ئاب 04, 2015 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە هادی بابە شێخ : بەناوی دینەوە بە بۆمب لێماندەدەن و ئێمەش منداڵانی موسوڵمان چارەسەریان دەكەین.
هادی بابە شێخ :
بەناوی دینەوە بەناوی دینەوە بە بۆمب لێماندەدەن و ئێمەش منداڵانی موسوڵمان چارەسەریان دەكەین..
دیمانە: عومەر محەمەد
شوێن : سلێمانی .
٥/١/٢٠١٣ کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی .
ئەم دیدارە رۆژی ٢٥ی ١ی ٢٠٠٩ سازدراوە واتا لەکاتێکدا بوو کە هێشتا داعش لە منداڵدانی رێکخراوی قاعیدە و بەرەی نوسرە لە دایک نەبووە، هیشتا شەنگال نەکەوتبووە بن دەستی چەکدارانی داعش. بەڵام ئێزدیەکان لەموسڵ وشەنگال هەر لەبەردەم هەڕەشەدابوون بەبۆمب لێیان دەدراو خەڵکیان دەگیران و بەکۆمەڵ دەکوژران. ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەم دیدارە لەم کاتەدا هەم رێزلێنانە لە ئیزدییەکان و هەم نیشاندانی دیدوتێروانینی ئیزدییەکە بۆ ژیان و مرۆڤ و دەوروبەری و هەم پاداشدانەوەیانە .
هادی كوری بابەشێخ رابەری رۆحی ئێزدیانە ماوەی (12) ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوەولەوێ بەتەنیشت كاری تایبەتیو بژێوی خۆیەوە سەرقاڵی كاری مرۆڤدۆستی بوو، بێ ئەوەی لە راگەیاندن و میدیای كوردیدا دەركەوتبێ و خۆی دەرخستبێ. ئەو لەوڵاتی ئەلمانیا بەكاری شۆفێری نانی بۆ منداڵەكانی پەیدادەكرد، سەرچاوەی بژێوی ماڵ و منداڵەكانی جگە لە تەكسی گێڕی شتێكی تر نەبوو، كەچی ئەو بارە گرانەشی خستبووە ئەستۆو بەهۆی كارە مرۆیییەكانیەوە دووجاركارەكەی لەدەستداوە.
رۆژنامە ئەڵمانیەكان زۆریان دەربارەی كارە ئینسانیەكانی هادی بابەشێخ نوسیوەو جارێك پارێزگاری شارەكەی خەڵاتی كرد بوو، مەدالیای زێرینی پێبەخشیووە، هەشت رۆژنامەی ئەڵمانی دەربارەی كارە ئینسانیو توانا سەرسورهێنەكانی هادی نوسیویانەو دوو رادیوی ئەڵمانی و رادیوی دەنگی ئەمریكا دیداریان لەگەڵدا سازكردووە، لە ژمارە (6)ی گۆڤاری ئەنفالستاندا بە كورتی باسی كارەكانیو ئەو خەڵاتەمان كردووە، وەلێ ئەفسوس راگەیاندنی كوردی هیچ گرنگیەكی بەم مرۆڤە خۆبەخشە نەداوە !! جا نازانم لەبەر ئەوە بووە كە ئێزدییە یان كەسێكی خۆبەرە پێش نیە؟ لەم دیدارەماندا مەبەستمانە ئەم رەفتارانەی هادی بابەشێخ بەرزبنرخێنین و بەكۆمەڵگای كوردستانیش بلێن هێشتا هیوا بروانین، چونكە مرۆڤی تەندروستمان ماون.. لەو سۆنگەیەوە لەسەردانێكیدا بۆ شاری سلێمانی میوانداریم کردو ئەم دیدارەشمان سازكرد
کاک هادی بەخێربێت ئەگەرخۆت بناسێنی ؟
زۆر سوپاس من ناوم هادی كوڕی بابەشێخم
من دەزانم كە تۆ سەربڵندی بەكاری ئینسانی و دەشزانم چەندین منداڵتان بردووە بۆ وڵاتی ئەڵمان بۆچارەسەركردن و لەوێش ئەركێكی زۆرت لەگەڵ كێشاون پێمبڵی چۆن بیرت لەوە كردەوە ئەومنداڵانە بەریت بۆ ئەلمانیا بەمەبەستی چارەسەركردن ؟
لە یەكەم لێدانوتەقینەوەی شەنگال كە نزیكەی 500 كەس بوونە قوربانی 400 كەس كوژران، ئەوە هەموومانی هەژاند، زۆرلە قوربانیەكانیش منداڵ بوون، كەسانی بێ تاوان بوون، ئێمە ئەوكاتە ئەوەمان بەبیرداهات كەوا ئەوانەی بوونە قوربانی ئەوكردەوە تیرۆرستییە، چەندی بتوانین بیانبەین بۆدەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر. لە چەند رێگەیەوە هەوڵماندا پردێك بدۆزینەوە بۆ پەراندنەوەی ئەوقوربانیانە بەتایبەتیش منداڵەكان، ئەمەشمان لەگەڵ رێكخراوەكان بوو، بۆئەوەی بتوانن هاوكاریمان بكەن، هەم بتوانن فەندێك پەیدابكەین بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان هەم بتوانن كارئاسانی ڤیزاو پەرینەوەیان بكەین. بێگومان بەبێ ئەو پەیوەندیانە هیچمان پێنەدەكرا. ساڵی 2004 رۆژنامەنوس هەبوو، هاتبووە ماڵمان لەگەڵ دكتۆر میرزا حەسەن دلای بە یەكترم ناساندن و باسی ئەو مەسەلەیەمان كرد، رۆژامەنوسەكە گووتی من رێكخراوێك دەناسم هەوڵدەدەم هاوكاریتان بكات. ئەو رێكخراوەش بە كوردیەكی پێی دەڵێن لانەی منداڵان، كە چووینەلایان لەوێ دكتۆرێكمان بینی ووتی: من بەرپرسی رێكخراوەكەم خۆشی پسپۆر بوولە شكاوی، ووتی : من هاوكاریتان دەكەمو كارەكەی پێ پەسەند بوو، یەكەم هەوڵمان سەری گرت و 8 منداڵمان برد بۆ وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام گرفتێكمان بۆ دروست بوو، چونكە ئەوانە تەنها چارەسەریان بۆ دەكردن شوێنی مانەوەو حەوانەوەیان نەبوو، دەبوو لەماڵی خۆمان شوێنیان بۆ دابین بکەین و بەخێویان بكەین، تەنانەت دەبوو هەربۆ خۆمان تەداویشیان بكەین. لەو هەشت منداڵە یەكێكیان بەرمن كەوت ناوی حازم بوو. حازم تەمەنی 16 ساڵ بوو 42 رۆژ لە ماڵی ئێمە مایەوە.
ئەوهەشت منداڵانە هەموویان موسوڵمان بوون ؟ یان ئێزیدی ؟
نا ئەو كۆمەڵە هەموویان ئێزدی بوون، موسوڵمانیان تێدا نەبوو، هەرلە سۆنگەی ئەو پرسیارەی تۆوە ئەوەم بیرکەوتەوە پرۆفیسۆرەكەش پرسیارێكی وای لێكردم ووتی: وا تۆئەم منداڵانە خزمەت دەكەی ئەگەر ئێزدی نەبوونایە، مەسیح یان موسوڵمان بونایە ئامادە بووی ئاوا رەنجیان لەگەڵ بكێشی ؟ ووتم بۆمن هیچ جیاوازی نیە، كوردبن یان فلیپینی بن، توركمان بن یاخود جولەكەبن یان یان ئاشوری من خزمەتی ئینسان دەكەم. بۆمن ئینسان بنەرەتە نەک ئاین، حەقیقەت ئەویش وەڵامەكەمی زۆر پێخۆش بوو.
دووهەم پۆلتان چۆن برد ؟
دووهەم وەجبە كچێكی هەڵەبجەییو دوو كوڕبوون، یەكێكیان ڕەیان بوو، ئەوی تریان عەلی بوو، یەكێكیان سونەو یەكێكیان شیعە بوو، ڕەیان كوردێكی سونە مەزهەب بوو، خەڵكی كەركوكە، عەلیش خەڵكی بەسرە بوو عەرەبێكی شیعە مەزهەب بوو.
ئەو كارە زۆر زەحمەت نەبوو بۆ ئێوە ؟
ئەمە بۆ مێژووە بۆیە باسی دەكەم دەنا ئەو زەحمەتە شایانی باس كردن نیە، بەڵی ئەوەندە زەحمەت بوو، ئەوەندە زەحمەت بوو باس ناكرێت، بەتایبەتی بۆمن و بەتایبەتیش لەو كاتەدا، زەحمەتیەكەی گەیشتە ئاستێك كارەكەمم لەدەستدا ..
بۆچی لەدەستت دا ؟
لەبەرئەوەی ئەو كۆمپانیایەی كارم لەگەڵ دەكرد قایل نەبوو بەوەی لەكارەكەم یەك خولەك دوابكەوم هەرچەندە پێمگوتن كە من حاڵەتێكی ئاوام هەیە . وتیان ئەوە گرفتی خۆتە . بۆیە لەسەر كارەكەم دەریان كردم .
بۆچی ئەومنداڵانە چەند رۆژ دەمانەوە لەلاتان ؟
چەند رۆژ ؟ تۆبڵی چەند مانگ ؟ عەلی 11 مانگ و بیستوپێنج رۆژ مایەوە، ڕەیانیش 5 مانگ و سیانزە رۆژ لەلامان مایەوە .
ئەی چۆن دەتانتوانی بپرژێنە سەر خزمەتكردنیان ئایا ئەوانە هیچیان دەیانتوانی خزمەتی خۆیان بكەن..؟
نەخێر چۆن بتوانن ڕەیان هەردوچاوی و دەستێكی لەدەست دابوو، بروا بكە لەشی ئەوكورە جیگەی پەنجەیەكی نەمابوو پارچەی بۆمبی پێوە نەبێت هەموو بەدەنی پارچە بوو، عەلی قاچێكی نەمابوو، بۆری میزكردنی نەمابوو، هەڵسوكەوت لەگەڵیاندا زۆر سەخت بوو، شۆردنو پاككردنەوەیان خەوتنیان هەمووی هەستیارو ئاڵۆزبوو، هیچیان نەخۆشی ئاسایی نەبوون.
هەڵبەت گرفتی سایكۆلۆژیشیان هەبووە ؟
بەڵی بێگومان بۆنمونە ڕەیان ماوەیەك مانی لە نانخواردن گرتبوو دەیگوت ئێوە ئیسلام نین نانی ماڵتان حەرامە، عەلی تەندروستی زۆر خراپ بوو، لەتەمەنی كورەكەی خۆمدابوو، جاری واهەبوو لەگەڵ (ئارام) كورەكەم یارییان دەكرد، ڕەیان تورە دەبوو هەستی بە بێتاقەتی دەكرد، چونكە ئەوچاوی لێیان نەبوو، توڕە دەبوو.
ببورە با لەسەرئەو خاڵە بووەستین بۆچی دەی گووت نانی ماڵتان حەرامە ؟ مەبەستی ئەوە بوو ئێوە ئێزدین ؟
بەڵی زۆر بەداخەوە یەكەم رۆژ كە ڕەیان هێنابوومان، ووتی : بابە هادی ووتم بەڵی، ووتی تۆ كافری ؟ وتم نە كافر نیم، ووتی ئەی بۆ نوێژ ناكەیت ” ووتم من پابەند نیم و نایكەم، ووتی دەكەواتە تۆ كافری موسوڵمان نیت ؟ ووتم بۆچی من كافرم بابە ؟ ووتی: مەلا رەشید لە مزگەووت پێی گووتوین ئەوەی نوێژنەكات كافرە، ئێ خۆنەدەكرا من درۆ لەگەڵ ئەومنداڵە بكەم پێمگووت نا ڕەیان من موسوڵمان نیم ووتی: ئەی چیت..؟ ووتم: ئینسانێكی كوردم .. ووتی نا تۆ كافری ئێوە هەمووتان كافرن موسوڵمان نین نانی ئێوە ناخۆم حەرامە ووتم بابە كێ ئەم قسانەی پێ گوتووی ؟ ووتی مامۆستا لە مزگەوت پێی گووتوین نانی كافر حەرامە . ئیتر ڕەیان هەستا رۆیشت چوو بۆ حەمام كە چووم بە دوایدا ئاخر دەبوو ئیشی تەوالیت و حەمامیشیان هەرخۆم بمكردایە تەماشا دەكەم خەریكە بە پەنجەكانی خۆی دەرشێنێتەوە .. زۆر بێتاقەت بووم، هێنامە دەرەوە كەوتمەوە قسەكردن لەگەڵیدا و زۆر لەگەڵیدا خەریك بووم باش بووخەوت.
ئێ وا ئەوكاتە خەوت ئەی دواتر ؟ ماوەی ئەوپێنج مانگە چۆن گوزەراندی ؟
بەیانی كە لەخەو هەستا نان حازر بوو نانی نەخوارد، ووتم بۆ نان ناخۆی ؟ ووتی ناخۆم لە بەر ئەوەی خێزانەكەی تۆ پیسە، لەڕاستیدا ئەوە بۆ من زۆر زەحمەت بوو، ووتم بابە خێزانەكەم بۆ پیسە دایكی منداڵەكانمە ئەی ئەوەنبە ئەویش خزمەتی تۆ دەكات ..؟ نەخێر نەیسەلماند دوایی زۆر لەگەڵیدا خەریكبووم ئیتر وردە وردە راهات و باش بوو، بەپێچەوانەی جارانەوە ئەوەندە هۆگری من ببوو، بروا بكە كە هاتینەوە لە فرۆكە خانەی سلێمانی، بە سەدایەك هاوری كرد بە كاك سیروانی ووت: باوكە تۆ باوكی من نیت مامە هادی باوكمە هەرچی لەوێ بوو دەستی كرد بەگریان، دوایی زۆرباش بوو. تەنانەت باوكی سەری سورمابوو ووتی: من دووهەفتە لە ئێران تەحمولی ڕەیانم نەكردووە تۆ چۆن پێنج مانگ هەڵتكردووە لەگەڵیدا ؟
ئەوان ژورێكی تایبەتیان هەبوو یان هەرلەگەڵ خۆتاندا بوون؟
نانا هەر لەناو منداڵەكانی خۆماندا بوون جیاواز نەبوون.
ئەی لەگەڵ عەلی چۆن بوو ئەم كوردو ئەو عەرەب ؟
گرفتی كوردو عەرەبیان نەبوو، بەڵام گرفتی مەزهەبیان هەبوو، ڕەیان كوردو سوننەش بوو، عەلی عەرەبی شیعە بوو، زۆرجار بەگژیەكدا هەڵدەشاخان، شەڕیان دەكرد پێمخۆشە لەو بارەیەوە شتێكی خۆشت بۆ بگێڕمەوە، رۆژێك لە ماڵەوە لە كەناڵی نەورۆز تیڤی گۆرانیەك بووباسی دیاربەكری دەكرد، بەڵام عەلی وای زانی باسی ئەبوبەكری صدیق دەكات، ئەوعەرەب بوو لە گۆرانیەكە تێنەدەگەیشت، پەنجەی رادەوەشاندو دەیگووت ناعلی علی ابوبكرو عمرو كلهم .. ڕەیانیش سوننە بوو, پێی زانی كە عەلی جنێو دەدات خەڵكی كەركوك بوو تێدەگەیشت بەمنی ووت بابە هادی پێبلێی من جنێو بە عەلیو حسنو حسێن نادەم چونكە ئەوانیش پیرۆزن بەڵام لە دایكی مقتەدا سەدربەم .
كەواتە كێشەی مەزهەبەكان گەیشتبووە ماڵی ئێوە ؟
بەڵی بەڵام ئەوان منداڵ بوون ئەوە رەنگدانەوەی پەروەردەیان بوو .
ئەوان هیچ لە خەستەخانە نەدەمانەوە هەرلەماڵی ئێوە بوون..؟
نا خەستەخانەكە شوێنی مانەوەیان نەبوو، دەبوو دوایی نەشتەرگەری و چارەسەر بیانهێنمەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام جاری واهەبوو دەمبرد بۆ شوێنێك هەبوو وەك چۆن دەلێی سەنتەری گەنجان یاری تۆپانێوشتی وام پێدەكردن.. ئەوچاوی لێی نەبوو لەپرخۆم هاوارم دەكرد هێی ڕەیان لێیی دا بەوە دڵی خۆش دەبوو ئەمەم بۆ ورە بەرزیو حالەتی سایكۆلۆژی ئەو دەكرد.
بەڵام ئەوەی باسی دەكەیت بۆ تۆو خانەوادەكەت بارگرانی و زەحمەت نەبوو ؟
چۆن زەحمەت نەبوو بەڵی زۆریش زەحمەت بوو، بەتایبەتی هەڵكردن لەگەڵ ڕەیان زۆر زەحمەت بوو، كاك سیروان باوكی ڕەیان دەیگووت: من كوری خۆمە ( 5 ) ڕۆژ لەگەڵیدا هەڵناكەم چۆن ئێوە پێنج مانگ هەڵتانكرد؟ ئەمە باوكی بووتی .
ئەگەر ئاسایی وەری بگریت من ئەوەشم بیستووە كەوا لەلایەن هەندێك ئێزدیشەوە سەركۆنە كراون لەبەرئەوەی منداڵی موسوڵمان بەخێو دەكەن ؟ ئایا ئەوە ڕاستە ؟
ئەوە كێ پێی گووتوویت ؟ بەڵی ئەوەش هەبوو .
دەكرێت وردتر ئەوە گرفتەم بۆ باسبكەیت ؟
زۆر بەكورتی باسی دەكەم چونكە نامەوێ لەسەر ئەو لایەنە زۆر قسەبكەم ( جارێك پیاوێكی ئێزدی میوانم بوو، كە بینی دوو منداڵی موسوڵمان لە ماڵی ئێمەنو ئەوە حاڵیانە ووتی: تۆ بەبەلاش خۆت ماندودەكەی هەرچییەك بكەی ئەوانە سبەی گەورە دەبن دێن لێماندەدەنوبۆمبا مان پێدا دەتەقێننەوە. ) ئەوە نمونەیەك بوو . نامەوێ هیچی تر لەو بارەیەوە بلێم . چونكە بۆمن گرنگ ئینسانە نەك نەتەوەو ئاین و رەنگ . ئینسان بۆمن مەسەلەیە .
ئەی خێزانەكەی خۆت چۆن بوولەگەڵیاندا ؟
ئەویش زۆرباش بوو، ئەگەرئازایەتی ئەونەبایە ئەوكارگرنگانە چۆن دەكرانن جارێكیان من گەرابوومەوە سەركارەكەم بەشەوكارم دەكرد، ڕەیان وتبووی دادە رەزیا من دەمەوێ لەگەڵ تۆبخەوم، رەزیا ووتبووی باشە، من بەشەو دەچوومە ئیش رەزیا وەكو كوری خۆی لەسەر جێگەكەی من ڕەیانی بردبووە لای خۆی خەواندبووی .
خێزانیشت هەرئێزدی یە ؟
بەڵی ئەویش ئێزدیە .
بەشێوەیەكی گشتی چەند منداڵ لەماڵتان بوو ؟
ئاخر هەموو منداڵەكان لە ماڵی من نەبوون، بەڵام لە ژێر چاودێریو سەرپەرشتی مندابوون، لە خەستەخانە، بەڵام ئەوانەی بردمانن زۆربوون، مهەند بەسرەیی بوو، ڕەیان كەركوكی بوو، فەرحان خەلكی موصل بوو، عەلی بەسراوی بوو. مستەفا خەلكی بەغدابوو، كچێكی ترخەلكی باشیقە بوو. مادرین خەلكی ( ) بەختیار خەلكی دەڤەری موصل بوو.
پێمباشە كەمێك باسی چیرۆكی تەقینەوەكەی ماڵی ڕەیانوبەركەوتنی بكەین، چونكە هەندیك لایەنی گرنگی تێدایە دەكرێت باسی بكەین ؟
ڕەیان منداڵ بووە، تەمەنی 6 ساڵ بوو كە ئێمە بردمان بۆ چارەسەر لە ئەڵمانیا، یەكەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان بووە، دەڵی ئێمە میوانمان هەبوو، میوانی جەژن لەماڵەوە دوو گەنج هاتبوون عەلاگەیەكیان دابووە دەست ڕەیان وتبوویان : ئەوە دیاری جەژنە بۆ ماڵی ئێوە، بیبە ژوورەوە ڕەیانیش لە كۆڵان عەلاگەكەی لێوەرگرتبوون، بەراردن هاتبووەوە بۆماڵەوە لەحەوشەكەیان كەوتبوو، عەلاگەكەش لەدەستی پەڕیبوو، یەكسەر تەقیبووەوە، باش بوو تەقینەوەكە هەرلەحەوشە بووەو هەر ڕەیان بووە قوربانی دەنا بچوایەتە ژورەوەولەوێ بتەقیبایەوە رەنگە زۆریانی كوشتبا لە ژورەوە، بەڵام ڕەیان هەموو جەستەی برینداربوو، یەك شوێنی نەمابوو بەقەد سەرەقەڵەمێك پارچەی پێوەنەبێ، هەردووچاوی لەدەستدابوو، قۆڵی پەریبوو، ئەوە چیرۆكەكەی ڕەیان بوو.
سیاسەتی كارتان چۆن بوو؟ بۆنمونە ئیوە بەزۆری منداڵی بەركەوتووی كام گروپتان دەبرد كورد یان عەرەب ؟ ئێزدی یان مەسیحی یان موسوڵمان ؟
ئێمە جەختمان لەسەر منداڵ بوو، بێ گوێدانە ئەوەی نەتەوەو ئاینی چیە ؟ لەهەموو گروپەكان بردومانە كورد، عەرەب توركمان، ئێزدی و موسوڵمان جا شیعە بووبێ یان سونە لەهەموو جۆرەكانیشمان بردووە، تەنها لە دۆسێیەكیشدا گرفتمان بۆ پێكهات ئەویش كاكەیی بوو، منداڵیكمان لێ ونكرا، بۆئەو مەسەلەیە چومە لای كاك فەلەكەدین كاكەیش، ئەوان زولمیان لە ئێمە كرد، ویستیان عەیبدارمان بكەن، دوای ئەوە كاكەیمان لە سیاسەتی كاركردنماندا بردنی منداڵی كاكەییمان دەركردو كەسمان نەبرد .
ئەم خلاقیاتەی تۆپێویستە بڵاوببێتەوەو میدیای كوردی گرنگی پێبدات ئایا میدیا خۆی نەهات بەدەمتانەوە یان خۆتان رنگیتان پێنەدا ؟
میدیا گرنگی پێنەدا بەڵام لەبنەرەتەوە ئەوكارە ئینسانیانە بۆ میدیا ناشین .
ئەی كەسوكارەكانیان ؟ هەقوایە خۆیان باسی بكەن لە پیناوی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەوپیشاندانی ئینسانیەتو مانا جوانەكانی ژیان ؟
بەلێ ئێستاش عەلی لە بەسرە بەمن دەلێ بابە، ڕەیانیش كەپێشتر بەمنی دەگوت تۆكافری ئێستا وەك باوكیك رێزم دەگرێ نەك وەك كەسێك كە هاوكاریم كردووە. تەنانەت ئەو رۆژەی گەراینەوە بۆ كوردستان لە فرۆكە خانە كارێكی كرد هەرچی لەوێ بوو دەستیان كردە گریان، بەباوكی گووت: بابە ئیتر بابە هادی باوكی منە تۆ باوكی من نیت، تۆ هاتوویت منی لێبستێنیتەوە، بەمنیشی ووت تۆ دەرۆیتەوە بۆئەلمان بەڵام من بەتەنیا دەمێنمەوە . جارێكیان برازایەكم بەمیوانی هاتبوو لە سویدەوە، ڕەیان منداڵ بوو، كوری برازاكەشم هەروا دوساڵان بوو، ڕەیان لێی دابوو، برازاكەم توڕەبوو، منیش لێی تورەبووم ، وتی چۆن دەبێت بێگانەیەك موسوڵمانیك لەكورەكەم بدات، ووتم ئەوە بیگانەنیە، ئەوە كوڕی منە، لە كوڕی تۆش دەداو لە كوری خۆشم دەدا ئەوە حالەكەیەتی .. تۆدەبی كەمێك مرۆڤایەتی بفامیت. با ئەوەش بلێم من چووم بۆ كەركوك بۆماڵی باوكی ڕەیان شەومیوانیان بووم كە كاتی خەوتن هات منیان خستە نیوان خۆیو براكەیەوە .. ووتیان دەبی لێرە بنویت ئەگەر تەقەشیان لێكردین لەملاوە بابەر خۆم بكەوێو لەولاشەوە با بەربراكەم بكەوێ گرنگ ئەوەیە تۆ سەلامەت بیت.. ئەوەش وەك هەستو پیزانینی ئەو خانەوادەیە باس دەكەم منیش پێزانینم هەیە بۆیان
مەبەستم باسكردن نیە لەناوخۆیاندا یان بیوەفایی، مەبەستم نیە داخۆ ئەوان چاكەیان لەبەرچاوە یان نا..؟ مەبەستم ئەوەیە ئەوان ئەركیانە لەپێناوی ئایندەی ئەم وڵاتەوپێكەوە ژیانی ئاشتیانەدا ئەم هەوڵانەوئەم تیگەیشتنوكارانەی تۆبڵاوبكەنەوە لەمیدیاكان برەوی پێبدەن .
نانا شتی وانەبووە، بەڵام رۆژنامەی ئەلمانی زۆر گرنگیان پیداوە نزیكەی 8 رۆژنامەی ئەڵمانیم لەلایە كە باسی ئەو كارانەی منیان كردووە، سەرۆكی شارەوانی خەڵاتی ئاشتی پێبەخشیوم لە ئەلمانیا ئەوەبوو خۆت لەئەنفالستان باست كردووە. دوو رادیوی ناوخۆی ئەلمانیا دیداری لەگەڵ سازكردووم، رادیۆ دەنگی ئەمریكا بەهەمان شیوە .
كەواتە میدیای دەرەكی گرنگی بەكارەكەكی تۆ داوە بەڵام میدیای كوردی فەرامۆشی كردووە ؟
بەڵی بەداخەوە لێرە كەس گرنگی پێنەدا .
ئەی فەندو سەرچاوەی دارایی ئەو كارانەتان لە كوێ دەستەبەر دەكرد..؟
رێكخراوەكەمان ناوی پردی ئەڵمانی بوو، واتا پردێك لەنیوان عێراق وئەلمان، پارەیەكی زۆر كەمیان پێداین، كەتەنها بەشی بردنو هێنانەوەی ئەو منداڵانەی دەكرد، هەربۆیەش ئەو منداڵانە لەماڵی ئێمە بوون، خەستەخانەكەو رێكخراوەكە پارەی نوستنو خزمەتگوزاریان نەدەدا، تەنانەت عەلی بۆجاری دووهەم دەبوایە بهاتبایەتەوە بۆ ئەلمان رێكخراوەكەی خۆمان ووتیان پارەمان نیە ناتوانین بیهێنین، چونكە تەنها نەشتەرگەریەكەی بری 110700 یانزە هەزارو حەوسەد دۆلاری پێویست بوو، من بۆخۆم رۆیشتم بۆلای ژنێكی ئەلمانی ئەوانیش رێكخراوێكیان هەبوو، دۆسێكەم بۆ باسردن، پەسەندیان كرد، بەڵام ووتیان ئێمە تەنها بری 15000 هەزار یرۆدەدەین هیچ بەرپرسیارێتیەكی تر هەڵناگرین.. ووتم قەیناكا كارەكەی ئێمەی پێدەكرێ، ئەوكاتە دكتۆر میرزا حسن دلای لە عێراق بوو، ووتم عەلی بهێنن ووتی ئاخر پارەمان نیە، ووتم با زەمانە وەرەقی رێكخراوەكەم بۆ ناردن، بەوپارەیە عەلیمان بۆجاری دووهەم هێنایەوە بۆ ئەلمان بەڵام ئەمجارەش هەتا چارەسەری پێویستی بۆكرا، هەر لەماڵی خۆمان بوو.
ئەو رێكخراوە ناوی چی بوو كە پارەكەی پێدان ؟
رێكخراوێكی ئەلمانیە بەكوردی ناوەكەی دەبێت دڵیك بۆ منداڵ یان دلی مندال.
بەرلەوەی دەست بەدیدارەكەمان بكەین شتێكت لەبارەی پێكەوە هەلنەكردنی عەلی و ڕەیان گێرایەوە دەتوانی لێرە باسی بكەیتەوە ؟
عەلی عەرەبی شیعە تەمەن هەشت ساڵ بوو، ڕەیان كوردی سونە تەمەن حەوت ساڵ بوو، هەردوكیان هەستیارو دلگەرمی مەزهەبیان هەبوو، جارێكیان لە تەلەفزیۆنی رۆژتیڤی، گۆرانیەك پەخش دەكرا، نە ڕەیان عەرەبی دەزانیو هەلبەت عەلیش كوردی نەدەزانی، ئاسیاش كچێكی ئێزدی بوو، سترانەكە باسی دیاربەكری دەكرد، لەعەلیش وایە باسی ئەبوبكری صدیقو عومەری كوری خەتاب دەكات، جنێویكی دا ووتی نعلی علی ابو ئەبوبكرو عومەر، ڕەیان تێگەیشت كە عەلی جنێو بەئەصحابەكان دەدا گری گرتو هەڵبوو، روی كردە منو زۆر پەست بوو، ووتی بابە هادی پێی بلێی من جوێن بە ئەسحابەكانی موسوڵمانان بە حسینو عەلی نادەم، بەڵام دایكی موقتەدا صدرو مالكی والێدەكەمو وابچێ .. ئیتر ئەم بەزمانە بەردەوام بوون.
چیتر هەیە وەك یادەوەریەكی خۆش لەناو ئەو تراژیدیایەدا ؟
وەڵا زۆرە نازانم باسی كامیان بكەم ، بەڵام رۆژێكی تر میوانم هات منیش عەلیم هەڵگرت، بیگوازمەوە، فەقیرە یەكێك لە شوینی نەشتەرگەریەكانی تەقی ئیتر كێمو جەراعەتو خوینو پیسایی ناو قۆڵۆنی هەمووی هاتە دەرەوە قەنەفەو ماڵ هەمووی پیس بوو، عەلی هیندەی شەرمی دەكرد هێندە خەمی ئازارەكەی نەبوو، منیش هەر خستمە باوەشمو بەسیارەكەم فراندم بۆ خەستەخانە، دوایی كە چارەسەریان بۆ كرد، رۆژێك عەلی دەزانی چی پێگوتم ؟ ووتی بابە هادی تۆ زۆر بەمنەوە ماندووبوویت، نازانم چۆن چاكەت بدەمەوە، بەڵام من پاداشتیكم هەیە بۆتۆ دەبێ لیم قبوڵ بكەی ووتم عەلی من پاداشتم ناوێ ئیمە هەموو مرۆڤین، باشترین پاداشت ئەوەیە مرۆڤبینو یەكتریمان خۆش بوێو یەكتری بەناوی دینو قەومەوە نەكوژین..ووتی : منیش پاداشتیكی باشم بۆ تۆداناوە، دەبی لێم قبولبكەی ووتم چیە ئەو پاداشتە ووتی: وەڵا پوریكم هەیە خوشكی دایكمە دەیدەم بەتۆ هەربۆتۆ باشە .
چاكەی تۆ لە زەرەری رەزیا خانم ؟
منیش هەروام پێگوت ووتم ئەی رەزیا وەكو دایكت خزمەتت دەكا چۆن دەبێ؟ تۆ ئاواچاكەی بدەیتەوە. ؟ رەزیا لەمن زیاتر پێوەی ماندوو بوو . كەچی وتی : قەیدی چیە لەلای ئیمە دوژن ئاساییە، با دایە رەزیا لێرە لەئەلمان بێت ژنیكی تریشت لە عێراقق بێت .
من جارێكی تر ئەوداخەی خۆم دوبارە دەكەمەوە كە بۆچی راگەیاندنی كوردو رۆژنامەنوسی كورد ئەوەندە بێباكە بەرامبەر ئەو كارە گرنگانەی تۆ ؟
نانا من ئەوكارانەم بۆ مرۆڤایەتی كردووە . من نامەوێ ببێتە كەرەسەی راگەیاندن .
تۆناتەوێ بەڵام كۆمەڵگا پێویستی بەوكلتوروئەخلاقیەتەیە، ڕاگەیاندن دەتوانی بەدیوێكی تردا كاری لەسەربكات، كە دوربێت لە ریكلامو پیاهەلدانی كەسایەتی تۆ. بەپێی زانیاری من تۆ لەماوەی 2008 تا 2011 نزیكەی 6000 هەزار یۆرۆ زەرەری مادیت كردووە دەكرێ بۆم رونبكەیتەوە ؟
بە هیچ شێوەیەك باسكردنی بەشیاو نازانم .
ئەوە ڕاستە یان زانیاریەكەی من زیادەرۆیی پێوەیە.
ڕاستە .
باشە من دەزانم بەهۆی ئەوكارە ئینسانیەوە دوجار كارەكەت لەدەستداوە ئەوشم بۆباس ناكەیت ؟
بابۆت باس دەكەم، ئەوە لە كۆمپانیایەك كارم دەكرد، سێ منداڵ لەماڵم بوون، خەستەخانەیان دەویست چاودێریان دەویست خێزانم بەتەنیا فریا نەدەكەوت .. ناچار لەكارەكەم دوادەكەوتم . رۆژێك بەهۆیەوە دواكەوتم خاوەن كۆمپانیاكە تورك بوو، پێی گووتم : ووتم من كارێكی ئینسانیم بەدەستەوەیە حاڵەكەمم بۆ باسكرد، كەچی زۆر نامەردانە ووتی : ئاخر ئێرە كارخانە نیە، كارخانە بە زمانی ئەوان مانایەكی زۆر خراپی هەیە.. منیش پێموت تۆ هەرمرۆڤ نیت، من پێت دەلێم بەوهۆیەوە دوادەكەوم كەچی تۆچیم وەڵام دەدەیتەوە ئیتر رۆیشتم كارەكەم بەجێهێشت تاماوەیەك بێكاربووم .
لەلایەن ئێزدیەكانەوە سەركۆنە كراوی بەوەی مندالی موسوڵمانان دەبەی بۆچارەسەروخزمەتیان دەكەیت ؟
نا نەخێر سەركۆنەنەكراوم .
ئەی پێزانینیان هەیە بۆ كارەكانت ؟
لەوەشیاندا ناتوانم بلێم نا
چۆن بیرت لەوەكردەوە كە ئەوخەڵكانە بەرن بۆ دەرەوەی وڵات؟
لە شهنگال چوارسەد بۆ پێنج سەدكەس كوژران لەكردەوەیەكی تیرۆرستیدا بەداخەوە زۆربەیان منداڵ بوون ئێمە هەوڵماندا لە سێ چوار ڕێوە كار لەگەڵ رێكخراوەكاندا بكەین بۆئەوەی هاوكاریمان بكەن، منیش لە ساڵی 2004 لەگەڵ كورێكی رۆژنامەنوس دا لە ئەڵمانیا هاتینەوە یەكترمان ناسی لەگەڵ دكتۆر میزان كە ئەوەیش ووتی رێكخراوێك هەیە هاوكاریتان ئەكات كە ناوی (شوێنی خەوتنی بەتاڵ)ە چوین بۆ ئەو ڕێكخراوەو بەرپرسەكەی پرۆفیسۆرێك بوو لەبواری شكاوی و ئێسكدا ووتی منیش هاوكاریتان ئەكەم، رەزامەندی درا بۆبردنی هەشت منداڵ بۆ دەرەوە لەو هەشت مندالچە یەكیان بەشی من بوو ناوی (حازم) بوو تەمەنی و (16)ساڵ و خەڵكی دێی (تلعەزێن) بوو، هاتە ماڵی من نزیكەی (40) رۆژ لەماڵی من بوو وەك منداڵێك خزمەتم دەكرد بەپشتی خۆم هاتوچۆم پێئەكرد چونكە نەیدەتوانی بڕوات .
موسوڵمان بوو یان ئێزدی بوو؟
ئێزدی بوو بەڵام كە دانیشتنمان كرد بۆ وەجبەی دوەم پرسیاریان كرد وتیان ئەگەر هاتوو منداڵێًك بێتەلای تۆ ئێزدی نەبێت ؟ منیش ووتم بۆمن هیچ جیاوازیەكی نیە مناڵداڵ هەرمنداڵە ئەگەر هەردین و هەرنەتەوەیەك بێت، وەبۆ وەجبەی دوەم كەهەشت كەسی تربوون دوو منداڵیان دابەمن كە هیچ كەسێك نەیگرتەخۆی یەكیان خەڵكی كەركوك بوو كەناوی (ڕەیان) بوو موسوڵمانێكی موتەدەیین لەبنەماڵەیەكی موتەحەفیزی كوردبوو كەچاو و دەستێكی لەدەست دابوو وەلە هەمان ڕۆژدا كورێكی تر هاتە ماڵی من كەخەڵكی موسڵ بوو ناوی (علی)بوو، زۆر زەحمەت بوو ئاگای كردنی ئەو منداڵانە وە بەهۆی ئەوانەوە ئیشەكەم لەدەستدا چەنكە نەمدەتوانی كاركەشم بكەم و ئاگاداری منداڵەكانیش ببم (ڕەیان) ماوەی پێنج مانگو 13رۆژ لەلای من بوو هەروەها (علی) بۆماوەی یازدە مانگو 25ڕۆژ لەگەڵ ئەوەشدا علی قاچێكی نەبوو وە تەندروستیشی باش نەبوو بۆیە زۆر زەحمەت بوو ئاگاداری كردنیان.
ئایا خیلافی دینیتان هەبوو لەگەڵ منداڵەكاندا ؟
خیلافێكی وانەبوو بەڵام لەسەرەتادا ئەو بەهۆی ئەوەی لەگەڵ خزمەكانی دا چوبو بۆمزگەوت لەرێگەی مەلاكانەوە فێری توندوتیژی ببوو یەكەم ڕۆژ كەهات ووتی من لەماڵی تۆ نان ناخۆم تۆ كافریت ووتم من كافرنیم ووتی ئەی تۆ نوێژ ئەكەیت ووتم نا چەنكە من موسوڵمان نیم ووتی كەواتە تۆ كافریت ووتم چۆن ئەوە دەزانیت ووتی مەلا رەشید لای ئێمە لەكەركوك بەئێمەی ووتوە ئەوەی موسوڵمان نەبێ كافرە ، ئەمە بەڕاستی توندوتیژیە وە دڵنیام مەلاكانی كورد زیاتر ئەمە بەكار دێنن مەلاكانی عەرەب كەمتر بەكاری دێنن بۆ ئەوەی دایم لە خزمەتی ئیسلامدابن، پاشان كەنانی خوارد وویستی خۆی بڕشێنێتەوەو نەمان هێشت پاشان بەیانی ووتم وەرە نان بخۆ ووتی نان ناخۆم ووتم بۆ ووتی خێزانەكەی تۆ پیسە كە بەمنی واگوت زۆر ناخۆشبوو چونكە ئەو خێزان و دایكی منداڵەكانی منە كە خزمەتی ئەویش دەكات بەڵام من لەگەڵی بەردەوام بووم تا لەگەڵمان ڕاهات وای لێهات باوكی گوتی من بۆ دووهەفتە نەمتوانی لەئێران لەگەڵ ڕەیان بم تۆچۆن توانیت ئەوماوەیە لەگەڵی بیت ووتم ئەوە بەمن دەكرێت .
ئەم منداڵانەی كە لەلای تۆبوون ژوری تایبەتی خۆیان ؟
نەخێر هەر لەگەڵ منداڵەكانی خۆمدا بوون هەتا چەند جارێك كە علی لە نەخۆشخانەبوو و منیش شەوان ئەچوم بۆئش ڕەیان بەخێزانمی ووتبوو دادە نەزیر ئەمەوێ لای تۆ بنوم ئەویش وتبی باشە وەك كوڕی خۆی لەلایەوە ئەنوست ، جگە لەمان منداڵی تریش هاتبوون بەڵام من دەچوم لە نەخۆشخانە چاودێری ئەوانیشم دەكرد چونكە نەمدەتوانی لەوان زیاتر لەماڵەوە ئاگام لێیان بێت لەوانە(موهەنەد) وە (مادلین) كەخهڵکی ناسریە بوو، (مهدی)یش ههر خەڵكی ناسریە بوو، كورێكی كورد ناوی (بەختیار) بوو وەكورێكی ترناوی (فەرحان) بوو خەڵكی موسڵ بوو، كچێك خەڵكە بەعشیقە بوو هەموان من چاودێریم دەكردن .
ڕەیان چۆن وای لێهات ؟ یان كارەساتەكەی چۆن بوو؟
باوكی بۆی باس كردم كەڕۆژی جەژنی رەمەزان بوە كە دوو گەنج عەلاگەیەكی بچوكی ئەیەن بە ڕەیان دەڵێن ئەوە دیاری جەزنە بۆماڵەوە ئەویش كە ئەیباتەوە ماڵەوە پێش ئەوەی بگاتە ژووری میوانەكە بۆمبەكە لە عەلاگەكە دەكەوێت تۆزێك لە دوور ڕەیان دەتەقێتەوە هەردوو چاو دەستێكی لەدەست دەدات .
من مەبەستمە كە چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسانی وەك تۆ بكەم هەتا هەموو مرۆڤەكانی ئێمە فێری ئەوەبن كە هیچ جیاوازیەك نیە لە نێوان مرۆڤەكاندا وەك ئەوەی ئێوە خزمەتی هەموو ئەو منداڵانەتان كردوە بەبێ جیاوازی ئایین و زمان و رەگەز ؟
بەڵێ لەڕاستیدا هەمیشە عەلی بەمنی دەتگوت باوكە، ڕەیان وەك باوكی خۆی سەیری دەكردم كە لەئەڵمانیاوە هاتینەوە لە فرۆكەخانەی سلێمانی باوكی هاتبوو بەدوایدا ووتم ئیتر تۆ دەرۆیت و من بەتەنیا دەمێنم هەتا دەنگی تێدابوو هاواریكرد نا بابە گیان تۆ باوكی منیت بەڕاستی زۆر كاریگەر بوو، هەموو ئەو خەڵكانەی لەوێ بوون دەگریان . كاك هادی چیرۆكێكی پێچەوانەی ئەم چیرۆكەی تۆ هە دهڵێن جارێكیان ئەسپسوارێك ڕێبوارێك سوار ئەسپەكەی خۆی دەكات پاش كەمێك رێبوارەكە ئەسپەكە لەئەسپسوارەكە دەستێنێت بەزەبری شمشێر بەڵام سوارەكە دەڵێت تۆ ئەسپەكەت لەمن سەند بەڵام تەنها قسەیەكم لێوەرگرە ئەویش دەلێت باشە ، سوارەكە دەڵێت ئەسپەكە بۆخۆت بەڵام لەناو خەڵكدا مەڵێ بەم شێوەیە ئەم ئەسپەت دەستكەوتوە لەبەر ئەوەنا كەمن پێی بشكێم لەبەر ئەوەی ئەم ڕەفتارەی تۆ لەناو خەڵكدا بڵاونەبێتەوە . بەڵام من دەڵێم پێویستە ئەوەی ئێوە لەهەموو شوێنێك باسبكرێت بۆئەوەی خەڵكیش لەئێوەوە فێرببێت .
بەڵێ بەداخەوە دەبوایا حكومەت ومەلاو یەكێتی زانایانی ئیسلامی و ڕۆشنبیران كاریان لەسەر ئەمە بكردایەو ئاشتەواییان فێری خەڵكی ئێمە بكردایە .
یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی كە تۆ چویتە ماڵی و بەچیرۆكەكەت دەزانێت لەسەر كەسێك لەم بەرپرسانەی ئێمە نەماوە كە داستان و چیرۆكیان لەسەر چەك و خەباتیان نەنوسێت باشە بۆتەنها ستونێكی لەسەر چیرۆكەكەی تۆنەنوسیوە ؟
لەڕاستیدا وەلامی ئەو بەرپرسیارە لەلای خۆیەتی، بەڵام من زۆر رۆژنامەوگۆڤاری ئەڵمانیم هەیە كەباسی ئەم چیرۆكەی من دەكەن .
واتا رۆژنامەوگۆڤارە ئەڵمانیەكان باسی دەكەن، بەڵام كوردیەكان باسی ناكەن ؟
نەخێر بەداخەوە وە زیاتر لە نۆ ڕۆژنامەی ئەڵمانی و چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی ودوو چاوپێكەوتنی ڕادیۆییم هەیە، كە باس لەم منداڵانە دەكەن، هەروەها لەگەڵ دەنگی ئەمریكاش دیدارم هەیە، بەڵام لێرە كەس گرنگی پێنادات چونكە من لەگەڵ حزبەكاندا نیم تەنها تەلەفزیۆنی نەورۆز چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕەیان کردووە، بەڵام لەگەڵ هەموو تەلەفزیۆنە كوردیی و عێراقیەكان هەوڵم دا گرنگیان پێنەدا .
پاشان كەسەردانی ماڵی ڕەیانت كرد خانەوادەكەی چۆن پێشوازیان لێكردیت ؟
لەڕاستیدا كەمن چوم بۆلالش هاتن بۆ ئەوێ، وتیان بەڵێنمان بەدەرێ كە بێیت بۆ كەركوك، كە من رۆیشتم بۆماڵیان زۆر رێزیان لێگرتم، وەك مرۆڤێك لە خێزانی خۆیان ئەوشەوەی لەوێ بووم بەهۆی نائارامی كەركوك، باوكی ڕەیان سێ كەسی لەدەورم دانابوو، ووتی ئەگەر شتێك ڕوبدات باتۆ پێوەنەبیت چەنكە تا مردن ئێمە منەتباری تۆین بەڵام من وتم نابێت ئەوەم پێبڵێت چونکە من ئەوەم تەنها بۆمرۆڤایەتی كردووە ڕاستە ڕەیان بەناوكوڕی تۆیە بەڵام من جیاوازی ناكەم لەگەڵ مناڵەكانی خۆم.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.