ئازار 19, 2016 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە لاپەڕەکانی دیوارە قوڕینەکە و گۆڤاری ئەنفالستان
لاپەڕەکانی دیوارە قوڕینەکە و گۆڤاری ئەنفالستان
مەهدی جاف
٢٦/١/٢٠١٦ سوئید
هاوێنی ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی کرژەی ناوچەی سورداش، لەدامێنی چیای سەرکەشی پیرەمەگروون سەرگەرمی پرۆڤەی کارێکی هونەری بووین، ئەوکاتە گەرمەی گفتۆگۆی نێوان حکومەتی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، بۆیە تیپی شانۆی شۆڕشیش دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسابوو لەپشت کێوەکانەوە بێن و لە گوندەکانی سەرجادە و نزیک شارەکان هەناسەیەک بدەن ونمایشی توانای هونەرییان بکەن، ئێمە تیپی شانۆی شۆرش لەوگوندەدا سەرقاڵی پرۆڤە بووین بۆ بەرهەمێکی هونەری (شانۆنامەی مەرگەساتی دۆشاو فرۆشە هەژارەکە) لەنوسینی سەعدوڵاوەنس ودەرهێنانی مستەفا قەسیم .
گفت وگۆی یەکیەتی نیشتمانی و حکومەتی عیێراقی گڵۆڵەی کەوتبووە لێژی و بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچوو. لە ئەندامە نهێنیەکانی ناو شاردا لە گروپەکەدا تەنها من مابوومەوە، منیش بەڕێوەبەری شانۆییەکە بووم و پێوستیەکانی ناو شاری سلێمانیم بۆدەهێنان، جارێکیان دابەزیم بۆکاریک هەر کە لە ئۆتومبیلەکە دابەزیم،لە کاتێکدا کە بۆ سەر ڕێگاکەی کرژە دەپەڕیمەوە زیلێکی سەربازی هات و شکاندیەوە، زۆری نەمابوو بمکات بە ژێرەوەو بمپلیشێنیتەوەو وەک چیرۆکی تەماتەکە بمکات بەدۆشاو. ئەو شۆفیرەی کە دیکۆرەکانی بۆ هەڵگرتبووین زۆر ترسا و گووتی :
ئەو هاوینە لەگوندی کرژە تا درەنگانێک پرۆڤەمانکرد، گوندێکی خۆش وکۆمەڵێک گەنجی وریاو رۆشنبیری تێدابوو، کرژە لە هەموو گوندەکانی ناوچەکە جیاواز بوو،جادەی قیرو کارەباو دوکانی تێدا بوو، چەند کانیەک و ڕوبارێکیش لە دامێنیدا بوو، زۆر جار لەگەڵ پێشمەرگەکانی تیپی ٢٣ی سورداش و ئەندامانی تیپی شانۆی شۆرش پێکەوە دەچوین بۆ مەلە کردن، ئەوکاتە ناوشۆرش کەسانی مەزن هەبوون،کاتە خۆشەکانمان پێکەوە بەسەر دەبرد ئەوکاتانەم زۆر لەشاربەلاوە خۆشتر بوو. زۆربەی کاتەکانی دوای پرۆڤە دەڕۆیشتین بۆ چۆمەکەی مەلا حەسەن لە دامێنی گوندی کرژە و مەلەوانیمان دەکرد. روبارێکی جوان و ئاوێکی پاک و خاوین بوو. سەیربوو ئەو ئاوە پڕ بوو لە ماسی گەورەو بچوک، هەروەها مارماسیشی تێدابوو. ئەو مارماسیانە کەمێک ترسناک بوون چونکە ئێمە وامان دەزانی ماری سەرزەوی و ژەهراوین و کەتوونەتە ناو ئاو. بەڵام ئەوانە جۆرە ماسیەکن کە لە ماسی تر زۆر گرانتر و بەسوود ترن ودەڵێن بۆ کەسانێک باشە کە نەخۆشی شەکرەیان هەبێت.
بەیانیەک بەدەم گفت وگۆی هونەری و ژیانەوە، خۆمان کرد بە ماڵێکی سادەی گوندەکەدا، لەقەراغی روبارێکی بچوکدا بوو، بەرانبەر ریزەماڵەکانی تری ئەوبەر کرژە دوگەرەکی بەرانبەری یەکتری بوو، خانووەکانی ئەندازەیی بوون چونکە حکومەت بۆی دروستکردبوون، ئەوەش دیمەنێکی جوانی دەبەخشی، لەو ماڵەدا کوڕێکی گەنج پێشوازی کردین خرکەڵەیەکی کەمێک لاواز بوو، سەیر بوو بەلامەوە ئەوان لەگەڵ خوشکێکیدا لەخانوویەکی بچووکدا دەژیان،کە دوای شەهید بوونی باوکیان بۆیان مابووەوە، کاتێک چوینە ژوورەوە پاش دانیشتین و بەخێرهاتن ئەوەی کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا چەند لاپەڕەیەک بوو کە بەدیوارەکەوە هەڵیواسی بوون، لە شیعر و نووسراوی ئەدەبی و پۆستەری شەهید، ئەوکوڕە گەنجەم زۆر لا خۆشەویست بوو، زوو بووە جێگەی متمانەو پاشان ئەویش کەوتە ناوئێمە و زۆربەی کاتەکان لە پرۆڤەکردن لەگەڵماندا بوو،ڕۆڵێکی کۆمبارسیشی وەرگرت.
پاش پێشکەشکردنی درامای مەرگەساتی دۆشاوفرۆشە هەژارەکە، گوندەکەمان بەجێ هێشت و چوین بەرەو دەشتی هەولێر دوایی من گەڕامەوە بۆتەواوکردنی خوێندنەکەم کە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەشی ڕێژە سۆری دراما. دواتر بینیم ئەوکوڕە گەنجەی گوندەکەش لە بەشی شانۆ وەرگیراوە هەتا لە پەیمانگا بووین زوو زوو یەکترمان دەبینی، بەلآم من بەردەوام خۆم دەشاردەوە، بەڕۆژ دوای دەوامی پەیمانگا دەخەوتم بە شەوانیش تا بەیانی هەوڵم دەداو دەرسم دەخوێند. هەرلەبەر ئەوەش بوو،یەکێک بووم لە خوێندکارە یەکەمەکان. لەراستیدا ئەو ساڵەم زۆر بەسەختی برێ چونکە هیچ بە تەمای خوم نەبووم. زۆربەی خوێندکارانی پەیمانگا دواتر گیران و ئەشکەنجە دران، پاش تەواوکردنی پەیمانگە هەر لە ڕێگەی ئەندامانی نهێنیەوە، رۆشتم بۆمەرزی بەردەڕەشان، ئیترنەگەڕامەوە. تا ئیستاش کە ٣٣ ساڵ دەکات زۆربەی هاوڕێ خۆشەویستەکانم نەبینیووەتەوە.
بەر لە چەند ساڵێک، سەرنجم چووە سەر گۆڤارێک بەناوی ئەنفالستان ،بینیم سەرنووسەرەکەی چالاک و زۆر لام ڕۆشبیرە، دڵسۆز وهوشیار دەهاتە بەر بیر و چاوانم. زۆردڵخۆش بووم کە کەسێکی وا بەردەوام کارلەسەر دۆسێیەکی وا گرنگ دەکات و کۆڵنادات، لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوای هاوڕێیەتیم لێکرد و ئەویش قبووڵی کردم. نە من دەمزانی ئەو کەسە کێیە،نە ئەویش من ناناسێتەوە. پاش ماوەیەک کە مامۆستا (ئەرسەلان چیمەنی) هاوڕێی دێرین وشانۆکارمان کۆچی دوایی کرد، ئەو پۆستێکی دانابوو وێنەی مامۆستای کۆچ کردووی لەسەر بوو، سەرباری دڵتەنگی خۆم من سەرخۆشیم لە سەرنوسەری ئەنفالستانیش کرد، پاش ماوەیەک ئەو لە نامەیەکدا پرسی :
خۆشحاڵیم نیشاندا بەڵام هەر نەمناسیەوە هەر دەمویست کەسایەتیەکیەی بهێنمەوە بەرچاو بیردەکردەوەو، بەڵام بیرم نەدەکەوتەوە یاران ئەو کەسە کێیە.!؟ بێسود بوو، بەلام کە هونەرمەند کەریم کابانی ڕەوانشاد کۆچی دوایی کرد،ئەو هاوڕێیەم بیرەوەرییەکی خۆی ومامۆستا کەریمی نوسیبوو، کە چۆن مامۆستا کەریم کابان ویسووتوویەتی هاوکاری خۆی و خوشکەکەی بکات، ئیتر بیرم کەوتەوە کاکە (عومەری کرژە) ئۆو ئەوە تۆی هاوڕێ ئۆخەی کەوتەوە یادم ، ئای چەندە گەشامەوە. چەند ڕۆژێکە من بیر و خەیاڵم ئاسودەیە کەگوندی کرژە و هەڵسوکەوتە جوانەکانی کاکە عومەر محەمەدم بەرچاو دەهاتەوە.
چەند خوێنکاری شاریی چالاک و ڕۆشبیرمان هەبوون، کەجی زۆربەیان ماڵئاواییان لە هونەر وئەدەب کردو،هیچ دەنگیان نەما، بەڵام کەسێکی وەک عومەر لە ناوچیەکی داخراو،دوورلەگوندەوە هات و چۆن بوو بە پێشڕەو و سەرچاوەی زانیاری بەخش لەسەر پرسی ئەنفال و جینۆساد، ئەو نەک هەر ماڵپەری ئەنفالستان و گۆڤاری ئەنفالستان پەخش دەکات چەند کتێبێکیشی لەمەڕ دۆسێی ئەنفال نوسیوەو ڕاوێژکاری چەند فیلمێکی سینەمایشی کردووە کە گرنگترینیان فیلمی بڵندی هەزارویەک سێوی هونەرمەندی بەناوبانگ وکۆچ کردوو (تەها کەریمی)یشە خۆرگە دەسەڵاتدارانی کورد، قەدری ئەم نوسەرو چالاکوانەیان دەزانی و پشگیریان دەکرد و ئنیستیتووتێکیان بۆ پرسی ئەنفال و جینۆساد بۆ دادەمەزراند.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.