ئیلول 29, 2015 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە کۆنسێپتەکە بۆخۆت و مافی خۆم بۆ خۆم
کۆنسێپتەکە بۆخۆت و مافی خۆم بۆ خۆم
عومەر محەمەد
خۆزگە مرۆڤ قسەی نزمی لێنەوەشایەتەوە! ئەوانەی خۆیان باڵا دەبینن، دەبوو ئاگاداری زمان و ڕەفتاریان بن، بەڵام کورد دەڵێت: (داری خۆزگە ڕواوە، بەڵام بەری نەگرتووە). عەیبە کەسێک خوێندکاری دکتۆرا بێت، دەربارەی جینۆساید، بەڵام ئینسانی لە لا بێبەها بێت! دان بەو هەڵەیەمدا دەنێم کە ڕاستەوخۆ ڕەخنەم لەکەسێک گرتووە شایانی نەبوو، بەڵام هەڵەم نەکردووە کە ناویم وەک ئینسانێک نەک وەک ژنێک خستووەتە تایتڵەوە، وەک بینیمان ڕەخنەلێگیراو بەهەڵەدا چووە خۆی وەک جەستە بینیوە، نەک وەک ئینسانێک ! یاخود وەک کارەکتەرێکی ئەکتیڤ. (هەر کەس و شتێکی هات بە مێشکدا و بە دوای تێبیندا گەڕا ناوی ژنێک ئەخاتە تایتڵەوە و شتێک دەنووسێت) ئەوەی ناوکەوانەکە تێگەیشتنی باوێکی چەقبەستوو نیە بەڵکو هی کازیوە ساڵحی خوێندکاری دکتۆرایە، کە لەژێر ناونیشانی (ئەفسوس كە كۆمێنتی فەیسبووكیشت لێ ئەبێت بە وتار)[1] لە ماڵپەڕی پێنووسەکاندا ڕۆژی ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٥ بڵاوی کردووەتەوە.
نیشانەی فشۆڵی
کازیوە ساڵح، کە خۆی لەلاباڵاو خەڵکیشی لەلابچوکە، قیت وقنج هەستاوە بیرۆکەو تێکست و نوسینی منی دزیووەو هێشتا دەیەوێ قەرزداریشمان بکاتەوە، ئاخر ئەگەر ئەو نایزانێ زۆر کەس باش دەزانن، کەئەوەی ئەو باسی دەکات پێشتر من نەک هەرباسم کردووە، بەڵکو میدیای کوردیم بێزارکردووە کە هێندەی بڵێمەوە، لەمێژە نوسیومەو لە رادیۆو تیڤیەکان و سیمنارەکاندا دەڵێم هەموو نوسەران میدیا کاران، دادوەرو پارێزەرو چالاکانی بواری ئەنفال و جینۆساید و مافی مرۆڤ هەموو پێکەوە بەیەک نەغمە بە تاوانی ئەنفال دەڵێن ” کارەسات و بە قوربانیانی ئەنفال دەڵێن ” پاشماوەی ئەنفال” هەمووی پێچاوەتەوەو وەک ئایدیاوبیرۆکەی خۆی بەکاریان دەهێنێ و بەخەڵکیان دەفرۆشێتەوەو دەڵێت هەتا ئێستا کەس عەقڵی بەوە ناشکێ تاوان و کارەساتی سروشتی لەیەک جیابکاتەوە، ناشڵێ جگەلە لەکەمینەیەک دەڵێت هەمووی ! کاتێک هەندێک سەرنجم لەسەری داوە هاتووە دەڵێت من بابەتی تۆم نەدیووە، بەڵام منیش دەڵێم راست ناکەیت چونکە پێشتر نوسیوتە ( قسەو نوسینی هەمووان) ئەی ئەگەر قسەو بابەتی هەمووانت گوێ لێ نەبووەونەتخوێندووەتەوە چۆن حوکمت بەسەر هەمواندا داوە. ؟ چۆنت زانیوە کەهەمووان نەزانن ؟ تکایە وەک ماڵی خەڵک دەدزی بەگێلیشمان مەزانە
کورت وکرمانج
[1] بروانە وتارەکەی کازیوە ساڵح http://www.penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/31165-2015-09-27-14-
33-22.html
لە وەڵامی وتارەکەمدا وا شڵەژاوە، نە توانیویەتی ڕێز لە ئینسان بگرێت، نەتوانییەتی داکۆکی لە خۆشی بکات. کەسێک، نامەی دکتۆرا هێندە گەورەیی پێنەبەخشێت خاڵی بکاتەوە لەقسەی نزم، شایان نییە قسەی لەبارەوە بکەیت، دەنا کوا ڕەوایە ڕێزلێگیراو، جنێو ببەخشیتەوە! کەسێک هەڵە ڕاستکردنەوەی پێ جنێو بێت، هەر جنێویشی لێدەوەشێتەوە؟! بۆیە چەندی هەوڵمدا بەزمانێک بنوسم لە ئاستی زمانی نوسینی ئەو بۆ ئەوەی لێمتێبگات، بەڵام لەمەندە زیاتر نەمتوانی.
سەیرە هەتا توانیویەتی بە خۆپەرستی و خۆنواندنێکی زۆرەوە، هەوڵی بچوککردنەوەی ئەوانی دی داوە! نازانم ئەم هەموو دڵرەقی و خۆنواندنە بۆچی؟ بەڵام هۆی ترس و شڵەژانەکەی ڕوونە . هەژاری لەوە زیاتر چییە، خۆت بخەیتە لیستی پسپۆڕانی جینۆسایدەوە، کەچی لینکی بەڵگەکانت لێببێتە سیڤی! وتار وەک کۆمێنتی فەیسبوک ببینیت! وەک بڵێیت کۆمێنتی فەیسبوک، ئینسان نەینوسێت و شایانی بێڕێزی بێت! لە وتاری پێشوومدا، بەڕێزەوە، پێمگوتووە لە مێژووی ئەنفالدا بەهەڵەدا چوویت، لەبەر ڕێزی خۆم، پێمنەگوتووە (دز)ی کردووە، بەڵکوو بەئاگام هێناوەتەوە کە دەستی بۆ ماڵی خەڵک بردووە، کەچی خۆی لە وەڵامدانەوەم لاداوەو دەپرسێت: “کەی کورد فێردەبێت لەکاتی نووسیندا ماسولکەکانی نیشان نەدات؟” ئاخر سەلامەت بیت ئەوەی وتارەکەی من و وەڵامەکەی تۆ بخوێنێتەوە، دەبینێت کێ ماسولکەکانی نیشانداوە! کەس بەو زمانە نەیتوانیوە پەلکێشی شەڕەجنێوم بکات، چونکە لە مێژە توندڕەفتاریم توڕداوە، ڕۆژگار هیچی فێرنەکردبم، ئەوەی فێرکردووم ڕەفتاربەعسی نەبم و ڕێز لە ئینسان بگرم، پێموایە ئەمە سەرەتاییترین پرەنسیپە بۆ هەر کەسێک لە بواری جینۆسایددا کار بکات، (ئەمەش لە زانکۆ فێرنەبووم، لەناو ئەنفالکرواندا فێربووم) خۆ هیچمان لەدەست نەیەت بۆ قوربانیانی ئەنفال، لەدەستمان دێت ئینسانی دڵڕەق نەبین و یەکتریمان خۆشبووێت، هەر هیچ نەبێت ڕقمان لەیەکتری نەبێت، بۆیە هەمیشە ئەوانەی گێچەڵیان پێکردووم دۆڕاون، چونکە ناتوانم هەڵگری ڕق بم، ئەوەیە دنیابینی من، بۆیە ژنێک وپیاوێک، بڕوانامەدارێکی دکتۆراو دەرچوویەکی (دووی سەرەتایی) لەکن من ڕێزلێگیراون، بەپێی ئاستی خوێندنیان نرخیان بۆ دانانێم.
بەکەم گرتنی کەسێک کە (دووی سەرەتای) خوێندبێت چ نەگبەتییەکە؟ قانعی شاعیر بە بڕوانامەی بڵند نەبووەتە شاعیرێکی گرنگ. مامەڕیشە لادێیەکی نەخوێندەواربوو، بە ئیرادەی خۆی چووە مێژووەوە، بەڵام خزمەتکارەکەی لیوا رکن (بارق حاج حنطە)ی ئەنفالچی، بڕوانامەی دکتۆرای هەبوو! ساڵح بێچاری شاعیر، یەک ڕۆژ نەچووەتە قوتابخانە، بەڵام زۆرن ئەوانەی بڕوانامەی دکتۆراو ماستەریان لەبەرکێدایەو بەقەد نیوەدێڕێکی ئەو، ڕووناکی بە ئینسان نابەخشن، کەم نین ئەو ژنە ئەندازیارو مودەریسانەی بە بڕوانامەکانیانەوە بوونە کابانی ماڵی موستەشارە نەخوێندەوارەکان! کەمیش نەبوون ئەو ژنە ڕۆشنبیرانەی زمانیان لە پرچیان درێژتر بوو، کەچی سەربەهەوێ هاوسەرگیریان کرد، بەڵام دەیان کچە گەریلا خوێندنیان تەواو نەکردووەو فەرماندەو ڕێپیشاندەرن.
هەق نەبوو پڕکێشی ئەوە بکات دەرسم دابدات گوایە من نازانم جینۆساید چییە! چونکە دەزانێت، ئەگەر لەو شارەزاتر نەبوومایە شوێن پێی منی هەڵنەدەگرت، لەمنەوە فێرنەدەبوو کارەسات و تاوان لێک جودا بکاتەوە؟ ئەمە هیچ عەیب نییە، عەیب ئەوەیە نکۆڵی بکەیت، نەشارەزا ناتوانێت هەڵەی کەس ڕاستبکاتەوە. ئەو، کە ئایدیاو بیرۆکەکانی منی لەناو کتێب و نووسینەکانم دەرهێناوەو بۆ خۆی بردووەو بە زاراوەی ئینگلیزی قەبەو بە ئارایشتەوە، خستویەتییە سەر ڕووپەری ڕۆژنامەو ماڵپەڕەکان، بەڵگەی ئاستی شارەزایی هەردووکمانن. (بروانە پەراوێزی (٣) کۆمێنتەکان ١٣ی ئەپریلی ٢٠١٥ کاتژمێر ١٠ی شەو)
ئەو خاتوونە ئەگەر ڕێزی قسەی بزانیبایە ئاوا نەدەکەوتەهەڵەوە “لەبەرئەوەی کۆمەڵکوژی پیاوانی بارزانی ژن ومنداڵیان لەگەڵدا نەبووە، ناچنە خانەی جینۆسایدەوە” (گوایە ئەمە تێگەیشتنی منە؟!) لەناو قسەناخۆشەکانیدا ئەمەیانی بۆ پێکەنین خراپ نەبوو، بەدحاڵیبوونیش هەتا ئەو ئاستە! ئاخر کەسێک شارەزابێت چۆن لەو ڕستەیەم تێناگات کە نووسیومە (چونکە بارزانییەکان وەک گروپێکی دەستنیشانکراو، کە خەسڵەتێکی گرنگی جینۆسایدە، بەشێوەیەکی سیستماتیک مامەڵەیان لەتەکدا کراوە).[2]
سەیرە! من بۆیە لینکی نووسینەکانی ساڵانی پێشوتری خۆمم بۆداناوە بۆ ئەوەی تێبگات، کەچی ئەو لەبری ئەوەی پەنجەی خۆی بگەزێت، بەڵگەکانی لێ بووەتە (سیڤی خۆم!!) لە کاتێکدا ئەوانە بەڵگەن لەسەر بردنی نووسین و ئایدیاکانی من کە لە بەرچاوی خەڵک نکۆڵی لێکردووە، وا خۆی نواندووە کەسی تر هەستی بەم ڕاستیە نەکردووە، بەمەرجێک پێشتر من وخەڵکی تریش ئاگاداریان کردووەتەوە! ([3]) ئەم خەڵک (بە نەخوێندەوارو ئینشانووس) زانییە، کەسانێک پێشتر تاقییانکردەوەو خۆشبەختانە شکستیان هێنا، چونکە ئەوان هێندە لەنەرجسیەتی خۆیاندا ڕۆچووبوون، نەیاندەبینی خەڵکێکی خوێندەواری پەراوێزخراو لەپێشیانەوەن، بەبڕوانامەی بەرز ئەو کاتە بەهادارە کەخاوەنەکەی ڕێزی ساڵانی خوێندنی خۆی و ڕەنجی هاونیشتمانییەکانی بگرێت، نەک بیرۆکەو نووسینی خەڵک بەریت، کەچی لەکاتی ئاشکرابووندا لەبری بەخۆداچوونەوە بڕوانامەکەت بەرز بکەیتەوە (ئەگەر نکۆڵی بکات کۆمێنتەکانی فەیسبوکی ڕابردوومان لەبەردەستن و بۆ مێژوو پاڕاستومن(لەخوارەوە کلیک بکە)،[4]دەبوو وەڵامی ئەمەیانت بدایەتەوە، نەک شتێک کەپێویستم نییە.
بابزانین مەبەستی لەسیڤیەکەم چییە؟ (کۆمەڵکوژی بارزانییەکان، بە ئەنفال ناوبەرین یان بە جینۆساید؟) ئەمە ناونیشانی بابەتێکی منە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ساڵی ٢٠١١ نووسیومە، ئەو کاتە ڕوونمکردووەتەوە کە کۆمەڵکوژی بارزانییەکان لەناو پڕۆسەی ئەنفالدا نەبووە، بەڵکو دۆسسییەکی جیاوازەو جینۆسایدێکی ترە)، ئێدی خێرە لە ساڵی ٢٠١٥ دەڵێم بارزانییەکان جینۆساید نین؟ ئەمە بەڵگەیە کەچی لەبری بەخۆداچوونەوە هاتووە نوسیویەتی (پاشان کورد کەی فێر ئەبێت لە ژێر ناوی نووسین لە سەر کەسێکی دی، ماسولەکەکانی خۆی پیشان نەدات، ئەوەی لەم نووسینەدا بڵاوت کردوەتەوە سیڤی خۆتە ، پەیوەندی بە من و نووسینەکەی منەوە چییە، من باسی کۆنسێپتم کردووە شتێکت لە سەر کۆنسێپتەکە هەیە، وەکو ئەوەی بە هەڵەی پێناسەت کردووە بیڵێ. نیشتە، سیڤی خۆت لە ژێر هیچ ناونیشانێکی نابەجێدا بڵاومەکەرەوە.) عەجایەب داوام لێ دەکات لەکۆنسێبتەکەی تێبگەم کەچی خۆی خوێندکاری دکتۆرایەو هێشتا ڕەخنەو جنێونامە، لینکی نووسین وسیڤی کەسی، وتارو کۆمێنتی فەیسبووک لێک جیاناکەتەوە.
شارەزاکە نوسیویەتی (باشە ئەگەر کەسێک خۆی چالاکەوانە ئەوەندە لە پێناسەی جینۆساید بزانێت من چیت وەڵام بدەمەوە؟) جارێ من چالاکەوان نیم و دەمێکە خۆم لەوانە جیاکردووەتەوە،کە هەموو شتێک دەکەن چالاکی نەبێت، ئەو ناونیشانە تۆ بۆت داتاشیوم، دەنا هێشتا هیچ ناونیشانێکم بۆخۆم دانەناوە. داوام لێنەکردووی وەلامی پێناسەی جینۆسایدم بدەیتەوە، تەنها لەو وتارەمدا ئاگادارم کردوویتەوە دەستبردن بۆ بیرۆکەی خەڵک، بەبێ ناوهێنان بەتایبەتی بۆ خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا عەیبە. نادیدەگرتنی توانای خەڵک و نکۆڵیکردن عەیبترە. مرۆڤ ئەگەر کارەکانی بخاتە ڕوو، چ عەیب و پاڵەوانبازییەکی تێدایە؟ مەگەر بێدەنگی لەناهەقیش بووەتە ئازایەتی؟ کوا عەیب بووە ئینسان لەمافی خۆی بەدەنگ بێت؟ ئەوە عەیبە مافی ئەوی دی پێشلبکەیت و نووسینەکانی بەریت و خۆت بکەیتە کەڕەی شەربەتفرۆش.
کاری من مەیدانیەو لە قوژبنە پەراوێزخراوەکاندا، لەناو قوربانییەکاندا، بەدەستم هێناون. بیرۆکەو ماڵی کەسم نەبردووە، لەهەر کوێیەک خوێندکارانی دکتۆراو ماستەر پێویستیان پێم بووبێت، هاوکاریان بووم، لە هیچ کۆڕو سیمنارێکمدا، نەبوومەتە گاڵتەجاڕو لەبەرقاپی هیچ دەزگاو کۆمپانیایەکیش نەکەوتووم، دەبوو ئەوە مایەی ڕێزو ستایش بێت، وەک کوردێک و وەک ئینسانێک، کە دهیهوێت له بارهى جينۆسايدهوه لێكۆڵينهوه بكات. نەک لەڕەنجیشی بەریت و نکۆڵی لە بوونی بکەیت، ئەمە چییە، بڕوانامەی دکتۆرامان نییە! مەگەر فاشییەت چییە؟ هەر نکۆڵیکردن لەبوونی ئەوی تر نییە؟ کەسێک ئەو قسانە دەکات کە بە بڕوانامەی بەرزەوە کەمێک پەڕێزی دیاربێت، عەیبە مرۆڤ بەدەستی بەتاڵەوە ئاوا قسان بکات؟ ڕوونە، کەسانێک نەرجسی بڕواننە ئینسانەکان، بڕوانامەی دکتۆرا ناتوانێت باری لاریان ڕاستبکاتەوە، ئەگەر دکتۆراو ماستەر بۆبەرزکردنەوەی لوت و نزمکردنی هۆشیاری بێت، ئەگەر بۆ دەوڵەمەندکردنی گیرفان وهەژاری زمان بێت نەبوونی هەزارجار باشترە. دکتۆرا لەبواری جینۆساید، ئەگەر بۆ شکۆی ئینسان و گەڕانەوەی شکۆی قوربانی نەبێت، قسەو کرداری دەرچوویەکی دووی سەرەتایی زۆر بایەخدارترە. ڕەخنەگرتن ڕێزە، نەک پلار. بەهەڵەداچوون عەیب نییە، عەیب ئەوەیە خۆت لەوە گێل بکەیت ئەوەی تۆ باسیان دەکەیت پێشتر ڕاسترو باشتر باسکراون، نەک وا پیشانبدەیت کەس جگە لە تۆ نەیزانیون و باسی نەکردوون.
بەڵێ، کۆمەڵکوژی پیاوانی بارزانی ٥ ساڵ پێش تاوانی ئەنفال بووە، نەک (٣) ساڵ، بەڵام ئەو کە جەختدەکاتەوەو دەنوسێ : (نەخێر بەڕێز جەنابت بە هەڵەدا چوویت، چونکە ئێوە سەیری جینۆساید تەنها لە جینۆسایدی فیزیەکیەوە ئەکەن، خەڵکی پسپۆڕیش لە کارابوونی بڕیارەکەوە هەتا کۆتایی هاتنی تەواوی دەژمێرێت، سەیری هەموو جۆرەکانی و فۆرمەکانی جینۆساید ئەکات، من باسی ئەنفالم ١٩٨٦-١٩٨٩ کردووە، وە وتوومە بارزانییەکان لە ( ١٩٨٣)دا جینۆساید کراون ونێوان ٨٣ و ٨٦یش (٣) سێ سالە نەک (٥) پێنج.) بێگومان دیسان بەهەڵەدا چووە چونکە لەناوبردنی فیزیکی لایەنێکی جینۆسایدە، ئەگەر هەموو فۆڕمەکانی جینۆساید بێنینە پێشەوە، ئەوا جینۆسایدی کوردان لە باشور، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٣ نەک ١٩٨٦، بیرۆکەو دەستپێکی تاوانی ئەنفال، دەگەڕیتەوە بۆ ٢٩ی ئازاری ساڵی ١٩٨٧ نەک ساڵی ١٩٨٦، ئەگەر قسە لەسەر خەیاڵی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت بێت، ئەوا لەدروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە، ڕیشەکێشکردنی کورد خەونێکی لەمێژینەی شۆڤێنیزمی عەرەبییە.
ئەو، کە نکۆڵی لەبوون و شارەزایم دەکات، با بزانین چ داوایەکی لێم هەیە نوسیوێتی: (دەپرسم ئایە وتارێکت لە سەر کۆنسێپتی “بە کسیکردنی مێژوو” دەنووسی تۆش وەکو بێگانەکان دەتگووت کە کۆنسێپت وئایدیای نوێ ئەهێنتە بواری لیترچەری جینۆسایدەوە؟) ئەم دوو دێڕە بەو هەموو هەڵە درووستنووسی و ڕێنووسەیەوە جێى بهزهييه، هەر بۆ ئهوهى بڵێيت به زمانێكى باڵا دهنووسم، وشه ڕيز بكهيت. ئهزموون دهريخستووه، ههندێك لهو ناوه قهبانهى دهنووسن، هێنده مهبهستييانه قهبه بنووسن، هێنده فيكر و زانياريان نييه، خهوشى هيچ پێنهبوون به تێئاخنينى وشه و دهستهواژهى بيانى پڕدهكهنهوه. وەک ئەوەی لەسەرەوە نووسیویەتی، بۆم ڕوون نییە مەبەستی “بەکەسیکردنی مێژوو”ە، یاخود بە “بەکەیسکردن”؟ لە هەردوو حاڵەتەکەدا، من ئەوە بۆ “خاوهنى دکتۆراکە بەجێدەهێڵم، دۆکۆمێنت وکاری مەیدانیش بۆ من.
خۆزگە ڕەخنەلێگیراو بەهێمنی گفتوگۆی کردبا، هەر ئەوەشە (جیاوازی نێوانمان). مادام ئەو گفتوگۆناکاو جنێو دەدات، ئیدی قسە بەهای نابێت، من ئامانجم گەیاندووە کە ئاگادارکردنەوەی بووە لەو دەستدرێژییە.
بەڵێ، جەخت دەکەمەوە (ناوبردنی بارزانییەکان بە ئەنفال و ناوبردنی تاوانی جینۆساید “ئەنفال وکیمیابارن” بەکارەسات، ناوبردنی کەسوکاری ئەنفال بە پاشماوە) (اکتشاف)ی بەرێزیان نییەو ناتوانێت ببێتە خاوەنیان، چونکە پێش ئەو نوسیومن و لینکەکانم وەک بەڵگە بۆ داناوە، گوناهی من نییە کە بەسیڤی خۆم تێگەیشتووە. من دەرگای ئەم باسە دادەخەم (مەگەر لە ئاستێکی باڵادا بێت، یان زۆر ناچاربکرێم)، چونکە تێگەیشتنم وایە دڵڕەقی و شکاندنی بەرانبەر، هیچی لێشین نابێت نەگبەتی نەبێت. ئیدی بڕوانامەی دکتۆراو کۆنسیپتی خۆی بۆ خۆی و مافی خۆم بۆ خۆم .
[1] بروانە وتارەکەی کازیوە ساڵح : http://www.penusakan.com/…/b…/31165-2015-09-27-14-33-
[2] بۆ خوێندنەوەی وتاری پێشووی عومەر محەمەد – ئەفسوس تۆش بەهەڵەچوویت کلیک لێرەبکە
[3] بروانە کۆمێنتەکانی نێوانمان کلیک لێرە بکە
[4] هەمان سەرچاوەی پێشوو کۆمێنتەکانی نێوانمان
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.