کانونی یەکەم 07, 2017 Omer ئهنفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە كە بەهاردێت، ئیتر پرسەمە
کە بەهاردێت، ئیتر پرسەمە
كازم جەباری- گەرمیان
“ئەوكاتەی ماڵمان لەگوندی بانگۆلی ناوچەی جەباری بوو لە نێوان چاش و بەعسیەكاندا ڕاپێچكراین بۆ چەمچەماڵ پاشان بۆ دوبزو تۆپزاو”ئەمەقسەی نەبات بوو كە خۆیی و مێردەكەی بونە نێچیری ژەنەڕاڵە دۆڕاوەكانی بەعسیەكان وەك دووكەس لە و سەدوو هەشتاو دووهەزار كوردەی كە سەدامیەكان ناویان لێنان بوو ئەنفال، ئەو ئەنفالەی كە پرۆژەی سڕینەوەی نەتەوەیەك بوو لە ئەندێشەی بەعسیەكاندا ، لەلایەن عەلی حەسەن مەجید سەرپەرشتی دەكراو بە هەشت قۆناغ لە سەر خاكی كوردستان دەرحەق بە هاوڵاتیانی سڤیلی كورد جێبەجێكرا، گەرچی نەبات هەشت مانگ زیندانكرا لە گەڵ چەند منداڵێكیدا دەردو ئازاری چەشت لە نێو ژورە ساردو زیندانە ترسناكەكانی بەعس، بەبێ نان وبەبێ پێداویستە سەرەتاییەكانی ژیان وەك خۆی دەڵێت ” لەزینداندا ڕەزالەتی زۆرمان چەشت شتی ئەوتۆمان دی هەتالەدونیادا بمێنم لەبیرم ناچێتەوە ” نەبات ئەو ژنەی كەبە حەسرەتەوە باسی كارەساتە بەدناوەكەی ئەنفالی بۆكریدین، چیرۆكی ژیانێگی پڕلە مەرگەساتی بۆ گێڕاینەوە لە ژێر پێڵویی چاوەكانی دا فرمێسك قەتیسمابوو بۆ قەتاربەستن بەگۆنایدا ماتڵ بوو، دەزانن كاتێك ئەوان باس لە چیرۆكە پڕلە مەرگەساتەكانی ناوزیندان دەكەن خۆت پێناگیرێت و لەگەڵ ئەواندا دەست دەكەیت بەگریان و هۆن هۆن فرمێسك بە چاوەكانتدا دێتەخوارەوە ، وەك ئەو چیرۆكەی كەزامێكی بە سۆیە لە هەناوی نەبات و دەیان ژنە ڕشپۆشی وەكی نەبات ئەو بە گریانەوە باسی دوو منداڵەكەی كرد كەلە زیندان مردن و دەڵێت” ئەو كاتەی لەزیندان بووم لەو چەند منداڵەی كەلەگەڵم بوون دووانیان زۆرنەخۆشبوون كەیەكێكیان ناوی شەهریار و ئەوی تریان ناوی دیار بوو، یەكێكیان مرد لەگەڵ یەك دوو ژن كەلەزیندان لەگەڵمدا بوون ڕۆیشتین بینێژین هەتا لەسەرقەبرەكەی گەڕامەوە بۆ قاوشی زیندانەكە، كاتێك سەیرم كرد ئەوی تریشیان لە گیانەڵادایە ” بەدی چیرۆكی مردنی شەهریار خەفەت بارترە لە گیانی نەبات لە هەموو چیرۆكەكانی تر كەلەناوزینداندا ئەزمونی كردبوو و بینی بووی و چونكە ووێنەیەكی وەهای لا بەجێ هێشتووە كە هەمیشە لە بەر چاویدایە و دەڵێت “زۆرم لا ناخۆشبوو كە بینیم منداڵەكەی تریشم لەگیانەڵادایە، ئەو كچەم كەدامنابوەلایەوە پێی ووتم دایە براكەم زۆرهیلاكە و خەریكە گیانی دەردەچێت داوای خەیار دەكات، منیش ووتم ڕۆڵەگیان لەم زیندانە خەیارمان لەكوێ بوو ” ئەمە ئەو چیرۆكەیە كە خەیاڵی چەندین فیلم و فیلمی دیكۆمێنتارییە، ئەگەر كەسێك هەبێت لەم كوردستاندا پێی هەڵسێت وێنەیەكە مەینەتیەكانمان بە جیهان دەناسێنێت!!. نەبات بەچاوی پڕفرمێسكەوە بەردەوام بوو ووتی” كە كوڕەكەم ئاوڕی دایەوە (جوتێك نەعل)ی سەوزی بینی كە باوكی بۆی كڕیبوو و دەستی بۆ درێژكرد منیش ووتم كچم داوای ئەو نەعلە سەوزانەدەكات كاتێك كچەكەم بۆی هێنا نایەدەمی وایزانی خەیارە هەرلەدەمیابوو دەی مژی هەتا گیانی دەرچوو” ئەم ڕووداوە كاریگەری تەواوی بەسەر ژیانی نەباتی ڕەش پۆشەوە بە جێ هێشتووە بۆیە بووەتە وویردی سەرزاری و لە هەموو ساڵیادێكی كارەساتی ئەنفالدا دەی گێڕێتەوە بۆ ئەو كەناڵانەی چاوپێكەوتنی لەگەڵدا دەكەن ، نەبات بەو پێ یەیی یادەوەریەكی تاڵی لەگەڵ خەیاردا هەیە وەك خۆی ئاماژەی پێ دەكات ” هەرلەو ڕوداووە وە هەتا ئێستا خەیارم نەخواردوەو خەیار لەماڵی من حەرامە”.
یەكێك لەو دیاردەیەیی كە لە زیندانیەكانی ڕژێمی بەعسدا دەبینرا بوونی زیندانی بچوك و پڕ لە زیندان بوو، لەقسەكانی نێرگز كەبەهەرمێ خەڵكی بانگی دەكەن وادیاربوو كەشێكی قەرەباڵغ باڵی بەسەر زینداندا كێشابوو ئەو یەكێكی ترە لەوژنانەی كەباسی ئەوەی دەكرد “ئەو زیندانەی ئێمەی تێدابوو لە تۆبزاوا بیست و پێنج هەزار كوردی بەش مەینەتی تێدابووكەخۆی لە ژن و منداڵ و پیرو ئیختیار دادەبینیەوە” ژنێك كە كاری مامانی كردبێت لە زینداندا چیرۆكی سەیری لایەبۆیە هەرمێ ژنێكی ترە لەو ژنانەی كە چیرۆكی سەیری لایە بەتایبەت بۆ ئەوكە بەجورئەت بوو لە زیندان سەرەڕای مەینەتیەكانی ژیانی خۆیی هاوكاری خەڵكی دەوروبەری دەكرد و ئەوەی ڕادەگەیاند ” لەزیندان مامانیم بۆزاتر لە 40 ژنی كورد كردووە ” ئەگەرچی لەدایك بوونی منداڵ پێویستی بە نەخۆشخانەوە و ڕی وشوێنی تەندروستی گونجاو چاودێری پزیشكی هەیە، بەڵام لە زیندانەكانی تۆبزاوا وەك نێرگزی مامان باسی لەدایك بوونی منداڵ و بڕینی ناوكی منداڵە تازە لە دایك بووەكەی دەكرد كەشەكە بە شێوەیەكی گوزەری كردووەئەو دەڵێت “لە سەرەتادا فۆتەیەكم پێ بوو تاڵێك لە دەزوی فۆتەكەم دەهێناوبوو بەردێكم دادەنا و ناوكی منداڵەكەم لە سەر بەردەكە دادەناو پاشان بەردێكی ترم دەهێناو دەمدا بە سەر بەشە زیادەكەی ناوك منداڵكەدا و ناوكیم دەبڕی” ئەو ژنە زیندانیە ئەوەشی لە یادە كە حەرەسی زیندانەكە بە زەیی پێیاندا دەهاتەوە و دەیوت”حەرەسی زیندانەكان كاتێك ئێمەیان بەم شێوەیە لە زیندان دەبینی بەزەیان پێماندا دەهاتەوە و دەچون تیرە و دەزوویان بۆ دەهێناین تاكارەكەمان ئاسان تر بە ئەنجام بگەیەنین” بە گوێرەی ووتەكانی ژنە ڕەش پۆشەكە حەرەسی زیندانەكانی تۆپزاوا جێشەعبی بوونەوجەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوەكە” حەرەسەكانی زیندانەكەمان زۆرێكیان خەڵكی حاویجە بوون و لەوانەیە بە زۆر جێشەعبیان پێكرابێتن” .
بەسەر بردنی هەشت مانگ ئازار چەشتن، لەزیندانە ترسناکەکەی تۆپزاوا، دوای ئەوەی نەبات کوروکچێکی لە ناوزیندان لە برسان مردن، بەبێ مێردەکەی بریاری لێبوردنێکی گشتی یارمەتی دەری بوو، هەتا ئازادبکرێت، بەڵام چیرۆکە لەبیرنەکراوەکانی ناو زیندان ئێستا هاوڕێی نەباتەو هەموو بەهارێک لە ١٤/٤/دا میوانداری دەکات وەک خۆی دەڵێت : ( كە بەهار دێت، ئیترمن تەعزێمە، بەهار هەمیشە ڕوحم ئازار دەدات ، ژانی تر دەمگرێنێ هەتا ئێستاش بۆ سەیران و شایی دووپێم نەچوە”
تێبینی :
ئەم راپۆرتەی بەرێز جەباری دەربارەی چیرۆکی نەبات بەفایەق و مردنی منداڵەکانی هەندێک زانیاری هەڵەو قسەگۆڕینی نەباتیشی تێدایە، (هەشت مانگ مانەوە لە گرتوو خانەی تۆپزاوا ناراست و زیادەڕۆیی زۆری تێدایە) لەراستیدا هیچ پۆلێک ئەنفالکراو لە ٣-٤ ئەوپەرەکەی هەفتەیەک زیاتر نەماوەتەوە، چونکە تۆپزاوا کەمپی سەرەکی کۆکردنەوەو پۆلێنکردن بووە، نەک زیندانی کردن، ماوەی دەستبەسەرکردنی ئەنفالکراوەکان لە گرتوو خانەکانی دوبزو نوگرەسەلمان ٤ مانگ بووەو لەهەندێک حاڵەتیشدا گەیشتوونەتە ٦ مانگ، بەڵام ئێمە بە گرنگمان زانی بڵاوی بکەینەوە . بۆزانیاری زیاتر بڕوانە ئەم دیدارەی نەبات لەم لینکەی خوارەوەدا .
http://www.nrttv.com/Details.aspx?Jimare=68518&fb_comment_id=1349374518484497_1349988308423118
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.