نیسان 15, 2016 Omer ئهنفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە چیرۆکی کوڕە ئەنفالێک….چیرۆکی خۆم!
چیرۆکی کوڕە ئەنفالێک….چیرۆکی خۆم!
نەوشیروان حوسێن سەعید
لەکاتی ئەنفالەکەدا تەمەنم نزیکەی ٥ ساڵ بوو، بۆیە بە وردی ڕۆژانی سەردەمی ئەنفالەکەم بیرنایەت. تاکە شتێک کە بەباشی لە یادم ماوە ئەوەبوو کە چەند خێزانێک لەناو زیلێکدا بوین. پێیان دەگوتین بێدەنگ بن، کەس قسە نەکات، با منداڵەکان نەگرین، تومەس لە ڕێگابووین لە ‘سەنگاو’ەوە بۆ ‘چەمچەماڵ’ و بەو شێوەیە دایکم و ٤ خوشکم و من و برایەکم ڕزگارمان بوو. برا گەورەکەشم کە ئەوکاتە تەمەنی ١٣ ساڵ بوو، لەگەڵ خاڵۆزایەکمدا مەڕ و ماڵاتەکانیان لە سەنگاوەوە هێنابووە نزیک چەمچەماڵ، ئەویش بەوشێوەیە لە ئەنفاڵ ڕزگاری بوو. بەڵام باوکم ئەنفالکرا.
دواتر لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی شۆڕش لە گەڕەکی ‘سەنگاوییەکان’ نیشتەجێ بووین. ئیتر لەوێوە وردە وردە چاومکرایەوە و سەرنجی شتەکانم دەدا و کەم کەم لە دەوروبەر و لە شتەکان تێدەگەیشتم. هەندێ وێستگەی ژیانی خۆم و خێزانەکەمان لێرەدا دەگێڕمەوە:
دوو سێ مانگ پاش ئەنفالەکە، خوشکە بچوکەکەم لە دایکبوو. لەیادمە نەنکم (دایکی باوکم) پێش لە دایکبوونی ئەو خوشکەم دەیگوت ئەگەر ئەو منداڵە کوڕ بێت، ناوی دەنێین ‘هەژار’، بەڵام کچبوو، ناویاننا ‘کەژاڵ’. دواتر تێگەیشتم کە بۆچی دەیویست ناوی بنێت ‘هەژار’! بەس نازانم ‘کەژاڵ’ەکە چۆن بوو و کێ ناوی نا. بە پێچەوانەی لەدایکبوونی زۆرینەی منداڵەکانی دیکەی ئەم جیهانە، لە جیاتی خەندە و خۆشی و پێکەنین بەهۆی هاتنە دونیای کۆرپەیەک، لەکاتی لە دایکبوونی ‘کەژاڵ’ی خوشکمدا، خەم و خەفەت و گریان میوانی ماڵی ئێمە بوو. نەمدەزانی بۆ؟ تومەس مەسەلەکە پەیوەندی بە ئەنفالکرانی باوکمەوە هەیە. ئاخر ئەو چاوەڕوانی منداڵەکەی بوو کە زوو بێتە دونیاوە، بڕیارنەبوو لەساتی لەدایکبوونی مندالەکەیدا، ئەو ون بێت!
لەیادمە شەوێکیان جل و بەرگی جوانیان لەبەرکردین. شەوێکی یەکجار خۆش و پڕ لە چاوەڕوانی. گوتیان سبەینێ باوکت دێتەوە. گوتیان پورت (خوشکی باوکم) و کچە دوو ساڵانەکەی (پەروین) ئەوانیش دێنەوە و ئازاد دەکرێن، ڕۆژ بویەوە و بەوپەڕی بەرائەتی منداڵیەوە چاوەڕوان بووین، کۆمەڵێک خەڵک لە ئەنفاڵ گەڕانەوە، بەڵام ئێمە بەدڵشکاوی ڕۆژمان بەڕێکرد و باوکم هەر نەگەڕایەوە.
ماڵی پورم (خوشکی دایکم) یەکێک بوون لەو خێزانانەی کە پاش جەند مانگێک زیندانی، ئازادکران و گەڕانەوە، بەڵام چۆن گەڕانەوەیەک؟ کە ڕۆیشتن ٨ کەسبوون، بەلام پاش چەند مانگێک بە ٦ کەسەوە گەڕانەوە. باوکیان ئەنفالکرابوو، کوڕە ساواکەشیان لە زیندانی نوگرە سەلمان کۆچی دوایی کردبوو! نازانم پورم دەبوایە بۆ مێردەکەی بگری یان بۆ منداڵە ساواکەی کە بەبەرچاویەوە، بە بێنازی گیانی سپاردبوو بێ ئەوەی هیچی لەدەست بێت!
لەساڵی ١٩٩٠، نەنکم (دایکی باوکم) لەناکاو وەفاتی کرد. لە یادمە دەیانوت لە خەفەتا دڵی تەقیوە! ئاخر ئەو لە ٢ کوڕ و کچێک، تەنها کوڕێکی بۆ مابووەوە، لە ئەنفالەکەوە تا ئەو ڕۆژەی کە وەفاتی کرد بەشی هەر شیوەن و گریان بوو. خۆیشی وەکو ناوەکەی بە ڕەحم بوو، ناوی ‘ڕەحمە’ بوو.
پاشتر ماڵمان لە گەڕەکی ‘سەنگاوییەکان’ەوە گواستەوە بۆ گەڕەکی ‘قادرکەرەمیەکان’. زۆرینەی سەردەمی منداڵیم لەو گەڕەکە بەسەر برد. لەوێ تێگەیشتم کە دایکم ٣ خوشکی دیکەی هەیە و لە کۆی ٤ خوشک، مێردی سیانیان ئەنفالە! لەوێ تێگەیشتم کە چەندین خزم و ناسیاومان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون!
قادرکەرەمیەکان مەڵبەندی کۆبوونەوەی کەسوکاری ئەنفالەکان بوو. ئێستاش ناوی هاوڕێکانی سەردەمی منداڵیمم لەبیرماوە کە زۆرینەیان وەکو من باوکیان ئەنفال بوو. حەمە و ئارام و ئاسۆ و برزۆ و کامەران و ڕزگار و جەزا و نزار و پشتیوان و ئومێد و سیروان و فەهمی و سادق و گۆران و مەریوان و دلێر، ناوی هەندێ لەو هاوڕێیانەمە کە وەکو من باوکیان ئەنفالبوو. لە قوتابخانەی ‘کەرکوکی سەرەتایی تێکەڵ’ قوتابی بووم. لە یادمە ڕۆژێک مامۆستا لەناو پۆلدا گووتی کێ باوکی یان دایکی یان خوشکوبرا و مام و خاڵی ئەنفالە، زۆرینەی هەرە زۆری قوتابییەکان دەستمان بڵند کرد! ئەوێ ئەنفالستان بوو. هێشتا وەزعی هەندێک هاوڕێم لە ئێمە خراپتر بوو، ئاخر هەندێکیان نەک هەر باوکیان، بەڵکو دایکیشیان ئەنفالکرابوو!
لەیادمە دایکم چەندینجار بەدەم درومان و ئیشی ناوماڵەوە هۆن هۆن فرمێسک بە چاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە و هەندێجاریش بە دەنگێکی کەمێک بەرز دەگریا. نەمدەزانی بۆچی دەگری، بەڵام زۆر بەو دیمەنە دڵتەنگ دەبووم، ئێستا تێدەگەم کە لەلایەکەوە بۆ دووری باوکم دەگریا و لەلایەکەوە بۆ بێکەسی و خەمی بەخێوکردنی خێزانێکی گەورە (چوار کچ و سێ کوڕ) دەگریا. لەسەردەمی منداڵیدا، زۆر شەو بە نهێنی لەناو جێگادا گریاوم، چونکە دەترسام دایکیشم بمرێت و بێ باوک و بێ دایک بمێنمەوە! نازانم بۆچی ئەو هەستەم لا دروستدەبوو!
پرسەکانی قادرکەرەم جیاوازبوون لە پرسەی شوێنەکانی دیکە. کاتێک لەگەڵ دایکمدا دەچووم بۆ هەندێ پرسە لە شوێنەکانی دیکە، ئافرەتەکان بە هێمنی دەگریان، بەڵام گریانی ئافرەتانی قادرکەرەم جیاوازبوو، ژنەکان گریانێکی بە کوڵ دەگریان، تومەس لەگەڵ هەر پرسەیەکدا و برینی هەمووان دەکولێتەوە، هەرکەسە و بۆ ئازیزی خۆی دەگریەت. ساڵانی پاش ئەنفال سالانێکی ناخۆش و خەماوی بوو، گریان و چاوەڕوانی میوانی بەردەوامی کەسوکاری ئەنفالەکان بوو.
لەیادمە چەندین چیرۆک دەربارەی ئەنفالەکان دەوتران. زوو زوو هەواڵێک بروسکە ئاسا بەناو قادرکەرەمدا بلاودەبوویەوە. بۆ نموونە، دەیانگووت کەسێک ئەنفال بووە و ئیستا گەڕاوەتەوە و دەڵێ ئەنفالەکان هەر هەموویان ماون، مەگەر یەکێ بە دەردی خوا مردبێ! لەولاوە یەکێ هەڵی دەدایە، دەیگووت ئەی ئەگەر وایە بۆچی بەریان نادەن؟ یەکێکی تر دەیگووت بەخوا تاقیان نەماون! هەریەکە و شتێکی دەگووت، بەڵام ئومێد و چاوەڕوانیەکە زاڵتر بوو. تەنانەت کەسانێک ئەو دۆخەیان دەقۆستەوە و پارەیان لە کەسوکاری ئەنفالەکان وەردەگرت و دەیانگوت دەیبەین بۆ کەسوکارەکانتان لە سجن! تا ساڵی ٢٠٠٣ و کەوتنی ڕژێمی بەعسیش، زۆرێک لە کەسوکاری ئەنفالەکان هەر لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئازیزانیاندا بوون!
ڕۆژانی سەخت و لەبیرنەکراوی ئەنفالەکان لە کاتی گرانیەکە و شەڕی ناوخۆدا گەیشتە لوتکە. لەکاتی گرانیەکەدا، کوردستان لە دۆخێکی یەکجار ناهەمواردا بوو، بەڵام ئەو دۆخە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دووجار سەختبوو، جارێ وەکو خەڵکی دیکە و جارێکی دیکەش لەبەرئەوەی بێ سەرپەرشتبوون و کەس نەبوو ئیشێکیان بۆ بکات. بۆیە بەناچاری، ژنانی ئەنفال لەلایەکەوە دەبوایە دایک بونایە و لەلایەکی دیکەوە ڕۆڵی باوکیان ببینایە و وەکو پیاوان شانیان بدایەتە بەر چەندین ئیشوکاری سەخت و قورس.
ئەوکاتەی کە دوو زلحیزبەکەی کوردستان خەریکی شەڕە قۆچ بوون، زۆرێک لە ژنانی ئەنفال بە ناچاری دەزانن دەچوون لە کوێ ئیشیان دەکرد؟ لە حەویجە! دایکم لەگەڵ ژنانی گەڕەک دەچوون بۆ حەویجە و هەندێجار ٤٠ ڕۆژ دەمانەوە و ئیشی پەمویان دەکرد. من هەرچەندە زۆر بیری دایکمم دەکرد، بەڵام هێشتا بەزەیم بە دوو خوشکە بچوکەکەمدا دەهاتەوە، بەتایبەتیش بەزەییم بەو خوشکە بچوکەمدا دەهاتەوە کە باوکمی نەدیبوو. ئەو لە دووری دایکم، ئۆقرەی لەبەر دەبڕاو بێنازانە دەهات و دەچوو و شەو وڕۆژی دەژمارد سا بەڵکو دایکم بێتەوە! بەڵێ ئەوە ژیانی کەسوکاری ئەنفالەکان بوو لەسایەی جوتحیزبی کوردستان!
کە هاتینە کۆمەڵگەی زۆرە ملێی شۆڕش، برا گەورەکەم دەستیکرد بە خوێندن لە قوتابخانەیەکی نەوجەوانان، بەلام هەر زوو خزمەکانمان گوتیان کاکە کەی کاتی خوێندنە؟! تۆ دەبێت جێگەی باوکت بگریتەوە و شان بدەیتە بەر ئیش و بژێوی خێزانەکەتان پەیدا بکەیت. ئیتر ئەو بووە قوربانی و نەک هەر نەیتوانی بخوێنێ، بەڵکو لە جیاتی بەسەربردنی تەمەنێکی خۆشی منداڵی، دەستیکرد بە چەندین کاری سەخت.
ئەو لەکاتی شەڕەکەی کوەیتدا تەمەنی ١٥ ساڵبوو، لەو تەمەنە کەمەدا، شوانی ماڵێکی عەرەب بوو لە نزیک حەویجە! جارێک گوێی لێدەبێت کە شەڕە و لەوانەیە ئیتر بازگەکان دابخرێن و هاتوچۆی نێوان کەرکوک و چەمچەماڵیش بوەستێت. ئەویش کە تازە بە ئاگری ئەنفال داخکرابوو، ترسی لێدەنیشێت و زەندەقی لەو باسوخواسە دەچێت. بۆیە ڕۆژێک دەمەوعەسرانێک مەڕوماڵاتەکە ئاراستەی ماڵە عەرەبەکە دەکات و بێ پرس، هەتا دەتوانێت بەرە و چەمچەماڵ و شۆڕش تێیدەتەقێنێت. ماڵە عەرەبەکە نازانن چی بەسەر کاکەم هاتووە، ئەملا ‘حەسەن’ ئەولا ‘حەسەن’ دیارنیە و دیارنیە، تومەس کاکەم ‘حەسەن’ زەندەقی لە ئەنفال چووە، ترساوە بەهۆی شەڕی کوەیتەوە سنورەکان دابخرێن و ئەویش بە مەرەدی باوکم بچێت! بۆ ساتێک خۆت لە شوێنی کاکەم دانێ! ئاوا ژیاین!
من تا پۆلی ٤ی سەرەتایی تەلەبەیەکی زیرەک بووم، بەس یەکەم و دووەم و سێیەم نەبووم. لە پۆلی پێنجی سەرەتایی دووەم بووم. لە پۆلی شەش یەکەمی قوتابخانەکەم بووم، ئیتر لەوکاتەوە تا گەیشتمە زانکۆ هەموو ساڵێک مەعفو عام و یەکەمی پۆل و یەکەمی قوتابخانەکەم بووم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هەرگیز پارەی ڕۆژانەم نەبووە وەکو منداڵی دیکە. وەکو قوتابی دیکە نەمدەتوانی پاقلە و نۆکاوی گەرمی بەردەم قوتابخانە بخۆم و نەمدەتوانی لە حانوت شت بکڕم. نەک هەر ئەوە، هەموو ساڵێک یەکەم بووم، کەچی ڕۆژێک ماڵەوەمان نەیانتوانی دیارییەکم پێشکەش بکەن بەهۆی سەختی ژیانمانەوە! ئاوا ژیاین!
بە پێچەوانەی زۆرینەی خوێندکارانی ئەم جیهانە، من هەرگیز حەزم بە پشووی هاوین نەدەکرد، حەزمدەکرد ساڵ دوانزەی مانگ هەر دەوام بێت، چونکە پشووی هاوین بۆ من پشوو نەبوو، دەبوایە ئیشم بکردایە! لە پۆلی شەشی ئامادەیی بەرزترین نمرەم بەدەستهێنا لەسەر ئاستی پاریزگای کەرکوک، کەچی لەجیاتی پشوو و گەشت، چووم بۆ کرێکاری و بلۆک و چیمەنتۆ بارکردن! دوو ساڵی ڕەبەق خەونم بەوەوە دەبینی کە ببمە خاوەنی ‘فەرهەنگی قوتابی’ کە فەرهەنگێکی ئینگلیزیی-کوردیی بوو، پاش دوو ساڵ و لە هاوینی ٢٠٠١دا خەونەکەم هاتە دی و توانیم بە ٣٥ دیناری سویسری ئەو فەرهەنگە بکڕم! ئاوا ژیاین!
١٠ ساڵ لەمەوبەر کۆمەلێک خەڵک لە شۆرش و چەمچەماڵ و ڕزگاری و کەلارەوە سەردانی ‘عومەر فەتاح’مان کرد کە ئەوکاتە سەرۆک وەزیران بوو لە حکومەتەکەی سلێمانی. لەو دانیشتنەدا هەندێک خەڵک باسیان لە خەم و خەفەت و ناسۆرییەکانی خۆیان دەکرد، لەیادمە جەنابی سەرۆک وەزیران لە جیاتی بڕیارێ، بەڵێنێ یاخود لانی کەم دڵدانەوەی ئەو کەسانە، زۆر بێ مروەتانە گووتی تکایە ئێوەی کەسوکاری ئەنفال ئەوەنە مەکڕوزێنەوە! ئیتر باشتر لە بێدەربەستی ئەم بەرپرسانە تێگەیشتم، باشتر تێگەیشتم کە بۆچی هۆڵۆکۆست ئیسرائیل دەکاتە دەوڵەت و جەلادەکانی پرۆسەی ئەنفالیش چۆن لەلایەن بەرپرسانی ئەم هەرێمەوە و داڵدە دراون و پشتیوانی دەکرێن!
ساڵی ٢٠١٣ بەشداری مەراسیمێک بووم لە مۆنومێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ، گوێم لە هەندێ ناوی ڕێکخراوی تایبەت بە ئەنفال بوو کە نەک لە کوردستاندا نەناسراون، بەڵکو منێک کە زۆرینەی هەرە زۆری تەمەنم لە شۆڕش و چەمچەماڵدا بەسەربردووە، ئەو ناوانەم نەبیستبوو. ئیتر تێگەیشتم کە کەیسی ئەنفال چەندە بچوک و لۆکاڵیانە مامەڵەی لەگەڵدەکرێت!
ئێستا و پاش ٢٨ ساڵ لە پرۆسەی ئەنفال، کەژاڵی خوشکم زانکۆی تەواو کردووە (هێشتا لەلایەن حکومەتە خۆماڵییە کوردیەکەوە دانەمەزراوە!). ئەو ئێستا کچێکی هەیە، زۆرجار دەڵێ ‘نازانم هەستی کچێک بۆ باوکی چۆنە، چونکە من بەو ئەزمونەدا تێنەپەڕیوم!’، برایەکم مامۆستای ئینگلیزییە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی و خوشکێکم مامۆستای سەرەتاییە و کاکەم و دوو خوشکە گەورەکەشم لەناو ماڵومنداڵی خۆیاندان و منیش دکتۆرام هەیە. هەرچەندە ٥ وڵاتم بینیوە و چەند ڕۆژێکی دیکەش تەمەنم دەبێتە٣٣ ساڵ و دوو منداڵیشم هەیە، کەچی هێشتا هەست بە ئازارەکانی ئەنفال دەکەم و دڵنیاشم ئاسەواری برینی ئەنفال بۆ ئەبەد و تا مردن لەگەڵمدا دەمێنێتەوە!
دایکم و ژنە ئەنفالەکانی دیکە، شیاوی گەورەترین مەدالیای ڕێز و بەرزترین خەڵاتی نیشتیمانین، کەچی لە جیاتی خەڵات، حکومەت دوو مانگە موچەیان ناداتێ!
خۆزگە باوکیشم گۆڕێکی هەبوایە و جاروبارێ سەرێکمان لێبدایە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.