ئاب 06, 2016 Omer ئه‌نفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دەرچوون لە ئابڵۆقەی دوژمن بەشێک لە چیرۆکی ئەنفال- شاسوار هەرشەمیی
دەرچوون لە ئابڵۆقەی دوژمن
بەشێک لە چیرۆکی ئەنفال
شاسوار هەرشەمیی
هاوینی ساڵی ١٩٨٨ز، بارودۆخی پێشمەرگە و ناوچە ئازادکراوەکان، لە ژێر گوشارێکی گەورەی سوپای داگیرکەری ئێراق دابوو. تەنیا چەند مانگێک بوو کە تاوانی کیمیاوی باران کردنی هەڵەبجە و دەوروبەری ڕوویدابوو. هەروەک چەندان شوێنی دی دوور لە سنورەکانی ئێران- ئێراقیش، پێش بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه و دوای ئه‌وه‌ش، کەوتبوونە بەر بۆردومانی کیمیاوی، وه‌ک بالیسان، هه‌ندێک ناوچه‌ی قه‌یوان- ماوه‌ت و دۆڵی جافاتی و… . شەڕی هەشت ساڵەی ئێران- ئێراق کۆتایی هاتبوو. ڕژێمی داگیرکەری عارەبی ئێراق، ڕاوەستانی ئەم شەڕەی بە سەرکەوتن دەزانی، چونکە هه‌رچه‌نده نیاز و مه‌به‌سته سه‌ره‌تاییه‌کانی، له داگیرکردنی ناوچه‌ی خوزستانی پڕ له نه‌وت، سه‌ری نه‌گرت، به‌ڵام لە لایەکەوە ئێرانی هیلاک و لاواز کردبوو، لە لاکەی دیەوە، بێ لە دەست دانی هیچ شار و شارۆچکەو، بستە زەویەک، لە ژێر گوشاری گەورەی شەڕەکە دەرچوو بوو.
ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕی بوو، ئەوە بوو کە ڕاستەوخۆ لە دوای وەستانی شەڕەکە، ئێراق هەموو توانای خۆی بەکارهێنا، بۆ ئاوەدان کردنەوەی شارە عارەبیەکان، کە بە هۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتبوو. دەمانبینی کە بە بیانوی نزیکی قەڵادزێ لە سنوری ئێران، سەرەڕای وەستانی شەڕیش لەگەڵ ئەو دەوڵەتە، سەرەڕای دووری شارەکە بە ١٥ کیلۆمەرێکیش لە سنور،کەوتنە ڕاگواستنی دانیشتوانی قەڵادزێ و، تەقاندنەوەی خانووبەرەی شارەکە. هاوکات بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی قەڵادزێیان، بردبووە شاری (فاو)، له‌وپه‌ڕی باشوری ده‌وڵه‌ته‌که، بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، سەرەڕای ئەوەش کە فاو، تەنیا بەرد هاوێژێک لە سنوری ئێران دوور بوو. دیارە هاوکات خانوە بەسەر پێوە ماوەکانی هەڵەبجەشیان تەقاندەوە. هه‌روه‌ک ڕێگایان نه‌دا تا شاره ڕوخێندراو و چۆڵکراوه‌کانی دی کوردستان، دیسان ئاوه‌دان بکرێنه‌وه، وه‌ک حاجی ئۆمه‌ران. گه‌ڵاڵه. چۆمان. قه‌ره‌داغ، پێنجوین، سه‌یدسادق و…
سوپای ئێراق، کە لەو هەشت ساڵەی ڕابردوو دا، خەریکی شەڕ بوو لەگەڵ ئێران، ئیدی دوای شەڕ، دەست بەتاڵ بوو بۆ داگیرکردنەوەی هەموو کوردستان و، تێکشکاندنی پێشمەرگە و گیانی بەرگری هەموو کورد. پرۆسەی دڵڕەقانەی ئەنفالەکان، لەو چوارچیوەیەدا ئەنجام دران. من لە بەرگری کردن لە ناوچەکانی ماوەت- کارێزە و دۆڵی جافایەتی، کە پڕۆسەی یەکەمی ئەنفال بوو، بەشدار ببووم. من له شه‌ڕه‌کانی ئه‌و ناوچانه‌دا، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کانی تیپی کارۆخ و باڵه‌کایه‌تی بووم. له ماوه‌ی مانگێکی شه‌ڕدا، ژماره‌یه‌ک شه‌هید و بریندارمان هه‌بوو. دوای ئەوەی کە ناچار بووین لەو ناوچانە پاشەکشێ بکەین، هێزی دوژمن، له به‌رده‌وامی پرۆسه‌کانی ئه‌نفالدا، کەوتە کوشت و بڕی هاوڵاتیان لە گەرمیان و قەرەداغ. دواتریش هاتنە دەشتی کۆیێ و ناوچەی شوان و ئاغجەلەر. ئێمە لە ناوچەکانی خۆشناوەتی و باڵه‌کایه‌تیدا ماینەوە و، کەوتینە خۆ ئامادە کردن بۆ بەرگری.
جوگرافیا
ناوچەکەمان، بەرفراوان بوو. لە لایەکەوە، لە دۆڵی سماقولی و دۆڵی هیران و نازەنین دەستی پێدەکرد. لە لاکەی دیشەوە درێژ دەبووەوە تا دۆڵی بالیسان و دۆڵی مەلەکان، تا سنوری گەرەوان و ئاکۆیانی نزیک ڕواندز. واتا لە سنورەکانی بەڕێوەبەرایەتی شەقڵاوە، کۆیێ، ڕواندز و ڕانیە بڵاوببووینەوە. جگه له بوونمان له دۆڵی باڵه‌ییانی سه‌ر به چۆمان و، ناوده‌شتی سه‌ر به پشده‌ریش. ئێمه له نه‌خشه و مه‌به‌ستی دوژمن بۆ په‌لامار هێنانه سه‌رمان دڵنیا بووین. له لایه‌که‌وه، له پاڵ بناری قه‌ندیل، نزیکه‌ی هه‌ر ئه‌م سنوره مابوو که به ده‌ست پێشمه‌رگه‌وه بێت. له لاکه‌ی دیه‌وه، سوپای ئێراق، به‌و گه‌رماوگه‌رمیه‌ی ده‌رچوونی له شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی ئێران، نه‌یده‌ویست، ئه‌م هه‌له‌ی سه‌رکه‌وتن له‌ده‌ست خۆی بدات. هه‌روه‌ک له هه‌موو لایه‌کیشه‌وه، هه‌واڵی خۆ ئاماده‌کردنی سوپامان ده‌بیست. یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه‌مان، شه‌هیدی نه‌مر دکتۆر قاسملو بوو. ئه‌و له به‌هاری 1988ز، له بناری قه‌ندیل و گوندی (ئێندزێ)، منی ئاگادار کرده‌وه‌و، گوتی تازه له که‌رکوکه‌وه گه‌ڕاومه‌ته‌وه، وه‌ک تێگه‌یشتم، ڕژێم نیازی په‌لامارێکی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ سه‌ر دۆڵی نازه‌نین. منیش به په‌له هه‌واڵه‌که‌م گه‌یانده لێپرسراوان.
نه‌خشه‌ی به‌رگری:
دەمانزانی بەرگری کردن لەو سنورە بەرفراوانە، لەبەرامبەر سوپای تازە لە شەڕ ساوە و، سیخناخ بە هەموو جۆرە چەکێک، کارێکی سەختە. هاوکات ناوچەکەمان ببووە مەکۆی ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی گەرمیان، قەرەداغ و دەشتی کۆیێ، کە دەیانەویست لە لای ئێمەوە خۆیان بگەیەننە ناو ئێران و ژیانی پەنابەریان لەوێ دەست پێبکەن. ئه‌رکی ئێمه بوو تا نه‌خۆش و برینداره‌کان تیمار و ده‌رمان بکه‌ین. یارمه‌تی ئه‌و خێزان و ژن و منداڵانه بده‌ین، تا به بێ مه‌ترسی بگه‌نه بناری قه‌ندیل. به‌شێکی دیاری ئه‌م کارانه، له ڕێگای ڕێکخستنه‌کانی دۆڵی شاورێ و حه‌لی نه‌بیه‌وه ده‌کران. ئەو کاتە، کاک نەوشیروان، مولازم عومەر، کۆسرەت ڕەسوڵ، حەمە تۆفیق، شه‌هید حەسەن کوێستانی، و شه‌هید کاک عەبدولڕەزاق، له‌گه‌ڵ ده‌یان فه‌رمانده‌ی به ئه‌زموونی سه‌ربازی لەوێ بوون. مەلا بەختیاریش، لە پشت ماڵی باوکم، لە نێوان توتمە و نزرۆکە، بە تەنیا لە زیندانێ بوو. ئەندامانی سەرکردایەتی و، سەرکردەکانی هێزی پێشمەرگە، کە زوربەیان لە (بێڕۆ) و (نزرۆکە)ی نزیک (خه‌تێ) کۆببونەوە، کەوتنە نەخشە دانان بۆ پێشهاتەکان. وه‌ک زووتریش گوتم، ئێمه لە بەهارێوە دەمانزانی کە دوژمن بڕیاری سوتماک کردن و لەناو بردنمانی داوە. نەخشەکەی ئێمە بریتی بوو لە هێشتنەوەی چەندان دەستەی پێشمەرگە لە دەشتی هەولێر، دەشتی کۆیێ و خۆشناوەتی، لەگەڵ دابین کردن و شاردنەوەی چەک و خواردن بۆیان. دیارە مانەوەی ئه‌و پێشمەرگانە خۆبەخشانە بوو.
دوژمن لەوە ئاگادار بوو کە هێزێکی زۆری پێشمەرگە لەو ناوچە ناوبراوانەدا کۆبوونەتەوە. بۆیە لە هەموو لایەکەوە هێزی هێنا بۆ ئابڵۆقە دانمان. ئێمە داوامان لەو کەمە خەڵکە کرد کە هێشتا مابوونەوە، یان بە دزی بچنە ناو شارەکان، یاخود بۆ سنوری ئێران بەڕێ بکەون. دایکم، باوکم، لەگەڵ خوشک و برایەکی بچوکی دیم، دوای چەندان جارگیران، و دەستبەسەر داگرتنی خان‌و وماڵمان، ڕۆژێک لە سەر سنوری ئازادکراوی دۆڵی سماقولی بەرەللا کرابوون و، پێیان گوترابوو گەر لە شاربتانبینینەوە، ئەوا دەتانکوژین. من دوای ئەوەی چی پارەیەکم لە گیرفان بوو، که پاره‌ی فرۆشتنی ده‌مانچه‌که‌م بوو، پێمدان و بە ناچاری، داوام لەوانیش کرد تا بە دزی بگەڕێنەوە ناوشارو، لەوێ خۆیان بشارنەوە. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه بوو که ترسی لێدانی کیمیاوی لەسەرمان زۆر بوو. دایکم و باوکم زۆریان پێ‌ناخۆش بوو بچنه‌وه ناو شار، چونکه له لایه‌که‌وه ئازاری زۆریان به ده‌ست ڕژێمی به‌عسه‌وه دیبوو، له لاکه‌ی دیشه‌وه، به‌شێک له خزمه‌کانمان، جوجکه ترسێن ببوون و، نه‌ده‌وێران چ یارمه‌تیه‌کیان بده‌ن، تا بتوانن خۆیان بشارنه‌وه. منیش ئه‌و ڕێگایه‌م پێ باشتر بوو، له ناردنیان بۆ ئۆردوگایه‌کی په‌نابه‌ران له ناو خاکی ئێران‌دا. یه‌کێکی دی له هۆیه‌کانی ناردنه‌وه‌یان، بۆ ناو شار، ئه‌وه بوو که هێشتا سێ له براکانم، له زیندانی (ئه‌منی عاممه‌ی به‌غدا) له زیندان دا بوون و، ده‌با ئه‌وان له نزیکتره‌وه ئاگایان له چاره‌نوسیان بێت. ئیدی له‌و کاته‌ی که که‌سوکارم، منیان له شاخ به‌جێهێشت، تا چه‌ند مانگێک دوای ڕاپه‌ڕین، هیچمان ئاگامان له یه‌کدی نه‌ما، چونکه هیچ جۆره ڕایه‌ڵێکی په‌یوه‌ندی له نێوانماندا نه‌مابوو. ئه‌وان هه‌میشه گومانی ئه‌وه‌یان هه‌بوو، که من له ژیاندا نه‌ماوم.
کێڵگەکانی گەنم
تەختاییەکانی دۆڵی بالیسان، یەکپارچە کرابووە گەنم. زوربەی خەڵکەکە، دوای کیمیاوی بارانەکەی بەهاری هەمان ساڵ و، کوژرانی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان، هەروەها تێکدان و سوتاندنی خانوەکانیان، بە ناچاری گوندەکانیان چۆڵ کردبوو. کاتی گەنم دورینەوە بەسەرچووبوو. گەنمی کێڵگە و، پوش و پەڵاش، هەمووی وشک هەڵگەڕابوون. ترسی ئەوەمان هەبوو، کە بە تۆپباران، یان ئاگرکەوتنەوەیەکی لەناکاو، هەموو دۆڵەکە گڕ بگرێت و بسوتێت. بۆ ئەو مەبەستەیە، دەستەیەک پێشمەرگە چوونە سەر جادەی هەریر- باتاس. لەوێ کۆمباینی (دەڕاسە)ی هاوڵاتیەکیان تووش دەبێت، سەرەڕای پێ‌ناخۆش بوونیشی، ناچاری دەکەن تا سویچەکەیان بداتێ. پێشمەرگەکان، کۆمباینەکەیان، بە هەورازە ڕێگای خۆڵیی و بە گرێ‌و گۆڵی شێخ مەمودیان، گەیاندە دۆڵی بالیسان. بە چەند ڕۆژێک و، بە دەستی پێشمەرگە، هەموو کێڵگەکانی گەنم دروێنە کران. هاوکات بە ئاشی گەڕۆکی سەر تراکتۆر، لە پێش خوێندنگاکەی (خەتێ)، کە پڕی بوو لە سەرباز و ئەفسەری دیل، گەنمەکە شۆردرایەوە و کرا ئارد. دواتریش ئاردەکە بەسەر ئەشکەوت و دۆڵەکاندا دابەش کرا. من لە ڕێگای ڕێکخستنه‌کانی بیتوێنەوە، ١٠٠٠ جووت پێڵاوی ئەدیداسم پەیدا کرد، بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لە ڕێگای دوورەوە هاتبوون و پێڵاویان دڕابوو. هەر بەو شێوەیە، زۆر پێویستی دی، وەک داوودەرمانمان کۆکردەوە. هاوکات بەردەوام بووین لە چەک و فیشەک کڕین، لە ڕێگای قاچاخچیانەوە. عوسمان توتمەیی، بە خۆیی و تراکتۆرەکەی، زۆر لەو شتانەی که پێویستمان بوون، دەگەیاندە دەستمان.
حەمەی حاجی مەحمود و هەڵوێستێکی بوێرانە
دوژمن ڕۆژ بە ڕۆژ ئابڵۆقەی سەرمانی تەسکتر دەکردەوە. هاتوچۆ و پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانمان سەخت ببوو. هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی، که له گه‌رمیان، قه‌ره‌داغ و ده‌شتی کۆیه‌وه گه‌یشبوونه لامان، ئه‌وه‌نده سامگیر ببوون، به په‌له ئێمه‌یان به‌جێده‌هێشت بو ڕوویان له قه‌ندیل و سنوره‌کانی ئێران ده‌کرد. هه‌ندێک له‌و پێشمه‌رگانه‌ی که له ئازایه‌تیدا، ناو وناوبانگێکیان پێکه‌وه نابوو، له‌و ڕۆژانه‌دا، نه‌ک هه‌ر خۆیان بۆ نه‌ده‌گیرا، به‌ڵکو گاڵته‌یان به مانه‌وه‌ی ئێمه‌ش ده‌هات. دیاره ئه‌وان زووتر مارانگاز ببوون و، ئه‌نفال و چه‌کی کیمیاوی و، دڵرەقی دوژمن و ڕه‌شه‌کوژی به کۆمه‌ڵی خەڵکیان دیتبوو. ئا لەو کاتە ناسک و پڕ مەترسیە دابوو، کە شتێکی چاوەڕوان نەکراوم بینی. هێزێکی چەند سەت کەسی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان، بە ڕابەرایەتی کاک حەمەی حاجی مەحمود، له سه‌ر لوتکه‌ی (ده‌ره‌دار) لێمان دەرکەوتن. ئەوان لە ڕێگای قەندیل- کێوەڕەش و ساوسێوکانەوە، خۆیان لە ئابڵۆقەی هێزه‌کانی دوژمن دەرباز کردبوو، تا بگەنە لامان. سەیرەکە لەوەدا بوو، کە هەر پێشمەرگەیەک، بە هەموو پێداویستیەکەوە هاتبوون. ئەوان تا پەتوی خەوتنی خۆشیان پێ بوو. ئا لەو بارە دابوو کە کاکە حەمە هاتە پێش و گوتی: من بۆ یارمەتی دانتان هاتووم و، هەر ئەرکێکم پێ دەسپێرن، ئامادەم وەک پێشمەرگە لە ئەستۆی بگرم. ئەم کارە بوێرانه‌ی کاکە حەمە، بە هیچ پێوەرێک ناپێورێت، چونکە ئاسان نەبوو بە بڕیاریش پێشمەرگە، بێنە ئەو شوێنە گەمارۆدراوە، کە ئێمەی تێدا بووین، کەچی ئەو بە هێزێکەوە، خۆبەخشانە هاتە ناو مەترسیەکی گەورە، کە هیچ دەستکەوتێکی بۆ وی تێدا نەبوو، جگە لە سەروەری و سەربەرزی و، بەرگری کردن لە خاک و وڵات.
ڕاکێتی تۆڵه
دوای ئەوەی کە ئەرکەکان دابەش کران، ئەو پێشمەرگانەی کە بڕیار بوو لە ناوچە جۆراوجۆرەکان، بە شێوەی پارتیزانی بمێننەوە، بۆ شوێنی خۆیان بەڕێکەوتن. بە داخەوە ژمارەیەکی بەرچاو لەوان، دواتر شەهید بوون. بەشە گەورەکەی هێزەکەش، بڕیار وابوو بە یەکەوە، بە ناو گەمارۆی هێزی دوژمن‌دا تێبپەڕن و، خۆیان بگەیەننە بناری قەندیل.
ئێمه ئه‌وکاته هێزێکی تۆپخانەمان هەبوو، کە کۆمەڵێک ڕاکێتی گرادیان بۆ مەلەکان گواستبووەوە. ئێمه ناومان له‌و ڕاکێتانه نابوو، ڕاکێتی تۆڵه. مه‌جیدی برام له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ی تۆپخانه دابوو. بڕیار وابوو، کە ئەوانیش چەند کاتژمێرێک پێش کشانەوە، سەربازخانەی چوارقوڕنە، کە بارەگای فرقەی ٢٤ی سوپای لێ بوو، به ڕاکێته‌کانی تۆڵه، ڕاکێت باران بکەن. دیاره ئه‌وان ئه‌رکی خۆیان ئه‌نجام دا‌و، هه‌موو ڕاکێته‌کانیان گرته سه‌ربازخانه گه‌وره‌که‌ی چواقوڕنه. که‌لوپه‌له ماوه‌کانیشیان له‌وێ ته‌قانده‌وه.
مام ته‌های مه‌له‌کان
پێش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه (مه‌له‌کان) چۆڵ بکه‌ن، داوایان له‌و چه‌ند ماڵه مه‌ڕداره‌ی ئه‌وێ کرد که ناوچه‌که به‌جێبێڵن، چونکه ئه‌وان چیدی لێره نامێننه‌وه. ئه‌و کاته دوژمن دێت و له‌ناویان ده‌بات. وه‌ک دواتر بیستمه‌وه، هه‌موو خه‌ڵکه‌که به پێدزه خۆیان گه‌یاندبووه دۆڵی (سکتان) و ئه‌و دیوی (بیتوێن). ته‌نیا پیاوێکی پیر مابووه‌وه و، ئاماده نه‌بوو بڕوات. ئه‌و پیاوه، که من له چیرۆکێکی بڵاوکراوه‌م، له ساڵی 1993ز، ناوم لێناوه (مام ته‌ها)، که ده‌بینێت وا پێشمه‌رگه خه‌ریکی بار‌و بنه تێکنانن و، ده‌ڕۆن، دێته لایان و تکا له پێشمه‌رگه‌کان ده‌کات، تا هه‌ندێک فیشه‌کی بۆ به‌جێبێڵن. زۆری لێ ده‌پاڕێنه‌وه تا له‌گه‌ڵ ئه‌وان بێت، به‌ڵام مام ته‌ها به لاملی له‌وێ مایه‌وه و، پێیانی گوتبوو ده‌زانم ئه‌گه‌ر بێن، ئه‌وا ده‌مکوژن، به‌ڵام من ده‌توانم پێش کوژرانم، زۆریان لێ بکوژم. بڕۆن کوڕه‌کانم خه‌می منتان نه‌بێت، من به‌شی خۆم ژیانم دیتوه و، ئێستا کاتی ئه‌وه هاتووه تا تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه له‌و کافرانه بکه‌مه‌وه. دوای ئه‌وه هه‌رگیز که‌س نه‌یزانی چاره‌نوسی مام ته‌ها به چی گه‌یشت. ده‌زانین که هێزه‌کانی دوژمن هاتبوونه مه‌له‌کان. له‌وێ هه‌رچیه‌ک که شوێنه‌واری ژیان بوو، هه‌ر له خانوه‌وه، تا لادیوار و په‌رژین و، ڕه‌ز و باخ و خه‌ڵێفی مێش، هه‌ر هه‌موویان وێرانیان کردبوو. کانیاوه‌کانیشیان چیمه‌نتۆڕێژ کردبوو.
دەستەیەکی دی، بە ڕێبەرایەتی شەهید حەسەن کوێستانی، دوای کشانەوەی هەموو هێزەکەمان، دەبا بمێننەوە، چونکە ئەرکی تەقاندنەوەی بنکە و ماڵەکانی خۆمانیان پێ سپێردرابوو. هەروەک دەبا زانیاری دەست بخەن، لەسەر چۆنیەتی هاتن و جێگیر بوونی هێزەکانی دوژمن لە ناوچەکەدا. دیارە ئەو هێزەش، وەک دواتر و لە قەندیل، لە دەمی خۆیانم بیست، توشی دەرد و ئازار و کێشەی زۆر زۆر ببوونەوە. جگە لە کۆڵەمەرگی و نەبوونی خواردن و جێگای مانەوە، چەندان جاریش بە ڕێکەوت لە مەرگ دەرباز ببوون، دوژمن، دوای ئه‌وه‌ی که هاته ناوچه‌که، نەک هەر ئەشکەوتەکانی دەتەقاندەوە، بەڵکو هەنوان و بەرهەیوان و دیوارە شاخەکانیشی دەڕوخاند. سەری سەروچاوەی ئاو و کانیاوەکانی چیمەنتۆڕێژ دەکرد. بە کورتی هەرچی شوێنەوارێکی ژیان هەبوو، لەناوی بردبوون. هیوادارم کاک ئیدریس سۆریانی، کە لەگەڵ ئەو هێزە بووە و، لە من باشتری لێ دەزانێت، ئەم به‌شه ڕووداوانه بنوسێتەوە.
پێ سپاردنی ئەرکێک
هاوکات لەگەڵ دابەش کردنی کارەکان، ئەرکی ئەوەش بە من سپێردرا، تا هەندێک بەڵگەنامە و شتی دی گرنگ، وەک ناوی ڕێکخستنەکانی ناو شاران، به ڕێگایه‌کی دڵنیا و، به شکاندنی ئابڵۆقه‌ی دوژمن، بگەیەنمە بناری شاخی قەندیل. هاوکات لەوێ بنکە و شوێنی حەوانەوە، بۆ بەشێکی هێزەکە ئامادە بکەم، کە دەبا دواتر بۆ هەمان شوێن بەڕێ بکەون. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، نزیکەی ١٠ پێشمەرگەم لەگەڵ بوو، لەگەڵ دوو ئەسپ. دیارە دەبا ڕێگایەک بدۆزمەوە تا بێ شەڕ، لە گەمارۆی دوژمن دەرباز بم. من سێ ڕۆژێک پێش به‌ڕێکه‌وتنی هێزە سەرەکیەکە، بەڕێکەوتم. لە شاخی (دەرەدار) سەرکەوتم. لەوێوە ڕێگای (ساوسێوکان)م گرتە بەر، لە پاڵ کێوی (کارۆخ). بۆ ئێوارە گەیشتینە سەر بەرزاییەکانی (دۆڵی شاورێ). پێش تاریکی داکەوتن، ئێمە شۆڕبووینەوە ناو گوندی (گوڵان). بنکەیەک یان دوانی کۆمەڵەی زەحەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە تازەیی هاتبوونە گوڵان. کە ئەوان چاویان بە ئێمە کەوت، زۆر ترسان. هەموویان بنکەکانی خۆیانیان چۆڵ کرد و چوونە شاخ. ویستم لێیان تێبگەم کە مەترسیان لە پای چیە، بەڵام بێ سود بوو. دوایی من تێگەیشتنم بۆ ئەو هەڵوێستەیان هەبوو. ئەوان بە تازەیی لە (دۆڵی بۆتێ) کەوتبوونە بەر بۆردومانی کیمیاوی سوپای ئێراقەوە. لەو بۆردومانەدا، شەهید و برینداری زۆریان هەبوو. دەترسان چوونی ئێمە بۆ بارەگاکانیان، ئاشکرا ببێت و، ئەوان لە پای ئەمەوە، دیسان بیانو بە دەست ڕژێمەوە بدەن، تا توشی لێدان و ئازار ببنەوە.
دیداری عەلی نەبی
ئێمە لە گوڵان گیر نەبووین. بە دیوی گوندی (مێدێرێ)دا، ڕوومان لە (بەردانگە) کرد. لە بەردانگەوە، سەنگەرەکانی دوژمن لە (ماکۆک) دەکرا ئێمە ببینن، بەڵام تا ئەو ئەندازەیە تاریک ببوو کە مەترسیمان لەوە نەبێت. لەوێوە چووینه گوندی (دارەبەن). ماڵی (عەلی نەبی) لەو گوندە بوو. هەرچەندە ئەو بە هۆی دڵڕەنجانێکەوە، خۆی دابووە دەست دوژمن و، چەکی لە شان کردبوو، بەڵام هەمیشە هاوکاری ئێمەی دەکرد. لە بیرمە مانگێک پێشتر، داوای ١٥ سەر بزنم لێ کردبوو، وەڵامی دابوومەوە: خۆ من حکومەت نیم!. خوا هەڵناگرێت هەندێ شتی ناردبوو. من لە ساڵی ١٩٨٥-١٩٨٦، کاتێک کە لە کەرتی ڕێکخستنی ڕانیە کارم دەکرد، هاوسێی عەلی نەبی و براکانی بووم، بۆیە ئەرکی هاوسێیەتیشمان بەسەر یەکەوە هەبوو. له‌به‌ر مه‌ترسی ئاشکار نه‌بوونمان، من پێشتر ئه‌وم لە هاتنمان ئاگادار نەکردبووەوە. ئه‌و دوای ئەوەی بە گەیشتنمانی زانی، لە ماڵ هاتە دەرێ و، چاک و چۆنی لەگەڵ کردین. هاوکات گلەیی ئەوەی کرد، کە باوەڕمان پێی نەبووە و، پێشتر لە هاتنمان ئاگادارمان نەکردۆتەوە، تا میوانداریەکی پێویستمان لێ بکات. سوپاسم کرد و گوتم پەلەمانە دەبێ ئەمشەو بگەینە جادەی قەڵادزێ- ڕواندز و، بپەڕینەوە ئه‌و به‌ریش. هاوڕێیه‌کی ڕێکخستن، هه‌ندێک خواردنی قوتوی بۆمان هێنا. که به‌ڕێ که‌وتین، عه‌لی نه‌بی، لەگەڵمان هاتە سەر جادەی سەرکەپکان- پڵینگان و، لەوێ ماڵئاوایی لێ کردین.
کێوەڕەش
ئێمە دوای پەڕینەوەمان لە جادە، دۆڵی سەرکەپکان- پڵنگانمان بەجێهێشت. بە پەلە بۆ ناو قوڵایی شاخی (کێوەڕەش) پەڕینەوە. لەوێ دۆڵێک هەبوو، تا سەر جادە و بەرامبەر گوندی (لێوژێ) دادەکشا. بڕیارمان دا، تا پشو نەدەین و زوو بڕۆین. شەوێکی تاریک و ئەنگوستەچاو بوو. من و کاک دڵشاد، بڕیارمان دا، تا بە دووری ماوەیەک، لە پێش پێشمەرگەکانەوە ڕێ بکەین، تا لە ڕێگاکە دڵنیا بین. بە ئەوانەی دیشم گوت، ئەگەر ئێمە توشی تەقە هاتین، پێویستە ئەوان بە خێرایی پاشەکشە بکەن و، خۆیان بشارنەوە، بێ ئەوەی کاریان بە چارەنوسی ئێمەوە هەبێت.
کەوتنە بۆسەی جاشەوە
ئێمە کە لە پێشەنگەوە دەڕۆیشتین، بە خێرایی لە جادەی قەڵادزێ- دۆڵی خانەقا- ڕواندز نزیک دەبووینەوە. لە ناو چڕە دارێکی نزیکمان، لە ناو گەرووی تاریکی شەودا، لە پڕ دەنگێک هات و گوتی: برادەرانن؟ من هیچم نەدەبینی، بەڵام زانیم ئەوە بۆسەی جاشەکانە. چونکە ئەوان بە دەنگ لێ کردنمان، خۆیان ئاشکرا کرد، دیار بوو نیازی ئەوەیان نەبوو لێمان بدەن. پێیانم گوت بەڵێ پێشمەرگەین. درێژەم پێ دا و، پێیانم گوت کە هێزێکی گەورەم لە پشتە، بۆیە باشتره خۆیان ئاشکرا نەکەن، نەوەک تەقە دروست ببێت. دیارە هێزەکەمان گەورە نەبوو. تەنیا بۆ ئەوە وام گوت، تا لە هەر نیازێکی خراپ، گەر هەیان بێت، بسڵەمێنەوە. من هه‌رگیز نه‌مزانی ئه‌وان کێ بوون، به‌ڵام ده‌مزانی که هه‌ندێک ده‌سته‌ی جاش، ته‌نیا بۆ خۆ پارێزی له شه‌ڕی ئێران- ئێراق چه‌کیان هه‌ڵگرتبوو، بۆیه ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان کرابا، خۆیان له زیان به پێشمه‌رگه گه‌یاندن ده‌پاراست. من ده‌رخستنی دۆستایه‌تی ئه‌وانم به هه‌ل زانی و، لێیانم پرسی گەر سەر جادە کەسی لێ بێت؟ دەنگەکە گوتی: کەس لەسەر جادە نیە. جادەکە پڕیەتی لە چادری سەربازی، بەڵام هەمووی چۆڵن و، تەنیا بۆ وا دەرخستن و شاردنەوە و ترساندن داندراون، تا ئێوە نەوێرن لێرەوە بڕۆن. سوپاسم کردن و ملی ڕێگامان گرتە بەر.
پێم باش بوو لە کەناری جادە بوەستم، تا ئەوانەی دواوەش پێمان بگەنەوە. دوای ئەوە هەموومان، چەک لە دەست و بە وشیاریەوە، بە ناو چادرەکاندا تێپەڕین. کە گەیشتینە ئەو بەری جادە، ئاهێکمان پێدا هاتەوە. بڕیارمان دا تا لە گوندی (لێوژێ) ژەمە نانێک پەیدا بکەین و، پشویێکی کورتیش بدەین، ئینجا بۆ دیوی (مالێخ)ی بناری قەندیل بەڕێ بکەوین. ڕێچکەیەکی بە درەخت داپۆشراو، بۆ ناو دێ دەچوو. لە پڕ و لە بەردەم ماڵێک، چاومان بە تۆتۆمبێلێکی ئیڤای سەربازی سوپای ئێراق کەوت. لە شوێنی خۆمان سڵەمینەوە. تۆ بڵێی سەربازی دوژمن لە ناو دێ بن؟ لە ژێر چەتری تاریکی شەودا، بە پارێزەوە چووینە پێشێ. کەسمان نەدیت. هێزەکەم دابەش کرد و، خۆشم لە دەرگەی ماڵەکەم دا. دوای ئەوەی دەرگا کرایەوە، لە هۆی بوونی ئیڤاکەم پرسی. دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، لەبەر نەبوونی ڕێگا بۆ بەردەم بارەگاکەیان، که له پشت دێ بوو، لەوێیان ڕاگرتووە. هەندێک نان و پێخۆرمان لە دێ کۆکردەوە و دەرچووین. لە ناو گۆڕستانی دێیەکە دانیشتین تا پشو بدەین. تا ئەو کاتە، ئێمە پتر لە ١٢ سەعات بوو، کە بێ پشودان، بە ڕێگاوە بووین. چەند پێشمەرگەیەک کەوتنە پڕخەی خەوەوە.
نەشارەزایی
من پێشتر هەرگیز لەو ڕێگایەوە، بۆ بناری قەندیل نەچووبووم، تەنیا ئەوە هەبوو، کە زووتر لە جادەوە ڕێگاکه‌م بینیبوو، بۆیه دەمزانی بۆ کوێ دەچێت. هەروەک لە دیوی ناوەوەی قەندیلیش، ناوچەکەم دوور بە دووری بینی بوو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە دووری ڕێگاکە و، هەڵکەوتەی ڕێگاکەش بە هەڵە لێکبدەمەوە. پێش ڕووناکی بەرەبەیان، خۆمان کۆکردەوە و، ئەو ڕێچکەیەمان گرتە بەر، کە لە لێوژێوە بەرەو بەرزایی سەر جادە و، پێش کوێستانی (مالێخ) دەچوو. شاخەکە، کە بە (کونە کۆتر) ناسراوە، بەرز و ستراتیژی بوو. لە دیوێکیەوە، بەسەر گوندەکانی ئێندزێ، سڵێ و لێوژێ دادەڕوانێت، که باره‌گاو بنکه‌کانی سه‌رکردایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لێبوون، لە دیوەکەی دیشی، دەڕوانێتە سەر (پشت ئاشان) و بەشێکی گۆڕایی مالێخ. ئێمە هێشتا لە نیوەی ڕێگا بووین، کە تاریکی ڕەویەوە و ئاسۆگه‌ی به‌ره‌به‌یانمان لێ ده‌رکه‌وت. لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم تیرۆژی زێڕینی خۆر، بۆم دەرکەوت کە ئەگەر پەلە نەکەین، ئەوا لە مەترسی داین. ئەو شاخەی کە ئێمە پێی هەڵدەگژاین، واتا شاخی کونەکۆتر، بێ دار‌و دەوەن و، ڕووت و قوت بوو. هێشتاش ئەوەندە زۆر لە جادە دوور نەکەوتبووینەوە. ئەو چادرانەی سەر جادەمان بە باشی لێ دیار بوو، کە شەو بە ناویاندا تێپەڕی بووین. هەروەک دانە دانە ئۆتۆمبێڵی سەربازیشمان دەبینی، کە لەسەر جادەکە هاتوچۆیان دەکرد. کەوتمە هاندانی هاوڕێکانمان تا پەلە بکەن. لە پڕ ئەوەم بینی کە لێی دەترسام. کاروانێک تانک و زرێپۆش، لە لای قەڵادزێوە دەهاتن. ناچار بووین تا لە شوێنی خۆمان دابنیشین. دوو ئەسپەکەمان پێ نەدەشاردراوە. چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد، تا بماندەنە بەر تۆپ. کەچی هێزەکە بێ هیچ وەستانێک، بۆ لای زارگەڵی شۆڕ بوونەوە.
نازانم هۆی چی بوو کە لێیان نەداین. یان ئەوەتا بە هێزی خۆیانیان زانیوین، چونکە پێشمەرگە هەرگیز ئەمەندە گەوج نەبووە، ئاوا بێتە بەر لولەی تۆپی تانک، یان ئەوەتا هێزەکە ئەرکێکی دییان پێ سپێردراوە، لەو کاتەشدا ئەوان ناتوانن بڕیار بدەن تا ئەرکێکی دی تازه لە ئەستۆ بگرن، بێ ئەوەی کەوتبنە بۆسەوە. بە هەر جۆرێک بێت، لە مەترسیەکی گەورە دەرباز بووین و، توانیمان لە لوتکەی نەدیوی شاخ ئاودیو بین. دوای ماوەیەک ڕێکردن، گوێمان لە تەقە بوو. کە نزیک کەوتینەوە، بینیمان هێزەکانی پێشمەرگە، بە فەرماندەیی ڕائید جەلال و شەهید سمایل وەرتی، لە شەڕ دابوون. ئێمەش لەو بەرەیە دامان کوتا و، بووینە بەشێکی ئەو هێزەی ئەوێ. هەمان ڕۆژ، بە بروسکەیەکی دەزگای بێتەڵی ڕاکال، ئاگاداری شەهید عەبدولڕەزاقم کردەوە، کە بێ هیچ کێشەیەک گەیشتینە شوێن مەبەست و، چاوەڕوانی گەیشتنی ئێوە دەکەین. ڕۆژی دوایی، هێزێکی دوژمن، لە ئێندزێوە بەرەو کونە کۆتر هاتن. واتا ئه‌م ڕێگایه‌ی که پێیدا هاتین، به‌سترا. ئیدی شەڕی کونەکۆتر، له نێوان ئێمه و هێزه‌کانی دوژمن، تا سەرما داهاتنی پایز بەردەوام بوو. ئێمە لە پشتی قڕناقاو، واتا لە کوێستانەکانی مالێخ، لە گۆڕاییەکدا، کە ناومان لێنابوو بنکە، دامەزراین. دیارە ئەو ناوە پڕ بوو لە پێشمەرگەی هەرێمە جیاوازەکانی کوردستان. هەندێک ماڵه ڕەوەندی مەڕداری هۆزی ئاکۆش، ڕێگای گەڕانەوەیان لێ گیرابوو، بۆیە، خۆیان و ژن و منداڵ و پەز و ڕەشماڵەکانیان، لەو ناوە مابوونەوە و، چاوەڕوانی هێور بوونەوەی باری شەڕیان دەکرد.
هێزه سه‌ره‌کیه‌که، که دوای ئێمه به‌ڕێکه‌وتن، له بارێکی خراپتر دابوون. ئه‌وان ژماره‌یان سه‌دان که‌س بوو. هه‌ندێک له پێشمه‌رگه‌کانی به‌ڕانه‌تی، ده‌شتی هه‌ولێر و ده‌شتی کۆیه، چه‌ند ڕۆژێک بوو بێ پسانه‌وه به ده‌م ڕێگاوه بوون. ڕێگای کونه‌کۆتریش گیرا بوو. هێزه‌که، به چاوساغی شه‌هید عه‌بدولره‌زاق، به تاریکی شه‌و، به به‌رزاییه‌کانی پشت وه‌رتێدا هاتبوونه، سه‌ره‌وه‌ی گوندی (به‌رگردکه). له‌وێشه‌وه بۆ باریکه ڕێگای (دیلمان) هه‌ڵکشابوون. هاوکات، دوژمنیش هێزێکی گه‌وره‌ی له‌و نزیکانه کۆ کردبووه‌وه، به نیازی په‌لامارێکی سه‌رتاسه‌ری، بۆ سه‌ر هه‌ردوو باڵه‌ییان و مالێخ. کۆتایی هێزی پێشمه‌رگان، هێشتا له (وه‌سانێ) بوو، که دوژمن هێرشه فراوانه‌که‌ی خۆی ده‌ست پێ‌کرد. هێزه‌که به شه‌هیدێک و چه‌ند بریندارێک، له ده‌ست دوژمن ده‌رباز بوون. هه‌ر ده‌سته‌یه‌کی ئه‌م هێزه، زووتر و له تاریکایی شه‌ودا، له به‌رزاییه‌کانی وه‌رتێ داده‌بڕێن. شه‌ش که‌سیان ده‌که‌ونه ده‌ست دوژمن و، تا ئێستاش چاره‌نوسیان نادیاره. دووانیش، دوای پتر له هه‌شت ڕۆژ خۆشاردنه‌وه و، خواردنی گیا‌و گۆڵ، گه‌یشتنه‌وه لامان. دیاره چیرۆکی ده‌رباز بوونی هێزه سه‌ره‌کیه‌که، زۆر له‌وه پتره، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌جێ بێڵم که له‌گه‌ڵ کاروانه‌که دابوون.
واتا لێرەوە، من بە هاوکاری هاوڕێکانم، ئەرکی پێسپێردراوم، بە سەرکەوتوویی گەیاندە جێ. دوای ئەوە تا پاییز، جگە لەو شەڕەی، کە لەسەرەوە ئاماژەم بە بەردەوام بوونی کردووە، چەندان ڕووداوی دی گەورە و دڵتەزێن، لە بناری قەندیل ڕوویاندا، هیوادارم لە هەلێکی دی دا، ئەو ڕووداوانەش بۆ مێژو تۆمار بکەم.
تێبینی: ژمارەیەکی زۆر نامە و بروسکەی جیاوازی ئەو سەردەمەم لا پارێزراوە. هەندێکیانم گەیاندۆتەوە دەست خاوەنەکانیان، یان میراتگر و کەسو کاری، ئەوانەی کە شەهید بوون و جێیان هێشتوین. زۆرێک لەو بەڵگەنامە و نامانە، بە دەستی شەهید عەبدوڵڕەزاقی، پاڵەوانی ئازادکردنی کەرکوک نوسراون. ساڵی ڕابردوو، کۆپی بەشی هەرە زۆری ئەو نامانەشم دایەوە دەست کاک هەڵمەتی کوڕی شەهید.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.