نیسان 24, 2015 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە سۆزێك بۆ كوڵەبان-ەكەم..!
سۆزێك بۆ كوڵەبان-ەكەم..!
ئەسعەد جەباری
ئەنفال لەبیرو ئەندێشەی مرۆڤی كورد تراژیدیایەكی لەبیرنەچووەو لەزیهندا مەحاڵە كاڵبێتەوە، ئێمەی نەوەی پێش و پاش ئەنفالكردنی كوردستان بێ ویستی خۆمان لەگەڵ رووداوەكانیدا دەژین، بەشێوەیەك رووداوەكانی ئەوكات و چیرۆكە تاڵ و سۆێرەكانی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال مەرگەساتێكە بۆ ئێستا و داهاتووش پڕاو پڕن لەو دیمەنە جەرگبڕانەی كە مرۆڤی ئاسایی خۆی لەبەردەمیدا ناگرێ.
من وەكو هەر كەسێكیتری خانەوادە وبەجێماوی ئەنفالكراوەكان ناتوانم بۆ یەك چركەساتیش بەبێ بیركردنەوە بۆ گوندەكەمان هەڵسوكەوتی كوڕانی ئەنفالكراوی گوندم بژیم، هەردەم لەقوڵایی دڵمدان، بۆ پتر لە 27 ساڵە ناخو ویژدانم بریندارە، بریندارم بۆ كەسانێك بێ تاوانبوون وەك پەڕەی گوڵ وابوون، هەمیشە رەنگ و رووخساریانم لەبەرچاوە و ناتوانم بۆ چاوتروكانێكیش بەبێ بیرەوەریەكانی سەردەمی ئاوایی و گوندە رازاوەكەم بەر لەنفال رۆژگار و شەوگاری ئاساییم بەڕێبخەم.
ئێستاش كە دەچمەوە گوندە خاپووركراوەكەم (كوڵەبان) [1]دەست بۆ هەر دارو بەردو خۆڵ وخاشاكێكی دەبەم حەسرەت هەڵدەكێشم بۆ زەمانێ كە ئەم گوندە پڕ پڕ بوو لەخۆشەویستی و خۆشنوودی نێوان خزمانی ناو گوندم، ئێستاش كەسەیری شاخ و دۆڵ و كانیاو درخت و رەزە سووتاوەكانی دەكەم لەناخەوە بریندارو هەنسك دەدەم بۆ ساتەوەختێ ئەم گوندە خێر لەخۆ نەدیوە بەهەموو مانایەك ژیانی هەرەوەزی و پێكەوەژیانی تیابوو، چوار وەرزی ساڵ گوندەكەمان لەپێشوازی رۆڵە تێكۆشەرەكانی میللەتەكەی بوو، كوڕگەلی من هەموو دەمێ لەگەڵ خۆشەویستی نیشتمان و خاك و خۆڵی كوردستان ئاوێتەی یەكتر بوون، شەوانی ئەم گوندە لێوان لێو بوو لەگەمەو یاری فلۆكلۆری و كۆڕو كۆبوونەوەی یاران، هەموو كاتێ بەیانیان و ئێواران كوڕگەلی گوندە خێر لەخۆ نەدیوەكەم لەئەوجی جوانی و میهرەبانی پاك بوونەوەی رووحیان بوون بۆ پێشوازی لەرۆژێكی نوێ، نوێ هەروەكو هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازە بەڕووی ژیاندا، ئەو ژیانەی ئەوان بەنیاز بوون بۆ هۆنینەوەی كاروانێكی دورودرێژ دەیانڕوانییە كازیوەی هەتاوی سەركەل و ئێوارانیش هێدی هێدی لەگەڵ ئاوابوونی هەتاودا لەچاوەڕوانی شەوە پڕاوپڕەكانی بەر گوێی ئاگردانی چیرۆكە نەبیستراوەكانی نەتەوەیەك بوون، ئەی هەناسەی ئاوایی و پیاوە هەناسە سوارەكانی گوندەكەم، رەنگە نەزانن بەرەو كام بیابانیی نادیار لولتان دەدەن ، رەنگە نەزانن لەم جیهانە جەنجاڵەدا لەبەرچاوی یەكتردا دەرخواردی گولەو ئاگرو بارووتی دەستی زۆرداران دەبن، ئێوەی دەم بەخەندە پێنازانن ئەنفالێكتان بۆدانراوەو لەگەڵ زەوی گوندەكەتان دەیانەوێ لەڕەگەوە هەڵتانكەنن، ئەی نازدارانی گوندە رازاوەكەم رەنگتان پێمان دەڵێ ئێمە هەرچەند ساڵێكی كەم و لەنێو نازدارانی تری ئاواییدا چیرۆكەكانی ژیان پێمان دەڵێ ئەوەندەی نەماوە میللی كاتژمێرەكان رادەوەستێ و لەبازنەیەكی داخراوی بۆسەیەكدا دەمانكەن بەخۆراكی دێوەزمەكانی ئەهریمەنی خوای شەڕ و لەپرۆسەیەكدا ئەنفال دەكرێین!.
ئاخر ئێمە گوناهی چیمان كردبوو ، ئاخر ئێمە نەبووین دەستمان بۆ سێو بردبێ بەڵكو ئەوە دایە حەواو باوە ئادەم بوو ، ئاخر ئێمە نەبووین لەنێو تەپوتۆزی رووخساری تەموتوماویدا هەستی رێبواران بروشێنین بۆ كردەوە گەلێك كە لەئێمە ناوەشێتەوە، ئێمە نیشانەی پاڵەوانیەتی نەتەوەیەك بووین، ئێمە رەمزی هەڵسانەوەی گەلێ بووین، ئێمە ئیلهامی دەیان و دەیان پەخشانە شیعرو هۆنراوەو چیرۆك و رۆمان بووین لەخوت و خۆڕایی و بۆ درووستكردنی رووداوێكی پڕاوپڕ لە رق و كینە و ئەفسانەی پاڵەوانیەتی، ئێمە بووین كراین بەسووتووی روداوێك ناویان لێنا (الانفال).
ئەی ئەنفالی وڵاتم، ئەی ئەوانەی لەم كارەساتە جەرگ بڕەدا بوون بە پاڵەوانی بردنەوەی شەڕێ كە دواتر مەدالیایی سەركەوتنتان پێ وەرگرت، ئێوە چۆن و بەچی پێوەرێ خەو دەچێتە چاوانتان، چەند شەرمەزاریە مرۆڤ مەدالیایەكی بەركەوێ پاش قەتڵ و عامكردنی گەلەكەی!ئەی ئەوانەی رۆژێ لەرۆژان هەرگیز چاوەڕوانی وەها رووداوێكی جەرگبڕ نەبوون ئێوەن شاهیدی رۆژگارێكی رەش، رەش هەروەكو سنگی جەلادەكانی نوگرە سەلمان و رەش وەكو دڵی عەلی حەسەن ئەلمەجید و پیاوە ترسنۆكەكانی قەسری جمهوری، ئەی هەناسە سوارەكانی دوای ئەنفال چاوتان سوور هەڵگەڕا لەحەژمەتی گریان و هەنسكی ساردی بیركردنەوە، رۆژانی تەمەن چیتر رێگا نادات لەگەڵ بیرەوەریەكانی پیاوانی گوندم هەڵكەم، ئاخ بیابانی عەرعەر و نوگرەسەلمان ئەگەر ئێوە نەبان كوڕانی ئێمە لەوێندەر چیان دەكرد، ئاخ بۆ زەمەنێ كەهەرگیزاو هەرگیز ناگەڕێتەوە تا یەك یەك دەرگاو پەنجەرەی ئاوایی گوندم ماچ بكەم، ئەو دەرگاو پەنجەرەانەی كە شوێن پەنجەو دەستی(((فازیل و تەیب و محەمەد و عاسی و ئەحمەد و كەریم و ئەمین و لەتیف و حەسەن و عەلی و ئەكرەم و سەعید و رەحیم و محەمەد و سەمەد و كەریم و غالیب و عەلی و جەوهەر و سەردار و جەبار و سەروەر )))[2] پێوەیەو بۆ ئەبەد جارێكیتر كەس نیە لەدەرگای ماڵانی گوندم بداو پەنجەرەی ژوورە گەرم و گوڕەكانی ئاوایش بكاتەوە تاكو تاوێ بۆن و بەرامەی گوڵاوی (چەم بەگی و چەم بالی و چەم دەروێش)[3] ژوورەكان پڕ بكات لەعەترێ كە ئێستاش هەر بۆن و بەرامەی بێت..ئاخ ئەنفال چ زامێكی ئەبەدی بووی و نیشتیتەوە لەسەر پەڕەی دڵمان بۆ تاهەتایە، مەگەر مەرگی خۆمان ئەو رۆژگارەمان لەبیرباتەوەو ئێمەش لەو دوونیا ئاوێتەی نازدارانی گوند ببینەوەو لەوێدا سڵاوێك و ماچێكردنێكیتر باوەشێكی میهرەبانی بەیەكتردا بكەینەوە و نەفرەت لە دوونیایەك بكەین كە ئەنفالی كردین بێ ئەوەی كە بزانین ئەنفال چیە!!.
تێبینی : هەردوو وشەی کارست و پاشماوەی ئەنفال کە نوسەر بەکاری هێناون ئەنفالستان لایبردوون و لەبری کارەسات تاوان و لەبری پاشماوەی ئەنفال ( کەسوکار یان قوربانی دانراون) تکایە سەردانی بەشی ئاگاداری بکە لەماڵپەرەکەدا بۆ ناردنی بابەتەکانتان ڕەچاوی خاڵەکان بکەن .
[1] كوڵەبان، ناوی گوندێكی ناحیەی تەكیەی جەباری-یە، لەشاڵاوە بەدناوەكەی ئەنفال1988وەك هەرگوندیكیتری ناوچەكە سوتێنرا.
[2] هەموو ئەو كەسانە ناویان هاتوە سەرجەمیان ئامۆزاو خاڵۆزاو پورزامن لەتاوانی ئەنفالدا مەرگ یەخیەی گرتن و بوون بەقوربانی بۆ كوردو كوردستان.
[3] سێ چەمی ناوداری ئاوایی گوندەكەمانە كە قەت وشكی نەدەكرد!!.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.