حوزەیران 15, 2015 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە قەیرانی دارایی ئاوێنەو بیرهێنانەوەیەک
قەیرانی دارایی ئاوێنەو بیرهێنانەوەیەک
عومەرمحەمەد
١١/٦/٢٠١٥ سلێمانی
دەمێكە نیگەرانیی خۆم لە ڕۆژنامەی ئاوێنە دەربڕیوە، کاتێک هێرشیانکردە سەرم، من دەستەوستان دانەنیشتم بە نووسینێک وەڵاممدانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ڕووداوەکانی (١٧ی شوبات) هاتنە پێشەوە و دەبوو لەو کاتەدا هەر لەئاوێنەدا وتارەکەم بڵاوببێتەوە، بەڵام من بە ئیمەیڵێک ئاگادارمکردنەوە، کە نوسینەکەم بڵاومەكەنەوە. هەرچەندە ئەوان ڕێزیان لەو هەڵوێستەی من نەگرت، چونکە پێم شەرم بوو لەو کاتەدا سەنگەر لە ڕۆژنامەیەکی ” ئەهلی ” و بەناو “ئازاد ” بگرم، لەبەرئەوە دەخوازم ئەم وەبیرهێنانەوەیە وەک تۆڵەسەندنەوەیەك نەخوێندرێتەوە، بەڵكو تەنها وەبیرهێنانەوەی هەڵسوکەوتێکە کە ئاوێنەیەكی ڕوونی ڕێزنەگرتنە لە خوێنەروبەس.
ئەفسوس … لەو (ڕۆژنامە ئەهلی)یەوە گەلێك كەسایەتی بە ناهەق پەلاماردران، ئازاردران و هەوڵی شكاندنی شكۆیان درا، كە شایانی ڕێزلێنان بوون نەك شكاندن و ناوزراندن و ئازاردان، لە ناویاندا هونەرمەندی جوانەمەرگ (تەهای كەریمی) هەبوو، كاتێك ئەو سینەماکارە بەهرەمەندە سەرقاڵی فیلمی (من بەكرێگیراوی سپیم) بوو، زۆر نابەرپرسیارانە برینداریانکرد، بەجۆرێک مەگەر هەر من بزانم چەندە بەو کارەی ئەوان نیگەران و دڵشكاو بوو! لە (ڕۆژنامەی ئاوێنە)وە بەهەمان زمانی بازاڕییانەی تۆمەیچی و بانگەشەكارێکی نەزان (كە جگە لە گرێی دەروونی هیچ پاساوێکی دیکەی نەبوو)، تۆمەتی ئەوەی خرایە پاڵ گوایە: ” تەها كەریمی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ جاشەكان داوادەكات! “. ئەمە لەكاتێكدا بوو، كە هێشتا فیلمەكە مۆنتاژنەكرابوو!
هەر لە (ڕۆژنامەی ئاوێنە)وە سوكایەتی بە كەسانێك كرا، كە خۆبەخشانە كاریان لەسەر دۆسیەی (ئەنفال) دەكرد، لەژێر ئەم ناونیشانە ئابروبەرەدا ” من قێزم لەو کەسانە دەبێتەوە کە کار لەسەر ئەنفال دەکەن ” تیایدا پلار بۆ من و (گۆڤاری ئەنفالستان) هاوێژرابوو، گوایە ئێمە بەسواڵ و خێر و سەدەقە گۆڤارێك بۆ ئەنفال دەردەكەین و بەقەد موچەی سێ ساڵی کەسوکاری ئەنفالکراوێک سواڵ كۆدەكەینەوە و گۆڤارێكی پێدەردەكەین وخۆشمان بەقارەمانی ئەنفال دەزانین! سەیرە وەك گۆشەنووسەکەیان هێندە سەلیقە و دیقەتی نەبوو، كە قارەمان و نامەرد لێك جیابكاتەوە. سەرنووسەر و ستافەكەی ئاوێنە و ڕاوێژكارە یاساییەكەشی هێندە دیقەتیان نەبووە، ئەوەی نووسیویانە زانیاری نییە، بەڵكو بوختان و تۆمەتە! لەكاتێكدا نە ئاوێنە و ستافهکەی و نە كۆمپانیاكەی ئاوێنە هیچ خێرێكیان بە ئێمە نەكرد بوو! چاپخانەکەی ئاوێنە هیچ ژمارەیەكی ئەنفالستانی نە بەخێر و نە بە پوڵ چاپنەكرد بوو! هەرگیز داوای كۆمەك و هاریکاریمان لێ نەكردبوون! بەڵكو ئێمە بەپێچەوانەوە پێش ئەوەی لە (ڕۆژنامەی هاوڵاتی) جیاببنەوە، هارکاریمان کردبوون، لەبەرئەوەی توشی قەیران ببوون، ئێمەش وەک زۆر کۆمەککارانی تر هەر پێنج ئەندامی خانەوادەکەمان كۆمەكمان كردبوون.
سەیر لەوەدا بوو گۆشەنووسەكەی ئاوێنە بۆ خۆی هەمیشە سواڵكەری بەردەم قاپی وەزیر و گزیر وكۆمپانیاكان بوو، سەرنووسەری ئەوسای ئاوێنە دانی بەوەشدا نا، کە تەكلیفی لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كردبوو هەتا بێتەوە بۆ کوردستان و دایبمەزرێنێتەوە. کەچی بەو حاڵەشیەوە ڕێگەیاندابوو لە ئاوێنەوە سوکایەتی بەخەڵک بکات ! (١)
ئێستاشی لەگەڵدا بێت (ئەنفالستان) داوای لەكەس نەكردووە، تاوەکو كۆمەكی مادیی بكەن، بەڵكو دەبێت خەڵک خۆیان داوابکەن بۆ ئەوەی کۆمەکی بکەن و بەشداری لە نووسینەوەی مێژووی میللەتەکەیان بکەن، هەموو ژمارەیەك لیستی دوورودرێژی ناوی كۆمەككاران و تێدایە و لە دوا لاپەڕەكانیدا بڕی کۆمەکەکان بڵاودەكرێنەوە، هەڵوێستی ڕاستەقینەی کۆمەککارانە. ئێستاش ئاوێنە داوای هاریكاری لە هەمووان دەكات! بەڵام دەکرا داوانەکات، بەڵکو وەک ئەنفالستان هەمووانی بخستایەتە بەردەم تاقیكردنەوەی مێژوویی، هەتا بزانێت ئاستی ئامادەیی بەخشینی خەڵك چۆن و چەندە؟ ئەنفالستان سواڵی نەکردووە، بەڵکو بەرپرسیارێتی بۆ خەڵک دروستکردووە، هەتا بزانێت گۆڤارێك كە چیرۆكەكانی ئەنفال دەنووسێتەوە چەندە لەلای خەڵک گرنگە یان بەپێچەوانەوە.
لەنێو ئەو کۆمەک-بەخشانەدا هەستی مرۆیی زۆر بەرز هەیە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە زۆربەیان خەڵكی هەژارن و هیچ (رۆشنبیرێك) تاكە دینارێكی نەبەخشیوە. بەڵام چەندین ژن و پياوى به ساڵاچووى ئەنفالدیدەی تێدایە! ئەفسوس دوای ئەو پێشێلكاریانەی دەرهەق بە (تەها كەریمی) جوانەمەرگ و ئەنفالستان ئەنجامیاندان، هەرچەندە بەزارەكی دانیان بە هەڵەی خۆیاندا نا، بەڵام بەداخەوە ئاوێنە هەرگیز بەنووسین لە سوچێكی لاپەرەیەكیدا ئامادەی پۆزش نەبوو! ، ترسان بوو لە لێبوردەیی .
ئێستاش كە ئاوێنە داوای كۆمەك و هاوكاری لە خەڵك دەكات، دەبوو ئەو سكاڵایەی ئەنفالستانی وەبیربهاتایەوە و بیزانیبا ئەو سەرچاوە داراییەی (گۆڤاری ئەنفالستان) شەرافەتمەندانە بوو و سواڵ نەبوو! ئاوێنە ئەگەر ئاوێنەی خەڵك بێت، پێویستی بەوە نابێت کەمپین و بانگەواز بۆكۆمەككردنی بكات، ئەوسا خەڵك خۆی كۆمەكی ئاوێنەشی دەكرد و نەیاندەهێشت بووەستێت.
(١)– دوای بڵاو بوونەوەی ئەم بابەتە لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا شوان محەمەد وتی : من نەمووتووە تەکلیفی بلیتی تەیارەم بۆ کردووە وتوومە تەکلیفم بۆکردووە لە دائیرەکەی دابمەزرێتەوە . بۆیە هەمان ئەو قسەیەی شوان محەمەدمان لە جێگەی (بلیتی تەیارەکە دانا) .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.