تەموز 31, 2017 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ژنێک سیماکانیشی خوێنیان لێ دەتکا ئاسۆ بیارەیی
ژنێک سیماکانیشی خوێنیان لێ دەتکا
کەیسێکی تەمەن ٣٤ ساڵە
ئاسۆ بیارەیی
چەند جارێ تەلەفۆنم بۆ کرد، کە ئامادەی چاوپێکەوتن بێ، بەلای من و ستافەکەشەوە گرنگ بوو کە بزانین بۆچی چەندان ساڵە لەم وڵاتەیە توانای کاری نییە، هەرچەندە بە گەنجی نیشتەجێ بووە. دوای چەند جارێ توانیم باوەڕی پێ بهێنم کە دەربارەی شتی ئاسایی دەدوێین، نەک کار. کە زانی کوردم، وتی:
بەچاوان سبەی دوای نێوەڕۆ دیم و بە وردی دەربارەی ئاریشەکانم دەدوێین.
بەو بەرسڤە گەلێك دڵخۆشی کردم، لەبەر ئەوەی نا، کە توانیبێتم دیمانە رێکبخەم ، بەڵکو سەرکەوتن لە بەستنی متمانە و بڕوا. ئەوەش شتێکی گرنگە لە نێوان کارمەند و کارخواز و مرۆڤی بەرامبەر.
ڕۆژی دواتر، ڕێک لە کاتی دیاری کراودا هات و دەسمان بە ئاخاوتن کرد و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان و پێشتر. پیشەی چییە و چی دەزانێ. من بەردەوام پرسیارەکانم بەوە دەسپێدەکەم، کە تۆ چی دەتوانی و چۆن یارمەتیت بدەین؟ پارێزگاری سەروەری کارخواز. بە دەستهێنانی متمانەی ئەو بۆ من زۆر گرنگ بوو.
هات دانیشت و کەوتە دووان:
من بارزانیم و دانیشتنی ئۆردوی قوشتەپە بووم، تەمەنم خۆی لە شەش ساڵ دەدا، بەیانییەکی زوو بوو، قوات خاسە، گەماڕۆییان داین و ئاو و کارەبایان بڕی، دایکم لە کەندۆڵەیەکدا منی شاردەوە. ئیدی هێندەی نەخایاند، کەوتنە گرتنی هەموو نێرەکان، کوڕی چکۆلەشیان دەبرد. نە متوانی لە بەر گریانی دایەم خۆم بگرم و ئەوسا لە کەندۆڵەکە هاتمە دەرێ ئەزیش گریانی دایەمم هێندەی دی گەرم و فرمێسکاوی کرد.
دەزانی! نەک هەر من، تەنانەت منداڵانی دیش، نەیان وێرا بچنە قوتابخانە و ئێستە زۆربەمان نەخوێندەوارین. خۆشبەختانە کەم نوسینی سوێدی فێربووم.
ئەو ژنە، بەردەوام پەنجەکانی دەتەقاند و هەناسەی قوڵی هەڵدەکێشا، دەتوت بەزۆر لەسەر کورسیەکە دانراوە. چەند جارێکیش ویستم باسەکەی لێببڕم، نەبا دڵی توند ببێ و گریەی چڕبکاتەوە. بەڵام وی وتی:
ئەزبەنی! وازم لێ بێنە، ئەمڕۆ تۆ باشترین هەلت دامێ کە خەمی پەنگخواردوی چەند ساڵەم هەڵڕێژم. بەداخەوە کارمەندە سوێدییەکان لێم تێناگەن. هەر کە دەڵێم قەلبم ئێشێ ئەوانیش هەمان شت دەڵێن. دەڵێم سکم ئێشێ، ئەوەی وانیش دیشێ. سەرم لێشواوە، تەنانەت کوردەکانی ئەمشارەش. هەیە پێم دەڵێ خەتای خۆتان بووە. بەرزانیەکان شایەنی هەموو شتێکن، ئەدی بۆ چەپەڵە بۆ بارزانی لێ دەدەن؟ کەس لێم تێناگات. تەواو لە پێوەندی کۆمەڵایەتی بچڕاوم، لە کۆی هەموو کەسوکارم، تەنها من کچکەم ماوین و چەندان ساڵە بەتەنها دەژین. شەوانە بەردەوام ڕۆژەکانی قوشتەپە وەک فلیم و هەورە بروسکە خەوم لێ تێکدەدەن. حەبی خەویش مێشکم خاو ناکاتەوە و وچانێک بدەم. کچکەشم هەمان نەخۆشی گرتووە و بە دەست منەوە گیری خواردوە.
وتی: من پرسیار لە تۆ دەکەم! مرۆڤێک چۆن بتوانێ کاربکات، هێندە خەمی ههبێ و تەنانە وزەی ئەوەشی نەبێ، بۆ تاوێ مێشکی بشو پێ بدا؟ دەزانی چەندان ساڵە نەموێراوە ئەم باسە بۆ کەس بکەم!
ئاسۆ بیارەیی
٢٥ی حەوتی ٢٠١٧
خەڵکی هەولێر زۆر باشبوون
وەک وتم لەبەر ئەوەی خوێندەواریم نیە و تەمەنێکە ئەو ناهەقیە خوێناوییەمان پێکراوە، ڕۆژەکانم لە بیر نیە، خودی تاوانەکە وای لێکردوم کە ئاگام لە خۆ نەبێت و تەنها ئەو ساتانەم لە بیر بێ، کە چۆن لە کەندۆڵەکە بووم و گوێم لە قیژەی بی تاوانی بابم بوو، تێیان هەڵدەدا. دایەم هەر بەو ئاهەوە مرد کە بابم و براکانم ببینێتەوە. دواتر کە گەورەبووم ئیدی دەبوو هاوکاری ماڵەوە بکەم و شەرمیشم دەکرد بە تەمەنی دەساڵی بچمەوە هۆڵی خوێندن.
ئێمە سێ خوشک بووین، من چکۆلەکەیانم، دوای بێ چارەنووسی بابم و سێ براکەم، دایکم زۆر دەترسا ئێمەش لە دەست بدا، بۆیە بەردەوام هەموومان پێکەوە ڕۆژەکانمان دەبرد سەر.
بەدەر لە نەمانی باب و براکانت، ڕوداوێک لەو ماوەیەدا کەزۆر ئازاری دابی؟
ئێوارەیەک هەندێ ژنم بینی بە دڵشکاوی و گریانەوە، کە داێکم لێی پرسین بۆچی دەگرین، وتیان:
سەرباری ئەوەی سەرکارەکە پارەی پێ نەداین، هەوڵیشی دا دەستدرێژی بکاتە سەرمان، لە هەمووی ناخۆشتر خەڵکی قسەی ناشیرنمان پێ دەلێ کە بەتەنیا لەو کێڵگانەی نزیک مەخمور کاردەکەین و پیاومان لەگەڵدا نیە، نازانین چی بکەین خەڵک تێناگا کە ئێمە چۆن بژین. خەڵک ڕۆژانە بە قسەی هیچ و پوچ سزامان دەدا، دەمانکۆژێت،،
من لە خەڵکی کورد، تەنانەت لێرەش لە سوێد تێ ناگەم، جا نەخوازەڵا لە کوردستان، بەردەوام چاویان لەسەر ئەو ژنان وکچانەیە کە هاوسەر و برایان نییە و وەک دیدەوان پاسەوانییان دەکەن. کەمترین جوڵە و چونە دەروەمان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەوەی لەو کوردستان خەڵک و حکومەت بەرامبەر ئێمەی قوربانی، نەک هەر هاوکارییان نەکردین، بەڵکو ساڵانێکە ئەوەی سەددام فریا نەکەوت پێمان بکا ئەوان کردین. دەها ئافرەتی بەرزانییان کردە قەحبە. ئەوەش هۆکارێک بوو کەمن بە هەر شێوەیەک بێ، ئەو وڵاتەم بەجێهێشت و خۆم گەیاندە سوێد. بەداخەوە سەدان ئافرەتی دی، بێ هاوسەر و سەرپەرست هێشتا ماون و چاوەڕێی مردنێکی لەسەر خۆن.
من دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە ئەو میهرەبانیەی لە خەڵکی هەولێرم بینی، لە هیچ شوێنێکی دنیا نەم دی، مەگەر لە سوێد، هەرچەندە هەندێ سوێدیش لێم تێناگەن و ناتوانن لەو ئازارە دەروونی جەستەییانەم بگەن. من پێم وایە ئێمە سەرلێشوا و لانەوازین، نە بەرنامەی ژیان نە نەخشەی ڕۆژانەمان هەیە. من بەردەوام گێژوای ئەو ڕۆژە خوێناوییە میشکم دەگوشێ کە قوات خاسە و سەرباز دایان بەسەرماندا. هاواری باوکم و براکانم دڵم شەوانە دەگوشێ، بۆ من ئاستەم بوو بەو شێوەیە دایک و بابم ببینم..
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.