• ڤیدیۆ
  • ئه‌رشیف
  • تاوانی جه‌نگ
  • دیدار
  • وتار
  • ئاگاداری
  • په‌یوه‌ندی
  • ئێمه‌

سه‌ردێره‌كان

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
  • ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد
  • تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا. هۆمەر محەمەد
  • ڕۆڵی سینەما لە پاراستنی یادەوەری ئەنفالدا – وانەیەک لە هۆڵۆکۆستەوە
  • سەرنجێک لەسەر دەرکەوتنی (بەراء) هۆمەر محەمەد
  • ماڵه‌وه‌
  • هه‌واڵ
  • ئه‌نفال
  • شه‌نگال
  • كیمیاباران
  • به‌ڵگه‌نامه‌
  • ئامار
  • دەربازبووان
  • توێژینه‌وه‌
  • گۆڤاری ئەنفالستان
  • بڕیاره‌دادوه‌رییه‌كان
  • الكورد والابادةالجماعية

کەریم حوسێن : ئەو كاتەی جنسیەو پێناسەی منداڵەكانم لە گۆڕی بەكۆمەڵدا بۆدێننەوە دەبێت شعورم چۆن ببێت؟

تشرینی دووهەم 26, 2015 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە کەریم حوسێن : ئەو كاتەی جنسیەو پێناسەی منداڵەكانم لە گۆڕی بەكۆمەڵدا بۆدێننەوە دەبێت شعورم چۆن ببێت؟


کەریم حوسێن : ئەو كاتەی جنسیەو پێناسەی منداڵەكانم لە گۆڕی بەكۆمەڵدا بۆدێننەوە دەبێت شعورم چۆن ببێت؟20150411_112431

دیمانە: عومەر محەمەد
هاکارویاوەر : پشکۆ محەمەد رۆستەم .
شوێن : خورماتوو .. ماڵێ مەلاکەریم .
رێکەوت : ٩/٢/٢٠٠٧
کات : ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ .

فۆرمی ژمارە (٥)

بەنیازی چەند دیدارێکی كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان کە پێشتر رێککەوتبووین لەسەری رۆژی 9/2/2007 لە شاری سلێمانیەوە کەوتمەڕێ و لە شاری کەلار لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستم کاک پشکۆ محەمەد رۆستەم بەرەو خورماتوو کەوتینە رێ و دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ لە دوز خورماتوو گیرساینەوە، دوای ئەوەی لەمالی كاك جەباری مەلا عەلی پشویەكی کورتماندا دەستمان بە ئەنجامدانی دیدارەکان کرد، لەیەکێک لەو بەرێزانەی چاومان پێی کەوت کاک کەریم حوسێن عەزیز بوو.  بۆ ئەوەی چیرۆکی خۆی ئەنفالکردنی خانەوادەکەیمان بۆ بگێڕێتەوە و لەگەڵیدا رۆبچینە ناو بەسەرهاتەکانی ئەنفالی ئەم ناوچەیەوە:

ئەم دیدارەی كەریم حوسێن عەزیزیش لەگەڵ ئەوكۆمەڵە خەڵكەی تردا لە رۆژی ٩ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٧  ئەنجامدراوە لە خورماتوو، كە هەریەك لە وەهاب محەمەدو حوسێن عاسی تێدا بوو، واتە بەبێ‌ ئەوەی بزانین كە لەو دیدارانەدا و لە ژمارە 4ی ئەنفالستاندا سێ كەسیان تاقە دەربازبووی ئەنفال بوون . دەبێت ئەوەش بڵێم كە ئەم دیدارە بە هۆی هەڵەیەكی هونەرییەوە ناوی دیمانە سازەكە بەهەڵە نوسراوە لە راستیدا كاك پشكۆ هاوکارو هاو سەفەرم بوو بۆ ئەو دیدارەو زۆربەی فۆتۆكان ئەو گرتوونی نەک دیمانە سازبووبێت، بەڵام دیمانە لەگەڵ کەریم حوسێندا بۆخۆم ئەنجاممداوە.

دەبێت ئەوەش بڵێم دیدار لەگەڵ کەریم حوسێن ئاسان نەبوو، سەرباری ئەوەی پیاوێکی بە هیمەت و ئازاو خۆڕاگربوو بەڵام هەتا بڵیی پرسیارکردن دەربارەی چیرۆکەکەیان گران بوو، بەتایبەتیش کە بینیم زۆر بەزەحمەت هەستایە سەرپێی وهات لە کورسییەکەی بەرانبەرم دانیشت و خۆی ئامادەکرد بۆ وەڵامی پرسیارەکانم .. كەریم حوسێن پێشمەرگەیەكی ئەوڕۆژگارەیەو لەبەرگرییەكانی ئەنفالدا بەشداریی كردووە و بەبرینداری دەربازبووە، بەهەمووی سێ جاربریندار كراوە؛ ئێستا پێشمەرگەیەكی كەمئەندام و خانەنیشینە. لە پەلاماری ئەنفالدا هاوسەرەكەی  وهەموو منداڵەكانی ئەنفالکراون) هەر ئەو جارەبوو ئیتر چاوی پێیان نەكەوتەوە

ئەو لەپێشەوە سەرەتایەکی پێگوتم کە دڵنیایە لە نەمانی کەسوکارەکەی وئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە پێناسی باری شارستانی ژن و منداڵەکانی کە بریتی بوون لە (٧) کەس ژنەکەی و هەرچوار جگەر گۆشەکەی لە گۆرێکی بەکۆمەڵی بیابان دۆزراونەتەوەو تیمێکی دادگای باڵای تاوانەکان پێناسەکانیان بۆ هێنابوونەوەو پیشانیاندابوو . هەرئەوکاتە من کەوتبوومە حاڵەتێکی تایبەتیەوەو زۆری نەمابوو پێی بڵێم با ئەم دیدارە هەڵگرین بۆ کاتێکی تر، بەلام دانم بەخۆمداگرتوو وتم با کارەکەم بکەم باشترە بۆیە زۆر بەوریایی پرسیارم دەکرد و نەمدەویست هیچ پرسیارێکم گەوجانە بکەوێتەوەو برینداری بکەم .. کاک کەریم بەرلەوەی هیچی لێبپرسم وتی من( ١٤) کەس لە خانەوادەکەی خۆم رۆیشتوون بە شەهیدو ئەنفالەوە . بەڵام من تکام لێکرد پەلە ناکات و پێمووت داتر پرسیارت لێدەکەم ئەویش قایل بوو .وتم با لەناوی سیانی خۆتەوە دەست پێبکەین ئەویش قایل بوو وتی فەرموو .

ئەگەرخۆت بناسێنی، چەند كەس لە خێزانەكەت ئەنفالكراون؟

كریم حسین عزیز، نازناوەكەشم بڵێم ؟

بەڵێ فەرموو .

لە پێشمەرگایەتیدا بە كەریم حەیدەرەسوری ناسراوم، خێزانەكەم‌ و مناڵەكانم‌و خوشك‌و براكانم  ئەمانە هەمووكەسی  پلەیەكی خێزانی خۆمن، پاشان ئامۆزازا‌و میمزا‌و خاڵۆزام زۆر ئەنفالکراوە، لەو دێیەی ئێمە كە نزیكەی  25 ماڵبووین،  105 كەسمان ئەنفالکراوە‌و (14) شەهیدی سەنگەریشمان هەیە‌، ئێمە هەموومان خزم یەكتری بووین.

کەواتە ئێوە لەگوندێکی ٢٥ی ماڵیدا ١١٩ کەستان گیانی لەدەستداوە  ؟

ئەرێوەڵا ئەوە راستیە .

تەمەنت چەندە ؟

ئێستا یان ئەوساکە ؟

ئێستا تەمەنت گەیشتووتە چەند مەبەستم ئەوەیە ساڵی چەند لەدایک بوویت ؟

ساڵی ١٩٦٣ .لەدایک بوومە .

گوندەكەتان کەوتووەتە چ ناوچەیەكەوە ؟ ناوی چی بوو؟

گوندەكەمان ناوی حەیدەرە سورە لەناوچەی داوێیە سەربەناحییەی نەوجول.

ئەو ساتەی ئەنفال گەیشتە ناوچەی داوی وخەڵکەکەی ئەنفالكران تۆ لەكوێ‌ بوویت؟

ئەو كاتەی حكومەت هێرشی كردبوو بۆ سەرگوندەكەی ئێمە خۆم پێشمەرگە بووم لە بناری سەنگاو، ئێمە كۆمەڵێك پێشمەرگەبووین، كاك شێخ كەریم سەرپەرشتی ئەكردین، هەواڵێكمان بۆ هات كە سوپا هاتۆتە ئەو ناوەوە‌و شەویش ماوەتەوە! ئیتر ئێمە گەڕاینەوە‌و گەیشتینە باوەكر .

باوەکر چییە گوندە یان ناوی شوێنێکە ؟

بەڵێ گوندێکە ناوی باوەکرە، هەر لەو قۆڵەی لای خۆمانەوەیە ئیتر لەوێ‌ ئەو هێزە لە چەند قۆڵێكەوە، لە نەوجول‌و شۆراو‌و لەلای دوراجیەوە، هاتبوون لە یەكیان دایەوە. ئەو كۆمەڵە پێشمەرگەیەش كە لەسەركردایەتی بوون لەگەڵ سەید جەوهەر دا هاتنەوە، ئەوكاتە زۆر هیلاك بوون، ئەگەر ژمارەیان بەراورد بكەیت لەگەڵ ئەو هێزەی سوپادا كە بۆ پەلاماری ناوچەكەمان هاتبوون، زۆر كەمتر بوون، هەرچەندە پێشمەرگە وورەیان بەرزو خۆڕاگربوون، بەڵام ژمارەی پێشمەرگەكان كەم بوون‌و ئەوكاتەش چەك زۆر كەم بوو، سیلاحی ئێمەش لەگەڵ ئەواندا بەراورد نەدەکرا بەتایبەتیش بەرامبەر بە تەیارە، دەبابەو هەموو جۆرە چەكێکی سەربازی و هێزی ئێمەو سوپا شتیكی نابەرابەر بوو.

چۆن هێرش كرایە سەرگوندەكەتان ؟

ئەی مەگەرنەمگوت پێت لە نەوجول و شۆراودوراجیەوە هاتبوون وهێزەکان دایانەوە لەیەک ؟

مەبەستت ئەوەیە هێزەکان یەکیان گرتەوە ؟

بەڵێ یەکیان گرتەوەو هێزەکانیشیان زۆرو ئێمە کەم بووین .

ئەی چەکی ئێوە چی بوو ؟

خۆ سیلاحی ئێمە چی بوو؟ چەکە قورسەکەمان تەنها قازیفە‌وبیكەسی  بوو. ؟

واتە لەهاوتای ئەو هێرشەدا نەبوون؟

لە هەقیقەتدا لەهاوتای یەکدا نەبوو، بەڵام ئەوەی هەمان بوو، هەر وورەی پێشمەرگە بوو تا بتوانین بەرگری بكەین، ئەو چەند ڕۆژەش کە پێشمەرگە بەرگری كردووە، هەر ئازایەتی خۆی بووە، نەوەڵا ئەگەر بەراوردی بكەین هێزەکان نابەرانبەر بوون. هەم پێشمەرگەمان كەم بوو، هەم لەڕووی چەکیشەوە كەم دەست بووین.

ئەوكاتە ئێوە وەكو پێشمەرگە نەتان دەزانی شتێك هەیە ناوی ئەنفالە  ؟  تەنها  ئەوەندەتانزانی هێرشی حكومەتە‌وهاتووتە سەرتان ؟ مەبەستەکەم کورت بکەمەوە نەتاندەزانی حكومەت بەنیازی چیە؟

نەخێر، بەهەقیقەت ئێمە ناوی ئەنفالمان نەئەزانی، بەڵام ئێمە بۆخۆمان وەكو پێشمەرگە نیازی بەعسمان ئەزانی چیە.

چۆن دەتانانزانی هیچ زانیارییەکتان پێگەیشتبوو ؟

مەسەلەن دەمانزانی حکومەت خەڵك بگرێ‌ دەیکوژێ و سەرنگومی دەکات، دەیان زیندانی سیاسیمان لە ساڵەكانی پێشوودا تەجروبە کردبوو، ئەوراستی بوو، بۆ نمونە ئێمە خۆ زۆر كەسمان ئەبینی ئەوكاتە پێیمان ئەووتن را بكەن‌و خۆتان تەسلیمی حكومەت مەكەن، ئەگەر هەر ئەڕۆیشنەوە بە شێوەیەك بڕۆنەوە خۆتان پەنابدەن، بەڵام لە ڕێگەی جاشەكانەوە كۆمەڵێك درۆ‌و دەلەسەیان بڵاوكردبووەوە گوایایە حكومەتی عێراقی لێبووردنی دەركردووە، یان تەعویز ئەداتە خەڵك ‌ولە شوێنێک نیشتەجێیان دەکەن وەک مجمع و شتی لەو بابەتە و قسەی پروپوچ، خەڵكی لادێش بە هەقیقەت خەڵكێكی هەژارو سادەو ساکار بوون، خەڵكی ئەو كاتە لەگەڵ ئێستادا جیاوازی زۆر بوو.

)من نازانم تا چەند لە گەرمیان ئەمە ڕوویداوە) بەڵام قسەیەك هەیە كە دەڵێن لە زۆرشوێن پێشمەرگەش ڕێگەیان لە خەڵك گرتووە تەسلیم ببنەوە، تۆ ئەو كاتە پێشمەرگە بوویت.

شتی وانە بوو لەلای ئێمە .

بەڵام ئەگەر بەڕاشكاوی لەمبارەیەوە بدوێیت پێموایە خزمەتێكی گەورەی ئەنفال ئەكەین، ڕەنگە ئەمە هەڵەیەكی كورد بووبێت لەو كاتەدا. راستی وتنیش خزمەتی مێژووە، ئایا بەلای تۆوە ئەوە راستە رێگەیان لەخەڵک گرتووە ؟

وەزعەكە بەوشێوەیە نەمابوو پێشمەرگە بتوانێت پێش بەخەڵك بگرێت، لەڕاستیدا من ئەوە شتێكە بە سەڕاحەت باسی ئەكەم‌و نایشارمەوە، بەڵام ئەگەر هەچ قسەیەكیشمان كردبێت قەناعەت بكەن لە بەرژەوەندی خەڵكەكە بووین، ئێمە زانیومانە حكومەت بۆ لە ناو بردنی كورد بەرنامەی خراپی هەیە، ئەوەمان ووتوە، ووتوومانە ئەگەر هەرئەڕۆنەوە خۆتان بشارنەوە، خۆتان تەسلیمی حكومەت مەكەن، ئەوە ڕاستە ڕەنگە لە بەعزە شوێنێكیشا پێشمەرگە بەردەمی لەخەڵكیش گرتبێت ئەوەش هەرلەبەرئەو مەسەلەیە بووە.

ئەوە هەر لەخۆتانەوە بووە، یان بڕیارێكی سیاسی سەركردایەتی بوو؟

وەڵاهی وەكو بڕیاری سیاسی سەركردایەتی، من بۆ خۆم ئاگام لێی نییە‌و هیچ بڕیارێكی وامان پێنەگەیشتبوو لەوبارەیەوە.

ئەوكاتە تۆ پێشمەرگەی كام تیپ بوویت؟

ئەو كاتە ئێمە تیپی 51ی گەرمیان بووین، بەڵام ئەمانزانی بەرنامەی بەعس چۆنە وەكو  پێتم ووت لەپێشدا، چی دەكا‌و چی لەبەرنامەكەیدا هەیە، بەڵام وای لێهاتبوو مەسەلەن تۆ لەگەڵ خزم‌و ئەوانەی خۆتیشا نەت ئەتوانی قسە بكەیت، یەعنی شتەكە لەوەوە بوو، وایان لە خەڵكەكە كردبوو وەكو لە پێشتریشدا باسم كرد، ئەیانووت ئەوخەڵكە  ئەڕواتەوە تەعویز ئەدەن پێی لە مەجموعە زەوی ئەدەن پێی، ئینجا عەقاری بۆ وەرئەگرن، خەڵكەكەیان وا قەناعەت پێكردبوو.

كێ‌ ئەم پروپاگەندانەی بڵاو ئەكردەوە یان با بڵێین سەرچاوەكەی كوێ‌ بوو؟ لە كوێوە دەرئەچوون؟

وەڵاهی سەرچاوەكەی لەڕاستیدا زیاتر لەڕێگەی جاشەكانەوە بڵاو ئەكرایەوە، خەڵكیش ئەهات بەدزی سەردانی شاریان ئەكرد‌و كۆمەڵێك جاشی ئەبینی یان كۆمەڵێك خەڵكی سەربەحكومەتی  ئەبینی ئەیانووت خزمەكانتان  بابێننەوە، بابە عەرز پێیان ئەدەن، بابە بڕیارە حكومەت دێكان تەخت دەکات، ڕەنگە ئەو جاشانەش هەندێكیان لە دڵسۆزی ووتبێتیان وەكو بە خەڵكی ڕابگەیەنن خەڵك ئەنفال ئەكرێت یان خەڵك زووتر بێتە شارەوە..  بەڵام نیوەكەی تریشی  هەرمەرامەگلاوەكەی بەعسی جێبەجێ ئەكرد.

با بگەڕێینەوە لادێكەی خۆتان  وتت لادێكەمان نزیكەی 25 ماڵێك بووین؟ بەچییەوە خەریك بوون ؟

بەڵێ 25 ماڵێك ئەبوو. ئێمە هەم بەكشتوكاڵەوە‌و هەم بەمەڕ‌و ماڵاتەوە خەریكبووین، بەسەیارە نزیكەی چارەكە سەعاتێ‌ لە ناحیەی نەوجولەوە دوور بوو، بەڵام ناحیەكە ئەو كاتە نەمابوو ڕووخابوو، كۆمەڵێك ماڵ تریش هاتبوون لەوكاتەدا زیاتر ئەو ماڵانە وەك خزم هاتبوون خزمەكان ناحیەی نەوجول بوون، كە ڕووخا بوو، هاتبوونە ئەوێ‌ چونكە هەندێك لەو ماڵانە ئامادە نەبوون بچنەوە لای بەعس، بۆ خۆیان لەوێ‌ لەناو خزمەكانی خۆیانا گیرسابوونەوە.

جگەلە خیزانەكەی خۆت ئافرەتیش لە كەسوكاری تۆ ئەنفالكراوە؟

بەڵێ‌

خیزانەکەی خۆت ئەنفالکراوە ؟

بەڵێ هاوسەرەکەم و منداڵەکانیشم ئەنفالکراون و پێناسەکانیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بۆ هێنامەوە.

هاوسەرەکەت ومنداڵەکانت ناوەکانیانم پێبڵێ ؟

هاوسەرەکەم ناوی سەبریە موبارەك حەمیدو كچەكانم دڵشاد و هێرۆ، كورەكانیشم ئارام و گەرمیان. بوون ولەسەماوە کۆمەڵکوژکرابوون .

ئەوانە خانەوادەی خۆت بوون ئەی دایکت وباوکت و خوشک وبراشت هەر ئەنفالکراون ؟

بەڵێ دایکم و شەش لە خوشك و براكانم ( ڕەحیم و نەورۆز و تەلیعە و زوبێدە و نەسرین و بەیان) ئەوانیش هەر لە ئەنفالدا دەستگیركران و ڕەوانەی توونی مەرگی ئەنفال كران.

ئەی باوکت ئەنفال نەکراوە ؟

نا باوکم ئەنفال نەبوو بەڵام ئەویش هەر شەهیدەو تەیارە کوشتی .

لەگوندەکەتان بەهەمووی چەند کەس ئەنفالکراون ؟

لە پەلاماری ئەنفالدا (١٥٠) كەس لەپیر وگەنج و منداڵ لەگوندەکەماندا گیراون، ئەوانە (١٢٥) كەسیان خەڵكی گوندەکەی خۆمان حەیدەرەسوربوون.

ئەی ئەوانەی تر خەڵکی کوێ بوون ؟

ئەو  (25) كەسەی تریشیان خەڵكی شار وشارۆچكەكانی دەوروبەربوون، بەزۆری خەڵکی خورماتوو و نەوجول بوون، بەلام ئەوانەش هەر خزم خۆمان بوون و هەموویان پێكەوە ئەنفالكران ‌و ڕەوانەی تۆپزاوا كران ‌و دوای جیاکردنەوەشیان پێكەوە بێسەروشوێنكران.

ئەی چەند کەستان شەهیدی سەنگەرە ؟

خەڵكی ئەم گوندە (١٤) كەسمان لە سەنگەری بەرەنگاریدا شەهید بوون و زۆربەشیان لە بەرەنگاربوونەوەی پەلامارە سەربازییەكانی ئەنفالدا شەهیدبوون.

ئێستا دەنگێكی واهەیە كە ژنانی كورد هەم لەناو عێراقدا هەم لەدەرەوەی عێراقدا دابەش كراون، فرۆشراون‌و كۆمەڵێك قسەی لەوبابەتە، تۆ تاچەند بروات بەو پروپاگەندانە هەیە ؟

وەڵاهی تاڕادەیەكی زۆر باوەڕم پێی هەیە، چونكە ئەوەی لەبەرنامەی حكومەتی بەعس تێگەیشتبێت ئەزانێت لەبەرامبەر كورد هەموو شتێكی كردووە، هەموو شتێك، ڕەنگە لەم ماوەیەدا خۆت ئاگاداربیت كە وا باسی ئەكەن نزیكەی 157 كەسی تێدایە.

تۆ چۆن سەیری كارەساتی ئەنفال ئەكەیت، بەجیا لە كوشت‌و كارەساتە ماڵوێرانییەكەی ، واتە تۆ ئەمە بەچی ئەزانیت سەرچاوەی ئەنفال ئەگەڕێنێتەوە بۆ كوێ‌؟

خۆی ئەنفال جینۆسایدە، جینۆسایدێكە بەسەرمیللەتی كورد دا هاتووە، سەرچاوەكەشی، تازە نییە.. ئەتوانم بڵێم لەدوای ئیسلامەوە لە سەردەمی ئیسلامەوە ئەم ئەنفالە بەسەر كورددا هاتووە.

لەسەدەی حەوتەمی زایینییەوە كورد ئەنفال كراوە، هەرچەندە ئەو كاتە دەستەواژەیەك نەبوو ناوی جینۆساید بێت بەڵام لەو كاتەوە كورد جینۆساید دەكرێت، بەڵام  كورد، لەسەردەمی دوای دیكتاتۆرەكان چی بكات بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەنفال نەكرێتەوە ؟

وەڵاهی جارێ بەپلەی یەكەم من ئێستا لێرەدا ئەوە دەڵێم یەكگرتنەوەمان لەگشت شتێك پێویستترە بۆخۆمان، یەكگرتنەوەی كورد نەك تەنها من مەبەستم كوردی كوردستانی پارچەی عێراق هەموو چوار پارچەكەی كوردستانە یەكگرتنەوەی كورد ئەمە شتێكی ئەساسییە بۆ نەجات بوونمان لەم وەزعی زۆردارییە، وەكو خۆت باست كرد لەم سەردەمی عەولەمەدا ئێمە تووشی ئەو كارەساتانە بووین، ئینجا ئێمە دیبلۆماسیەتی دەرەوەمان بەهێز بكەین ئەوە خاڵە بنەمایەو زۆر گرنگە لەلای من.

حزبە كوردستانییەكان زۆر كەم گرنگی بە ئەنفال ئەدەن، مەبەستم ئەوە نییە زۆر كەم گرنگی بە كەسوكاری ئەنفالەكان ئەدەن، زۆر كەم گرنگی بە پرۆسەی ئەنفال ئەدەن تەنانەت لەناو مەحكەمەش، بە بڕوای تۆ وەكو كەسێك كە كەس‌و كارت ئەنفالە ئەمە بۆچی ئەگێڕیتەوە؟

وەڵاهی، چی بڵێم ئەمە من وەكو كەمتەرخەمیەك ئەیبینم بەرامبەر بە ئەنفال، كەمتەرخەمییە هەم بەرامبەر بەئەنفال هەم بەرامبەركەسوكاری ئەنفالیش.

پێت وانییە ئەمە تێنەگەیشتنە لەسیاسەتێك كە بەناوی ئەنفالەوە پیادە كرا، واتە هێشتا ئێمە لە قوڵایی ئەوتاوانەو سیاسەتەکانی بەعس تێنەگەیشتووین؟

وەڵاهی من ئەمە بە كەمتەرخەمی دەزانم، بەڵام خۆحزبەكانی ئێمە لەوانە نین تێنەگەیشتبن تابڵێین كەمتەرخەمن ئەتوانم بڵێم كەمتەرخەمیە بەڵام خۆیان لە كەسوكاری ئەنفال‌و لەهەموو كەسێك باشتر تێگەینەلەوەی ئەنفال بۆچی كرا.

تۆ وەكو كەسێك كە زۆرترین كەسوكارت ئەنفالکراوە لەیادی ئەنفالدا یان لەو ڕۆژەدا ئەو ئاماژانەی كە ئەنفالت بیر ئەخەنەوە، هەستت چۆنە بەرامبەر بەیادی ئەنفال بەرامبەر بەو تاوانەو ئەو كارەساتانەی بەهۆیەوە هاتنە پێشەوە ؟

وەڵاهی من نەك بڵێیت لەیادی ئەنفالدا ئائێستا كە ئەچمە مەحكەمەكەی عەلی حەسەن مجید ڕۆژی ئەنفالم بیرئەكەوێتەوە، وەزعی ئەنفالم بیرئەكەوێتەوە، كاتی ئەنفالم بیرئەكەوێتەوە، یەعنی مەسەلەی ئەنفال هەق نییە بەڕاستی وەدەقە‌و سەعات قەت لەیاد بكرێت، ئەنفال كارەساتێك بوو بەسەرمیللەتەكەماندا هات، ئەگەر من بڵێم برا‌و خوشك‌و ئەوانەم ئەنفالە یان خێزانم ئەنفالە ڕەنگە ئەگەر ئێمە ڕاست بكەین وەكو كورد،  ئەو خێزانە یان ئەو خوشكە تەنها هی من نییە، هی هەموو كوردە. من داوام  هەیە لە كورد هەم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسەلەی یادی ئەنفال بەزیندووێتی بهێڵرێتەوە چونكە  هەر ئەنفال بوو ئێمەی بە دنیا ناساند.

بیروڕات بەرامبەربەئیعدام كردنی سەددام چییە؟

وەڵاهی سەددام ئعیدام كرا، بەڵام من لەڕاستیدا حەزم ئەكرد، مەحكەمەی ئەنفالی‌و مەحكەمەی هەڵەبجەش تەواو بوایە ئینجا سەددام ئیعدام بكرایە ؟

بۆچی حەزت دەکرد وابێت ؟

واباش بوو.

ڕاستە بەدرێژایی دەسەڵاتی سەددام دژی زۆربەی زۆری عێراقیەكان بوو بەڵام  بەتایبەت دژی خەڵكی كوردستان بوو، تۆ پێت وانییە مردنەكەشی  بە زەرەر بۆ كورد شكایەوە؟

وەڵاهی ئێمە وەكو كەسوكاری ئەنفال وەها دڵمان گەرمە لەڕاستیدا نەك سەددام حوسین ئەتوانم بڵێم یەكێك ڕۆژێك بەعسێتی كردبێت لای ئێمە من وەكو خۆم حەز ئەكەم ئیعدام بكرێ‌‌و نەمێنێ ئەوە ڕەئی خۆمە.

بەرای تۆ حوكمی ئیعدامەكەی داد پەروەری تێدابوو ؟ وەك خۆت  ئەڵێی هێشتا دادگای ئەنفال تەواو نەببوو چەند دانیشتنێكی تری مابوو دەبوایە سەددام تیایدا ئاماددە بێت،  بەبڕوای من سەددام لەو وەزعە دەرونییەی بۆ دروست كرابوو رزگاری بوو تۆ ئەلێی چی؟.

وەكو وتم حەزم دەكرد سەدام حوسێن لە مەحكەمەی ئەنفال حوكمی خۆی وەرگرێت‌و هەڵەبجەش ئێمە هەڵەبجەشمان لە بیرنەچێت، ڕەنگە زیندانی سیاسیمانیش زۆربێت، من بۆخۆم دوای ئەنفال لەگەڵ برادەرێكم كەسوكارمان زۆر ئەنفالن گەڕاین چوویمانە شوێنێك سوق الشیوخی پێئەڵێن لە بەسرە چوویمانە ناو سجنێك تەقریبەن 500 كەسی تیا بوو، ئیتر بەهەر شێوەیەك بێت ئێمە خۆمان گەیانە ئەو سجنە، ئەوانە هەرنەیانئەزانی ئەنفال چیە!! هەمووشیان كورد بوون!!  مەبەستم ئەوەیە كە باسی ئەنفال ئەكەین خەڵكی تریش هەیە كە سجن بوون.

بیروڕات چیە بەرامبەربەو جاشە كوردانەی كەبە شداری ئەنفالیان كرد وە تاكو ئێستا مەحكەمە نەكراون؟ بەداخەوە من ئەڵێم ئەوانە بەپێی بەرپرسیارێتی خۆیان تاوانەکانیان هیچی  لە تاوانەکانی سەددام حوسێن كەمتر نەبوون.

بەڕای تۆ دەسەڵاتی كوردی یان حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لەم کەمتەرخەمیە ؟ ئایا چی لەمانە بكات ؟

بابیانداتە دەست دادگاو باعەدالەت سەرەوەر بێت تاسزای خۆیان وەرگرن. با یاسا سەروەر بێت.

ئەو ڕۆژەی كە پێناسەی منداڵەكانت لەگۆرە بەكۆمەڵەكاندا دۆزرایەوە تۆ هەستت چی بوو؟

وەڵاهی تۆپاش 16-18 ساڵا چاوەڕوانی ؟ هەرچەندە خۆمان دڵنیا بووین ماڵ‌و مناڵمان نەماون، بەڵام تۆ یەکێک بیت لەوانە كە (جنسیە‌و هەویە) رەگەزنامەو پێناسی مناڵەكانت، لەناو قەبرێكی جەماعی بیدۆزنەوە‌و بیدەنەوە دەستت ئەبێ‌ شعورت چی بێت؟

کێ پێناسەکانی پێدایتەوە ؟

کەسێک هات ناوی کامەران بوو. ئەو پێشانمیدا .

بەناوەکەی ئەو کامەرانە کوردە باشە بۆچی پێناسەی ئەنفالکراوەکانت لەلای ئەو بوون ؟

ئەی ئەو لەدادگاکەوە هاتبوو، لەسەماوە لە گۆرێکی بەکۆمەڵ دۆزیبوویاننەوە کاتێک هەڵیاندابوونەوە .

وتت پیشانمیدا هەر پیشانیدایت و نەدایتەوە بەخۆت ؟

نەخێر هەتا وتم با کۆپیی بکەم وتی نادوایی ئەسلییەکانت بۆ دەهێنمەوە .

كە پێناسەو شتەكانیان هێنایەوە تۆ ڕقت لەوكەسانە نەبووەوە؟

نەخێر بۆ رقم لێیان بێت؟!

هەست ناكەیت ئێمەی كورد ‌وخەڵكی عێراقیش بەگشتی تاوانباربین لە پرۆسەی ئەنفالدا؟

بۆ تاوانبارین؟

لە دادگا عەلی كیمیاوی  قسەیەكی كرد، ووتی هەموو ئەویەكە ئیداریەكان، تەنانەت مروریش بەشداری تیا كردووە، تۆ هەست ناكەیت ئەنفال  پرۆسەیەك بوو كە هەموومان تیایا بەشدار بووین؟

نەخێر ئەوە قسەیە عەلی حەسەن مەجید بۆخۆی ئەیكات، من ئەتوانم بڵێم لە ناوجاشەكانیشدا لە ناو موستەشاریشدا خەڵك هەبووە هاوكاری خەلكی كردووە، ئەگەر یەكێك توانیوێتی دوو كەسیشی بەردابێت ئەوە لەلای من فەرقی زۆرە، لەگەڵ ئەوەكانی ترا، هەیە كەسیشی بەرنەداوە بەڵام خراپەیشی نەكردوە ئەوە فەرقی هەیە لەگەڵ ئەوانیتر.

كەس ئەناسیت كەسی بەردابێت؟

بەڵێ

ئەو کەسە كێیە‌ ؟

لێرە جەبارە درێژ هەبوو لە ساڵی91 دا شەهیدكرا،  ئەتوانم بڵێم لەو مەركەزشەبابەی ئێرە نزیكەی 100تا 200  كەسی بەرداوە. بەخوا رنگە بیژم 2000 یشی بەرداوە؟

كەس هەیە لەوكەسانە ئامادەبن بیان بینین لەوانەی جەبارە درێژ بەری داون؟

وەاللە رەنگە ببێ‌؟

جەبارە درێژ جاش بوو؟ چیبوو؟

جەبارە درێژ جاش بوو، بەڵام ئەڵێم جاش لەگەڵ جاشا فەرقی هەیە. ئەمە هەقیقەتە. مەسەلەن بابڵێین كەسێك هەرخەڵكی داوە بەدەم ئاشی ئەنفالەوە فەرقی زۆر هەیە لەگەڵ كەسێك لەناوجاشاخەڵكی نەجات دابێت.

بێجگە لەجەبارە درێژ جاشێكی ترت پێ شك دێت خەڵكی نەجات دابێت؟

ئێمە (هاشم خدر وەلی)یشمان بوو، ئەویش كۆمەڵێك خەڵكی بەردا، بۆیە من ناتوانم بڵێم قیاسی جاش هەموو وەك یەكە.

بەناوی تۆ‌و گۆڤارەكەشەوە دەست خۆشیان لێ ئەكەین بەڵام ئەوانە كەسوكاری خۆیان بوون یان خەڵكی تریشیان بەرداوە؟

نا خەڵكی تریشیان بەرداوە، جا كەسوكاری خۆشیان بەردابێت هەرئازاییان كردووە.

ڕاستە ڕزگاركردنی مرۆڤێك زۆرگەورەیە بەڵام ئەگەر وەكو كەسوكاری خۆی ئەمەی نەكردبێت سەروەریترە.

وایە راستە.

باشە حەزدەكەیت ئەو ئێسك‌و پروسكانەی لە بیابانن بگەڕێندرێنەوە بۆ كوردستان ؟ یان دەستکاری کردنیان بەگوناهێکی تر دەزانیت ؟

چیبكەم ؟ بەڵێ داواكاریم ئەوەیە بگەڕێنەوە بۆ کوردستان .

گەڕانەوەیان بەومەبەستەی كە تۆ تێكەڵ بەو یادەوەریە ببیتەوە یان ئەگەر ئێسكەكانیشیان بێت بۆئەوەی  جارێكیتر لێت نزیك بنەوە یان هۆی ترهەیە ؟

هەر كۆمەڵێك خۆڵ ببینم لەشوێنێكدا بڵێن ئەمە هینەكانی ئێوەیە دڵم پێی خۆشدەبێ.

بەڵام ئیستا تۆ لەبارێکی خراپدایت وهەوڵدەدیت تەرمی ئازیزانت لە مەزاری ئەنفالکراوانی دوکانەوە بگەرێنیتەوە بۆ مەزاری ئەنفالکراوانی گەرمیان لە دێبنە ؟

بەڵێ چەندین جارداوام کردووە.

داوات لە کێ کردووە ؟

داوام لەوەزیرەکانی شەهیدان کردووە لەچنار سەعدەوە هەتا ئەمەکەی ئێستا کاک محمود .

لەگەڵ ئەو ڕابردووەدا لەگەڵ مناڵەكانتدا لەگەڵ خێزانەكەتا، لەگەڵ خوشكەكانتا چ یادگاریەكت هەیە كە قەت لەبیرت ناچێتەوە، كە شەوانە ئازارت ئەدات‌ودێنەوە لات؟

وەڵاهی لەگەڵ ماڵا‌ومناڵ‌و لەگەڵ براوخوشكی خۆتا بەهەقەت یادگارییەكی زۆرت هەیە، كامیان بگێرینەوە‌وكامیانم لە بیربچێتەوە.؟

ئەم ساتەی كە قسەی تیا ئەكەیت هیچ دەم‌وچاوێك دێتەوە خەیاڵت؟

هەموویان دەم‌و چاویان هەردەم ها لەبەرچاومە.

دەیانبینیت؟

بەڵێ ( گریان دەرفەتێك بۆ فرمێسكەكان).. لە گیان خۆما هەست بە نەقس ئەكەم .

بەلام بۆ هەست بە نەقس بكەیت؟ لەكاتێكا ئەمە غەدرێكە لەهەموو مرۆڤایەتی.. تۆش وەكو ئینسانێك وەكو كوردێك، ڕەنگە ئەم كەسە تۆ نەبوویتایە یەكێكی تر بووایە بۆچی  تۆ هەست بەنەقس ئەكەیت، لەكاتێكا ئەنفال تاوانێك نەبووە بەتەنیا وبە تایبەتی دژی تۆكرابێت؟

(دوای ئەوەی فرمێشكەكەی سری) ئاخر ئەزانیت لەبەرچی؟ لەبەر ئەوە هەست بە نەقس ئەكەم نەك لەگیانی خۆم، ئا ئەو پیاوە، ئەمەكەش ئەوەیشیان(دەستی بۆ 3كەسی تر راكێشا) هەموویان عەینەن وەك من كەسیان نەماوە، بەڵام لەیەك شتێكدا هەست بەنەقس ئەكەین ئێمە ئەبوایە ئەمانەی وا تاك تاك ماون جیاوازتر سەیر بكرایەین.

گۆڤارەكەی ئێمە ناوی ئەنفالستانە كەواتە بە بروای تۆش هەتاكو ئێستا ئەنفال بەردەوامە؟ هەتاكو ئێستا ئەكرێت ئەم وڵاتە پێی بووترێت ئەنفالستان لەبەر ئەوە ئەوانەی كە لە ئەنفالیش گەڕاونەتەوە وەزعیان لەوانە باشتر نییە كە ئەنفال كراون؟

هیچ. باشترنییە… (دیسانەوەگریان) من بەڕۆژ باشترم تەقریبەن یەعنی وام لەناو خەڵكا بەڵام قەناعەتەن شەوان، وەك ئەوە وایە ئەنفال دەكرێم.

بەبڕوای تۆ چی بكرێت بۆ ئەو كەسانەی كە وەكو تۆن ؟ هەمووكات ئەڵێم ئێمە كەرامەتمان ئەنفال كراوە وەكو مرۆڤ، چی شك ئەبەیت بۆ ئەوەی كە تۆش ژیان‌و ئاسودەیی‌و كەرامەتت بۆبگەڕێتەوە كە كەرامەت بۆ تۆ گەڕایەوە واتە بۆ هەمووان گەڕاوەتەوە.

وەڵا من یەك شت بێژم، نووسینگەیەكیان داناوە بە ناو نووسینگەی ئەنفالەوە لەسلێمانی،  بەداخەوە پارسەرێكمدا لەو نووسینگەیە مۆزەفێكیان داناوە هەتا ئێستا ئەڵێت من خۆبەخشم لەوێ‌، ئەڵێت ئەڕۆم بۆلای مودێرێك ئەبێ منیش وەكو هاوڵاتییەكی سادە سەرە بگرم، یانی ئەمە خۆی لەخۆیدا حساب نەكردنێكە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەمە بۆچی؟ ئەوە لەکاتێکدایە من جگەلەوەی کەسوکارەکەم و ژن ومندالەکانم ئەنفالکراون، پێشمەرگەش بووم، هەمیشە ئەوە دوپات ئەكەمەوە ئەڵێم ئەو دێیانە هەم جێی حەوانەمان بوو هەم جێی نان خواردنمان بوو وەكو هوتێل وابوون بۆمان، هەموو شتێكمان بوون، ئەوخەڵكە هەموو موستەهەقن شتیان بۆ بكرێ‌ قەرەبویان بكرێتەوە، کەسوکاری ئەنفالکراوەكان بەسەربكرێنەوە، هەربەسەربكرێنەوەیەک دڵیان پێی خۆش ئەبێت.

با ئێمە هەر داوا لە حزبەكان‌و لە دەسەڵاتی كوردی نەكەین ئەگەرچی ئەركی سەرشانیانە، بەبڕوای تۆو هەرهاوڵاتیەكی كورد هەر مرۆڤێك،  رێكخراوەكان، چی بكەین بۆ ئەوەی كە ئەم برینە ساڕێژ بێ‌و تووشی جەستەی هیچ نەتەوەیەكی تریش نەبێتەوە؟

من ئەمە ئەڵێم با بە زیندووێتی ئەم یادە بهێڵینەوە تەنها لەكوردستان‌و لە عێراقدا یادیانبكەینەوە هەروەها لەدەرەوەش با لەدەرەوە نووسینگەیەك تایبەت بە ئەنفال بكرێتەوە، لەوێ‌ هەوڵ بدرێت كەسوكاری ئەنفالکراوەكان كیمیابارانکراوەكان ئەوەی كە نەخۆشە ببرێتە دەرەوە بۆ چارەسەركردن، ئەمانە ئاوڕدانەوەیەكی باش دەبێت ئەگەر بكرێت.

باسی زیندوو ڕاگرتنی یادی ئەنفالت كرد ئەویادانە چی بەتۆ ئەبەخشن؟ بۆ نمونە یادی 14/4 وەكو یادی ئەنفال چیت پێ ئەبەخشێت ؟

یەكەم ساڵ ئێمە هاتینەوە بۆ ئێرە یادمانكردنەوە، ئەمە هەستێکی جوان بۆ من ئەگێڕێتەوە، ئەمە یادەكەی منە ئەو خەڵكە  هەست بەوە دەكات كەرامەتی من تەنها هی من نەبووە، هی هەموو كورد بووە.

تۆ شتێكت ماوە بە ساڵنامەی (ئەنفالستان)ی بلێیت؟

زۆرسوپاستان ئەكەم بۆ ئەم چاوپێكەوتنە‌وداوای سەركەوتن بۆساڵنامەكەتان دەخوازم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەقە ساڵنامەكەتان فشار بخاتە سەربەرپرسەكان بۆئەوەی ئاوڕێك لە كەسوكاری ئەنفال بدرێتەوە وەكو ووتم لە یادەكاندا قوربانیانی ئەنفال زیندوو ڕابگیرێن.

كورد دەڵێت قسە قسەدێنێ‌، ئەم قسانەی تۆش ئەبن بەجۆرێك فشار لەسەردەسەڵاتی سیاسی كورد‌و لەسەر دەسەڵاتی ناوەندی عێراقیش. بەڵام ئەگەر گوێی لێ نەگرتین چی بكەین؟ ئەو كاتێك كەڕێزی لە قسەی من‌و تۆ نەگرت، ئێمە چی بكەین واتە بەبڕوای تۆ چ ڕێگەیەكی تر بگرین؟

پرسیارەكەت دوو وەڵامی گەرەكە، ئێستا خەڵك باسی ئەوە دەکات دیموكراتیە، كاتی خۆی سەددام حوسێنێك بوو بەڵام ئێستاكە سەددام حوسێنی زۆر پەیدا بوون لەعێراقدا، من پێموانییە حكومەتی عێراقی هیچ بۆ ئەنفالکراوان ‌و كورد بكات، ئەمە یەكەم، دووەهەم خۆشبەختانە یەك شت هەیە بەڵام ئێستا لەوەدا نەماوە گوێ‌ لە عێراق بگیرێت، واتا ئەوانە بگەڕێنەوە ئاوڕێك بدەنەوە لەكەسوكاری ئەنفال، بۆناگەرێنەوە كەسوكاری ئەنفال كێیە؟ بەهەقەت ئێستا زۆر لە کەناڵە ئاسمانیەکان باسی ئەوە دەكەن كە كورد سەربەخۆیی نەگەرەكە، باشە بۆچی؟  ئەی عەرەب چەند حكومەتی هەیە؟ ئەی باشە بۆچی بۆ ئێمە ئەم داوایە گوناحە؟ بۆ ئەمە غەدرە لەوانی دەكەین؟ بۆچی ئێمە داوای سەربەخۆیی بۆ خۆمان نەكەین؟ .

بەڵێ قسەکانت راستە، ئەوە مافی هەموو میللەتێکە جاکوردبێت یان هەر نەتەوەیەکی تر .

ئەی وانیە ؟ ئەی کەواتە ئازادی ودیموکراتی واتای چییە ؟

گوندی حەیدەرە سوور بەرلە تاوانی ئەنفال (٢٥)  ماڵ بوون وخەڵکێکی هەژاری تێدا دەژیا ‌و نزیكەی (11) ماڵی تریش لەدەرەوەی گوندەکە هاتبوون و لەوێ نیشتەجێبوون؛ هەموویان خزم و كەسوكاری نزیكی یەكتری بوون.

ئەوكاتەی تیمێكی هەڵدانەوەی گۆڕ، لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە بانگهێشتكران بۆ هەڵدانەوەی چەند گۆڕێك، بەمەبەستی بەدەستهێنانی بەڵگەی یاسایی لە سەر تاوانی ئەنفال، لە ناو یەكێك لەوگۆرانەی لە پارێزگای سەماوە هەڵدرانەوە، پێناسی چەند كەسێك لە خوشك ‌و برا و منداڵەكانی كەریم دۆزرانەوە و لە دانیشتنێكی تیمی دادگای باڵای تاوانەكاندا بە ماتەمینییەوە ئەم ڕاستییە تاڵەیان پێڕاگەیاند.

لە ساڵی (1995)ە وە گوندی حەیدەرەسوور ئاوەدان كراوەتەوە؛ بەڵام چۆن ئاوەدانییەك ..؟ تەنها چەند گوندنشینێك ڕۆیشتوونەتەوە بە بێ ئەوەی هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزارییان بۆ بكرێت..!  ئەگەرچی هێشتا هۆكاری سەرەكیی ئەم پشتگوێ¬ خستنە دیارنییە، بەڵام هەرچییەك بێت، حكومەتی هەرێم دەبوو ئاوڕیان لێبداتەوە و هاندەری گەڕانەوەی خەڵكی گوندی حەیدەرەسووربێت بۆ سەر زێدی خۆیان.

سه‌رنجه‌كان


  • tweet

ڤیدیۆكان

وتار

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
    دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین

    مارس 20, 2025 0

  • ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد
    ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد

    مارس 20, 2025 0

  • تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا.                      هۆمەر محەمەد
    تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا. ...

    نیسان 16, 2025 0

  • سەرنجێک لەسەر دەرکەوتنی (بەراء)   هۆمەر محەمەد
    سەرنجێک لەسەر دەرکەوتنی (بەراء) هۆمەر محەمەد

    شوبات 27, 2025 0

  • دیسانەوە دۆسێی ١٨ کچە فرۆشراوەکە لەنێوان ساختە و ڕاستیدا. هەڵوەستەیەک لەسەر قسەکانی کاک شۆڕش حاجی
    دیسانەوە دۆسێی ١٨ کچە فرۆشراوەکە لەنێوان ساختە و ڕاستیدا....

    کانونی دووهەم 26, 2025 0

  • گۆڕی بەکۆمەڵ لە مێژوودا و عێراق لەمەشدا بەدناوترینە…. محەمەد حەمە ساڵح توفیق
    گۆڕی بەکۆمەڵ لە مێژوودا و عێراق لەمەشدا بەدناوترینە…. محەمەد...

    کانونی دووهەم 05, 2025 0

  • دەتوانین نەوەیەک پێبگەێنین کە شکۆی پێ لەپێش هەرشتێکی ترەوە بێ …………..نەریمان ئاغالی
    دەتوانین نەوەیەک پێبگەێنین کە شکۆی پێ لەپێش هەرشتێکی ترەوە بێ...

    تشرینی یەکەم 08, 2024 0

  • بینراو
  • دوایین
  • تاگ
  • بەرەویادی ئەنفال                             ………………….هۆمەر محەمەد
    بەرەویادی ئەنفال ………………….هۆمەر محەمەد

    نیسان 08, 2022 1

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
    دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین

    مارس 20, 2025 0

  • الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
    الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية

    ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية

  • حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
    حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم

    ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
    دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین

    مارس 20, 2025 0

  • ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد
    ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد

    مارس 20, 2025 0

  • تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا.                      هۆمەر محەمەد
    تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا. هۆمەر محەمەد

    نیسان 16, 2025 0

  • ڕۆڵی سینەما لە پاراستنی یادەوەری ئەنفالدا – وانەیەک لە هۆڵۆکۆستەوە
    ڕۆڵی سینەما لە پاراستنی یادەوەری ئەنفالدا – وانەیەک لە هۆڵۆکۆستەوە

    نیسان 12, 2025 0

  • هەرگیز لەیادیان نکەین زەداخەوە چیرۆکێکی بەسوێ و ناخ هەژێن و دڵتەزێنە...

    3 ساڵ ago

ئێمه‌ له‌ فه‌یسبوك

دیدار

  • عەلی رەحیمی:  دوای جەنگی جیهانی دووەم  سەردەشت یەكەمین شارە  بە چەكی كیمیاویی لێبدرێت
    عەلی رەحیمی: دوای جەنگی جیهانی دووەم سەردەشت یەكەمین شارە بە...

    کانونی دووهەم 01, 2022 0

  • مەرگی مرۆڤێکی مەزن
    مەرگی مرۆڤێکی مەزن

    ئاب 13, 2020 0

  • دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
    دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی...

    ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.

  • مستەفا قادر پیرۆت  دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .
    مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .

    ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .

  • دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.
    دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من...

    ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.

توێژینه‌وه‌

  • پرسی فەیلییەکان، زمان، ناسنامە، کولتوور…………………فەرەیدون سامان
    پرسی فەیلییەکان، زمان، ناسنامە،...

    شوبات 27, 2022 0

  • فیلمی هەموو دایکانی من
    فیلمی هەموو دایکانی من

    نیسان 08, 2021 0

  Designed and developed by ENG.Ali Qader|| © 2015 ||
  • ڤیدیۆ
  • ئه‌رشیف
  • تاوانی جه‌نگ
  • دیدار
  • وتار
  • ئاگاداری
  • په‌یوه‌ندی
  • ئێمه‌