تەموز 08, 2015 Omer تاوانی جهنگ لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە من قوربانی تاوانێکم کە 11 ساڵ پێش لە دایکبونم ڕویداوە! لاوژە جەواد
من قوربانی تاوانێکم کە 11 ساڵ پێش لە دایکبونم ڕویداوە!
لاوژە جەواد
کاتێک لە دورەوە لەڕێگای شاشەی تیڤی یاخود لاپەرەی ڕۆژنامە و لاپەڕەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبۆک هەواڵی تاوان و کارەساتەکان دەبینین ودەبیستین کە لەلایەن مرۆڤەوە توشی مرۆڤ دەبێت، زۆربەمان بۆچەند ساتێک دڵمان دەهاژێت ودەکەوینە ژێرکاریگەری ئەوەی بیستومانەوبینیومانە، بۆماوەیەکی کاتی دڵمان تەنگ دەبێت، بەڵام هەواڵەکان هەرچۆنێک ڕوماڵ بکرێن ناتوانن لە دورەوە بمانخاتە واقیعی ڕوداوەکان وهەلومەرجی بەرکەوتووان و تێگەیشتن لە زیانی قوربانیەکانیان.
هەواڵی جینۆسایدکردنی چەند لادێی نەیجریا لەلایەن بۆکۆحەرامەوە یان تەقینەوەی بۆمبێک لە پاکستان و ئەفغانستان لە پەراوێزی هەواڵەکان ناتوانێت هێندەی تەقینەوەی بتڵێکی گاز لە گەڕەکەکەمان ڕامانچڵەکێنێت وکاریگەری لەسەرمان جێبهێڵێت. بۆیە هەرچۆنێک هەواڵەکانمان پێبگات هێشتا ناتوانین هەستەکانمان بەرینە جێی ڕوداوەکان وبە ڕوح وجەستەوە خۆمان لەجیاتی قوربانیەکان دابنێین.
هەزاران کتێب لەسەر وێرانکاری و خەسارەتی، بۆمبی ئەتۆم نوسراوە و دانیشتوانی گۆی زەوی لێ ئاگادار کراوەتەوە، بەڕای من خەسارەتی دڵڕەقی و توندوتیژی و زەبر وزەنگی هێزە دیکتاتۆرەکان لەسەر جەستەو و سایکۆلوژیەتی ئینسان لە بۆمبی ئەتۆم کەمتر نیە.
ئەگەر وەک نمونە گەڕەکێکی شارێکی سوریا سەیر بکەین کە لە شاشەی تیڤیەوە پێنج ساڵ پێش ئێستا بە دەبابەو شۆفڵ تەختکرا و خەڵکەکەی کوژران یان ئاوارە بوون، دووای پێنج ساڵ دۆخی ئەوانەی کە نەکوژران و هەڵهاتن چۆنە؟ ئێمە بۆ ساتێکی کەم لە پەراوێزی هەواڵەکانەوە بینیمان گەڕەکێک وێرانکرا بەڵام داستانی کچێکی ١٢ ساڵ کە لە دوای لە دەست دانی خێزانەکەی وەکو کۆیلەی سێکسی دەفرۆشرێت بە شێخە دەوڵەمەندەکان لە میرنشینەکانی کەنداوی عەرەبی، لێرە بە کوژاندنەوە و گۆڕینی کەناڵی تیڤییەکە کۆتایی پێنایەت.
من دەمەوێت بەم پێشەکیەوە باسی تراژیدیایەک بکەم کە ئەڵقەی یەکەمی ١١ ساڵ پێش لەدایکبوونی من دەستیپێکردووە و هێشتا ئەڵقەی کۆتایی نەهاتووە، باسی وێرانکاری کارەساتێک بکەم کە دوای نیو سەدە هێشتا کاریگەری ئازارەکانی بەرۆکمان بەرنادات.
داستانی کارەساتەکەی من، لە زمانی ئەوکەسانەوە کە خۆیان لەناو واقیعەکەدا بوون، بەمشێویەیە:
بەدوای کودەتا شومەکەی بەعسیەکان لە شوباتی 1963 سیاسەتی ترساندن و تۆقاندن بە گرتن و کوشتن باڵی کێشا بەسەر هەموو عێراقدا. لەوکاتەدا حیزبی کوردی لە ئیدامەی شۆڕشی ئەیلول، وەک پیشەی هەمیشەییان مفاوەزات دەکەن لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەدا. بەدوای بەئەنجام نەگەیشتنیان جارێکی تر خەڵک دەبێتەوە قوربانی و باجەکەی دەداتەوە.
چەند ڕۆژ بەر لەوە هێزی کوردی پەنا بۆ شاخ دەبەنەوە، هێزەکانی کۆیە لە هەیبەت سولتان خۆیان حەشاردەدەن، بەعسیەکان هێرش دەکەنە سەریان و سەرکەوتونابن و لە هێرشەکانیان ناکام دەبێت. بەڵام بەعسیەکان هەروا لێناگەرێن بەڵکو تۆڵەی شکستەکانی خۆیان لە خەڵک دەکەنەوە، بە پێی پیلانێکی لەپێش ئامادەکراو سەرباز و چەکدارەکانیان لە شاری کۆیە لەسەر دۆمینە لەناو خۆیان لە چاخانەی سلێمانی حەمە قاوەچی دەست دەکەن بە تەقە و بەوشێوەیە بە پێی پلانەکەیان ترس و تۆقاندن بلاوکەنەوەو خەڵک چاوترسێن دەکەن.
وەرز: هاوین
ڕۆژ: 4/7ی 1963
کات: دوای نیوەڕۆ
تەقە لە شار دەست پێدەکات و نا ئارامی بڵاودەبێتەوە، هاوڵاتیەکی سڤیل بە برینداری ڕادەکات، خەڵک چاوەڕوانی ئەوەن کە ڕوبدات، لەبەرئەوەی دەزانن لە هەرکاتێکدا بێت دەقەومێت، مام شەعی لە جەرگەی بازاڕ بریندار دەکرێت و بە شپرزەیی کە خوێن لەجەستەی دەچۆڕێ بە کۆڵانەکاندا هەڵدێت، خوێنێ لەبەردەرگای مالان دەچۆڕێت، تەنها دڵۆپە خوێنێکیش بەسبوو بۆ بەعسیەکان کە کارەسات بخوڵقێنن!
هەر وەک خەڵک چاوەڕێیان دەکرد قەوما و فەزای عەسکەرتاری شار دادەگرێت و دەوری کۆیە دەگیرێت و هەمو جۆرە هاتوچۆیەک قەدەغە دەکرێت. ڕەشبگیر دەستیپێکرد، هەرچی بینیان گرتیان، گرنگ نەبوو منداڵە، گەنجە یان پیرو پەک کەوتە!. دەسڕێژ دەکەن بەناو خەڵکدا، خەڵکی سڤیل و بێتاوان لەسەر شەقامەکان گوللەباران دەکەن، هاوڵاتیەک بەناوی مەلای شێخ تەها ” بە برینداری هاواریدەکرد، بەڵام کەس نەیدەتوانی فریای کەوێت، خۆم بەچاوی خۆم بینیم، خستیانە ناو زیلێکی عەسکەری، دواتر بە برینداری کوشتیان” ئەمە وتەی شاهیدێکە.
هاوڵاتیەکی تر بەناوی حەمیدی نەجار بە هەمان شێوە لەسەر شەقام دەبێتە قوربانی دەستی بەعسی فاشیست سەرلە بەیانی ڕۆژی دوایی، بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک شەش لەم هاوڵاتیە سڤیلە بێتاوانانەی کە دەستگیرکرابوون، لە درێژەی چاوترسێنکردنی خەڵکدا، دەبەنە ناوچادرێکی سەربازی بەعسیەکان کە لەناوجەرگەی شاری کۆیە هەڵدراوە، مەلایەک و کەشیشێک بانگ دەکەن و بەزیندویی ڕێوڕەسمی مەرگیان بەڕێوە دەبەن، ئەوەی کە ئەم شەش قوربانیە لە گیرفانیانە وەک سەعات و پارەو ..هیتر تەسلیمی مەلاو کەشیشەکەی دەکەن کە بیدەنەوە دەستی کەسوکاریان، قوربانیەکان بەناوی سلێمانی حەمە قاوەچی، شەفیق حەمەد، حەمەدەمینی ئەحمەداغای، حەنا یوسف تۆما، محمد رەشاد حەویزی، یوسف حەنا تۆما لە دینگەکانی ناو بازاڕی کۆیە دەبەسترێنەوەو گوللەباران دەکرێن وە بۆماوەی 24 کاتژمێر دەهێڵدرێنەوە. ئەم سیاسەتی ترسو تۆقانە بەردەوام دەبێت ڕۆژی 30/7 کۆمەڵێکی تر لە دینگەکانی ناو بازاڕ دەبەستن و گولە بارانیان دەکەن، کە سێ کەسیان برای یەکتری بوون.
بۆچی من قوربانی ئەم کارەساتەم؟
لە گەرەکی ماڵی مەلایان( جەلیزادەکان) لە کۆیە کە نزیکی ناو بازارە، خێزانێکی ئاسایی (ماڵ باپیرم واتا باوکی دایکم) ، هاوینان دەچنە چنارۆک بۆ سەر زەویەکانیان و خەریکی باغداری دەبن، ئەم هاوینە شومە، بەهۆی خراپی بارودۆخەوە ناچارن بگەڕێنەوە کۆیە بۆ ماڵی خۆیان. لەم خێزانەدا دایک، باوک چوار کچ کە گەورەکەیان نۆ ساڵە، برایەکی بچوکیان دەبێت، دایک دوگیان دەبێت و چاوەڕوانی کۆرپەلەی شەشەم دەکەن.
ماڵی ئەوان یەکێک لەو ماڵانە دەبێت کە پریشکی خوێنی مام شەعی لەبەر دەرگەیان کەوتووە، حەرەس قەومییەکان زۆر دڵڕەقانەو بێڕەحمانە لەدەرگا دەدەن، لەترسی ڕەشبگیری کە لەدەرگای هەر ماڵێک دەدرێت پیاوەکان ناچارن خۆیان حەشاربدەن و ژنەکان دەرگا بکەنەوە، ئەمە لە هەموو ماڵەکان ڕودەدات، کاتژمێر شەشی ئێوارە دەبێت مونیرە خانم، ناچاردەبێت دەرگا بکاتەوە، پێی دەڵێن ئێوە بریندارتان لە ماڵەکەتان حەشارداوە دەیانەوێت بڕۆنە ژورەوە، بەڵام ئەم ژنە قارەمانە بەرگری دەکات بەپێی ئەم وتانەی کە دەگێڕدرێنەوە لولەی چەکەکەیان دەگرێت وپاڵیان پێوەدەنێت، ڕێگا لە چونە ژورەوەیان دەگرێت، دەرگاکە دادەخاتەوە، دەرگایەکی لە تەنەکە دروستکراو، جارێکی تر گورگە هارەکان لە دەرگا دەدەنەوە، ئەمجارەیان دەرگاکە ناکاتەوە، بەڵام وەڵامی گورگەکان لە پشت دەرگاوە فیشەک بارانکردنیان دەبێت. مونیرە مەلا تاهیر جەلیزادەو تاقە کوڕەکەیان بەناوی شوان کە هێشتا تەمەنی نۆ مانگان بوو لە باوەشی دایکیدا دەبێت بریندار دەبن. شایەتحاڵی ئەم کارەساتە “ماهیەی کچی گەورەی مونیرە خان” ە کە ئەوکاتە تەمەنی تەنها نۆساڵە!
ماهیەی بێچارەو بێدەسەڵات نازانێت چیبکات و چۆن فریای دایک و برای برینداری بکەوێت. بە هاوار وگریان هانا بۆدەرودراوسێ دەبات کە هەمویان خزم و کەسی یەکترین، ئەوانەی کە دەتوانن کۆدەبنەوە، لەناوخۆیان قسەو باسدەکەن کە چیبکەن خۆکەس ناوێرێت بچێتە دەرەوە چۆن فریای بریندارەکانیان بکەون؟ دەڵێن مونیرە خان دەڵێت لێمگەڕێن با کەسی ترنەبێتە قوربانی من، لە حەوشە کەوتوەوخوێنی لێدەڕوات. چاوە پڕ لە ئەسرینەکانی ماهیە بۆدایکی ونەنە ئامین بۆتاقە کچەکەی دڵیان قوڵپی دەدا، لەم نێوەدا مونیرە خەمی تاقە کوڕەکەی بوو، ” کوڕەکەم ڕزگارکەن خۆم قەیناکا” بەهەر بەدبەختی وقسەکردنی خەڵک لەگەڵ بەعسیەکان ڕێگا درا مونیرەوشوان بگەیەندرێنە خەستەخانەی کۆیە، لە خەستەخانە تەشخیسدرا کە دەبێت لە زوترین کاتدا بگەیەندرێتە هەولێرو عەمەلیات بکرێت، بەڵام درندەکان ڕێگایان نەداو ئەوشەوە لە خەستەخانە مونیرە بە بێهۆشی دەمێنێتەوەو سەعات 6ی بەیانی ڕۆژی دوایی واتا دوای 12 سەعات گیان لەدەستدەداو شوان هەربە برینداری دەمێنێتەوە، ئومێدیان ئەوە دەبێت کە بارودۆخەکە باشتر بێت و ڕەوانەی هەولێر بکرێت.
ڕێوو ڕەسمی ناشتنی
تراژیدیای بەخاکسپاردن بۆ خۆی کارەساتێکی تر دەبێت، پیاوان هەموی خۆیان شاردۆتەوە، هاتنە دەرەوە قەدەغەیە، جارێکی تر بۆقەبر هەڵکەندن وموڵەتی ناشتن توشی کێشەدەبن، ژنان لەسەر پەیژەی دادەنێن و هەڵیدەگرن و لە نزیکترین شوێنی مومکین لە قەبرستانی دەروێش خدر بەخاک دەسپێردرێت. چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەوە، شوانیش گیان لەدەستدەداو، لەپاڵ دایکی بەخاکیدەسپێرن.
پەیوەندی ئەم کارەساتە بە منەوە:
ماهیە سابیر، کچی سابیر مەلا ڕەئوف (حاجی سابیر یادی بەخێر) و منیرە مەلا تاهیر کە شاهیدی کارەساتی گوللەبارانکردنی دایکی و براکەی دەبێت، دواتر لەساڵی 1973 هاوسەرگیری دەکات و ساڵێک دوای ئەوە کچێک دەهێنێتە جیهانەوە، ئەوکچە ناوی دەنێن لاوژە.
هەربۆیە من و خوشک وبراکانم، پورو پورزاکانم، منداڵەکانی ئێمە ناڕاستەوخۆ قوربانی ئەم کارەساتە و کاردانەوەکانی ئەم تراژیدیایەین.
هەروەک وتم چوار کچ بێدایک دەبن، گەورەکەیان کە دایکمە نۆ ساڵەو بچوکەکەشیان تەنها دوو ساڵە.
لە نێویاندا تەنها کەسێک کە شاهیدی گوللەبارانکردنی دایکی و براکەی بووە دایکم دەبێت، بۆیە دایکم دەبێتە کارئەکتەری گێرانەوەی ئەوفیلمە و ڕۆژانە ئەو تراژیدیایە باسدەکرێت بۆ خوشکەکانی و ئەو خزموکەسانەی کە دەیانەوێت ماجەراکە بزانن.
بەجیا لەوەی کە دایکم لە ناز و خۆشەویستی دایکی بێ بەری دەکرێت، لە هەمانکاتدا شاهیدی تاوانێکی گەورەی وەحشیانەش دەبێت کە قوربانیەکانی ئازیزترین کەسەکانی خۆی، دایک و براکەی دەبن. ئەم داستانە تاڵە دەبێتە کابوسێکی نەبڕاوە کە نە ڕاچڵەکینی تێدایە نە ڕۆژ بوونەوە، سەرتاپای ژیانی دایکم دادەگرێت. من پێموایە کاریگەریەکانی لەسەر ئێمە بە منداڵەکانیشمانەوە دەبیندرێت.
کچە شەنگالیەکە دایکم بیردەهێنێتەوە؛
کیژۆڵەیەکی پێست سپی موکاڵی زۆر جوان، لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە ڕۆژانە چەندینجار بۆ ڕێکلامی کەناڵەکە نیشاندەدرێت، ناوی کۆمەڵێک لە قوربانیەکانی خێزانەکەی دەهێنێت، چاوی پڕە لەگریان و پەژارە، گەروی دەگیرێت و دەڵێت: ئەمانە هەموی لە دەستی داعەشدان. زۆر نا بەرپرسانە کەناڵێک کیژۆڵەیەکی قوربانی بەکاردەهێنێت، بۆسەرنجڕاکێشانی بینەر! ئەم کچۆڵەیە هەموو جارێک وێنەی دایکمم بە منداڵی دەهێنێتە بەرچاو. وێنەی دایکم ماوە کە لەسەرەتای شەستەکان بۆ خوێندنگا گرتویەتی، سپی وموکاڵ وخرپنە، بەبێئەوەی بتوانم لێی دەربازبم دەرکەوتنی ئەو کچە لە شاشەی کەناڵەکە، وێنەکەی دایکم دێنێتە پێشچاوم کە چۆن هەردوکیان قوربانی بیری فاشیەت وشۆڤێنیزمی عەرەبی و بێباکی سیاسەتمەداری کوردین.
سەرباری ئەوەش جیاوازیەکی زۆر لە نێوان دایکم و ئەم کچۆڵەیەدا دەبینم، دایکم کەسوکاری تری لە دەوریدا ماوەوهەوڵیانداوە کۆمەکیان بکەن، نازو خۆشەویستیان پێداون، نەنکی، باوکی، هاوسەری دووەمی باوکیان وهەروەها خزمەکانیان، هەمویان کەسانی باش ومیهرەبان بوون، من تا گەورەشبوم بە باوەژنەکەی دایکمم دەگوت دایە خەجیج، لەبەرئەوەی هەستم بە خۆشەویستی نەنکایەتی دەکرد لێی. واش ئەم تراژیدیایە بەردەوام لەبەردەمی دایکم دێ و دەچێت، لەوەتەی بیرم کردووەتەوە من گوێم لەم داستانە دەبێت و دەبێتەوە، کاتێک هاوڕێکانم دەهاتنە ماڵەوە بۆلامان دوای 5 دەقە دایکم ئەم فلیمەی دەگێراوە، زۆرجار پێی وەرس و بێتاقەت دەبوین، بەڵام کە گەورەتربوین و زانیمان بابەتەکە چییە دەمانویست گوێیلێبگرین، یان زۆرجار بیری ببینەوە. کاتێک بۆ سەردانی کەسوکارمان یان بۆ ناو بازار یاخود بۆ سەرقەبران دەچوین، دەمانویست دایکم لە ڕێگایەکی ترەوە بەرینەوە، بەڵام وەک ئەوەی هێزێک بەرەو ئەم ماڵەی ڕابکێشێت کە ئێستاش ماوەو هەرهەمان ئەو دەرگایەی جێگای گوللەی پۆستاڵ ڕەشەکانی پێوە ماوە، یەکسەر بەرەو ئەوێ دەڕۆیشت لەبەردەم دەرگاکە هەڵوەستەیەکی خێرای دەکردو ساتەوەختێک خەیاڵی دەڕۆیی کە ڕادەچڵەکی، چاوی پڕ لە گریان بوو. هەموو جارێک دەیگووت ئەمە جێگای فیشەکەکانە کە بەردایکم کەوت.
سەرەڕای ئەوەی کە دایکم کەسێکی لێهاتوو و خاوەن کەسایەتیەکی ئازا و بێوێنەیە ، بەڵام زۆرجار غەمبار دەبوو، هەتا ئێستاش دەچێتە ناوخۆی و بیردەکاتەوە. کاتێک دەڵێن کەسێک کوژرا دایکم ڕادەچڵەکێت، کاتێک دەڵێن منداڵیک بێ دایکە، دایکم دەستدەکاتە گریان، هەمیشەش لەخەم و بیرکردنەوەی لێقەوماوانەدایەو کەسێکی هەستیارو میهرەبانە .
بۆ ئێمە کە نەوەی دوەمی ئەم کارەساتەین و ئەوانەی دووای ئێمەش بێ کاریگەر نەبووە، ئەم چیرۆکە تراژیدیایەی دایکم کاریگەری لەسەر داناوین، هەمیشە لەخەمی دایکاماندا بوین، نازانم بەکام زمان کاریگەریەکان دەرببڕم و بیانوسمەوە؟ بەڵام هەمیشە هەستدەکەم، بۆشایەک لەدڵمدایە، من کەمتر هەستم بەوە دەکرد کە لەسەر خوشک و براکانم چەند کاریگەری هەبووە، نازانم بۆ هەمیشە ئەم هەستەمان لەناخماندا قەتیس دەکردو دەمانشاردەوە، تا ماوەیەک پێش ئێستا براکانم هاوڕێو هاوژینمیان بردبو بۆشوێنی ڕوداوەکەو وێنەیان گرتبو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویانکردبۆوەو هەستی خۆیان لەبارەیەوە نوسیبو، لە هەمانکاتدا پورزاکانیشم بە کۆمینت هەستی خۆیان دەربڕیبو، بەدوای ئەوە بە تەواوی بۆم دەرکەوت کە ئێمە هەموومان قوربانی تاوانێکین کە کاریگەری و کارەساتی گەورەی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، تاوانی حەرەس قەومیەکان کە دەرهەق بە کوردو هاوزمانەکانی دایکم ئەنجامدراوە نەک هەر لەشاری کۆیە بەڵکو لەتەواوی کوردستان چەندین مونیرەو شوانە بەو شێوەیە بەگوللەی حەرەس قەومییەکان کوژران وگوندنشینەکان خانوەکانیان سوتێندران وبەروبومیان بەتاڵان بران، چەندین چیرۆکی هاوشێوەی دایکم رویانداو کەس نەبوو بیانوسێتەوە ئەوەتا ئێستا دوای سەدەیەک من کاریگەری ئەو چیرۆکەم بەسەرەوەیەو بۆتان دەگێڕمەوە، بۆم دەرکەوت تەنانەت لەسەر منداڵەکانیشمان کاریگەری جێهێشتوە.
زۆرجاران هەستم بە بۆشایی بێ نەنکی “دایکی دایک” کردووە و لای خۆمەوە دڵم پڕبووە، کە هەرزەکاربوم بەخۆمم دەوت ئەگەر ئیستا نەنکم مابایە دەچوم دەردە دڵم لای دەکردوگلەیەکانی خۆم کە هەموو منداڵێک لە دایک و باوکی هەیەتی بەتایبەتی لەتەمەنی هەرزەکاری دەمبرد بۆلای بەڵام ئێستا دەپرسم، ئەگەر ئەم کارەساتە بەسەرمان نەهاتبایە، گلەیی وگازندەکان هەر هەمان شت دەبوون، ئایا ئاراستەی ژیانمان بەرەو شوێنێکی تر نەدەڕۆیشت؟
لێتانی ناشارمەوە ئەوکارەساتە ئەوەندە گەورەیە لەدڵی من و خێزانەکەمدا، کەبرینەکەی هەرگیز ساڕێژ نابێت، ئەم برینە 52 ساڵە خوێنی لێدێت، ئەم فیشەکەی لەدڵی نەنکمیدا ئازارەکەی تا ئێستاش کاریگەری لەسەرنەوەکانی دوای خۆی دادەنێت. هەتا ئێستا پڕکێشی ئەوەم نەکردووە بۆ منداڵەکانمی باسبکەم، زۆر جار دەمەوێت پێیان بڵێم کەمن قوربانی کارەساتێکی لەمجۆرەم، بەڵام ناوێرم بیگێرمەوە بۆیان.
ئامانجم لەم نوسینەدا چیەو بۆچی لەمساڵدا دەیگێرمەوە.؟
لێرە ناچارم جارێکی تر بێمەوە سەر ئەم کچە ئێزیدیەی کە قوربانی دەستی داعەشە! وەک وتم دایکم بیردەهێنێتەوە .
کوردستان وڵاتی تاوانە گەورەکانە تاوانی کۆمەڵکوژی وتاوانی دژی مرۆڤایەتی وتاوانی جەنگ، ژنکوشتن ودیلکوشتن ومنداڵکوشتن، دیارترین تاوانەکانی دەوڵەت و حکومەت وحزبە کۆنە پەرستەکانن بەشی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان قوربانی ئەو تاوانانەن و نەک هەرخوێنرشتن بەڵکو هەزاران کارەساتی دڵتەزێنیان لێکەوتووەتەوە.
ئەم چیرۆکەی بۆتان دەگێرمەوە نیوسەدە زیاتر پێش تاوانە گەورەکانی وەک ئەنفال وکمیاباران و کۆمەڵکوژیی بارزانیەکان و سەدەیەک پێش تاوانی شەنگال و قوربانیانی دەستی داعەشە. ئەوان بەکۆمەڵ بونەتە قوربانی، ئەومنداڵانەی کە شاهیدی کارەساتی لەمجۆرەن، هەموو شتێکیان لە دەستداوە تەنانەت هەندێکیان دەستدرێژی سێکسیشیان کراوەتە سەر، لەوانەیە کەس نەبێت یارمەتیان بدات، یاخود دەوروبەریشیان هەر لەکابوس دەژین و پێویستیان بەکۆمەک هەیە، من لە تەجروبەی خۆمەوە دەڵێم ئەم کارەساتانە تا چەند نەوەش کاریگەری دەمێنێتەوە، وەک وتم لەم شوێنانەی کە بەکۆمەڵ ڕویداوە کاردانەوەکەشی بەکۆمەڵ دەبێت. کاریگەری ئەم هەموو کارەساتە چ جۆرە کۆمەڵگایەک بەرهەمدەهێنێت؟
لە ماوەی نێوان 1963 بۆ 2015 زیاتر لە نیوسەدەیە، لەم ماوەیەدا ئاستی زانیاری ئینسان و زانستی دەروناسی وکۆمەڵناسی زۆر پێشکەوتوەوە، ئەگەر خەمخۆر هەبێت کۆمەکی پڕۆفیشۆناڵ بگاتە ئەم ئینسانانە بۆئەوەی کەکاریگەریەکانیان بەسەردا کەمبکرێتەوە. دەبێت کۆمەڵگای بەشەری تێگەیشتنێکی قوڵتری بۆ قوربانیانە هەبێت، دەبێت جوڵانەوەیەکی بەهێز دروست بێت کە لە ئاست کارەساتەکاندا بێت، ئەگەرنا تا چەند نەوەی تریش کۆمەڵگای ئێمە ناتوانێت بەسەر شکستەکانیدا زاڵ بێت و ببێتە کۆمەڵگایەکی تەندروست. سەیرە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک وەک پێویست بە هانای قوربانیەکانەوە نەچووە بەڵکو لە کەمە هاوکاریەش هەڵاواردنێکی زۆری کردووە ئەوەی بۆ شەهیدەکانی کردووە بۆ ئەنفالکراوانی نەکردووە ئەوەی بۆ ئەنفالکراوەکانی کردووە بۆ قوربانیەکانی قەڵاتدزی و ئەوانەی نەکردووە کە چەکداری خۆی نەبوون و لەشارو گوندەکان گیانیان لەدەستداوەو بە بۆمباران و گوللەی بەعسیەکان و حەرەس قەومییەکان بوونە قوربانی دایکم هەمیشە دەیگوت (ئەگەر سەربە حزبێکی دەسەڵاتدار نەبیت هیچ جێگاوڕێگایەکیان بۆداناندرێت) بێگومان راستدەکات ئەوە تەنها هەستی دایکم نیە هی هەزاران جەرگ سوتاوی ترە لە کوردستان .
من کەسێکم ناتوانم بەرامبەرکێشەکان دەستە وەستان دانیشم هەمیشە دەمەوێت بەکردەوە لە مەیدان بم، هاوڕێیەکی منداڵیم بووە قوربانی کەلتوری ناموسپەرستی بڕیارمدا هەموو ژیانم دژی کەلتوری پیاوسالاری بجەنگم، بەلام لە ئاستی ئەم هەموو کارەساتە کەمێک خۆم دەستەوەستان دەبینم ونازانم چی بکەم، تکایە کۆمەکم بکەن بۆئەوەی بزانین چیبکەین وچۆن فریای ئەم هەموو قوربانیە بکەوین؟ کۆمەڵگا پێویستی بە گیانی هاوکاری و هاوچارەنوسی و بەرپرسیاریەتیە لە ئاستی یەکتری.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.