ئاب 28, 2017 Omer ئهنفال, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە شاڵاوەكانی ئەنفالی هەشتەم (ئەنفالی كۆتایی) (خاتمة الانفال) …………………….. عەدالەت عومەر ساڵح
شاڵاوەكانی ئەنفالی هەشتەم (ئەنفالی كۆتایی)
(خاتمة الانفال)
25ی ئاب تا 6ی ئەیلولی 1988 لە راپۆرتێکی شیکاریی و بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعس ([1])
عەدالەت عومەر ساڵح
وەستانی شەڕی عێراق ، ئێران پاڵپشتێكی گەورە بوو بۆ عێراق، هاوكات ورەو تواناكانی هێزی سوپای بۆ رادەیەكی زۆر بەرزكردەوە، سەركردایەتی رژێمی عێراق بەپەلەبوو بۆ تەواو كردنی پرۆسەی ئەنفالو كۆتایی پێهێنانی، ئەنفالی كۆتایی بە سەركردایەتی لیواروكن سۆلتان هاشم سەرۆكی فەیلەقی یەك، فرماندەیی لیوا روكن یونس محەمەد ئالزەرب فرماندەی فەیلەقی پێنج، لیوا رۆكن كامل ساجت فەرماندەی فەیلەقی دوو، بەسەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵلا وەزیری بەرگری، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری حیزبی بەعس،سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا،فەریقی روكن نزار عەبدولكریم خەزرجی یارمەتیدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپراسیونەكان و فەریق حوسین رەشیدمحەمەد تكریتی،جێبەجێ كرا، لە(شیكردنەوەی عەمەلیاتی ئەنفالی كۆتایی) كەراپۆرتێكی شیكاری (لیوا روكن یونس محمد الزرب) فەرماندەی فەیلەقی پێنج لەچەشنی (ئەو پەڕێ نهێنی و تایبەت) بە ژمارە (ح2 \2422) لە (25 ك. 1. 1988) بۆ فەرماندەیی گشتیی سوپای ناردووە لەم راپۆرتەدا جگە لەوەی ئاماژە بە هەموو ئەو نوسراوو راگەیاندنانەی لە عەمەلیاتی ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت دەركراوە دەدات بە تێرو تەسەلی باس لە ئەنفالی كۆتایی دەكات ، هەروەها جێگای جێگربوونی قیادەی فەیلەقەكان و هێزەكانی بەرگری نیشتمانی لە ناوچەكە تیدا دیاری كراوە، راپۆرتەكە زیاتر لە 60 لاپەرە بەخۆوە دەگرێت كە یەكێك لە گرنگترین بەڵگەنامەكان بوو هۆی ناساندنی ئەنفال بە جینۆساید لەبەر ئەو هۆیەی لەسەرەوە باسمان كرد ئەویش وەستانی شەری نیوان عێراق و ئێران و بەردەوامی رژیم لە كۆمەڵكوژی گەلی كوردستان و شاڵاوەكانی ئەنفال.
لە بەشێك لە راپۆرتەكەدا هاتووە “المجید چەندین كۆبۆنەوەی گرنگی پیش دەست پێكردنی ئەنفالی كۆتایی ئەنجام داوە ئەمەش دەگرێتەوە بۆ بە دەست نەهێنانی سەركەوتن لە لە عەمەلیاتی ئەنفالی 5و6و7 “لە رۆژی 7 ئابی 88 لە كەركوك عەلی حەسەن ئەلمەجید لەیەكێك لەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسی نهێنی نوسینگەی رێكخستنی باكوور و جێگری فەرماندەیی گشتیی سۆپا وبەرێوەبەرانی عسكری سەبارەت بە دانانی پلان و رێوشوێنی پیویست بۆ ئەنجامدانی عەمەلیاتی ئەنفالی بادینان لە ڕوی عسكری و ئابووری و ستراتیژی ئەنجامدا كە لە نووسراوی ئەو پەری نهێنی ژمارە 1024 لە 8\8\1988 لە فەرماندەیی گشتیی سوپا دەرچووە ئاماژەی پێدراوە، هەروەها لە كۆبۆنەوەی رۆژی 14\8\1988 لە فەرماندەیی گشتیی هێزكانی چەكدار بە ئامادە بوونی جێگری فەرماندەیی گشتیی سۆپا لەگەڵ وبەرێوەبەرانی جوولەی عسكری و هێزەكانی ئەرزی وئاسمانی بە مەبەستی دارشتنی پلانێ داهاتووی عەمەلیاتی ئەنفال لەگەڵ چۆنیەتی دانانی هێزەكانی فەیلەق لە ناوچەكە دا كە بریاردرا، فەیلەقی یەك لە ناوچەی بالیسان و سماقۆلیات وفەیلەقی پێنجەم لە ناوچەی زێوە شكان – زاخۆ لە كەرتی بادینان جێگر ببن بە مەبەستی دەستپێكردنی ئەنفالی هەشتەم كە لە نوسراوی (ئەو پەری نهێنی و تایبەت )ژمارە 1076لە16\8\1988 كە فەرماندەیی گشتیی سۆپا دەرچووە ئاماژەی پێدراوە و رۆژی 25\8\88 بۆ دەست پێ كردنی هێرشی كیمیایی بە نوسراوی ئەو پەری نهینی و تایبەت ژمارە1122 لە21\8\1988 كە هەر لە فەرماندەیی گشتیی سۆپا بۆ لایەنی پەیوەنددار نێردراوە هەروەها لە دانیشتنی رۆژی 26\8 88 بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری جوولەی عسكری لە بارەگای قیادەی فەیلەقی یەكەم لە كەركوك رۆژی 28\8\88 دانرا بۆ هیرش كردن لە كات و ساتی دیاری كراوی خۆیدا لە كۆتایی ئەم لاپەرەیەدا ئاماژە بە نووسراوی ئەو پەری نهینی و تایبەت كە لە نوسینگەی رێكخستنی باكوور و فەرماندەیی گشتیی سوپا دەرچووە دەدات بە ژمارە1175 لە 27\8\1988 كە باس لە كۆبۆنەوەی رۆژی 7\8\88 لە كەركوك دەكات بۆ بە بیر هێنانەوەی توجیهاتی سەرەكی وەك گۆشار خستنە سەر تیكدەران بۆ لە ناو بردنیان بە بەكار هێنانی هەموو جۆرە چەكێك ،هەروەها دەلێت” زیاترین سود لە هێزكانی جاش و مستشارەكان لە ناوچەكەدا وەربگیرێت بۆ شكست پێهێنانی یەكجارەكی تێكدەران،بۆیە پێویستە لە هەموو لایەك هێرش بكرێتە سەریان و ئابلۆقە بدرین” ، لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا هاتووە” ناوچەی بادینان كە ناوچەیەكی شاخاوی باكورەو سەنگەرو قەڵای مەحكەمی KDPی مەسعود بارزانییە، لە هەمانكاتدا بەفەرمانی خودی سەدام حوسێن كوردی بادینان دوا مۆڵەتیان درایە كە بگەڕێنەوە بۆریزی نیشتمانی، تێكدەران لەو ناوچەیە ئەگەر خۆ بەدەستەوە بدەن ئەوە بەربەزەیی دەكەون.
شایەنی باسە یاداشتێك لەلایەن ئەمنی سلێمانی لە11ی تەمووزی 1988دا دەرچوو بوو كە چەسپاندنی ئەم سیاسەتە نوێیەی رژێمی دەردەخست سەبارەت بەخۆبەبەدسەتدانی تێكدەران، بۆ ئەم مەبەستەش ئەلمەجید چەند خاڵێكی راگەیاند بوو كە ئەمانەبوون :
1- ئەو تێكدەرەی خۆی بەدەستەوە دەداتو چەكەكەی دەهێنێتەوەو ئەوەی كەلەو ناوچانە دەگەڕێتەوە كەتائێستا پرۆسەیئەنفال نەیگرتووتەوە لەهەموو تاوانێك دەبەخشرێ، بەوتاوانانەشەوە كەلەئەنجامی كەمتەرخەمی وهەڵاتنەوە لەخزمەتی سەربازی بەرپا كراون .
2- ئەو تێكدەرەی بێ چەك لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە كەوا عەمەلیاتی ئەنفال نەیگرتوونەتەوە لەتاوانی چوونەپاڵا تێكدەرانو كەم تەرەخەمیو هەڵاتن دەبەخشرێت.
3- نابێ هیچ تەگەرەیەك بخرێتە رێی ناونووسین كردن لەفەوجەكانی بەرگری نیشتمانیدا.
لەراستییدا هەموو ئەو بەڵێنانەی كەوا رژێم لەسەرەتای ئەنفالەوەدابووی بۆ خۆ بەدەستدانەوە، هیچیان جێبەجێ نەكرانو رێزیان لێنەگیرا، تەنانەت زۆر لەهاوڵاتیان كەبەو پەیمانو بەڵێنانە باوەڕیان هێناو خۆیاندا بەدەست ، چارەنووسێكی شوم ڕویانی تێكردو شونبزركران. هەر بە پێی بەڵگەنامەكان سنوری شاڵاوی ئەنفالی بادینان لەرۆژئاواوە لەزاخۆوە تائامێدی درێژبۆوە، لەباشورو رۆژهەلاتیشەوە شێخانو ئاكرێی گرتەوە بە تایبەتی (كانی ماسی،بیگوفا ،باتوفە ،دێرەلۆك ،سەرسنگ ، زاخۆ ،ئەتسووش ،شیروان مازن ، ئاكرێ و دینارتێ)بەهەزاران كەس لەهاوڵاتیان لەترسی كیمیابارانو بێسەرو شوێنكردن ئاوارەو دەربەدەر بوون، بۆ ئەنجامدانی ئەم شاڵاوەش جگە لەفەیلەقی پێنجەم كە بنكە و فەرماندەییەكەی لەشاری هەولێر بوو قیادە فەیلەقەكانی(1، 2، 3، 4، 5، 6، 7)هەروەها تیكرای تیپەكانی بشداریان كردوە (18-20) بوون ،قیادەی هێزەكانی (38 و 42 و 29 ، 35 ، 41،45 )هەروەها (هێزی بەرگری نیشتیمانی5) هەروەها فەیلەقەكانی سێو شەشو حەوت لەباشوری عێراقەوە گوازرانەوە بۆ ئەوێ بشداری لە شاڵاوەدا بكەن. ئەم ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی KDP دابوو، سروشتی جوگرافی سەختی ناوچەكە پێداویستی لۆجستیكی ئاڵۆزو كردبوو كەمەرجە دابین بێت بۆ سوپایەكی نیزامی،بەڵام پەلاماری دژ بە KDP لەهەندێ سەرەوە پتەوترو دارێژراوترو راستەوخۆ تر بوو لەوەی كەبۆ تێكشانی PUK لەپێشوو سازكرا.
لە شاڵاوەكانی ئەنفالی كۆتایی زۆر لە كوردەكانی ئاشووریی و مەسیحیە كاسۆلیكەكان و ئێزیدیەكان وەك كوردە موسڵمانەكان دەسگیر و بێ سەر شوێن كران، لە شاڵاوەدا گوندە ئاشوورییەكان وەك بەڵاڤ لە ناحیەی بەرواری باڵا و مێزێ لە سەرسەنگ و گوندی كۆسە لە دۆسكی هاوكات لەگەڵ گوندەكانی كوردەموسلمانەكانی دراوسێیان بێ جیاوازی سوتان و بەر بلدوزەر دران و خاپوركران ،هەندێك لە خەڵكی ئەم ناوچانە كە مەجالی دەرباز بوونیان هەبوو لەگەڵ كوردە موسڵمانەكان هەڵاتن و پەنایان برد بەر چیاكان سەدانیشیان پێكەوە بەرو توركیا رۆیشتن كە تا لێبوردنە گشتییەكەی 6ی ئەیلول هەر لە توركیا مانەوە.([2] )
بەر لەدەستپێكردنی هێرشەكان هەموو ئەو یەكەو فیرقانەی سوپا لەنزیك شاری دهۆك كەوتەخۆ ئامادەكردنو چەند شوێنێكی بەبۆمبی هێشویی بۆردومانكرد، لەوانەش گوندی سپینداری قەدپاڵی چیای گارە كەچەند كەسێكی لێ كوشت، لەئێوارەیەكی درەنگی 24ی ئابدا بارەگای هێزی KDPەگای لەزێوەشكان كەلقی یەكی لێ بوو ([3] ) بەریەكەم هێرشی كیمیایی كەوتو (10) پێشمەرگە كوژران، بۆ بەیانیش 25ی ئاب، فرۆكە جەنگییەكانی رژێم لەیەك كاتدا چەند هێرشێكی جیاجیایان دەستپێكردو بەخەستی ناوچەكەیان بۆردومانكرد، شایەت عەیانێك كەلەوناوچەیدابووە دەڵێت: لەهەمان شەودا كاتژمێر 2ی بەرەبەیان 25-26/8/1988 دوانزە فرۆكەی ستونی هێرشی كردە سەر ئەوناوچانەو ئامانجەكانیان بۆردمانكرد، مەبەستی سەرەكی رژێم لەو بۆردومانەدا بڵاو كردنەوەو چاندنی ترسو دڵەراوكێ بوو لەنێو خەڵكیدا هەروەها ترسی ئەوەش هەبوو كەوا رژێم چەكی كیمیایی بەكاربهێنێت، هەروەك پێشووتر لەهەلەبجەو قەرەداخو بالیسان بەكارهاتبوون،لەم شەوەدا خێزانە هەڵاتوەكان ئەوەندە زۆربوون تەنانەت رێگا بەدی نەدەكرا)([4] )،هەروەكو چۆن لەقۆناغو شاڵاوەكانی پێشووی ئەنفال چەكی كیمیایی دژی هاوڵاتیان بەكارهێنرا، بەهەمان شێوە لەدوا ئەنفالیشدا ئەم چەكە كۆكوژییە بەكارهات كەزەرەرو زیانێكی گیانی زۆری لێ كەوتەوە، گوندی برجینی ناحیەی زاوێتە لە25ی ئابدا كەوتەبەر چەكی كیمیایی كەلەلایەن هەشت فرۆكەوە بۆمبابارانكرا ئەوانەی بۆردومانەكەیان بینیوە دەگێڕنەوە كە بۆمبەكان گەواڵاو دووكەڵی ئێجگار گەورەیان لێ بەرزبۆوە، یەكەمجار سپیو ڕەش بوون پاشان زەرد هەڵگەڕانو بەشێوەیەكی ستوونی پەنجا شەست یارد لەئاسماندا بەرزبوونەوە ئەوجا دووكەڵەكە بەناو دۆڵەكەدا بڵاوبووەوەو دواجار نزم بۆوەو بەناو گوندەكەدا تێپەڕیو كەوتینە بۆن كردنی گازەكە. سەبارەت بەبۆنەكەش وا دەگێرنەوە كە لەسەرتادا زۆر خۆش بووە، بۆنی سێووشتی شیرینی لێ دەهات، بەڵام زۆری پێ نەچووكە تاڵا بوەو كاری كردەسەر دەمو چاوو پێستمان لەناكاو هەناسەشمان سواربوو، چەند میلێك لەباكوری برجینیەوە، گوندی (تلاكرد) بەهەمان شێوە لەلایەن فرۆكەكانی عێراق كیمیابارانكراو چەند كەسێك تیایدا بونە قوربانی و كوژران، هەروەها هەردوو گوندی (سپێندارۆكەو بەركەڤرێ) كە لەیەكتر نزكین لەلایەن دووفرۆكەوە بەخەستی كیمیابارنكران، لەئەنجامدا چواردەپیشمەرگەو هاوڵاتییەكی مەدەنی كوژران، بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی (50) پەنجا گوند بەر خەستترین هێرشی كیمیایی كەوتن وەك (وەرمێلێ، بلێجانێی بانێێ، باوەركا كەڤری، مێرگەتوی، هەڤنێكا، بیرۆزانا، درێرشێ، مێزێ، سپیندار، خەلیفۆ، گەرگەش، گارەگۆ، گۆرە، زێوەشكان، بەلوتی،گیزێ، زاركێ، رەزیكێ، سارتكێ،ماردێنیا، شێرانە، یەكمالە، سوارێ، ئاڤۆكو چەند گوندێكی تر).
دیارە بەسەدان كەس لەئەنجامی ئەو هێرشانەی كەبەچەكی كیمیایی كرانە سەر گوندنشینەكان گیانیان لەدەستدا، زۆری ئەو قوربانیانەش دەگەڕێتەوە بۆهۆی ئەوەی كە هەردووگازی خەردەلو دەمارەگازی سیانید تێكەڵا بەیەك كرابن، هەروەها هەندێك لەپسپۆران وای بۆ دەچن كەوا لەوانەیە دەمارەگاز (غاز الاعصاب) GB كەبەگازی سارینش دەناسرێت لەو هێرشانەدا بەكار هاتبێت.
خەڵكی ئەم دەڤەرە بەرەو رێگای بێگوڤا وكانی ماسی هەڵاتن، تاكاتژمێر 2ی شەوی 25-26/8/1988 خەڵكەكە توانیان دەربازبن، بەڵام دواتر سوپای عێراقی ئەو ناوچانەی داگیركردو رێگای دەربازبوونی خەڵكەكەی گرت، باشترین شت كە هێزی پێشمەرگەی KDPكردی ئەوزنجیرە شەڕە بوو كەتیایدا پێشمەرگەكان هەوڵیان دەدا كۆسپ و تەگەرە بخەنەبەر پێشڕەوی سوپاوخاوی بكەنەوە، بەڵام فرۆكەكانی رژێم لەدوای پێشمەرگەكان بوو ناچاریان كردن كەئەوناوچانە بەجێبێڵن لەكۆتایی رۆژی 26ی ئاب شەڕ كۆتایی پێهات، بەڵام ناوچەی بادینان بەتەواوی لەبەرەبەیانی 28ی ئاب، داگیركرا.
لەئەنجامدا دەیان هەزار خەڵكی مەدەنی ئاوارەو دەربەدەری توركیابوون ئەوانی تریان لەماڵەوە دەسگیركران، یان پاش ماوەیەكی كەم خۆیان بەدەستەوەداو دواتریش شوبنزر كران.
(هەر لە26ی مانگدا ئەوخەڵكە لەسەر سنووری توركیا گیرسایەوە، دەسەڵاتدارانی تورك سەرەتا نەیانهێشت خەڵكە كە بچنە ناو سنووری توركیا، بەڵام دواتر ناچار بوون كە رێگایان بدەن، نزیكەی(65-80) هەزار كەس توانیان بچنە ناو توركیاوە، ئەویش دوای ئەوەی خەڵكەكە فشارێكی زۆریان خستە سەر جەندرمەو سەربازەكانی تورك كەبووە هۆی ئەوەی لێرەولەوێ چەندپێكدادانێكیش لەنێوانیاندا روبدات،خەڵكەكە ترسی ئەوەشی هەبووكە رژێمی توركیا تەسلیم بەعێراقیان بكاتەوە، دواتر لەو كەمپانەی كە بۆیان دروستكرا نیشتەجێكران، هەروەها خەڵكی كوردستانی باكوریارمەتییەكی زۆری خەڵكە ئاوارەبووەكانیان داو زۆر لەمەینەتیو خەمەكانیان رواندنەوە) ( [5]).
ئەوانەی خۆیان دا دەست وسوپا یان دەسگیركران، زۆربەیان بەرەو چارەنوسێكی نادیار رۆیشتن، سەبارەت بەشونبزركردنی خەڵكی بادینان بەزۆری رەگەزی نێرینە دەگرێتەوە، بەڵام لەناوچەی دۆسكی لەگوندی كۆرفێل ئەفسەرێك (35) سیو پێنج كەسی لەژنو منداڵا وپیاو گوللە باران كرد،ئەفسەرێكی پێشووی سوپای عێراق كە پلەكەی كۆلۆنێلە (عەقید) بە(MEW)ی راگەیاندوە كەفەرمانیان بۆ هات هەرچی پێشمەرگەیە بیانكوژین، تەنانەت ئەوانەشیان كەخۆبەدەستەوە دەدەن، هەروەها ئەو جوتیارە مەدەنیانەش كەلەناوچەی قەدەغەكراودا بوون هەر بەپێشمەرگە دانرابوون واتە تەواوی پیاوە تەمەن (15تا60) ساڵیەكان، ئەم فەرمانە تائاستی فیرقەكان بەنوسراوی ڕەسمی دابەزی بوو ئەفسەرە پلە نزمەكانیش بەزار (شەفەوی) ئاگاداركرابوونەوە، ئەم فەرمانە بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە لەسەرحوكمی قەرەقوشی رژێمی عێراقو ئەنجامدانی سیاسەتی قركردنی (جینۆساید) گەلی كورد.
گوللە بارانكردنی گیراوەكان لەئەنفالی بادینان بەشێوەیەكی بەر چاوو ئاشكرا ئەنجامدراوە، ئەوەتە تاوانی لەو شێوەیە لەگوندی كوریمێ ڕویداوە دوای ئەوەی خەڵكەكە خۆی داوەتە دەست سوپاوە (33) سیو سێ پیاوو كوڕی هەرزەكار كەتەمەنیان لەنێوان (13-43) ساڵیدابووە لەلایەن ئەفسەرێكی سوپاوە كەوا پێدەچێت دوای قسەكردن بەئامێری (لاسلكی هۆكی تۆكی) فەرمانی پێدراوە گوللە بارانیان بكات، بەم جۆرە ئەفسەرەكە لەو جێگا یەدا 27 كەسیان لێ گوللەباران دەكات شەش كەسیان بە ناوەکانی ئەبابکر عەلی سەعید، عەبدالقهار خەلیل، عەبدالکریم نایف حەسەن، هاشم محەمەد رەشید، صدقی عەبدالقادر فەتاح، فەتاح عەبدالقادر فەتاح، بە برینداری دەرباز دەبن و دواتر یەکێکیان بەناوی فەتاح عەبدالقادر فەتاح دوبارە ئەنفال دەکرێتەوە. کە بەپێی وتەی شاید حاڵەکان لە قەڵای نزارکئ بە بلوک کوژاروە. دەربازبووانی تاوانی گوندی کوریمێ لەو ١٣ کەسن کە لە شاڵاوەکانی ئەنفال و گۆرە بەکۆمەڵەکان رزگاریان بووە و بە دەبازبووانی گۆرێ بەکۆمەڵ ناوزەد دەکرێن. لەگوندی مێرگەتوو (مێرگەتی )بەهەمان شێوە دوای ئەوەی خەڵكە كە دەسگیر دەكرێت ژنو پیاو لەیەكتری جودا دەكرێنەوە دواتر ئەو پیاوانەی كەتەمەنیان لەژوور پازدەساڵی دابووە دەسبەجێ گوللە بارانكران.
لە چاوپێکەوتنێك كە میدل ئێست ووچ لەگەڵ قەشەیەكی ئاشووریی ئەنجامیداوە قەشەیەكی ئاشووریە دەڵێت “كەوا لیستێكی 250 كەسی كۆكردووتەوە كە لە ماوی ئەنفال و پاش ئەنفال بێسەروشوین كران”، هەروەها لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ دە دوانزە كەس نیشتەجێ كۆمەڵگاكانی بەحركە و جێژنیكان ئەنجامی داوە سەرجەم ناوی 98 كەسی كەوتوتە لا كە بێسەر شوێن كراون ئەم لیستە بریتی بوو لە 64 مەسیحی (25 پیاو،18 ئافرەت، 12 منداڵ) ،كە لە خوار تەمەنی 16 ساڵی دابوون و 9 كەس كە تۆخم و تەمەنیان دیار نەبوو، لەگەڵ 34 كەسی ئێزیدی كە (4 یپاو، 9 ئافرەت، 21 منداڵ) ، زۆربەی ئەوانەی فەوتاوەن منداڵی خوار یەكساڵ بوون و بە تەمەنترین كەسیش ئافرەتێكی 85 ساڵ بووە.
هەر بە پێی راپۆرتەکە لە لاپەرەی ٥٦ی دا هاتووە لەم شاڵاوە 13553 کەس دەستگیر و بئ سەروشوێنکران بەم شێوەی خوارەوە:
803 کەس ئەو تێکدەرانەی دەستگیر کراون
737 کەس ئەو تێکدەرانەی خۆیان بەدەستەوە داوە
1489 پیاو
3373 ژن
6964 منداڵ
لە تێبینیش نوسراوە:
۱۸۷ ژن و پیاو و منداڵ کە تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لێک جیانەکراینەوە و ئەمانە جگە لەو کەسانەی لە کاتی دەستگیر کردن و پەلاماردان دەستبەجئ کوژراون هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە. دواتر بەپێی راپۆرتەکە لەگەڵ کیمیابارانکردنی گوندی برجینی ژمارەی قوربانیان بۆ 14473 کەس بەرز بووە.
بەم جۆرە شاڵاوەكانی ئەنفال، بەئەنفالی بادینان لە 6/ ئەیلولی 1988 كۆتایی پێهات، هەرلە 6 ی ئەیلولیش رژێمی بەعس پاش ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانیە لێبوردنی گشتی دەرکرد.ئەم شاڵاوە قاتوقڕییە كوردستانی وێرانكردو ژێرخانی ئابوریشی لەبنەچەوە هەڵتەكاندا.
عەدالەت عومەر
نووسەر ولێکۆلەر لەبواری جینۆسایدی گەلی کوردستان
پەراوێزەکان
.بەڵگەنامە فەرمییەکان و راپۆرتی شیکاری ئەنفالی کۆتایی كەراپۆرتێكی شیكاری (لیوا روكن یونس محمد الزرب) فەرماندەی فەیلەقی پێنج [1]
لەچەشنی (ئەو پەڕێ نهێنی و تایبەت) بە ژمارە (ح2 \2422) لە (25 ك. 1. 1988) بۆ فەرماندەیی گشتیی سوپای ناردووە.
[2].پ.د.ک لەكوردستاندا چوار لقی هەبوو كە كاروباری سیاسی و سەربازیشیان لەئەستۆ گرتبوو، زێوە شكان بارەگای لقی یەكی لێ بوو،لقی دوو بنكەكەی لەدۆڵی سماقوولێ بوو وعەمەلیاتی پارێزگای هەولێری لەئەستۆ گرتبوو، لقی سێ لەگوندی جافەرانی قەرەداخەوە كاروباری KDP لەپارێزگای كەركوك دا بەرێوە دەبرد، لقی چواریش لەناوچەی چوارتابوو بەرپرس، پارێزگای سلێمانی بوو، جگە لە چەندلقێكی تر كەلەدەرەوەی كوردستان بوو، هەروەها KDP هەندێ هێزی تایبەتیشی هەبوو وەك هێزی بارزان لەرایات ناحیەی مێرگەسۆر بروانە MEW لاپەڕە (439) چاوپێكەوتن لەگەڵ هۆشیار زێباری،واشنتۆن دی. سی، 7ی حوزیرانی 1993
رچا زبیر زیباری، الانفال والرحلە الشاقە، مطبعە هاوار، دهۆك 1995، ص 8).[4]
.عەلی بەندی، ئەنفالكرنا بەهدینان، چ(1) چاپخانەی خەبات، دهوك، 2001، لاپەڕە(٦٧)[5]
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.