حوزەیران 30, 2015 Omer كیمیاباران لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە لە پەڕاوێزی خنكانی هەڵەبجەدا
لە پەڕاوێزی خنكانی هەڵەبجەدا
ئۆکتۆبەری 2013
یادی لەدایك بونت پیرۆز شەنگین گیان
هەورامان عەلی
بەیانی ئەو رۆژە شومە بێ ئەوەی كەس پێم بلێ ، رۆشتم بۆ خەستەخانەكەی هەڵەبجە تا نەهێلم تالان بكرێت و لە سبەینێدا خەڵكی شار سودی لێ وەرگرن ، كات ١٦ی ٣ی سالی ١٩٨٨ بوو ، رۆژی چوار شەممە بوو ، كاتژمێر ١١:٣٥ خولەك بوو، بۆمباران دەستی پێكرد، زۆری نەبرد ، بریندارو لاشەی هەنجن هەنجكراویان دەهێنا بۆ نەخۆشخانەكە ، بەلام نەخۆشخانەكە تەنیا منی تێدابووم ، هەر فریای ئەوە دەكەوتم بەو خەلكە بلێم فریایی سازان ، ئێرانیان بخەن ، ئێرە كەسی لێ نیە … نازانم چەندی پێ چوو ناپالمێك لە نزیك خەستەخانە ، خانویەكی سێ نهۆمی زەردی( خانوەكەی صباح هاواری) بەرامبەر بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری هەڵەبجە كردە ئامانج، دەنگ و پەستانی ناپالمەكە هێندە بەهێزبوو چەند مەتر فرێیدام ، دوای هەستانەوەم ، بە پەلە روە و دەشتی حەمەوغان هەلهاتم … بەنێو دەشتەكەدا هاتمەوە كانی قولكە ، بە كۆلانەكاندا بە نێو زرمەی بۆردومان و زیكەو نالەی خەلكدا سواری قاچەكانم بوبوم .. رۆژێكی رەشبوو ، لە هەموو لایەكەوە مەرگ دەباری .. دەمویست بگەمە ژێرخانەكەی پورە ئەختەرم نزیك مزگەوتی ( دار احسان) ، نزیك مالی خۆمان مەریوانی برامم بینی ، زۆر پەرێشان بوو ، ” ویستم بچم بۆ لای دایكم بەلام رۆكێتێك دای لەمالی پورە ئەختەرم و مالەكەیان دیار نەما!” هەر ئەوەندە لە مەریوان حالی بووم ، پێم وت برۆ بۆ ژێر زەمینەكەی مالی پورە ماحبوبم ، من هەوالێكی ئەوان دەزانم و دێمەوە بۆ لات… هەرچی چۆنێك بو گەشتمە بەردەم مالی پورە ئەختەرم ، ئەوان شەوی پێشو لایان بوم جگە لە مالی پورە ئەختەرم مالی هەردو خالەكانم و نەنكم و باپیرم و مالی ئێمەش لە گەل هەندێك دراوسێدا لە ژێر زەمینەكەی ئەواندابون …. كە گەشتمە ئەوێ ئەو ناوە وەك خۆیی نەمابوو ، ئەو گەرەكە وێران بوبو ، مالەكەی پورە ئەختەرم بە سەر ژێر زەمینەكەدا روخابوو ، هەر جۆرێك بوو هەندێك دارو بەردم لادا و چەند جار بانگی هەموو یانم كرد ، كەس وەلامی نەدامەوە لە نزیك درگایی حەوشەكەیان لە سەر شەقامەكە دوكانی حاجی حەیبولا و جێبێك كە لەبەردەمیدابوو دەسوتان ، پیاوێكی سەرسپی كە نیوەی لەشی مابوو هەر لە باپیرم دەچوو دەسوتا! هاژەی ناپالمێكی تر چەند هەنگاو فرێی دام .. چەكەكەم هەلگرتەوە و گەرامەوە بۆ كانی قولكە بۆ مالی پورە ماحبوبم ، لە كۆلانێك ئەمدیوی مزگەوتەكەدا پیاوێكی پەنجاسالە بریندار بوو ، بانگی كردم ” كورم بۆ كوێ دەچیت بمبە لەگەل خۆت تەنیا جێم مەهێلە!” خالە گیان خۆشم نازانم بۆ كوێدەچم ! وەرە با بتبەمە ئەو ژێر زەمینە خەلكی زۆری لێیە ، مرۆڤ بونەوەرێكی سەیرە ، ئەو خالەیە لە هەموو لایەكی لەشیەوە خوێنی لێدەچۆرا، لە لێواری گۆردا هەلدەلەرزی ، كەچی خەمی منی بوو ، زۆر لێم پارایەوە كە ژێرزەمینەكە جێنەهێلم ….. هەرچی چۆنێك بو بەنێو لاشەیمردو و نیوەمردوی شاردا خۆم گەیاندەوە مالی پورە ماحبوبم….. مەلا ئەحمەدم بانكردە دەرەوە پێم وت مالی پورم وایان لێ هاتوە پیاوێكیش لەبەردەم درگاكەیاندا دەسوتێ زۆر لە باپیرم دەكات … مەلا ئەحمەد هەناسەیەكی هەلكێشاو وتی:
چ بكەم ، “بەیان’ یش منالی دەبێت! ژێر زەمینەكە جمەی دەهات نزیكەی ٤٠ كەس لەو چەند مەترەدا سەریانكردبوو بە كۆشی یەكدا ، لە سوچی سەرەوە بەیان لەتاو ئازار راكشابوو، زوزو ژنەكانی دەوروبەری دەیان وت وسبە با پیاوەكان نەزانن!! زرمەی ناپالمێك من و ئەحمەدی لە درگایی ژێر زەمینەكەوە فرێدایە ژورەوە .. دەنگی هاواری مندالەكانی نێو ژێر زەمینەكە و ” شەنگین” تێكەل بوو… ئەو رۆژەی بەعس ویستی ژیان لە هەڵەبجەدا بخنكێنێت … شەنگین بەو دەنگە ناسك و لاوازانەی بانگی بەردەوامی ژیانی بەگوێچكەی هەمواندا دا ، ئەو رۆژە مەرگ دەباری ، خانمە بچۆلەكەم تۆش چەتری ژیانت هەلكرد! … رۆحتان ئارام هاورێ خنكێنراوەكانی هەڵەبجەم .. ژیانت پیرۆزبێت شەنگین گیان
بەشی دووهەم
كاتژمێر نزیكەی پێنجی ئێوارەبوو ، بریاری یەكلاكەرەوەی خۆمم دا ، هەرچی چۆنێك بێت لە شار دەریان دەكەم. ئەوە بریارێكی چارەنوس ساز و هاوكات لێپرسراویەتیەكی گەورەشبوو، دواتر بۆم دەركەوت گەر لەرێگەی عەنەب ـ بیاوێلەوە بم بردنایە ، یەكێكمان دەرنەدەچون! .
مەلا ئەحمەد و كاك عبدولرحمانی باوكی و یەك دو پیاوی ترم ، لە ژیرزەمینەكەدا بانگ كردە دەرەوە ، من بە تەمەن لەوان بچوكتر بوم ، پێم وتن راستیەكەی ئەوە یە ، ئەوەی من دەیزانم لە كاتژمیر دووە وە هەڵەبجە بۆردومانی كیمیاوی دەكرێت ، گەر لە شاردا بمێنینەوە ، بۆردومان و رۆكێتی ئاسایش نەمان كوژێت ، ئەوا هیچ گومانم نیە ، گازی كیمیاوی دەمان كوژێت ، بۆیە دەبێت بە زوترین كات لە شار دەرچین ، بە بیستنی ناوی چەكی كیمیاوی ، ئەوان بە جۆرێك شلەژان هیچكامیان هیچی بۆ نەدەوترا ، دیسان بۆم باسكردنەوە كە ئەگەری نەمردنمان لەوەدایە لە شار دەرچن و مانەوەمان یانی مردنێكی مسۆگەر! تكام لێكردن با وەك دوێنێ نەكەن ( شەوی پێشو زۆر لێیان پارامەوە با منالەكان لە شار دەركەین كەس بە قسەی نەكردم )
ـ باشە دەرۆین بەس چی لە “بەیان ” كەین ؟! بەیان سێ كاتژمێر پێش ئەم قسەو باسە ” شەنگین” ی بوبو !
وتم ئێوە خۆتان ئامادەكەن ، منالەكان كۆكەنەوە ، سەرو پارچە خاولیەك تەركەن و بیگرن بە لوتتانەوە ! مەلا تۆ وەرە لەگەلما بەلكم شتێك پەیداكەین ، ولاخێك ،گوێدرێژێك ، ئۆتۆمبیلیك ، شتێك” بەیان “مان بۆ بگەیەنێتە دەرەوەی شار ، دوای بیری لێدەكەینەوە.
بەردەوام فرۆكەكان مەرگیان دەباران ، بۆنی سیر و سێو وخەریاری ترشاو ، خەریك بوو كاسی دەكردین! لەو كۆلانانەدا جۆرەها دیمەنت دەبینی ، خەلكی بریندار ، گریانی ژن و مندال ، سوتانی مال و وێران بونی گەرەك و كەوتنە خوارەوەی هێلانەی تازە دروستكراوی چۆلەكەكان لەو بەهارەدا… سێ كۆلان ئەولاتر تراكتۆرێك وەستابوو ، خاوەنەكەی كەلوپەلی مالەكەی باردەكرد ، چوینە لای ، زۆر لێی پاراینەوە كە بە ” هیمەت بێ یان بە قیمەت” بەیانمان بۆ دەركا لە شار ، كابرا چو بوو بە كەلی شەیتانا و دەیوت كەلوپەلمان زۆرە و جێ خۆمان نابێتەوە! زۆر لیی پاراینەوە ، سودی نەبوو ، تورەبوم ، میلی كلاشینكۆفم لێ هێنایەوە و پێم وت س……. لەشاردا هەزاران كەس كوژراون ، بەیان جێگەی ساجی نانكردنەكە ناگرێت ، تۆش لەو خەلكە زیاتر نیت ! نەیبەی دەت كوژم !! هاوسەرەكەی و دایكی وتیان كاكە گیان بەسەر چاو دەیبەین ، ئەوە هەرخۆیی وا كەرتڕە!
وتم : مەلا راكە بەیان بە كۆل بهێنە .
وتیان پێویست ناكات ، ئەو زەیستانە ، خۆمان دێین !
كەبەیان و مندالەكەی كە هێستا پاك نەكرابویەوە ، تەنیا لە پارچە پەرۆیەك پێچرابوو! سواری تراكتۆرەكەم كردن ، ژنەكان وتیان شتی وا چۆن دەبێت ، با پیاوەكەیشی لەگەلمانا بێت ، مەلاش سواربوو ، دواتر وتیان دەبێت ژنێكی خۆشتان بێت لەگەلیدا ، دایكم دەستی بەیانی گرتبوو ، ئەویش سەركەوت لەگەلیان . زۆر سوپاسم كردن و داوای لێبوردم لە كاكی شوفێر كرد و ئەلاو ئەو لایم ماچ كرد. كە تراكتۆرەكە كەوتەرێ هەستم دەكرد بارێكی قورسی سەرشانم لە كۆل بوەتەوە!
بە محسنی برامم وت بروات بۆ لای ئەو خزمانەی ترو هەلومەرجەكەیان تێگەیەنێت و خالەكانم و مالی پورە ئەختەرم و منالەكانی بهێنێ ئێمە لای چایخانەكەی كەپرەكە چاوەرێیان دەكەین . باشبوو ئەوانیش بە قسەیانكردبوو ، لای مزگەوتی ” مەسعەب” پێك گەیشتین و كەوتینە رێ ، نزیك مالی عومەری حاجی عەنایەت ، پێم وتن دانیشن ، دلشاد و مەریوانم نارد لە مالی كاك عومەر یەك دو بەتانی بێنن ، تا منالەكان سەمایان نەبێت! لەوكاتەدا ریزێك فرۆكە هاتنەوە و بۆرومان دەستی پێ كردەوە ، بە خزمانم وت راكەنە شیوەكە ، جگە لەوان هەرچی خەلك لەو ناوە بوو چونە شیوەكە! ناپالمێك مامۆستایانی كردە ئامانج ، نزیك مالی عوسمانی عەلە چەتونی بەكرێگیراوی وێرانكرد ، من رۆشتم بە شوێن دلشاد و مەریوانا ، لەبەردەم مالی كاك عومەری حاجی عەنایەتا گەلابەیەك وەستابوو پربوو لە خەلك و هەموو بە یەكەوە هاواریان دەكرد! لەبەردەم گەلابەكەدا پیاوێك كەوتبوو هاواری دەكرد باوكەرۆ بوم بە دوكەرتەوە! تەماشام كرد و دەستم دایە دەستی هەستایە سەر پێ و هیچی نەبوو ، تەنیا بە پەستانی ناپالمەكە لە گەلابەكەوە كەوتبوە خوارەوە! كابرا هێور بوەوە و سەركەوتەوە و گەلابەكە كەوتەرێ! …
بە خزمەكانم وت وەرنە سەرێ با برۆین ، هەموویان سەركەوتن دەستی باپیریشم گرت و سەركەوت ، بەڵام نەنكم نەی دەتوانی، منیش چەكەكەم بۆ شۆركردەوە و رامكێشایە سەرەوە! كەوتینەرێ ، یەكەمجار بۆلای كارێزەكەی شەهیدان ، هەزوو هەوالم زانی ئەوێ بە خەستی بۆردومانی كیمیاوی كراوە و ناتوانین دەرچین، گەراینەوە ، بە نێوان مامۆستایان و ئۆردوگا زۆرەملێكەی هاواریەكاندا ملی رێمان گرتە بەر روەو عەبابەیلێ ، گەشتینە سەر جادەكەی عەبابەیلێ ، پێم وتن دانیشن و گوێم لێبگرن ، بۆ ئەوەی لە یەكتری دانە برێن ئێمە ناومان ” تیپی گۆران”ە! هەر خێزانەی پشتوێنێك بە درێژای خۆتان راكێشن و بیگرن بە دەستانەوە ، گەر كێشەیەك هەبوو بەوەی بەردەمتان بلێن تیپی گۆران بوەستن ! ئێمە لە لەشكرێكی تێكشكاو شكست خوادو دەچوین ، كە رەوتەكەیان بێ هارمۆنی و نا هاوسەنگە! ئێمە لە مندالی چەند مانگەوە تا پیرە پیاوی ٧٠ سالە بەیەكەوە رێمان دەكرد ، هەمومان كەم تا زۆر برینداری چەكی كیمیاوی بوین ، پورە ئەختەرم ، تەرمی هاوسەرەكەی لە شار بە تەنیایی جێ هێستبوو ، هەنگاوی بۆ هەلنەدەهات ، ئەو لە هەرەتی لاویدا بەعس و جەنگ و كیماباران ، بێ هاوڕێ و بێ هاوسەرو بێ نان ئاوەری ماڵی كردبوو ، بۆیە دەبوو ، زۆرتر ئاگام لەوبێت ، جگە لەوەی زۆر هیلاك بوم ، هەفتەیەك بوو تێر نە خەوتبوم ، بەلام جگە لە چەك و تاقمەكەم جاروبار دەبو ، “پەیمان” یان “نیشتمان” هەلگرم ! ئاخر ئەوان هێشتا مندالی یەك تا سێ سالان بون! .. بە هەر دەردی سەریەك بوو ، گەیشتینە عەبابەیلێ ، پێم وتن با كەمێك پشو بدەین ، ئەوە كارێزی ئاوەكەیە ، دەموچاوتان بشۆن و ئاو بخۆن! هەلەیەكی گەورەم كرد ، زۆریان پێش ئەوەی دەستیان بشۆن ئاویان خواردبوو ، دەستیشیان ژەهراوی بوبو ، كەوتنە رشانەوە! ئەوكات من نەم دەزانی مەسەلە چیە وتم كەس هیچ نەخوا و نە خواتەوە ! رێگەی عەبابەیلێ هەڵەبجە لە شوراكەی چین دەچوو ، ئەو خەلكە بە برینداری و نیوە مردویی ملی ئەو رێیەیان گرتبوو، كە تاریكی باوەشی بەو ناوەدا كرد ، جاروبار ئوتومبێلەكان بۆ بینینی بەردەمیان لایتیان دادەگرسان ، لە دەیان لاوە هاواریان لێدەكرا ، بیكوژێنەوە ! تا نەكەوینە بەر شالاوی بۆردومان .
لە سەروی گوندی عەبابەیلێ وە كاك حەسەن زیرەك بە خۆی و تراكتۆرێكی پر لە سەرنشینەوە كەوتبونە چەمەكە ، لەو روداوەدا كاك حەسەن دەستێكی لەدەستدا، زۆرجار بەهۆیی تاریكیەوە پێت دەنا بە كەسانێكدا كە لەسەر ئەو رێگەیە ، خەوتبون ، یان بورابونەوە ، یان لە ماندویەتیدا پالكەوتبون ، دەنگی گریانی مندال و هاوار و لاوانەوەی ژنان و نركەو نالەی برینداران سەمفۆنیایەك و تێكەل تریفەی ئەستێرەكانی ئەو شەوە دەبوو .
تیپی گۆران كە من فەرماندەكەیان بوم ، لە چاو باقی خێزانەكانی تردا باشتر بوین ، من لە هەموویان خراپتربوم ، جگەلەوەی چەند شەوبوو نەخەوتبوم ، هاوكات ئەو شەوەش چەند هەنگاوم بۆ پێشەوە دەنا ، دەبوو زوزوو بگەرێمەوە دواوە تا كەسیان جێ نەمێنێت . كاتژمێر نزیكی یەكی شەو گەشتینە لوتكەی شنروێ و لەوێوە لامان دا ، هەمویانم دانیشاند و پێم وتن ، رێگاكە ناوقەد بڕ دەكەین ، لە “ئەشكەولەوە” دەچینە ” وەزگێل” و لەوێشەوە دادەبەزینە هەوارەكۆن ، بەلام دەبیت وریابین و لەو رێگەیەدا لە جەند شوێن مینرێژە! بەلام تولەرێی پێشمەرگەی هەیە و من شارەزام و لەو شوێنانەدا ئاگادارتان دەكەم و خۆم لە پێشتانەوە دەرۆم و وەك شەمەندەفەر دەستی یەكتری بگرن!
بەرە بەیان لەسەر كانیەكەی وەزگێل پشویەكمان دا ، هەرچەندە زۆر هیلاك بون و دەیانویست سەرخەوێك بشكێنن ، پێم وتن هەرچی چۆنێكیان كردوە با بگەینە ئەو دیو بەفری میری، پێش ئەوەی خۆر هەلبێت، بە ناچاری بە قسەیان كردم ، شەكەت و ماندو دیسان كەوتینە رێ. لە پشت ” سێ قلاتان” تیشكی خۆری بەیانیان دەموچاوی تەزیومانی ماچ كرد و خۆر وردە وردە دەم كەلی شاهۆیی جێ هێشت و ژیان و رۆژێكی نوێ دەستی پیكرد!
بەشی سێهەم
من و تارق رەمەزان و پاسدارەكان!
كە چاوم كردەوە یەكەمین شت پرسیم ، كوان خزمەكانم ؟! ئەوانیش وتیان:
ــ بوەسەو تۆ خۆت لە لێواری گۆردا دەلەرزی ، با خۆت چارەسەر كەین ئینجا مشوری ئەوانیش دەخۆین!
ـ ئاخر ئەوان هیچیان پێنیە!
ــ ئارام بە با كۆپتەرەكە بێتەوە دەت نێرین بۆ ئێران!
٣.١٨ بوو ، دوو رۆژ دوایخنكانی هەڵەبجە بوو، ئێوارەی پێشو بە هەر دەردی سەریەك بوو خزمەكانم بە رێگەی میناوی و تولەرێ پێشمەرگەدا ، گەیاندبویە ئەم دیوی بەفری میری ، پێم وتن ، من دەرۆمە خوارەوە بۆ هەوارەكۆن و مشورێكتان دەخۆم ، خواردنێك ،بە تانیەك ، شتێك بۆ منالەكان پەیدادەكەم ، ئێوەش وردە وردە وەرنە خوارێ ، فرۆكەكان بەردەوام دەهاتن و دەچون ، هەرجارێك لەگەل بارینی رۆكێتەكانیان ، پۆلێك مندال ، ژن ، پیرو لاوی ئەو خەلكەیان بۆ هەتا هەتایە دەخەوان!
پێش ئەوەی بگەمە لای كارێزەكەی هەوارەكۆن دنیا لە بەرچاوم دەخولایەوە ، كە دەم ویست بە دیقەتەوە سەیری رێگاكە كەم خەریك بوو هەردوچاوم دەهاتە دەرەوە ، وەك باران و تەرزەی بەهار فرمێشك و چلم بە چاو لوتما دەهاتە خوارێ! درەختەكان لە بەرچاوم لێل بون ، سەرم بەجۆرێك كاسبوو ، مردنم بە ئاوات دەخواست ،هەناسەم بە ئاسانی بۆ نەدەدرا ، مرۆڤ بونەوەرێكی سەیرە ، من دەمزانی شارو شاخی شارەزورو بناری هەورامان كیماباران كراوە، ماسك و دەرزی دژی كیمیاویشم پێبوو ، بەلام شەرمم دەكرد بەكاری بێنم ! ئاخر بە هەر لایەكدا دەتروانی مندال و ژن و پیربون لەتاو ژەهراوی بون لە پەلوپۆ كەوتبون ، من یەكێك بوم لەو پێشمەرگانەی لەگەل سوپایی ئێراندا ئەم موسیبەتەمان لەو بەهارەدا بەدیاری، هێنا بوو بۆ ئەو خەلكە! شەرمم لە خۆم دەكرد ،چارەنوسی خۆم لەوان جیا كەمەوە ! نازانم ئێوە ناوی دەنێن چی ، رۆمانسیەت ، یان ونبون لەنێو سۆزدا . تا ئەو رۆژەش من خۆم بە سەربازی رێگایی ئازادی و خۆشگوزەرانی ئەو خەلكە دەزانی ، بەلام دوای ئەو مەرگەساتە ، هەستم دەكرد من و پاسدارەكە و فرۆكەوانەكان بەیەكەوە ئەو تاوانە گەورەیەمان خولقاند ! نازانم چەندی پێچوبوو لە هۆشخۆم چوبوم ، پێشمەرگە هاورێكانم بە كۆل منیان بردبویەوە بۆ بارەگایی تیپی یانزە لە هەوارەكۆن ، شەو رۆژێك دواتر چاوم كردەوە ، نازانم بلێم بۆ خۆشبەختی من یان بۆ نەگبەتی من لە بارەگایی تیپ دەرزی و دەرمانی پێویست هەبوبو تا لە مردن رزگارم كەن !
هەرچەند هاورێكانم زۆریان پێوتم كە من هیلاكم و نەچمە دەرێ تا كۆپتەرەكە دێتەوە و دەمنێرن بۆ ئێران بەلام ، نەم توانی خۆم بگرم چومە دەرەوە تا هەوالی خزمەكانم بزانم ، لە هەوارەكۆنەوە بەرەو گریانە كەوتمە رێ ، ئەو رێگایە لە رێچكەی مێرولە دەچوو، هەموو شتێكت دەبینی ، دایكێك كە كوێر بوە و هێشتا شیر دەدا بەساواكەی ، ژنێك ژانگرتویەتی و مندالی دەبێت! هاواری مندالێك كە گەورەكانی ون كردوە ، لاوانەوەی دایكێك كە مندالەكانی بە مردویی لە حەوشەكەی خۆیانا جێ هێشتوە ، نركەو نالەی پیاوێك كە رۆكێتەكان چەندین كونیان كردوەتە جەستەی ، فرمێسكی مرواری ئاسایی كیژۆلەیەكی حەڤە سالە كە كورە ئاشقەكەی جیرانیان بە مردویی جێ هێشت و لەبەر مۆرەی باوك و برا نەی توانی دوا ماچی مالاوایی بكات!
لە نزیك پردەكەی گریانە گەشتم بە كاك عبدلرحمان ، یادی بەخێر ، هەوالی خزمانم زانی ئەوانەیان لە هەڵەبجە دەرمكرد باشن و ئەوە لە پێشەوەن روەو گوندی شێخانی سەر سنور نیشتمانی دزراو لەخاچ دراوم ملی ئەو تولە رێیەیان گرتووە . عەلاگەیەك خورمام پێبوو هەر ئەوەم شك بردبوو دامە دەستی ، پێی وتم : نەلێی پیاوەتم كردوە ، رزگارم كردون ، منەتت نازانم ! ئێمە دەرۆین بۆ ئێران ، تۆ برۆ مەلا ئەحمەد و دایكت و بەیان و منالەكەیم بۆ بێنە ، دەسم دامێنت ، نامەوێ بمرم پێش ئەوەی منالەكەی ئەحمەد لە باوەشكەم! ” مەلا ئەحمدی كوری لە كاتژمێر دووی رۆژی ١٦.٣ دا بوو بە باوك ” ماچم كردو بەلێنم پێدا دەچم مشوریان دەخۆم ، گەرامەوە روەو هەوارەكۆن ، حاجیەكی هەورامی لە سەر رێگاكە پالی دابوو بە تاشە بەردێكەوە و خوێن لە هەموو لەشیەوە دادە چۆری ، بانگی كردم كورم مەرۆ ، بم بەرە قەراخ ئاوەكە ، دەمەوێت دەسنوێژێك بگرم پێش ئەوەی بمرم! شانم دایە ژێر بالی و بردمە قەراخ ئەو ئاوەی تێكەلی سیروان دەبێت ، لێوی نا بە ئاوەكەوە تێر ئاوی خواردەوە و شانی نا بە بەردێكەوە ،هەناسەیەكی نا ئومێدی هەلكێشا ،دەستی شل بوو بۆناو ئاوەكە، دلۆپ دلۆپ خوێنی لەشی ئەو تێكەلی ئاوەكە دەبوو ، كالدەبویەوە و تێكەلی لرفە و وردە شەپۆلەكانی دەبوو، ئەو هیمۆ گلۆبینانەی لەگەل ئاوەكەی سیرواندا توێشوی هەورامیەكی هەجیجی بوون ، سكالای خۆیان دەبردەوە بۆ ولاتی بابل و سۆمەریەكان و بۆلای شەریعەتەكەی حامورابی ..
هەڵەبجە بۆ من تەنیا زام و برینێكی سارێژنەبوو نیە، بەلكە قەرزێكەو لە ئەستۆمدایە ، هیوادارم پێش ئەوەی ژیان بەجێبهێلم ، بتوانم قەرزەكەم بدەمەوە!
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.