حوزەیران 29, 2015 Omer ئهنفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە بیرەوەری رۆژانی ئەنفال / بادینان بەری گارێ و زێبارەتی
بیرەوەری رۆژانی ئەنفال / بادینان
(بەری گارێ و زێبارەتی)
ئاكۆ ئاكۆیی
ئەنفال ئەوپرۆسەیە بوو كە بە بڕیارێكی ئەنجومەنی بەناو سەركردایەتی شۆڕشو سەرۆكەكەی سەدام حوسێن لەرۆژی (29/3/1987) بەشێوەیەكی فەرمی (عەلی حەسەن مەجید)ی ناسراوە بە(عەلی كیمیایی)، كەئێستا وەك تاوانبارێكی سەرەكی لەسەر تاوانەكانی ئەنفال بڕیاری لە سێدارە دانی بۆ دەرچووە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بڕیارەكە جێ بەجێ نەكراوە(١) دەست نیشان كرد، بۆسەرپەرشتیو جێبەجێكردنی پرۆسەكە، مەبەست لەپرۆسەكە جنێوسایدی كورد بوو، رژێمی لەناو چوو پڕۆسەی ئەنفالی بەهەشت قۆناغ جێبەجێكرد، ئەوەی لەخوارەوە دەیخوێنیتەوە بیرەوەی ئەو رۆژانەیە كەبەچاوی خۆم زۆر لە روداوو كارەساتەكانم بینیوە .ئێمە مەفرەزەیەكی پێشمەرگە بووین لە ناوچەكە دا مابووینەوە لەدواقۆناغەكانی ئەنفال(ئەنفالی بادینان) كە پێشتر زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەتایبەتی (هەولێرو سلێمانیو گەرمیان) بەرشاڵاوەكانی ئەنفال كەوتبوونو ئەوەی مابۆوە تەنیا ناوچەكانی بادینان بوو.
ئەنفالی بادینان كە دوا قۆناغ و قۆناغی هەشتەم بوو لە(25/8) تا (6/9)ی ساڵی (1988)، كەرۆژی (6/9)رژێم بەلێبوردنێكی درۆزنانە كۆتایی بەهێرشەكان هێنا.
سەرەتا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت وەستانی شەڕی (ئێران – ئێراق)ە كە زیاتر بواری بۆرژێمی بەعسی روخاو ڕەخساند بۆبەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی ئەنفال هەرچەندە پێشتر پرۆسەی ئەنفال دەستی پێكردبوو بەڵام بە وەستانی شەڕ پرۆسەی ئەنفاڵ فرەوانترو دژوارتر بوو. دوای وەستانی شەڕو كێشانەوەی هێزەكانی رژێم لەبەرەكانی شەڕِ، زانیاری ئەوە هەبوو كەڕژێم هێزێكی زۆری (سوپاو جاش)ی كۆكردۆتەوە بۆهێرش هێنانە سەر ناوچە ئازادكراوەكانی بادینان ، بەتایبەتی لەسەر ئەو هێزانەی لەناوچەكانی ( ئامێدی دێرەلوك و شێخانو ئاكری ) ، بارەگاكانی ئێمە لەدەڤەرێك بوو دەكەوتە نێوان (زێبارەتی و بەری گارا) لەگەلییەك بووین بەناوی (گەلی تووبە) كەكەتبووە نێوان هەردوو گوندی (كافێ)ی زێبارەتیو گوندی (یەك ماڵە) ی بەری گارا، بەری گارا ناوچەیەكی فرەوانەو (گارا)ش زنجیرە شاخێكی دوورو درێژە ئێمە لە پایزی 1986 بارەگاكانمان لەوێ دانان، هەرلەم گەلییەدا لە بەهاری (1988)یەكەم كۆنفراسی حزبمان (حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان )ی تیا بەسترا.
دوای وەستانی شەڕی (ئێران ـ ئێراق)، رژێم زیاتر دەستی كرایەوە بۆشەڕكردنی هێزی پێشمەرگەو داگیركردنی ناوچە ئازاد كراوەكان، راگەیاندنی كۆتایی هێنان بەشەر كە ئەوكاتە خومەینی وەك خۆی وتەنی(وەك خواردنەوی جامێك ژەهرە) بەناچاری بڕیاری لەوەستانی شەڕدا لە(8/8/1988).
دوو سێ رۆژ دواتر كۆرێكی فرەوان لەسەر بارودۆخەكە كەتایبەت بوو بەوەستانی شەڕو هەلومەرجی داهاتوو، بۆسەرجەم ئەو كادیرو پێشمەرگەكانە ی حزب كە لە بارەگاكان بوون لەلایەن بەڕێز (كاك قادر عەزیز) بەسترا، كەلە بەشێكی وتەكانی ئاماژەی بەوەدا ( كە بەكۆتایی هاتنی شەڕی ( ئێران ـ ئێراق) ڕژێم زیاتر دەستی بەتاڵ دەبێت و بواری زیاتری بۆدەرخسێت بۆشەڕكردنی هێزی پێشمەرگەو پەلاماردانی ناوچە ئازادكراوەكانیو ئەنجامدانی پیلانەگلاوەكانی لەبەرامبەر گەلەكەمان، بەمەش خەبات و تێكۆشانمان سەخت تردەبێ، بۆیە دەبێت خۆمان بۆ ئەو رۆژەو هەموو پێشهاتێك ئامادە بكەین و شێلگیرانە تر بەگژ پیلانەكاندا بچینەوەو لەوانەیە شێوازی خەباتی چەكداریمان گۆڕانی بەسەردابێت و شەری پارتی زانی پیادەبكەین ) .
شوشان 1985 كۆمەلێك پێشمەرگە
سەركردایەتی حزب وەكو هەموولایەنەكانی تری ناوچەكە بڕیاری دا كەبە شێوەیەكی كاتی ناوچەكە جێ بهێڵیت، كەدوا لایەن بووین بڕیارەكەمان پیادەكردو حزب بڕیاریدا مەفرەزەیەكی (11) یانزە كەسی لەناوچەكە لە دەوروبەری بارەگا جێبهێڵی بۆهەندێ كاری پێویست، كە كارەكانی ئەنجامدان ئەوانیش بگەنەوە هێزەكانی تر لە چیای شیرین وا بڕیار بوو ئەم مەفرەزەیە كە كارەكانی ئەنجام دان بەرێ بكەون و لە و دیو چیای شیرین بە هاورێكانی تر بگەنەوە ، ئەم (11) پێشمەگەیە ئەمانە بووین:
دڵشاد كۆیی، نەبەز ئیسماعیل، دانا حەوێز، سالار، ئاری ، كۆسرەت، ئومێد، هەرێم، سەرەتا، كاروان،،ئاكۆ ئاكۆیی).
(26/8) گشت ئەو هاورێیانەی لەبارەگاكان بوون جگە لە ومەفرەزە یانزە كەسیە نەبێت هەموویان بەرێكەوتن بۆ ئەو شوێنەی پێشتر دیاری كرابووكە ئەو شوێنەش چیای ( شیرن )بوو بڕیار وابوو بە شێوەیەكی كاتی بارەگاكانمان لەوێ دابنێین تا باروودۆخی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە ئەوكات بگەرێینەوە بۆبارەگانمانی پێشووترمان.
ئەو كارەی كە بە مەفرەزەكە ڕاسپاردرا بوو بریتی بوو لەگەیاندنی هاوڕێیەك بۆ نزیك یەكێ لەگوندەكانی (دنیارتە) بۆ ئەوەی بچێتە هەولێر كۆمەڵێك ڕاسپاردەی پێ بوو بۆ هاوڕێیانی ناوشار (ڕێكخستن) هەروا شاردنەوەی ئەو كەلوپەلانەی لەبارەگاكان بوون، وەك كەلوپەلی راگەیاندن و چەك و بێ تەڵ و ئازوقە ……تاد، هەر هەمان رۆژ چوار هاوڕێ لەگەڵ ئەو هاوڕێیەی بڕیاربوو بچێتەوە هەولێر بەڕێكەوتین، ئەوگوندانەی كەوتنە سەر ڕێگامان (كافێ، كانی گوڵێ، دەحلێ ) چۆل كرابوون، ئێمە دەبوایە بە چیای (سەری شەهێ) سەركەوین كە سەرەتایی زنجیرەی چیای (پێرس)ە چیای پێرس لە وێوە دەست پێ دەكات و درێژ دەبێتەوە تا بێخمە، مەتارەكانمان لە ئاوی ( دەحلێ) پڕكردو ڕێگای هەورازمان گرتەبەر، هێشتا هەرلەبنارەكەی دابووین چەندكەسێك بەسواری ولاغ بەڕێگادا دەهاتنە خوار، خەڵكی ناوچەكە بوون پرسیاری ڕێگامان لێكردن زۆربە پەلەبوون وتیان ( بگەڕێنەوە ناتوانن بگەنە گوند ئەوێ پڕبووە لەسووپاو جاش، هەموو ڕێگاكان گیراون، ئێمە بەپەلە توانیمان خۆمان دەرباز بكەین و ئێوە چی دەكەن لێرە زووكەن خۆتان دەرباز بكەن و ناوچەكە جێبهێڵن ) ، ئێمە بەردەوامیماندا بەرۆیشتن، زۆر مەبەستمان بوو بتوانین ئەو هاوڕێیە بگەینینە شوێنی مەبەست چوونكە كارەكەی زۆر پێویستو زەروری بوو، مەودایەك ڕۆیشتین دیسان دووكەسی تر بەسواری ولاغ بەپەلە دەهاتنە خوار پێش ئەوەی ئێمە لێیان بپرسین ئەوان وتیان كێوە دەچن؟ پێمان وتن دەچینە ئەو شوێنە ئەوانیش جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە بگەڕێنەوەو لەو ناوچەیە دوور كەوینەوە ، هەڵبەتە قسەكانی ئەوان ڕاست بوو ناوچەكە چۆڵ ببوو، رەوشەكە ئاڵۆز ببوو بارودۆخەكە هەموو ئاماژەكانی وا بوون كەكارەساتێك بەرێوەیە بڕیارماندا بگەڕێینەوە، بۆنزیكی ئێوارە گەیشتینەوە لای هاوڕێیان، ئەوان زۆربەی كەلوپەلەكانیان شاردبۆوە، كەشەو داهات فڕۆكەی (پیلاتۆزوكۆپتەر) بەئاسمانی ناوچەكە دەسوڕانەوە، هەندێ لەشوێنەكانی ناوچەی بەری گارەی بۆردومان دەكرد، گوندی (شێرانە) بەر بۆمبی كیمیایی كەوتبوو، دووكەسیش شەهید ببون، لەبارەگا دەرچووین و چووینە بەرزایەكان ، بارەگای ناوچەی (ئاكرێ)ی برادەرانی پارتی لەنزیكی ئێمەوە بوون بارەگاكانی هاورێیانی حزبی شیوعیش لە ناوچكە بوون، هەموو یان چۆڵكرابوون.
لە (27/8) ئەو كارانەی بەئێمە راسپێردرابوون جێبەجێمانكردن، جگە لەو هاوڕێیە نەبێت كە نەمانتوانی بەڕِێی بكەین بۆهەولێر، ئێوارە خۆمان ئامادەكرد بۆ رۆیشتن، بەیانی كاتژمێر (5) بەڕێكەوتین، كەلوپەلی پێویستی رێگامان وەك نان و خواردن، لە ئێسترێك باركرد، (گیسك) ێكیشمان هەبوو دەمێك بوو بە خێومان دەكرد زۆر متوی ئێمە ببوو لەدوای ئێمەوە دەرۆیشت دامانابوو لەڕێگادا بیكەین بەژەمێك، هاوڕێ (كرمانج عەوێنەیی) زۆر خولیای ڕاوەكەو بوو دووكەوی هەبوون لەلای ئێمەی دانابوون خۆشی بەجەولە چووبووە دەشتی هەولێر هەر ڕۆژی پێشووتر كەوەكانمان بەردان و قەفەزەكانیشمان شكاندن، ئەو رێگایەی ئێمە پێیدا دەرۆیشتین بەبناری زنجیرە چیایێكەوە بوو بەناوی (حەفت تەبەق) كەدەكەوێتە نێوان هەردوو چیای گارەو مەتین ئێمە بە دیووی لای گارادابووین ، ڕێگاكە بەنێودارستانێكی چڕدا بوو تا گەیشتینە نزیك گوندی ( سەرانێ سەروو)، لەوێ بەرزایەك هەبوو هەوارگەی چەند ماڵێكی مەردار بوون، خەڵكێكی زۆری گوندەكانی ناوچەكەی لێ كۆببوەوە چاوەرێی ئەوەیان دەكرد هەواڵی سەرزێی (بادینان)یان بۆبێت بۆئەوەی بۆ ئەو دیو شۆڕ ببنەوە بۆ (دەشتازێیێ)و لەزێی بادینان بپەرنەوەو بە گەلی باڵندە بەرەو سنورەكانی ئێران-توركیا بڕِۆن، چووینە ناو خەڵكەكە پرسیاری رێگامان لێكردن وتیان ئێمەش چاوەڕێ دەكەین دووكەسمان رەوانە كردووە لە نزیكەوە چاودێری بكەنو بزانن دەتوانین لەزێ بپەڕینەوە گوایە ئەو دیوو و سەرزێ گیراوە، ئێمەش لە دووری خەڵكەكە لەژێر درەختەكانی گۆرستانێك لەچاوەروانی دابووین، دوو هاورێشمان لەنێو خەڵكەكە بەجێمان تاهەواڵی رێگا وەرگرن، ئەودووكەسەی كەخەڵك چاوەرێیان دەكردن پاش كەمتر لەكاتژمێرێك گەرانەوە دوو هاورێیەكەمان هاتنەوەو وتیان ئەوان گەرانەوەو دەڵێن سەرزێ گیراوە، ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆناوچەی بارزان هاتوو چۆیانە، كۆپتەر بەبەردەوامی بەسەر هێزەكان دەسوڕێتەوەو سووپا لەودیوو بەرەو ئەم ناوچەیە دێت ، خەڵكەكە كەئەمەیان بیست بەپەلە پەرتەیان لێكردو لەنێو چری دارستانەكە وون بوون.
ئێمەش بە دوای ئەوان بۆ نێو دارستانەكە گەراینەوە بڕیارماندا لەبەر دوو هۆ تێكەڵاوی خەڵكەكە نەبین، یەكەمیان نەبادا خەڵكێك هەبێت زانیاریمان لەسەربدات، دووەمیان خەڵكانێك هەبوون پێشمەرگەیان شەهید دەكرد وتەسلیم دەبوونەوەو بۆ ئەوەی رژێم لێیان ببورێت، ئێمە لەنێو دارستانەكەدا چووینە سەر بەرزایەك بۆ ئەوەی بزانین بارودۆخەكە لە چیدایە ، كات نزیكەی نیوەرۆ دادەهات گوندی ( سەرانی سەروو ) لە ئێمە دیار بوو دەنگی گرمەی تۆپەكان دەهاتنە بەر گوێ وبەرەبەرەش دەنگەكە نزیك دەبۆوە تاوای لێهات بۆ دیووی ئێمەش تەقێندران و پاشان تۆپەكان وەستان و كۆپتەر گەیشتە ئاسمانی ناوچكەو دەسورایەوە ، سەیرمانكرد وا سوپاو جاش لەهەموو ئەو ڕێگا سەرەكیانە وەك گوندی بانێ و سەری شەهێ و گەلی نیێ بەرەو ناوچەكە دەهاتن، دەنگی تەقەش تادەهات نزیك تر دەبۆوە، سوپاو جاش لەوبەرزایەی كە ماڵە مەڕدارەكانی لێبوو بەدەركەوتن وبەرەو گوندی ( سەرانی سەروو ) شۆڕ بوونەوە هەڵبەتە ماڵەمەڕدارەكان وگوندەكە چۆلببوون ، پێش ئەوەی ئەو هێزە بگەنە ناو گوند دایانە بەردەست رێژی تفەنگ و ئاربی جی كە چوونە ناویش ئاگریا لەگوندەكە بەردا، یەكەم گوند لەناوچەكە ئاگری تێبەردرا گوندی سەرانی سەرووبوو، بریارماندا بگەرێینەوە دەوروبەری بارەگاكانمان، هەر هەموومان خەڵكی دەرەوەی ناوچەكە بووین ئەوەندە شارەزای ناوچەكە نەبووین تابتوانین بۆ هەر شۆێنێك بمانەوێ بچین ئەو گوندانەی كە لەئێمە دیار بوون وەك (كافێ، كانی گوڵێ، بیركەكۆرو، ئاگرێ، سەرانێ خوارێ، بانێ) لەهەموو گوندەكان دووكەلوئاگر بەرزبۆوە، ئیتر كەلكی ئەوە نەما بەو شێوەی پێشوومامەڵە بكەین بارمان لە ئێسترەكە كردەوەو كورتانمان لەپشت داكەندو بەرەلامان كرد، كۆڵە پشتەكانمان لەوكەلوپەلانەی تایبەت بەخۆمان بەتاڵكرد، ئەو نانەی پێمانبوو دابەشمان كردوو خستمانە ناو كۆڵپشتەكانمان، (كۆڵەپشتەكەی من كورتەك و شولوارێكی تیابوو كە ئەویش هی هاوڕێ ( بەلێن ) بوو ئەوەی من كۆن ببوو فڕێم دابوو ئەوم لەجیاتی هەلگرتبوو لەگەل هەندێ ئەدەبیاتی حزب و وێنەی فۆتۆگرافی و نەخشەیەكی جیهان و سێ دیوانە شیعری (گەردەلوولی سپی لەتیف هەڵمەت و شەونامەی شاعیرێكی تێنوی عەبدەڵڵا پەشێوو سوتان لەبەربارنی رەفیق سابیر) ، هەرلەوێ هەموویانم جگە لەدەفتەری شیعرەكانی خۆمو وێنەكان، كەئەوانیشم دواتر لەئەشكەوتێك شاردنەوە خستمەكڵورایەكەی قاپی ئەو دارتووەی كە لە سەركانیێك بوولەبەر رێگا ، لەكاتی گەڕانەوەمان بۆشوێنی مەبەست ئەو گیسكەكە هەربەدوامانەوە بوو، بە دوای ئێمەوە دەرۆیشت تا تاریك داهات، ئیتر ئێمەی ونكرد مەودایەكی زۆر گۆێمان لەباعە باعی بوو، چووینە ناو بارەگاكانمان، سێ چوار دەبەی پێنج لیتریمان هەڵگرت بۆ ئاو، هاورێ دڵشاد كەلێپرسراومان بوو، وتی واچاكە خۆمان بگەیەنینە (گەلی بانێ) كە شوێنێكی سەختەو ئاوی لێیەو سود لەترێ و هەنجیرە خۆرسكەكانی وەردەگرین، بەڵام لەبەر گەمارۆو زۆری سوپاو جاش ونا شارەزایی تەوای ناوچەكە ئێمە تەنیا رێگا سەركیەكان شارەزا بووین نەدەتوانرا بۆ ئەو شوێنە بچین، بۆیە دواتر شوێنێكی ترمان دەست نیشانكرد كە شوێنێكی سەخت و نزیك گوندی یەك ماڵە بوو، بەڕێكەوتین لەسەر رێگا كانیێگ هەبوو جێی هەوارگەی هاوینانی گوندنشینەكان بوو بەناوی (كانی گیسك)، لەوێ لاماندا بۆئەوەی دەبەكانمان پرئاو بكەین، ماڵەكان چۆلیان كردبوو، بەڵام هەموو كەلوپەلەكانیان لەوێ مابوون، تەنانەت پیاڵەكانیان پرلەچاو مەنجەڵی چێشتیان پرلەچێشت بوون، هەندێ خواردنیشمان لەمەنجەلەكان خوارد، لەیەكێك لەكەپرەكان نوزەیەك دەهات كەبۆی چووین مناڵێكی (5ـ6) ساڵانی پەككەوتویان جێ هێشتبوو، كەڕولال بو، زۆر پێی دڵگران بووین، هیچ چارەیەكمان نەبوو، تەنیا ئەوەی لەدەستمان هات هەندێ نانو ئاومان لەتەنیشت داناو شوێنەكەمان جێهێشت، درەنگانی شەو گەیشتینە ئەو شوێنەی كەبۆی دەچووین، بەڵام كۆمەلێك خەلكی ناوچەكە خۆیان لێ پەنا دابوو كە نەیانتوانیبوو دەربچن ، بۆیە بەناچاری دووبارە لەبەر ئەوهۆیانەی كەپێشووتر باسم كرد، پاش پشوویەك گەڕاینەوە بەرزایەكانی پشت بارەگاكانی خۆمان، تاگەیشتینە ئەوێ بەرەبەیان داهات، دوو دوو دابەش بووین شوێنەكەمان بەرزبوو زۆربەی ناوچەكەمان لێوە دیار بوو، كەرۆژ دەركەوت جوولەی سەربازو جاش دیاربوو بەتایبەتی لەبەردەم هەردوو گوندی (كافێ، كانی گوڵێ) ئاپۆڕەی سەربازو جاش لە بن دارەكانی گۆڕستانی گوندی كافێ دابوو، پێ دەچوو بارەگای سەرەكیان لەوێ دانابێ، خەڵكێكی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانەیان كە زۆربەیان ژن و منداڵا بوون دەستگیر كرابوون، بەریز یەك بەدوای یەك بەپیادە بەرێگای (گەلی نیێ) بەرەو (نەهلێ) یان بردن، هەروا مەروماڵاتێكی زۆریان كۆكردبۆوە.
29/8 سەرجەم گوندەكانی بەرەی گارەیان سوتاند، وەك (یەكماڵە، كیرێ، مەرزێ، شێرانە، ردێنیا، ساركێ، بیێ، زێوەو …. تاد).
لەم گوندانە خەڵكێكی زۆریان دەستگیر كردبوو بە رێگای گەلی شێرانەیان دابردوون بۆ دێرەلوك، رێگای ئەم گەلیە زۆر سەختە تەنانەت بە پیادەش رۆیشتنی تیادا زەحمەتە چەندین ژن و مناڵ و پیر لەم كۆسپ و هەلدێرە كەوتبوونە خوارەوە، كاتێ سوپا گەیشتبوە گوندی (یەكماڵە) تەنیا پیرەژنێكی كوێری لێ مابوو لەسەر بەرماڵی نوێژ كردن دەسترێژیان لێ كردبوو، شەهیدیان كردبوو.
دەبوا ئێمە هەموو ئێوارەیەك كەتاریك دادەهات هاتباینە خوار بۆسەر ئەو كانیەی كەلە خوار ئێمەوە بوو لەبنار ئەو شاخەی كە ئێمەی لێ بووین، یەكەم ئێوارەی كەدابەزین لەدەوربەری كانیەكە دەنگەدەنگ دەهات هاورێیەكمان لێیان نزیك بۆوە بۆ زانیاری دەربارەیان، كەگەڕایەوە وتی هەموویان خەڵكی ناوچەكەن، لێرە خۆیان پەناداوەو لەبەر ئەم ئاوەش هاتوونەتە ئێرە، ئێمەش چارەمان نەبوو دەبا هەر چووباینە سەركانیەكە بۆپركردنی دەبەو مەتارەكانمان كە چوونیە سەركانی دوو كەس لەو خەڵكە هاتنە لامان، ئینجا زانیمان كە چەند مالێكی گوندەكانی (هاریكاشێخاو بیاوێو سەروكانی)بوون، ئەم گوندانە دەكەونە (دەشتازێ) بەرامبەر دێرەلوكو شیلادزێ، چەند كەسێكمان لێ دەناسینو هاتنە لامان وتیان تەنیا خۆمان درچووین، نەمانتوانی هیچ كەل و پەلێك لەگەل خۆمان بێنین، هیچمان نییە بۆخواردن، ئێمەش شوێنی ئەو ئازوقەیەی كە پەنامان دابوو نیشاندان، شەوی پاشتر چووبوون بردبوویان نیشانی خەڵكی تریشیان دابوو كەوەكو ئەوان بێ خواردن بوون، هەندێ زانیاریمان لەوان وەرگرت، وتیان زۆربەی خەڵكی ناوچەكەمان ئەوانەی توانیان چەند رۆژێك لەمەوبەر دەرچوون ئەوە دەرچوون، بەڵام ئەوانیتر هەمووویان وەك ئێمە لە ناوچەكە خۆیان شاردۆتەوەو بەشێكیش گیران.
ئەو نانەی هەڵمان گرتبوو كۆتای هات، بیرمان لەوەكردەوە بچینە ناو بارەگاكانمان چونكە سەربانی چێشتخانەكەمان پڕبوو لەفەردەی چنكەنان گەر نەسوتێنرا بن دەتوانین كەڵكی لێ وەربگرین، شەو چووین شەش هاورێ بووین زۆر بە هێواشی ولەسەر خۆ لە بارەگاكان نزیك بووینەوە هەستمان راگرت دیار بوو هەست وخوستی خەلكی لێوە دەهات نەدەكرا ئێمە بچین بۆیە گەراینەوەو شەوی پاشتر چووین لەبەختی ئێمە تەنیا چێشتخانە نەسوتێنرا بوو، دوو فەردەمان هەڵگرتوو هێنامان بۆنی كۆنی لێدەهات و كەڕەكیفەی لێ دابوو بەڵام چارەمان نە بوو هەڵمان گرتن و بردمان كە رۆژ داهات فەردەكانمان هەلڕشت وبژاردمان ، ڕۆژێك چەند سەر مەرێك لەو مێگەلەی كەسەربازەكان كۆیان كردبۆەو دابرانو بۆلای ئەو ماڵانەی خوار ئێمە هاتن، ئەوانیش بەپەلە لەخۆیان دوور خستنەوە دەترسان نەوەك سەربازەكان بەدوایدابێنو ئاشكرا بن، مەرەكان بۆلای ئێمە هاتن دوومان لێ گل دانەوە، ئەوانی تریشمان دوور خستنەوە بۆلایەكی تر رۆیشتن، یەكێكمان سەربریو ئەوەی تریشمان لەپەنایەك بەستەوە،ئاگر كردنەوە زۆر سەخت بوو نابا بەرۆژدووكەڵ و بە شەویش روناكی دیاربێت كە ئەمەش زەحمەت بوو پیشوتر هیچ پێویستیمان بە ئاگر نەبووچوونكە خواردنی ئێمە تەنیا نان و چنكە نان بوو بەڵام كە گۆشت پەیدابوو ئەوە دەبێت ئاگر بكەینەوە هاوڕێ دلشاد كۆیی زۆر لێزانانە بەشەو لەپەنایەك كەرۆناكی ئاگر دیار نەبێت ژەمێكی لێ برژاند وخواردمان بۆبەیانی زۆربەمان تووشی سك چوون هاتین لەبەر ئەوەی نانی پێویستمان پێ نەبوولە گەلی بخۆین، بۆیە گۆشتەكەمان چیتر نەخواردو مەرەكەی تریشمان بەرەڵا كرد.
هاوڕٍێ ( دڵشادو نەبەزو سالار ) بۆكارێكی پێویست چوونە شوێنێك، كەگەڕانەوە وتیان ئەو مناڵە بەجێ ماوەی لە هەوارگەی ( كانی گیسك ) بینیمان مردووە بەو ماڵانەی خوارەوەمان گوت بە شەو بچن بینێژن ، هاورێ نەبەز گێرایەوە وتی: زەلامێك منالێكی (7ـ8) ساڵانەی سواری ئێسترێك كردبوو بەرێكەوت تووشی بووین پێمان وت بۆكوێ دەچی وتی دەچم تەسلیم دەبمەوە ، پێمان وت ئەی بۆچی ئەم ئێسترە لەگەل خۆت دەبیت لێت دە ستێنن وا باشترە بەرەڵای بكەیت ، كابرا بە گوێی كردین منالەكەی دابەزاندو خەریكی لێكردنەوەی كورتان و رێشمەكەی بوو منالەكە چووە سەر بەردێك لە بەرامبەر ئێسترەكە دانیشت و دەستی خستە ژێر چەناگەی ، باوكی دەستێكی لە پشتی ئێسترەكە داو ئێستر بە نەرمە غاردان كەمێك دوور كەوتەوە ،مناڵەكە یەكسەر فرمێسكی بە چاو هاتنە خواروكە رۆیشتن مناڵەكە زووزووئاوری لە ئێسترەكە دەدایەوە و هەروەستەی دەكرد .
(١) -کاتی نوسینی ئەم بەسەرهاتە هێشتا تاوانبار عەلی حەسەن مەجید لە زیندان بوو سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێنەکرابوو .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.