مارس 03, 2017 Omer كیمیاباران لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە نامەیەک لە مرییەم هەڵەبجەیی یەوە
نامەیەک لە مرییەم هەڵەبجەیی یەوە
ئەنفالستان : وابەرەو رۆژی جیهانی منداڵانی ون بوو دەچین، کە بەهۆی جەنگ وجینۆسایدەوە بوونە قوربانی و لە کەسوکارو خانەوادەکانیان دابراون بەم بۆنەیەوە مریەم باروتچیان ( مریەم هەلەبجەیی) نامەیەکی بڵاوکردووەتەوەو باس لە یەکەم چرکەساتی گەرانەوەی بۆکوردوستان و هەست و ئومێدەکانی خۆی دەکات، بەڵام ئەفسوس لە کۆتایی ئاگاداری و داخوازی نامەکەیدا نائومێدی نیشان دەدات و دەنوسێت بەڵام ناخۆشترینیان ئەوەیە کە هەتا ئێستا من هەر ونم . داوا لە ڕێکخراوەکان ومرۆڤدۆستان دەکات لەو رۆژەدا بەهاوبەشی یادی (رۆژی جیهانی منداڵەونبووەکان) بکەنەوەو ئەویش بەشدار بکەن هەتا ئەو هەستەی لەلا دروست بێت کە هەمووان کەسوکاری ئەون .
ئەمەش دەقی نامەکەی مریەمە
ئاگاداری و داخوازی بۆ هەموو مرۆڤدۆستان و خێرخوازان!
سڵاوی گەرم و خۆشەویستییم..
وەک دەزانن رۆژی ٢٥/٥، رۆژی جیهانی منداڵە ونبووەکانە. شاری هەڵەبجەی خۆشەویست لە ئەنجامی بۆمبابارانی کیمیایی دەستی رژێمێکی دیکتاتۆر و دڕندە لە ساڵی ١٩٨٨ دا زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و دە هەزار برینداری دا و هەزارانیشی ئاوارە و دەربەدەری وڵاتان بوون. هەڵەبجە خاوەنی ١٧٩ منداڵی ونبووە و ٧٣ بنەماڵەی ئەم شارە لەوساوە تا ئێستا چاوەڕوانن جگەرگۆشەکانیان بدۆزنەوەو لە باوەشیان بگرنەوە. زۆربەتان ئاگادارن کە منیش یەکێکم لەو منداڵە ونبووانە، کە لە تەمەنی شیرەخۆرییەوە لە هەتیوخانەیەکی ئێران دانرابووم و دواتر بنەماڵەیەک منیان گرتە خۆیان و ساڵانێکی زۆر هەر نەمدەزانی من کێم. کە زانیم من منداڵێکی هەڵەبجەییم هەوڵی بێوچانم دا بگەڕێمەوە و بە خاک و وڵات و کەسوکاری خۆم شاد ببمەوە و قەرەبووی ئەو هەموو ساڵی بێنازی و بێکەسییەم بکرێتەوە. ئەمڕۆ ٣/٥/٢٠١٧ رێک دەکاتە دوو ساڵ کە من بە شوێن ئەو چارەنووسە نادیارەی خۆمەوە وێڵ بووم و تا ئێستاش یەکلا نەکراوەتەوە. دوو ساڵ لەمەوبەر کە لە سنووری باشماخ دەپەڕیمەوە بۆ ئەم دیوو، هەستێکی ناوازە و پڕ لە شادییەکی پێنەسانەکراوم هەبوو، هەستی ئەوەی کە ئیتر من ناسنامەیەکم دەبێت و کەسوکارم لەباوەشم دەگرنەوە و خاک و وڵاتی خۆمم دەبێت و پێیان شاد دەبمەوە. لەو دوو ساڵەدا چەندین جار هەستی ئەوەیان پێبەخشیم کە من هی ئەم یان ئەو بنەماڵەم و دواتر دیسانەوە پێیان دەوتم وا نییە و هەڵەیە. تێگەیشتن لەوەی چ هەستێکی سەیری شادمانیم دەبوو کە هەستم دەکرد دۆزراومەتەوە، یان دواتر چەند هەستێکی دژوار و نامۆ و تاڵم دەبوو لەو کاتانەدا کە دەیانگوت وانییە و هەڵەمان کرد، زۆرسەختە و ناخۆشترینیشیان ئەوەیە هەتا ئێستاش من هەر ون و بێناسنامەم.
داخوازی من لە هەموو مرۆڤدۆستان و رێکخراوە خێرخوازەکانی کوردستان ئەوەیە، یادی ئەمساڵی (رۆژی جیهانی منداڵە ونبووەکان) پێکەوە و بە هاوبەشی لە شاری هەڵەبجەدا بگرن و منیش لەناو ئەو یادەدا بەشدار بکەن و ئەو هەستەم پێ ببەخشن کە هەمووان کەسوکاری منن. تکا لە هەموو چالاکوان و لایەن و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکەم، ئەم داوایەم فەرامۆش نەکەن و لە چالاکییەکدا یادی ١٧٩ منداڵی ونبووی هەڵەبجە بکەینەوە و پێکەوە هیوای ئەوە بخوازین رۆژی دۆزینەوەیان نزیک بێتەوە. لەگەڵ خۆشەویستیم بۆ هەمووتان.
مەریەم هەڵەبجەیی
٢/٥/٢٠١٧
وێنەکان لە ئەکاونتی مریەم وەرگیراون
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.