نیسان 11, 2015 Omer ئهرشیف, وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە كاركردن لەدۆسییەی ئەنفال و جینۆساید، چەند بۆچوون وسەرنجێك..!
دەربارەی چالاكوان و ئەو كەسانەی لەو بوارەدا كاردەكەن .
سمكۆسابیر
كاركردن لەهەربوار وكایەیەكدا،كۆمەڵێك پرەنسیپ وئاكار و رەفتاری خۆی هەیە،بەتایبەتیش كاركردن لە دۆسییەكانی ئەنفال و جینۆساید لەكوردستان وئەو پرسە نەتەوەییانەی كەراستەوخۆ پەیوەستن بە رابردووی هەمووانەوە. هەمیشە پێموابووە ئەوەی دەمانبەستێـتەوە بە هۆكاری كاركردن لەو دۆسیەیانە، پابەندی ئەخلاقی و ئاسوودەكردنی ویژدانە. لەپاڵ ئەوەشدا هەوڵێك دەبێت بۆ بەرەو پێشبردنی ئەو دۆسییە، بێگومان بەقەد ئەو توانا و وزەی لەو نێوەندا هەیەتی وگەڵاڵەی كردوون . بەداخەوە لەڕابردوودا، ئەوەی تێبینیم كردووە، خەڵكانێك لەو دۆسییانەدا كاریان كردووە و كاردەكەن، لەگەڵ (رێزو حورمەتم) شایانی ئەوە نین لەو پرسە نەتەوەییانە نزیك بنەوە چ جای ئەوەی كاری تێدا بكەن، چونكە ئەوەی لە هەندێکیاندا بەدیدەكرێت، رێك پێچەوانەی ئەو پابەندییەیە كەلەبەشی پێشەوەی نوسینەكە باسمكردووە. كەسانێك لەو بوارە كاردەكەن ،كە تەنها ئامانجییان خۆبردنە پێشەوە و بازرگانی و دەستكەوتنی ڤیزەی چەندوڵاتێك و بەكار هێنانی ئەو كەیسە نەتەوەییە بۆ حسابی خۆیان و لەسەر حسابی خەڵک، لەبەرامبەریشدا جگە لەزیان گەیاندن بە دۆسیەكە، ناتوانن تۆزقاڵێك لە ئازاری گەلەكەی خۆیان کەم بکەنەوە، بەتایبەتیش كەسوكاری قوربانیان كە پێویستییەکی زۆریان بە دڵدانەوە هەیە. ئەوەش لەئێستادا راشكاوانە هەستی پێدەكرێت، چونكە هەموو ئەو تاوانانەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە بەجینۆساید ناسێنراون ، لەسەر هەردوو ئاستی ناسین و ناساندن بێباكانە مامەڵەی لەبەرامبەردا دەكرێت و كۆی ئەو دۆسیەیانە نەبۆتە خەمێكی گشتی و مۆڕاڵێكی گشتی تاكی كوردی .كێشەیەكی تر، ئەوەیە كەچالاكوانی ئەو بوارە ، بەشێك و ژمارەیەكی بەرچاو تائێستا بەخراپ سوود لەو كەیسانە وەردەگرن و وەك سەرچاوەیەك بۆ بەدەستهێنانی سامان و خۆناساندن و خۆ بردنەپێشەوە لەبەرامبەر بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێم وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەی لەڕووی دارایی وسەفەرو گەشتە پرتەقاڵییەكانیان بۆ وڵاتانی جیهان لەسەر حسابی ئێسك و پروسكی قوربانیان و كەسوكاركانیان .بەردەوامە. بەشێكی زۆریش لەو چالاكوانانە، تائێستا قەرزاری حكومەت و رێكخراوەكانن لەسەر ئەوەی پارەیان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی كارو پڕۆژەیەك كەچی تائێستا نەكارەكەیان ئەنجامداوە و نەئامادەن بڕی پارەكە بۆ دەزگای پارە لێوەرگیراو بگەڕێننەوە.
پەیوەندی و كاری هاوبەش لەنێوان چالاكوانان لەكاتی كاركردندا.
ئەو چوار دۆسیەیەی كە تائێستا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكان بەجینۆساید ناسراوە . پێویستی بەزۆر كاری جددی و خەمخۆریەكی هاوبەش هەیە. بوونی پەیوەندییەكی تەندروست و دڵسۆزانە لە نێوان چالاكوانی ئەو بوارە، پێویستییەكی هەنوكەییە بۆ ئەوەی ئەو دۆزە بگاتە ئاستێكی باڵاتر لەنێو خۆ و دەرەوەدا. بەڵام نەبوونی ئەو لینك و پەیوەندییە كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر كارو پڕۆژەكان. ئەوە جگە لەوەی ئەگەر چالاكوانێك كارێكی باش بۆ بەرەو پێشەوە بردنی یەكێك لەو دۆسیەیانە بكات كەكاری تێدا دەكات،ئەوە لە ژمارەیەكی كەم وبەرچاوی چالاكوانان نەبێت، دەستخۆشی وهەماهەنگی و پشتوانی بەچاوی خۆی نابینێت و وەک هاوكاری نابن زۆر جار گرفتی بۆ دروست دەکەن. بۆنمونە: گۆڤاری ئەنفالستان كە تائێستا 12 ژمارەی چاپكراوە، ئەوەی تیایدا ونەو بوونی نییە، پشتیوانی وهاوكاری ماددی ومەعنەوی چالاكوانانی ئەنفال و ڕێکخراوەکانی بواری ئەنفالە.! ئەوە جگە لەوەی ناوە ناوە تۆمەتیش دەخرێتە پاڵ سەرنووسەروو ستافەكەی . دۆسێی دەربازبوانی گۆری بەکۆمەڵ ئەزمونێکی تاڵە چەندینجار گۆڤاری ئەنفالستان و ناوەندی چاک ئەو پرۆژەیەیان پێشکەش بە حکومەت و پەرلەمان کرد، کەچی لەبری پشتیوانی کردنی هەوڵی دزین و لەباربردنی پرۆژەکەیاندا ! ئەگەر كۆی چالاكانی بوارەكانی ئەنفال و جینۆساید لە كوردستان بەپابەندییەكی ئەخلاقی وپیشەیی كاری هاوبەش بكەن و بەربەست نەخەنە بەردەم یەكتری و تۆمەت بۆ یەكتری درووست نەكەن، بێگومان بێ ئەنجام نابێت و لەهەركاتێكدا بێت، دەتوانن ئەو دۆخە خراپە تێپەڕێنن و هەنگاوەكان خێراتر بكەن بۆ گواستنەوەی ئەو دۆسیە فەرامۆشكراوانە بۆقۆناغێكی تری بە ناساندنی لەسەر ئاستەكانی نێو خۆ و دەرەوە و درووستكردنی پشتیوانی بۆ میللەتی كورد لەو رووەوە كە جارێكی تر شێوەی ئەو تاوان و جینۆسایدە بەسەر كورد نەیەت و متمانەیەكی نێو دەوڵەتی وەربگرێت، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بەدیدەكرێت پێچەوانەی ئەوەیە و نابینین هەوڵێك هەبێت بۆچێكردنی پلان وكاری لەو جۆرە.
میدیای كوردی و بوارەكانی ئەنفال و جینۆساید لەكوردستان
بەگشتی دەستەواژەی میدیا (media) بەمانای هۆكارێك ،یاگواستنەوە وگەیاندن دێت .بنەچەی وشەكە لاتینی یە كە لە سەرەتای هاتنەكایەی هۆكارەكانی ئاڵوگۆڕی زانیاری وبڵاوكردنەوەی هەواڵ لە چوارچێوەیەكی بەرفراواندا بەو چەشنە پێی دەگوترێت میدیا. بەشێوەیەك لەشێوەكان میدیا گرێدراوە و كاریگەرە بەو سیستمە كۆمەڵایەتییە دیاریكراوەی تێیدایە، یان لەرووی سیاسییەوە پێوەی پابەندە .بەڵام لە كۆمەڵگەی كوردستاندا، میدیا نەیتوانیوە ئەو ڕۆلە بگێرێت كە پرەنسیپی زانستین بۆ پێناسەی میدایا و جۆرەكانی لەكوردستان .
ئەوەی لەڕابردوودا میدیای كوردی نەیكردووە ، پڕۆژە گەلێكن لە ژماردن نایەن . كورد لەڕووی تەكنیك و جۆرو ژمارەوە،بەقەد چەندین وڵاتی ئەو ناوچەیەو دونیا ،كەناڵی جۆراو جۆری میدیایی هەیە. بەڵام كاركردنی ئەو شەپۆلە ناتەندرووستە هێندەی بەئاراستە و عەقڵی حزب بووە،هێندە لەسەر هێڵێكی گشتی – نەتەوەیی بەستراتیژ و ئامانجێكی نەتەوەیی كارینەكردووە و تواناو شارەزایی خۆی تێدا بەكارنەهێناوە .میدیای كوردی لەسەر ئاستی نێو خۆ و دەرەوە ،نەیتوانیوە پردێك،هۆكارێك بێت بۆ ناسین و ناساندنی تاوانی ئەنفال و كەیسەكانی تری جینۆساید لەكوردستان . ئەو ژمارە زۆرە،ئەو چەندین جۆرە،كەچی هێشتا نەتوانراوە كاریگەی دو لایەنە بخوڵقێنێت، كەكورد متمانەی لەلا درووست بێت كەمیدیایەكی راستەقینە و متمانە پێكراوی هەیە و لەتوانایدا هەیە ،زەنگێكی پێشوەخت بێت بۆ رووداوەكان و هاوكات هەڵگری پابەندییەكی ئەخلاقی و پیشەیی بێت. ساڵانێكە میدیای كوردی بەشی زۆرینەی بەئەنفال دەڵێن كارەسات،لەكاتێكدا كارەسات بۆروودوە سروشتییەكانە،لەسەر رووداوی سرووشت كەس دادگایی ناكرێت، بەڵام ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە لەڕۆژی 24 /6/2007 بەجینۆساید ناسێنرا.هەروەك دواتریش لەچەند وڵات و پەرلەمانێكی وڵاتانی دونیا ئەو كەیسە بەجینۆساید ناسراوە . بەڵام میدیای كوردی هێندە بێباك و خەمسارد و بێئاگایە لەوەی ئەنفال تاوانە كارەسات نییە.هەمیشە لەناو هێنانی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالیش ، وەك پاشماوە ئەژماریان دەكات،لەكاتێكدا دەستەواژەی پاشماوە بۆ مرۆڤ ،بەتایبەتیش بۆكەسوكاری ئەنفال ،نەنگییەكی گەورە و بەڵگەیەكە ،كەمیدیاكەمان لەدۆخێكی خراپ و بێئاگاییەكی گەورەدایە.سەرباری ئەو راستییانەش، لەیادو ساڵیادەكانی ئەنفال و هەڵەبجەدا، رۆژێك بەر لەیادەكە، واتە لە15/3یان لە13/4ی هەمو ساڵێك، ئەوشەپۆڵ و ژمارە بەرفراوانەی میدیای كوردی، پێمان دەڵێن،بەیانی یادی تاوانی هەڵەبجە و ئەنفالە. رۆژی یادەكەش،بەشێكیان؛ یادەكە راستەوخۆ پەخش دەكەن و رۆژی دواتریش، 17/3 یان 15/4 بەرنامەكان دوبارە دەكەنەوە، ئەودووبارە كردنەوەیەش منەتی تێدانییە و پەیوەندی بەستایل و شێوازی بەرنامەوپەخشەكە هەیەو هیچی فەلسەفەیەكی تری لەپشتەوە نییە…!
میدیاكاری كورد و فۆڕمی كاركردنی لە دۆسییەكان .
میدیا كاری كورد، تاڕادەیەكی زۆر، بەرهەمی سیستم وپڕۆگرام وئەجێندای كەناڵ ودەزگا میدیایەكانی كوردستانن. لەهەمان كاتیشدا، پابەندن بەفەلسەفە و پلانی كاركردنی كەناڵەكان . بۆیە ئەوەی لە میدیاكاری دەبینین ،هەمان ڕەنگدانەوەی هاوبەش و هاوشێوەی هەیە. بەڕێكەوت لەبەرنامەیەك بەشداریمان كردووە، بێئاگابووە لەوەی ئەنفال هەشت قۆناغە. بێئاگابووە لەوەی لە شاڵاوی ئەنفال ، كەسانێك هەن پێیان دەگوترێت، دەربازبووی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، یاخود تاقانەی ئەنفال .هەمیشە خۆمان پرسیارمان بۆ پێشكەشكار وپەیامنێرەكان داناوە. پێمانگووتوون، كاركردن لەو دۆسیەیە بەوشێوەیەو بەو جۆرە دەبێت.نەك وەك ئەوەی ئێوە دەیزانن، كەچی دوای ئەو هەموو تێبینی و سەرنجەش، هێشتا پێشكەشكار لە پێشەكییەكەدا دەڵێت: (كارەساتی ئەنفال) .ناوە ناوەش بەكەسوكاری قوربانییان دەڵێت: (پاشماوەی ئەنفال). لەكاتێكدا ئەوانە دووجار شایستەی رێزن، جارێك لەبەرئەوەی كەسوكاری قوربانیانن و،جارێكی تر ئەوانیش مرۆڤن ونابێت پێیان بگوترێت،پاشماوە.ساڵانێكە ئەنفالستان دەستپێشخەری جددی كردووە، ئەوەی بەرهەمیش هاتووە لەو لایەنەوە،بۆخەمخۆری ئەو گۆڤارە ئەگەڕێتەوە بەپلەی یەكەم .لەڕاستیدا ئەوە بەد بەختییەكی گەورەیە كە كەسێك لەبواری میدیا كاربكات و ئەوە تواناو سەلیقەی كاركردنی بێت، ئەوە شارەزایی پیشەیی و پابەندیی و ئیتیكی رۆژنامەوانی بێت لەبەرامبەر بەكەیسێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی . لەبەرامبەر تاوانێكی نەتەوەیی ونێو دەوڵەتی.كەتاوانی ئەنفالە.بۆ كەیسەكانی تر هەربەهەمان شێوەیە.لەهەفتەی رابردوو میدیا كارێك پێیوا بوو، کۆمەڵکوژی پیاوانی بارزانی، لە قۆناغی دوووەمی ئەنفالدا بووە، زۆر سوریش بوو لەسەر ئەوەی كۆمەڵكوژی بارزانییەكانیش هەرلەسەردەمی ئەنفالی 1988 بووە، لەكاتێكدا كۆمەڵكوژی بارزانییەكان بۆیەكەمجار لەرۆژی 30/7/1983 دەست پێدەكات، بۆیە ئاسایی بێت بەلامانەوە كە دۆسییەیەكی وەك ئەنفال وكۆی دۆسیەكانی تریش ،تاڕادەیەك هەنگاوەكانی هێندەی بەرەو دوواوە دەگەڕێتەوە، هێندە بەرەو پێشەوە جوڵە ناكات ئەوەش ئاسایی نیە بەڵکو کارەساتێکی مەترسیدارە .
.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.