نیسان 20, 2016 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دلێر شەمعون : ئەو منداڵەی لە باوەشی بارق عەبدوللا حاجی حنتەیە جیرانمان بوو
دلێر شەمعون : ئەو منداڵەی لە باوەشی بارق عەبدوللا حاجی حنتەیە جیرانمان بوو
دیدار : رێكارێ مزویری
شوێن : کۆیە- گوندی هەرمووتە – مالی دلێر شەمعون
رۆژی ٢٠١٤/١/٢١
ئەگەرچی ئەم دیدارەی کاک رێکار مزوری کورتەو پێویست بوو هەندێک زانیاری گرنگ لەبارەی بارەق و ژیان لەگەلیدا وەربگیرابا، بەلام دیدارێکی زۆر گرنگە بەتایبەتی وەڵامدەرەوەی پرسی وێنەیەکە کە دەمێکە دەزگاکانی راگەیاندن و خەڵکێک لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکانی فەیسبوکدا قسەی لەبارەوە دەکەن و بەبێ بنەما قسەی لەسەردەکەن . لەم دیدارەی رێکارێ مزوری ودلێر شەمعوندا تەمومژ نامێنێ ، ئەگەرچی رێکار بەجاوی خۆی بینیوێتی کەوا هەتا ساڵی ٢٠١٤ ئەم وێنەیەی بارق و مندالە یانزە ساڵیەکە بەدیواری ماڵەکەیانەوە هەڵواسراوەو بەهانەی دایکی منداڵەکە ئەوەبووە لەبەرخاتری کورەکەیان (کەلەباوەشی بارقدایە) ئەو وێنەیان بەدیواری ماڵەکەیانەوە هێشتووەتەوە . چونکە منداڵەکە لەتەمەنی ١١ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کردووەو لەژیاندا نەماوە .
بارق عەبدوڵلا حاجی حنتە سەرلەشكەری هێزی پاراستنی نەفت لە كەركوك، خاوەن چەندین ویسام و نوتشجاعەی شەڕی قادسیەی نێوان عێراق و ئێران بوو، یەكێك بووە لە خوێنرێژترین و تاوانبارترین سەرلەشكەری عێراق لە گرتن و كوشتن و بەتالانبردنی گەلی كورد لە قوناغەكانی ئەنفال و كۆڕەوی ملیوونی گەلی كورد لە سالانی (1988- 1991 )
چیرۆكەكانی ئەنفالكردنی گەلی كورد لە لایەن تاوانبار، بارق عەبدوللا وە زۆرن، بەلام چیرۆكێك كە زۆر سەرنجی منی راكێشا ئەوەبوو كە چوون مرۆڤی كورد نەك تەنها لەسەر زەوی ئەنفالكرا، بەلكو لە ئەسمانی كوردستاندا ئەنفال كران. ئەویش بە فڕێَدانی سێ هاولاتی شاری كویێ لە ئاسماندا بە فڕۆكەی هەلیكوپتەر لەبەر چاوی خەڵکی شاری كویێ . سەبارەت بەم تاوانە گەورەیە ئەم دیمانەمان لە گەل بەرێز ( دلێر شەمعون ) خەڵکی گوندی هەرمووتە ئەنجام دا كە ئەوكات پلەی نایب عەریفی هەبووە، كاری چاكردنەوەی كارەبای كردووە لە ناو ئامریەی كویێ شایەتحالی فرێدانی ئەم سێ شەهیدە سەربەرزانە بووە.
ئومێد دەكەین خوت بە خوێنەران بناسێنی ؟
من ناوم دلێر شەمعونە خەڵکی گوندی هەرموتەی شاری كویێ مە.
چوون بۆیە سەربازی جێشی عێراق و لە چ لیواو فەج و ناوچە بوی؟
– ئەوكات شەڕی عێراق ئێران بوو زۆربەی پیاوان سەرباز بوون ئەوانەی سەربازنەبوون بەزۆر دەبران بۆ جەیشی شەعبی، منیش وەك خەڵکی تر مەجبۆربووم ببمە سەرباز، لە دەڤەری گەرمیان بووم.
چوون لە دەڤەری گەرمیان گوێزرایەوە بۆ ئامریەی كویێ ؟
– من كەلە گەرمیان بووم هێرشی ئەنفال دەستی پێكرد، بە سەرپەرشتی بارق عەبدوللا بوو، بەهەزاران خەڵکی دەڤەری گەرمیان ئەنفالكران و مال و سامانیان بەتالان دەبران، منیش ویستم بێمە نزیك خەڵکی خۆم لە كۆیە بۆ ئەوەی هاوكاریان بكەم و لەو هێرشە رزگاریان بكەم، تابڕیكم كڕی بۆ یەكێك لە پاسەوانەكانی بارق بۆ ئەوەی فەرمانی گواستنەوەم بۆ دەربكات، هەر لە دوای ئەم بەرتیلە ئەمنیان گواستەوە بۆ ناو ئامریەی شاری كویە كە شوێنەكە یەك كیلومەتر لە مالی من دوور بوو كاری من چاكردنەوەی كارەبا بوو.
خەڵکی خۆت و گوندەكەت چوون لەم هێرشە ئاگەدار كردەوە؟
كە لەگەرمیان بووم بەنامە خەڵکم ئاگەدار كردەوە كە ئەم هێرشە رەحم بەكەس ناكات خۆتان بپارێزن.
ئەنفالكردنی خەڵکی دەشتی كویێ چوون بوو؟
لە مانگی سێ ئەنفال دەستی پێكرد لە مانگی چوار و پێنج لە گەرمیان و دەشتی كویێ دەستی پێكرد، ئەوكاتەی لەشكری عێراق لە تەق تەقەوە تا دوكان و قوشتەپە و دیبەگە دۆرماندۆری كویێ هێرشیان كرد، زۆر خەڵکی گوندەكان ئەنفالكران، ئەو خەڵکەی خۆیان رزگاركرد هاتنە ناو كویێ بەتایبەت چوونە ناومالی سەرۆك جاشەكان، دوای ئەوە بارق هات هەموویانی گرت، لە مالی مام یەحیا سەدان فیراری راپێچی ناو ئامریەی كویێ كرد.
هەموو دیمەنی ئەنفالكردنی مرۆڤ ناشرین بوون، ئەو دیمەنەی لە بەر چاوت ووننابێت؟
رۆژێك هەندێك پێشمەرگەی حزبی شوعی تەقەیان لە فرۆكەی هەلیكوپتەر كرد، دواتر سێكەسیان هێنایە ئامریەی كویێ عمید بارق عەبدوللا حاجی حنتە، فەرمانی كرد بە رائید عادل موسلاوی، كە ئەم سێ كەسە بە فرۆكەی هەلیكوبتەر بەرزبكاتەوە لە ئەسماندا فرێبداتە خوارەوە، ئەویش ووتی گەورەم من حەزناكەم ئەم كارە بكەم بە رۆژووم، بارق گوتی تا من دەگەرێمەوە، ئەم كارە ئەنجام نەدەی خۆت لە جیاتی ئەوان لە ئەسماندا فڕێ دە دەمە خوارێ، دواتر هەرسێ كەسیان سواری فرۆكەی هەلیكۆپتەری بار هەلگر كردوو بەرەو ئاسمان بەرزكردەوە، دواتر یەكە یەكەیان لە ئاسماندا فرێدرانە خوارەوە. هەر ئەوكات گینیان لەدەست دا و دواتر بە شۆفەر لە هەمان شوێن خۆلیان پێداكرد، دوویان زۆر كچكە بوون، دواتر گوتیان مندالی مام رزای شەوگێری بوون.
بارق چ كەسێك بوو خەڵکی كام دەڤەر بوو؟
كەسێكی گەنج و وەرزشكار بوو، شەرانگێزو ملاكم بوو، خاوەن دوو ژن بوو یەكێكیان مالیان لە كوت بوو كە خەڵکی كوت بوو من چوومە مالیان بۆ ئەوەی كارەبای بۆ چابكەم، ژنێكی تری هەبوو لە دومیز بوو. بەخۆی گچكە بوو، بەلام بەهۆی ئەنجامدانی چەندین تاوانی كوشتنی مرۆڤ ئەوانەی بەعسی نەبوون دژی بەعس بوون چەندین ویسام و نوتشجاعەی وەرگرتبوو، رۆژ هەبوو دووسەد كەسی دەكوشت لەئەنفالەكاندا، هەمیشە شەڕی بە ئەفسەرەكان دەفرۆشت، سواری هەلیكوپتەریان دەكردن و بەرو ئەسمانیان بەرز دەكردەوەو بە پێچاو پێچ دەهاتە خوارەوە ئەفسەرەكان سەرو دلیان تێك دەچوو، دەڕشانەوە. هەروەها كەسێك لە گەلی بۆ ئەفسەری هەوالگەری بوو ناوی رائید هاشم بوو كەسێكی زۆر خراپ بوو. بەراستی هەموو كەس لەم بارقە دەترسا زۆر ترسناك بوو.
تۆ پێشتر باسی وێنەی بارقت كرد چیرۆكی ئەم وێنەیە چییە؟
لە رۆژی ئەنفالكردنی خەڵکی كویێ عەسكەر مال بەمال دەگەڕان، بە فرۆكەی هەلیكوپتەری بچوكی فرەنسی بەسەر ئەسماندا دەگەران و بە بڵندگۆ بانگی خەڵکیان دەكرد، دەیانگوت خۆتان بە دەستەوە بدەن. دواتر بارق بە فرۆكەی خۆی لە ئاسمان دابەزی لەتەنشت گوندی هەرمووتە نیشتەوە، دواتر پێیان گوت كە ئەمە مالی كارمەندی ئێمەیە، ئەویش هاتە ماڵی ئێمە، دواتر لە پێش دەرگای مالەكەمان لەسەر كورسی دانیشت، منداڵی جیرانەكەمان لە سەر چوكی خۆی دانا وێنەیەكی گرت دواتر ئێمە چووینە كەركوك، لەوێ سێ رۆژ موڵەتی بەمن دا گوتی ئەم وێنانە بۆ كەسەكان بگەرێنەوە، وێنەی مندالەكە و مستەشارەكان بوون. چونكە لە ئەنفالدا هەموو چالاكیەكان بە كامیرای ڤیدیوو و فۆتوو وێنە دەگرتن، منیش وێنەكەم هێنانەوە، جێگای داخە مندالەكە كە خەڵکی گوندی هەرمووتە بووە،لەتەمەنی 11ساڵیدا، بە نەخۆشی شیرپەنجە كۆچی دوای كرد.
زانیاری زیاترت هەیە لەسەر ئەم تاوانبارە؟
ئەوەی من بزانم بارق قارەمانی قادسیە بوو، پاراستنی نەفتی كەركوك دەكردوو لە دوای راپەرین دووبارە سەرلەشكەربووە بۆ دووبارە گرتنەوەی كوردستان، دواتر سەدام حسێن بارقی كوشتوە، بەلام نازانم ئەمە راستە یان نە.
جەنابت توانیت كەسێك لە ئەنفالكراوان رزگاربكەی لە ناو ئامریەی كویێ كە ئەوكات سەربازبووی لەناو ئامریەی كویێ ؟
بەڵێ من چەندین كەسم رزگار كرد، كەسەكان ئیستا لە كویە ژیان بەسەر دەبەن، دەتوانی لەگەل ئەوانیش گفتۆگۆ بكەی.
مەبەستی دلیر شەمعون لە هێنانەوەی وێنەکە ئەم وێنەیەی بارق عەبدولایە کە دوو رۆژ پشوی داوەتێ و ئەم وێنەیەو وێنەی جاشەکانی پێدا ناردووەتەوە .
ئەم دیدارە لە لاپەرە ٢٢٩ی ژمارە ١١-١٢ی گۆڤاری ئەنفالستان لە ژێر ناونیشانی ((بارق عەبدوللا حاجی حنتە) تاوانباری ئەنفالی 1988 و كۆڕەوی سالی 1991 گەلی كورد)بلاوکراوەتەوە بەلام لێرەدا ئەو نیشانەی سەرەوەمان بەباشتر زانی .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.