نیسان 15, 2015 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە بە دوای كوڕەكانمدا چووم ، كەچی خۆم لە دۆزەخی نوگرە سەلمان دیتەوە.
حەسەن بەگ :
بە دوای كوڕەكانمدا چووم كەچی خۆم لە دۆزەخی نوگرە سەلمان دیتەوە.
دیدار عومەر محەمەد
شوین : سلێمانی مالێ دیمانە لەگەڵداکراو .
١١ی سەرلەبەیانی .
ژمارە (٤٩)
ئەوکاتەی بەنیازی دیمانەو گفتوگۆ چومە ماڵی حەسەن بەگ، گۆڤاری ئەنفالستان لەسەروبەری دەرچونیدا بوو، هەر ئەوکاتە پێمووت : رەنەگە ئەم دیدارە فریای ئەم ژمارەیە نەکەوێت و بڵاونەبێتەوە، بەلام بەدلنیاییەوە، ئەگەر بەراپۆرتێکیش بێت مافت پارێزراو دەبێت و بۆئەم ژمارەیەش شتێک دەربارەی چیرۆکەتایبەتیەکەت بڵاودەکەینەوە، نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە حەسەن بەگ سێهەم کەسی گوندی نەوتیە کە ئەنفالستان بەسەری دەکاتەوە، ئەفسوس بۆ ژمارە ٨ دیدارەکە ئامادە نەبوو، بەلام هەرچۆنێک بوو بابەتێکم لە شیوەی ” سرد یان گێرانەوە ئامادە کرد. فەرموو لەگەڵ دەقی دیدارەکە .
ناوی سیانیت چیە ؟
من ناوم حەسەن كەریم سەعیدوو بە حەسەن بەگ ناسراوم.
ساڵی چەند لە دایكبووی ؟
من لەدایکبووی ساڵی 19930 .
لەمندالێتەوە هەر لەگوندی نەوتی ژیاویت ؟
لەمنداڵیمەوە هەر لەوێ بووم هەتا هاوسەرگیریشم هەرلەو گوندەدا كردووە هەرلەوێش ژیاوین هەتا کاتی ئەنفالەکە ئینجا هاتین بۆ ئێرە .
کەواتە ئێوە ساڵی 1988 هاتوونەتە سلێمانی مەبەستەکەم ئەوەیە هەتا كاتی پەلامارەكەی ئەنفالی دووی ناوچەی قەرەداغ لە گوندەكەی خۆتاندا بوون ؟
بەڵێ هەرلەوێ بووین .
لەوێ بەچییەوە سەرقاڵ بوون وخۆتان بەچی دەژیاند ؟
هەر خەریكی كارو كاسبی خۆمان بووین.
بەڵێ دەزانم بەلام کاروکاسبیتان چی بوو ؟
بەئاژەڵداریو مەڕو ماڵاتەوە خەریكبووین.
بابیرم نەچیت نەوتی کەوتووەتە کوێوەو سەربە چ ناحیەیەکە ؟
لە ناوچەی قەرەداغ .
نازانی چ رۆژێک بوو گوندەکەتان ئەنفالکرا ؟
پەلاماری ئەنفال تەنگی پێهەڵچنین و رامانکرد بەڵام بەخوا نازانم کەی روخا بەڵام ئەو كاتەی گوندی سێوسێنانو تەكیەو دوكانو بەلەكجاڕ كەوتنە بەر بۆمبارانی چەكی كیمیایی ئینجا ئێمەش رامانکرد .
ئەوکاتە تەمەنی تۆ گەیشتبووە چەند ؟
نزیكەی 60 ساڵێک دەبووم.
ئاژەڵتان زۆر بوو ؟
ئەی بێ قەزابیت بەهەرسێك براكەمەوە نزیكەی 300 سەرێك مەڕو ماڵاتمان هەبوو.
ئیتر ئەوە وەك سەرچاوەی بژێوی خۆتان پێوە خەریككردبوو؟
بەڵێ بەڵام ئەنفال ترسێكی گەورە بوو، بۆیە ڕامانکرد .
بەرەوکوێ راتان کرد رووەو شار یان بۆ چیاو هەردەو دۆڵەکان ؟
كوڕو برازاكانم بەرەو گەرمیانو خۆشمان لەگەڵ خەڵكەكە كەوتینە خۆو دێیەکەمان بەجێ هێشت . هەرچۆنێك بوو توانیمان خۆمان دەرباز بكەین.
رێگای دەربازبوون هەبوو مەبەستم بۆ تەمەنی تۆ سەخت نەبوو ؟
بەرێوەڵا زۆریش سەخت بوو کورە رۆژی حەشربوو، بەخوا بەناو تەونی رەبایەو جاشو جەیشدا تێمانکرد وەک جاڵجاڵۆكە تەنیبوویان .
کێ تەنیبووی جاش یان جەیش ؟
هێزەكانی حکومەت هەمووشتێکیان لەگەڵدا بوو سوپاو ئەمنو تەواری بە دەردی سەری گەییمانە شاری سلێمانی .
ئەی کورەکان ؟
ناڵێم ئەوان بەرەو گەرمیان رۆیشتن و ئێمەش بەرەو سلێمانی .
ئەی کە تۆ گەیشتیتە شاری سلێمانی ئیتر بۆچی گەیشتیتە نوگرەسەلمان چۆن تۆ گیرایت ؟
ئا ئەوە كاتێك هەواڵی ناخۆش دەگەیشتە شار ئاگری جگەر ئۆقرەی لەبەردەبڕیم ؟ لەبەرخاتری کورەکان رۆیشتم .
کەواتە تۆ سۆزی باوكایەتی هەڵیگرتوویت و بەسۆراخی کورەکانەوە چویتەوە بۆ قەرەداغ ؟
نانەچومەوە بۆ قەرەداغ کە وتیان عەتای كوڕت و برازاكانت لەگەرمیانن ئیتر منیش بەرەو گەرمیان كەوتمە ڕێو لەسەرجادەی گشتی كەلار دەربەندیخان نزیك ئاوە خوێڕی گیرام .
ئەی هەواڵی کورەکانت دەزانی ؟ ئەوان چیان بەسەر هات ؟ چارەنوسی کورەکان چی بوو ؟
ئەوان نەگیرابوون شوکر بەردەست نەکەوتبوون خۆیان پەنادابوو . بەلام من گیرام
چۆن گێرایت لەوێ سەیتەرەی لێ بوو ؟
لەوێ كەوتمە دەست سەربازەکان گرتمیان و لەوێوە یەکسەر بردمیان بۆ قەڵای قۆرەتوو.[1]
ئەی لەقۆرەتوو چییان پێوتیت ؟
هیچیان نەگوت لەوێ دوای سێ رۆژ مانەوە بردیانین بۆ شوێنێکی تر لەلای کەرکوک .
نەیانگووت ئەو شوێنە کوێیە ؟
بابا وتیان ئێرە تۆپزاوایە .
ئەی لەوێ چییان پیوتن ؟
هیچیان نەوت .
ئەی چییان لێتان کرد ؟
لە تۆپزاوا ؟
بەڵێ ؟ بیرت ماوە چییان لێکردن ؟
باش بیرم ماوە كە لەقەڵای قۆرەتوو جیایان كردینەوە پۆلێك پیاوی پیرەمێرد بووین.
مام حەسەن لە قۆرەتو ناڵێم لە تۆپزاوا ؟
ئاخر وا قسەت بۆ دەکەم، لەوێوە بە سێ سەیارەی سەربازی ڕەوانەی تۆپزاوایان كردین.
لەوێ لەوێ چیان پێ وتن و چیان لێکردن ؟
پاشئەوەی ناویان دەنوسینو هەموو شتێكیان لێسەندین، هەموو بەتانیو پێخەفو كەلوپەلی ئەنفالكراوەكان كۆكراونەوە، هەرلەوێ جیاکراینەوە .
ئەی لەقۆرەتوو پۆلێنەكرابوون ؟
ئاخر لەتۆپزاواش جیایانکردینەوە لەتەمەنی 50 ساڵیەوە هەتا تەمەنی حەفتا ساڵی جیایان کردینەوەو کردیانینە هۆڵێکەوەو دەرگایان لێمان داخست .
هەتاکەی دەرگایان لیداخستن ؟
هەتا بردمانیان بۆ نوگرەسەلمان.
کەی بردیانن بۆ نوگرەسەلمان ؟
دوای سێ ڕۆژ لە هۆڵەکان دەریانکردین و سواری سەیارەیان کردین و رۆیشتین بەرەو نوگرەسەلمان.
بەچی رۆیشتن مەبەستم جۆری سەیارەکانە ؟
بەپاس .
چۆن بوون رەنگیانت بیرماوە ؟
سەوزو سپی بوون .
مەبەستم ئەوەیە پاسی مەدەنی بوون یان سەربازی ؟
نانا مەدەنی نەبوون پاسی سەربازی کەبس بوون. پەنجەرەی تێدا نەبوو .
چەند پاس بوون ؟
(9) پاس بوون .
سەربازتان لەگەلدابوو لەناو پاسەکەدا ؟
هەریەكەیان سەربازێكی تێدابوو بەچەكی كڵاشینكۆفەوە.
کاتەکەی چ وەخت بوو کە بەێکخران سەرلەبەیانی بوو ؟
نانا بەیانی نەبوو دوانیوەڕۆیەك بەڕێخراین و ڕێگایەكی دورودرێژبوو برانەوەی نەبوو. هەتا بەیانی گەیشتینە نوگرەسەلمان، ئیتر لەوێ هەڵیان ڕشتین .
ئەی لەوێ چەندە مانەوە ؟
بەڕەزالەت ماینەوە هەتا سێ مانگو نیو هەر دەستبەسەركرابووین، دوای ئازارێكی دەروونی زۆر ئینجا بەردراین.
دەتوانی باسێکی حاڵی خۆتانم بۆ بکەیت ؟
(بەزەردەخەنەیەكەوە ڕوی تێكردمو دوای ئەوەی سەرێكی ڕاوەشاند) گووتی: كوڕە چیت بۆ باسبكەم ناگێڕدرێتەوە نازانم چۆن ماوینو چۆن هاتووینەتەوە ..!!
راست دەکەی بەڵام خۆ دەبێ بزانم حاڵتان چۆن بوو ؟
حاڵمان نەبوو زۆر خراپ بووین ، کاکە بەدوو ڕۆژ چوار صەمونیان دەداینێ لەگەڵ ئاوێكی سوێر كە بەتەنكەر دەیانهێناو ئێمەش بەتەنەكەو قوتوو وەرماندەگرت، بەشی نەدەكرد مەجبور بووین ئیدارەی پێبكەین.
ئەوەی لە یادت مابێت وزۆر ناخۆش بێت و لەبیرت نەچێتەوە چییە ؟
هەمووی ناخۆش بوو هێچم لەبیرناچێت مردنی 9 كەس بوو كەبەیانی هەستاین ٩ کەسە مردبوون زۆر ترساین.
چی تر ؟
پیاوێكی هەبوو بەناوی عەزە بڕەو هەڵواسیانواسبوو یەکێکی تریشیان بەستبوەوەی بەعەموودەوە ناوی شێخ حسێن بوو لەبەر قرچەی گەرمادا.
نەتزانی خەڵکی کوێ بوون ؟
با خەلکی تەکیە بوو .
ئەم دیمەنانە هەتا ئێستاش لەیادەوەری تۆدا بە زیندوویی ماون؟
ئەی چۆن لەبیر دەچنەوە ئەوە بیستو سێ ساڵە نەوەڵا قەت لەبیرم ناچنەوە.
ئەی تۆ سەبارەت بە سەگەڕەشەكانی نوگرەسەلمانو خواردنی تەرمی ئەنفالكراوەكان چی دەڵێیت ؟
من بەچاوی خۆم نەمبینیوە سەگ تەرمەكان بخوات بەڵام باسیان دەكرد، ئەوانەی دەچوون بۆ ناشتنیان ئەوەیان بۆ باس دەكردین، زۆریش حەزم دەكرد بچم بۆناشتنی تەرمەكان بەڵام نەیاندەهێشت بچم دەیانگوت تۆپیریتو ئەوكارە بەتۆ ناكرێت.
بۆچی حەزت دەکرد دەتویست خێرێکت پێبڕێت ؟
ئا منیش حەزم دەكرد بچم جارێك دەرەوەش ببینم .
هەتا چەند لە نوگرە سەلمان مانەوە ؟
پاش سێ مانگو نیو ئینجا لە نوگرەسەلمان نەجاتمان بوو .
نازانی چ مانگێک بوو ؟
نەوەڵا نازانم وتیان لێبوردنی داوە .
کەواتە دوای لێبوردنە گشتیەكەی ڕژێم بووە، لەمانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٨ ؟
ئائا وتیان عافواتە.
هەمووتان بەربوون ؟
ئێمە دووهەمین پۆستە بووین شەوبوو دەوری سەعات هەشت بوو خراینە سەیارەی سەربازییەوەو لەدەرگا گەورەكەی نوگرەسەلمان هاتینە دەرەوەو بەرەو شاری سەماوە هاتین ئەو شەوە لەوێ ماینەوەو بەیانی هێنانیانەوە بۆ تۆپزاواو لەوێش تەنها شەوێك ماینەوە ئینجا بەڕێخراینەوە بۆ سلێمانی، لەسلێمانی لە یاریگاکەی چوارباخ دایانگرتین.
ئەی لەوێ یەکسەر وتیان برۆنەوە ؟
نەوەڵا پیاوانی ڕژێم دیسان دەستیان کردەوە بەجیاکردنەوەمان من و كۆمەڵیك خەڵكی تریان خستەوە ناو سەیارەو بردیانین لەبازیان هەڵیان ڕشتین.
ئەی لەوێ چییان لێتان کرد ؟
لەوێ وازیان لێهاناین ئینجا سواری سەیارەیەك بووم و هاتمەوە بۆماڵی خۆمان لە سلێمانی چونكە لەسەردەمی ئەنفالدا کە هاتینە ئێرە شتێکمان بۆخۆمان پێكیەوە نابوو.
جافریای ئەوەکەوتبووی ماڵ پێکەوە بنێی ؟
تەنها 15 ڕۆژم تێدا ڕۆژكردبوەوە كە بەسۆراخی كوڕەكانەوە ڕۆیشتم بۆگەرمیان، بەڵام ئەو ڕۆیشتنە ئەوە بوو کەوا بۆم گێرایتەوە .
بەڵێ سەفەرێكی پرلەگرێ پڕلەمەینەتی بوو، تۆ بۆ سۆراخی كوڕەكان چووبوویت بەڵام خۆت ماوەی سێ مانگو نیو بەبێ سۆراخ مایتەوە.؟
( بەنیگەرانیەوە) ئەرێ بەوخوایە هەتا ئێستاش كەس لێی نەپرسیووم.
هەر حەزت دەکرد لێت بپرسنەوە ؟ یان یارمەتیت بدەن ؟
حەزم دەكرد لێمان ببرسنەوە .
زۆر ماندووم کردیت مام حەسەن . من هیچ پرسیارێکم نەماوە ئەگەر تۆ قسەیەکت مابێت ؟
حەزم دەکرد حكومەتی كوردستان گوندەكانی ئاوەدان بكردایەتەوەو منیش بچوومایەتەوە بۆ گوندی نەوتی، بەڵام پێناچێت ئەو ئاواتەم بەدی بهێنم.
بەهیوام حەزو ئاواتەکەت بێتە دی، دوبارە سوپاس مام حەسەن .
ماڵت ئاوابێت سوپاس بۆبەسەرکردنەوەمان زۆرم پێخۆش بوو .
ماڵی تۆ ئاوابێت و سوپاسی ناوێت بەلام قایلیت ئەم دیدارە بڵاوببێتەوە ؟
بەڵێ بابڵاوببێتەوە .
[1] قۆرەتوو بارەگای تیپی ٢١ی سوپا بوو ئەوکاتە کرابووە شوێنی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوەكانی گەرمیان، قۆرەتوهەمان دیزاینی قەلای نوگرەسەلمان وقەڵای سوسێیە
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.