مارس 21, 2016 Omer توێژینهوه لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە گواستنەوەی ترۆما و کاریگەری دەروونیی جینۆساید لە نێوان- نەوەکاندا
گواستنەوەی ترۆما و کاریگەری دەروونیی جینۆساید
لە نێوان- نەوەکاندا
Inter-generational Transmission
Of Trauma and Psychological Effects of Genocide
پەیپەرێکی پێشکەشکراوە بە کۆنفرانسی زانستی زانکۆی گەرمیان،لە هەرێمی کوردستان
د. ســەڵاحی گەرمیــــــان
گواستنەوەی ترۆما و کاریگەری دەروونیی جینۆساید لە نێوان- نەوەکاندا
پوختەی باسەکە (ئابستراکت):
لە سی ساڵانی ڕابردوودا توێژینەوەی زۆر ئەنجامدراون دەربارەی کاریگەری تاوانی قڕکردن نەک هەر لەسەر دەربازبووان و کەسوکاری قوربانیانی ئەو نەوەیەی ڕاستەوخۆ بووەتە ئامانجی تاوانی لەو شێوەیە، بەڵکو سەبارەت بەو کاردانەوانەی کە دەرئەکەون لەسەر نەوەکانی دوای ئەوان. دەرئەنجامی زۆرێک لەو توێژینەوانە ئەوەیان دەرخستووە کە هەر کۆمەڵێک، گرۆپێک یان نەتەوەیەک کە ڕووبەڕووی تاوانی کۆمەڵکوژی، قڕکردن یان کارەساتی دڵتەزینی سروشتی ئەبێتەوە، توشی ترۆمای بەکۆمەڵ
(Collective Trauma) ئەبێت کە بەهۆی ئازاردانی ناخەوە دێتەکایەوە. هەروەها دووچاری کۆمەڵێک کێشەی دەروونی تر ئەبێتەوە. زۆر لەو کێشانە گەر بەبێ چارەسەر مانەوە، دەگوازرێنەوە بۆ نەوەی دواییInter-generational Transmission. بەڵگەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ئەو کاریگەرییە دەروونییانەی لە ئەنجامی تاوانی قڕکردندا لە دەربازبووان وکەسوکاری قوربانیانی نەوەیەکدا سەرهەڵئەدات، دەگوازرێنەوە بۆ نەوەکانی دواتر.
بەمەبەستی زیاتر تێگەیشتن لەسەر گواستنەوەی ترۆما و کاریگەری دەروونی جینۆساید لە نێوان- نەوەکانداIntergenerational Transmission of Trauma and Psychological Effects of Genocide
ئەم باسە بە پشتبەستن بە چەندین ئەدەبیات لە بارەی هۆڵۆکۆست، قڕکردنی ئەرمەنەکان، تاوانی کومەڵکوژی لە کامبودیا، قڕکردنی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکای باکور و ئوسترالیا و خستنەڕووی دەرئەنجامەکانیان، تیشک دەخاتە سەر ئەو دیاردەیە بۆ بەئاگابوونی زیاتر و بایەخدان بەو بوارە وروژاندنی لە توێژینەوە لەسەر تاوانەکانی ئەنفال وجینۆسایدی گەلی کورد لە داهاتودا، تا وەک بنەمایەک بخرێتەڕوو بۆ گرنگیپێدان بە کێشە و گرفتە دەروونییەکانی خەڵکی ناوچە ئەنفالکراوەکان و دەربازبووان و کەسوکاری قوربانییانی جینۆسایدی گەلی کورد لەهەر کوێیەک هەن.
وشە سەرەکییەکان: جینۆساید، ترۆما،PTSD، گواستنەوەی نێوان- نەوەکان.
گواستنەوەی ترۆما و کاریگەری دەروونیی جینۆساید لە نێوان- نەوەکاندا
Inter-generational Transmission of Trauma and Psychological Effects of Genocide
دەسپێک:
لەگەڵ ڕوودانی ڕووداوی دڵتەزین و تۆقێنەر، وەک ڕووداوی هاتوچۆی ترسناک، بینینی دیمەنی کوشتن و ئازاردان، دەستدرێژی سێکسی، لەدەستدانی کەسێکی خۆشەویست، یان ڕووبەڕووبونەوەی کارەساتی سروشتی وەک: بومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە، بورکان و لافاو، یان کارەساتی جەنگ، کۆمەڵکوژی و قڕکردن و سڕینەوەی ناسنامە و زمان و کلتور، زۆرێک لەوانەی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە ڕووداوانە دەبنەوە توشی چەندین جۆر لە کێشەی دەروونی دەبن بەتایبەتی ترۆما وPTSD (بشێوی سترێسی پاش ترۆما)[1].لە ئاستی کۆمەڵیشدا، لەو کۆمەڵگەیەی کە دووچاری کارەسات دەبێتەوە بەهۆی ئەزمونی ڕووبەڕووبونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە، پرۆسەی کۆمەڵایەتی نوێ و هەڵسوکەوتی هاوبەش سەرهەڵدەدات و گۆڕانکاری لە حاڵەتی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵ دروست ئەبێت[2 ].
جینۆساید وەک کارەساتێکی ترسناک کە هەڕەشەی مەرگ و نەمان و سڕینەوەی بەکۆمەڵ ئەکاتە ئامانج، جێی سەرنجی توێژەرانی بوارە جیاجیاکانە. گواستنەوەی ترۆما و کێشە دەروونییەکانی دەربازبووان وکەسوکاری تاوانەکانی جینۆساید وەک بابەتێکی هەستیار، بووەتە بابەتی سەدان توێژینەوە. پسپۆرانی تەندروستی دەروونی و توێژەرانی دەروونناسی بەئاگاهاتن سەبارەت بە گواستنەوەی ترۆمای نیوان- نەوەکان و پەیوەندبوونی بە تەندروستی دەروونی نەوەی داهاتووەوە[3].
لەم باسەدا، خوێندنەوە بۆ چەندین تۆژینەوەی سایکۆـ سۆسیۆڵۆجی دەکرێت کە تایبەتن بە گواستنەوەی ترۆمای نیوان- نەوەکانی دەربازبووان و کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی جینۆساید. مەبەستی سەرەکی باسەکە تیشکخستنە سەر لایەنەکانی ئەم دیاردەیە لەپێناو سەرنجڕاکێشانی دەروونناس و کۆمەڵناسانی کورد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی جینۆسایدی گەلی کورد. هەروەها لەپێناو بەئاگاهێنانەوەی پسپۆرانی تەندروستی دەروونی و كێشە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەند بە نەوەی نوێی کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکانی جینۆساید، بەمەبەستی داڕشتنی بەرنامەی خزمەتگوزاری تایبەت بە چاککردنی باری دەروونی و تەندروستییان.
پێناسەی زاراوەکان
جینۆساید Genocide
جێنوساید زاراوەیەکە لە دوو وشەی گریکی پێکهاتووە:Genosبەواتای ڕەگەز و Cideبەواتای کوشتن. هەردوو وشەکە بەسەریەکەوە (جینۆساید) واتای کوشتنی بەکۆمەڵ یان قڕکردن دەگەیەنێت. زاراوەی جینۆساید تا ساڵی 1944بەکارنەهێنرابوو. لەو ساڵەدا، یاساناسی جولەکەی پۆلەندی ڕافائیل لیمکین Raphael Lemkinلە چوارچێوەی ناساندنی هۆڵۆکۆستدا بەکاریهێنا و پێناسەی کرد. لە ئەنجامی هەوڵی دانەبڕاوی لیمکین لەوبارەیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1948دا ڕیکەوتننامەی جینۆسایدی دەرکرد و بەشێوەیەکی یاسایی بە تاوانێکی نیودەوڵەتی دانرا. بهپێی پێناسهی لیمکین، جێنۆساید کردهوهیهکی پراکتیزهکراوی کۆنه و بریتیه له بهجێهێنانی وێرانکردنی بنهما سهرهکییەکانی ژیانی کۆمهڵه نهتهوهییەکان[4]، کە ئەوەش ههوڵدانه بۆ لهناوبردنی سهرتاپای ئهو کۆمهڵانه.
بە پێی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانهەر یەکێک لەم تاوانانەی خوارەوە بە جینۆساید دائەنرێت[5]:
أ – کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵ؛
ب – ئازاردانی جەستەیی و دەروونی زۆری ئەندامانی کۆمەڵ؛
ج – گەیاندنی زیان بە شێوەی ژیان و بژێوی کۆمەڵ بەئەنقەست، بەمەبەستی وێرانکردنی بەشێک یان هەموو ئەو کۆمەڵە؛
د – سەپاندی پرۆسەی قەدەغەکردنی منداڵبوون(زاوزێ) لەناو کۆمەڵدا و
هـ – گواستنەوەی منداڵان لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکی تر.
ئەو تاوانانە، نەک تەنیا بوونەتە هۆی لەناوبردنی ملیۆنەها کەس، بەڵکو ملیۆنەها کەسی تر لە دەربازبووان لە مردن، دووچاری ترۆمای دەروونی بوون بەهۆی ئەو ئەزمونەی تێیان پەڕاند لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکاندا. بەڵگە کلینیکییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، ئەو جۆرە ڕووداوانە، نەک هەر تەنیا هۆکاری سەرهەڵدانی نیشانەکانی حاڵەتی بشێوی سترێسی پاش ترۆمان(PTSD)، بەڵکو نیشانەی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، هەستکردن بەتاوان، خەمباری، ترس و شڵەژان و چەندین حاڵەتی دەروونی تریان لەگەڵدا دێت.
ترۆما Trauma
ترۆما وشەیەکی گریکیە بەواتای برین[6]. ترۆما ئەو حاڵەتە دەروونیەیە کە لە ئەنجامی ڕووداوێکی ترسناکی کتوپڕدا مرۆڤ دووچاری ئەبێت، یان کاتێک مرۆڤ کەسێکی تر دەبینێت لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا و کاریگەری دادەنێت بەسەر دەروون وجەستە و هزریدا. وەک لە ڕووداوی هاتووچۆ، ئاگرکەوتنەوە، دەستدرێژی سێکسی، یان لەدەستانی ناکاوی کەسێکی خۆشەویستدا. ئەوەش دەبێتە هۆکاری ترس لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکە، نائارامی، سترێس و کێشەی دەروونی جۆراوجۆر. کەسی توش بوو بە ترۆما گەشکەدار دەبێت تا ئەو ڕادەیەی باوەڕناکات بە ڕووداوەکە و هەست بە ناواقیعی ڕووداوەکە دەکات و هەوڵئەدات گۆشەگیربێت و لە حاڵەتی حەپەساوی و واقوڕمان و دڵتەنگی و توقین وهەستکردن بەتاوان و توڕەییدا دەژێت.
چۆن تاکەکەس توشی ترۆما دەبێت، ئاواش کەسانێکی زۆر لە دەربازبووان و شایەتحاڵ و کەسوکاری قوربانیانی کارەساتی گەورە، بە کۆمەڵ و پێکەوە توشی ترۆما دەبن. ئەو جۆرە ترۆمایە ناسراوە بە ترۆمای بە کۆمەڵ[7]Mass or Collective Trauma. ترۆمای بەکۆمەڵ ئەو شێوە ترۆمایەیە کە لە ئەنجامی ترس و تۆقینێکی زۆردا، لەکاتی ڕوودانی کارەساتی ترسناک و دڵتەزێندا سەرهەڵدەدات و هەڕەشە دەکاتە سەر ژیانی کۆمەڵێکی زۆری خەڵک لە یەک کاتدا وەک: کارەساتی سروشتی(بومەلەرزە، لافاو، تسونامی، ڕووداوی هاتووچۆو، کەوتنەخوارەوەی فرۆکە، لادان و پێکدادانی شەمەندەفەر و ئاگرکەوتنەوە هتد..)، یان کارەساتی کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید[8].
PTSD
کاتێک مرۆڤ توشی ڕووداوێکی جەرگبڕ دەبێت، سەرباری توشبوونی بە ترۆما، زۆرجار ئەو ڕووداوە کاریگەری دەروونی تری لەسەر دادەنێت. لەدوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ڕووداوەکەدا، توشی ترس و دڵەڕاوکێ لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکە دەبێت. دوورنیە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک تا دەگاتە چەندین ساڵ پێوەی بتلێتەوە. ئەو حاڵەتە پێدەوترێت (بشێوی سترێسی پاش ترۆما) کە ناسراو بە PTSDکورتکراوەی چەمکە ئینگلیزیەکەیەPost-traumatic Stress Disorder.
لەدوای کۆتایهاتنی جەنگی ڤێتنام بە شێوەیەکی فەرمی، چەمکی PTSDپێناسەکرا بۆ وەسفکردنی دەرهاویشتەی دەروونی لە ئەزمونی ڕووبەڕووبونەوە، یان بینینی ڕووداوی ترسناک و جەرگبڕ وەک: کوشتن و ئازار و ئەشکەنجەدان[9]. لە نیشانەکانی توشبوون بە PTSD : گۆڕان لە هەڵسوکەوتدا، دورەپەریزی، بەشدارینەکردن لە چالاکی و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، خۆپاراستن لە هەر شتێک کە ڕووداوەکە دێنێتەوە بیر، خۆکشانەوە و گۆشەگیری، ترسێکی زۆر، هەست بەبێ توانایی، کەمخەوی، خەوبینین و بینینی مۆتەکە و توڕەیی و شڵەژان[10].
بەپێی زۆربەی توێژینەوەکان، ئەگەر ترۆما بەباشی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و لەبەین نەبرێت لە نەوەیەکدا، زۆرجار نائاگایانە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەی دواتر و کاریگەری دادەنێت لە سەر هەڵسوکەوت و سیستەمی بیرکردنەوەی کەسەکاندا. ئەم دیاردەیەش ناودەبرێت بە ترۆمای نێوان- نەوەکان[11]Inter-generational trauma.
ترۆمای نێوان- نەوەکان Inter-generational Trauma
ئەم چەمکە بەکاردەهێنرێت بۆ تێگەیشتن لەچۆنێتی کاریگەری ڕووداوێکی دڵتەزێن بەسەر کەسێکەوە و کاردانەوەی لەسەر کەسانی تر (وەک منداڵەکانی) بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەمبارەیەوە ئەنجامدراون دەرکەوتووە کە ترۆما کاردانەوەی بایۆڵۆجی و سایکۆڵۆجی بەجێدەهێڵێت. ئەو کەسەی کە ڕووداوەکە بەسەریدا تێپەڕدەبێت، دەبێتە قوربانی و ژیانی ڕۆژانەی ئەشێوێت. هەروەها ئەوەیان دەرخستووە کە هەڵکردن لەگەڵ ئەنجامی ڕووداوەکە و شیوەی خۆگونجاندن لەگەڵ ژیانی پاش ڕووداوەکە دەگوازێتەوە بۆ نەوەکانی دواتر[12].
بەگوێرەی دانیلی(Danieli (1998، چەمکی گواستنەوەی ترۆما لەنیوان- نەوەکان تاڕادەیەک تازەیە لە بواری حاڵەتی ترۆمادا[13]. یەکەم جار لەلایەن پسپۆرانی کلینیکەوە تێڕوانینی بۆ کراوە لە ساڵی 1966لەکاتی سەردانی منداڵانی دەربازبووانی هۆڵۆکۆست بۆ کلینیکەکان لە وڵاتی کەنەدا بەمەبەستی چارەسەرکردن.
ڤوڵکان (2011) Volkanلە بارەی گواستنەوەی ترۆمای نیوان- نەوەکانەوە دەڵێت[14]:
“لەوانەیە کەسی توشبوو بە ترۆما نائاگایانە منداڵەکانی والێبکات هەستن بە تەواوکردنی ئەو ئەرکە دەروونییانەی پەیوەندن بە ترۆمای هاوبەشەوە کە نەوەی یەکەم نەیتوانیوە تەواویان بکات”. هەروەها دەڵێت: ” ئەرکە دەروونییە تەواونەکراوەکان دواتر لە نەوەیەکەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەوەیەکی تر” .
هەر لەمبارەیەوە، گالور (2012) Galorپێیوایە ئەوەی کاریگەری دایەنێت لەسەر منداڵان ئەوەیە کە دایک و باوکانی دەربازبووی جینۆساید بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فیرکەن چۆن خۆیان ڕزگارکەن لە سەرکوتکردن و لەناوچون؛ ئەزمونی ترۆمای خۆیان دەگوازنەوە بۆ منداڵەکانیان. منداڵەکانیش هەمان هەڵسوکەوتی دەربازبووانی ترۆما دەگرنەبەر[15]. هەروەها دەڵێت:
“ئەو منداڵانەی لەگەڵ دایک و باوکی توشبوو بە ترۆماوە دەژێن، نیشانەکانی PTSDی دایک وباوکەکانیان کاریگەری دەبێت بەسەریانەوە. ناجێگیری سۆز کە لەگەڵ PTSDدا دێت لە منداڵدا ئەچەسپێت. ترۆما لە دایک و باوکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵان و نیشانەکانی PTSDیش لە نمونەی: بینینی خەونی ناخۆش و مۆتەکە دەبارەی ترۆمای دایک و باوکەوە، دڵەڕاوکێ، لاوازی بیرکردنەوە و سڕبوونی سۆز…هتد لەو منداڵانەدا دەرئەکەوێت“[16].
گواستنەوەی ترۆما شتێک نییە ڕاستەوخۆ هەستی پێبکرێت. بۆ ئەوەی شیوەی ئەو گواستنەوەیە بناسین ئەکرێت بەراوردی بکەین بە گەرمی، ڕووناکی، دەنگ و ئەلکتریک، کە گواستنەوەیان بەچاو نابینرێت، بەڵام بونیان هەیە و دیارن[17]. بەهەمان شێوەش، گواستنەوەی ترۆمای جێنۆساید، لەوانەیە لە بەرچاومان ڕوون نەبێت بەڵام توێژینەوەکان بونیان سەلماندووە.
پێداچونەوەیەک بە توێژینەوەکان
زیاتر لە 500توێژینەوە لەبارەی گواستنەوەی ترۆما و PTSDو کاریگەرییە دەروونییەکانی جینۆساید لە دەربازبووان و کەسوکاری قوربانیانی هۆڵۆکۆستەوە بۆ نەوەی دووەم و سێیەمی خێزانەکانیان ئەنجامدراوە[18]. هەروەها چەندین توێژینەوەی جۆراوجۆری تر هەر لەم بوارەدا، پەیوەند بە تاوانەکانی قڕکردنی ئەرمەنییەکان، خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکای باکور و ئوسترالیا لەلایەن وڵاتانی کۆلۆنیالیستەوە، تاوانەکانی خمێرە سورەکانی کامبۆدیا، جینۆسایدی ڕاوەندا و هتد… بڵاوکراونەتەوە. زۆرێک لە دەرهاویشتەی ئەو توێژینەوانە ئەوە دەخەنەڕوو، کە ترۆما وPTSDو کاریگەرییە دەروونییەکانی جینۆساید، دەگوازرێنەوە لە نێوان نەوەکاندا، واتا لە باوک و دایکی دەربازبو و کەسوکاری قوربانیانەوە بۆ منداڵەکانیان و نەوەی دواتریش. لەبەشی داهاتووی ئەم باسەدا تیشک دەخرێتە سەر چەند نمونەیەک لەو توێژینەوانە و دەرهاویشتەکانیان[19].
گواستنەوەی ترۆمای نیوان- نەوەکان لە کەیسە ناسراوەکانی جینۆساید
لە سەدەی ڕابوردوودا، چەندین تاوانی جینۆساید بەرپاکرا وەک: قڕکردنی ئەرمەنەکان لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەوە لە ساڵی 1915دا، هۆڵۆکۆست لەنێوان ساڵانی 1933تا 1945لەسەر دەستی نازییەکان، کە بێجگە لە جولەکەکان، هۆمۆسێکسوەڵەکان و قەرج و کۆمۆنیستەکانی کردە ئامانج، هەروەها لە ڕاوەندا، یۆگسلاڤیا، کامبودیا، سودان و چەند وڵاتێکی تر تاوانی جینۆساید و کۆمەڵکوژی ڕوویدا. شاڵاوەکانی ئەنفال لە کوردستان، نمونەیەکە لەو تاوانە دڕندانەی کە قوربانی زۆری لێکەوتەوە.لەم بەشەدا چەند توێژینەوەیەک لە بارەی گواستنەوەی ترۆمای نیوان- نەوەکان لەسەر کەیسە ناسراوەکانی جینوساید بەسەردەکەینەوە:
هۆڵۆکۆست
لە جینۆسایدی (هۆڵۆکۆست) دا حەفتاودوو لەسەدای جولەکەکانی ئەوروپا بەدەستی نازییەکانی ئەڵمان لەناوچوون. ئەوانەی دەربازبوون، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا ژیانیان لە کەمپی کارکردنی زۆرەملێ بەسەربرد، یان بە شێوازی جۆراوجۆر و بە بەکارهێنانی ناسنامەی سەختە خۆیان شاردبووە، یان کەسوکاریان بەجێهێشت و بوونە پەنابەر، یانیش چوونە پاڵ گروپە پارتیزانەکان و چەکیان هەڵگرت دژ بە نازییەکان. هەموو ئەوانە، بوونە قوربانی ترۆما، چ بە هۆی هەڕەشەی کوشتنەوە یان بەهۆی لەدەستدانی کەسوکاریان، یانیش لە ترسی کەوتنە بەر شاڵاوی هۆڵۆکۆست.لە ئیسرائیلدا، نزیکەی 350.000لە دەربازبووانی هۆڵۆکۆست هەن. لەگەڵ منداڵ و خیزانەکانیاندا ژمارەیان دەگاتە یەک ملیۆن کەس[20]. ڕاستەخۆ یان ناڕاسەوخۆ هۆڵۆکۆست کاریگەری لەسەر هەموویان داناوە. ڕێژەیەکی زۆر لێیان پێویستیان بە چارەسەری دەروونی تایبەت هەیە. زۆرێک لە دەربازبووان، لە دوای تەواوبوونی جەنگ، خێزانیان پێکهێنا. دایک و باوکەکان زۆرجار یان باسکردن دەربارەی هۆڵۆکۆست دووبارە و دەبارە ئەکەنەوە یانیش بێدەنگییەکی تەواو هەڵدەبژێرن[21].
کیڵێرمان (2006) Kellermannدەڵێت: ” وادیارە هۆڵۆکۆست نەک تەنیا کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر دەربازبووانەوە بووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر نەوەی منداڵەکانیانیش داناوە“[22]. لەو توێژینەوانەی کە لەسەر گواستنەوەی ترۆما لە دەربازبووانی هۆڵۆکۆستەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان ئەنجامدراون، بێجگە لە ترۆما زاراوەی جۆراوجۆر بەکارهێنراون لەوانە: هەستکردن بەتاوان، توڕەیی، بێ باوەڕی، هەست بە پەراوێزکردن. هەموو ئەوانە دەرکەوتوون لە گواستنەوەی نێوان- نەوەکانی هۆڵۆکۆستدا. واتا ئەو حاڵەتە دەروونیانە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەی دواتر گوێزراونەتەوە.
بەپێی یەهودا(1998) [23]: مـنداڵانی دەربازبووی هۆڵۆکۆست بە زۆری ئەو کێشە دەروونییانە نیشاندەدەن کە بەڕێی دەرونشیکاری کلاسیکەوە چارەسەر نەکراون. حاڵەتی زۆری خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، هەڵسوکەوتی نەگونجاو لەو منداڵانەدا بینراون. لەو هەڵسوکەوتانە: بشێوی بەکارهەڵسان، کێشەی کەسێتی، هەڵسوکەوتی ناکامڵ، زیاد پشتبەستن بە کەسی تر و لاوازی لە بەهرەی هەڵکردندا.
جینۆسایدی ئەرمەنەکان
قڕکردنی ئەرمەنەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، نمونەیەکی تری جینۆسایدە. لەو تاوانەدا، نزیکەی ملیۆن و نێویک ئەرمەنی بوونە قوربانی لە چوارچێوەی شاڵاوێکی سیستەماتیکیدا لەنێوان ساڵانی (1915- 1918). لە سەدا شەستی خەڵکی سڤیلی ئەرمەن لە ئەنادۆڵ، کۆمەڵکوژکران و ماڵ و مڵکیان تاڵانکرا. هەشتا لەسەدی قوربانیان، جوتیارانی لادێ بوون. ئەوەی بۆی دەکرا بەناچاری سەری خۆی هەڵدەگرت و ماڵ و سامانی بەجێدەهێشت و هەڵدەهات، بۆئەوەی دووربێت لە هەڕەشەی مەرگ. زۆربەیان ئاوارەی وڵاتان بوون، بەتایبەتی وڵاتانی دەوروبەری تورکیا. ئەمڕۆ، نزیکەی 70.000ئەرمەن لە تورکیادا دەژێن و زۆربەیان بێبەشن لە سادەترین ماف و بەچاوێکی سوک تەماشادەکرێن[24].
دەرئەنجامی توێژینەوەیەک، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەبارەی گواستنەوەی ترۆمای جینۆساید لەسەر 8کەس لە نەوەی دووەمی دەربازبووانی جینۆسایدی ئەرمەنەکانی نیشتەجێی لۆس ئەنگلیس[25]، ئەوەی دەرخست: ترۆمای جینۆساید دەگوازرێتەوە لە نێوان نەوەکاندا. هەروەها گێڕانەوەی چیرۆکی دەربازبووان، تۆقین، مردن و توڕەیی بەهەمان شێوە دەگوازرێنەوە. توێژینەوەکە ئەوەش دەخاتەڕوو کە گواستنەوەی ترۆما بۆ دەربازبووان، شێوازێکە بۆ دووبارە پەیوەستبوون بە نیشتمانەکەیان(ئەرمینیا) و خەڵکەکەیەوە. واتا گواستنەوە ترۆمای جینۆسایدی نێوان- نەوەکان، گەشەدەدات بە پێکهێنانەوە و پاراستنی ناسنامەی کولتوریش.
لەمبارەیەوە واردی(1992) Wardiباس لەوەدەکات، کە دایک وباوکانی دەربازبووی جینۆساید هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی ناسنامە دەدەن و دەیانەوێت ئەو پێویستییەی لە ناخیاندایە تێربکەن لەڕێی منداڵەکانیانەوە[26]. چونکە منداڵەکانیان بەشێکن لە خۆیان.
جینۆسایدی کامبۆدیا
لە کامبۆدیا، لە ماوەی چوار ساڵی نێوان 1975بۆ1979دا رژێمی پۆڵ پۆت شەرعیەتی دایە کوشتنی بەکۆمەڵ. تایبەتمەندی جینۆسایدی کامبۆدیا لەوەدایە، کە وێنەیەکی ڕوون دەربارەی قوربانیان نییە. چونکە زۆرێک لە ڕابەرانی کاتی ڕووداوەکە خۆیان بە قوربانیانی دەستی خمێرە سورەکان دەناساند وخۆیان بە بەرپرسیار نائەزانی لە ئەنجامدانی تاوانەکە. خەڵکی کامبۆدیا و بەتایبەتی خمێرەکان لە مەترسیەکی زۆردابوون بەهۆی ئەزمونی ترۆمای بەکۆمەڵ[27]Collective Traumatic Experiences. نمونەی ئەو ئەزمونانە: جەنگ، جیابوونە لە خێزان، مردنی ئەندامانی خێزان، وێرانکاری کولتوری، ئەشکەنجەدان و برسێتی. کۆی ئەو ئەزمونانە بووە مایەی هەڵهاتنی خەڵک و ئەزمونی تاڵی قوربانیان لە کەمپی پەنابەری وڵاتاندا.
پینینگتۆن(2009)Penningtonلە لێکۆلینەوەیەکدا لەژێر ناوی(جینۆسایدی کامبۆدیا: گواستنەوە ترۆما لە نێوان- نەوەکان: هەستکردن بە تاوان و باوەڕیی نەوەی دووەمی کامبۆدیا)، بەمەبەستی تاقیکردنەوەی کاریگەری ترۆما لەسەر نەوەی دووەمی کامبۆدیەکاندا، دەڵێت: ” سەرەڕای بوونی توێژینەوەیەکی زۆر لەبارەی کاریگەری نیوان- نەوەکانی هۆڵکۆست، کاریگەریەکانی ترۆمای نێوان- نەوەکان تا ئێستا لەنیوان کامبۆدییەکاندا نەخراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. بۆیە، دەکرێت بە دەرهاویشتەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبارەی گواستنەوەی ترۆماوە لەسەر هۆڵۆکۆست ئەنجامدراون پشتببەسترێت و ڕاست و شیاوبن بۆ منداڵانی کامبۆدیا” [28].
جینۆسایدی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا باکور و ئوسترالیا
لە پێشبڕکێی وڵاتانی کۆلێنیالیستی ئەوروپا بۆ دۆزینەوە سەروەت و سامانی سروشتیدا، چەندین وڵات و کیشوەریان داگیرکرد و حکومڕانیان دەکرد. ئەمریکای باکور (وڵاتە یەکگرتووەکان و کەنەدا) و ئوسترالیا، دوو نمونەی ئەو کیشوەرانەن. کۆلۆنیالیستەکان بە ئامانجی لەناوبردنی ڕێگرییەکانی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بۆ ساڵانێکی زۆر لە هەوڵدانی توانەوەی خەڵکی ڕەسەنی ئەو دوو کیشوەرە بوون. ئەو سیاسەتە وایکرد کۆمەڵگە و کولتوری نەتەوە ڕەسەنەکان بکەوێتە بەر شاڵاوی وێرانکاری. لە ئەمریکای باکوردا بۆ نمونە، خەڵکی ڕەسەنی هیندیە سوورەکان بەرەوڕووی جێنۆساید و توانەوەی زۆرەملێ بوونەوە. منداڵەکانیان بەزۆر لە کەسوکاریان دەکردن و دەخرانە قوتابخانەی تایبەت و زمانی خۆیان لێ قەدەغەدەکرا و بۆیان نەبوو بە پێی نەریت و کولتور و باوەڕی خۆیان بژێن[29]. بە هەمان شێواز، کۆلۆنیالیستەکان لە وڵاتی ئوسترالیادا، خەڵکی ڕەسەنی ئەو وڵاتەیان جینۆساید کرد. یەکێک لەو سیاسەتانەی لەو وڵاتەدا پێڕەوکرا ناسراوە بە (نەوەی دزراو Stolen Generation).
بەپێی ئەو سیاسەتە منداڵانی ڕەسەنی وڵاتەکە لە کەسوکاریان دووردەخرانەوە. لە کەنیسە و قوتابخانەکاندا پەروەردە دەکران، بەمەبەستی لەناوبردنی زمان و کولتور و توانەوەیان لەناو کۆمەلگەی تازەدا. ئەو سیاسەتە بووە هۆی دابڕانی نەوەکانی دواتر لە کولتور و دابونەریتی ڕەسەنی خۆیان و توشبوونیان بە ترۆمای مێژوویی.
ترۆمای میژووییHistorical Traumaبۆ یەکەمجار لەساڵی 1980دا لەلایەن خەڵکی ڕەسەنی کەنەداوە هاتە کایەوە، بۆ پێناسەکردنی بازنەی بەردەوامی ترۆما و نائومێدی لە کۆمەڵگەکانیاندا. ترۆمای جینۆساید، لەدەستدانی کولتور، بەزۆر دابڕانی منداڵان لە خێزان و کۆمەڵدا، بە بێ چارسەر مایەوە و بووە مایەی دروستبوونی کۆمەڵێک کێشەی دەروونی، کە بەبەردەوامی دووبارە ئەبنەوە و سەرهەڵئەدەنەوە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتانەدا[30].
توێژەرانی ئەم بوارە لە ئوسترالیا، پەیوەندی نێوان ئەزمونی مێژووی کۆلۆنیالیزم لە دابڕانی زۆرەملێی منداڵان، بە ناهەمواری ژیانی ئەمڕۆی خەڵکی ڕەسەنی ئوسترالیا و کۆمەڵگەکانیان دەخەنەڕوو.جودی ئەتکینسۆن Judi Atkinsonکاری لەبواری گواستنەوەی ترۆمای نێوان- نەوەکاندا کردووە و لەمبارەیەوە دەڵێت: “زۆربەی کێشەکان لە کۆمەڵگەکانی خەڵکی ڕەسەندا، چ پەنابردن بۆ ئەلکهۆڵ، کێشەکانی تەندروستی دەروونی، توندوتیژی خێزان، یان ئەنجامدانی تاوان بێت، هەموو نیشانەی کاریگەری ئەو ترۆمایەیە کە بێ چارەسەر ماوەتەوە و گەیشتووەتە ڕۆژانی ئەمرۆ”[31].
لە ئەنجامی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی تەندروستی منداڵانی خەڵکی ڕەسەنی ئوسترالیای ڕۆژئاوادا، لەبارەی کاریگەری نێوان- نەوەکانی ترۆماوە، ئەوەی دەرخستووە: لە نمونەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، 12٪ لەو منداڵانەی کە لەلایەن کەسانێکەوە سەرپەرشتی کراون کە خۆیان لەوانەن بەزۆر لە کەسوکاریان دابڕابوون، 2.3جار زیاتر لەوانی تر لە مەترسی کێشەی هەڵسوکەوت و سۆزداریدان[32].
هێلین میلۆری Helen Miloryدکتۆری تایبەتی دەروونپزیشکی منداڵانی خەڵکی ڕەسەن لە ئوسترالیا، باس لەوەدەکات کە: ” هەتتا ئەگەر هاتوو منداڵان بپارێزرێنو دووربخرێنەوە لە بیستنی چیرۆکی باوباپیرانیان، ترۆمای ساڵانی کۆن کاریگەری خۆی هەر دائەنێت لەسەریان، لە شێوەی ناتەندروستی، شیواندنی خێزان، توندوتیژی کۆمەڵایەتی، کێشەی دەروونی جۆراوجۆر و مردنی ناوەخت ” [33].
دەرئەنجامەکان Results
وەک لە تۆی باسەکدا خراوەتەڕوو توێژینەوەکان دەیسەلمێنن کە ئەو کێشە دەروونیانەی دەربازبووانی جینۆساید توشی دەبن وەک: ترۆما و PTSDو حاڵەتی دەروونی جۆراوجۆری تر دەگوازرێنەوە لە نەوەیەکە بۆ نەوەیەکی تر. زۆربەی ئەو کێشانە بەدیدەکرێن لە نەوەکانی دەربازبووانی هۆڵۆکۆست و قڕکردنی ئەرمەنەکان و کامبۆدییەکان و خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا و ئوسترالیا. شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی و بێسەروشوێنکردنی بەرزانییەکان و کوردە فەیلییەکان، تاوانگەلێکن هاوشێوەی تاوانەکانی تری جینۆساید، تەنیا لە ڕووی شێوازی ئەنجامدان و ژمارەی قوربانیانەوە نەبێت. بۆیە دەکرێت پشتببەسترێت بە دەرئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەی لەبارەی گواستنەوەی ترۆما و کێشە دەروونییەکانەوە کراون وەک ڕاستییەکی سەلمێنراو و شیاو بۆ دەربازبووان و کەسوکاری قوربانیان ئەو تاوانانەی بەسەر گەلی کوردا هاتوون و بە تایبەتی خەڵکی ناوچە ئەنفالکراوەکان و نەوەکانی دوای خۆیان.
ڕاسپاردەکان Recommendations
١- توێژینەوەی داهاتوو و جینۆسایدی گەلی کورد
تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد هەمان ڕەهەندی تاوانەکانی تری جینۆسایدی هەیە. زانیاری بەرجەستە لە بەردەستدا نیە لەسەر باری دەروونی وکۆمەڵایەتی دەربازبووانی ئەو تاوانانە و کەسوکاریان. ئەو توێژینەوانەی کە تا ئێستا ئەنجامدراون لەبارەی ترۆما و کێشە دەروونیەکانی دەربازبووان و خەڵکی ناوچە ئەنفالکراوەکان (گەرمیان، هەڵەبجە، دۆڵی جافایەتی، عەسکەر، گۆپتەپە، بادینان) ئەگەر بوونیان هەبێتیش زۆر کەمن، بەتایبەت لەبارەی ترۆمای نێوان نەوەی یەکەم و دووەم یان سێیەمی دەربازبووان و ئەوانەی لە نزیکەوە شایەتحاڵی تاوانەکان بوون.
ئەم بوارە هەستیارە پێویست بە ئاوڕدانەوەیەکی دەستبەجێ و جیدی دەکات لەلایەن پسپۆرانەوە بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیانە، بە بەراوردکردنی نەوەی نوێ دەربازبووان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ دەربازبووان ڕووداوی ترۆمای بەکۆمەڵی تاوانەکانی تری جینۆساید.
ئەم زانیاریانەی لەم باسەدا هاتووە، ئەکرێت سوودی هەبێت بۆ توێژەران و پسپۆرانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی لە کوردستان، بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەدا.
٢- دامەزراندنی سەنتەرێکی گشتی تایبەت بە دیراساتى ئیستراتیجى جینۆسایدی گهلى كورد.بەمەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و ئامارکردن و بەدەستهێنانی زانیاری لە بارەی خەڵکی ناوچەکانی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستەش داوادەکرێت لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ئەرکی بەجێهێنانی بگرێتە ئەستۆ بە هاوکاری زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی NGOکە لە بواری جێنۆسایدا چالاکن. هەروەها بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی سەنتەری هاوشیوە و زانکۆکان لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری توێژینەوە و دیراساتی جینۆساید و گۆڕینەوەی زانیاری لەگەڵ ئەو لایەنانەدا.
٣- دامەزراندنی بەشی دەروونی تایبەت بە گەیاندنی یارمەتی و ڕاوێژکاری دەروونیی بۆ دەربازبووانی جینۆسایدی گەلی کورد و کەسوکاریان و نەوەی نوێی قوربانیان، بەتایبەتی لە ناوچەکانی گەرمیان، هەڵەبجە و بادینان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی داڕێژراو بۆ هەڵسەنگاندنی باری دەروونی و گەیاندنی خزمەتگوزاری چارەسەری بۆ کێشە دەروونی و سایکۆ- سۆماتیکی خەڵکی ئەو ناوچانە.
٤- داواکاری لە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی قوربانیانی تیایدا نیشتەجێن، چاودێری حاڵەتی دواکەوتنی لە خوێندنی ئەو قوتابیانە بکەن کە کەسوکاریان قوربانی ئەو تاوانانەن یان لە نەوەی قوربانیانن، بەسودوەرگرتن لە پسپۆرانی تایبەتی بواری دەروونناسی و کۆمەڵناسی.
٥- پەیداکردنی هەلی کار و دامەزراندنی سەنتەری چالاکی کۆمەلایەتی و ڕۆشنبیری گشتی بۆ کەسوکاری قوربانیان بەمەبەستی سەرقاڵی و چاکردنی باری ئابوریان، چونکە دەستبەتاڵی و کەمدەرامەتی کێشە دروونییەکانیان قوڵترئەکات و هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی کێشەی جۆراوجۆری تر.
References: سەرچاوەکان
1- Volkan, Vamik (2011). The Psychology of politics. (interview by Janset Berzeg) Refugee Transitions, Issue 25 May 2011. STARRTS.NSW. Australia. P.39
2- Danieli Y, (1998). Intergenerational handbook of multigenerational legacies of trauma.
New York: Plenum Press.
3- Braga, L. L., Mello, M. F. and Fiks J. P. (2012). Transgenerational transmission of trauma and resilience: a qualitative study with Brazilian offspring of Holocaust survivors. BMC Psychiatry 2012, 12:134 retrieved from: http://www.biomedcentral.com/1471-244X/12/134
4 – سورمی، هەژار عەزیز (2006)، کورد و جینۆساید و ئیبادەکردن، هەڵوێستی یاسای نێودەڵەتی. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی مۆکریانی. لاپەڕە 20
5 – دزەیی، یوسف. (2001) ئەنفال، کارەسات و ڕەهەندەکانی.. چاپی یەکەم. هەولێر. لاپەڕە 40
6- Kahane-Nissenbaum Melissa C. (2011). Exploring intergenerational transmission of trauma in third generation Holocaut survivors.Doctorate in Social Work (DSW) Dissertations.University of Pennsylvania.P. 3.
7- Kahane-Nissenbaum Melissa C. (2011). P. 4.هەمان سەرچاوەی پێشوو
8- Kahane-Nissenbaum Melissa C. (2011). P. 4.هەمان سەرچاوەی پێشوو
9- Pennington, David L. (2009). The Cambodian genocide: Intergenerational transmission of trauma sequelae: Guilt attitudes and beliefs of the second generation Cambodians. Chapter1.
Retrieved from: http://udini.proquest.com/view/the-cambodian-genocide-pqid:1982992651/
10- کەوە، فریشتە (2008) کارەساتی هەڵەبجە، توێژینەوەیەکی سایکۆڵۆژی، دەرئەنجامە شاراوەکانی کارەساتی هەڵەنجە و نەخۆشی PTSD. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس. هەولێر. لاپەڕە 29-34.
11- G. Phillips, What is healing? In Australian Human Rights Commission. Beyond the Apology – an agenda for healing. Social Justice Report 2008. P.149.
12- Australian Human Rights Commission. Beyond the Apology – an agenda for healing. Social Justice Report 2008.
13- Danieli Y, (1998). هەمان سەرچاوەی پێشوو
14- Volkan, Vamik (2011). P. 41 هەمان سەرچاوەی پێشوو
15-Garlo, Sharon (2012). The impact of PTSD on the children: Intergenerational transmission of trauma. Retrieved from:
http://drsharongalor.wordpress.com/2012/04/17/the-impact-of-ptsd-on-the-children-intergenerational-transmission-of-trauma/
17- Kellermann, Natan P.F. (2006). The Long-term Psychological Effects and Treatment of Holocaust Trauma.AMCHA, retrieved from: www.amcha.org/Upload/folgen.pdf.
18- Braga, L. L., Mello, M. F. and Fiks J. P. (2012). هەمان سەرچاوەی پێشوو
19- Braga, L. L., Mello, M. F. and Fiks J. P. (2012). هەمان سەرچاوەی پێشوو
20- Kellermann, Natan P.F. (2006). The Long-term Psychological Effects and Treatment of Holocaust Trauma.AMCHA, retrieved from: www.amcha.org/Upload/folgen.pdf.
21- Kahane-Nissenbaum Melissa C. (2011). P. 63.هەمان سەرچاوەی پێشوو
22- Kahane-Nissenbaum Melissa C. (2011). P. 66.هەمان سەرچاوەی پێشوو
23- Dekel, Rachel &Goldblatt, Hadass (2008), Is There Intergenerational Transmission of Trauma? The Case of Combat Veterans’ Children. American Journal of Orthopsychiatry, 2008, Vol. 78, No. 3, 281–289. P. 285.
24- Australian Human Rights Commission. Beyond the Apology – an agenda for healing. Social Justice Report 2008
25- Esmaeili, Soseh (2011). Intergenerational Transmission of Trauma: Traumatic Impact on Second-Generation Armenian Genocide Survivors and its Effects on Parenting. Retrieved from: http://udini.proquest.com/view/intergenerational-transmission-of-pqid:2429742011/
26- Pennington, David L. (2009). هەمان سەرچاوەی پێشوو
27-Wardi, Dina (1992). Memorial Candles: Children of the Holocaust, London ; New York : Tavistock/Routledge
28- Pennington, David L. (2009). هەمان سەرچاوەی پێشوو
29- Australian Human Rights Commission.هەمان سەرچاوەی پێشوو
30- Wesley-Esquimaux, C. and Smolewski, M. (2004). inAustralian Human Rights Commission. Beyond the Apology – an agenda for healing. Social Justice Report 2008.
31- Atkinson, J. (2002).in Australian Human Rights Commission. Beyond the Apology – an agenda for healing. Social Justice Report 2008.
32- The Western Australian Aboriginal Child Health Survey – The Social and Emotional Wellbeing of Aboriginal Children and Young People (2005). inAustralian Human Rights Commission. Beyond the Apology – an agenda for healing. Social Justice Report 2008.
33- Milroy, H. (2005). inAustralian Human Rights Commission. Beyond the Apology – an agenda for healing. Social Justice Report 2008.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.