تەموز 10, 2017 Omer ئهنفال, ههواڵ لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە چیرۆكی ئەم وێنە دەگمەنانەی جەللادەكەی نوگرە سەلمان
راپۆرتی فەرمان عەبدولرەحمان
لەماڵپەڕی ڕوداو وەرگیراوە
یەكەم وێستگەی گەشتەكەمان كە بەدواداچوونێكە بۆ جەللادەكەی نوگرەسەلمان، لە شاری بەسرەوە دەستپێدەكات. لەوێ بە رێكەوت زانیاریمان لە چەند كەسێك وەرگرت كە عەجاج تكریتیی جەللادە دڵڕەقەكەی نوگرە سەلمان، دوو وێنەی لای كەسێك هەیە.
ساڵی (١٩٨٨) لەهەڵمەتێكی سەربازیی گەورەو پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد. بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لەو پرۆسەی پاكتاوە رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی كە لە ئەنفالدا دەستگیركران، لە قۆناغی دواتردا لە یەكدی جیاكراونەتەوە، گەنجەكان لەلایەك و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەكانیش لە لایەكی دیكە. گەنجەكان بە پاس بەرەو چاڵەكانی مەرگ رەوانە كراون، ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی ترسناكی نوگرە سەلمان لە هەرە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گواستراونەتەوە.
ئەو هەزاران ئەنفالدیدەیەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون، رۆژانە لەلایەن جەللادێكەوە ئەشكەنجە دەدران كە دۆزەخی زیندانی نوگرە سەلمانی تاڵتر و بەسوێتر كردبوو. ئەو جەللادە ناوی عەجاج تكریتی بوو كە لەسەر زمانی ئەنفالدیدەكانەوە بە حەجاج ناوی دەبرێ و سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بووە، وێنەی ئەو جەللادە تەنیا لە نێو یادەوەریی ئەنفالدیدەكاندا هەیە، بەڵام ئێمە لەو بەدواداچوونەماندا دەمانەوێ تاكە فۆتۆی ئەو جەللادە بدۆزینەوە كە بە سەدان كەس بەرگەی كێبڵەكانی ئەویان نەگرت و هەر لە نوگرە سەلمان گیانیان سپارد.
لەكاتی ئەو بەدواداچوونەماندا، لە بەسرە بە رێكەوت زانیاری ئەوەمان لە چەند كەسێك وەرگرت كە عەجاج تكریتی دوو وێنەی لای كەسێك هەیە. بەپێی قسەی سەرچاوەكەمان، ئەو كەسە خزمی یەكێك لەوانەیە كە لەگەڵ عەجاج لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو پێكەوە لە یەكێك لە سەربازگەكانی رژێمی بەعسدا سەرقاڵی راهێنانی سەربازین.
لە یەكێك لە كافێكانی شاری بەسرە ئەبو عەدنان دەبینم، ئەو كەسەی فۆتۆكانی لایە. لەبارەی چۆنێتی دەسكەوتنی فۆتۆكانەوە گوتی “لە رێگەی ناسیاوێكمەوە لە بەغدا كە كاتی خۆی لەگەڵ عەجاج راهێنانی سەربازییان كردووە، فۆتۆكانم دەستكەوت”.
لەسەر مێزی كافێكە لە شاری بەسرە لە فۆتۆكان ورد دەبمەوە، دوو وێنەی رەشوسپین كە پێدەچێ لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا گیرابن.
لە وێنەی یەكەمدا ئەو كەسەی پێمان گوتراوە كە ئەوە عەجاجە، كەسێكی كەڵەگەتی سمێڵ فشە كە دەموچاوێكی پانی هەیە و مارێك بە زیندوویی دەخوات، لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەدا كە دەمیان سوورە بە خوێنی مار، وا دەردەكەون سەرقاڵی راهێنانی سەربازین. لە وێنەی دووەمیشدا كەروێشكێك بە زیندوویی كەوڵ دەكات. لە چاوانی عەجاجدا دڕندەیی و دڵڕەقی دەبینرێ.
بەڵام هێشتا ناتوانم بیسەلمێنم ئەم وێنەیە خودی عەجاج تكریتیە، دەگەڕێمەوە شاری سلێمانی و دەچمە لای عومەر محەممەد كە ساڵانێكی درێژە سەرقاڵی توێژینەوە و دۆكیۆمێنتكردنی رووداوەكانی ئەنفالە. وێنەیەكی خەمڵێنراوی عەجاجی لە خەیاڵدایە، شێوە و سیمای لە وەسفی ئەو ئەنفالدیدانەوە وەرگرتووە كە عەجاجیان بینیوە.
عومەر محەممەد كە وێنەكانی بینی، گوتی “ناتوانم بڵێم ئەمە سەد لە سەد عەجاج تكریتیە، بەڵام بەپێی ئەو وەسفانەی كە شایەتحاڵەكانی ئەنفال بۆیان باسكردووم، هەر كە وێنەكەم بینی وام هەست نەكرد كەسێكی غەریب دەبینم”.
بەڵام هێشتا پێویستم بە گەڕانی زیاترە. دەبێ بچمە شارۆچكەی سەلمان، دروستتر بۆ نێو زیندانەكەی نوگرە سەلمان. هەم بۆ ساخكردنەوەی شوناسی وێنەكە و هەم بۆ بینین و ئەزموونكردنی ئەو ئازارانەی كە ئەنفالدیدەكان لەوێ چەشتوویانە. شارۆچكەی سەلمان نزیكەی سێ كاژێر لە سەماوەوە دوورە، لەوێ پێیانگوتین بەبێ مەفرەزەی پۆلیس ناتوانین ئەو رێگایە ببڕین، چونكە نوگرە سەلمان شوێنێكی چەپەك و دوورە دەستە.
بە بیابانێكی وشك و كاكی بە كاكیدا تێپەڕین، بە درێژایی سێ كاژێر هیچ ئاوەدانییەكمان نەبینی. كاتێك لە قەزای سەلمان تێدەپەڕی، بە بەرزاییەكەوە پاشماوەی زیندانی نوگرە سەلمان دەبینی. دەگەینە نێو زیندانەكە. بە دروستی 29 ساڵ لەمەوبەر نێو حەوشە و هۆڵ و راڕەوەكانی زیندانەكە جمەی دەهات لەو كوردانەی لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا دەستگیركرابوون. ئێستاش هەست بەو ئازار و ناڵە و حەسرەتانە دەكەی كە بە دیوار و عەردی بەندیخانەكەوە وا هەست دەكەی بەجێماون. ئەوەشی ئەم زیندانەی ترسناكتر و بەسوێتر كردبوو رەفتارە دڵڕەق و توندەكانی عەجاج و دارودەستەكەی بوو.
لەنێو یەكێك لە هۆڵی زیندانەكەدا ئێستاش شوێنەواری ئەو نووسینانە ماوە كە بە كوردی لەسەریان هەڵكۆڵدراوە، عەزاب شمەری دەبینین كە دانیشتووی شارۆچكەی سەلمانە و دەڵێ خۆی عەجاجی لە نزیكەوە بینیوە، ئەو دەمەی عەجاجی بینیوە تەمەنی 10 ساڵان بووە، بەهۆی دەستگێڕی و شت فرۆشتنەوە زیاتر لە جارێك عەجاجی بینیوە. عەزاب گوتی “منداڵ بووین لە حیللەوە خواردنەوەی گازیمان دەهێنا بۆ ئێرە. عەجاج و زیندانییەكانیشم زیاتر لە چەند جارێك بینیوە، زیندانییەكان كورد بوون”.
كاتێك وێنەكەمان پیشانی عەزاب دا، یەكسەر پەنجەی خستە سەر ئەو كەسەی كە لە وێنەكەدا پێمانگوترابوو عەجاج تكریتییە. عەزاب گوتی “ئەو سمێڵ فشە خۆیەتی عەجاجە، لاندكرۆزەرێكی سپی و سوپەرێكی مۆدیل 85ی سووری هەبوو”.
بەڵام ساخكردنەوەی وێنەكە ئەستەمە ئەگەر قسەی ئەو كەسانە وەرنەگرین كە لە زیندانی نوگرە سەلمان بوون. ئەو گەرمیانیانەی لە نوگرە سەلمان بوون، زۆربەیان ئەو كەسە بە تەمەنانە بوون كە لە تۆپزاوا لە گەنجەكان جیاكرابوونەوە، بەڵام ئێستا ئەوانەی لە ژیاندا ماون یادەوەرییان كۆمەكی ئەوە ناكات عەجاج تكریتی بناسنەوە.
رەنگە باشترین كەس وێنەكانی ئەو جەللادە بناسنەوە، ئەو هەڵەبجەییانە بن كە لە دوای كیمیابارانی هەڵەبجە، ئاوارەی ئێران بوون و دواتر بەهۆی لێخۆشبوونێكی گشتیی رژێمی بەعسەوە گەڕانەوە و دواتر بۆ ماوەی چوار مانگ و 10 رۆژ لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون.
دەچمە هەڵەبجەی شەهید و لەوێ پێنج لەو شایەتحاڵانە دەبینم: سەلمان، عومەر، محەممەد، عەلی و سدیق. ئەوان كە لە نوگرە سەلمان بوون، لە هەڕەتی لاوێتیدا بوون، هەر پێنجیشیان لە نزیكەوە عەجاجیان بینیوە.
هەموویان پێش ئەوەی وێنەكە ببینن وەسفێكی دروستی روخسار و سیمای عەجاج و رەفتارە بێبەزەییەكانی ئەویان بۆ كردین، وەسفەكان زۆر نزیك بوون لە كەسێتیی نێو وێنەكان. كاتێكیش یەك یەك وێنەكانیان بینی، بەبێ ئەوەی ئاگاداری یەكدی بن، هەمان كەسی سمێڵ فش و دەموچاو پانیان دیاری كرد كە عەجاج تكریتییە. ئەوان دڵنیا بوون لەوەی كە ئەو كەسەی ناو وێنەكە عەجاج تكریتیە، هەمان ئەو جەللادە دڵڕەقەی كە ئەشكەنجەی ئەنفالدیدەكانی داوە لە زیندانی نوگرە سەلمان.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.