کانونی دووهەم 09, 2019 Omer ئهنفال, تاوانی جهنگ لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە شکاندنی پیرۆزی سوپاو بەستەڵەکی بەفر لەیادی مەرگی هێمن و چناردا …………..عومەر محەمەد
شکاندنی پیرۆزی سوپاو بەستەڵەکی بەفر
لەیادی مەرگی هێمن و چناردا
عومەر محەمەد
٧/١/٢٠١٦ – سلێمانی
هێمن و چنار باوکیان
ئەنفالی گەرمیان بردی و خۆشیان بەفری کوێستان !
ئەمان لە جەلادەکانی ئەنفالی گەرمیان رزگاریان بوو، بەڵام بەفری کوێستان لێیان بوو
بە جەلاد.
(چناروهێمن) خوشک وبران، باوکیان ناسیح عەلی لەپەلامارە درندایەتیەکەی ئەنفالدا گیراو جارێکی تر نەبینرایەوە، لە بنەرەتەوە خەڵکی گوندی (برایم غوڵام)ی سەر بەناحێی قادرکەرەم بوون. چنار لە هێمن گەورەتر بوو، لە دایکبوی ساڵی ۱۹۸۲ و قوتابی پۆلی چوارەمی سەرەتایی بوو، هێمن لە دایک بووی ۱۹۸۵ و قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی بوو. چنار بەو تەمەنەوە دووجار بریندار بووە، لە پێش ئەنفال کە دایکی بیری نیە چ ساڵێک بووە و دەڵێت ئەوکاتە باوکی سەربازی هەڵاتوو بوو، جاری دووەمیش لە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ لە تەکیەی کاکە مەند بریندار بووە. ئاهوی دایکی دەڵێت: چنار کچی گەورەم بوو، هەر دەیگوت دە دایکە فیشەکەکە لە قاچم دەربکە، منیش هەر نەمتوانی و هەتا لەگەڵ خۆیدا بردیە ژێر گڵ.
مەرگی هێمن و چنار لە ڕۆژی ٧ی کانوونی ساڵی ١٩٩٢ تەواو مایەی تێرامان و هەڵوەستەیە، چونکە چیرۆکی مەرگیان هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزراندنی سوپای عێراقدا ئەو سوپایەی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و لە هەشت قۆناغدا پرۆسەی ئەنفالی لە کوردستان ئەنجامدا، ڕاستە جەنگەکەی بردەوە، بەڵام ئەخلاقی دۆڕاند، ئەم سوپایە چوار ساڵ پیشتر، باوکی هێمن و چنار و پیاوانی گوندی برایم غوڵامی راپێچی مەرگی بە کۆمەڵی بیابان کرد بوو، گازی کیمیایی بەسەر شاری هەڵەبجە و هاونیشتمانیەکانیدا کردبوو! لە هەردوک تاوانەکەدا کۆمەڵکوژی لێکەوتەوەو ئابڕوی عێراقیان لەکەدارکرد. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ سوپای عێراق بە چەکی پێشکەوتووەوە هێرشی هێنایەوە بۆسەر کوردستان و هەموو خەڵکی لە ماڵ و حاڵی خۆی دەرپەڕاند و خەڵک ئاوارەی سەرسنورو ناو وڵاتانی ئێران و تورکیا بوون و ئاوارەیی ملێونی خەڵکی کوردستان کەوتە بەر زوومی کامێراکانی میدیای جیهانی، دەیان پیرو منداڵ لە سەرسنورەکان و لەناو شارەکانی ئێران و تورکیا گیانیان لە دەستدا. ئەگەرچی هێمن و چنار لەساتەوەختی هەڵاتن بۆ سەر سنورەکان نەمردن. بەڵام سەرئەنجام هەر لە ئاوارەییدا مردن و هەرگیز نەگەڕانەوە سەر زێدی خۆیان. خانەوادەی ناصح و ئاهو ئەنفال هەڵیکەندن و هەرگیز نەگەڕانەوە سەر زێدی خۆیان. بۆیە چیرۆکی مەرگ و ژیانی ئەم خێزانەی گوندی برایم غوڵام جێگەی تێڕامانە؛ هێمن و چنار گەرمیانین و لەبەفردا رەق بوونەوە، پەیکەریان لە سەید صادق و گۆڕیان لە چەمچەماڵە! هەردوکیان لە گۆڕستانی (عوسمان غەزال)ی کۆمەڵگەی زۆرەملێی شۆڕش نێژراون. ناصح عەلی عەبدوڵای باو کیان گۆڕی نادیارە، چونکە ئەنفالکراوە و هێشتا نەزانراوە لەکام گۆڕی بەکۆمەڵی بیاباندا ژێر لم دراوە. ئاهوی دایکیشیان هێشتا لە سەید سادقە و نازانرێت بای ڕۆژگار و نادادی کۆمەڵایەتی هەڵیدەداتە کوێوە و لە کوێ گوڕێکی بەنسیب دەبێت ؟! کوردبوون سەختە و هەڵاتنیش لێی بێ شەرەفیەدوای ئەنفال ڕاپەڕین و دوای ئەنفال کۆڕەو.
لە ئازاری ساڵی ١٩٩١ خەڵکی کوردستان ڕاپەڕین و سوپای عێراقیان لە کوردستان وەدەرنا، هەمان ئەو سوپایەی کوردستانی وێرانکردبوو، سەربازو ئەفسەرەکانی چەککران و بەسەڵت و قوتی کەوتنە دەست خەڵک و بەناو مزگەوت و مەکتەب و کوچەو کۆڵانەکانی شارەکاندا بڵاو بوونەوە. خەڵکی کوردستان سەرباری گەمارۆی ئابوری و برسێتی و نەبوونی، سەرباری ئەوەی ئەنفال ماڵ و حاڵی وێرانکردبوون، بەسەدان هەزار ئینسان گیرابوون و بێ سەروشوێنکرابوون و چارەنوسیان بە نادیاری مابوونەوە، نانیان و پێخەفیان لە ماڵان بۆ کۆدەکرایەوە و بەپێی توانا خزمەت دەکران و خوێن دەبەخشرایە بریندارەکانیان. کەچی هەمان ئەو سوپایە لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٩٩١ هێرشی هێنایەوە بۆسەر کوردستان و کۆڕەوی لێکەوتەوە، خەڵکی کوردستان لەسەر سنورەکان و لە کەمپەکانی ئێران و تورکیا گیرسانەوە. هەر بەهۆی هەرەشەی ئەو سوپایەوە بوو کە (ئاهو محەمەد)ی دایکی چنارو هێمنی لە گەرمیان هەڵکەندو لە کوێستان گیرسایەوە. ئەوانیش وەک هەموو خەڵک ئاوارەی ئێران بوون، بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند و گفتوگۆی بەرەی کوردستانی بەدوادا هات و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش فشاریان خستە سەر عێراق و ناوچەیەکی ئاسایشیان بۆ کوردەکان بەناوی هیڵی ٣٤ دامەزراند. بەهۆی ئەم بریارەوە زۆربەی خەڵکی کوردستان گەڕانەوە بۆ هەرێم جگەلە خەڵکی شارەکانی کەرکوک و خورماتوو گوندەکانی دەوروبەریان نەیاندەتوانی وەک خەڵکی شارەکانی (هەولیرو سلێمانی و دهۆک) بچنەوە سەر زێدی خۆیان. بۆیە بەزۆری لە هەلەبجەو سەید سادق و سلێمانی لە شوێن کەلاوەی سەربازگەو خانوی حکومیدا نیشتەجێ بوون و هەندێکیشیان لەو کەمپ وکابینە و خێمانەدا جێگیر بوون کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەید سادق و شانەدەری دروستی کردبوون، ئاهو محەمەدی دایکی (چنارو هێمن)یش وەک زۆر کەسی تری ناوچەکە بەهەردوو منداڵەکەیەوە لەکەمپی شانەدەری نیشتەجێ بوو.
چنارو هێمن چۆن مردن ؟
ئاهو محەمەد کە لە پەلاماری ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ی گەرمیاندا سوپا هاو ژینەکەی (ناسیح عەلی) برد بوو، بێ هاوژین و بێکەس مابووەوە، دوای ئەوەی لە ئییران گەرانەوە لە ساڵی ١٩٩٢ بە خۆی و جگەر گۆشەکانییەوە لە یەکێک لە کابینەکانی شانەدەری گیرسابوونەوە، ئەوسا کەمپی شانەدەری توانای وەرگرتنی هەموو قوتابیانی نەبوو، بۆیە دەبوو بچنە سەید سادق، کە ماوەی ٢کم لە شانەدەرییەوە دوربوو، سەید سادق بۆ خۆشی لەئەنفالدا روخێندرابوو، شوێنێک نەبوو بۆ ژیان و بەهاناوە چونی ئەو رێژە زۆرەی ئاوارە، خەڵک سەرچاوەی ژیان و بژێوییان گران بوو، قوتابخانەکان قەرەباڵغیەکی زۆریان لەسەر بوو، کەمپەکەی شانەدەریش هەر قەرەباڵغ بوو، نزیکەی ١٠٠٠٠ دە هەزار کەسی لێ نیشتەجێکردبوونەوە، قوتابیەکانیش دابەش ببوونە سەر کاتی دەوامەکانی قوتابخانەکان، ئەوانەی دەکەوتنە کاتی ئێواران درەنگ دەگەیشتنەوە ماڵەکانیان، ئەو ڕۆژەی هێمن و چنار دەوامیان کەوتبووە ئێوارانەوە ڕۆژێکی سارد و بەفراوی بوو، هاتوچۆی ئەو قوتابیانە ئاسان نەبوو، بەڵکو لە کەمپەکەوە هەر بەپێی خۆیان بۆ سەید سادق زۆر قورس بوو، ئەمە بۆ منداڵان و قوتابیانی سەرەتایی، چەند قات قورس و ناخۆشترە، زۆر جاریش ئەو منداڵانە دەبوو بەپێ هاتوچۆیان بکردایە، لەبەرئەوەی خانەوادەکان هەژاربوون و توانای ئەوەیان نەبوو سەیارەی تایبەتیان بۆ بەکرێ بگرن. هەتا هاتوچۆیان پێبکەن. جگەلەوەی پاسیان بەسەرەوە نەبوو ئەگەر هەشبوایە توانای کرێی پاسیان نەبوو.
ئەو ئێوارەیەی کە چنارو هێمن لە مەکتەب تەواو بوون، کڕیوەی بەفر دایکردبوو، ئەوانیش هەرچۆنێک بووە دەستی یەکتریان گرتووە و بەرە و سەروی سەید سادق ملیان پێوەناوە و ئەوەندەی بەرگەیان گرتووە رۆیشتوون، بەڵام نەگەیشتبوونەوە ماڵەوە، پردێکی سندوقی لەسەر رێگاکە بووە، دیارە بەفر تەواو شپرزەی کردون و چونەتە ژێر ئەو پردە بە هیوای ئەوەی کە بەفرەکە وەستایەوە، بێنەدەرەوە و بەرەو ماڵەوە بۆلای دایکە ئاهو بکەونەوە ڕێ، بەڵام ئەفسوس بەفر نەوەستاو هەرگیز رێگەی گەڕانەوەی نەدان، هێمن رەق بوو بووەوە و دیارە چناریش نەیویستووە بەجێیبهێڵێت یان رەنگە هەرنەیورابێت بەجێیبهێڵێت، ئەگەرچی ئێوارە درەنگانێک لە بڵندگۆی مزگەوتەکەی شانەدەریەوە بانگەوازکراوە بۆ دۆزینەوەی دوومنداڵ کە لە قوتابخانە بوون و نەگەڕاونەتەوە. لە دیدارێکی نێوانماندا ئاهو محەمەد بۆی گێرامەوە: ” کە هەر ئەوشەوە زۆر گەراین خزم و کەسوکار و خەڵکی تریش هاتن و لە سەیدسادق بانگەوازیان کرد بوو. بەڵام هیچ سۆراغێکیان نەبوو، بەوە دڵخۆمم ئەدایەوە بەڵکو یەکێک بەزەیی پییاندا هاتبێتەوە و بردبنییەوە بۆ ماڵ خۆیان، ئەوشەوە هەتا بەیانی من نەخەوتم و هەر گریام و پارامەوە، بەڵام بەیانیەکەی بە مردوویی دۆزییاننەوە چنار رۆحی تێدا مابوو بەڵام هەرئەو ڕۆژە ئەویش مرد، کاکە بەفرێکی زۆرباری بوو، دنیاکە هەمووسپی ببوو.” دوجار جەختی کردەوە سپی داروبەرد بەفر سپی کردبوو.
ئارام مرادخان وای بۆگێڕامەوە :
لە دیدارێکی نێوانماندا ئارام مورادخان وتی: ” ساڵی (١٩٩٢) بن داروپەردوی خانووە ڕوخاوەکانی پێنجوێن و هەڵەبجەو سەید سادق و شانەدەر دەرجمەیان دەهات لە ئاوارەی گەرمیان” ئەو گوندنشینانەی ساڵی (١٩٨٨) بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتبون بە جۆرێک مارانگازبوون و زەبری بەعسیان دیبوو، زۆریان لە زێندانەکانی دوبزو نوگرەسەلمان ماوەی شەش مانگ ئازارو ئەشکەنجەیان چەشتبوو، بۆئەوان ئاسان نەبوو بڕوا بەگفتوگۆی نێوان حکومەت و بەرەی کوردستانی بکەن و بگەرێنەوە زێدی خۆیان، بۆیە زۆربەیان لە پێنجوێن و هەڵەبجە و زەمەقی و سەید سادق و ڕانیە، لەبن داروپەردووی خانووە ڕوخاوەکان و کابینەو خێمەکان لە شانەدەری و هەندێکیشیان لەسەنتەری شاری سلێمانی لەناو باڵاخانەی (حسیب صاڵح) سلێمانی پاڵاسی ئێستا و ئەمنە سورەکەو حامیەی سلێمانی و شوێنەکانی تری شارو هەندێکیشیان لە شارەکانی ترنیشتەجێ بوون. منداڵانی ئەم ئاوارانە لە هەموو مافێک بێبەش بوون، هیمن و چناریش لەو حەشاماتی هێلانە لێتێکچوانە بوون، دەبوو ڕۆژانە بەپێ لە شانەدەرییەوە بچنە شارۆچکەی تازە ئاوەدانکراوەی سەید سادق بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خوێندنەکەیان بدەن. وەک لە پێشەوە ئاماژەم پێدا سەیدصادق ساڵی (١٩٨٨) لەگەڵ زەوی تەختکرابوو، لە دوای ئاوارەیی ببووە مەملەکەتی ئاوارەکان و ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکانی رێکخراوەکانی ئێنجی ئۆو یوئێنەکان بەردەوام بەو رێگایەدا فڕکەیان دەهات.
(ئارام مرادخان) ئەوسا کارمەندی رێکخراوی (UN) بوو، لەو ناوچەیە کاریان دەکرد، بۆی گێرامەوە : ” کە هێمن و چنار دۆزرانەوە من بە هانایانەوە چووم، چنار هێشتا گیانی تێدا مابوو، بەڵام هێمن لە بەفردا ڕەق ببوو، ئەوسا تەنها بنکەیەکی تەندروستی سەرەتایی لە سەید سادق هەبوو بە سەیارەی رێکخراوەکەمان. چنارم گەیاندە بنکە تەندروستیەکەی سەید سادق، بەڵام ئەفسوس تازە کار لە کارترازا بوو، چناریش هەر ئەو ڕۆژە گیانی لە دەستدا”.
ئەفسوس ڕۆژگار رەحمی پێنەکردن و سوپای بەناو نیشتمانی بەعس لە زێدی خۆیان هەڵیکەندن و سەرمای بەفری کوێستان ڕەقی کردنەوە، ئاهوی دایکیان وەک زۆربەی هەرە زوۆری ئاوارەکان لە دۆخێکی تەواو دژواردا بوو، لەو دیدارەدا بۆی باسکردم، کە هەرچی پێداویستی ژیان هەبوو نەم بوو، جگەلە چەند پارچەجلێک و چەند باتانیەک و هەندێک قاپ و کەوچکی هەرزان بایی، نەبوونی سوتەمەنی و سەرچاوەی دارایی یەکێک لە ئاستتەنگە هەرە قورسەکانی بەردەم ژیانیان بوو، ئاهو محەمەد دوای ئەوەی بەقوڵی تەماشای کردم هەناسەیەکی هەڵکێشاو پێیگوتم ( هەر لەخۆمەوە دڵم ختورەیەکی کردبوو، زوو بە چنارم دەگوت مەچۆرەوە بۆ مەکتەب بەڵام بەقسەمی نەکرد، کچەکە زۆر حەزی لە خوێندنەکەی بوو ئەو لەبراکەی گەورەتر بوو) .
لەراستیدا (ئاهو) باجێکی هێندە قورسی کورد بوون و هەژاری داوە مەگەر تەنها کۆمەڵگایەکی بەهەست بتوانن قەرەبووی بکەنەوە، ئەوەش تازە بۆئەو درەنگە، خوێندنەوەو تێڕامان لە چیرۆکی ئەم خانەوادەیە جگەلە دڕندایەتی بەعس وێنەی کۆمەڵگەیەکی بێگیانیش دەخاتەڕوو، کە ئاوا بێباک بووە بەرانبەریان!
هێمن و چنار بە پێشچاوی ئەو ڕێکخراوانەوە رەق بوونەوە کە لە وڵاتانی ( ژینگە دۆست و ئاژەڵ دۆست)ەوە هاتبوون، گوایا بە فریای ئاوارەکان دەکەون، ئەوانەی بە دیار مەرگی پشیلەیەکەوە فرمێسک دەرێژن ! کەچی چەندە خوێنسارد بوون بەرانبەر مەرگی بە کۆمەڵی کورد چ جای مەرگی چنارو هێمن .! دەنا خەرجی هەر ماشێنێکی رێکخراوەکانی یوئێن و ناحکومیەکان لەمانگێکدا خەرجی زیاتر لە ٥٠ خانەوادەی وەک ئاهوو بوو لەمانگێکدا.
هێمن و چنار ئەو خوشک وبرایە بوون لە کۆمەڵگایەکدا ژیان و مردن، کە تیایدا سیستمی پەروەردە پڕە لە توندوتیژی، کۆمەڵگایەک لە دوای ئەنفالیش هێشتا بێشەرمانە وانەی شمشیرو سەربرین لە قوتابخانەکانیدا دەخوێندرێ، پاڵەوانە شمشێر بە دەستەکانی ناو ، وانەکان با پیرە گەورەی ئەو ئەفسەر و جەلادانەن کە ئەنفالیان کردین و پیر و گەنجەکانیان کۆمەڵکوژکردین، هەمان ئەوانەن، کە ئێستا فەرماندە و سوپاسالار و سەربازی ئەو سوپایەن کە لە نێوان بەزەیی هاتنەوە بە کەرو کورددا بێ دوودڵی کەر هەڵدەبژێرن.
هەر ئەوانە بوون گەرمیانیان وێرانکرد و هەزاران منداڵی وەک چنارو هێمنیان ئەنفالکرد، هەر ئەوانیش دایە ئاهوو (چنارو هێمن) یان لە زێدی خۆیان هەڵکەند و لە گەرمیانەوە ئاوارەی کویستانیان کردن. ئەوەی نەزانێ لە ئەنفالدا چی ڕویداوە نازانێ نوگرەسەلمان چ دۆزەخێک بووە، سەدان ژن و منداڵ و پیرە پیاوی کوێستانی بە ژینگەی بیابان رانەهاتوو بە قرچەی گەرما و بۆ قومێک ئاوی سازگار و شیرین لە نوگرەسەلمان مردن، سەدان گەرمیانی بە شاخ و چیا ڕانەهاتوو، کاتێک دەرچەیەکیان دۆزییەوە و لە ئەنفال دەربازبوون بە بەفری سپی کوێستانەکان تەزین و رەقبوونەوە و مردن ! لە چیاکان هەڵدێران و بەسەر مینداکەوتن مردن یان کەمئەندام بوون.
بەڵای بەفرو پەتای نەوت
ئێستا هەموو نەوتی جیهان ناتوانێت پەڵەی ڕەشی مەرگی (هێمن وچنار) لە ڕوی ستەمکارانی ناوخۆو جیهان داماڵێت، چونكە دڵرەقی و بێباكی و بێ ئابڕویی نەوتكڕ و نەوتفرۆشی نێودەوڵەتی لە پەیكەرەكەی ئەو دوو منداڵە و ئەنفالکردنی باوکیاندا دەبینم، نەك لە درۆو دەلەسەی ئەوانەی لە سەرشاشەی تیڤیەكان نەوت گێژی کردوون، یاران چاوو ڕوویەكی زۆری دەوێت هەموو ڕۆژێ بە خوێن ساردی و بێباكیەوە دەیان تەنكەر نەوت بە بەردەمی پەیكەری ئەو دوو قوتابیە هەژارەدا ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەیت؟ کە لەگەرمیانەوە لە کۆرۆمۆر هەمان ناوچەی زیدی چناروهێمنەوە دێت و بەبەردەم پەیەکەرەکەیاندا تێدەپەڕن. ئەو خانەوادانەی سوپای بەناو نیشتمانی ڕاوی نابوون و لە کوێستان بەفری زستان رەقی کردنەوە، دانیشتووی هەمان ئەو ناوچەیەن کە ئێستا حکومەتی بەناو نیشتمانی نەوت وگازی لێدەردەهێنێ. چ بێشەرمییەكە دەسەڵاتێک نەوتی نیشتمان بەسەرتەرمی شەهیدان و بە پێشچاوی هاوڵاتی و هاونیشتمانی مەینەتبارەوە هەناردە بكەیت و لە ژیان و بەختەوەریشیان بێمەنەت بیت!؟
چ عەیبەیەكی گەورەی
دەوڵتدارییە شانازی بەوەوە بکەیت کە نەوت هەناردەی دەرەوە دەكەیت، بەڵام سەرماو
تەزین لە یادەوەری هاوڵاتیانیدا نەسڕێتەوە، دەسەڵاتێک هێندە خوێنساردبێت لە داهاتو
پارەی نەوت دیارییەك پێشكەشی دایكی (هێمنو چنار)و شەهیدانی بەڵای نەوت نەكات؟
هەر شایانی ئەوەیە پەیکەرێکیان بۆ شەرمەزاری بۆ دروستبکرێت، ئەگەر داهاتی وڵات
ئەوەندە هێزی نەبێت پەیكەرەكەی هێمنو چنار لە سەید سادقەوە بگوازێتەوە بۆ
ناویادەوەری كۆمەڵگاو دنیای پێ سەرسامو شەرمەزار نەكات ئیدی چ سودێكی هەیە.
نیشتمانێک ئەوەندە بێباک وبێ حورمەت بێت کە یادی دامەزراندنی سوپای عێراقی لەیادی
کۆمەڵکوژی ئەنفال تێدا بەرزتر بێت، ئیدی چ سەروەرییەکی بۆ دەمێنێتەوە ؟
ئەوەی بۆهاوڵاتیان پرسیارە، ئەوەیە بەچی دەچێت هەرێم نەوت بە بۆری هەناردەی دەرەوەی
وڵات بكات، بەڵام هێششتا بە زەحمەت بگاتە ناو ماڵەكانیان، ئەمە ئەگەر نەڵێین ئیدی نابێت
نەوت بسوتێنین بۆ خۆ گەرم كردنەوە، بەڵكو دەبێت لە پارەی نەوت هۆكارەكانی تری گەرمی
جێگە بگرنەوەو بەئاسانی بگەنە ماڵی هاوڵاتیان.
من لیرەوە لەیادی دامەزراندنی سوپای عێراقدا جگەلەوەی دەمەوێ ئەو ڕۆژە شەرمەزار بکەم هەر بە یادی مەرگی چنارو هێمنەوە ناوەستم بەڵکو یادی ئەنفالکردنی گەرمیانیەکان بەگشتی و ئەنفالکردنی گوندنشینەکانی گوندی (برایم غوڵام)یش دەکەمەوە، ئیبراهیم غوڵام گوندێکی خۆش ودڵگیری گەرمیانی ناوچەی قادرکرەم بوو، بەرلە تاوانی ئەنفال ٥٠ ماڵی تێدا دەژیان، هاوسنورە لەگەڵ گوندەکانی (بنەکەو بەگزادەو ئەڵاهۆری ومامیسک وشێخ حەمید) هەموو ئەم گوندانە گورزی کەمەرشکێنیان لە ئۆپەراسیونی ئەنفالدا بەرکەوت و زیانی گیانی وماڵی زۆریان پێگەیشت، لە ڕۆژی ١٠ی نیسانی ١٩٨٨ سوپای عێراق گەیشتنە گوندی (برایم غوڵام)و دوای ئەوەی خەڵکەکەیان دەستگیرکردو ئەنفالیان کردن، خانووەکانیشیان لەگەڵ زەوی تەختکرد، لەو ڕۆژەدا ئەفسەرو سەربازانی سوپا ٥٤ کەسیان لە گوندی برایم غوڵام دەستگیرکرد، لەوانە ٥٠ کەسیان خەڵکی گوندەکەو (٤)کەسیش سەربازی هەڵاتوو بوون ولەوێ نیشتەجێ بوون سەرئەنجام هەموویان رۆیشتن وجارێکی تر نەبینرانەوە( ) یەکێک لەوانە ” ناصح عەلی عەبدوڵای تەمەن ٣٥ ساڵ باوکی هێمن و چنار بوو، ناصح جوتیارێکی هەژاری گوندی برایم غوڵام بووە لە دوای ئەنفالکردنیەوە ئاهوی هاوسەری ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی کەوتە ئەستۆ، لەكۆڕەوەكەی نیسانی ساڵی ١٩٩١ ئەوانیش کەوتنە بەرهەرەشەی سوپاو لە دوزخورماتووەوە هەڵاتن و روویان كردە سلێمانی ولەوێشەوە بۆ ئێران، پاش ئەوەی لە ئێراون گەڕانەوە ئەوان وەک زۆربەی گوندنشینەکانی ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە پارێزگای کەرکوک و قەزای خورماتوو بوون، وەک قادرکەرەم و نەوجول و جەباری نەگەرانەوە بۆ زێدی خۆیان بەڵکو هەرلە ئۆردوگای شانەدەری نیشتەجێ بوون.
لە دیدارێکی تایبەتی نێوانماندا ئاهۆ محەمەدی دایکیان،لەبەر نیگەرانی ودڵشکانی خۆی نەیدەویست هیچ قسەم بۆبکات،چونکە ئەو پێی وابوو، قسەکردن هیچ سودێکی نیەو بەرپرسانی وڵات زۆر لەوە دڵرەقترن، هاوسۆزی بۆ دایکێکی جەرگ سوتاوو مێرد ئەنفالکراو دەرببرن، بەڵام هەرچۆنێک بوو باسی ئەوەی بۆکردم،کەوا ناصح عەلی هاوسەری خۆش ویستووەو لە گوندەکەیاندا بەخۆشی ژیاون و سەرقاڵی کشتوکال و ئاژەڵداری بوون، لەبارەی هێمن وچنارەوە ئاهێکی هەڵکێشاو ووتی : کورو کچەکەم زۆرعاقڵ ولەدڵدا شیرین بوون، کچەکە سێ ساڵ لە کورەکەم گەورەتربوو، چنار تەمەنی ١٠ساڵ وهێمن حەوت ساڵان بوو، ئاهو هەناسەیەکی هەڵکێشاو گوتی: چنار تەمەنی شەش ساڵ وهێمن سێ ساڵ بوو کە باوکیان ئەنفالکرا، لەدوای ئەو ئەنفالە پیسە زۆر بەرەزالەت گەورەم کردن، بە ئەمرو ئیرادەی خودا ئەوان زۆرحەزیان بەخوێندن بوو، ئاهوو دەیگوت: من بێکەس بووم وکەس نەبوو پارەم بۆ پەیدا بکات و منداڵەکانیش لەمەکتەب خەرجیان دەویست، بەڵام لەبەر ئەوەی باوکیان نەمابوو پێمخۆش نەبوو بێدڵیان بکەم، ئەوەبوو لە رێگای مەکتەب لە ساڵی ١٩٩٢ لە بەفردا رەق بوونەوە.
پەیکەری گەرمیانیەکان لە کوێستان
هەر جارێک بەرەو هەڵەبجە، دەرۆم یاخود لەوێوە دەگەرێمەوە ناتوانم نیگایەکی خەماوی ئاراستەی پەیکەری چنارو هێمن نەکەم، رەنگە هەموو رێبواران هەمان نیگایان بۆ پەیکەرەکەیان نەبێت، خۆ ئەگەر هەشیان بێت، لەو پەیکەرەوە خەیاڵ وئەندیشەیان بەرەو پێدەشت و جەوەڵەکانی گەرمیان نەروات، ئەوان ناهەقیان نیە، بەڵام هەقە بزانن کە پەیکەری ئەو دوو منداڵە گەرمیانیە بۆ لە کوێستانن ؟! من لەدڵەوە دەستخۆشی لەهونەرمەند کاوان قادری پەیکەر ساز دەکەم، بەڵام بەبێ ئەوەی لەبەهای داهێنان و هونەرەکەی کەم بکەمەوە دەڵێم : دەبوو بەرلەوەی پەیکەرێک بۆهێمن وچنار دروست بکرێت، زەمەن بەتەواوی لەم هەرێمە مانی بگرتایەو لە شوێنی خۆی بووەستایە، دەبوو هەموو دانیشتوانەکەی ئەگەر نەتوانن ببن بە مرۆڤ ببوونایە بەپەیکەر.
دەبوو ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق بەلای کەمەوە وەزارەتی پەروەردە بیکردایەتە ڕۆژی یادکردنەوەی هێمن وچنارو شەرمەزارکردنی سوپای عێراق بەهیوام ڕۆژێک بێت وەزارەتی پەروەردە بەم ئەرکە هەستێت.
سەرچاوەی زانیارییەکان
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.