شوبات 11, 2017 Omer ئهرشیف, ئهنفال, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە شێواندنی مێژووی تاوانی ئەنفال و ستەم لە قوربانی و شایەتحاڵەکانی
بەشی سێهەم
عومەر محەمەد
ئالیاوا، نەک (ئەلیادە)
بەڕاستی نیگەرانم، کاتێک ببینم چالاکوانێکی بواری ئەنفال هێندە شارەزایی لەمەڕ ناوە ڕەمزیەکان و کەمپەکانی کۆکردنەوەو تاوانبارانی ئەنفال نەبێت، ئەفسوس نوسەر وەک هەڵەبڕی بۆ کتێبەکەی نەکردووە، هەڵە زۆر زەق و بەرچاوەکانیشی ڕاست نەکردووەتەوە، بەتایبەتی کە خۆی گەرمیانیەو ناوی شوێنەکانی گەرمیانی بەهەڵە نوسیون، تەواو کارەکەی عەیبدارتر خستووەتەڕوو، ڕاستە مرۆڤ هەرچییەک بێت بێ هەڵە ناژی، بەڵام هەندێک هەڵە قابیلی کردن نین و زۆر گران لەسەر خاوەنەکانیان دەکەون. ئاخر کەم ڕێک دەکەوێت گەرمیانیەک (زندان) و (زینانە) لە ناوچەی سەنگاوو گەرمیان، یاخود (ئەلیادە)و (ئالیاوا) لە ناوچەی قادر کەرەم لێک جودا نەکاتەوە ! چ جای ئەو گەرمیانیە قایل بێت بەوەی ناوی شارەزاو نوسەری ئەنفالیشی لێ بنرێت ؟! ڕاستە ئەمانە هەندێکیان هەڵەی کۆنوس ونوسراوەکانی دادگا کەن، بەڵام خۆ نوسەر بەخۆی دەڵێت شارەزای بواری ئەنفال ! بەلای کەمەوە دەیتوانی هێندە ئەرک بکێشێ و هەر هیچ نەبێت لە پەراوێزدا هەڵەکان ڕاست بکاتەوە، ئیدی بۆئەوەی نەکردووە ئەوە کروکی کەمتەرخەمیەکەیە، دەنا کاک تەها لە کتێبەکەیدا کە (سکاڵاکارەکانی دۆسێی ئەنفال لە دادگا)ی ئامادەکردووەو بەرلەوەی کتێبەکەی (جینۆسایدی کوردو تاوانی ئەنفال، نوسین، دۆکۆمێنت، زانیاری) چاپ بکات، ساڵێک پێشتر لە (ڕۆژنامەو ماڵپەڕی کوردستانی نوێ)[1]دا بەزنجیرە و لە حەڤدە بەشدا بڵاوی کردووەتەوە.. ئەی ئەم هەڵانە بۆ هەر بەردەوامن ؟ مەگەر کەسێک نەبوو لەو هەموو هەڵەو نا تەواویانە ئاگاداری بکاتەوە ؟ کەس هەیە لەبواری ئەنفالدا کاربکات و ناوی ئالیاوا وەک شوێنێک بۆکۆکردنەوەی ئەنفالکراوانی ناوچەی قادرکەرەم نەبیستبێت ! هەر بەڕاستی خوێندەوارانی کەسوکاری ئەنفال، خوێنەرانی کوردستانی نوێ و ڕۆژنامەنوسەکانی ئەو ڕۆژنامەیە،(چالاکوانان) ڕاوێژکارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدەکان و ئەنفالکراوان، تاقە کەسێک نەبوو لەم هەموو هەڵە درشت وبەرچاوانە بەئاگای بهێنێتەوە ! هەر هیچ نەبێت بەکوردستانی نوێ بڵێت: (ئەوە کاری کردن نیە)، بەڕاست ئێمە بۆ گەیشتووینەتە ئەم ئاستە لە بێباکی و خەمساردی ؟ یان هەر بەڕاستی پێدەچێت کەس ئەنفال و دۆسێکەی بەلاوە گرنگ نەبێ و ئێمە و مانانیش بەخۆڕایی خۆمان ماندوو دەکەین ؟! دەنا ڕەوایە کۆنگرەو کۆنفرانسەکان پڕپڕن لە چالاکوانی ئەنفال و جینۆسایدو دۆسێکەش بەم ئەندازەیە بێکەس و بێ خاوەن بێت، بەڕاستی ئەمە کارەساتەو تەواو جێگەی نیگەرانیە.
جیاوازی فۆرم وناوەرۆک
پێشتر ئاماژەم پێکردوە، کە کتێبەکە هەتا بڵێی بەرگ و دیزاینێکی جوانی هەیە، بەڵام ئەفسوس نوسەر هیچ رێزێکی بۆ جوانی بەرگەکەی نەهێشتووەتەوە،چونکە لە ناوەوەڕا وێرانی کردووە، بەبێ بەدواداچون و بەبێ شەن و کەوکردن هەرچی بەردەست کەوتووە بڵاوی کردووەتەوە، دیسانەوە هەمان ئەو بابەتانەی هێناوەتەوە بەهەمان هەڵەکانی پێشوویانەوە لەم کتێبەشدا بڵاوی کردووەتەوە، ئیدی نەهەڵەبڕی و نە بەدواداچوونی بۆ ڕاستی و ناڕاستی ئەو زەخیرە بایەخدارە کردووە کە بەردەستی کەوتوون، لەو بڕوایەدام ئەگەر تەنها هەندێک سەرچاوەی بخوێندایەتەوە کە پێشتر بڵاوکراونەتەوە و باسیان لەم شایەتحاڵانە کردووە، بەلای کەمەوە توشی ئەو هەڵە کوشندانە نە دەبوو. قۆناغی شاڵاوەکان و ئیفادەی سکاڵاکارو شایەتحاڵەکان هەروەک چۆن لە کۆنوسی ڕۆژانەی دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا بەکەموکوڕی و بەزمانی عەرەبی و زۆریشیان بەهەڵە یاداشتکراون، ئەویش لێرەدا بە هەمان شێوە بە زمانی کوردی لەم کتێبەشدا چاپی کردوون،( هەڵەکان، لە ناوی کەسەکەکان و (ڕێکەوت و ڕێنوس و زمانەوانی) کت ومت وەک خۆی بڵاوی کردووەتەوە. هەندێک جار لەدەقە عەرەبیەکەدا ڕاستن ئەم بەهەڵە نوسیونی شێواندنی ڕیکەوتی (ڕوداوو رێکەوت) و هەڵەی (ڕێنوس و زمانەوانی) زۆرترین هەڵەی ئەم کتێبەو (کتێبەکانی) تری ئەو بەرێزەن ! ئەوەش لەگەڵ (نوسین، دۆکۆمێنت،زانیاری) زۆر ناکۆک و ناتەبایە .. ئاخر تۆی نوسەر رێکەوتت هەڵەبێ و ڕستەسازیت هەڵەبێ و زمانەوانیت لە ئاستێکی لاوازدابێت و ناوی شوێن وکەسایەتیەکانت هەڵەبن، ئیدی نە دۆکۆمێنتت باوەر دار دەبێ و نە نوسین و زانیاریش !
ئەگەر چاوپۆشی لە هەڵەکانی نوسەر لە هەندێک ناوی گوندو شایەتحاڵدا بکەین کە بەسەریدا تێپەڕیون، ئەوا بەهیچ کلۆجێک ڕەوانیە، شێواندنی ڕاستیەکان و ئاوەژوو کردنەوەی زانیاریەکان، دەربارەی قسەی شاهیدحاڵ و ناوی کەسایەتیە دیارەکان جا چ جەلادبن یان قوربانی بە هەڵە تێپەڕن، هەڵبەت ئەم قسانە لەخۆمەوە ناکەم بەڵکو لە لەلاپەڕەکانی داهاتوودا بە شیواندنی تردەگەن،دکتۆر فایەق گوڵپی دەڵێت: (گوتم لە ژێرزەمینەکان وەرنە دەرەوە لەبەر ئەوەی چەکی کیمیایی بەکارهاتووە) بەڵام ئەم قسەیە تەواو بە پێچەوانەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی، نوسراوە داوام کرد لەژێرزەمینەکان وەرنە دەرەوە! لە ئیفادەی شایەتحاڵێکی (پارێزراودا) هاتووە ساڵی ١٩٨١ وەک پزیشک لە خەستەخانەی خەتێ بووم، بەڵام لەوەرگێرانەکەدا کراوەتە ساڵی ١٩٧١. (لەلاپەرەکانی دواتردا شایەتی دانی ئەم پزیشکە وهەڵەکانی نوسەر دەخەمەڕوو)
باسی کەسایەتیەکی دیاری وەک عاسی مستەفام کردو لە خوارەوەش بەبەڵگەوە هەڵەکان دەخەمەڕو، ئەو پیاوە خاوەنی چیرۆکێکی زۆر تایبەتە لەئەنفالداو دۆسێیەکەی سنوری چەمچەماڵ و کوردستان وعێراقی بڕیوەو زۆر لە میدیاکانی جیهان بڵاویان کردووەتەوە. هیچ رەوانیە نوسەرێکی بواری ئەنفال لەوەش گرنگتر (گەرمیانی) لەدوای دەیانجار بڵاوبونەوەی دۆسێی عاسی مستەفا هەرلەساڵی ١٩٩١ ەوە هەتا ساڵی ٢٠١٦ بەچەندین زمان ئەو بێت ناوو مێژوی بەهەڵە یاداشت بکات . هیچ رەوانیە ناوەدیارو ناسراوەکانی هێزەکانی سوپا کە ئەنفالیان ئەنجامداوە بەهەڵە لە کتێبێکی سەرنج ڕاکێشدا لە بەرگێکی جواندا، کە ناوی جینۆسایدی کوردی لەسەربێت چاپ بکرێن.
یەک تایتڵ بۆهەمووان !؟
پێشتر ئاماژەم پێکرد، کە پێش چاپکردنی کتێبەکەی (جینۆسایدی کورد تاوانی ئەنفال) تەها سلێمان بە (١٧)بەش لەژێر ناونیشانی (قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال)دا لە (ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ )دا دۆسێکانی دادگاو هیزەکانی سوپاو قسەی شایەتەکانیشی لە ژێر هەمان ناونیشاندا چاپ وبڵاوکردووەتەوە. بەشی یەکەمی لە ژمارە ٦٦٤٥ لەمەڕ قۆناغەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ژمارە (٦٦٤٥) رۆژی ٥/٤/٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوەو دوابەشیشی لە٢٧/٤/٢٠١٥ ژمارە ٦٦٦٤ داکۆتایی هاتووە. ئەوەی کەمن زیاتر بە نیگەرانیەوە بەڵام بەگرنگی پێدانەوە لەسەری دەوەستم بەشی پێنجەمیانە کە تایبەتە بە (ئیفادە)ی سکاڵاکاران و شایەتحاڵەکانی دادگا، نازانم بۆچی ئەوانیش لەژێر هەمان تایتڵدا ( قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال) بڵاوکراوەتەوە بڕوانە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ٦٦٥٠ رۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠١٥ و لەژمارە ٦٦٦٠ رۆژی ٢٢ی نیسانی ٢٠١٥ لە چواردەهەمین بەشیدا کۆتایی هاتووە. بەشەکانی تری کە هەتا حەڤدە درێژەیان هەیە. مەگەر چۆنها دەنا لێدەگەڕێم بۆ دەرفەتی ترو کەسانی تر لە بوارەکەدا.
بێگومان هەموو بەشەکانی بابەتەکەی لەبن یەک تایتڵدا گونجاو نین وەک لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا لە ژێر یەک تایتڵ ( قۆناغەکانی شاڵاوی ئەنفال)دا بڵاوی کردووەتەوە؟ ، چونکە ئەوە تێکەڵکردنە دەنا ئیفادەی شایەتحاڵەکان لە دادگادا چ پەیوەندیان بە قۆناغەکانی شاڵاوە سەربازیەکانەوە هەیە؟ ئایا باشتر نەبوو لە بەشی پێنجەمەوە هەتا بەشی چواردەهەمین بنوسێت (دانیشتنەکانی دادگا، یان قسەی شایەتحاڵەکانی ئەنفال لە دادگا) یان هەر شتێکی گونجاوتر؟ بەهەرحاڵ دواتر کە چەند بەش و بابەتێکیانم خوێندەوە هەستم کرد کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەموو هەڵەیە، بەهەر حاڵ ئەوسا هەم سەرقاڵی و هەم باری تەندروستیم یاریدەدەر نەبوون لەکاتی خۆیدا هەڵەکانی راست بکەمەوە و دواکەوتن بۆ ئەم کاتە قەیراناویە، هەر چاوەڕوان بووم کاتێکم بۆ بڕەخسێت، هەتا هەڵەکانی ڕاست بکەمەوە، بەڵام بەداخەوە درەنگ دەرفەتم بۆ ڕەخسا، بێگومان پێشئەوەی لەکارەکەی (کاک تەها) نیگەران بم، نیگەران بووم لە دادەوەرانی دۆسێی تاوانی ئەنفال کە بەو ئەندازەیە وتەی شایەتحاڵەکانیان فەرامۆش کردووە، بەتایبەتیش هەڵەکردن لە ناوی کەسەکان و شوێنی نیشتەجێ بوون و ڕیکەوتی ڕوداوەکان. بەڵام ئەرکی نوسەریش بوو مادام دەستی بۆ دۆسێکە بردووە، هەموو ئەو هەڵانە ڕاست بکاتەوە کە کۆنوسەکانی دادگادا تێپەڕیوون، نەک بەبێ بەدواداچوون و بەبێ دیقەت وەک خۆی چاپ بڵاویان بکاتەوە و لەزەینی خەڵکی ئەنفالکراوی کورددا بیان چەسپێنێ،چونکە بەلامەوە زۆر ئەستەمە کەسێک شارەزای ئەنفال بێت و بەرانبەر دۆسێی ئەنفال ئەوەندە بێ باک بێت، زۆر ئەستەمە کەسێک نوسەری ئەنفال بێت و شارەزای مێژوی دەستپێکی ئەنفال نەبێت،
ئەفسوس دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەشمان کە رۆژی ٢٠/١/٢٠١٧ بوو کاک تەها هەرسور بوو لەسەرئەوەی ئەو هەڵە نیەو پشتی بەدۆسێی دادگاکە بەستووە! لەکاتێکدا دەبوو دادگاکە پشتی بە شارەزایی ئەو یان ئێمەو مانان ببەستایە، بابزانین دادگای باڵای تاوانەکان چەندە بەدیقەت بووەو کاک تەها سڵیمانیش چ لە ڕێگەی کوردستانی نوێ و چ لە کتێبەکەیدا، چۆن ستەمیان لە ناوو مێژووی روداوەکان و عاسی مستەفاو هەندێک لەشایەتحاڵەکانی ترکردووە ؟
بۆئەوەی هەموو کەس بزانن دادگاکەش چەندە بەلاموبالاتی و خوێنساردیەوە مامەڵەی لەگەڵ مافی شایەتحاڵەکان و روداوەکەدا کردووە ! بەلای کەمەوە وەرگێڕو یاداشت نوسی باشی بۆدابین نەکردوون . بەهەر حاڵ ناچارم من هەڵەکانیان ڕاست بکەمەوە :
لەبەرئەوەی لە کتێبەکەیدا ئەستەمە بتوانین هەموو هەڵەکانی (رێنوس و زمانەوانی) دەستنیشان بکەین، بە پێویستم زانی بە کورتی و پوختی هەندێک لە هەڵە یاسایی و زمانەوانی و تەنانەت ئەمنیەکان، کە زۆر دوبارە بوونەتەوە بخەمە بەرچاوان .
یاسایی :
لە کتێبەکەدا هەستم بەجێگۆڕکێیەک کرد، کەمن تاڕادەیەک بە پێشێلکاری یاسایی تێدەگەم، دەرهەق بە شایەتحاڵەکان بەرچاو دەکەون، ژمارەی (ئیفادە) شایەتی و سکاڵاکارن گۆڕدراون، واتا ناوی سیانی شایەتحاڵێکی خستووەتە شوێنی ئەوانەی ناویان پارێزراوەو بە هیما (ژەمارە)یان بۆدانراوە، بەمەش دووجار پێشێلکاری کردووە، جارێک بەوەی ئیفادەی کەسێکی ئاشکرای بەناوی ئاشکراو سیانی خستووەتە شوێنی کەسێک کە بەنهێنی شایەتی داوە، لەلایەکی تریشەوە ژمارەی کەسێکی پارێزراوی بۆ ئەوکەسانە داناوە کە بەئاشکرا لەبەردەم دادوەرو لەبەردەم میداکاندا وێنەو ناویان بڵاوکراوەتەوە !
تیبینەکانی من و هەڵە زەقەکانی ئەو
ژمارە : ناوی شایەتحاڵ یان سکاڵاکار
لە دایکبوون :
پیشە :
شوێنی نیشتەجێبوون
ئەوانەشی شایەتیان بە نهێنی داوە هێمایان بۆدانراوەو نوسیوێتی (شایەتی پارێزراو)
کەچی کاک تەها سلێمان لە لە کتێبەکەیدا وەها فۆرمێکی رێکخستنی پەیرەو نەکردووەو لەسەر یەک هێڵ هەموو زانیاریەکانی لەدێڕی یەکەمدا داناوە،بۆیە هەندێک جاریش بەبێ (خاڵبەند) ناوی شایەتحاڵ تێکەڵ بەنوسینی ئیفادەکەی بووە. جاری واش هەیە ناوی باپیری شایەتحاڵ هاتووەتە خوارەوەو تێکەڵ بەساڵی لەدایک بوونی شایەتحاڵەکە بووە.
[1] بڕوانە رۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە (٦٦٥٦)کتێبەکەی نوسەر تەها سلێمان (جینۆسایدی کورد “تاوانی ئەنفال” نوسین، دۆکۆمێنت، زانیاری) ٢٠١٥ چاپی یەکەم چاپخانەی بینایی- لەلاپەڕە (١٣٨٨-١٣٩) بۆیەکەمجار من ئیفادەکەی عاسی مستەفام لە ماڵپەرەکەیاندا خوێندەوە، بڕوانە لینکی مالپەرەکە
http://kurdistani-nwe.com/Direje.aspx?Jimare=33139&Cor=6&Besh=Witar
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.