تشرینی یەکەم 19, 2015 Omer كیمیاباران لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە د.فایق محەمەد گوڵپی شایەتحاڵ لەدادگای بالای تاوانەکانی عێراق لە بەغداد دژی خەڵکی سڤیلی کوردستان .
شایەتحاڵ لەدادگای بالای تاوانەکانی عێراق لە بەغداد دژی خەڵکی سڤیلی کوردستان .
د. فایەق گوڵپی تەمەن ١٩٥٧، پیشە دکتۆری جەراح، دانیشتووی شاری سلێمانی، لە شاھیدی داندا دەڵێ: من لە ٤-٤-١٩٨٢ تا کۆتایی ١٩٨٩ دکتۆر بووم لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، نەخۆشخانەیەکمان ھەبوو بە ناوی “شۆڕش” لە کاتی کارکردنم لە ٤- ٤- ١٩٨٢ تا ١٧- ٤- ١٩٨٧ ئەو حاڵەتانەی دەھاتنە لام و چارەسەرم کردوون، بەرکەوتووی چەکی تەقلیدی بوون. لە شەوی ١٧ و ١٨ -٤- ١٩٨٧ من گوندی “بیرکێ” کە سەر بە شارۆچکەی “سەرچنارە” بووم، لە خەو ھەڵیان ساندم و وتیان بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیاویمان ھەیە، پیاوەکەم بینی ناوی ” مەھدی” بوو، نەیدەتوانی ھیچ ببینێ، کاتێک پشکنینم بۆ کرد چاوەکانی سوور بوون و بەردەوام فرمێسکی لێدەھات، تووشی تەنگە نەفەسی ببوو، بە پێی رێنمایی پزیشکی و ئەوەی دەمزانی بۆم دەرکەوت بە گازی خەردەلی کیمیاوی بەرکەوتوە. دوای دوو رۆژ شەوی ١٩ و ٢٠-٤- ١٩٨٧ لە گوندی “بیرکێ”وە بەرەو گوندی “بەرگەڵو” بەرێکەوتین، پێویست بوو لە سەرمان بگەینە گوندی “قزلەر” بەڵام لە پشتەوە رۆشتین لە بەر ئەوەی بەرچەکی کیمیاوی کەوتبوو. لە رۆژی ٢١-٤- ١٩٨٧ گەشتمە “بەرگەڵو”و پەیوەندیم کرد بەو نەخۆشخانەوە کە تیایدابوو، لەوێ چاودێری ئەو کەسانەم دەکرد کە بەر چەکی کیمیاوی کەوتبوون، دکتۆر ھەڵۆم لە گەڵ بوو، ئەوانەی بەرچەکی کیمیاوی کەوتبوون “٣٠” کەس بوون، تەماشای “٨”یانم کرد بۆم دەرکەوت بە چەکی کیمیاوی لێدرابوون کە یەکێکیان مناڵ بوو تەمەنی ٨ بۆ ٩ ساڵ بوو. لە کاتی کارکردنم لە نەخۆشخانەی گوندی “بەرگەڵو” لە رێگای ئامێری لاسلکی فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەوە ئەوەم زانی کە ناوچەی “قەرەداغ و جافەران” بە چەکی کیمیاوی لێیان دراوە، دوای دە ڕۆژ لە “بەرگوڵو” گەڕامەوە بۆ ناوچەی “قەرەداغ”، ھەندێ خەڵک ھاتن بۆلام کە “٤” چوارکەس بوون و بەر چەکی کیمیاوی کەوتبوون، یەکێکیان بە “رێبوار ئەنوەر” بانگیان دەکرد، ھەموویان بە دەست چاویانەوە دەیان ناڵاندو خەڵگی گوندی قەرەداغبوون. دەمەوێ بۆ دادگای روون بکەمەوە لە ساڵی ١٩٨٥ەوە ئێمە لە گوندەکان دەرچووین و بارەگای ھێزی پێشمەرگەمان لە دەرەوەو دووری گوندەکان درووست کرد.
لە رۆژی ٢٧-٢-١٩٨٧ کاتژمێری “٣”ی ئێوارە، کۆمەڵێک فڕۆکە بە ئاسمانی “قەرەداغ”دا دەسوڕانەوە، ھەستمان کرد ئەم فرۆکانە دەیانەوێ ناوچەکە بۆردومان بکەن، ئەوەش روویداو ھەستم کرد دەنگی تەقینەوەکان نزمن، لە ژێرزەمینەکە دەرچووم و دوکەڵێکی چڕم بینی بەرز دەبوەوە کە بە دوورایی “٧٠٠” مەتر لە منەوە دوور بوو، بۆنی شتێکم کرد کە ھەر لە بۆنی سێوی گەنیو دەچوو، بانگی خەڵکەکەم کرد کە لە ژێرزەمینەکان بمێننەوە، لە بەر ئەوەی ئەو چەکەی بەکارھاتوە چەکی کیمیاویە، ھەروەھا رێنماییم بە پێشمەرگەکاندا بچن بۆ گوندی “بەلەک جاڕ”و خەڵکەکە ئاگادار بکەنەوە کە ئەو چەکەی بەکارھاتوە چەکی کیمیاویە. دوای تێپەڕبوونی “٣٠” دەقیقە ئاگادارییان کردمەوە گوندەکانی “بەڵخە، تەکیە، بەلەک جاڕ” سەر بە شارۆچکەی قەرەداغ بە چەکی کیمیاوی لێی دراوەو سەدان کەس بەرکەوتوون، ئەو گازەی بەکارھێنرا لە بۆردوومانەکە “گازی خەردەل” بوو، کاتێک ئەم “گاز”ە بە کار دەھێنرێ راستەوخۆ کاریگەری لە سەر ” چاو، پێست، ھەرسکردن” دادەنێ، و کاریگەری راستەوخۆ لە سەر ھەناسەدان دادەنێ، ھەروەھا ھۆکارێکیشە بۆ سەرەتان. دوای “١٢” ساڵ بەرگری لەش لە بەرامبەر نەخۆشی کەم دەکاتەوەو دەبێتە ھۆکاری تووش بوون بە شیرپەنجەی خوێن. لە بەرواری ٢٢ -٢٣- ٣- ١٩٨٨ لە ماڵەکەی خۆم لە گوندی “ئیمام حەمزە” بووم و گوێم لە رادوێ دەگرت، گوێم لە دەنگێکی غەریب بوو ئاگاداری بڵاو دەکردەوە، کاتێک چوومە بەرزاییەک بینیم زانیم دەنگەکە لە “سێوسێنان”وە دێت، وەرز زستان بوو، کات نزیکی مەغریب بوو، توانیم رۆشناییەک ببینم کە لە “سێوسێنان”وە بوو، لە ئاگر دەچوو، دووکەڵ بەرز دەبوەوە، دوای “٣٠ بۆ ٤٥″ دەقیقە دکتۆر ناسیح ھات بۆلام و ئاگاداری کردم کە ناوچەی “سێوسێنان” بەر بۆردومانی کیمیاوی کەوتوە، پێویستە بڕۆم بۆ نەخۆشخانەو رۆشتین بۆ نەخۆشخانە، نزیکەی “٧٠” کەسی لێبوو بەر چەکی کیمیاوی کەوتبوون بە گازی ئەعساب، چارەسەرمان بۆکردن و کەسیان لێنەمردن، توانیم یەکێکیان بناسم ئەویش پیاوێک بوو بە ناوی “عوبێد” کە ھاوسەرەکەی و مناڵەکانی لە کاتی بۆردوومانەکە گیانیان لە دەستدابوو، ھەروەھا “حەسەن ئەحمەد” کە ھاوسەرەکەی و مناڵەکانی گیانیان لە دەستدابوو، ھەروەھا “حمە لاو مەحمەد رەسول” و “کەماڵ تۆفیق”، ئەوەشمان زانی کە لەو بۆردوومانەداو لەو شەوەدا “٧٢” ھەفتاو دوو کەس لە گوندی “سێوسێنان” گیانیان لە دەستداوە. بۆ زانیاری خەڵکی گوندی ناوبراو ھەموویان سەرقاڵی کشت و کاڵ بوون و ھیچ پەیوەندییەکیان بە پێشمەرگەو سیاسەتەوە نەبوو، تەنھا یەک کەس ئەویش مەحمەد مەھدی ھادی” پێشمەرگە بوو، کە دایکی بەردەوام پێی دەوت واز لە پێشمەرگایەتی بێنێ لە ترسی گیان لە دەستدانی، بەڵام ئەوەی لەو شەوەدا روویدا ساروخێک کەوتە سەر ماڵەکەیان و ھەموو ئەندامانی خێزانەکەیان کوشت و تەنھا “مەحمەد مەھدی ھادی” رزگاری بوو، ئەویش لە ناوچەی دۆکان لە ھەمان شەودا بەرچەکی کیمیاوی کەوتبوو.
لە رۆژی ٣-٥-١٩٨٨ کاتژمێری نزیک حەوت و چارەک بە کاتی ھاوینە کۆمەڵێک فڕۆکە بە ئاسمانی گوندی “قزلو” دەسوڕانەوە، گوێم لە دەنگی نزمی تەقینەوە بوو، زانیم کە بۆردومانی چەکی کیمیاویە، دوای تێپەڕبوونی “٣٠” دەقیقە زانیم کە گوندی “گۆپتەپەو کانی ھەنجیر” سەر بە شارۆچکەی ئافجەلەر بە کیمیاوی لێی دراوە، ئەمەم لە رێگەی گەشتنی بەرکەوتوەکانەوە زانی، دوای نیو کاتژمێری تر ناوچەی “عەسکەر” بەر بۆردومانی کیمیاوی کەوت، با بۆن و گازەکەی بەرەو لای ئێمە “قزلو” دەھێنا، من و کۆمەڵێک لە ھاوڕێکانم بەرکەوتین وەک ناوسک چوون و کۆکەو چاو سوور بوون، رۆشتم بۆ نەخۆشخانەی نزیک گوندی “ئەختر” لەوێ تا ١٨ و ٢٠- ٥- ١٩٨٨ مامەوە، دیسان فڕۆکەکان بە ئاسمانی ناوچەکە دەسوڕانەوە گوێم لە دەنگی بۆردومان و تەقینەوە نەبوو، دڵم خۆش بوو کە ئەم جارە بۆردومانیان نەکرد، لە کاتژمێری ١١ی شەو پێشمەرگە ئاگاداریان کردم کۆمەڵێک بەرکەوتووی چەکی کیمیاوییان ھێناوە بۆ نەخۆشخانە، کاتێک دەرچووم بۆ بەردەم دەرگای نەخۆشخانە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی جۆری زیلم بینی لە بەردەم دەرگای نەخۆشخانە وەستاوە پڕ بوو لە بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی کە ژمارەیان “٣٠” کەس بوو، کاتێک تەماشایانم کرد زانیم کە بەرچەکی کیمیاوی کەوتوو “گازی ئەعساب”، بە درێژایی شەو بەردەوام بووم لە چارەسەرکردنیان، بۆ بەیانیەکەی کۆمەڵێک کەسی تریان بە تەراکتۆری کشت و کاڵی ھێنا بۆ نەخۆشخانە کە خەڵکی گوندی “وەرێ” بوون و ژمارەیان نزیک “٣٥” کەس بوون، پشکنینم بۆ کردن و بۆم دەرکەوت بە گازی ئەعساب لێیان دراوە، لە نێو بەرکەوتوەکاندا مناڵ و ژنی بە ساڵاچوو ھەبوون، سەرەتا مناڵێکم چارەسەر کردو گەڕامەوە بۆ لای عارەبانەی تراکتۆرەکە بۆ چارەسەری ئافرەتێک بینیم گیانی لە دەستداوە.
من بۆ دادگا تەئکیدی دەکەمەوە ئەو گوندانەی ناومان ھێنان لە ئیفادەکەمدا کە روو بە رووی بۆردومانی چەکی کیمیاوی بوونەوە بە سارووخی کاتێوشا یان قومبەلە کە چەکی کیمیاوی ھەڵگرتبوو، بە ھیچ شێوەیەک بارەگای پێشمەرگەی لێنەبوە، وە ھیچ شەڕێکی تیا رووینەدا، بە تایبەت ” سێوسێنان، گۆپ تەپە، گوڵان”.
لە ماڵپەری بیرکردنەوە وەرگیراوە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.