حوزەیران 27, 2015 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە فاشیزم لە بەرگی دیندا .
فاشیزم لە بەرگی دیندا (*)
ئیبراهیم مەلا زادە
چەمکی فاشیزم وەکو فۆرم، مێژووێکی درێژی نیە، بە بەراورد لەگەڵ تێگەیشتنی فاشیزم، ئایدیۆلۆژیا و ئاکار. زۆرێك لە ئایدیۆلۆژیاکان، یا زۆرێك لە دەستەواژە و چەمکەکان، لەخودی خۆیاندا وەکو قالب مێژووی داهێنانیان ڕەگوڕیشەی قوڵ و دوور و درێژیان نین، بەڵام وەکو فیکر و ئاکار، یا ناوەرۆك، لەوانەیە لەگەڵ مێژووی مرۆڤەکان ئامادەییان هەبووبێت. بۆیە کاتێك کە یەکێك لە چەمکەکان بۆ مێژووێكی بەر لە داهێنانی خۆی دەوروژێندرێت، بەرهەڵستییەکی زۆر بۆ خودی چەمکەکە دروست دەبێت، کە ئەمەش وەکو فۆرم ڕاستە، بەڵام وەکو ڕەفتار و ئاکار، یا ئەو ناوەرۆکەی کە خودی ئەو چەمکەی لەپێناو فۆرمولە کراوە، پێچەوانەی ڕووداوەکانە.
هەر بۆ نموونە، چەمکی جینۆساید، کە مێژووی داهێنانی خودی ئەو چەمکە وەکو فۆرم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٦، کە لەلایەک قانونناسی پۆڵەندی ڕافائیـل لیمکین، داهێندرا. ڕافائیل لیمکین، موعاناتێکی دوور و درێژی بینی لە گەڕان و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی فۆرمێك بۆ ئەکتی پاکتاوی ڕەگەزی. ئەو کتێبێکی بەو ئاراستەیەوە نوسی بەناوی دەستەڵاتی هاوپەیمانان لە ئەوروپای داگیرکراودا، ‘Axis Rule In Occupied Europe’، کە لەوێدا هەوڵی داوە دوو چەمکی جیاواز بۆ ئەو ڕەفتارەی کۆمەڵکوژی فۆرمولە بکات، کە خوێنڕێژی یا بەربەریزم (barbarism) و خاپوورکردن (vandalism) ن (لێمکین، ١٩٤٤)، بەڵام لە ئاکامدا دڵی بەو دوو چەمکە ئاو ناخواتەوە، تا بۆ دوا جار چەمکی (جینۆسیاد) فۆرمولە دەکات. هەوڵی لێمکین بۆ فۆرمولەکردنی ئەو چەمکە، گەڕان بوو بەدوای قالبێك بۆ ئەو تاوانانەی کە هەزاران پۆلەندی پێوە دەتلانەوە، لەم دیوەشەوە لە ئەڵمانیا. بەر لەوەش بە ٤٥ ساڵێك تاوانی پاکتاوی نەژادی ئەرمەنیەکان لە تورکیا، ڕووی دا. لەچەند وڵاتی دی و لە مێژووی دوور و نزیکیشدا تاوانی کۆمەڵکوژی لەبڕەودا بووە، بەڵام کێشەکە لەوەدابوو نە ناوێك و نەفۆرمێك بۆ ئەو تاوانە قێزەونە نەبوو. بەر لەو کاتەش لە ساڵی ١٩٤١، سەرۆك وەزیرانی ئەوسای بەریتانیا وینیستۆن چەرچل وا لێکرد بڵێت “ئێمە ڕووبەڕووی تاوانێکی بێ ناو دەبینەوە” (ڕۆبنەر: ٢٠٠٥). سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی چەمکی فاشیزمیش، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی جەنگی جیهانی یەکەم و وەکو کاردانەوەیەك لەدژی لیبرالیزم و فکری چەپخوازی و ئەنارکیستەکان.
ئەم پێشەکیە، هەوڵدانێکە بۆ نزیککردنەوەی ئەو بیرۆکەیەی کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دایە چەمکەکان لە ناوەرۆکیان بەتاڵ بکرێنەوە. ئەگەر حوکمی قانونی ئەو چەمکانەش سروشتێکی گەڕانەوەیان نەبێت بۆ ڕابردوو، ئەی ناکرێت توانای وەسفیان هەبێت بۆ ڕووداوێك کە لە زەمەنێکدا ڕوویداوە و بەبێ ناو لەو زەمەندا تێپەڕیوە؟ خۆ ئەگەر ئەو قاعیدەیە ڕاست بێت نابێت بەو قەتڵ و عامەی تورکەکان بەرامبەر ئەرمەنەکانی تورکیا کردیان بگوترێت جینۆسیاد، چونکە لەو زەمانەدا چەمکی جینۆساید هێشتا فۆرمولە نەکرابوو؟ بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی نەك هەر بەو چەمکە دەڵێن جینۆساید بەڵکو حوکمە قانونیەکەشی بەسەردا جێبەجێ دەکەن. زۆرێك لە پەرلەمان و دەستەڵاتەکانی دونیاش دانیان بەو تاوانەدا ناوە، وەکو ئەکتێکی حاشا هەڵنەگری جینۆساید.
کەواتە ئایا دەکرێت فاشیزم لەبەرگی دیندا خۆی مانیفێست بکات؟ ئایا دەکرێت بە چەندین ئاکار و گوفتاری هەمەچەشن و هەمەڕەنگ کە لەزەمانێکی زوودا ڕووی داوە بگوترێت فاشیزم؟ گرنگی ئەو وەسفە لەچی دایە بۆ ئەوەی ڕەفتارێك وەکو فاشیزم بخەینە ڕۆژەڤەوە؟
”بەپێی فەهم و بیرکردنەوەی فاشیزم، تەنها ڕێگای پێشکەوتنی پیاو، تێوەگلانە لە جەنگ. بۆیە میلیتاریزم یەکێکە لە کاراکتەرە هەر باوەکانی ناو ئایدیۆلۆژیای فاشیزم…….فاشیزم هەرگیز باوەڕی نە بە ئەگەری دروستبوون و نە سوودی ئاشتیێکی بەردەوام هەیە”. (یەحیا، ٢٠٠٢:١١٢).
ئەم تێگەیشتنە، لە ئایدیۆلۆژیای سەلەفیەتی دینیدا، هەموو پانتاییەکانی پڕکردوونەتەوە. لە ئایدیۆلۆژیای دینیدا، جەنگ یا بەمانا دینیەکەی ”جیهاد کردن” وەکو ئەرکێكی هێندە پیرۆز و گەورە وێنا دەکرێت، کە باوەڕداران والێدەکات بە شەوقەوە بەرەو ڕووی بێ باوەڕەکان ببنەوە، چونکە ”پلەیەکیان بەسەر ئەوانی دی، ئەوانەی کە دانیشتوون، هەیە”، ئەوە جگە لەوەی کە جەنگ لەسەر باوەڕداران نوسراوە، واتە فەریزەتە. بەجۆرێك ئەگەر مردن، بەهەمان ئەو جلانەیان دەنێژرێن، بۆنی خوێنیان دەگۆڕدرێت بۆ بۆنی میسك و حەفتا حۆریش بە شەوقەوە لە چاوەڕوانی بابای ئیمانداردا سەرەیان بەستووە. بەڵام بێگومان قۆناغێکی پێشوەختە هەیە بۆ ئەوەی جەنگاوەران هێندە بە باوەڕێکی پتەوەوە ڕووبەڕووی بێباوەڕان ببنەوە، لە جەرگەی مەیدانی جەنگدا هیچ هێزێك نەبێت بتوانی دڕدۆنگی بکات و توشی پاشەکشەی بکات. ئەم قۆناغە لە پڕۆسەی جینۆسایدیشدا یەکێکە لە کاراکتەرە گرنگەکان.
لە پڕۆسەی جینۆسایددا، بابای جینۆسایدکار دەبێت بیروباوەڕێكی وەها لەدڵی جەنگاوەرانیدا بچێنێت، بەجۆرێك بتوانن لەکاتی ئەنجامدانی کردەی کوشتنی بەکۆمەڵدا، نە سۆز و نەهیچ هەستێکی مرۆڤایەتی لەبەرامبەر بەئامانج گیراوەکاندا بیانجوڵێنێت. بۆیە ئەگەر لە تەواوی جینۆسایدەکاندا ورد بینەوە، وتارێك لەدژی بەئامانجگیراواندا گیراوەتە بەر کە ڕێخۆشکەر بێت بۆ بەئاسانی ئەنجامدانی کردەی جینۆساید. لەبەر ئەوە بەئامانج گیراوان هەمیشە بە ئاژەڵ، سیسرکە، جانەوەر، بەربەری، کەر و گێل و نەفام، سەگ و خائین و تاد, وێنا دەکرێن. لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا، ئەو چەمکانەی وەکو خیانەت، خەنجەر لە کەلەکی عەرەب، پاشۆڵی بەکرێگیراو و چەندین چەمکی دی لەلایەن سەرانی بەعسەوە لەدژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەکار دەهاتن. تەنانەت عەلی حەسەن مەجید لە یەکێك لە ڤیدیۆکانی کوردەکان وەکو سەگ وەسف دەکات. هەموو ئەم چەمکانە زەمینەسازیەکی گەورە و بێوێنەیان بۆ ئەنجامدانی کردەی کۆمەڵکوژی بەئامنج گیراوەکان، کرد. تەنانەت چەمکی ئەنفالیش کە وەکو ناوێك بۆ شاڵاوەکان هەڵبژێردراوە، دەچێتە هەمان ئەو قالبەی کە جینۆساید کار بە وردەکاریەکی زۆرەوە، لە چوارچێوەی پلانێکی پێشینەوە بۆ کردەی پاکتاوی ڕەگەزی بەکار دێنێت.
لێرەدا ئایدیۆلۆژیا لە سازکردنی فاشیزمی دینی ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. ئەگەر بێ باوەڕان وەکو ئاژەڵ نەبینرێن، “ئەوان تەنها وەکو ئاژەڵن، بەڵکو لە ئاژەڵ سەرلێشێواو ترن” لەناو ئاژەڵیش وەکو مەیمون و بەراز، چۆن باوەڕداران دەتوانن لەدژییان بکەونە مەیدانی جەنگ؟ نەك هەر مەیمون و بەراز، کە بۆ جوولەکە و کریستیانەکان بەکار دەهێندرێت، بەڵکو لە ئایدیۆلۆژیای نوێی دینیدا، چەمکی ”جاهیلیەت” بۆ خودی گروپە مسولمانەکان، ئەوانەی پابەند نابن بە ئایدیۆلۆژیای سەلەفیزمی دینی، بەکار دەهێندرێت، کۆمەڵگا بە گشتی دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی جەنگی سەرتاسەری، چونکە ناچێتە چوارچێوەی بیروباوەڕی ئەو ئایدیۆلۆژیایە کە دیندارە فاشیستەکان دەیانەوێت لە واقیعی ئەمڕۆی ژیان و گوزەرانی مسوڵماناندا جێبەجێی بکەن. بۆیە کۆمەڵگا بە تەواوەتی لە حوکمی خودا، لە شەریعەتی خودا دەرچووە و جەنگی هەمووان لەو مەفهومەدا لەدژی هەمووان دەست پێ دەکات. لەوێدا “ئەوەی حوکم بە قانون و شەریعەتی خوا نەکات” دەبنە کافر و هەڵگەڕاوە، دەبنە زاڵم، هەروەها دەشبنە فاسق و لەڕێ لادەر. ئەم سێ چەمکە (کافر، زاڵم و فاسق) لەخودی خۆیاندا بەسن بۆ ئەوەی باوەڕداران، ئەهلی جیهاد و تێکۆشەرانی دین، کۆمەڵگا لە حوکمی تاغوتەکان دەربێنن بۆ حوکمی خودای تاك و تەنها. لەوێدا تۆمەت بۆ دوژمنە دێرینەکان، کە هەر لە دێرزەمانەوە کەوتوونەتە بەر غەزەبی خودا و خودا بۆخۆی ئەو دوو دوژمنەی گۆڕیون بۆ مەیموون و بەراز، ئاگادارکردنەوەیە. ئاگادارکردنەوەیەك لەچووارچێوەی تێگەیشتنێکی هەڕەشە ئامێزدا، بەوەی “ئەوان لێت ڕازی نابن، تا شوێنکەوتەی میللەتەکەی ئەوان نەبن”. کە لەهەندێك شوێن میللەت وەکو دین بەکار هاتووە. واتە تا نەچنە سەر دینی ئەوان. ئەمەش لەخۆیدا هەڵگەڕانەوە و کوفرێکی ئاشکرایە و ئەو جۆرە بابایانە خوێنیان حەلاڵە.
ئا لێرەدایە، لە تێگەیشتنی فاشیزمدا، “مانەوە، ژیان بۆ ئەوانەیە کە بەهێزن” (یەحیا، ٢٠١٢:٣٣). بەڵام لە فاشیزمی دینیدا مانەوە، عیزەت بۆ ئەوانەیە کە باوەڕداری ڕاستەقینەن. ئەوان برا و کەسوکار و دۆست و هاوڕێن، “تەنها باوەڕداران بران”. لەدەرەوەی باوەڕداریدا، بێجگە لە دوژمن شتێکی دی نابیندرێت. یا بەتێگەیشتنێکی فراوانتر، لە تێگەیشتنی فاشیزمی دینیدا، دونیای ئیمانداران بە خانەی ئاشتی دەژمێردرێت، لەدەرەوەی ئەو خانەیە، لەهەرکوێیەکی دونیابێت، خانەی جەنگە. لەخانەی جەنگدا هەموو جۆرە کوشتنێك، بەهەموو جۆرە ئامرازێك، ڕەوایە. لەخانەی جەنگدا تەواوی دانیشتوان بە ئامانج دەگیرێن، لەچوارچێوەی “بەگشتی بیانکوژن، هەروەکو ئەوانیش بەگشتی دەتانکوژن”.
ئا لێردایە، بناغەی ئەو فاشیزمە لە چوارچێوەیەکی دینیدا، هەر لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، وردە وردە بیناکراوە و گەشەی پێدراوە. بەدرێژایی ئەو هەشتا ساڵەی دوایی، فاشیزمی دینی چەندین فۆرمی جیاوازی وەخۆ گرتوون، کە لەزەمەنی “دەوڵەتی ئیسلامی” بەغدادیدا ئەو شۆفینیزمە دەگاتە لوتکە. بەپێچەوانەوە، دەکرێت شۆفینیزم لەفۆرمێکی تازەدا، چەندین مانا و مەغزای تازە بگرێتە خۆی. ئەو حیزبەی کە خۆی وەکو “قاعیدە”، پاشان وەکو “دەولەتی ئیسلامی عێراق و شام “داعش” ناساند، لوتکەی فاشیەتی سەدەی بیست و یەکەمینە. هەرگیز زەحمەتە فۆرمێکی دی، توندوتیژ، خوێنڕێز، بەقەد فاشیەتی دەوڵەتی ئیسلامی ئەبوبەکری بەغدادی، دروست ببێت. ئەو فاشیزمە کە لەسەر چەند کۆڵەکەیەکی بەهێز، لەچوارچێوەی فاشیزمی دینیدا، زۆر بەهێزەوە، بەشانازی و باوەڕ بەخۆبوونەوە، خۆی مانیفێست کرد و دەکا.
(*) بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەر، مەبەست لە فاشیزمی دینی، ئەو تەفسیر و تەئویلانەن کە سەلەفیەتی جیهادی بۆ دەقەکان دەیکات، بۆ دواجاریش چەندین گروپی توندڕەوی وەکو قاعیدە و داعشی لێ بەرهەم هاتوون. بێگومان بەگەڕانەوە بۆ سەر هەموو ئەو تەفسیرانەی کە ئیبن تەیمیە و دواتریش سەید قوتب و هاوفیکرانی بینایان لەسەر کردووە.
سەرچاوە:
Lemkin, R. (1944). Axis rule in occupied Europe: Laws of occupation, analysis of government, proposals for redress. Washington [D.C.: Carnegie Endowment for International Peace, Division of International Law.
Yahya, H. (2002). Fascism: The bloody ideology of Darwinism : Fascism continues to pose a threat to the world in the 21st century. Turkey: Arastirma Pub.
Ruebner, R. (2005). The Evolving Nature of the Crime of Genocide. John Marshall Law Review, 38(1).
تێبینی: ئەم بابەتە لە ژمارە ٥٢١ی ڕۆژنامەی چاودێر بڵاو بۆتەوە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.