حوزەیران 26, 2015 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە عەرەبەکان شارستانیەتیان هێنا یان کاولکاری؟ لە زمانی، زانای ئیسلامی، ئیبن خەلدوونەوە.
عەرەبەکان شارستانیەتیان هێنا یان کاولکاری؟
لە زمانی، زانای ئیسلامی، ئیبن خەلدوونەوە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
لەپەیجی نوسەرەوە .
ئەوەتەی کە هێرشی داعش دەستیپێکردووە، کەوتوومەتە پرسیار لەم فەرهەنگە توندوتیژەی عەرەب؛ لەم هەموو کوشتن و بڕین و کاولکاری و دزی و بە کۆیلە کردنە، لە هەمان کاتدا لەم بێدەنگیەی کە بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی عەرەبیی گرتۆتەوە. هەر ئەم کۆمەڵگەیە بوو تەنها بۆ فلیمێکی منداڵانە کە لەلایەن کەسێکی ناشیەوە لەسەر پێغەمبەر ئەنجام درابوو، بە سەدان هەزاریان کەوتنە سەر شەقامەکان و خەریک بوو دنیا کاول بکەن و لە ئەنجامدا ئەو فلیمەی کە لەوانەبوو ئەگەر دەرهێنەرەکەی بەختی هەبوایە سەد بینەرێکی لەسەرئەنتەرنێت هەبوایە، لە ئەنجامی ناڕەزایی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی، بە ملیۆن خەڵک لە جیهاندا بوونە بینەری. لەهەمان کاتدا ئەمڕۆ بە هەزاران منداڵ و ژن و بێتاوان بە ناوی ئاینەوە لە ناو ئەو کۆمەڵگەیەدا دەکوژرێن وعەرەب وەک جۆرێک لە ڕازی بوون بەو ڕووداوانە، بە گشتی بێدەنگی هەڵبژاردووە ولێی نایەتە دەنگ.
مرۆڤ ناتوانێت لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی ئەم کۆمەڵگەیە بەرامبەر دڕندەیی داعش نەکەوێتە پرسیارو بە دوای وەڵامدا نەگەرێت. هەوڵی پرسیارکردن و لێکۆڵینەوەی من لەسەر بنەمایەکی ڕەگەزپەرستیانە نیە، لەبەر ئەوەی من پێم وانیە مرۆڤ ڕەگەز جودای بکاتەوە، بەڵام وەک کەسێکی مێژوونوس و تۆزێک ئاشنا بە زانستی کۆمەڵایەتی، هەمیشە پەنا بۆ بەڵگە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان دەبەم بۆ ئەوەی کە لەم دیاردانە بگەم، بە تایبەت کە داعش ئەمڕۆ لە هەموو لایەکەوە بەشێکی گەورەی شەڕەکەی لەگەڵ کورد دا دەکات و شەڕەکەی لە هەمووان زیاتر ئێمەی گرتۆتەوە، هەوڵ دەدەم وەڵامێکم چنگ بکەوێت بۆ خۆم و بۆ خوێنەر.
زانایەکی سەدەی چواردەیەمی زاینی، لەوانەیە کلیلێک بێت بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەک لەسەر تێگەیشتن لەم دیاردە توندوتیژیانەی ناو فەرهەنگی عەرەبی و لە هەمان کاتدا بێدەنگی کۆمەڵگەی عەرەبی بەرامبەریان. ئەم کابرایە لە ساڵی ١٣٣٢ ز دا لە وڵاتی تونس لەدایکبووە و خۆی بنەچەی بنەماڵەکەی خۆیانی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەسحابە وائیلی کوڕی حەجەر لە حەزرەمەوت لە یەمەن. ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا ئیبن خەلدون بە باوکی زانستی کۆمەڵایەتی (سۆسیۆلۆجی) نوێ دادەنرێت. ئەوەی کە پەیوەندی بە بابەتەکەی منەوەیە بۆچوونی ئەم کابرایەیە لەسەر عەرەب. ئیبن خەلدون زۆر بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە عەرەبەکان ئەگەر بەسەر وڵاتێکدا زاڵ بن ئەو وڵاتە توشی کاولکاری دەکەن لەبەر ئەوەی کە نەتەوەیەکی دڕندەن و دڕندەیی و هۆکارەکانی تێیاندا جێگیر بووە و خویان پێوە گرتووە.
ئیبن خەلدون وەک زانایەکی کۆمەڵایەتی زۆر بە ووردی هۆکار و لایەنەکانی دیاردە توندەکانی ناو فەرهەنگی عەرەبی دەخاتە ڕوو. بە کورتی، لە سەدەی چواردەیەمی زاینیدا ئیبن خەلدون زۆر بە ووردی لە ژێر چەند ناونیشان و بەشێکدا باس لە عەرەب دەکات و هۆکارە جیاوازەکانی دواکەوتن و کاولکاری و دڕندەیی و دووریان لە زانست دەخاتە ڕوو کە ئەمانەی خوارەوە تەرجومەکەیانن لە کتێبەکەیەوە کە بە ناوی (المقدمة) نووسیویەتی:
– بەشێک لەسەر ئەوەی عەرەبەکان دەستبگرن بەسەر هەر وڵاتێکدا، ئەو وڵاتە بەخێرایی تووشی کاولبوون دەبێت.
– بەشێک لەسەر ئەوەی کە عەرەبەکان پاتشایان تێدا هەڵناکەوێت تەنها لە ژێر پەردەی ئایین، پێغەمبەرایەتی یان بۆماوەیی یان بە گشتی کاریگەریەکی گەورەئ ئایین نەبێت.
– بەشێک لەسەر ئەوەی کە عەرەب دوورترین نەتەوەیە لە سیاسەتی حوکمڕانی.
– بەشێک لەسەر ئەوەی کە عەرەبەکان دوورترین خەڵکن لە هونەر و زانست.
– بەشێک لەسەر ئەوەی ئەو بینایانەی کە دەکەونە ژێر دەستی عەرەب بە خێرایی کاول دەبن کەمینەیەکیان نەبێت.
– بەشێک لەسەر ئەوەی کە زاناکانی ناو ئیسلام، زۆرینەیان لە عەجەم بوون. (دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئیبن خەلدون لە کتێبێکەیدا بە ناوی”مێژوو”، کوردی بە یەکێک لە پێکهاتەی عەجەم داناوە).
ئیبن خەلدون لە ژێر هەر کام لەو بەشانەدا ڕوونکردنەوەی وورد دەدات و هۆکارەکانی هەڵدەسەنگێنێت و لەسەر دزی و کاولکاری عەرەب دەدوێت و بە نموونە دەڵێت کە چەندین وڵات پێش ئەوەی عەرەبەکان ڕووی تێبکەن لە ئاوەدانی و برەودا بوون و دوای هاتنی عەرەب تووشی کاولکاری بوون. بە نموونە عێراقی عەرەبی (بەشێکی عێراق) و شام باس دەکات، هەروەها باس لە هاتنی عەرەبەکانی بەنو هیلال و بەنو سەلیم دەکات بۆ مەغریب کە چۆن لە دوای هاتنی ئەوان ئەو وڵاتەیان کاول کردووە، تەنانەت باس لە خاکی نێوان سودان و بەحری ڕۆم دەکات کە ئەویش تووشی هەمان کاولکاری بووە. بەپێی ئیبن خەلدون، هەر لەبەر ئەو هۆکارانەشە کە دەسەڵاتیان لە دەست داوە و هەر زوو عەجەم و قەومەکانی تر دەسەڵاتیان لێ وەرگرتوون و ئێستاکە (باس لەو سەردەمە دەکات) زۆریان هەر بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان حوکمڕان بووبێتن.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە باشە ئەو شارستانیەتە عەرەبیەی کە لە منداڵیدا لە قوتابخانە گوێمانیان پێ پرکردبوو و ئەمڕۆ زۆرجار عەرەبەکان و زۆر لە ئەوروپیە نەشارەزاکان بە شارستانیەتی ڕۆژهەڵات، بە شارستانیەتی عەرەبیی لە قەڵەمی دەدەن، بۆ ئیبن خەلدونی بە ڕەگەز عەرەب باسی لێوە نەکردووە؟
لە ڕاستیدا عەرەبەکان پێشتر لە بیابانەکانی سوریا و عێراقدا وەک خەڵکانی ڕەوەند بوونیان هەبووە، بەڵام لەو وڵاتانەدا نەبوون، کاتێک کە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئایین و سەپاندنی دەسەڵاتیاندا هاتنە دەرەوە و ڕوویان کردۆتە وڵاتی کوردستان و عێراق و سوریا و ئێرانی ئەمڕۆ، ئەوان لەگەڵ خۆیان شارستانیەتیان نەهێناوە، بەڵکو ئەوان خەڵکانی بیابان نشینی شەڕانی بوون و پاش ماوەیەک لە هاتنیان بوون بە حوکمڕانی ناوچەیەک کە بۆ ئەو سەردەمەی مرۆڤایەتی لەوپەڕی شارستانیەدا بووە. بۆیە ئیبن خەلدون بە ڕوونی باس لە کەموکوڕیەکانی ناو فەرهەنگی عەرەبی دەکات و باس لەوە دەکات کە زۆرینەی عەرەب و تەنانەت ئەسحابەکانیش نەخوێندەوار بوون و خوێندەواری تیایاندا شتێکی دەگمەن بووە، بۆیە زۆرینەی زاناکانی ئیسلام لە عەرەب نەبوون و لە عەجەم بوون.
ئیبن خەلدون لەوەدا هەڵە نەبووە، لە خوارووی عێراقی ئەمڕۆدا کە بە بابل ناسرابوو، کە کلدانیەکان تێیدا یەکێک لە خەڵکە باڵادەستەکان بوون، شارستانیەت لەوپەڕی پێشکەوتندا بووە. گەر پەنا بۆ سەرچاوەی یۆنانی بەرین سەبارەتیان ئەوا ئاستی زانستمان لەو ناوچانەدا بۆ ڕوون دەبێتەوە. مێژوونوسی یۆنانی دیۆدۆروس، نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر باس لەوە دەکات کە کلدانیەکان هەموو ژیانیان تەرخان کردووە بۆ فەلسەفە و بە تایبەت بە ناوبانگن لە زانستی ئەستێرە ناسیدا. هەروەها بەراوردی شێوەی فێربوونی زانست دەکات لەنێوان کلدانیەکان و یۆنانیەکاندا و ئەوەی کلدانیەکان زیاتر پەسەند دەکات و دەرئەنجامەکەی بە دروستبوونی زانای نایاب و تایبەتمەند لە قەڵەم دەدات.
بەپێی دیۆدۆروس، کلدانیەکان ئەو کاتە پێیان وابووە گەردوون بێکۆتایە و نەسەرەتا و نە کۆتاییەکی هەیە و هەروەها گوتوویانە مانگ بچووکە و نزیکە لە زەوی و ڕوناکی مانگ هی خۆی نیە و کاتێک کە مانگ دیار نیە لەبەر ئەوەیە کە لەبەر سێبەری زەویدایە.
دیۆدۆروس زۆریان سەبارەت دەڵێت و لە کۆتاییدا دەڵێت “ئەگەر هەر مرۆڤێک دادوەر و ڕاستگۆ بێت، دەبێت بڵێت کە کلدانیەکان لە هەموو کەس زیاتر ئاشنای زانستی ئەستێرەناسین و لە هەموو زانستێک زیاتر لێکۆڵینەوەیان سەبارەتی کردووە” واتە شەش سەد ساڵ پێش هاتنی عەرەبەکان فەلسەفە و زانستی ئەستێرە ناسی و زۆر زانستی تر لەوپەڕی پێشکەوتووییدا بووە لە خوارووی عێراقی ئەمڕۆدا و ئەمە هەموو ناوچەکەی بە شێوەی جیاواز گرتۆتەوە.
ئەی باشە وەک هەندێک لە مێژوونوسان پێمان دەلێن، ڕاستە کە پێش هاتنی عەرەبەکان کورد خاوەنی زانست و نووسین نەبووە و لە شاخەکانەوە بەردیان دەگرتە سوپاکەی زەینەفۆن؟
لە ڕاستیدا پێش هاتنی عەرەبەکان کورد لە زانستدا کێبڕکێی لەگەڵ ئەو کلدانیانەدا کردووە کە مێژوونووسی یۆنانی دیۆدۆروس، نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر بە زاناترین کەسی داناون. ئیبن وەحشیە کە خۆی کلدانی بووە، لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە کوردەکان دەڵێن ئێمە خاوەنی بنەچەی زانستین نەک کلدانیەکان، هەرچەندە ئیبن وەحشیە وەک کلدانیەک خۆیان بە خاوەنی بنەچەی ئەو زانستە دادەنێت بەڵام دان بەوەدا دەنێن کە کورد لە زانستی کشتوکاڵ و تایبەتمەندی ڕووەکدا لە کلدانیەکانیش زاناتر بووە و هەروەها خۆشی دەڵێت کە چەندین کتێبی زانستی کوردی بینیوە و دوو کتێبی زانستیی لە زمانی کوردیەوە تەرجومە کردووە بۆ زمانی عەرەبی بۆ ئەوەی کە مرۆڤایەتی سوودی لێ ببینێت.
لەوانەیە زۆر کەس بڵێن ئەی ئەو زانستە بۆ لە ناو کورد دا نەما؟ لە ڕاستیدا یەکەم کتێب بە زمانی عەرەبی لەسەر زانستی کشتوکاڵ کە ئەمڕۆ بەشێکی ماوە، کتێبێکە بە ناوی (النبات/ڕووەک)، کە لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا لەلایان زانای کوردی خەڵکی شاری دینەوەری نزیک کرماشان، کە بە ئەبوحەنیفەی دینەوەری ناسراوە، نووسراوە و هەر ئەویش یەکەم کتێبی لەسەر مێژووی کورد نووسیوە. بۆیە لە سەدەی دوانزەیەمدا یاقوتی حەمەوی باس لە کارامەیی زانا کوردە شارەزووریەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە قوتابخانە ئیسلامیەکانیان پڕکردۆتەوە و قازی شام لەوان بووە و هەر ئەوان حەڵاڵ و حەرامیان لەوێدا بڕیار لەسەر داوە.
بەو جۆرە ئەو فەرهەنگە زانستیەی نەتەوەکانی ناوچەکە و کورد، کەوتۆتە بەر هێرشی عەرەبەکان. نموونەیەک لەو هێرشانە بۆ سەر کورد لە کتێبی (مێژوو) ی ئیبن خەلدون و لە چەند سەرچاوەیەکی تری ئیسلامیدا ئاماژەی پێ دەکرێت کاتێک کە عەرەبەکان لەلایەن عومەری کوڕی خەتابەوە، بە سەرکردایەتی ئەسحابە سەلمەی کوڕی قەیسی ئەشجەعی، دەنیردرێن بۆ سەر هەندێک لە کوردەکانی ئەهواز، کە تێیدا داوا لە کوردەکانی ئەو ناوچەیە کراوە یان بێنە سەر ئاینی ئیسلام یان جزیە (باج) بدەن. کوردەکان هەردوو داواکە ڕەتدەکەنەوە و هەڵبژاردەی سێیەم کە داکۆکیکردنە لە خۆ پەسەند دەکەن و لەگەڵ عەرەبەکان دەجەنەگن و عەرەبەکان لە شەڕەکەدا سەردەکەون. لەو شەڕەدا غەنیمە (دەستکەوتی جەنگ) یان لە کوردە کافرەکان (بەپێی سەرچاوەکان) چنگ دەکەوێت، بەو جۆرە عەرەبەکان پیاو و ژن و منداڵ و سامانی کوردان بەسەر یەکتریدا بەش دەکەن و سەلمەی کوڕی قەیسی ئەشجەعی لە ناو غەنیمەی کوردەکاندا گەوهەرێکی زۆر نایاب دەبینێت، بۆیە بە پەیامنێرێکدا دەینێرێت بۆ عومەری کوڕی خەتاب، بەڵام عومەری کوڕی خەتاب ئەو گەوهەرە دەینێرێتەوە بۆ سەلمە و بە شایانی سەلمە و سوپاکەی دادەنێت.
سەرەڕای هەوڵە زانستیەکەی ئیبن خەلدون بۆ تێگەیشتن لە فەرهەنگی عەرەبی، کەچی زۆرینەی عەرەبەکان بۆچوونەکانی ئیبن خەلدونیان قبوڵ نیە و هەوڵ دەدەن کە بە بەهانەی جیاواز بیپۆشن یان ڕەتیبکەنەوە. هەندێک دەڵێن کە ئەو مەبەستی لە (ئەعرابە) واتە تەنها مەبەستی لە عەرەبی ڕەوەندە، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نین لەبەر ئەوەی کە ئیبن خەلدون دەڵێت “عەرەب” و زۆر بە ڕوونی تەنانەت باس لە عەرەب و فەرهەنگەکەی دەکات و ئەو ئاگاداری جیاوازی عەرەب و ئەعراب بووە. هەندێکی تریان لە ژێر کاریگەری ناسیۆناڵیزمی عەرەبیدا، دەڵێن ئیبن خەلدون لە نەتەوەی بەربەر (ئەمازیغ) ە، بۆیە ئەو بۆچوونەی لەسەر عەرەب داوە. هەرچەندە لەوانەیە ئیبن خەلدون لە نەتەوەی بەربەر بێت، بەڵام ئەمان بێ بەڵگە ئەوەیان بۆ هەڵبەستووە. جگە لەوە بەهانەی لەم جۆرە نوێ نیە لە ناو عەرەبدا و زۆرجار هەوڵی لەو جۆرەیان داوە، هەر وەک شاعیری عەرەب موعین بەسیسو، دەبێژێت:
” كم أكره مَن علَّمني الدَّرْس الأوَّل في التاريخ: كرديًّا كان صلاحُ الدِّين، فلمَّا انتصر أصبح بطلاً عربيًّا، ولو انهزم لكان جاسوسًا كرديًّا”
واتە (چەند ڕقم لەو کەسەیە کە یەکەم وانەی مێژووی پێ گووتم؛ سەلاحەدین کورد بوو، کە سەرکەوت کرایە پاڵەوانێکی عەرەب، ئەگەر ببەزیایە ئەوا جاسوسێکی کورد دەبوو”
سەبارەت ئیبن خەلدون، عەرەبەکانی ئەم سەردەمە هەر بەمە نەوەستاون، لە هەندێک وڵاتی عەرەبیدا ئیبن خەلدون بە تەواوی لە سیستمی خوێندن دەرهێنراوە و لەلایەن ناسیۆناڵیستە عەرەبەوەکانەوە زۆر هێرشی کراوەتە سەر.
کتێبەکەی ئیبن خەلدون کتێبێکی زانستی نایابە و لێرەدا دەتوانرێت هەر ئەوەندەی لەسەر بگووترێت، بەڵام ئەوەی کە ڕوونە تاوانەکانی داعش و بێدەنگی عەرەب، هەر لە خۆیەوە نیە و بنەچەیەکی مێژوویی هەیە، بۆیە ئیبن خەلدون بە ڕوونی و بە شێوەیەکی زانستیانە باسی لەو فەرهەنگە و هۆکارەکانی توندوتیژی و نا ئاشناییان بە زانست کردووە. دیارە مەرج نیە هەموو فەرهەنگێک بۆ هەتایی بە هەمان شێوە بمێنیت و دەکرا فەرهەنگی عەرەبی وەک زۆر فەرهەنگی تری جیهان بگۆڕایە و زیاتر شارستانیەتی تێدا دەربکەوتایە، بەڵام ئەم فەرهەنگە لە ناو خەیاڵات و داستانێکی دروستکراو لە شارستانیەتێکی عەرەبیدا دەژی کە بوونی نیە. دان نان بە کێشەکانی ناو فەرهەنگی عەرەبی و کارکردن تێیدا دەکرا ببوایەتە هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ گۆڕانکاری و هێنانە کایەی زانست و نوێبوونەوە بۆ ناو ئەو کۆمەڵگەیە، بەڵام کۆمەڵگەی عەرەبی دان بە کەموکوڕیەکانیدا نانێت و وەک فەرهەنگێکی نابەرپرس، هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە ڕووی تێدەکات، سەرچاوەکەی دەگەڕێنیتەوە بۆ ئەمریکا و جولەکە و بەو جۆرە لە ئەستۆی خۆی لادەبات و بە ئاسانی بە پیلانگێڕی لە قەڵەمی دەدات. ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی و دان نەنان بە کەموکوڕیەکانی ناو ئەو فەرهەنگە، وای کردووە کە نزیکی سێ سەد و حەفتا ملیۆن هاوڵاتی عەرەب لەسەر زەویەکی بەرین و بە سامانێکی زۆرەوە، دوای نزیکی سەد ساڵ لە سەربەخۆیی، نەیانتوانیبێت شتێک ئەوتۆ پێشکەشی مرۆڤایەتی بکەن کە شایەنی باس کردن بێت و بەو شێوەیە نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی جیهان بگونجێنن و ئەوان هەمیشە توند دەست بە ڕابردوویەکی دروستکراو و خەیاڵیەوە دەگرن و بەرەو دواوە دەچن؛ ئەمڕۆ عەرەبەکان بوون بە ئەرک بەسەر مرۆڤایەتیەوە و تەنها کێشەیان بۆ مرۆڤایەتی بەجێهێشتووە.
نووسینی: سۆران حەمەڕەش
تێبینی:
– کاتێک کە قوتابی ماستەر بووم لە وڵاتی بەریتانیا، ڕۆژێکیان مامۆستاکەمان بابەتێکی زانسیی کۆمەڵایەتی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر تەختەکە نووسی و گووتی کێ دەزانێت ئەو قسانە هی کێیە؟ هەر کەسە و وەڵامێکی دایەوە و کەس بۆی نەچوو کێیە، لە وەڵامدا گووتی ئەوە قسەی ئیبن خەلدون-ە، ئەو کەسەی کە بە باوکی زانستی کۆمەڵایەتی دادەنرێت. هەروەها گووتی، ئەوەی کە مایەی سەرنجە کاتێک کە سەدامیان لە کولانەکەیدا دەستگیر کرد، ئەو کتێبەی ئیبن خەلدونی پێبوو. من لای خۆمەوە دەکەومە پرسیار، تۆ بڵێی سەدام بەرەو کۆتایی ژیانی نەکەوتبێتە پرسیار لە فەرهەنگی عەرەبی و بۆ دەستکەوتنی وەڵام سەیری بۆچوونەکانی ئیبن خەلدونی نەکردبێت؟
– کتێبی (المقدمة) ی ئیبن خەلدون دەبوو بکرایەتە زمانی کوردی بۆ ئەوەی خوێنەری کورد ئاشنابێت بە یەکێک لە شاکارەکانی ئەو زانایە و لە قۆناغێکی مێژووی خۆی بگات کە بە تەواوی بە هەڵە لێیتێگەیشتووە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.