نیسان 14, 2018 Omer بهڵگهنامه, دەربازبووان لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە هونەرمەند بورهان قەرەداغی یادەوەرییەکانی زیندان دەگێڕێتەوە
لە یادەوەریەكانی زیندانەوە
یەكەم شەوی زیندانم ئاوا بەرێ كرد
بورهان قەرەداغی
24/12/1986 رۆژێكى نیوە هەتاو و نیوە ھەورى زستان بوو٠ ڕۆژگارێک بوو هەموو كۆڵانەکانی شار پڕ ببوون لەپرسەو گریان٠ لە لايەك جەنگى شومى عێراق و ئێران،لەلايەكی تريشەوە شەڕى پێشمەرگە لەگەڵ جاش و خەفيفەو ئەمن و تەواريدا٠لەلايەك كسپەى هەواڵى شەهيدبوونى پێشمەرگەو لەلايەك هاتنەوەى تەرمى گەنجانى لەسێدارەدراوى بەنديخانەى ئەبوغرێب؛ شاريان مات و كپ و غەمگين كردبوو٠ شار گڕكانێك بوو لەخۆيداو دەكوڵا، وەک ئەوەى عەبايەكى ڕەشيان دابێت بەسەريداو قەقنەس ئاسا لەخۆیدا دەسوتا ؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هيواو ئاوات لەدڵی ھەر تاکێکی دانیشتواناکەی وەک درەختی سەرتای بەھار چەكەرەى دەكرد٠
تەمەنم 14ساڵان بوو٠ شانۆ ئەو پانتاييە ئەفسونييە بوو ، كە بەخۆیەوە سەراسيمەى كردبووم ٠من هێشتا دەنگى چەپڵەڕێزانى بينەران وتاى نواندنى ئێوارەی ڕابردوی نمايشى شانۆیی ( پەتا سپيیەەكە) لە گوێمدا دەزرنگايەوەو چێژی نواندن بەرینەدا بووم ، من دەمزانى زووربەی ھونەرمەندانی ئەم کارە ھونەرییە وەک ( ئەريوان عمر دەوڵەت و رزگار باهيرو وەهبى رەسول و جەزا ئەمين و ھاوڕێ حەمە سالح و ٠٠٠هتد)فيرار بوون٠ هەميشە دەرگاى پشتەوەى هۆڵى ئامادەيى سلێمانى كراوە بوو، بۆ ھەر ئەگەرێک کە هەست بەشتێكی نامۆ كرا خێرا بتوانن راكەن٠ ئەو ڕۆژە بەيانيەكى ڕەنگ شین بوو، جارجارێك خۆر چەن تیشکێکی زەردی خۆيت نيشان دەدایت و تۆش حەز دەکرد لە دڵت و ھەناوتی بئاخنیت، هەورەكانيش پەلەيانەو دەڕۆن، تانەت جريوەى باڵندەيەكيش نابيستیت،لەڕۆژێکی وادا ئێمە بێ ئاگا بووين لە هاتنە ناوەوەى ئەمن و هەواڵدزەکان ، کە بەجلوبەرگى چوونيەكی پەیمانگاوەو بەفسکە فسکەوە ھاتبوونە ناو گۆڕەپانى پەيمانگاى هونەرە جوانەكانەوە ٠لە پڕو بێئاگا كەوتينە ناو تەڵەی ئەمن و ئیتحادیەکانەوە٠
ئەوکاتە دەوروبەری کاتژمێر ( 10)ی سەر لەبەیانی بوو ، لەگەڵ (ئيسماعيل سەعيد)ی ھاوڕێ و ھاو پۆلم لەنێو گۆڕەپانی پەیمانگادا بەدەم پیاسەوە لەباسی شانۆو شانۆی ڕامیاریدا نقووم بووبووین، لەبیرمە باسی تیوری شانۆی ئارفین بسکاتۆرو شانۆی داستانی برێخت و شانۆی تۆماری پیتەر ڤایسمان دەکرد٠ ھێندەمانزانی بەخێرایی و بەبێدەنگ بەکۆمەڵێک ئەمن خافڵگیرکراین، لەنێو ئەمنەکانەوە بەخێرایی ( سالارە سوری ئیتحاد) وتی (ھیچ نییە وەرن لەگەڵمان بۆ ئیتحاد !!!) ئیسماعیل ڕەنگی سووری ڕووی بزڕکاو لەپشت چاویلکەکەیەوە بەتیلەیەکی چاو بەقوڵی پێی وتم بورھان تەواو گیراین، منیش لەو ڕەنگبزڕکان و نیگا پڕ ترس و پڕ پرسیارەی ئیسماعیل باش تێگەیشتم ،کە ئێمەخراپ کەوتوینەتە نێوو تەڵەو داوی ئەمن و ئیتحادیەكانەوە٠
کەبردینیانە ژووری ئیتحاد ھاوکات (بەکر مستەفا)ی ھاوڕێ و ھاوپۆلیشمانیان ھێنا ؛ پاش ئەوەی جەختیان لەناوی خۆمان و باوکمان کردەوە ، کەدڵنیابوون لەناوەکانمان ، یەکسەر خێرا بەقادرمەکانا بردینیانە خوارەوەو مامۆستا ئەحمەد سالاریشمان لەگەڵمان ھات ، لەژێر دار ھەنجیرەکەدا پێش ئەوەی سواری دوو مالیبۆی ڕەنگ خاکیمان بکەن ، مامۆستا ئەحمەد سالار ووتی : ( ھیچ نییە کاکە گیان ، دوو پرسیارتان لێدەکەن و دەتانھێننەوە)٠ قسەکەی مامۆستا ئەحمەد سالار تێکەڵ بوو بەبای ساردی ئەوبەیانیەو گوێ و ناخی تەزاندین٠
ئێمە باش دەمانزانی لەچ تەپکەیەک نراوین٠ ھیندەی نەبرد بەتوندی فڕێدراینە ناو ئۆتۆمۆبێلەکانەوەو ئەم ودیوو دیومان بە ئەمن گیراو بەڕێکەوتین بەرەو ئەمنە سوورەکە ٠سالارە سوریش وەک چەقەڵێکی لات و خوێڕی بەدرێژای ڕێگاکە لەکە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا دانیشتبوو ، ھەر (نعم نعم سەیدی و صار صار سەیدی) بوو ٠ سالارە سوور ھەر ئەتوت بۆ سیخوڕی و ملکەچی و خۆفرۆشی دروست بووە ، ھەمیشە کە تەماشات دەکرد ھیچی باشەو جوانیت تیا نەدەدۆزییەوە؛جگە لەڕق و کینەو نھێنی و سەرکزی و ملکەچی و جاشێتی نەبێت٠ تابڵێی کوڕێکی گرگن و داخ لەدڵبوو، تەنانەت ڕقی لەخۆشی بوو٠ پاش چەند خولەکێک گەیشتین ، دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ نێو مدیریەتی ئەمنی سلێمانی کرایەوە( کە ئێستا بەئەمنە سورەکە ناسراوە) ٠ پاشان دایان بەزاندین و لەسوچیکا ڕووەو دیوارەکە بە چاو بەستراوی دایان نیشانین ٠ سالارە سوورو ئەمنەکان چونەژورەوە ، پاش دوو سێ سەعات ھاتن و گواستینیانەوە بۆ ئەمنی تەنیشت (فندق سلام_ بینای چالاکی ھونەری قوتابخانەکانی ئێستا )٠
لەوێش ھەر بە چاوبەستراوی و کەلەپچەوە بەچەند کۆڵان وپلیکانەو ڕاڕەوێکدا بەدەم جنێوو تف و سوکایەتی پێکردنەوە بردینیان ؛ تا لە ڕاڕەوێکدا دایان نیشانین و بە پاڵکەوتنەوە ھەرسێکمانیان بە بۆریەکی گەورەوە کەلەپچەکرد٠ ئیتر لە بێ ڕەنگی و بێ دەنگی و کش وماتی شوێنەکەدا ڕوەو ناخی خۆمان ڕۆچوین و چەندین پرسیارمان لەخۆمان دەکرد ٠ تۆ بڵێ جۆری ئەشکەنجەدان چۆن بێت؟! دەبێت شێوەو ڕوخساری جەلادەکان چۆن بن ؟! تۆ بڵێیت من ئەمجارە ئازادو دەرباز بم ؟! تۆبڵێی خوشک و دایکم نەھێنن و لاقەیان نەکەن ؟! تۆ بڵی جەستەم بەرگەی ھەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک بگرێت ؟!
ئیتر لەو ڕاڕەوەدا نەکەس دەھات و نەکەسیش دەڕۆشت ، بەڵام جارجار گوێمان لەدەنگی قاقاو پێکەنین بوو لەلای ڕۆژھەڵاتی ڕاڕەوەکەوە، ھەندێجاریش گوێمان لەدەنگی ھۆڕنی ئۆتۆمبێل دەبوو لە دەرەوە٠ کەشێکی تابڵێیت نامۆو قورس بوو بۆ منێکی چواردەساڵ، ئازاری دەست و سڕ بوونی لاشەمان لەسەرمای کۆنکرێتی ئەرزەکەو پاڵەپەستۆی میزکردن زۆری بۆ ھێنابووین٠
ھێدی ھێدی ڕۆشنایی بەرەو ئێوارە ملی دەناو کز دەبوو ، تاریکایش تادەھات لەخۆیدا نوقمی دەکردین، ھیچ چارەیەکیشمان نەبوو تەنھا ئەوەنەبێت کە لەسەرلاو گازی پشت ڕابکشێین و جوڵەنەکەین ٠ کە دنیا تاریک داھات کڵۆپڵێکی شەست واطی زەرد بە بنمیچی سەقفەکەوە داگیرسا ، سەرماو برسێتى ومیزھاتن دادەھات زۆرى بۆ دەهێناين ، لەپڕ دەنگی تەقە تەقی پێڵاوک لەوسەری ڕاڕەوەکەوە بەرەو لای ئێمە بەھێواشی نزیک دەبووەوە ، پياوێكى رەشتاڵەى لەڕو قرچۆڵی دريژ ، کە پاڵتويەكى ڕەشى درێژی دابوو بەسەر شانيا بە دەرکەوت ، کە ھەر دەتووت بێت و نەبێت ئەمە پاسەوانی دۆزەخە ، کە گەیشتە ڕێکی ئێمە کۆکەیەکی بۆکردو بەتوندی مژێکی لە جگەرەکەیداو سەرو دەموچاوی ڕەشی لە دوکەڵدا نوقمکردو ھیندەی تر ناشیرین و ترسناک خۆی نواند ٠
کابرا بێ ئەوەی گرنگیمان پێبداو تەماشامان بکات بەلاماندا تێپەڕى٠ ھێندەمزانی بەكر پڕ بەو سەرماو برسێتیەی ئێمەو قوڵی ڕاڕەوەکە ھاواری لە کابرا کرد : (فەڕاش ، لەگەڵ تۆمە، ھێی فەڕاش سەرمامانە، وەرە برسيمانە ) ؛ لەگەڵ دەنگدانەوەی دەنگی بەکر لەڕاڕەوەکەدا کابراش بێ ئەوەی فۆرمی خۆی تێکبدات گەڕایەوە٠ کە گەشتە ئاستمان ، وەک تووڕەیی ھەموو ژیانی خۆی بەسەر ئێمە بڕێژێت، پێڵاوەكەى داكەندو كەوتە كوتانى سەرو چاوی بەکر لەپێشداو پاشان ئیسماعیل و ئینجا من ، چەن شەقێکیشی تێھەڵداین و بەتف و جنێو نوقمی ترس و بێدەنگی و حەپەسانی کردین ٠ پاش ئەوەی ئازارەکەی سەرو دەموچاومان ھێواش بووەوەو تۆزێک سڕ بوو ، تەماشایەکی یەکمان کردو ئیسماعیل بەھیواشی وچرپەوە وتی : (برادەران ئەشکەنجەدانی قورسمان لەپێشە ، تکایە پێویستە دان بەخۆمانا بگرێن و دەشبێت بەرگەی ھەموو جۆرە ئازارێک بگرین) ٠ بەکرێش بەو پەڕی وریایی و چرپەوە ھەڵیداێ ووتی: ( دەبێت دان بەھیچدا نەنێن ، ئیعتراف لەسەر یەک نەکەین، ئەبێت بڵێین جگە لەپەیوەندی شانۆ و پۆل ھیچ پەیوەندیەکی ترمان نییە)، منیش وتم : ( ھاوڕێیان دەبێت خۆمان بۆ ھەموو جۆرە ئازارو ئەشکەنجەیەک ئامادەبکەین، بەس بەوە فریای خۆمان دەکەوین کە ھیچ نەڵێین )٠ لەم گفتوگۆ کورتەدا جۆرێک بەڵێنمان بەیەکداو ھێزو تواناو ورەمان خستە بەرخۆمان ٠ ھێواش ھێواش ھاتو چۆی جەلادو ئەمنەکان بەڕاڕەوەکەدا دەستی پێکرد ٠ ئێمەش ھەر لەژێر چاوەوە چاوەڕێی ڕودانی شتێکی نوێ بووین ، دەوروبەری کاژێر (8)ى شەو بوو ، چەند ئەمنێک ھاتن و ئیسماعيليان برد ؛ پاش بیست خولەک لە بێدەنگی ، لەپڕ دەنگی قیژەو ھاواری ئیسماعیل ئێمەی خستە ناو قوڵای چاوەڕێکرنی خۆمان بۆ ئەشکەنجە٠
دوای چەند کاژێرێک لە ھاوارو قیژەی ئیسماعیل بێدەنگی دەستی پێکردوە؛ بەھەمان شێوەی ئیسماعیل ھاتن منیشان بە کەلەپچەکراوی و چاوبەستراوی بەرەو ڕۆژئاوای ڕاڕەوەکە برد٠ ھێشتا چەن ھانگاوێک نەڕۆیشتبووین یەکێکیان دەستێکی کرد بەقونما وتی : (خۆش طيز ) ، یەکێکی تریان زلەیەکی سرەواندە پشتی ملم ، ئەویتریشیان یەک شەقی سرەواندە قونم و کرام بەژورێکاو یەکێکیان بەدەنگێکی ناخۆش وتی : ( ئیجلس گەواد )؛ منیش بەگرانی توانیم دابنیشم ، چونکە دەستم لە دواوە کەلەپچەبوو ٠ ئیتر یەکێکییان چاومی کردمەوە، کاتێک کە چاوم کردوە ، ڕێک بەرامبەرم پیاوەکەی ئێوارە کە پاڵتۆیەکی ڕەشی درێژی دابوو بەسەر شانیاو بەپێڵاوەکەی سەروچاوی ھەرسێکمانی کوتا، لەسەر کورسیەک ڕووەو من دانیشتبوو٠ مێزەکەی بەردەمیشی تەپڵەکێکی جگەرەو ھندلێکی تەلەفۆنی لە سەر بوو ، لەگەڵ چەن وەرەقەو قەڵەمجافێک، ھندلی تەلەفۆنەکە وایەرەکانی چوو بوون بۆ سەر مێزێکی ئاسنی بزۆک کە لەپشتی منەوە بوو، چەند کێبڵێکیشی لەسەر دانرا بوو ، ھەروەھا چەند قولاپێکیش بە بۆریەکی سەقفەکەوە قایمکرابوون ، لەخواریشەوە چەن کێبڵێک و داری گەورەی فەلاقەو کەرەستەکانی ئەشکەنجەدان کەوتبوون ٠
ژوورەکە بۆنى شێ و بۆنی ساردو بۆنی خوێنی لێدەھات ، دیواری ژوورەکەو کەرەستەکانی ئەشکەنجەدان خوێناوی بوون٠بەڵام ئەرزەکەی تەڕبوو لەوە دەچوو دوای ئەشکەنجەدانی ئیسماعیل ئاویان پیاکردبێت و شۆردبێتیان. پاش بینێکی خێرای ئەمانە ، ھەستمکرد ھەر من و کابرا لەژوورەکە داین، چاوم گێڕایەوە سەر کابرا، ، کابراش عەلادینێکی زەردی خستبووە نێوگەڵی و بە چاوە زەق و دەرپۆقیوەکانی بێ جوڵەکردن تەماشایەکی ساردی کردم و مژێکی توندی لەجگەرەکەیدا؛ ھەر وەک تارمای مەرگ لەنێو دوکەڵدا بەدەرکەوت٠ منیش ھەر بە کەلەپچەکراوی لەسەر ئەرزە تەڕەکە دانیشتوم و چۆقەی دانمدێت لەسەرما ٠ کابرا لەسەر لا جوڵاو کۆکەیەکی ناخۆشی کرد ، لەو کاتەدا یەکێکی تریش ھاتە ژوورێ٠
کابرای پشت مێزەکە قەڵەم و دەفتەرو پەڕەکانی ڕاکێشا بۆ لای خۆی و بە دەنگێکی ناخۆش وتی (من نەقيب حسونم ، ئەوەش مفوض طارق)ە٠ ئیتر حسون دەستی بەقسەکردو مفەوەز تاریقیش دەستی کرد بەئامادەکردنی کەرەستەکانی ئەشکەنجەدان٠
حسون بە عەرەبیەکی ناخۆش دەستی کرد بەقسەکردن و بەکورتی وتی: ( من لەساڵی ١٩٩٦٨وە خەریکی کاری سیاسیم و سەرەتا لەحزبی شیوعییەوە، پاشانیش بۆناو حزبی بەعس ، تۆ سیاسی من سیاسی ، ئەوەش بزانە من تۆ ناناسم ، بەڵکو یەکێک ناوی تۆی پێوتوین کە تۆ بەشێوەیەکی نھێنی کار بۆ لایەنێکی تێکدەرو پێشمەرگە دەکەیت٠ئێستا با ئەشکەنجەت نەدەین ، چیت و سەر بەکێیت و چیتکردوە پێمان بڵێ؟! وەعدبێ دوایی ئێمەش لێتنادەین و ئازاددت دەکەین) ٠ منیش وتم : (من ھیچ نیم و هیچ نازانم، تەنھا قوتابیەکم و ئاگام لەھیچی تر نییە) ٠ ئیتر وەك ئاسمان پڕبووبيت لە هەورەگرمەو چەخماخە ؛ ئاوا توڕەبوو دەستی کێشا بە مێزەکەی بەردەمیداو چاوی ھێندەی تر دەرپۆقی و وتی : (ولک گەواد ، انت تنزیمی ، ھس اقتلک)، بۆمھات و کێبڵێکی لێھەڵگرتم ، تاریقیش بە دارو شەق کەوتە لێدانم ھاواری و قیژەی من و دەنگی کێبڵ و جنێوی سوکی حسون و تاریق تێکەڵ بەیەک بوون و لەکپی و بێدەنگی ئەو شەوە ساردەی شاردا ون بوو ٠ حسون بەدەم وەشاندنی ھەر کێبڵەو شەقێکەوە دەیوت : ( احچى ، اعترف گواد٠ ولک اعترف ، هس انيچك ٠ گواد ، اعترف ، انت عملاء ايران ٠ احچى گواد)٠حسون ئەوەندەى شەق و کێبڵ وەشاند شلوکوت بوو ٠نۆبەى تاریق هات و تاريقيش بەزمانێكى تێكشكاوى بادينى و عەرەبێەکی موصلاوى دەی گوت: ( بابە ئيعتراف بيكە دەچى لۆ ماڵ )٠منیش ھەر دەمووت (هيچ نازانم)؛طارق بەدەم لێدانەوە : (دايكت دەجێم ، چتۆ تەسقيف كرديە؟! خوسكت دەجێم شورشگيران ،يا كومەلان ٠دەى بابە بلێ پێمان ٠سيد نقيب دەبێژك ،ئيعتراف بیكەى دەچى لۆ مال ) ٠
منیش بەس تەنھا گوێم لەجنێوو شریخەی کێبڵەو لەتاو ئازاری لەشم بێ هۆش و سست بووم ٠ ھێندەم گوێ لێبوو حسون وتی : (طارق علگو)٠ تاریقیش ھێندەی نەبرد لەيەك دوو چركەدا جل و بەرگەکەمی لە بەرما نەهێشت و ڕووتی کردمەوەو بە كەلەپچە لەدواوە بەیەکێک لە قولاپەکانی سەقفەکەدا ھەڵیواسیم و وایەری ھندلی كارەباکەی لە سەری چوک(زەکر)و لاکەلەکەم قایمکرد٠ ئەوەندەی چاو داخستن و چاو کردنەوەیەک دەستی حەسونم بینی کە ھندلەکەی بادا، ئیتر من ھاوارو قیژەم دنیای گرت، ھەستمکرد ھەرچی زەمین لەرزەو گڕکانی دنیا ھەیە لەناو لاشەی منەوە بۆ زەوی دەچێت، لاشەم ڕا دەوەشاو ئارەق لەسەرمەوە تا نوکی پێم دەچۆڕا، ھەر ئەتووت بارانی پایزە بە ڕەشەباو تۆزو ھەورەگرمەوە دادەکات٠ لەگەڵ ھەربادانێکی ھندلەکەدا ڕەنگم شین و مۆر ھەڵدەگەڕاو ھەنسک و ھاوارو قیژەم تێکەڵ بە ڕاوەشاندنی کارەباو جنیوە سوکەکانی تاریق و حسون دەبوون٠ تاریق مێزە بزۆکەکەی خستە ژێر پێم و تۆزێک بنباڵ و مەچەکم ئازارەکەی کەم بووەوە ، وتی : ( خوسکت دەجێم ئیعتراف بیکە ) ، منيش وتم (هيچ نازانم)٠ تاریق شەقێکی لە مێزە بزۆکەکەی ژێر پێم ھەڵداو مێزەکەش لەژێرپێمەوە بەتەقەتەق دەرچوو ، ھاوکاتیش حسون ھندلەکەی بادا، کارەبا خەریک بوو گلێنەی چاوم دەرپەڕێنت و مۆخی مێشکم لەلوت ودەمم و گوێمەوە بێنێتە دەرێ٠ بەڵام لەژێر ئەم ئەشکەنجەو ئازارە زۆرانەدا پاڵەوانی ڕۆمانی (هەرەس) ى (محەمەد موكرى) و پاڵەوانی ڕۆمانی(رۆژهەڵاتى ناوەڕاست) ى (عبدالرحمن مونيف)م ھاتەوە یاد ، کە چۆن لە بەندیخانەدا ئەشکەنجە دەدرێن و دان بەخۆیاندا دەگرن٠ ڕێکەوتێکی سەیر بوو ، من تازە ئەم ڕۆمانانەم خوێندبوومەوەو وەک خۆێندکارێکی ئەکتەریش لە بەشی شانۆ بەشداربووم لەپرۆڤەی شانۆی (گەر فەلەستینی بویتایە چیت ئەکرد ؟! کە (ممدوح عدوان) نوسیبووی و ( مۆفەق عارف لھۆنی) دەریدەھێنا ، لەھەمووی سەیرتر ئەوە بوو من لەو شانۆییەدا ڕۆڵی فەلەستینیەکم دەدی کە لە بەندیخانەدا ڕوو بەڕووی ھەموو جۆرە ئەشکەنجەو ئازارێک دەبێتەو داوای لێدەکرێت دان بە ھەموو شتەکاندا بنێت و ھاوڕێکانی ئاشکرا بکات٠
ئەو دوو ڕۆمانەو دەقی گەرفەلەستینی بویتایە چیت ئەکرد ؟! بۆمن فێرگەئەکی گەورەبوون لەوکاتەدا ، چونکە بەتەواوی زیندان و ئەشکەنجەو شۆڕش و گیانبازیان پێ ناساندم ٠ بەتەواوی خۆرێک بوون لە ناوەوەمدا ھەڵدەھاتن ، دەنگێکی بەھێزو بڕوا بەخۆبوونی لەمندا دروست کرد ؛ فێریانکردم چۆن دان بەخۆمدا بگرم و ھاوڕێکانم ئاشکرانەکەم و نھێنیەکانیش بپارێزم ٠ بەڕاستی لەوکاتەدا فريامكەوتن، چونکە لەکاتی لێدان و ئەشکەنجەکاندا ئەو پاڵەوانانەم ئەھاتەوەیاد کە چیان دەوت و چۆن لەگەڵ ئەو بارو دۆخانەدا ھەڵوێستیان دەنواندو چۆن ڕووبەڕووی ھەموو ئەشکەنجەیەک دەبوونەوە لەپێناو بیرو باوەڕ ئازادیخوازی و سەربەستیدا. ھەر لێرەوە ڕۆڵ و کاریگەری ئەدەب و ھونەرم بۆ دەرکەوت ، کەچون مرۆڤێکی تریان لەناو مندا دروست کردووە ، مرۆڤێک کە بەرگەی ھەموو نەھامەتی و شکست و ئەشکەنجەیەک بگرێت٠ دۆزە ڕاستەقینەکەی ژیانیان پێناساندم، کە ھەمیشە مرۆڤخوازی پەیوەستە بەئازادی و ماف و کۆشش و خەباتەوە٠ بۆیە کارەکتەرو پاڵەوانی ئەو ڕۆمانانە لەوەختی ئەشکەنجەدانەکاندا لەلایەک خەیاڵ و فکرم پێیانە سەرقاڵ دەبوو، بەمەش کەمێک ئازارەکانم لە بیردەکردو لەلایەکی تریشەوە ھێزو وزەی بەردەوامی و خۆڕاگرییان تیدا دەبزواندم ٠ تاریق و حسون ھەرگیز بۆ چرکەیەک لە ئەشکەنجەدانم نەوەستان، بەڵکو ئەمجارە تاریق بەشێوەیەکی تر ھات و بە چەرخەكەى ئاگری لە توکەبەرو گونم بەردا ، بە ھەموو ژیانم ئازارو ژانی وام نەچەشتبووە ، خێرا لە ھۆش خۆم چۆم و ئیتر نەمزانی دنیا شەوە یاڕۆژە٠ کاتێکیش بە ھۆش بووم تاریق ھات و جگەرەکەی لەسەر سمت و قاچم كوژاندەوە، منیش ھیچ چارەیەکم نەبوو ، تەنھا بەو ئاسمانەوە ھەڵواسراوم و دەبێت خۆم ڕابوەشێنم ، چەندیش خۆم ڕابوەشاندایە ھێندە مەچەک و بنباڵم دەتەقی و ئازار دەیبردمە دۆزەخ ٠ تاریق جار جارێكيش بەهەموو هێزى خۆی قاچەكانى ڕادەكێشام ، تا بنباڵ ومەچەكم زیاتر بتەقێت٠ زۆر جاریيش لەتوڕەييدا گازێكى لێدەگرتم و دەيوت: (خوسكت دەجێم ، دايكت دەجێم، تۆ كۆمەلانى يا شۆڕشگێڕان)٠
پاش ئەو ھەموو ئەشكەنجەدانە بێهيوا بوون لەوەی من ھیچ ناڵێم ، چوون ئيسماعيليان هينا بۆ زیاتر روخاندنم٠بەڵام ئیسماعیلیش بەحاڵ خۆی بەپێوە دەگرت؛ منیش بەھێزییەکەوە تەماشایەکی ئیسماعیلم کرد ، بینیم کەچاكەتێكى نیلی دابوو بەسەر دەستيا ، ئیسماعیل پێوەى دياربوو کە خراپ ئەشکەنجەیان دابوو، سەرو سیمای بەتەواوی ژاکابوو ؛ بەئازارو بێھێزییەکەوە وتى: (بورهان كێشەكە _ف٠٠٠٠_يە ، هيچ نەڵێى ، من هيچم نەوتووە )٠ئیسماعیل قسەکەی تەواو نەکرد ، تاریق و حسون بەکێبڵ و شەق و زلەو تێڵا کەوتنە لێدانی و بەرەو دەرەوە بردیان ، دەنگی ھاوارو ناڵەو فیغانی ئیسماعیل تێکەڵ بەجنێو و تەپەی کێبڵ و شڵپەی شەق و زرمەی تێڵاو بوو بوو ،گۆڵمەزێکیان پێ دروست کرد٠
منیش تا دەھات ئازاری بنباڵ و مەچەکم زیادی دەکردو زۆری بۆ دەھێنام ٠پاش تۆزێكى تر ھێندمزانی (بەكر)يان هێنا ؛ کاتێکیش بەکر منى بينى بەو ئاسمانەوە هەڵواسراوم و وەك مەڕى سەربڕاو و كەوڵكراوم لێكراوە ، حەپەساو و بێدەنگ واقوڕماو ھەر تەماشای دەکردم ، دەمووچاوی و سەراپاى ڕوخسارى وەك ليمو زەرد هەڵگەڕا٠ من هەموو گيانم شەڵاڵى خوێن و ئارەق و شوين كيبل و ئەشکەنجە بوو، بەتەواوى بێهێزو سست و بێهوش بووم ٠تاریق و ئەمنێکی تر ھەرچۆنێک بوو منيان داگرت و خێرا سەتڵێ ئاوی ساردیان کرد بەسەرماو كەوتنە فەلاقەى قاچ وپشتم ، تاریق ھەر دەیویست من ھەستم و ڕابکەم تا خوێن بکەوێتەوە جوڵە لەبنی پێ و سەراپای لەشمدا ؛ بەڵام من وەک چۆن گایەک لەژێر بارێکی قورسدا دەکەوێت و ناتوانێ ھەستێت و دەناڵێنێت ، منیش دەمناڵاندو نەمدەتوانی ھەستم و بجوڵێم ٠ ھەرچۆنێک بوو ھەڵیان ساندم بەدەم شەق تف و کێبڵەوە بەرەو حەوشەکە بردمیان و لەوێشەوە فڕێیاندامە ژوورێكى مەتر بەمەترەوە ، ڕحمانی ئامر حەرەسیش لەدوایانەوە ھات و کراس و پانتۆڵەکەی بۆ فڕێدام ،کەزانی دەستم ئیش ناکات و ناتوانم لەبەریان بکەم ئەو لەبەریکردم.
بە لەشێکی تێکشکاو پڕبرینەوە کەوتم ، لەتاو ئازارو ژان و برین دەمناڵاند٠
لەگەڵ دەنگی داخستنی کێڵون و قوفڵ و زڕەی زنجیر ی دەرگاکە هاوارو قيژەو دەنگى (بەکر)یش بەرزبوەوە ، ئیتر لەتاو سەرماو ئێشی لەشی خۆم و قيژەو هاوارى بەكر ، تابەيانى هەڵ لەرزيم و چۆقەى دانم هات٠
(ماويەتى ،چاوەڕوانى بەشەكانى تربن)
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.