نیسان 09, 2015 Omer دیدار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە کە دەرگای حەوشەم کردەوە، ئەوەندە لاواز بوو خەریکبوو ئەکەوت. ووتی کوڕم ئەڵێی نامناسیتەوە؟
کە دەرگای حەوشەم کردەوە، پیاوێکی چڵکن و ڕیشسپی و دەومچاو قوپاو، ئەوەندە لاواز بوو خەریکبوو ئەکەوت. ووتی کوڕم ئەڵێی نامناسیتەوە؟
ئەوکاتەی ویستم دیدار لەگەڵ دانا هەڵەبجەیی بکەم، بەداخەوە ئەو سەفەری کردبوو بۆ دەرەوەی وڵات و ماوەیەکی زۆریشی پێدەچوو، هەتا چاوەڕوانی بکەم و بگەڕیتەوە بۆ کوردستان، من دەمزانی کە باوکی ئەنفالکراوە بەداخەوە هەرلەدوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان لە سلیمانی کۆچی دوایی کردبوو، بۆیە بەلامەوە گرنگ بوو، ئەوەندەی لەتوانادا بێت زانیاری لەبارەی ئەو ئەنفالکراوەوە لە دانای کوڕی وەربگرم . کاتێک لەڕێگەی نامەی ئەلکترۆنی و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە پەیوەندیم بەکاک دانا هەڵەبجەییەوە کردو زانیم لە ئەوروپایە، بەناچاری ئەم دیدارەمان لەرێگەی ئیمایل وفەیسبوکەوە ئەنجامدا. بەهیوام توانیبێتمان تیشکێک بخەینە سەر هەردوو تاوانە گەورەکەی هەڵەبجە گازبباران و ئەنفال . فەرمون ئێوەو دیدارەکە
کاک دانا ئەگەر ناوی سیانیت بزانین ؟
من دانا هەڵەبجەیی .
ناوی سیانیت ؟
دانا هەڵەبجەیی ئەوە ناوی منە کوردم وهەڵەبجەییم .
سوپاس کەوتە ساڵی لەدایکبوونت >
١٩٦٦
ئاستی خوێندەواریت چەندە
بەکالۆریس لە کارگێڕی لە لاهای.
خانەوادەکەتان بەکێ ناسراون؟
بە ماڵی رەحیم ماچۆ
وازانیم باوکت ناوی ڕەحیمە ئەی دایکت ناوی چییە ؟
دایکیشم ناوی فەهیمە محەمەدە .
ئێوە لەکاتی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەوێ بوون یان لەگوند ؟
لە سەرەتای سەدەی بیستەوە باپیرم لە هەورامانەوە هتاوەتە هەڵەبجە و هەر لەوێش ژیاوین
لە تاوانی گازبارنی هەڵەبجەدا چەند کەس لەخانەوادەکەتان شەهید بوون ؟
١٤ کەس لە کەسوکارمان تیایدا شەهیدبوون. ئەو پیکابەی کە وا ئێستا لە مۆنۆمێنتەکەی هەڵەبجە دانراوە ئەوە هی کاک کاوە قادر حاجی مەحمودە کە مێردی خوشکمە .
هاوسەری کام خوشکتە ؟ خوشکەکەت ناوی چییە ؟ کاوەو خوشکەکەت ماون یان شەهید بوون ؟
ئەو ڕۆژە واتا ١٦ی ئازار تۆ لەهەڵەبجە بوویت ؟
بەڵێ لەوێ بووم .
دەتوانیت کەمێک وردتر باسی ئەو ڕۆژەو تاوانەکەم بۆ بکەیت ؟
ئەو کاتە وەزعی هەڵەبجە زۆر خراپ بوو ئێمە دوو ڕۆژ بوو لەژێر بۆباراندا بووین ؟ بە ئەو دووڕۆژە بەردەوامی لە ژیر گرمەو ناڵەو هەڕەشەی ڕاجیمە و تۆپەکانی ئێراندا بووین، پێش کیمیابارانی هەلەبجە ئێران بۆمبارانی دەکردین، ئەو دوو شەوە لە ژێرزەمینەکەی خۆمان شەومان رۆژکردەوە، ئیدی لە14-03-1988 هەموو خیزانەکەمان گواستمانەوە بۆ ژێر زەمینی ماڵی براگەورەکەم.
ناوی برا گەورەکەت چی بوو ؟
عەبدوڵا
بۆچی گواستتانەوە بۆ ئەوێ ؟
بۆ ئەوەی ئەگەر مردین، یا ڕزگارمان بێت، پێکەوە بین بەڵام لەوێش دوای ئەوەی ڕەتڵێک راجیمە حەوشە وکۆڵانەکەی ویران کرد و تراکتۆرێک و ئۆتۆمبێلێکی سوتاند، بووە هۆی پەڕاندنی قاچی حەمە تاڵ وگیان لەدەستدانی کاک ناسری حمە کەریمی چایچی بە بەرچاوی خۆمەوە. ئیترچرکە بە چرکە هەستمان بە نزیک بونەوەی مەرگ ئەکرد، نە ئەمانتوانی لە ژێر زەمینەکە بێینە دەرەوەو نەبواری هەڵاتن و دەربازبوون لە هەڵەبجە هەبوو.
لە پرێکدا جەلال عازەبانی شاعیری لاو خۆی کرد بە ژێرزەمینەکەدا، زۆر دڵی خۆش بوو چاوەکانی ئەبریسکایەوە لە خۆشیدا. وتی ها ئەوە جەگەرەم بۆ هێناوی ،زانیومە لێرەی هەستە ئیتر ڕزگارمان ئەبێت لە بەعس، ئەمشەو تا بەیانی برادەران ئەگەنە ناوشار. پاکەتێک جگەرەی سۆمەری پێدام وئەملاو ئەولای یەکترمان ماچکرد ، وتی من ئەڕۆم بۆ باوە کۆچەک،، وەک بڵیی ئەزانیت ئەوە دوا دیداری ئەبێت لەگەڵماندا.
باوەکۆچەک چی لێبوو وا ئەو دەیویست بچێت بۆ ئەوێ ؟
باوە کۆچەک شوێنێکی گەشت وگوزارییەو باخی هەناری لێیە، بەڵام نازانم بۆچی دەچوو .
بۆچی دوادیدارتان دەبێت دوایی چارەنوسی جەلال عازەبانی چی بوو ؟
وەک چۆن وتی هەروا دەرچوو لەو ڕۆژەوە نە جەلالم بینی و نەزانیشم لەکوێ دوا هەناسەی داوە و نەتەرمەکەشی دۆزرایەوە،،،. دڵنیام لە دوا لێدانی دڵیشیدا دڵی بە برادەران خۆشبوو کە شارەکەمان بۆ ڕزگار ئەکەن،،!! کە گەورەییەکی بێ سنورە مرۆڤ بە هیوای ڕزگاری و بە ئومێدی ئازادی بمرێت. هەناسەکەم . هەناسەکەم ئەو شیعرە ناسکەی شەهید جەلال بوو، کە پێش مەرگی هەڵەبجە ئاوازم بۆ دانا. وەلی دوای شانزەی سێ، هەناسە لە جەلال بڕا و شیعریش بە ناسکی خنکێنرا و کەمانچەکەی دەستی منیش بۆ هەتا هەتایە شکێنرا.
کەواتە تۆ مۆزیک کاربوویت ؟
بەڵێ ئارەزوومەند بووم کەمانچەم دەژەنی بەلام کەهاتم بۆ ئەوروپا وازم لێهێناو ئێستاش کەمانچە ژەنێکی خراپ نیم .
بەوپێێە بێت جەلال عازەبانی بێ سەروشوێنە ؟ پێتوانیە هێشتا زووبێت بۆ ئەوەی قسە لەدوا لێدانی دڵی بکەیت ؟
پاش نیوەڕۆکەی من وکاوەی زاوام بڕیارماندا برۆین پیکابەکەی لەگەراج دەربێنین و خۆمانی پی ڕزگار بکەین، بە هەزار زەحمەت، بە پشتو پەنا دیوراکاندا لە ژێر ڕاجیمە و تۆپباراندا خۆمان گەیاندە گەراجەکەی عوسمانی حەمەی پیرەژەن، بەڵام پیکابەکە شۆفڵێک بەری لێگرتبوو،هەرچیمان کرد نەماتوانی بیجۆڵێنین یا کەسێک شۆفڵەکە لابات، دیسان بە نائومێدی بەهەمان شێوەی پێشوو گەڕاینەوە ژێرزەمینەکە.
بۆچی بەباوکی عوسمان دەڵێن حەمە پیرێژن ؟
لە هەڵەبجە هەموو کەسێک لەقەبێک یا نازناوی هەیە، ئەویش نازناوی ئەوپیاوە بوو، لە راستیدا نازانم لە چییەوە هاتوە.
سەیارەکە هەرلەگەراجەکە بوو سودتان لێ نەبینی ؟
نەخێر ئێمە نەمانتوانی دەری بکەین ، بەڵام ڕۆژێک دوای ئێمە ماڵباتی خاڵی کاوەی زاوامان پیکابەکەیان بۆ دەرکردبوو بەکورتی ئەویان بۆ دەربازبوو، وەلی خۆیانیان پێ دەربازنەکراو پیکابەکە بووە دوامەنزڵگەیان، پاشان بوو بەو پیکابەی کە وەک وێنەی گەشتیارە خەوتوەکانی هەڵەبجە خۆی بەدنیا ناساند.
مەبەستت ئەوپیکابەیە کە بەکۆمەڵ خەڵکی تێدا شەهیدبوون ؟ ئەوەی ئێستا لە مۆنۆمێنتەکەیە ؟
بەڵێ مەبەستم ئەوە کە ئێستا لە مۆنۆمێنتەکەی هەڵەبجە دانراوە ژمارەکەی(5814 سلیمانی) یە، مۆدیلی ساڵی 58 بوو.
وەک بزانی چەندکەس تیایدا شەهید بوون ؟
١٤ سەرنشین هەمویان شەهید بوون و بۆهەتاهەتایە سەریان نایەوە. هەموویان خزم کەسی من بوون .
شەهیدەکان خزم و ناسیاوی تۆن ؟ کەواتە دەزانی ئەو شەهیدانە کێ وکێ بوون لەو سەیارەیەدا ؟
ناوی هەموویان نازانم ، تائێستاش مەریوان و مهاباد و خاڵە ئەحە، لەبەرچاومن کاتێک چوین بۆ ژێرزەمینەکەیان و چاویان پڕبوو لە چاوەڕوانی، ئەوانیش دیاربوو وەک چاوەکانی جەلال ،چاوەڕیی ماڵئاوایی یەکجارەکی بوون.
ئەو منداڵەی بەسەر چەمچەی سەیارەکەدا شۆڕبووەتەوە ئەوە کێیە ؟
نایناسمەوە !
ئیتر نان وشیری مناڵ وخواردن لە تەواوبوندابوو، ئەبوایە کارێک بکرایە، شار بەردەوام مەرگی بەسەردا ئەباری و ترس و تاریکی دۆخی هەموانی پەرێشان کردبوو، کاتێک زانیمان پاسە کۆستەرەکەی کاکم بە قوڕسواخکراو لە سەری کۆلانەکە وەک فریشتەیەک بۆ دەربازبوونمان وەستا و برا گەوەرەکەم هاواری لێکردین خیرا تا تۆپبارانەکە کەمی کردووە سەرکەون، هیشتا مناڵەکانی خۆی سەرنەخستبوو، پاسەکە جێی دانیشتنی تیانەما، خەڵکی گەرەک و ژێرزەمین هەموو چونە ناو پاسەکەوە لەکاتێکدا 21 کەسی ئەگرت، کەچی ٦٤ کەس خۆی تێترازاندبوو.
منداڵەکانی کاکەت چەند بوون ؟ ناویان چی بوو ؟
چوار منداڵ بوون ناویان هونەر وهەرمان وهاورەنج وهاوژین .
ئیتر باوکم ومامم بڕیاریان دا کە ئەوان بمێننەوە و ئاگایان لە ماڵەکان بێت، ئەگەر شتیێکیش بوو ئەوە ئۆتۆمبیلییان پێیە، ئەتوانن بڕۆن بەروسنوری ئێران، هەرچەند پاڕاینەوە کە لەگەڵماندا بێن، سودی نەبوو، باوکم وتی ئیوە گەنجەن با تیا نەچن، ئێمە هەر مشوری خۆمان ئەخۆین.
مامت ناوی چی بوو ؟ لەباوکت گەورەتر بوو یان بچوکتر ؟
مامم ناوی حەمەمیرزای کەبابچی بوو، لە باوکم بچوکتر بوو
جۆری سەیارەکەی باوکت چی بوو ؟
دۆج بوو .
ئەی مۆدیلی چەند بوو؟ رەنگی چۆن بوو؟
مۆدێلی نازانم بەڵام ڕەنگی سور بوو .
ئەی ئێوە چیتان کرد ؟ چۆن رزگارتان بوو ؟
ئێوارەی پانزەی سێ بوو ،بارانێکی کەم ئەباری ، قەد هەڵەبجەم وا بە تاریکی لە ناو دوکەڵ و دڵەڕاوکیدا نەدیبوو، خەڵک هەمووی بە پیادە و ئۆتۆمبیل و تراکتۆر بەسەر جادە سەرەکیەکەی هەڵەبجە-سلێمانی بەرەو سیروان ئەڕۆیشتن، سەربازەکانییش وەک خەڵک خۆیان دەرباز ئەکرد بە تاک و کۆمەڵ شەتەک و ماندوو ملی ڕێیان گرتبوو. پاسێک پڕ بوو لە ژن و مناڵ ،بەناو تۆپبارانی نزیک و دووری سەرجادەو قەراخ جادە بە خێراییەکی سەرسام گەیشتە سەرپردەکەی زەڵم، و بە تێپەربوونی ئێمە زرمەیەکی گەورە هات و پرەدەکەیان تەقاندووە و ڕێی سەرەکی سلێمانی- هەڵەبجە یان داپچڕان. پاسەکەی ئێمە دوا ئۆتۆمبیل بوو کە توانی لەهەڵەبجە دەرچێت.
ئەوەی بەخێرایی دەڕۆیی مەبەستت لەپاسەکەی خۆتانە ؟
بەلێ ئیتر هەر بارهەڵگری سەربازی و زرێپۆش بوو بەرەو هەڵەبجە ئەڕۆیشتن، بەڵام نەیانزانی تا ئاوەکەی زەڵم جادە ماوە. کە گەیشتینە ناو سەید سادق ، خەڵکەکە لەسەر جادە بەو شەو مابونەوە، چاوەڕیی هەواڵ و هەڵەبجەیان ئەکرد، لە جامی پاسەکەوە موچە نانیان بۆ فڕێئەداین، بۆمان ئەگریان و هاوسۆزیان بۆ دەرئەبڕین، نەیان زانی ئەوانیش ئیتر دوای ماوەیەک زێدیان پێ چۆڵ ئەکەن، ئاوارەیان ئەکەن.
کەی ؟ چەند دوای هەڵەبجە خەڵکی سەید سادق ئاوارەکرد ؟ بۆچی ئاوارەیانکردن ؟
دوای هەفتەیەک نەک هەر سەیدسادق بەڵکو لە سنورەوە تا بازگەی عەربەت هەمووی راگویزکرا و کردیانە ناوچەی مەحەرەمە کە کەس بۆی نەبوو لەو ناوجە بژیت، وە خەڵکی ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون، بۆ ئەوەی یەکەمتاوانەکەیان بشارنەوە ، دووەم بۆ ئەوەی کۆمەکەی پێشمەرگە نەکەن.
چەند لە سەید سادق مانەوە ؟
و: زۆر نەماینەوە هاتین بۆ سلێمانی ، کە گەیشتینە سلێمانی، بۆ ئەوەی هەرکەس برواتە ماڵی کەسێکی ،لە بەردەرکی سەر کاکم پاسەکەی وەستاند ، کاتێک لە پاسەکە دابەزیم سەیرێکی چواردەورم کرد، یەکەم شت کارەبا بوو سەرنجی ڕاکێشام .
بۆچی کارەبا سەرنجی ڕاکێشیایت ؟!
ئاخر سێ ڕۆژ بوو کارەبای هەڵەبجە بچڕا بوو.
بۆچی پچرابوو ؟ حکومەت بڕیبووی یان بەهۆی بۆمبارەنەوە تەلەکەن پچرابوون ؟
کاتێک سەیری خۆمم کرد، ئەو کاتە هەستم بە خۆم کرد کە پێڵاوم لەپیدا نییە، شەڕواڵێک وکراسێکی خوێناویم لە بەردایە، خوێنی بریندار و شەهیدەکانم لەگەل خۆمدا هێنابوو.
شەهیدەو بریندارەکان کێ وکێ بوون ناویانت بیرماوە ؟
کاک ناسر شەهید بوو، وکاک حەمە تاڵ قاچێکی پەڕی .
دوای ئەوەی گەیشتنە سلێمانی چیتان کرد ؟
هەرچۆنیک بوو ئەو شەوە بەسەر کەس و ناسیاوەکانماندا دابەش بوین.
ئێوە چونە ماڵێ کێ ؟
چوینە ماڵی هاجی قادرو فەرەج هاواری و ماڵی مامەغەریب، بەیانی کە هاتین بۆ هەواڵ زانین ، ئەسحابەسپی و بەردەرکی سەرا، خۆڵی مردوی کرابوو بەسەریدا، کەست نە ئەبینی غەم و چاوەڕوانی دیارنەبیت بە ڕوخسارییەوە.
تا ئێوارە بەو شێوە وەک مناڵی لە دایک ونبومان لیهاتبوو، تا دڵنیا بووین لەوە کە بۆردمانی کۆمەڵکۆژیە کیمیاییەکە ڕویداوە و شارەکەمان مەرگی بە سەردا باریوە، ئیتر هەر یەکە لە ماڵێک وەک کۆست کەوتویەک خۆمان مەڵاس دابوو، تا بارودۆخەکە ئارام بێتەوە و هەواڵی باوک و کەسوکارمان بزانین. سەرڕای شپەرزەیی و جەرگبڕانمان، لە سلێمانیش دەستکرا بە گرتنی هەڵەبجەییەکان.
ئەی باوکت ومامەت چیان بەسەر هات ؟
باوکم دیار نەما وهەواڵی نەزانرا.
هەرباوکت ؟ ئەی مامەت ئەویشی لەگەڵدا نەبوو ؟
و: مامەم چووبوو بۆ ئێران و دواتر بەڕێگەی قاجاغدا گەڕایەوە بۆ سلێمانی .
پاش نزیکەی مانگێک بورهانی حاجی محمەدی بامۆکی وەک زۆر لە هەڵەبجەییەکان خۆیان بە هەرزارحاڵ لە سنورەوە گەیاندوە سلێمانی، پێیوتم من باوکتم بینیوە سەری بەسەر سوکانی پیکابەکەیدا کەوتبوو ودەستی بەچاوییەوە بوو، بەدەنی ئاوسابوو، وابزانم مرد بوو. من هەواڵەکەم بەکەس نەوت.
بۆچی نەت گووت ؟ بۆچی هەواڵەکەت شاردەوە ؟
لە ترسی حکومەتی بەعس ، کە هەڵەبجەییان ئەگرت ، بۆئەوەی ئاشکرا نەبین لە سلێمانی
ئەی لەوە نەدەترسای کە بورهان بۆ کەسی تری باس بکات ؟
نا چونکە ئەویش پەیمانی پێدام کە بۆکەس باسی نەکات. بە داخەوە ئەو هاوڕێ دڵسۆزەشم بە کارەساتێک گیانی لە دەستدا.
بەچی کارەساتێک گیانی لەدەستدا ؟
بە کارەساتی ئۆتومبیل لەگەرمیان گیانی لەدەستدا .
دیسان هەواڵ هات وتیان باوکت ماوە، بەڵام کوێر بووە، ئەمەیان ئارامییەکی پێبەخشین، چونکە بینراوە کە ماوە. بورهانیش ڕاستی کرد بوو ، کە کوێر ببو لەڕێ عەنەب، نەیتوانیبوو بجوڵێت،سەری نابوو بەسەر سوکانەکەوە، تا ماوەیەک خێرخوازێک خۆی و ئۆتۆمبیلەکەی گەیاندبووە گوندی بەڵخە، لەوێ پاسدارەکان دەرمانیان کردبوو، هەر لەدێی بەڵخە لەگەڵ جەند خێزانێکی ناسراوی خۆمان مابویەوە، جونکە ویستبووی کە نەچێت بۆ ئێران و هەرلە ناوعێراقدا بمێنێتەوە، بەڵکو لەهەلێکدا بە ئێمە شاد بیتەوە. لەو ماوەیەدا سەربازە ئێرانییەکان خواردن و پێخەفیان پێدابوون.
ئەو خێرخوازە نازانن کێ بوو ؟
نازانم .
ئەوخێزانانە کێ بوون ؟
بەداخەوە ئەویشم لەیاد نەماوە .
ئیتر هەرلە سلێمانی مانەوە یان ڕۆیشتن بۆ شوێنێکی تر ؟
نا نەرۆیشتین هەرچۆنیک بوو خانویەکمان بە ناوبەکرێ گرت، چونکە خاوەنەکەی پیاوچاکێکی سلێمانی بوو، وە نەیئەویست ڕژێم پێی بزانێت وگرفتی بۆ دروستبکات، وەک خەڵکی پێنجوێن خانوەکەی پێمان بەکریدا بوو، هەتا ساڵێکیش کرێی لێنەسەندین، نمونەیەک بوو لە ڕەسەنایەتی خەڵکی سلێمانی کە تا ئێستاش بەدوایدا ئەگەڕیم وبۆ ئەوەی سوپاسی بکەم، مەخابن هەر خۆی نەناساند ونەماندۆزییەوە.
چۆن نەتاندۆزییەوە ؟ ئەی نەیاندەگوت ئەم خانووە هی فلان کەسە ؟ ئێستا ناتوانی ئەو خانووە بدۆزیتەوە ؟ چونکە ئەوە خاڵێکی زۆر گرنگە ئەوە پیشاندەدات کە بەعس چەند زاڵم بووەو خەڵکیش لەچ بارودۆخێکدا چاکەی کردووە ؟
ماڵەکە دەزانم بەس خاوەنەکەی ناناسم ، چەند جارێک هەواڵیم پرسی، بە داخەوە کریچی تازەی تێدا بووتی فرۆشراوە، لێرەدا بەگرنگی ئەزانم کە باسی بکەم چەندەها خانەوادەی نیشتمانپەروەری خەلکی سلیمانی زۆر کۆمەکی خەڵکی هەڵەبجەیان کرد، چونکە هەڵەبجە و سلیمانی پەیوەندی لە مێژینەی تێکەڵاوبوونیان هەبوو.
ئەی هەواڵی باوکت گەیشتە کوێ کەزانیتان ماوە ئیتر تاکەی نەتان بینیەوە “؟
دوای ئەوەی لە 08-08-1988 شەڕی عێراق-ئێران ڕاگیرا و سوپای ئێران لە هەڵەبجە کشانەوە خاکی ئێران، ئیدی ئەبوایە باوکیشم لەگەڵ ئەوخەڵکەی کە لە سەر سنوور مابونەوە سوپای عێراق ڕێگەی پێدانایە بۆگەڕاندنەوەیان بۆ ناو خیزانەکانیان. بەلام نەک هەر ئەوەیان نەکرد ، بەڵکو کەوتنە بەر بڕیاری شاڵاوی ئەنفال و بە قوڵبەستکراوی هێنایانن بۆ یارگای سلێمانی وسەربازگەی ئیستخباراتی عەسکەری و تەواریەکەی سلێمانی.
چۆن زانیتان گیراون و هێناویانن بۆ تەواریەکەی سلێمانی ؟
بەهۆی سەربازێکی کوردەوە کە لەێ دەوامی ئەکرد زانیمان باوکم گیراوە؟
مەبەستت ئەوەیە لە تەوارییەکە دەوامی دەکرد ؟
و:
دوای ئەوەی زانیتان هێنراون بۆ تەوارییەکە چیتان کرد ؟
و: بە هەر فێڵ و فەلاکەیەک بوو، ڕێگایان پێدام کە پێنج خولەک باوکم لە زیندان ببینم، ٢ پارجە سۆمەر و ٢٥ دینارم بۆبرد. باوکم ڕەنگی زەرد، شەتەک وحەسرەتاوی ئەهاتە بەرچاو، وەلی بە بینینی من وەک گوڵ گەشایەوە و پاش راموسکردنی یەکتری، یەکسەر وتی ئێوە ئاگاتان لە خۆتان بێت، لەوانەیە ئیتر من نەبیننەوە. پاشان ووتی کاشکی بمردمایە و ئەو کوشتارگەیەی هەڵەبجەم نەبینایە، نازانم خوا بۆ منی هیشتەوە؟، لەم قسانە بوین دوان لە پاسەوانەکان هاتن و جاویان بەستەوە و بردیان. هەر ئەوەنە لێی تێگەیشتم کە وتی غەمی منتان نەبێت.
ئەی دوای ئەوە چەند لەتەوارییەکەی سلێمانی مابوونەوە ؟
پاش هەفتەیەک ژن و مناڵانیان لە پیاوەکان جیاکردەو بردیانن بۆ سەربازگەی تۆپزاوای کەرکوک. هەندێک لە پیاوەکان هەر لە تەواریەکی سلێمانی بە دەسڕیژ لەناوبرد بوو.
کەس دەناسیت لەوانەی لە تەوارییەکە کوشتبویانن ؟
بەڵێ عەبدوڵا بەڵخەیی وکورەکەی، چونکە پارەیان پێ بوو .
باوکت و ئەوانی تریان بردبویانن بۆ تۆپزاوا یان بۆ نوگرەسەلمان ؟
باوکم و ئەوانی تریان لە تۆپزئاوا وە گواستبویەوە بۆ نوگرەسەلمان.
ئیتر کەس هەواڵی هەڵەبجەییە ئەنفالکراوەکانی نەزانی، کە لە کوێ کوژراون یان زیندانن یان لە ژیاندا ماون. ئێمە تازە دەستمان لەوە شتبوو کە بگەڕیتەوە لامان، چونکە شالاوی ئەنفالی کۆتایی هاتبوو، ئیتر تەنیا دڵی خۆمانمان بە چاوەڕوانیی خۆش ئەکرد.
پاش دوو مانگ بڕیاری 737-738 ی لێبوردنی گشتی لە ڕژێمی بەعسەوە دەرچوو، توانیمان بە ئازادی بجوڵینەوە، کەمێک هەناسە بدەین. ڕیگایان پێداین سەردانی هەڵەبجە بکەین بۆ هێنانەوەی کەلوپەلی ماڵەکانمان، بەڵام نەک هیچمان نەمابوو، وێران ببوو بەسەریەکدا، تەنانەت یەک کتێبم بۆ نەمابوو وەک یادگارییەک لەگەڵ خۆمدا بیهێنمەوە . هەموو ماڵمان تاڵان و دزرابوو!.
کتێبت زۆر بوو ؟
٤٠٠کتێبم هەبوو تەنانەت یەک کتێبم نەمابوو، سێ ئاماری موزیکم هەبوو هەمووی تێداچوو .
لەچ ڕۆژێک و مانگ و ساڵێکدا بوو ڕێگەیان پێدان و توانیتان بچن بۆهەڵەبجە کەلوپەلەکانتان بهێننەوە ؟
راستی بیرم نەماوە چ رٶژێک بوو بەڵام مانگی یەکی ١٩٨٩
هێشتا هیچ هەواڵێکی باوکتان نەبوو ؟
نەخێر
هەتاکەی ؟
هەتا ڕۆژێک لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ دابوو نیوەڕۆیەک زەنگێک درا لە دەرگای ماڵمان، خوشکە بچوکەکەم وتی کاکە پیاوێک لەبەر دەرگایە، نەوەک سواڵکەر بێت، بزانە چی ئەوێت، منیش کە دەرگای حەوشەم کردەوە، پیاوێکی چڵکن و ڕیشسپی و دەومچاو قوپاو، ئەوەندە لاواز بوو خەریکبوو ئەکەوت. شەڕواڵیک و چاکەتێکی کۆنی نیوەدڕاوی سەربازی لەبەردا بوو. ووتم فەرموو خاڵەگیان، کە وورد بومەوە لە ڕوخساری چاوی لەوابوو فرمێسکی قەتیسم دابێت، ووتی کوڕم ئەڵێی نامناسیتەوە؟ بەدوای ئەم پرسیارە چۆڕی فرمێسک ڕومەتە وشک و چەقەکەی پاراوکرد. من تەنیا بە دەنگیدا زانیم ئەوە باوکمە، وای لەو ساتەی کە زاینم باوکم ماوە وگەراوەتەوە ناومان. نوسین قەد ناتوانێت ئەوهەستەم لەقەلەم بدات….. . کاتێک لە ئامێزم گرت و زانرا ئەوە باوکمەوە لە قیژەی وهاواری خۆشیمان هەموو گەرەک هاتن بۆلامان ، هەم ئەگریان هەم هەلهەلیان لێ ئەدا.
باوکم کەسێکی بە خۆەو قەڵەو، ڕومتێکی سوور، خۆش مەعشەر،ئێستاش کەسێکی لاواز و بێدەنگ تا ئەوپەڕی سکوت. زۆر هەوڵم ئەدا کە باسی بەسەرهاتی خۆیم بۆ بکات کە چییان لێکردوون، چۆن و چی بووە، هەر بە جاوە کزکانی سەیرێکی شەرمنانەی ئەکردم و هیچی نەئەووت.
پ: خوشکەبچوکەکەت ناوی چییە ؟
و:
باوکت چی دەربارەی خۆی دەگێرایەوە ؟
هیچ قسەی نەدەکرد تا ڕۆژێکیان گەیشتە تینی بە هیواشی بە تەنیا پێی ووتم: کوڕم کاتێک باوک کەرامەتی ئینسانی نەمینیت، عیزەتنەفس وکەسایەتی نەمێنیت، وەک پوش سوک وڕیسوا بکرێت، ئیتر بۆ تۆبزانی و کاریگەری لەسەر تۆبکات، بە چاوی گریانەوە ووتی ڕۆژانە سەد خۆزگەم ئەخوارد کە بکەوتمایتە بەردەمی سەگە ڕەشەکە و ئەو هەموو سوکایەتیەم بە کورد نەبینایە. واز بێنە ئەوەی خۆم بینم با هەرخۆم بیزانم، تاوانی ئێوە چییە کە ئەو ناخۆشیانە ببیستن.
منیش بریارمدا ئیدی پرسیاری لێنەکەم، وەلی لە یەکێک لە هاوڕیکانیم پرسی، بۆ باوکم قسە ناکات، هاوڕی ئەنفالکراوە رزگاربووەکەی ووتی: ئێمە نزیکەی ٤٠٠ کەس بووین لە هۆڵێکدا، باوکت لە گۆشەی سەرەوەی هۆڵەکە وەک ئەمیندارێک زۆربەی جگەرەو نامەو ئەمانەتمان لای ئەودانابوو شەوان دەردەدڵمان لەدەوری ئەو باس دەکرد، وتمان ئەو پیرە نایکوژن، ڕەحمی پی ئەکەن. بەلام کە زانیان هەڵەبجەییەکان ئەم پیرەمێردەیان وەک ئەمینداریک داناوە، ئیتر بە باوکت فێر ببون، هەموو بەیانییەک دووسەرباز ئەچوون بۆی بە شەق و لێدان بە ناوخەڵکەکەدا ئەیانهێنایە بەردەرگاگە تا لەتە سەمونەکەیان ئەداینێ، بە دەم سوکایەتی پێکردنیەوە، ئەیانووت ئەمە شێخ و پیرەکەتانە ؟.
هاوڕێ ئەنفالکراوەکەی کێیە ناوی چییە ؟
نوری حەمەلاوو کاک فەرهەنگی کوڕی لەنوگرەسەلمان لەگەڵ باوکم بوون . نوری حەمەلاو کەسایەتیەکی ناسراوی هەلەبجەیەو باوکی شەهید هاوارە .
باوکم بەو هەموو زۆڵم زۆرەی کە لەهەڵەبجە بینی، بەوکۆمەڵکوژییەی کە بەرچاوییەوە لە زیندانەکانی ئەنفال کرا، سەدان چیرۆک وبەسەرهاتی خەڵکی لابوو، بۆیە هەردەمی بکرادیەتەوە ساتە تاریک وناخۆشەکانی مرۆڤی کوردی تیا ئەبینرا، بۆیە بڕیاریدابوو ، یا بێدەنگ بێت یا باسی رابردوو نەکات. هەربۆیە پاش ماوەیەک بەو تاسەوە گیانی لە دەستداو چیرۆکە نەبیستراوەکانی هەڵەبجە و ئەنفالی لەگەڵ خۆیدا برد، بەڵام دڵی بە کورد و پاشەڕۆژی هەرخۆش بوو، چونکە لەدوا ساتی سەرەمەرگی وتم باوکە گەردنم ئازاد کە، وتی کوڕم کورد هەمووی گەردنی ئازادە، خوا ئەوهەموو ناحەقییەی بینیوە بەرامبەر کورد کراوە، ئیتر ئەوچۆن گەردنمان ئازاد ناکات؟ .
باوکت کەی کۆچی دوایی کرد ؟ ڕۆژومانگ و ساڵی چەند بوو ؟
لە ڕۆژی ١٢/١٢/١٩٨٨ .
کەواتە لەسلێمانی ناشتوتانە
بەڵێ لەسلێمانی لە گۆرستانەکەی سەرکارێز ئەسپەردەی خاک کراوە.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.