نیسان 12, 2018 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە سەعید حەمەغەریب : عەلی حەسەن مەجید ووتی: یان من شەرواڵ لەپێدەكەم یان عەگال دەكەمە سەری كورد.
سەعید حەمەغەریب :
موستەشاری فەوجی (٢٥١)ی جاش .
عەلی حەسەن مەجید ووتی: یان من شەرواڵ لەپێدەكەم یان عەگال دەكەمە سەری كورد.
دیمانە لەگەڵدا کراو : سەعید حەمە غەریب
دیمانەساز: عومەر محمەمەد
ناوەراستی ئازاری ٢٠٠٨
شوێن : سلێمانی – بەرانان
هەركە ریكۆردەرەكەم داناو دوگمەکەیم داگرت، دوام لێكرد خۆی بناسێنێ ئەو بەبێ وەستان وەڵامی دامەوەو ووتی: من ناوم سەعید محەمەد غەریبە موستەشاری فەوجی (٢٥١) بووم. پێم دەڵێن سەعی حەمە غەریب لە ساڵی ١٩٤٥ لە قەزای كفری لە دایك بووم.
ساڵی ١٩٥٩ لە قوتابیان بووم، هەتا سەرۆك بارزانی لە روسیا گەڕایەوە و قوتابیانی دامەزراند، من كارم تێداكرد، دوایی بوو بە خەبات، لەوێش بەشداریم كرد، هەتا ساڵی ١٩٧٥ دواتر گیرام و نەفی كرام و هەواڵەی پارێزگای ناسریە كرام، لەوێ ساڵێک و سێ مانگ لە (سوق شیوخ ) بووم، دواتر هاتمەوە لە دائیرەی ریگاوبان دامەزرام، ئەوكاتە محەمەد سلێمان ئەندازیارمان بوو، هەروەها كاك “عومەر فەتاح”[1] ئەندازیار بوو لەوێ، لەرێگەی باسنێ ـ كەناروێ كارم دەكرد، ئەوە بوو لەوێش لێمان قەوماو بنكەیەكی پۆلیس هەبوو تەقاندیانەوە ئیتر ئێمەشیان دەركرد. ئینجا لە رێگەی بەغدا ئیشم دەكرد، زۆر دەیانكردە سەرم ببمە حزبی زۆرفشاریان خستبووە سەرم.
کاک سەعید با کەمێک بەهێمنی دیدارەکەمان بکەین ؟
بەڵێ باشە
وابێت باشتر نیە ؟
ئەی ناڵێم باش ؟ باشە بابەدڵی تۆبێت
ناوی سیانیت چیە ؟
ئەی مەگەر نەمگوت سەعید حمە غەریب
موالیدی چەندی ؟
موالیدی ١٩٤٥ م
خەڵکی کوێیت ؟
ئەسڵ وفەسڵم کفری
واتا بنەچەتان خەڵکی کفرین ؟
بەڵێ من لە قەزای کفری لەدایک بووم .
تۆ موستەشاری جاش بوویت ؟
بەڵێ جاش بووم و موستەشار بووم .
فەوجەکەت ژمارە چەند بوو ؟
ژمارە (٢٥١)
وتت فشاریان خستووەتە سەرم كێ فشاری خستبووە سەرت ؟
پیاوانی رژێم
كێ بوون، ئەوانە كوردبون یان عەرەب ؟
یەكێكیان كورد بوو ناوی ئیسماعیل بوو، ئەویتریان عەرەب بوو ناوی حسین بوو.
پلەی حزبیتان چی بوو ؟
من هەرنەبووم بە حزبی پلەم نەبوو .
ئەی پلەی حزبی ئەوان چی بوو؟
نازانم رەفیق فلانو رەفیق فیساریان پێ دەگوتن. بەو شایەتیەش كە خۆم هەڵبژارد بۆ (مجلیس)[2] ئەنجومەنی نیشتمانی، لەبەر ئەوەی حزبی نەبووم، نەیانهێشت، وتیان تۆ دەبێ دەست بكێشیتەوە، دەنا دەنگێكی زۆر زۆرم دەهێنا، چونكە هەرلە كورد لە عەرەب دەیانگووت: دەنگ بە سەعید جاف دەدەین. هەموو هاواریان دەكرد دەنگ بۆ سەعید دەدەین.
ئەی بۆچی دەرنەچوویت ؟
ئەی نالێم حزبی نەبووم، كاتێك چوین (خدرعبدالعزیز) ێك پارێزگار بوو، ووتی: تۆ پلەی حزبیەكەت چیە ؟ ووتم: من حزبی نیم هاوڵاتیەكی ئاسایم وبێلایەنم، ئەگەر قایل دەبن من خزمەتی وڵات دەكەم و دەنگیش دەهێنم . ووتی : نابێت، تۆ حزبی نیت دەبێت لە ئەندامەتی ئەنجومەنەکە بكشێیتەوە.
ئەی چیت کرد کشایتەوە ؟
باقسەت بۆ بکەم، ئەوە بوو فایلەكەمیان كێشایەوە، ئیتر ناوم هاتەوە بۆعەسكەری و موالیدەكەمان بانگكرایەوە، منیش نەچوومە ریزی سوپاو (متخلف)[3] بووم.
ئەی کە متخلیف بووی چۆن بوویتە جاش ؟
كابرایەك هەبوو سەید بوو ناوی سید احمد مرعی بوو، ووتی: سەعید جاف بۆنایەیت فەوج بكەیتەوەوببیتە مستەشار؟ ئیتر بە قسەی ئەوم كردوو بوومە مستەشار. خەڵكانێكی زۆركە چووبوونە دەرەوە ببن بە پێشمەرگە، یان سەربازی هەڵاتوو بون، هاتن لەدەورم خڕبونەوە ووتیان: كاك سەعید چارێكمان بكە، چیش بە ئێمە دەكرێ ئامادەین.. تەحەداش دەكەم، لەشارەزوورو لە سەرانسەری گەرمیان بە هەموو عەشیرەتەكانیەوە لە ( گێژ، جاف، دەلۆ،داودە، زەنگنە)[4] تەحەدایان دەكەم تاكە یەك كەسیان بێت بڵێت: سەعید جاف یەك دیناری لێوەرگرتووین. كاتێكیش ئەنفال رویدا، من بەدلنیاییەوە بەبێ ترس ئەیلێم چونكە لەكەس ناترسمو سەربەرزم، هیچ ترسم لە خۆمو لە قسەكانم نیە، هەتا بڵێن دەترسێت، لەترسا ئەم قسانە دەكات، كاتێك من دەستم كرد، بەكورد ڕزگاركردن كەم كەس دەیتوانی لە ئەنفالدا ئەوە بكات كەمن كردوومە، ئەم قسانەش بەبەڵگەو شاهیدەوە دەكەم، نزیكەی ١٧٠٠٠ حەڤدە هەزاركەسم ڕزگاركردووە.([5]) لە عەشایەر، لەپێشمەرگە بە هەموو لایەنەكانەوە ” لەشیوعی پارتی یەكێتی”، ئینجا لەپیرو گەنج، لەمنداڵ، گەنج) ئەگەر هەموویان نەمابن زۆر زۆریان ماون، بەڤیدیۆ قسەیان كردووە دەتوانی بیانبینی، هەموویم هەیە، خۆتیش دەتوانی بچیت بیانبینی، ئینجا بزانە قسەكانم راستن یان درۆ..؟ خۆیان دەڵێن سەعید جاف ڕزگاری كردووین، هەروەها كەسوكاری پێشمەرگە زۆریان لەلای من داڵدەو پەنادراون، هاوكاریم كردوون، خزمەتم كردوون، پارەم داونەتێ و بەپێی توانا نەمهێشتووە موحتاج بن. ئەوانەی ڕزگارم كردوون و ئەوانەی جاش بوون، لەلای من شایەتن، زۆریش لەوانە ئێستا ماون و لە ئاسایشو لە پۆلیس و لە حزبو حكومەت كاربەدەستن، ئەفسەرن، قایمقامو شتی گەورەتریشن.
ئەی بۆچی خۆت ئێستا كرێكاری دەكەیتو شۆفێری خەڵكیت ؟
ئەوە لەمن مەپرسە لەوان بپرسە.
لەکێ بپرسم مەبەستت چیە ؟
لەبەرپرسەکان بپرسە، ئەوان دەزانن بۆ بارم لارە، هەر لەبەر ئەوەی كوردم ڕزگاركردووە. من پاكانە ناكەم، راست دەرۆم و لەكەس ناترسم، ئەگەر خراپەكاریم بكردایە ئێستا وەزعم ئاوا نەدەبوو.. فەرموو من ژمارە تەلەفۆنت دەدەمێ قسەیان لەگەڵدا بكە.
بەشداری شەڕی پێشمەرگەت كردووە ؟ یان ئەوان هاتوونەتە سەرت و شەڕت لەگەڵدا بكەن..؟
ڕۆژێك بروسكەیەكم بۆهات وتیان قواتێك لەگەڵ خۆتدا بەرە بۆ (ئۆمەربل)[6] پێشمەرگەی لێیە برۆ بیانگرە، وتیان دەبێت برۆیتە گیانیانو بیانگریت.. ووتم باشە بەسەرچاو نزیكەی ١٠٠٠ تا ١٢٠٠ جاشم كۆكردەوەو رۆیشتمە سەریان لە گوندی ئۆمەربل، پێشمەرگەكان ماون لەوانە كاك عوسمانی حاجی محمود، شەهید حەمەرەش، شەهید ئەحمەدی حاجی رەشید، قاسم ئەحمەد یارە ئەمانە هەموویان بوون، ئەمانە دەبابەكانی گەرمیان بوون.. ئەوە سەرداری حاجی رەشید فرج ماوەو پیاوێكی ناسراوی شاری كەلارە، هاتبووەوە لای من ببووە جاش، بانگم كرد ووتم: سەردار تۆ هەمووی دوو ڕۆژە گەڕاویتەوە یەكێتی بویت و پێشمەرگە بوویت لەگەڵیاندا، برۆ بزانە ئەم پێشمەرگانە چییان دەوێ..؟ ئەمە كاتێك بوو تەوقمان كردبوون، مەجالی دەرچونیان نەبوو، تەسلیم دەبن یان هاوكارییان دەوێ، بزانە چییان دەوێ هەتا بۆیان بكەین.. ئەوانەی ناویانم هێنا (عوسمانی حاجی محمود، حەمەرەش، ئەحمەدی حاجی رەشید) هەریەكەیان بەگرتنیان یان بە كوشتنیان خەڵاتی مەدالیایەكی ئازایەتیان پێ وەردەگیرا، ئەمەیان پێمان گوتبوو، ئەوانە دەبابەكانی گەرمیان بوون.. لە هۆمەربل سەنتەری شۆرشو پێشمەرگە بوو.. كە سەردارم نارد جاشێكی تریشم لەگەڵیدا نارد ئەویش پێشتر پێشمەرگە بوو هاتبوو لای من تسلیم ببوەوە. من ئەو دوو كەسەم نارد كەچی كە گەڕانەوە سێ كەس بوون.. كە نزیك بوونەوە بینیم (حەسەن)یان لەگەڵدایە حەسەنیش دوو ڕۆژ بوو هاتبوو تەسلیم بەخۆم ببووە لە مەقەڕ بوو لای خۆم .. ووتم ئەوە حەسەن چیدەكەی لەوێ، ئەی تۆ لەمەقەڕ نەبووی.. بێترس وتی واللە كاك سەعید ئەمشەو گەڕامەوە بۆلای پێشمەرگەكان. ئەی من برایەكم ها لەگەڵیاندایە قاسم برام ئامر كەرتە ( قاسم ئەحمەد یارە ئێستا لە شاری كفری دەژی و دوكانی قەسابی هەیە) ئەویش قارەمانێك بوو بۆخۆی دەبابەیەكی تری گەرمیان بوو.. وتم ئافەرم حەسەن مادام ئەوەندە ئازاو مەردیت دەبێ تۆ هەر لەگەڵمدابیت (ئەی من پیاوی حكومەت بووم، موستەشار بووم) ئەو نەترسا چۆن ئافەرینی نەكەم.. وتم حەسەن ئەوان چەند كەسن ؟ وتی وەڵا كاك سەعید نزیكەی ٦٠ – ٨٠ كەسێك دەبن، سەرداریش مەرد بوو ترسم لێی نەبوو، هەروا دوو سێ ڕۆژێك دەبوو خۆی تەسلیم كرد بوو، ئەویش لە ناچاری. وەزعەكە زۆرخراپ بوو، كەسوكاری ئەنفالكرابوون دوو سێ برای ئەنفالكران.([7]) سەرانسەر ئۆمەربل سەرانسەر (بەكرە شەل)([8])، سەرانسەر فەتاح هۆمەر كە ئێستا خەڵکی ئەو گوندانە ماونو ئەژین لە چاوی منی دەزاننو من ڕزگارم كردوون.. خێزانی واهەیە تەنها كەسێكی ماوە ئەویش من ڕزگارم كردووە، گوندەكانی توكن، عەزیز قادر، جیاوازیم لەنێوانیاندا نەكردووە لە هەموویان ڕزگارم كردووە لە گێژ، لە جاف، لە داوێ، لە زەنگنە لە دەلۆ) ئەو ڕۆژە ڕۆژی پیاوەتی بوو، ئەگەر كەسێك بیویستایە..كورد لە تەنگانەدا بوو، وەختی فەرق وجیاوازی نەبوو..
بەڵام كاك سەعید بمبوورە، لێرە رات دەگرم، ئەو گوندانەی باسیان دەكەی كەسی وایان نەماوە هەمووی ئەنفالكراون ! ئیتر تۆ كێت ڕزگار كردووە..؟! خۆ كەسی وایان نەماوە ؟ ئەی ئەوانە كێ ئەنفالی كردوون ؟
گوێبگرە .. برام ئەوەی تۆباسی دەكەیت راستە، ئەوانە كاتێك ئەنفالكراون من لەوێ نەبووم، فەوجەكەم لەعەربەت بوو، ئەی خۆ فەوجەكەی من لە ئەنفالدا نەبوو، بروا بكە ١٠٠٠٠ دەهەزاردیناری ئەوكاتە کە دینار سویسری بوو دام بەبەرتیل بۆ ئەوەی نەقلم بكەن بۆ گەرمیان بۆ ئەوەی بەشداری ئەنفال بكەم. بۆ ئەوەی فریای ئەو خەڵكە بكەوم. من ئەوانەم ڕزگاردووە كە لەو هەردانە مابوونەوەو بەردەستی جەیش و جاش و پیاوی حكومەت نەكەوتبوون.
ئەو ١٠٠٠٠ دەهەزاردینارەت دابەكێ ؟
دام بە عەمید روكنێک و جەمالی تەجنید و بەكری فاتە ئەویش عەقیدی ئیستخبارات بوو، دام بەوان .
عەمید ڕوکنەکە کێ بوو ؟
نازانم کێ بوو من راستەوخۆ نەمدەناسی .؟
با بگەڕێینەوە بۆ ئۆمەربل .
فەرموو
ئەگەر باسی شەڕەكەی ئەوی تەواو بكەیت.. ؟
كە سەردارو ئەوان هاتنەوە وتیان دەڵێن، شەڕمان پێناكرێت، بارانە و خواردن نیەو هیچ شوێنێك نەماوە بریندار بۆ كوێ بەرین.
كەواتە ئەمەی تۆ باسی دەكەیت پاش ئەنفالی سێ بوو..؟
ئا ئا، هیچ نەمابوو هەر ئەوان لە ناوچەكەدا مابوون، ئیتر جوابم بۆ ناردنەوە وتم : بابرۆنە ناو چەمی شەرەفخان لەوێ خۆیان بشارنەوە ئەوە هەندێكیان لەو پێشمەرگانە ماون (كاك عوسمان، قاسم ئەحمەد یارە) زۆری تریش ماون، برۆ لێیان بپرسە .. وتم من ئیستخبارات ناردوومی ئەگەر تەقەو شەریش بكەین ئێستا كۆپتەردەگاتە سەریان، من نەكوڕی كەس دەكوژم، نە كەسیش دەفرۆشم، بەڵام لەبەرئەوەی ئیستخبارات ناردوومی دەبێ بێت ئێرە ببینێ، ئیتر ئەوان چونە چەمی شەرەفخان و ئیستخبارات هاتە ئۆمەربل، وتم كوا كەسی لێیە ..؟ وتیان نەخێر معلوماتەكە هەڵەیە.. درۆش نەبوو ئەوان لەوێ بوون.
ئێستا كاك عوسمانی حاجی محمود([9])شایەتیت بۆدەدات ؟
من نازانم خۆیو ویژدانی خۆی دەزانێ، بەڵام ڕۆژێك لەسەرقەڵای كفری لەسەر جادەكە پیاسەم دەكرد، حیمایەم لەگەڵدا بوو، زەلامێك هات وتی: كاك سەعید وتم: ئا. وتی ماڵی حاجی حەسەن باوكی فایەق و حاكم عەدنان و عەلی و ئازاد و ئەوان حەیوانێكیان سەر بڕیوە حەوت هەشت پێشمەرگە هان لەماڵیان، منیش چووم بۆماڵیان سەلامم كردوو وتم : دایە حاجی چیتان سەربریوە؟ وتی: گۆشتمان هەیە، وتم : نا بێژە چیتان سەربڕیوە، ئەو هەرپێشی پێدەگرتم، هەتا گەیمە دیوە خانەكە. ووتم: هەتا لەو نانە نەخۆم و لەوحەیوانە نەخۆم كەسەرتان بڕیوە، لێرە ناڕۆم ئەچمە ئەو ژورەوە، وتی نا حەیوانێكی ترت بۆ سەردەبڕم بەس مەچۆرە ئەو ژورەوە، ئەوە دایكیان ماوە، كوڕەكانی گشتیان ماون، حەزدەكەی ئێستا تەلەفۆن دەكەم بۆ فایەق كە ئێستا لە مەڵبەندە، من دانیشتم نانم خواردو ئیسراحەتم كرد، باشە ئەگەرمن نیازم خراپ بوایەوكورد نەبوومایە، نەمدەتوانی لەناو ئەوهەموو جەیشەدا ئەو حەوت پێشمەرگەیە بگرم..؟
با پرسیارێكت لێبكەم ؟
نا،نا پرسیارم لێمەكە بچۆ پرسیار لەو پێشمەرگانە بكە، خۆ ئیعترافەكانیان لەكاسێتە ڤیدۆكاندا هەیە، ئەتوانیت گوێی لێبگریتو بەچاوی خۆت بیبینیت.
ئەوەی تۆكردووتە كارێكی هەتا بلێی چاكە، هەتا بڵێی ئینسانیە، من لە جیاتی ئەوكەسانە سوپاست دەکەم.. بەڵام كە تۆ ئەو هەڵوێستە بەرزەت هەیە بۆچی بویت بەجاش..؟ خۆتۆ نەتدەزانی ڕۆژێك دێتە پێشەوە ئەنفال ڕودەدات هەتا پێویست بێت، ببیت بەجاش بۆئەوەی فریای خەڵك بكەویت..؟
گوێ بگرە، باوكم حەوت ژنی هێناوە، لە بەرەی حەوت ژن، تەنها منی كوڕ بووە، خوا ئەوەی كردووە كە من دروست ببمو حەڤدە هەژدە هەزاركەس لەكوشتن ڕزگار بكەم. ئەمان ئێستا كە لە پەرلەمان دانیشتوون ودەنگ دەدەن و سەعیدیش بەرەڵایەو هیچ نیە ..
نانا دوور لەتۆ، تۆ بەرەڵا نیت، ئەوەی تۆكردووتە لە خەڵكی بەرەڵا ناوەشێتەوە.
بەڵی بەڵێ دورلەرووی تۆی ناوێ. من لەدوور بۆنم خۆشەو لە نزیكیش بۆنم خۆشە .. بەس ئێوە ؟
ئێمە چی ؟ کاک سەعید باگفتوگۆیەکی هێمن بکەین .
كاكە تۆ كە شۆڕشگیر بوویت لەدورەوە بۆنتان خۆش بوو، كە نزیك بوونەوە بۆنتان ناخۆش بوو..
بەڵام من بۆ..؟ خۆ نە مەسئولم و نەهیچیشم بەدەستەو منیش یەكێكم لەو كەسانەی ڕەنجم داوەو هیچم نیەو قوربانیم .
ببورە ئەو قسەیە لەڕوی تۆ دەكەم .. بەمن دەوترێ جاش، بەڵام بەو كەسانە ناوترێ كە بەكۆمەڵ خەڵكیان گرتو كوشتو ئێستاش لەلای (مەسئولین) بەرپرسان لەهەموو كەس لەپێشترن، یان ئەو مەسئولانەی لەگەڵ ئەوان هیچ فەرقیان نییە..
تۆدەڵێی حەڤدە هەزاركەسم ڕزگار كردووە ..؟
كاسێتەكان لەلای خۆتن .
یەعنی بەڵگەت هەیە ؟
كاسێتەكان تەماشا بكە ..
ئاخر حەڤدە هەزاركەس زۆر زۆرە ..
بەڵام دەلیل و ئیسپاتم هەیە ..
ئەگەر وابێت مێژوو قەرزاری تۆیە ..
دەسا وەڵا لەسەر یەك نوقتەكەمی ئامادەم ئیعدامم بكەن . تەنازولیش بۆ هیچ كەسێك ناكەم، لە گەرمیاندا (كەڵ)[10]م ، لەگەرمیاندا (كەڵ)م .. سەربەرزم .
ئاخر ڕزگاركردنی ١٧٠٠٠حەڤدە هەزار كەس هەربەدەم خۆشە.. ئەگەر وابێ، تۆ كارێكی لەرادەبەدەر ئینسانی و لەرادە بەدەر ئازایانەت كردووە .؟!
تۆ بلێ دوو كەس كاكە
من دەڵێم یەك تاكە كەسیشت ڕزگاركردبێ، زۆرە كارێكی باشە بەڵام من دەمەوێ پرسیارێكی ترت لێبكەم ..
پرسیارمەكە، جارێ راوەستە، یارمەتیم بدە.. هەتا دادە سەرگوڵ كە نەمبینیوەو ناشی ناسم، مام ڕۆستەم لەدوورەوە بینیومە، دەی برا من ڕزگارم كردووە بە بەڵگەو بە ئیسپات .
تۆ رێگەت نەدام پرسیارەكەم بكەم .
فەرموو .. فەرموو
ئەو حەڤدە هەزار كەسە ئێستا رێزت دەگرن یان بێوەفان بەرانبەرت ؟
ئێستا ئەو (CD)[11] شریتانەش كە لەلای جەنابتە، بەداخەوە كاسیتەكانی سەردەمی بەعس تێدا چوون، كە كاتی خۆی هەندێكیانم وێنە گرتووە، بەداخەوە راكردن بۆ ئێران و شەڕی ناوخۆی بەدناو و ئەمانە لەناوی بردن.. ئەوانەی تریش لە ساڵی ٢٠٠٦ گیراون. ئەگینا ئەگەر ماڵەكەم تاڵان نەكرایە شتم زۆر لەلابوو بروسكەو بەڵگەنامەیەكی زۆری جەیشم لە لابوو. تیداچوون هەمووی ڕۆیی.
بەداخەوە زۆر گرنگ دەبوون ئەو بەڵگانە .هیچت نەماوە ؟
هیچ نەما هەمووی ڕۆیی .
ئەو كاتەی موستەشار بووی پەیوەندی حزبیت لەگەڵ یەكێتی وپارتی هەبوو؟
نەخێر، پەیوەندیم بەكەسیانەوە نەبوو، هەرچەندە یەكێتی زۆرتر قەرزاری منە چونكە لەسەدا پەنجا زیاتری ئەوانەی من داڵدەم دان و پەنامدان، یان پێشمەرگەی یەكێتی بوون، یان كەسوكاری پێشمەرگەكانی ئەوان بوون، هەیانە ئێستا سەركردەیە، كەسی بەرزیان تێدایە هەشیانە ئەو كاتە بەرز بوو، ئێستا لەماڵی خۆی دانیشتووە. نزیكەی سی چل كەسێك پێشمەرگەی پارتیشم ڕزگار كردووە، كە كاتێك هاتن تەسلیم بوون، هەریەكەیان یەكی ٣٠٠ دینارم پێداون، كە ئەوكاتە بەهەر هەموویان ٣٠٠ دیناریان نەبوو، ئەوە (مەبلەغ) ([12]) بوو، نەک گاڵتە، ئەوانەی تریش كە یەكێتی بوون چەكەكانیانم لی نەسەند بوون، هەر هەموویان معاشم ئەداپێیان.. یەك دیناریان پێنەبوو، فەقیرانە لێیان قەوما بوو سەروەتو سامانیان ئاژەڵیان هەمووی بەتاڵان برابوو، هیچیان نەمابوو، پێویست بوو یارمەتی بدرێن.
ویستت باسی سەرگوڵ، ژنی مام ڕۆستەم بكەیت ؟ بەڵام من نەم بیستووە مام ڕۆستەم ژن و منداڵی ئەنفالكرابێ و ڕزگار كرابن ..؟ با، بەڵێ بەبەڵگەو ئیسپات .. لە فلكەكەی سەرقەڵا وەستا بووم تراكتۆرێك هات، چوار (جوندی- سەرباز)ی تێدا بوو، كوڕێكی تێدا بوو، ناوی (سابیر قەراڵی)یە ئێستا لەسەر قەڵایە لەسەر جادەكە دوكانێکی داناوە، كابرایەكی سورەیە (بچۆ سەردانی بكە ).
بەڵێ چی ڕویدا ؟
کەهاتن وتم: ئەوە چییە؟ وتی: وەڵا ئەوەتا ئەو جوندی – سەربازانە گرتوویانین، بەتەمان بمانبەن بۆ (چاڵە قوڵەكە) مەبەستی ئەوبەری سیروان (قۆرەتووە)[13] بوو. منیش وتم: دابەزن دەی دا بەزن، لەجوندیەكانم ڕاخوڕی وتم: لێانگەڕێن بادابەزن ئەگینا بەم ئێوارەیە سەرنگومتان دەكەم،ئەوان حەڤدە هەژدە كەسێک دەبوون هەموویان دابەزین، پیاوێكی پیریشیان لەگەڵدا بوو ئەویش ماوەو ئێستا لە ناحێی سەرقەڵایە،هەموویان دابەزین تەنها ژنێك و دوو منداڵ مابوونەوە، وتم: ئەی ئەوە بۆ دانابەزێ؟ وتیان: ئەوە ژنەكەی مام ڕۆستەمە([14]) ناوێرێ دابەزێ، ووتم: مام ڕۆستەم برای منە، ئەویش خوشكی منە، دابەزە دەی كچی خۆم دابەزە، مەترسە دوو منداڵی جوانكیلەی لەگەڵدابوو، ئەتوت كەون، ئیتر سواری سەیارەشمانكردن بۆ كەلار، لەوێشەوە هاتبوو بۆ سلێمانی و ئەوانیش ڕزگاریان بوو. ئەمە دادە سەرگوڵ ژنی مام ڕۆستەم، كەچی هەتا ئێستا سەردانێكی مام ڕۆستەمم نەكردووە، بڵێم، من ژنو منداڵی تۆم ڕزگار كردووە، ئەویش نەیپرسیوە، چونكە دەبێ سەرگوڵخان هەربۆی گێڕابێتەوە كە جاشێك موستەشارێك ڕزگاری كردبێ، ئیتر ئەگەر مام ڕۆستەم پرسیار نەكات من هەر پرسیاری لێناكەم .
بۆچی پرسیاری لێناكەیت ؟
ئەی من چ كارم بەوە ئەگەر ئەوە بكەم دەبێ تاوانێكم كردبێ، هەتا ئەویش بە فریام بكەوێ، من پێویستم بە واسیتە نیە. هەركەسێكیش دەزانێ دەرزیەكم بە قاچیدا كردووە، بابێت سوژنێك بكاتەوە بە قاچمدا، ئەما من زۆر بێمنەتم.
ئەی بۆچی ئێستا ئاوا دەژی ؟
چۆن دەژیم ؟
مەبەستم ئەوەیە خۆ مافی ئەوەت هەیە لەپای ئەو چاكانەت حكومەتی هەرێم، ژیانت دابین بكات، نەك بەو تەمەنەوە خەریكی كرێكاری و شۆفێری خەڵك بیت..؟
هەموو بەرپرسانی كوردستان زانیاریان هەیەو دەزانن، بەڵام بەداخەوە ئەوان تەنها بە دوای خوێنڕێژەكاندا دەگەرێن، ئەوان شتی جوانیان ناوێ .
بەڵام موستەشاری تریش هەیە، دەڵی من خەڵكم ڕزگاركردووە..؟
من هەقم بەسەركەسی ترەوە نیە، من باسی خۆم دەكەم. ڕزگاری كردووە یان نەیكردووە نایزانم. من ئەوساش و ئێستاش مەسئولی نەفسی خۆمم. ئەحمەدی حاجی رەشید، جوابی بۆنارد بووم، وتبووی جێگەمان نەماوە و خۆم نامەوێ تەسلیم ببمەوە حەڤدە هەژدە كەسم هەیە با بۆم ڕزگار بكات، وتم بیان نێرە (ئەو پێشمەرگانەش جگەلە شەهید ئەحمەدی حاجی رەشید هەموویان ماون و هەنێكیان لە كاسێتەكەدا قسە دەكەن) كە چووم بۆ ملە سورە لە رێگە (٣٥) پێشمەرگەم تووش بوو. وتیان كاك سەعید فریامان بكەوە،چی بكەین، هەر هەموویانم هەڵگرت و بردمن بۆ ئیستخبارات، هەتا یەكێكیان لە ناو ئیستخبارات فیشەكێكی لە دەست دەرچوو، هەرلەوێ هەموو جاشەكانم پەرت كرد. جەماعەتەكەی خۆم ئەوانم گلدایەوە، كردمن بە (مراباتی سەرجادە)[15] هەر ٢٠ مەترو ٣٠ مەتر پێشمەرگەیەكم دانا بوو ئامرلیوا وتبووی: های فوج مال من ؟ وتبویان فوج سەعید جاف .. وتبووی : واللە عفیە سعید جاف .. ئاوا رێگەی كۆنترۆڵ كردووە نەیزانیبوو ئەوانەی سەر جادە هەموویان پێشمەرگەن، خۆشیان لە كاسیتی ڤیدیۆكە قسە دەكەن ..
ئەی حیكایەتی ئەو (٣٥) پێشمەرگەیەی لەكەلار كەبابت بۆ كڕیون چۆنە..؟
ئەوە قائد فرقە بەرەو كفری دەڕۆیشت، دوو ئیڤا پڕ لە چەكداری بە دواوەوە بوو. منیش لێم پرسی سیدی ئەوانە مقاتلی كێن لەگەڵتا ئەویش ووتی : نا بابە ئەوانە مقاتل نین، ئەوانە مخربن گیراون، وتم : ئەی چۆن چەكیان پێیە؟ وتی: ترسیان نیە، فیشەكیان لێسەندراوە.. ١٥ بە ١٥ لە دوو ئیڤادا بوون، هەمووشیان تفەنگیان پێبوو، بەڵام مخزنیان پێ نەبوو، منیش وتم: ئەرێ كاكە من دەناسن؟ پێشمەرگەكان وتیان نەوەڵا نات ناسین، وتم من سەعید جافم، ئێستاش نامناسن؟ وتیان: نەخێر ناتناسین، قائد فرقە ووتی: ئێمە بەرەو قادركەرم دەرۆین، وریای ئەمانەبە، بەڵكو بیانگەینیتە ئەو بەری سیروان. وتم بەسەرچاو نزیك بووینەوە لە كەلار چوار سەیارە حیمایەم بوو، تەبگم كرد سەیارە لەكەلارەوە دەڕۆی بۆ كفریو لەوێوە دەهات بۆ كەلار. جادە قەرەباڵغ بوو، جادەكەم گرت بە جارێك، چوومە لای جوندی- سەربازەكان وتم : ئەوە بۆچی وا بە جارێك رەنگتان زەرد بووەو پەشۆكاون..؟
وتیان هیلاكین و برسیمانە و جگەرەشمان پێنەماوە ..ئەو وەختە جگەرەی سۆمەری ڕەشم دەکێشا، وتم ئادەی پارچەیەك پاكەتم لەوەی خۆم بۆ بهێنن..جگەرەیان هێناو دامپێیان، پێنج جوندی – سەرباز بوون، من لە كفری نانم خوارد بوو، بەیانی سەعات نۆ بوو، وتم: من دەرۆم بۆ كەلار، ئەگەر ئێوەش دێن فەرموون نان بخۆن دوایی ئەمانە دەبەین فڕێیان دەدەینە شەتەكە. وتیان وەڵاهی خێرت دەگات.. كە هاتن بۆناو كەلار. كەبابچی (بەهار) هەیە بەرانبەر نوسینگەی ئێستای هاوڵاتی لە شاری كەلار خاوەنەكەی فایەقی ناوە، دوكانی حاجی مستەفای شاترییە بردمن بۆ ئەوێ، بەكەبابچیەكەم ووت: كاكە لەپێشەوە نان بۆ ئەو (٣٠) كەسە دابنێ ؟ وتی: بۆ؟ وتم : تۆ هەقت چی یە؟ لە كاسیتەكەی لای تۆش كەبابچیەكە ئەو شاهیدیە دەدات، یەكێكی تریش تەنزیمی یەكێتی بووە، ئێستا بەتەمەنە هەموو سەركردەكانیش بەشەریفی دەزانن، ئەویش قسە دەكات، نانیان خوارد، وتم چایان بۆ دابنێن، پەنجاكەسم لەگەڵدا بوو حیمایەی خۆم. بەپێشمەرگەکانم ووت: هەستن بچنە دەرەوە، وتم: كوڕینە بچنە ئەوبەری سیروان یەك كەستان نایەنەوە، نەمن ئەتان ناسم نە ئێوەش من دەناسن..! بتانبەم نایەنەوە، ئێرە ناوكەلارە خۆتان ئەكەن بەكۆڵاندا، چەك دائەنین دای نانێن،ئەوە موشكیلە نیە بەلامەوە گرنگ ئەوەیە ئێوە ڕزگاربن. ئەوەنەی بلێی یەكو دوو لەو ٣٠ كەسە یەك دانەیان نەمان هەموویان رۆیشتن خۆیان شاردەوە، جوندی نانیان خواردوو هاتن وتیان كوان؟ .. وتم : چی كوان سەگبابینە؟ كتاب لای ئێوەیە خۆلای من نیە، بە رەشووەی نەفرێك كەباب ئەو هەموو موخەریبەتان بەردا ..؟ وەڵاهی ئیعدامتان دەكەم. دوایی زۆر پارانەوەو دەستی تۆیان ماچ دەكرد قسە نەكەم لای قائید فرقە. ئەمە زۆر كەس شاهیدە لە كەلار لالە فایەقێك هەیە لە بنەڕەتدا خەڵكی قەرەداغە، دوكانی هەبوو لەكەلار یەكێك لەو پێشمەرگانەی ڕزگاری ببوو كاك حسسێنی ناوە. ناونیشانەكەیم هەڵگرتووە، خۆی كردبووە دوكانەكەی ئەودا، پێی وتبوو: باشە ئەو سەعید جافە نانیشی بۆ كڕینو دەریشی كردین ئەی حكومەت ئیعدامی ناكات؟ لالە فایەق كە تەنزیمی یەكێتی بوو وتبووی: ئەو بتوانێ ٣٠ كەس ڕزگار بكات، باخۆی ئیعدام بكرێت. دوكاندارەكە لە كاسیتی ڤیدیۆكەدا قسە لەو بارەیەوە دەكات . جا من لە پای ڕزگاركردنی ئەو هەموو خەڵكەدا ئەم حكومەتەی خۆمان ئەزیەتم ئەدا، ئیهمالم دەكا باجی چییە ؟ من دەیدەم، باجی ئەوەیە كە خەڵكم ڕزگار كردووە، من وای دەبینم ئەگەر ئەو هەموو خەڵكە بمردایە كەس لێیان هەڵنەدەستا موزاهەرەیان لێبكات.. ئەی ئەگەر وانیە بۆ وام پێئەكەن..؟ ئەی بۆچی هەیە سەد كەسی كوشتووە سەد حیمایەی هەیە ؟ بۆ هەیە هەتا كەوتنی صدام لە بەغدا بووە ئەرزەی دراوەتێ ؟ من وەعدی ئەرزەیەكیان پێمدا نەیاندامێ .. بۆمن عەیبە باسی پارە بكەم. من بە ڕوتی لە دایك بووم و ئێستەش جل و بەرگم لەبەردا نیە..! تەمەنم هەیەو ئەوە ٦٧ ساڵیشم تەواو كرد هەر ئەمرین. ئەرێ صدام حوسێن چەندێك سەروەت و سامانی بوو؟ چی برد…؟ ئایا كە سەربەرزم كە دوای مردنیشم چەند كەس هەیە دەڵێت : سەعید ڕزگارمی كرد؟.. چەند خۆشە خەڵك باسی باشەت بكات، نەك جنێوت پێبدات ..؟ سەر بەرزم بەوەی ئێستاش هەزاران كەس هەیە لەگەرمیاندا دەڵێن جاش بیت جاشین باش بیت باشین لەگەڵتاین بۆ هەموو شتێك .
بەڵام ئێستا تۆ ژیانو گوزەرانت زۆر خراپە، شۆفێری خەڵكیت، باشە وا حكومەت رێزت ناگرێ ئەی ئەوانەی ڕزگارت كردوون چۆن قبوڵ دەكەن تۆ ئاوا بژیت، خۆ زۆریان كار بەدەستن..؟
ئێستا من سایەقی ترێلەم، هی خۆم نیە و خۆت دەزانی سایەقی خەڵكم .
من بیستوومە تۆ عەلی حەسەن مەجید هەرەشەی كوشتنی لێكردوویت.. ؟
ئەوە راستە نوسینگەی باكور دەعوەتی هەموو موستەشارو مەسئولەكانی ئەمنو جەیشیان كردبوو، ئیتر عەلی حەسەن مەجید قسەی كردوو، هەر موستەشارەو هەڵدەستا، قسەی دەكرد، منیش بە ناخێری گیانم هەستام لەلای عەلی حەسەن مجید خۆم هەڵبنێم ، ئەویش قسەكەی پێبڕیمو گوتی : عد عد. باهەر بەكوردیەكەی بیڵێم. وتی ناوەكەتم بۆ دوبارە بكەرەوە منیش دوبارە ناوی خۆمو فەوجەكەمم پێ وت: قایمەیەكی دەركرد وتی جەنابت ١٢٠٠ هەزارو دووسەد ناشەریفت خستووەتە ریزی شەریفەكانەوەو ئێستاش دەتەوێ خۆت بكەیت بەشەریف، وەڵا ئیعدامت دەكەم،من دەزانم ١٢٠٠ هەزارو دوسەد مخربت لەلایە.. منیش ناچاربووم وتم: سەیدی راست دەكەیت، بەڵام من بەئەمری ئیستخبارات ئەوەم كردووە، هەمووشیان مەوجودن ئیستخبارات وتوویەتی با لەلاتبن بۆئەوەی نەبێتە ئاژاوە پاشان گەورەم من واجبیان پێدەگرم. چەكم داونەتێ، ئێستا ئەوانە باشتر لەمقاتلەكانی ئێمە ئەوكوردە یاخیانە دەكوژن، لەئێمەشو لەجەیشیش شارەزاترن..؟ دواتر ئەوانە ئێستا خۆیان یەكتر دەكوژن، بانەڵێن حزبی بەعس كورد دەكوژن ..بابڵێن كورد كورد دەكوژن، عەلی حەسەن مەجید وتی : عەفیە عەفیە..
عەلی حەسەن مەجید هەرلەقاعەكە ئەمەی پێ گووتی..؟
ئا ئا، ئەگەر ئەوەم نەگوتایە نەیاندەهێشت لە قاعەكە بێمە دەرەوە دەیانكوشتم. بەبراكەی شیخ جەعفەری ووت: ئیعدامت دەكەم كەچی ئیعدامی كرد)
ئەی بۆچی ١١ مانگ گیرایت ؟
ئەی هەر لەسەر ئەو وەزعە هەر(تقریر-ڕاپۆرت)م لەسەر دەڕۆی ئیتر فەوجەكەمیان (حەل) كرد- هەڵوەشاندەوە وخۆشمیان گرت.
بەشداری چەند كۆبوونەوەی عەلی حەسەن مەجیدت كردووە..؟ ئامانجی لەو كۆبوونەوانە چی بوو.؟
بەشداری دوو كۆبوونەوەبووم،یەكێكیان پێش ئەنفال بوو، عەلی حەسەن مەجید هەموو مەسئولەكانی خڕ كردبووە قائیدی عەسكەریو مەسئولی حزبیو مدیر ئیستخباراتی عام، مدیری ئەمنی عام، بەهەر حاڵ كۆبوونەوەی پێكردین، کۆبوونەوەکە لە كەركوك بوو، لە شوعبەی رابع، نانی نیوەڕۆشمان هەرلەوێ بوو، ئەو كاتە من فەوجەكەم لەعەربەت بو حیمایەی فرقەی ٢٧ بووم لەسەر جادەكە، لە كۆبوونەوەكەدا وتی: ئێمە هەڵدەستین بە عملیەی ئەنفالی سێ لە كفری، كلار هەتا دەگاتە سنورەكانی سلێمانی، عەلی حەسەن مەجید زۆر تورە بوو. وتی: لۆ كورد یلبس عگال، لۆ عەلی حسن مجید یلبس شروال) واتا یان دەبی كورد هەمووی عەگال بكاتە سەر، یان عەلی حەسەن مەجید شەرواڵ لەپێبكات) من هەرەشەكەی عەلی حسن مەجیدم زۆر بە دڕاندانە زانی، كە گەڕاینەوە من تەماشامكرد ناوی فەوجەكەی من لە قایمەی بەشداری ئەنفالدا نەبووە، ئەوكاتە عقید جمال هەبوو( جەمالی فاتە) خەڵكی سلێمانی بوو، مدیری حساباتی فرقەی ٢٧ بوو، لە عەربەت مامەڵەم لەگەڵ كرد ١٠٠٠٠ دەهەزاردیناری بدەمێ بەس بمگوازێتەوە نقڵم بكات بۆ ناو عملییەی ئەنفال، هاتمەوە بۆماڵ لەكفری ١٠٠٠٠ دەهەزار دیناری سویسریم دا بە نوری حاجی سەعید برای صدیق كە پێی دەڵێن: (ئەبو عەلی قایمقام) لەكفری بۆی برد، هەر ئەو ئێوارەیە نەقڵ بووم، من تاخیر بووم لە نقلەكە ئەنفالی سێ دەستی پێكرد بوو، من كوێم درایە، جادەی كفری – كەلارم درایە، مەودای ١١ كیلۆمەتر بۆم هەبوو حركەی تێدا بكەم، هەتا ملەسورە و ئۆمەربل، هەر لەكەلارەوە هەتا دەگەیشتە بەرانبەر سلیمان بەگ ئەو سەرجادەیە بەدەست فەوجەکەی منەوە بوو، ئیتر هەرچیم تووش هاتبێ لە ئەنفالدا ئەوەی بەردەستم كەوتبێ ڕزگارم كردووە، ئەوەی ماوە ماوەو دەتوانێ بەهەزاران خەڵك ببینێ.
ئەی کۆبوونەوەی دووەم ؟ ئامانجی كۆبوونەوە كەی عەلی حەسن مجید چی بوو..؟
پیرۆزبایی سەركەوتنی لێكردینو دەستخۆشی لێكردین، كۆبوونەوەكە وای تیگەیشتم بڵێت ئەنفالێكی تریش دەكەم، ئەگەر ئێوەش عەگال نەنێنە سەرتان، ئامانجەكەی ئەوەبوو ئەوەی لە ئەنفال دەربازبووەو لە لاملاو ئەولا خۆی حەشارداوە بیانگرێتەوە و ئێمەشی پێوە ئەنفال بكات، ئەیشی كرد.. وەزعەكە لەبار بوو بۆی ئەلواند. لەبەغدا قسەیەكم بیست لە عمید روكن “سالم” بەداخەوە ئێستا ناوی باوكیم بیرنەماوە، بەڵام خەڵكی خالص بوو، وتی: دوای ئەمە پڕۆژەی تصفیەكردنی ناوخۆشمان هەیە، مەبەستەكە ئاشكرا بوو. ئەوە حاڵەكە بوو، ئێوە ئەگەر كوردتان خۆش بویستایە ئێستا سەعید جاف، سەعید جافێ تربوو..؟ ئەمەی من كردوومە لەهەر وڵاتێ تربووایە ئێستا جائیزەی گەورەی وەرگرتبوو.. لە وڵاتان سەگێك ڕزگار بكەی رێزی تایبەتیت لێ دەگیرێت.
ئێمە كێین ..؟ من كابرایەكی بێلایەنم،
تۆناڵێم ئەوانەی شتیان وابەدەست
تۆچاکەی خۆت کردووە، ئیتر بۆ دەتەوێ وەكو ئەو جەلادانە خەڵات بكرێی كە خەڵكیان ئەنفالكردووە و ئەمرۆ لەلایەن دەسەڵاتی كوردیەوە پلەو پایەیان هەیە..؟
من مەبەستم یەكێتیو پارتی نیە، مەبەستم ئەوەیە ئەوەی كوشتوویەتی و بردویەتی موعەزمو موكەرەمە، بۆچی هەزاران كەس هاواردەكەن سەعید جاف ڕزگاری كردوین گوێیان لێناگیرێ.. تا ئێستا بەرپرسێك نە یەكێتی و نەپارتی نەبووە، بڵێت با ئێمە ئەم سەعید جافە بانگ بكەین بزانین ئەو هەموو خەڵكەی ڕزگار كردووە بزانین ئەمە چی یە، سەروچاوی لەمەیمون دەچێ، یان لەبەشەر شێوەی لەكەر دەچێ، دیارە ئەمە كەربووە ئەوەی كردووە. !
دوور لەڕوی تۆ بەڵام كاكە ئەوە خەسڵەت و سیفەتی دەسەڵاتی كوردیە، ئەوە پەیوەندی بەمنەوە نیە، بەدەست من بوایە حسابێكی ترم بۆ تۆو بۆ هەر كەسێكی تر دەكرد. بەڵام دیارە دەسەڵاتی كوردستان بەس تۆیان بەجاش زانیوە، ئەوانی تر شۆڕشگێربوون. بە پێكەنینەوە (ئا ئا) من دەزانم، بۆ ئەگەر ئەوانەش هەموو بكوژرابانایە، ئەوكاتە كەس نەدەما داوای مافی خۆی بكات.
ئەگەر یەكێتی یان پارتی پلەوپایەیەكەت پێبدەن بەچی رازی دەبیت، ئایا تۆ پلەوپایەت دەوێ؟
من پلەوپایەی ئەوانم ناوێ، من لە مەنتیقەی خۆمدا سەركردایەتیەكم بۆخۆم ؟
سەركردایەتی چیت..؟ تۆ زۆرخراپ دەژیت، من حاڵت باش دەزانم، ئەی كەوایە بۆچی گلەییان لێدەكەیت؟
ئەی بۆچی هەموو ١٤/٤ ێك یادی دەكەنەوەو دەیكەن بەهەڵا..؟ ئەی ئەوانەی تاوانیان كردووە بەعسی بوون، ئەمن بوون بۆ هەر مستەشار ؟ كوا موستەشار كێی كوشتووە..؟ یەكێكم بۆبدۆزەرەوە لە كوردستاندا بڵێ ئەوە موستەشار ناوێتی بەناوچاویا ..؟ بزانە هەیە؟
ئا هەیە .
هەیە؟
بەڵی،هەیە چۆن ئەو قسەیە دەكەیت ؟ موستەشار هەیە مرۆڤ کوژ بووە، مستەشارهەیە ئەنفالچی بووە، بەدەگمەن هەیانە كەسی نەكوشتبێت تۆ تەماشای خۆت مەكە، مافی خۆتە داكۆكی لە خۆت بكەیت، بەڵام هەق نیە داكۆكی لەموستەشارەكان بكەیت. كەواتە پێت وایە هەموو مستەشارەكان خەڵکی شەریفن و خەڵك غەدریان لێدەكات.
ئەی بۆچی لە خواروو ئینتیفازە-ڕاپەڕین سەری نەگرت، ئەی بۆلە كوردستان بەعس روخا، خۆ هەمووی چوار پێشمەرگە نەبوو، لە سلێمانیەوە تا خانەقی پێشمەرگەیەكی تێدا بوو؟ ئەی موستەشار نەیكرد..؟
نەخێر موستەشار نەیكرد، دەرفەتێك بۆ خەڵك دروست بوو راپەری، جەماوەر ڕاپەڕینی كرد، ئەوانیش ناچاربوون تێكەڵ بە خەڵكبن، بەتایبەتی چەكدارەكانیان، نەك خۆیان جا ئەگەر موستەشار ڕاپەڕینی كردووە، كەوایە ڕاپەڕین هی ئەوانەو ئێستا خێرمان پێدەكەن كە قسە دەكەین، مستەشار خاوەنی سەروەری نین بە پێچەوانەوە، ئەوان روو زەردی بەردەمی مێژووی میللەتێكن، روو زەردی بەردەم كەسوكاری ئەنفالن، تۆتەماشای خۆت مەكە.. دەی كەوایە هەموومان مەكینەمان بۆدابنێن و بماندەن لە قیمە ..
نا نا، ناتاندەن لە قیمە (بەپێکەنینەوە ) خوا بكات ئێوە لە قیمەمان نەدەن، باشە تۆ بۆخۆت تیكەڵی جەلادو پیاوكوژەكان دەكەیت،؟ تۆ سەربەرزیت بەوەی خەڵكێكی زۆرت ڕزگاركردووە، موستەشاریش هەیە سەرشۆرە بەوەی ژنو كچی میللەتەکەی تەسلیم بە بە سەربازكردووە، هەیە خەڵكێكی زۆری فریوداوە و تەسلیمی كردوون و ئێستاش بێسەروشوێنن، هەیشە هەڵخەڵەتێنراوە و خزم و كەسوكاری خۆی تەسلیم كردووە.. ئەوە دادگا دەتوانێ یەكلایی بكاتەوە نەك من. باواز لەو مشتومڕە بێنین.
باشە .
ئەو ڕۆژەی ئیخباری پێشمەرگەیان كردووە و تۆ چوویتە ماڵی مەلا رەحیمی سەرقەڵا بۆچی چوویت..؟
کێ ئەمەی پێتگوت ؟
منیش لەگەرمیان، کار دەکەم و زانیاریم هەیە .
ئەوەی ماڵی مەلا رەحیم، زەلامێك هات وتی: چوار پێنج پێشمەرگە لەوێن لە ژورەكەی لای بیرەكەوەن .منیش چووم سەلامم كرد. وتم: دایە حاجی چۆنی ؟ بە دایكی مەلا رەحیمم گوت.
ئەتوانیت ناوی ئەو زەلامە بڵێیت كە ئیخباریەكەی كردن..
نەخێر، لەبەركێشەی عەشایەری باش نیە. ناوی بهێنم، رەنگ هەیە لە یادیشم نەمابێ ، بروا بكە كەس هەیە خزمی بەرپرسی زۆرگەورەی ئێستای یەكێك لەم حزبانە هاتووە بۆ لام دەیگوت: بزانە ئەمەمان بۆ ناكوژی سەرشۆری كردووین لەلای حكومەت.
ئێ فەرموو ئەوەی مالی مەلا رەحیم رویدا..؟
ئیتر كە چوومە حەوشە وتم: دایە حاجی هاتووم چایەك بخۆم ئەوە هەر بەرەو لای بیرەكەش دەرۆم، ئەویش پێشی پێدەگرتم، وتی: مەچۆ بۆ ئەولایە. وەرە بۆ ژوورەوە حەوت چایت بۆلێدەنێم،
وتم : كەواتە ئەوانە حەوتن؟، وا پەشۆكا بوو، وتی : ئەرێوەڵا حەوتن. بم وە قوربانت، وتم، دەباشە چایش ناخۆم دەرۆم، ئیتر چایشم نەخوارد رۆیشتم، باشە ئەگەر من لە گرتنیان بومایە بەخوا پارەیەكی زۆر باشیشیان دەكرد. لەسەر قەڵا هەر چواردەوری جەیش بوو. كوڕە ئینجا با شتێكی ترت بۆ بگێرمەوە.
فەرموو
ڕۆژێك ئامرلیوا، تەلەفۆنی بۆكردم وتی: سەعید قەرزاریت ، منیش ووتم: ئەی دوێنی قەرزەكەتم نەدایەوە،وتی: نا بابە قەرزی ئەمجارەت گەورەیە. وتم چۆن ؟ وتی: پاش كەمێكی تر دەیزانی ..منیش بەنیاز بووم برۆم بۆ كفری، تەلەفۆنەكەی تەواو كردوو رۆیشتم،لەسەر پردەكەی برایم خان لەلای غەسالەكەی سەرقەڵا پردێكی لێیە.. وتیان: هات. وتم: چی هات ؟؟ وتیان: نابینی پێشمەرگە قەتارەیان بەستبوو، زۆر زۆر بوون، بەهەموو چەك و تفاقەكانیانەوە دیكتارۆف و بیكەیسی و ئاربیجی لەسەرشانیان دانابوو بەڕیز بەدوای یەكدا دەهاتن، منیش وەستام كە نزیك بوونەوە. وتیان: كاك سەعید فریامان كەوە، ئێمە بە كاغەزێكی تۆ گەڕاوینەتەوە، كاك ئەحمەدی حاجی رشید وتوویەتی برۆن سەعید چارتان دەكات،لەو سەرەوە عەسكەریەكە گرتووینی ئیمەش وتوومانە ئیمە جەماعەت سەعید جافین و عایدی ئەوین، چەكەكانیان داوینەتەوە.. بەخوا فریامان نەكەوی هەموومان دەفەوتێن .. ئەی براڕۆ ئەمانە (٣٥) كەسن و هەیانە زابتی گەورەی كوشتووە، هەیانە تەقەی لە ئیستخبارات كردووە، هەیانە مەسئول گەورەی كوشتووە.. خێرا عەدەم تەعەرزم بۆ كردنو پەرتو بڵاوم كردنەوە، هەر وە چەكەكان خۆیانەوە.. ئێستا ئەوانە چواریان لەناو پارتیدایە ٣١ كەسیان یەكێتین یان سەربە یەكێتین، پلەوپایەیان هەیە عقیدنو مەسئولن، ئەمە بێجگە لەو ٨١ كەسەی تریش كە پیشتر باسم كردن بێ لەو سی كەسەی لەكەلار نانو كەبابەكەیان خوارد.
ئەمانە پێشمەرگەبوون، دەتتوانی حكومەت چەواشە بكەیتو دەتگوت ئەمانە جاشی منن، ئەی خەڵكی مەدەنیت چۆن دەشاردەوە..؟
ئەوانیش هەبوو چەكی خۆمانمان دەدانێ، یان جاشەكانم ئیزن دەدایەوە بۆماڵەوەو ئەوانم لە مقەڕ دادەنا، من شایەتم هەیە. نەجمەدین هەیە لە كفری نانەوای هەبوو، ئەوكاتە نزیكەی شەش، شەوو شەش ڕۆژبارانێك باری بێ وەستان، ئەو نەجمەدینە بەشایەتە، هەموو ڕۆژێ سێ سەیارەی من پڕ دەكرا لە نانو دەمنارد بۆ ئەو هەردو جەوەڵانە بۆ ئەوانەی مابوونەوە و هێشتا نەهاتبوونە خوارەوە، ئیتر ئەوە شوان بوو، ئەوە گاوان بوو، ئەوە خەڵكی تر بوو.. خۆم گەیشتمە لای حاجی عەوار، بینیم ڕانە مەڕێكی زۆر زۆر وەك توكی سەر تێكەڵ ببون، بەخوا ئەگەر بڵێم ٥٠ شوان دەبوون لەو ناوە عەسكەرێ دەورەی دابوون، نیازیان خەراپ بوو، كەگەیشتمە سەریان پەلاماری عەسكەرێكەم دا هەموویم ڕزگاركرد،خۆیان لەشریتەكەدا باسی دەكەن،دەڵێن ئەمە جاش نیە، ئەمە ئیمام عەلییە. بەهانامانەوە هات.
باشە تۆ باوكت ئاغایەكی دەست رۆیشتوو بوو یان هیچ تروسكاییەكت دەبینی كەلێت قەوما لەناو بەعسدا فریات بكەون.. ؟ یان هەر موجازەفەیەك بوو، خۆت دەتكرد.
من كوڕی ئاغانیم، بەپێچەوانەوە مسكێنم، بەڵام تەنگانە بوو دەبوایە فریای خەڵك بكەوتمایە، دەمزانی ئەوەی چووە ئەوبەری سیروان نایەتەوە سەردنیا، خەڵك هەبووە داوای دەكرد تسلیمی بكەم نەمكردووە، لە شریتەكەدا خەڵك هەیە ئەوە دەگێڕێتەوە، من پێموتن كوێتان دەوێ دەتانبەم بەڵام تەسلیمتان ناكەمەوە، پێموتن ئەوەی تسلیم بێتەوە چاوی بەدنیا ناكەوێتەوە، بەشایەت ئەمەم بە خەڵك وتووە، پێموتون ڕۆژێكەو ئەمڕۆ. ئەمرۆ من فریای ئێوە دەكەوم بۆكوێ دەڵێن دەتانبەم، نامەوێ كەس سبەی پێم بلێ سەعید جاف كوڕەكانمانی دایەدەستەوە، سبەی من پێویستم بە ئێوە دەبێ، ڕۆژێك دەبێ ئێوە باڵا دەست دەبن من دێم تەشەبوز بەئێوە دەكەم. ئەوە لەكاسێتەكەدا خۆیان پێشمەرگەكان ئەم قسەیە دەگێرنەوە.
كاك سەعید بەموستەشارەكانت نەدەگوت مەردبن وەكو من خەڵك ڕزگار بكەن.؟ چونكە ئەوانەی من بینیومن لەكاسێتەكاندا دەڵێن تەنها سەعید جاف فریامان كەوتووە موستەشارەكانی تر كەس بەهانامانەوە نەهاتووە..؟
ئەو ڕۆژە باوك لەگەڵ ئەولادی خۆی نەیدەتوانی ئەو قسەیە بكات، من چۆن دەمتوانی بەوانە بڵێم؟ ئەوەشی كردبێتی بەدزیەوە كردویەتی نەیهێشتووە كەس پێی بزانێت.
ئەی كەوایە چۆن مایتەوە، بۆ ئەم ڕۆژە چۆن بەعس ئیعدامی نەكردوویت ..؟ چۆن لەناو ئەوهەموو چاوی جاسوس و گورگانەی بەعس گەیشتیتە ئەمرۆ؟
ئاخر من كە بروسكەكەی سەركردایەتی گەیشتبووە پێشمەرگەو وتبووی فریای خۆتان بكەون و ئینسحاب بكەن، گوتم خوایە، كچی خەڵك خوشكم بێو ژنیان خوشكم بێ، ئیتر عەهدێكم لەگەڵ خۆم كرد، وتم : ئیتر من و ویژدانی خۆم و ئەو خەڵكە، ژیانم ناوێ ماڵم ناوێ سەروەت وسامانم ناوێ، بەرژەوەندی خۆمم ناوێ، ئەگەر پیاوبم سەعید جاف بم، ئەوەی بەردەستم بكەوێ ناهێڵم بڕوا، من وەعدم كردبوو، كە نەترسمو بەفریای خەڵك بكەوم.. ئیتر چۆن مامەوە ئەوە خوا بەفریام كەوت. لیژنەیەك لە موخابەراتی عامەوە هاتن بۆ تەفتیش هەرچی داڵدەم دابوو تەوزیعم كردن بۆ واجب، نەمهێشت یەك كەس بگیرێ.
لیژنەكە كێ بوون ..؟
هەمووی عەقیدوعەمیدو پلەداربوون.
چەكدارەكانیشت باش بوون، دەنا ئەگەر ئەوان ئیخبارییان بكردیتایە نەتدەتوانی ئەو هەموو موجازەفەیە بكەیت.. ئەی هیچ چەكدارێكی خۆت سزاداوە لەسەر ئەوەی خراپەكاری كردبێ ..؟
بەڵی كردوومە.. ئەویش لەلای من نەبوو، لە فەوجێكی تر تورە ببوو هاتبووە لای من..
كەس هەیە لەگەڵ تۆدا جاش بوبێ ئێستا لە حكومەتدا دەسەڵاتداربێ .؟
جاش بوبێ ئیستا مەسئول بێت .. ئۆۆۆۆ! كورە هەر مەپرسە ئەعلا روتبە بەرزترین پۆست، بەڵام سوێندیان داوم باسیان نەكەم ..
من بیستوومە شەهید ( حەمە رەش) ی گەرمیانیشت ڕزگاركردووە ؟
بەڵێ ئەوەی ئۆمەربلو ئەوەی ماڵی حاجی حەسەن شەهید حەمە رەشیشیان لەگەڵدا بوو، ئەگینا نەمگرتووە یان نەهاتووە تەسلیم بوو بێتەوە. حەمە رەش قارەمان بوو.
ئەی كە ڕاپەڕین بوو تۆ فەوجەكەت پەیوەندیتان بەكام حزبەوە كرد ؟
ئەوكاتەی ڕاپەڕین بوو من تازە لەسجن بەرببووم، فەوجەكەم حەل كرابوو، من ١١ مانگبوو گیرابووم، پەیوەندیم بەكەسەوە نەكرد، بەڵام چەكدارەكانم هاتنەوە بۆ لام وتیان كاكە ئەوكاتە ئێمە لەگەڵتابووینو ئێستاش ئامادەین لەگەڵتابین، بەڵام من نەمكرد، تەنها ئەوەندە نەبێ لە ماڵی كاك حەمەی حاجی مەحموی هارونی، كاك نێچیرڤان بارزانیم بینی ووتی: سەعید جاف ئەبێ لەشەڕی خانەقیندا بەشداربیو ئەمرۆ ڕۆژی كوردە، وتم: بە سەرچاو لەهەمان كاتدا من كە لەگەڵ كاك نێچیرڤان دانیشتبوم كە هاتمە دەرەوە تەنها یەك سەیارەم مابوو، كاك فاروقی حەمەی حەمەصالح شاهیدمە، بووە دەنگە دەنگ، سەیارەكەمیان بردبوو، كە كاك نێچیرڤان بارزانی هاتە دەرەوە، وتی: ئەوەچییە؟ وتیان وەڵا سەیارەكەی سەعید جافیان بردووە، هەرلەوێ كاغەزێكی بۆ نوسیم وتی: دوای جەژن وەرە بۆلام، منیش چووم بۆلای نەیانهێشت بیبینم، ئیتر نەچوومەوە ئەو سەیارەیەشم بوو ئەویش فەوتا نەیاندامەوە. ئەو نەیپرسیەوەو منیش نەچوومەوە بۆلای، وەرقەكەشم لەكەلوپەل شۆردنا فەوتا.
تۆ لەپرسیارەكەم تێنەگەیشتی تۆ بوویت بەیەكێتی یان بەپارتی ؟
من كورد بووم
ئەی خۆ ئەوانیش كوردن بۆ ئەوان كورد نین..؟
من بوومە پارتی، بەڵام هەقم بەسەر هەموویانەوە هەیە بێمنەتبن هیچیان تاكە دینارێكیان دابێتە من.
ئەی ئێستا چیت ؟
ئێستا هەژارم (بەپێكەنینەوە) خۆم بە هیچكامیان نازانم. ڕۆژەكەی وایە بكوژ لە خەڵكانێك بەڕێزترو بەحورمەتتر تەماشا دەكرێ لەكەسێك كە خەڵکی لەئەنفالدا ڕزگاركردبێ. رەنگە بەرپرسیاریش بم لەسەر ئەم قسانە، ئەما مەمنونی كەس نابم. ئەو غەدرەی یەكێتی وپارتی لەمنیان كردووە، لە مێژودا شتی وانەبوو . ئیتر مەمنونی چییان بم.
کاک سەعید زۆر ماندووم کردیت من هیچم نەماوە ئەگەر تۆ شتێکت مابێ باسی بکەیت ؟
من شتم زۆرەو بابۆکاتێکی تربێت .
سوپاس
سوپاس بۆتۆ کە بەسەرت کردمەوە .
پەراوێزەکان
[1] ئەو کاتەی دیدارەکەمان سازکرد عومەر فەتاح سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو لە ئیدارەی سلێمانی .
[2] ئەو سەروەختە بەو ئەنجومەنی نیشتمانیان دەگوت مەجلسی تەنفیزی وتشریعی لەراستیدا ئەنجومەنەکە شتێکی کارتۆنی بوو پرکرابوو لەکەسانی نەفس نزم وخۆفرۆش . پاڵاوتن ودەرچونیان بەندبوو بەپلەی حزبی و پشتیوانی سەرۆک خێلەکانەوە .
[3] متخلیف وشەیەکی عەرەبیە بەو کەسانە دەڵێن کە هەر لەبنەرەتەوە ناچن بۆ خزمەتی سەربازی، ئەوانەشی دەچن و دوایی لەریزی سوپا هەڵدێن پێیان دەڵێن (هارب) لەکوردیشدا هەروایە متخلف لە هەموو ناوچەکاندا هەروشە عەرەبیەکەی بۆ بەکار دەهێنرێت، کە بەزمانی عەرەبی بەواتای دواکەوتوو دێت.
[4] ئەوانەی ناوکەوانەکە ناوی هۆزوعەشیرەتەکانی گەرمیانە بەلام گەرمیانییەکان کەناوی ئەو عەشیرەتانە دێنن هەروا ناویان دێنن .
[5] سەعید جاف کەدەڵێت : حەڤدە هەزار کەسم رزگار کردووە لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێت ئەوانەی کە ئەو رزگاری کردوون هەریەکەیان ئێستا هاوسەرگیریان کردووەو وەچەیان خستووەتەوەو ئەگەر من نەبوومایە ئەو وەچانە پەیدا نەدەبوونەوە . ئەمە چەندچارێک بەزارەکی وبەتەلەفۆن بۆی باسکردووم ولەزۆر مەجلیسیشدا دوبارەو چەند بارەی دەکاتەوە .
[6] ئۆمەربل مەبەستی گوندێکە لەگەرمیان وسەربە ناحێی سەرقەڵای قەزای کفرییە، دانیشتوانی ئەو گوندە لەئەنفالدا خراپ لێیان قەوماو خەڵکێکی زۆریان ئەنفال کراوە، بەپێی زانیارییەکانی من (دیمانە ساز) ٢٦٣ کەسیان ئەنفالکراوە، لەناو ئەوگوندە زۆر رێز لەسەعید جاف دەگرن، چونکە زۆر خەڵکی ئەم گوندەی پەناداوەو نەیهێشتووە بەرپەلاماری ئەنفال بکەون .
[7] لەدیدارێکدا بۆ گۆڤاری ئەنفالستان کە لە ژمارە هەشتدا بڵاوکراوەتەوە سەرداری حاجی رەشید کە بۆخۆی تاقە دەربازبووی خانەوادەکەیەتی، قسەکانی سەعید جافی پشتراست کردەوەو لەسەردانێکیشماندا بۆ دەرهێنانی فیلمێک بۆ گوندی ئۆمەربل کەسەعیدجافمان لەگەڵدا بوو، خەڵکی گوندی ئۆمەربل زۆر رێزیان لە ئێمەو سەعیدجافیش گرت وخزمەتیان کردین، گەنجەکانی ئەو گوندە گوتیان سەعید جاف نەبێ هەر جاشێکی تر بوایە نەماندەهێشت لەو ملەی ئاوایی بێتە ئەمدیودا .
[8] لەگوندی بەکرەشەل دیدارم لەگەڵ پیاوێکدا کردووە بەناوی ئەحمەد عەلی و لەژمارە ٨ی گۆڤاری ئەنفالستاندا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت سەعید جاف رزگاری کردین و پارەشی دەدا پێمان.
[9] من دەربارەی ئەم کۆنە موستەشارە پرسیارم لە عوسمانی حاجی مەحمود کرد، زۆر بە کورتی وەلامی دامەوە وتی سەعید جاف کەسێکی خراپەکار نەبووەو خەلکیشی پەناداوە، بەڵام دیاربوو نەیدەویست لەوەزیاتری لەسەر بروات .
[10] کورد قسەیەکی هەیە دەڵێت کەم بژی و کەڵ بژی بەواتای کەم بژی و ئازایانە بژی بەلام کەڵ بەواتای نێر دێت ،من زۆر لەگەڵ ئەوپەندە کۆک نیم چونکە سوکایەتی بەمیینە تێدایە، بەو واتایەی ئازایەتی هەر بۆنێرە نەک بۆمێ . سەعید جافیش لەو پەندە کوردیەوە خۆی بەکەڵ دەزانێ .
[11] لەیەکەم بینینی (سەعیدجاف)دا کۆمەڵێک سێدی پیدام کە هەمووی قسەی ئەو کەسانە بوون کە خۆی رزگاری کردبوون وبەکامێرایەک وێنەی گرتبوون من کاتێک ئەو شایەتیانەم بینی گەیشتمە ئەو بروایەی سەعید جاف خەڵکێکی زۆری رزگار کردووە، سەعیدجاف کە باسی شریتەکان دەکات مەبەستی ئەو سێدیانەیە .
[12] بۆ پشتراستكردنەوەی ئەم قسەیە پەیوەندیم بە پێشمەرگەیەكی پارتیەوە كرد بەناوی صالح حسین فتحی خەڵكی بنەكەیە وتی: بەڵی راستە ئەوكاتە جاش، ماڵی خەڵكی تاڵان دەكرد،پارەیان لەخەڵك دەستاند، بەڵام سەعید جاف هەریەكەمان یەكی ٣00 دیناریشی داپێمانو داڵدەشی داین.
[13] – ئەوکاتە قۆرەتوو شوێنی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوانی ناوچەی گەرمیان بوو
[14] هەر ئەو شەوە دوای دیدارەکەمان تەلەفۆنم بۆ مام رۆستەم كرد بێئەوەی بیناسێت، قسەكانی سەعید جافی پشتراستكردەوە . کەچی سەیر بوو، نەئەوساو نەئێستاش سوپاسێکی ئەو پیاوەی نەکرد !
[15] بەیانیان هێزێک لەسەرجادەکان دادەنران لەنیوان هەر (٥٠) مەترێک سەربازێک دادەنرێت بۆ پاسەوانی بەوانەیان دەگوت مرابات .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.