ئەڵێ:
(( درەختەکانی “گوێ سیروان”
زۆر بە دەگمەن خەو ئەبینن
بەڵام ئەگەر خەویان بینی
تەنها یەک دیمەن ئەبینن
هەڵکێشان و بڕینەوە و
گواستنەوەیان بۆ بیابان ))
تـۆپـزاوا: ئەو سهربازگه ترسناکەی نێوان (کەرکوک ــ حەویجە)یە، کە شوێنی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوان و جیاکردنەوەو پۆلێنکردنیان بوو بە پێی ڕەگەز و تەمەن، پاشانیش ڕەوانەکردنیان بۆ بیابانەکانی خوارووی عێراق. تۆپزاوا وێستگهيهكى ترسناك و ديارى پرۆسهى ئهنفاله، ئهو ڕێكارانهى له تۆپزاوا بهرانبهر ئهنفالكراوان گيراونهتهبهر, ئهچێته قاڵبى پێناسهكانى جينۆسايدهوه.
شێرکۆ بێکەس، بە دێڕێک پێناسەی تۆپزاوا ئەکات:
(( “تـۆپـزاوا” یەکـەم هــاوینـەهـەواری خـێڵـی مردن
یەکەم ئێزگەی دەنگی تیژی پەپوویەکی شەوەزەنگی بـاڵ لە ئاسن!.))
کەروێشک: گیانەورێکی زۆر وریا و گورجە، هەندێ وردە فێڵی هەیە بۆ خۆپاراستن بەکاری دێنێ، کەروێشکی کێویی لە دوای خۆمڵاسدانێکی کورت، لە پڕ فرتەکا و بۆی دەرئەچێ. بەڵام کەروێشکی ماڵیی زۆر جار له كاتى گرتنيا ڕاناکات، لە ترسا جووڵە لە خۆی ئەبڕێ.
شێرکۆ بێکەس، لە باسی دیمەنی پەلاماردانی ئاواییەکان لەلایەن ئەنفالچییەکانەوە، ئەڵێ:
(( خەو نەبوون کیژۆڵەکەم! خەو نەبوون..
خەو نەبوون.. هەرگیـــز خەو نەبوون..
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی:
گوڵەکان چۆن لە ترسانا ڕایان ئەکرد؟!
بنچکەکان هەڵئەهاتن..
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی کەروێشک خۆی ئەکرد بە پەیکەر!.
هەتاو خۆی ئەکرد بە سێبەر!.
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لێ نەبوو؟
لەو ئێوارە بە سامەدا
سەگەکەمان کەوتە قسەو
بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەکەن با بیکەن
بەڵام من نابم بە بەعسی! ))
سەگ زۆر جار لە ئەدەبى كورديدا وهك سيمبولى وهفادارى وێناكراوه، ئەشێ شێرکۆ بێکەس لێرەدا بە مەبەست باسی مەردایەتیی سەگی کردبێ (کە نەبووەتە بەعسی) بەمەش بە ئەندێشەیەکی قووڵەوە پلاری گرتۆتە ئەوانەی لە ڕۆژە سەختەکانی ئەنفالدا پشتیان لە میلەتی خۆیان کرد و بوونە خزمەتکاری بەعس.
لە بڕگەی دواتردا، ئاوڕ ئەداتەوە بۆ تۆپزاواو ئەڵێ:
(( ــ ئەگەڕێمەوە بیابان.
قافڵەکەیش بە بەتاڵی گەڕایەوە
بۆ کوردستان..
“تۆپزاوا” باری هەیە و دیسانەوە چاوەڕوانە!
تۆپزاوا باری هەیە و باری قورسە
باری ژان و، باری قیژە و، باری نووزە
ئەو وەختەی ئەبن بە ڕەژوو!
باری گریان و تەنیایی وەختێ ئەبن بە کۆتەرە و
بە سووتماک و، وردە شووشە و، ئەو دەشت و دەرە پـڕ ئەکەن،
باری زووخاو، وەختێ ئەبێ بە قوڕقوشم و
باری زووڕە زووڕی منـاااااااڵ، وەختێ سوێیان ئەبێتەوەو،
ئەوەرێن و ئیتر ئەبن بە خەزان و بە گەڵای دار..
باری ساڵەکانی عومری پیرێژن و، باری کچە عازەبەکان، باری ئەو هەموو جوانییە، وەختێ ئەبن بە مرواری و، بار ئەکرێن بۆ شێخەکانی ناو خەلیج و بۆ بازاڕی عەرەبستان
باری حەریری جەستەی کـیـــــــژ.. بۆ دیوەخان.
باری پەمووی بێوەژنـان.. بۆ ڕەشە خەڵک
باری کەوڵی پیرەمێردان
بۆ کارگەکانی دەبـاغی.
لەمسەر خاڵییە قـــافـڵەو
لەوسەر پڕە لە ئەستێرەو
لە گۆرانی و، لە چـــراکـان ))
خۆزگەم بەوەی (گۆڕستانی چراکان)ی نەدیوە و، نە خوێندۆتەوە و، نەگوێی لێ بووە.
هەر شیعر نییە، درامایە، داستانە. نە زەین و نە خەیاڵی مرۆڤ دەرەقەتی نایەت. هێماکانی وەک بەرقێکی کارەبا بەر تەلی خەیاڵت ئەکەوێو فریاناکەوی ڕووناکییەکەی ببینی!
خۆی ئەئاخنێتە قوشبنەکانی هەست و نەستەوە، تەژییە لە مەرگ، لە خەم، پڕە لە ترس و ڕاچڵەکین، پڕپڕە لە ئێشی بەسۆ.
ئەستەمە هیچ دەرهێنەر و، هیچ سینارستێ بتوانێ ئەو هێما خەیاڵاڵییانەی ناو ئەو تێکستانە بکاتە دیمەن، بکاتە شانۆ و فیلم. نابێ بشتونێ، چونکە ئەو بەبێ وێنە، بەبێ جووڵە، بە یەک قەڵەمباز ئەیهاوێتە قووڵایی هەست و نەستی خوێنەر و بیسەرەوە.
خۆی وتەنی:
(( ــ چیـتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟
سەمای چیرۆکی ئەو ئاوەڵکراسانەی کە (قەحطان) و (عەدنان) و (دەحـام) بە پێش دەمی قافڵەی زیلەکانەوە هەڵیان ئەواسیـن؟!
ئاوەڵکراسی خۆم و دایکم و خانزاد و مەستوورە و عادیلە خانم و حەپسە خانی نەقیب و عەنبەر خاتوون؟! ))
ناوی ژنەکانی تر زۆر ناسراوان.
ــ خـانـزاد: كچی شا قولی بهگی سولهیمان بهگی میر سهیدی بهگی سۆرانه، ساڵی ۱٥۹۷ کۆچی دوایی کردووە. خانزاد میری میرنشینی سۆران بووە، خاتوونێكی زیرهك و لێهاتوو بووه، حهوت ساڵ حوكمى ميرايهتى سۆرانى كردووه.
ــ عەنبەر خاتوون: مەبەست هاوژینەکەی شاعیری مەزن (مەولەوی)ی تاوگۆزییە، کە مەولەوی زۆری خۆشویستووەو دوای مەرگی، شیوەنە شیعرێكى درێژى بۆ هۆنيوهتهوه.
شێرکۆ بێکەس، دیسان ئەڵێ:
(( چیـتان بۆ بگێڕمەوە؟ چی؟
حیکایەتی مناڵەکەم کە لە ئاودەستێکا بووم و تەمەنی چارەکە سەعاتێک و لە دواییدا لە ناو قاقای عەسکەرێکا مـرد؟! ))
ئینجا ئەڵێ:
(( ئـاخر چـیتان بۆ بگێڕمەوە؟ ….
حیکایەتی ئەو جەستانەی وردە وردە کرمەڕێز ئەبوون و ئێمەیش کرمەکانمان لە برسانا ئەخوارد؟!
چیتان بۆ بگێڕمەوە؟!
ئاخر زریکە چۆن ئەگێڕدرێتەوە؟
قـیـژە چۆن ئەنووسرێتەوە؟!
عەرعەر چۆن ئەخوێنرێتەوە؟!
ئەبێ خۆڵ قسە بکات خـۆڵ!
ئەبێ چـاڵ قسە بکات چــاڵ!
مـار و مێروو بیگـێڕنەوە
ئەو چاوانەو، ئەو گۆی مەمک و، ئەو کاکۆڵ و زەردەخەنەو مەقامانە چیــیان لێ هـات؟! ))
کـورد، ئەوەتەی هەیە بە شاخدا ئەنازێ، کەچی شێرکۆ بێکەس لە ڕۆژگاری ئەنفالدا باسی زەلیلیی شاخ ئەکا:
(( جادە زەلیل، شاخ زەلیل و ئاو زەلیل و سروشت زەلیل
زیلێک، دوو زیل و، هەزار زیل
لێرەوەیە کۆچێکی سوور، کۆچێکی دوور
ڕێچکە ڕێچکەو، کاروان، کاروان
هەناسەی بەفر هەڵئەگرێو
لاوک و حەیران هەڵئەگرێ و
لە دواییدا (بـــا)ی گڕاگڕ
یەکەکە لە ناو وەیلا
دایان ئەگرێ! ))
مەبەستی لە وەیل (قەڵای نوگرە سەلمان)ـە.
درێژەی پێ ئەدا و ئەڵێ:
(( لێرە زەبوونە ڕووناکی
زەبوون.. زەبوون
خراوەتە ناو تەندووری دەبابەوەو
دەم و لێویشی دووراوە..
لێرە ئەسیرە ئازادیی
ئەسـیـر.. ئەسـیـر
خراوەتە ناو سنووقە فیشەکەوەو
سنووق لەسەر
لـێواری مەرگ دانراوەو
فتیلێکی لێ بەستراوە!.
لێرە.. لێرە.. لێرە..
لێرە قەدەغەیە کـزە
گەورە ببێ و لە دواییدا
ببێ بە گـڤـەی ڕەشەبـا!.))
ئەمە گوزارشتە لەو بێدەنگییە ترسناکەی ساتەوەختی گولـلەبارانکردنی قەنفالکراوان. شارەزایانی کەیسی ئەنفال باوەڕیان وابوو ئەو تیمە سەربازیانەی لە لێواری گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ئەنفالکراوانیان گولـلەبارانکردووە، ڕەنگە دواتر خۆیشیان گولـلـەباران کرابن، بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە گەورەیە، هەر ئەوەش وایکرد ئەو چەند کەسە کەمەی ڕزگاربووانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان ببرێنە ئەمریکا و لەوێ بژین تا پارێزراوبن و وەک شایەتحاڵ لە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق شایەتییان لێ وەربگیرێ دژى سهرانى ڕژێم.
زیـنـانـە: ناوی دوو گوندە لە ناوچەی داودە لە گەرمیان، (زینانەی سەروو) و (زینانەی خواروو)، لە شاڵاوە ڕەشەکەی ئەنفالی سێدا، وەک چۆن کۆرپەیەک لەبەردایک هەڵبگیرێ، ئاواش ئەنفال ژیانی لەبەر زینانە هەڵگرت.
شێرکۆ بێکەس ئەڵێ:
(( من ژنێکی خەڵکی (زینانە)م
نـاوم (کـاڵـێ)یە
سەرگوزەشتەی دۆزەخ و دۆزەخەوان و
بەیتی حەشر و قیامەت و حیکایەتی دابڕان و
هەڵـقـرچان و، هاتنەوە لەوەو دنیاوە
لە لای مـنـە!
ئەوەی کە ئاو پێی ئەزانێ و
ئەوەی کە داری سەرەڕێ و باڵندەکان
پێی ئەزانن، کورتەی خەمە و ئێجگار کەمە.
من بۆ خۆم قیژەی ناو چاڵ و
من ڕەنگی شەوی دڕندە و
من بۆنی جەستەی پاسفندەی
بەردەم سەگەڕەشی ئەوێ و
ئـافـاتەکەی سـیـاسـاڵ بـووم ))
پاسفندە: واتە ڕزیو.
سیاساڵ: واتە ساڵی ڕەش، ساڵی نەهامەتی و خەم.
باسی خەیاڵی ئەو شوفێرە عەسکەرە ئەکات کە لە قافڵەی زیلەکاندا زیلێکی پڕ لە ئەنفالی لێخوڕیوە، ئەڵێ:
(( شۆفێرە سەربازەکە، بەردەوام چاوی بڕیبووە ڕێگای درێژی بەردەمی و دەمێکیش بوو بێوچان لێی ئەخوڕی، لە ماوەی یەک ساڵی جەنگدا دوو برایو دوو ئامۆزای لە شەڕەکانی (دزفول) و(شـوش)دا کوژرابوون، زۆر لە دوور و لە ئاسۆیەکی تەڵخدا، سەرەتای هەڵکردنی گێژەڵووکەیەکی بیابانی بەدیکرد، بـیـری ئەکردەوە، خۆی لەگەڵ خۆیدا ئەدوا، لە دڵی خۆیدا ئەیوت:
ئـەتــرســم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی کەس نــــا
هەر دڵی خـــۆم..
وەخـتـی نووستن، یان لێخـوڕیـن
کاتێ ئەڵێم کە من هیچ ئاگام لەو نەبێ
فرسەت بێنێ و لە ناو قەفەزەی سنگمەوە
بە پـێـدزکێ و بە بێ خـشـپـە
خۆی قوتارکاو هەڵبێ و بچێ
لە دەرگای دڵی عەریف (ثــائـیر) با و
ئەویش بڵێ فەرموو ژوورێ و
لە سەر کورسیی حەوتی نیسان دابنیشێ و
ئەوسا خەبەرم لێبدا
کە ناوبەناو لە کونی کونی ژوورەوەی
نــاو دەروونمـا من چی ئەڵـێم!
من ئەترسم خەیاڵی خۆم..
تۆقین زۆری بۆ بهێنێ و ڕۆژێ بڕواو
دەرگای ژووری شیر و شمشێر بکاتەوەو
قاچ لە سەر قاچ بەرامبەری
وێنەی قەعقاع دابنیشێ و
چرپە چرپ و وڕێنەکانی شەوگارم
هەمووی بڵێ!
من ئەترسم لچ و لێوم..
یان مەڵاشووم، یاخود زمانە بچکۆلەم
یان ددانم..
ڕۆژێ حاشام لێبکەن و
خەبەر لە زمانە گەورەو لە گەرووم و
لە ژێکانی ناو دەنگم بـــەن!
من ئەترسم..
هەندێ (بــا) هەن سست و تەمەڵ
نەفس نزم و لەم دەشتانەدا کەوتوون و
قەت هەڵـناکەن
من ئەترسم (بـا)یەکی وایان کڕیبێ و
کردبێتیان بە جاسوس و
(بـا)ی جاسوسیش نیوەشەوێ
هەر بە ناو درزی دەرگادا
بێتە ژوورێ و
گوێ لە هەناسە و یان پرخەو
یاخود نەبزی خوێنم بگرێ و
دوایی بڵێ:
لەوە ئەچێ ئەم سەربازە
بۆ (بەووابەی شەرقی) نەمرێ و
بە مردنی خوایی بمرێ و
بۆ بەیانی قـــــییییییڕ بمگرن!
من ڕۆژێ چووم، دیارە هەر بە تاقی تەنیا
بەسەر قامیشەڵانی زەردەڵەی مل باریک و بەسەر
ئاوی بێوەژنی ناو ئەهوار و
سەریفە لەش سووتاوەکەی کۆنەماڵدا
تۆزێ گریام
لەو ڕۆژەوە
ئۆقرەم هەر لەسەر ئاگرەو
دەستم لەسەر دڵی ترسەو
ئەڵێم نەوەک
قامیشێکیان سیخوڕ بووبێ و
چووبێ بۆ لای ماسییە نقەی ئاسایش و
ڕاپۆرتێکی لە من دابێ! چۆن گریاوم؟))
خەڵەف: ئەو عەسکەرەیە کە بەچەکەوە پاسەوانی ئەو زیلەیە کە شۆفێرەکە لێی ئەخوڕێ و لەگەڵیایە.
شێرکۆ بێکەس لە خەیاڵی شۆفێری ئەو زیلەوە ئەڵێ:
(( من ناوێرم سەیری ئەم کوردانە بکەم
ئەڵێم نەوەک چاوی “خەڵەف”ی پاسەوان
لە پڕێکا قەترەیەکی بەزەیی خـوا
یان یەک بریسکەی بچووکی
لێبوردنی پێغەمبەرێ
لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمـبـا! ))
شوفێرەکە، دوای بڕینی ڕێگایەکی دوورودرێژ نوقمى خەیاڵ بووە…
(( خەڵەف کۆکیو، ئەم داچڵەکی و
گەردەلوولی کلک کڵافەی
دووری سەحرا، هەتا ئەهات
لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیک ئەکەوتەوەو
لە پڕێکدا لە ناو بەرایی
تەمـاشـای خۆڵاویدا..
قەڵایەک و چەند قولـلەیەک
هەڵتۆقین و
لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و
لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و
لە بەردەمی زەمانێکی مڕومۆچدا
مـاشـێن وەسـتا!.
خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی:
“نـوگـرە سـەلمان!”
ــ نوگرە سەلمان!
ئافاتێکی قەڵا قەڵا، دووپشکێکی گەورە گەورەی کۆنکرێتیی.
ئەشکەنجەیەکی درێـژ و
کـڵـپەیەکی بـازنەیی!.
نوگرە سەلمان!
ژەنگی مێژوویەکی کۆن و
قولـلەی زوڵمێکی زۆر دوور و
مەنزڵێکی بیرچوونەوەو
یادگارێکی بێ پەنجەرەو
تاعونێکی خۆمڵاسدەر لە ناو لمدا و
کینە و ڕقێکی سرمدیی!.
نوگرە سەلمان!
قەڵا قەڵای ئازارێکی ڕەشداگەڕاو.
تینویەتییەکی ئەزەلیو
پێناسەیەک بۆ ونبوون و بۆ تاریکیی و
شوێنێ بۆ زەمانی غەدر و
جێگایەک بۆ پیاسەی زوڵم و
گــــاڵتەی تـــاوان.
نوگرە سەلمان!
لە زستانا.. وشکە سەرمای دەم بە گوێزان.
لە هاویـنـا.. گەرمایەکی پڕووکاوی گرنج گرنج.
جێگایەک بۆ پشوودانی نێزەی ماندوو.
شوێنێ بۆ نووستنی هەواو تا ئێوارە هەڵنەسانی!.
نوگرە سەلمان!
چەند نەخشەیەکی فیراری نەخشەسازی
چەند بینایەکی هەڵاتوو لە ئەندازەو
چەند پەتایەکی ڕاکردوو لە دەست فورات!.
چەند پاسەوانێ لە نەسلی گورگی ڕەسەن
نوگرە سەلمان!
بـیـابان بۆ خۆی شەرمئەکـا
بڵێ مێژووم بنیاتی نـا.
تەیرێکی خـۆڵاوییش وتی:
من شـایەتم:
جارێک بیابان پێی وتم:
من شەرم ئەکەم وەختێ نامە و
هەر پۆستێکم لە ڕێی ئەمەوە پێ بـگـا!.
بەردی دیوار هەموو جارێ
کە پاسەوان تێپەڕ ئەبوو
ئینجا ئەیـوت:
ئـــاااااااای کە بەختێکی ڕەشم بوو
وەختێ نەکرام بە دیواری کتێبخانەو
یـان مەکتەبێ و
یـان خانووی شیعر و چیرۆکێ و
یـان بەردڕێژی شەقامی
نێو باخێک و
ئەم چـارەنووسەم پێـبـڕا!.
ژەکــە ئاوی ناو بەرمیلیش
وەختێ کە پاسەوان ئەڕۆیشت
ئەویش ئەیـوت:
ئـــاااااااای کە بەختێکی ڕەشم بوو
نە گەنم و جۆیەک خواردمیەوەو
نە چوومە ناو دوو پەرداخی عاشقەوەو
نە بەفرێ سەردانی کردم و
من شەرمەزاری لای ئەم عەبدە فەقـیرانەم
دوااااااااای ســووتانم ئەمـخۆنەوە!. ))
شێرکۆ بێکەس لە بڕگەیەکی تردا، بە کینایە باسی هاوخەمی و هاودەردیی کورد و شـیعە ئەکات، کە چۆن هەردووکیان له عێراقدا بە دەستی بەعسی شۆڤێنييهوه دووچاری ستەم و کۆمەڵکوژیی بوونە، ئەڵێ:
(( بەو سەرەوە
تەیرێک لە ناو دووکەڵەوە
کە منی دی
هاتە خوارێ و
ڕێک بەرامبەرم نیشتەوە!.
” یەکەمجار بوو تەیرێ ببینم عەمامەی لەسەردابێ! “
وتی: تۆ ئەمناسیتەوە؟
وتم: تەنها شێوەت ئەکەم!
وتی: من نـاوم نەجـەفـە و
لە شیعری (جـەواهـیری)دا یەکمان دیـوە!
کە تۆزێ لێی وردبوومەوە
وتـم: وایـە!
وتی: تۆ هەر چاڵی باڵندەکانی خۆت باس کرد!
تۆ هەر مۆمت لە سەر گۆڕی
قوربانییەکانی خۆت هەڵکرد!
بەڵام ئـاخـر..
“نەمهێشت قسەکانی تەواوکا”
وتم: هێشتا من فڕینم بەردەوامە!
نەگەیشتوومەتە ناو دڵـت!
وتی: تەنها من یەک قسەم پێیەو ئەڕۆم!
ئەمجارەیان ئێمە و ئێوە
لە گۆڕستانی چرادا
لە ڕێی ئێسک و پروسکەوە
لە ناو مردنا بۆ ژیـان
بە تەواوی بـووین بە بـــرا! )).
شێرکۆ بێکەس، کۆتایی گۆڕستانی چراکان بە وەیلێ وەیلێیەک دێنی، ناخ ئەهەژێنێ. بەر لەو شین و وەێلێ وەیلێیە، ئەڵێ:
(( چەند زەلیلە
ئەم هەقەی من.
چەند گوناهە
بێ گوناهیم.
چەند ڕسوایە
زمانی شاخ.
چەندە تەباین
من و مەرگ و
کە شەو داهات
سەگەلی ڕەش
یەک لە دوای یەک
چۆن ئەمانخوات!
ئــاااااای کە تەنیام.. چەندە تەنیـام
چەندە.. چەندە.. چەندە. لەم وەختەدا
لە تـۆ تەنـهـاتـر خـودایە!
لە تـۆ بێکەسـتـر خودایە!
تـەنـهـا کـوردە!! )).
دەبێ ئەوە بڵێین، لە دەرفەتێکی ئاوا کورتدا بۆ قسەکردن و نووسین لە بارەی شاکارێکی وەک (گۆڕستانی چراکان)ەوە، ناتوانی بپەرژێیتە سەر هەموو ئەو وردەکاری و نیگایانەی شاعیر کە بەو سەلیقە بەرزەوە خستوویەتییە سەر گۆشە جیاوازەکانی ئەو تاوانە گەورەی کە دژی کورد و مرۆڤایەتی کراوە.
شێرکۆ بێکەس، هەر بە مناڵییش مناڵێکی ئاسایی نەبووە، لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووە نامەی دڵداریی نووسیوە بۆ مامۆستاکەی، کە ژن بووە.
بیرمە، خۆی لە دیدارێکدا وتی، کە مناڵ بووین، شەوانی مانگەشەو، لە سەر بانەکانی سلێمانی چاوشارکێمان ئەکرد، من کە مانگم ئەبینی بیرم لای خۆشاردنەوەو قەرەرە نەدەما، ئەمویست لە مانگ نزیک ببمەوە، لەم سەربانەوە ئەچوومە سەربانەکەی تر، لەم پاسارەوە هەڵئەزنام بەو پاساردا، کەچی هەستمئەکرد لەگەڵ ڕۆشتنی مندا مانگیش ئەڕوا. چەندە ئەمویست لێی نزیک ببمەوە کەچی ئەو هەر دوورتر ئەکەوتەوە.
منـاڵ عادەتی وایە، کەسێک ئازاری بدات دایکی ئەنێرێتە سەر ماڵی ئەو کەسە. شێرکۆ بێکەس لە شیعری (ئاخێک) و لە کتێبی (زنەی شیعر)دا بە هەستێکی مناڵانەوە ئەڵێ:
(( ھەراسانم مەکە.. زریان!
با نەتدەمە دەست ھەڵبەستێکی ھەللاجی شێت و تووڕەم،
بێتە سـەرت و
شـیـتکاتەوە و
بـتـکـاتەوە
بە لۆکەی شنەبایەکی
ترسـاوی پاڵ گردۆڵکەکان!
ھەراسانم مەکە.. باران!
با نەتدەمە دەست دۆزەخێکی ئەوینی
غەریبیم و، بێتە سـەرت و
ئاگر پرژێنت بکات و
بـتـکـاتەوە
بە پۆپەشمینی ھەڵمێکی
شیتاڵ شیتاڵی “گوێ سیروان!”
تۆیش! ئازاری نا ئومێدیو لـێکـدابڕان!
ئەمشەو ھەراسانم مەکە!
بـا زریان و بـا بـارانت
بۆ نەھێنمەوەو نەتدەمە
دەست ھەڵبەستێکی سوورە ھەتاوی ڕۆحم و
نەتکەمەوە
بە ئاخێکی
زۆر بچکۆلەی
قژ زەردی تەمەن پێنج ساڵەی
بەجـێمـاوی.. ئـەنـفـالـەکـان.. ))
ــــــــــــــــــــــــــــــ
وێنهكه: ڕامانێكه له درهختهكانى گوێ سيروان.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.