• ڤیدیۆ
  • ئه‌رشیف
  • تاوانی جه‌نگ
  • دیدار
  • وتار
  • ئاگاداری
  • په‌یوه‌ندی
  • ئێمه‌

سه‌ردێره‌كان

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
  • ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد
  • تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا. هۆمەر محەمەد
  • ڕۆڵی سینەما لە پاراستنی یادەوەری ئەنفالدا – وانەیەک لە هۆڵۆکۆستەوە
  • سەرنجێک لەسەر دەرکەوتنی (بەراء) هۆمەر محەمەد
  • ماڵه‌وه‌
  • هه‌واڵ
  • ئه‌نفال
  • شه‌نگال
  • كیمیاباران
  • به‌ڵگه‌نامه‌
  • ئامار
  • دەربازبووان
  • توێژینه‌وه‌
  • گۆڤاری ئەنفالستان
  • بڕیاره‌دادوه‌رییه‌كان
  • الكورد والابادةالجماعية

گوندی كلێسە مێژووی ئەنفالكراوەكانی خۆی دەنوسێتەوە.

نیسان 02, 2015 Omer ئه‌رشیف, ئه‌نفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە گوندی كلێسە مێژووی ئەنفالكراوەكانی خۆی دەنوسێتەوە.


 گوندی كلێسە مێژووی ئەنفالكراوەكانی خۆی دەنوسێتەوە.  DSC01106

شوێن : كڵێسە

كات :  9ی ئازاری 2009

عومەر محمەد

 رێكەوتێكی سەیر بوو ! ئێمە هێشتا لە گوندی گۆپتەپە بووین كە بریارماندا پێكەوە ڕۆژێكیش بچینە سەردانی گوندی كلێسە‌و مۆنۆمینتی دەشتی كۆیە.

 كەچی وەك بڵێی ئاگای لە رازو نیازی ئێمە بوبێ‌ بۆ شەوەكەی كورتە نامەیەكی حاكم صالح كلیێسەیم، بۆهات نوسیبووی: هیوادارم ڕۆژی دوو شەممە لەگەڵ كاك هوشیار قادر سەردانمان بكەن، بەداخەوە هیچكام لە ئێمە ئەو هوشیار قادرەمان نەدەناسی، تا داواكەی حاكم صالح بەجێبهێنین‌و بیبەین بۆ ئەو گەشتە.

    سەرلەبەیانی ڕۆژی ٩ /٣/٢٠٠٩ لە سلێمانیەوە بۆ سەردانی مەزاری ئەنفالكراوەكانی دەشتی كۆیە بە سواری سەیارەیەكی نیسان پاترۆڵ بەرەو گوندی كڵێسە بەرێكەوتین.

   بۆ خۆدزینەوە لە هەڵتەك‌و داتەكی رێگا خراپەكەی دەروازەی شار بڕیارماندا، بەرێگا تازەكەی نێوان دۆڵە ڕوت‌و سورداشدا برۆین، چونكە رێگای تاسڵوجە سلێمانی كاری لەسەر بوو خەریكی چاككردنی بوون، ئەگەرچی تاچوینە سەرجادە دەیان قات لە رێگەی تاسلوجە ناخۆشترو  وێرانتر بوو، بەڵام هەر ئەوەندەی لە بازگەكەی دۆڵەڕوت قوتار بووین‌و بەدەستی چەپدا بەلای مێرگەپاندا باماندایەوە ئیتر رێگایەكی خۆش‌و ناوچەیەكی زۆر دڵگیر دەبینی و بەسروشتی خۆی پەلكێشی ناو یادەوەریەكانت دەكات، كاتێك بەناو دۆڵ‌و شاخەكاندا بەجادەیەكی تازە قیر تاوكراودا بە گوندەكانی دۆڵە ڕوتدا بەرەو مێرگەپان‌و شەدەڵە ڕێگامان دەبڕی، هەم دڵگیری ناوچەكەو هەم بیرەوەری ڕۆژگاری رابوردوو هەستێكی خۆش تارادەیەكیش سەیری لەلادروستكرد بووم.

یەكێك لە هاوسەفەرەكەمان مامۆستا كامەران بوو، ئەو تەمەنی لاوێتی لەم شاخ‌و كیوانەدا خەرجكرد بوو، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە بووەو شارەزای ناوچەكەش بوو، ئیتر دەستنیشانكردنی ئەو لوتكەو دۆڵانەی ئێمە ناویانمان نەدەزانی، كەوتبووە ئەستۆی، ئەو تاشەبەردانەی بەلاپاڵی چیاكانی چایەر‌و پیرەمەگرووندا شانیان دا دابوو یاخود قیت وەستابوون، ئەو هەستەیان لە لادروستكرد بووم كە بڵێن: نابەزین‌و نابەزین ئەوەتا هێشتا هەر بەپێوە ماوین. هەڵبەت بۆیە ئەو هەستەم لادروست بوو چونكە بۆ سەردانی گوندێك دەچووین كە بێ‌ ئەوەی زەرەریان بۆ كەس هەبێ‌ 136 مرۆڤی بێتاوانیان لێ‌ ئەنفالكرابوو.

ماوەی نیو كاتژمێرێك بە هەورازو نشێودا كانی گۆران‌و كارێزكڵاوو هەردوهەناران‌و گوندی قزلەرو بەختۆخەمان بەبەرلوتی چیای چادر‌و هەورازی تاقەتپروكێنی قزلەر‌و زێوێمان بڕی،  تانزیكی گوندی شەدەڵە رێگایەكی خۆش ئاژۆ و پر لەدیمەنی هەست‌و دڵبزوێن بوو، كورت ماوەیەك بەجادەیەكی خۆڵدا تێمانكرد بەرەو هۆمەرقەوم‌و سورداش‌و لەوێشەوە بەرەو سەرجادە دووسایدیەكەی نێوان دوكان سلێمانی شۆڕ بووینەوە بێ پشوودان بە سەیرانگای دوكاندا، هەورازی پێچاوپێچی كلەكەسماقمان بری‌و لەسەر شاخەوە بەرەو دەشتی كۆیە كە بەئەنفالی قۆناغی چوارەم ویرانكراوە،شۆربووینەوە بۆ گوندەكانی بۆگدو كلێسە لەوبەریشەوە گوندی بۆڵقامیش وەك هەژارێكی پەراوێز خراو خۆی پیشاندەداین .

  حوسینی حاجی جەلال بێجگەلەوەی شۆفێر بوو ئەو چاوساغ و شارەزاكەمابوو، هەرلەگەشتەكەی گۆپتەپەوە بەڵێنی ئەوەی دا بەپێی توانا، خۆی‌و سەیارە پەترۆڵەكەی بخاتە خزمەتی ئێمەو نوسینەوەی خەمەكانی ئەنفالستانەوە‌و گوند بەگوند لەگەڵمان بگەرێ‌، نایشارمەوە كە مامۆستا نەجیب گەرمیانی كۆچی دوایی كرد، قەڵەمی دەست‌وپێم شكاو بێئومید بووم، لەوەی كەسێكی تر جێگەی ئەوم بۆ بگرێتەوە و یاوەری ئەم گەشتانەم بكات،بەڵام ئێستا گەشبینم كە (نەجیب)ی ترپەیدا بوون‌و خەمەكانم لەگەڵ هەڵدەگرن .

 ئیتر پشت قایم بەشارەزایی حوسین لەپرسیاری ڕیگاوبان‌و دودڵی رێگەونكردن بێخەم بووین.

    لەسەرشاخی كەلكەسماقە وە بەرەو دامێن، تا رێگە ببریت زیاتر ڕۆدەچیتە خوارەوە، هێشتا دانەخزابووینە دەشتایی كەدیمەنی ناوچەكەپەلكێشی كردمە ناو یادەوەری حیكایەتەكانی سەروەختی ئەنفال، وێنەی خەزرەجی وەك دیوەزمەیەك، خۆی‌و گۆچانێك‌و جیهازێك بەبەرچاومەوە بوو، گەرا بوومەوە بۆ ئەو كاتانەی هەواڵی پەلامارەكانی ئەنفال وەك بروسكەی مەترسیدار‌و مرۆڤ تەزێن بەچرپەوە دەگەیشتنە شار‌وخەڵكی بەویژدان‌و ئازادیخوازی دەخستە بەردەم حەسرەتێكی گەورە، هەزاران وێنەی ستەمكارو ستەملێكراو لەیادەوەریمدا دەهاتنەوە پێشچاو، هەرگیز ناتوانم ئەودیمەنانە نادیدە بگرم كە لەم دەشتەو لە قوڵایی گەرمیان‌و لە بناری چیاكانی ئەم وڵاتە هەزاران قوربانی بەئومێدی بەزەییەوە لە روخساری جەلادیان ڕوانیوەو وەلێ‌ ئەوان بە دڵرەقیەوە مامەڵەیان لەتەكداكردوون و هەرگیز رەحمیان پێنە كردوون.

یەكەمین وێنەی تۆماركراوی ئەنفال ئەوكاتە بوو، كە هێشتا هەرزەكارێكی كەم ئەزموون، بەڵام هەستناسك بووم، ئەوكاتەی یەكەمین دیمەنی كۆمەڵێك پیرەژنم بینی،خوێنكاری بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكان بووم، بۆیە دیمەنی ئەو مریشەكە كوردیانەم لەیاد ناچێتەوە كەلە ناو ئیڤایەكی دێزو ڕەزاگرانی سەربازیدا لەگەڵ پۆلێك پیرەژنی رەش پۆش دیلكرابوون‌و سەربازێكی لچ رەش، جگە لەخۆی هەموو كەرەستەكانی تریشی رەش بوون، تفەنگێكی رەش، پۆستاڵی ڕەش، كڵاوی رەش،پاسەوانی دەكردن، مریشەكان لەپشتی ئیڤا كەدا بە قاچ بەستراوی هەڵدەقونان‌و بەباڵەكانیان تۆزوخۆڵی ناپشتی ئیڤاكەیان بەرزدەكردەوە، وەك بڵێی بەباڵەپرتێ لەیەزدان بپارێنەوە بۆ ئەوەی بەرەحمی خۆی لە دەست سەربازەكانی بەعس رزگار یانكا، دیمەنی ئەو مریشكە جرپن‌و پیرەژنە ڕشپۆشە كۆستكەوتووانە هەتا ئەمرۆ لەلای وێنەیەكی جوڵاوەو هیچ كورتە فلمێك ئەوەندە نام بزوێنی،پۆستەرێكی زیندووی یادی ئەنفالە‌و لەبیرم ناچێتەوە، بێگومان ئەم پیرەژنە رەشپۆشانە، كە بەمریشكە جرپنەكانیانەوە ئەنفالكرابوون‌و بەئیڤایەیەكی رەزاگران دەگوازرانەوە بۆ كەمپەكانی كۆكردنەوە، ئەگەر خەڵكی ئەم دەشتەپان‌وپۆرەو گوندەكانی گوێ‌ ئاوی زێی دوكانیش نەبووبن بێگومان كوردبوون‌و لەبناری چیاكانەوە بەدیلی هێنرا بوون، جا هی هەركوێیەكبن ؟؟

 ئیتر هەرشریتی یادەوەری ئەنفالبوو بەخێرایی بەبەرچاومدا گوزەری دەكرد، ئێرە ناوچەی ئەنفالی چوارەو هەتا چاو بڕدەكات  دەشتایی‌و تەپۆڵكەیەو لەبن هەر گردێكدا وێنەی جەلادو قوربانی، دوكەڵی سوتان‌و كەڵبەی شۆفڵ‌و خنەخن‌و لارەلاری مراوی هیلانە لێتێكچو، قروسكەی توتكە سەگی تۆقیو‌و، خێسەی ئەفسەرە دڵرەقەكان‌و چاوشۆری جاش‌و دوعاوپارانەوەی پیرەژن‌وپیرەپیاوە ئەنفالكراوەكان‌و ترسی ناموس شكاندنی كچە عازەب‌وخۆشاردنەوەو بەرەنگاربوونەوەی گەنجانی گوندنشین‌و دڵپاكی‌و  تەكبیرو رای ساویلكانەی هەندێك لەپیرەپیاوانی ئاوایی كە چۆن دەستەو دامینی كورە جاحێڵەكانیان بوون: -( بابە، چارنیە تازە كار لەكار ترازاوە بچن خۆتان رادەستی جاشەكان، بكەن‌و چاوەروانی رەحمی خودابن تا وەزعەكە بەلایەكدا دەكەوی، بەڵكو ئەمە خودایە، توشتان بەدپیاوێكەوەبێ‌‌و تەسلیمی حكومەتتان نەكەن) بێئاگا لەوەی ئەمجارە بەعس دەیەوێت سیاسەتی قڕكردن‌و ڕیشەكێشكردنی بنج‌وبناوانی گوندنشینەكانهەڵكێشی، لەدەشتی كۆیەوە كە لەم بەری زێوە سەرهەڵدەبری لەدەشتایەكەی ئەو بەری  زێ‌  بەسەرگردێكی قەراغی ئاوەكەوە پەیكەری هاواری گوندی گۆپتەپە سپیی دەچێتەوە،كەهونەرمەندی پەیكەرساز عومەربێبەشی (هاورێی پەیمانگام) لەسەر گۆرستانە بەكۆمەڵەكەی گوندی گۆپتەپەی بەگازبارانكراو بەدەست‌وپەنجە رەنگینەكانی خۆی دروستی كردووەو پربەدەم هاوار لەیەزدان‌و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەكا‌و گوزارشت لەتاوانی ئێوارەی 3/5 ی ساڵی 1988 دەكات، بێئەوەی هیچكام لەوان بەهانایانەوە بچن.

ئامانجی ئیمە رۆیشتن بوو بۆ گوندی كلێسە، كەكەوتووەتە سێكوچكەی ئیدارەی پارێزگاكانی كەركوك‌و هەولێر‌و سلیمانیەوە لەمبەری زێ بەرانبەرگۆپتەپە لەسەر رۆخی ئاوەكە گیرساوەتەوە، لە ڕۆژهەڵاتیشییەوە گوندی عەسكەر كەوتووەتە ناو زنجیرەیەك چیای بەرزونزمی ڕەقانیەوە، ئەویش هەر ئەو ئێوارەیە لەگەڵ گۆپتەپە بەرچەكی كیمیایی كەوتوو، بۆ سبەی 200 كەسیان ئەنفالكران‌و تەنها 15 پیروپەككەوتەیان بەزیندوویی لێگەرایەوە، كە ئەو دەپانزە كەسەش پیروپەككەوتەبوون‌و زیندانی نوگرەسەلمان هەناسەی لێبریبوون‌و بەنیوەمردوویی گەڕانەوە بۆنیشتمان، بەلای خۆرئاواشیدا گوندی قەسرۆكە لەو بەری زێ كە هەتا ئێستاش 191 كەسیان لەژن‌و منداڵ‌وپیاو بێسەروشوێنن، بەدەم ئەم ئەندێشەو خەیاڵانەوە بەسەرجادەیەكی خۆڵ‌و بەپێچیكی نیوەبازنەیی دا شۆردەبیتەوە، بۆ دەم زێ‌‌و لەپێشەوە گوندی بۆگد لەخاكێكی سورباوی روتەندا بەشەرم‌و دڵشكاوییەوە پێشوازیت لێ‌ دەكا، چونكە بەرلە ئەنفال قەت ئەوەندە سفرەخاڵی نەبووە،هەتا لە ئاست میوانان دابمێنی، خانووی هاكەزایی‌و نائەندازەیی بەقوڕوبەردی  تێدا قوتكراوەتەوەو سیمای گوندەكە بۆ خۆی ناسنامەی هەژارنشینی‌و كاریگەری ئەنفالی بەئاشكراپێوە دیارە، گوندی بۆگدێش گورزی كەمەرشكێنی ئەنفالی بەركەوتووەو نزیكەی 50 كەسی بێسەروشوێنن، لەوبەری زێشەوە گوندی بۆلقامیش لە باوەشی بەرزاییەكی نیمچە كوردا لێتدەروانێ‌، لە دورەوە چرچەكانی دەموچاوی دەبینی كە لەحەسرەتی 38 كەسی ئەنفالكراودا بەشەكەتی ماوەتەوە، لە ڕۆژئاواشەوە دیسانەوە گوندی گومەشین 105كەس لەژن‌وپیاو منداڵی ئەنفالكراون، هەروا لەدامێنی كلێسەشدا گوندی كانی بی 75 گەنجیان ئەنفالكراوەو هەتا ئێستا سەروسۆراغیان نیە.

     مرۆڤ ئەگەر بەویژدانێكی تەندروستەوە بەو دەشتەدا یان بەو گوێ زێیەدا گوزەر بكات‌و هەستەوەرە ئینسانیەكانی لەكارنەكەوتبن، هێشتا هاوارو فیزاق‌وپارانەوەی ئەو حەشاماتەی قوربانیانی ئەنفالی دێتە بەرگوێ‌، خەڵكێك، بێئەوەی هیچ تەماحێكیان لەدەسەڵاتی دكتاتۆردا هەبووبێ‌ تەنها گوناهیان ئەوەبوو دەیانەویست ژیانێكی هاكەزایی لەناوئەو گوندە هەژارنشینانەدا  بەسەربەرن كە زیدی خۆیانە، كەچی بەودەردەچوون كە ئەنفال پێی كردن، ئەم گوندانە وەكو لەنەخشەی حكومەتی هەرێمیشدا سڕابنەوەو هەمان لۆژیكی ئەنفالیان بەسەردا پیادەبكرێ‌ ئێستا بەرادەیەك پەراوێزخراون‌و ئاوڕیان لێناداتەوە، تەنها دیمەنێكی ژیانی ئەو خەڵكە بەسە بۆئەوەی شەقێكی مەردانە لەهەموو ئەو پروپاگەندانە هەڵدەی كەباس لەمافی مرۆڤ‌و درۆودەلەسەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەلدەیت‌و لەبیری خۆت توریانهەڵدەیتە دەرەوە..!!

    كەمێك لەولای گوندی بۆگدەوە لە سەر رۆخی زێ كەلەبەنداوی دوكانەوە بەناوگردوچیاكاندا بەروخوار ملی ناوە، ریگایەكی خۆڵ روەو ڕۆژهەڵات دەتباتە بەردەمی خانویەكی سپی كۆنكریتی،  چەند مەترێك پێشتر لەسەر تابلۆیەكی شین كە تیایدا نوسراوە مۆنۆمینتی ئەنفالكراوەكانی دەشتی كۆیە، هەروەها وێنەی تەرمی گەڕاوەی ئەنفالكراوەكان كەلەسندوقی لاكێشەیدان‌و بەئاڵای كوردستان پێچراونەتەوە كراوەتە باكگراوەندی نوسینی سەرتابلۆكە،كە بەدوو ستونی كارەبا بەبەرزیەوە چەسپكراون، تابلۆكە بەماتەمییەوە پێشوازی لەمیوانەكان دەكا، بۆناو هۆڵی ئەومۆنۆمینتەی بەدەستپێشخەری حاكم صالح كلێسەیی‌و بەهاوكاری تەواوی گوندنشینەكانی كلێسە بنیاتنراوە بۆ یادەوەری‌و رێزلێنانی ئەنفالكراوەكانی دەشتی كۆیە.

  مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوەكانی دەشتی كۆیە لەگوندی كلێسە:

گوندی كلێسە لە رووی ئیداریەوە سەر بەناحێی ئاشتی‌و قەزای كۆیە- پارێزگای هەولێرە، بەر لە یەكگرتنەوەی ئیدارەی هەردوو حكومەت سەربە ئیدارەی هەریم – سلێمانی بووە، كەوتووەتە سەر قەراغی زێی دوكان، بەرانبەر بەگوندی گۆپتەپەی ناحێی ئاغجەلەر، ئەم گوندەش بەهۆی كیمیابارانكردنی گۆپتەپەوە، شنەبای ئەو سەرلە ئێوارەیە كیمیایی بەسەرداهێناوەتەوەو شەهیدێكی كیمیاباران‌و چەند بریندارێكیان هەیە، بەڵام لەپەلامارەكانی ئەنفالی چواردا 136 كەسیان ئەنفالكراوەو هەتا ئێستا بێ‌ سەروشوێنن، خەڵكی ئەم گوندە بەپێچەوانەی زۆربەی ئەو گوندوناوچانەی ئەنفالكراون، لە هەمووان زیاتر بەتەنگەوە هاتوون، كە چیدی چاوەروانی حكومەت نەكەن‌و خۆیان مۆنۆمینتێك بۆ ئەنفالكراوەكانیان دروست بكەن، بەرلەوەی بگەیتە ناودێ‌ لەنزیك گۆڕی ئەسحابان، بەدەستپێشخەری گەنجێكی كلێسەیی بەناوی حاكم صالح‌و بەهاوكاری تەواوی خەڵكی گوندەكە توانیویانە مۆنۆمینتێكی شایستە بۆ ئەنفالكراوەكانی گوندەكەی خۆیان دروستبكەن، بەڵام  وەكو رێزلێنانێك بۆ ئەنفالكراوەكانی تری ناوچەكەو هەستی كەسوكاری قوربانیانی گوندەكانی دەرو دراوسێ‌ بەری رەنج‌وماندوبوونی خۆیان ناو ناوە مۆنۆمینتی ئەنفالی دەشتی كۆیە.

     ئەوكارەی حاكم صالح‌و خەڵكی كلێسە كردوویانە سەرباری دەستكورتی‌و سادەییەكەی واتایەكی لە رادە بەدەر ئینسانی گەورەی هەیە، لەو روبەرە بچوكەدا كەپێشتر گۆرستانی ئەسحابان بووە، توانیویانە بە توانای خۆیان‌و لە قوتی دەمی ماڵ‌ومندالیانبگرنەوە، بێئەوەی چاوەروانی حكومەتی هەرێم بكەن، هوڵێكی شایسە بۆ مەزاری قوربانیەكان‌و ژورێكی كارگێی پاكوپوختی كۆنكرێتی تێدا دروستبكەن‌و دەرگاوپەنجەرەی رێك‌وپێكی تێبگرن‌و دیوارەكانی گەچكاروبۆیاخ بكەن، لەهۆڵەكەشدا جگەلەپەیكەرە ئێسكێكی بەپێوە راگیراو، وێنەی هەموو ئەنفالكراوەكانی گوندو ئەوەشی دەستیان كەوتووە لە هی دەورو بەركۆیانكردووەتەوەو ئەوندەی تاقەتیان بەسەریدا شكاوە بەشێوازێكی جوان‌و بەرێزەوە دانراون‌و ناوی ئەنفالكراوەكانیان لەسەرنوسراوە، ئەوتاجە گولینانەشی لەلایەن دۆست‌وناسیاوانیانەوە بۆیان هاتووە، لە شوێنیكی شایستەی مەزارەكەدا دانراون یان هەڵواسراون، بەتەنیشت هۆڵەكەشەوە باخچەیەكی بچكۆلە كەپەیكەری ئەنفال‌و كێلی بێگۆری ئەنفالكراوەكان بەشێوەیەكی ئەندازەیی دروستكراون، كلێەكان بەلاری دانراون‌و بەرەنگێكی سپی تێر بۆیاخ كراون‌و لەسەر هەر كێلێكیش ناوی سیانی قوربانیەكەو نیشانەیەكی پرسیاردانراوە، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ بێسەروشوێنكردنی ئەنفالكراوەكان‌و نا دیاری چارەنوسیان، لەناو باخچەی مەزارەكەشدا قوربانیەكانی گوندی كلێسە بەكیلەكاندا دیارە كە زۆر خێزانی پێكەوە تێدایە كە هەموویان ئەنفالكراون، یان تاكەكسێك یاخود لەكەسێك زیاتریان لێگەراوەتەوەو ئەوەی تری هێشتا بێسەروشوێنە، هەشە كەسیان لێدەربازنەبووەو هەموویان ئەنفالكراون، بۆ هەر میوان‌و رێبوارو گەریدەیەك كەسەردانی ئەو مەزارە بكات، راستەوخۆ دەكەوێتەبەردەمی گەران بەدوای پرسیارێكدا كە دواجار دەبێ‌ لە دوای سەرانی بەعس‌و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەپێش هەموویانەوە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامبدەنەوە.. ئەم مرۆڤانە چیان لێبەسەرهات‌ولەكۆێ‌ كۆمەڵكوژكراون..؟ ئێمە لەراپۆرتەدا ناپرسین بۆچی ئەنفالكران‌و بۆچی كۆمەڵكوژكران، چونكە وەڵامەكەی دەزانین، تەنها لە بەرئەوەی كوردبوون‌و نەیاندەویست زیدی خۆیان بگوازنەوە بۆناو ئەو دەدوانزە دۆزخانەی بەعس ناوی لێنابوون ئۆردوگای هاوچەرخ‌و هەندێكیانی بەناوی سەروەریەكانی بەعسەوە ناونابوون، ئەمەش وەكو ئیتفزازكردن‌و برینداركردنی هەستی ئەوخەڵكەی كە بەعس خۆی ئەنفالی كردبوون‌و كەسوكارەكەی بێسەرو شوێنكردبوون، لەوانە ئۆردوگای صمود، هەڵەبجە صدامیە، ئۆردوگای نصر.

ئەو ڕۆژەی چووینە سەردانیان ریكەوتی دووشەممە / 3/2009 ڕۆژێكی بێزەوقی خۆڵاوی بوو،هەر بەگەیشتنمان چەند كەسێكی گوندی كلێسە بە رێزەوە هاتنەپێشوازیمان، ئەگەرچی هەندێكیان دەستیان لەچیمەنتۆدابوو قۆڵیان لێهەلماڵی بوو سەرقاڵی دروستكردنی حەوزێكی گەورەبوون لە تەنیشت هۆڵی مەزارەكەوە، بەڵام بۆ بەخێرهاتنمان كورتماوەیەك  دەستیان لەكارەكەیان هەڵگرت‌و هاتن بەخوڵقێكی لادێیانەوە بەخێرهاتنیانكردین‌و دوایی گەڕانەوە سەر كارەكانیان. شتێك لەدەرەوەی مەزارەكە سەرنجی راكێشام..!  هەڵواسینی كۆمەڵیك فانوسی نەوت‌و مەشكەیەكی دۆژەنین بوو، كە وەك یادەوەریەكی بەجێماوی ئەنفالكراوەكان بەلقەكانی دارێكی بەردەم مەزارەكەوە هەڵواسراوە.

هەرچەندە من هێشتا لەبەردەم ئەو كارەی گوندی كلێسەدا سەرسامم‌و نەمتوانیوە بگەمە وەڵامێكی قایلكەر، ئەویش ئەوەیە ئەوان گرنگیەكی زۆریان بەمەزاری قوربانیەكانیانداوە، بەڵام حاڵی گوندەكە لەمەینەتیدایە، گوندنشینەكان كە هەموویان كەسوكاری قوربانیەكانن‌و كەسیان نیە ئەنفال وەك خەنجەری دەبان هەناوی هەڵنەتەكاندبێ‌، بەو برینەگەورەیەشەوە هێشتا لەمەینەتی‌و هەژارییەكی زۆردا دەژین‌و حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە وەكو پێویست رێز‌و شكۆیان بۆبگێریتەوە، گرنگیدان بەشوێنێك بۆ یادەوەری قوربانیەكانی ئەنفالی گوندەكەیان مەسەلەیەك نیە مایەی ڕەخنەو تانە لێدان بێت، بەپێچەوانەوە كارێكە بەبارتاقای وەفادری خۆیان، حكومەتی هەێم‌و بەرپرسەكان دەخاتە بەردەم شەمی خەمساردی‌و لاموبالاتییەوە، بەڵام من دنیابینیم بەو جۆرەیە كەدەبێت ژیان‌و شكۆی زیندووەكان پارێزراوبێت، بۆ ئەوەی بەقەناعەتەوە رێز لەشەهیدان‌و ئەنفالكراوان بگیرێ‌، كاتێك خانەوادەی  ئەنفالكراوان‌و شەهیدان لەوپەری پەڕپوتی‌و رەزالەتدابێ‌، راستیەكەی جوانكردن‌و رێكخستنی مەزارو گۆرستانی شەهیدان بەومانایە دەشكێتەوە كلتوری مردوپەرستی زیندوكوژ پیادە بكەین، بۆیە هێشتا ئەوەی لەگوندی كلێسە رووبەرووی بوومەوە مەتێلێكەو هێشتا نەمتوانیوە هەڵیبهێنم، هیوادارم ئەمە لەو قەناعەتەوە هاتبێ‌، بەرپرسانی ئەم وڵاتەبخەنەبەر دەمی پرسیارێكی ئەخلاقی‌و بڵێن ئەگەر ئەوە حاڵ‌و ژیانی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان بێت، كە ئێوە بەخوێنی ئەوان چوونە سەركورسی دەسەڵات ئیدی تۆ بەچیەوە شانازی دەكەیت..؟

كلێسە میژووی خۆی دەنوسێتەوە: 

DSC01488لەدوای ڕاپەڕینی ئازارەوە كلێسە كە پێشتر نزیكەی سەد مالێك بووە، ئێستا چل مالێكیان ماوەتەوەو ئەویش گەڕاوەتەوە سەرزیدی لەمێژینەی خۆی‌و لەشوێنی كەلاوە روخاوەكانی پاش ئەنفال، جوتیارە دڵشكاوەكانی گوند لەسەر رۆخی زێ‌ خانووی نائەندازەیی‌و خراپۆكەیان بە بەردو قوڕ ڕابەستووەتەوەو بە قەناعەتەوە ژیانێكی هاكەزایی تێدا دەگوزەرێنن، بەهەڵەدانەچووین، ئەگەر گەرانەوەیان بۆ سەرزیدی خۆیان بەبەرپەرچدانەوەیەكی راستەقینەی سیاسەتی بەعس لێكبدەینەوە، چونكە هەموومان دەزانین بەعس ئامانجی هەڵتەكاندنی ئەوبنكە ژینگەییە بوو كە خەڵكی كوردستان لە گوندەكانیان دەستەبەریانكردبوو، بۆیە بەبروای تاكەسی خۆم یەكێك لەو ئەركانەی دەكەوێتە ئەستۆی گوندنشینەكان وەك پەرچەكدارێك بۆ سیاسەتی بەعس‌و روخاندنی گوندەكانیان، وەكو رێزگرتنێكیش لە قوربانیانی ئەنفال، بێ‌ گویدانە كەمتەرخەمی‌و نابەرپرسیارێتی دەسەڵاتدارێتی كوردستان، گەرانەوەیە بۆگوندەكان‌و پشت بەستن بۆخۆیە. هەروەكو چۆن كلێسەییەكان دەیانەوێت جیهانێكی جیاوازتر لەژیانی ناو ئۆردوگا زۆرەملێكان بۆخۆیان دروست بكەن، ئەمەش بەهایەكی ئەخلاقی گەورەیە بۆئەوان.

من لەوسەردانەمدا بۆ گوندی كلێسە هەر بەتەنها دروستكردنەوەی خانووم نەبینی بەڵكو هەستم كرد، كەوا دەیەوێت مێژووی خۆشی بنوسێتەوە، ئەمە ئەركێكی زۆرگرنگەو هەمووان هەقوایە چاویان لێبكەین‌و رێزلە گوندنشینەكانی كلێسە بگرین. راستە ئەو گوندە هەرگیز جارێكی ترنابێتەوە بەو تابلۆ جوانەی پێش ئەنفال لەسروشتی ناوچەكەو كوردستاندا نواندوویەتی، بەڵام دەشێت تابلۆیەكی تربێت لەمێژووی ستەمكاری دەوڵەتی عێراقدا، مرۆڤی تەندروست كە تابلۆی ئێستای گوندەكەو مۆنۆمینتی ئەنفالكراوەكانی بەسەر رۆخی زێی دوكانەوە دەبینێ‌، دەشێت هەزاران پرسیار ببنە میوانی چركەساتەكانی ئێستاو ڕۆژانی داهاتووشی، من لەو ڕۆژەوە ئەو هەستەم لەلا دروستبووە كە خەڵكی ئەم گوندە لێرەوە پەیامی ئەو چیانشینە بریندارانەی ئەنفال بە ئاودا دەنێرن بۆبیابان، ئەو ئاوەی كە لەچیاوە بەرەو بیابانی خوارو ملی ناوەو لەدیجلە یەكانگیردەبێتەوە، دەشێت هەموو ڕۆژێ‌ پۆستەچی ئەو مرۆڤە دلشكاوانە بێت كە كچ‌و كورەكانیان، یان هاوسەرو دەستگیرانەكانیان، دایك‌وباوكیان پەلامارەكانی ئەنفال بردنی‌و ئێستا لە بیابان بەبێ‌ ئەوەی رێز لەمردنیان بگیرێ‌ بەكۆمەڵنێژراون، نەفرەت‌و پارانەوەو پەیامی كۆلنەدان بەم زێیەدا بنێرن بۆ بیابان كەلەوەتای هەیە دەسەڵاتداران‌و توڵەوتانجیەكانیان  بەدڵرەقیەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم چیانشینانە كردووە. هەروەها فاتیحاو سۆز‌و خۆشەویستی خۆیان بە ئاودا بنێرن بۆ خۆشەویستەكانیان كە چیانشین‌و كوێستابوون‌و بەزۆر لەبیابان ونیان كردن. من ئەو ڕۆژە هەستێكی وام لادروست بوو دامەزراندنی ئەو مۆنۆمێنتە لەسەر رۆخی ئەم ئاوە رێكەوت نەبووە، بەڵكو وای بۆ دەچم ئەم ئاوەی لێرەوە بەرەو خوارملی ناوە تاكە پۆستەچی راستەقینەی قوربانیانی ئەنفال بێت، چونكە ئەویش باش دەزانێ‌ هەموو مرۆڤایەتی درۆیان لەگەڵ دەكا.. ئەو ڕۆژە لەچاوی (حەمە مدیر) ەوە ئەو راستیەم دۆزیەوە هەتا دوا بەپەیكەر‌و دوانینۆكی ئەنفالكراوەكانیان نەگەرێنەوە بۆ نیشتمان ئەمان لەچاوەروانی رزگاریان نابێ‌، بۆیە هەتا ئەم ئاوە وشك دەكات، نامەوپەیام‌و دوعاوپارنەوەی ئەمانیش كۆتایی نایات.

حەمە مدیر :

DSC00185 copyناوم مدیر نیە لێرە وام پێدەلێن لەو گەشتەمدا جگە لە حاكم صالح چاوم بە چەند كەسێكی تر كەوت هەموویان ئەنفال ناخی هەڵتەكاندبوون، (حەمەدیر ) ناز ناوی ئەو پیاوە سەروریش سپیە بوو، كەتەمەنی ئەوەندە هەڵنەكشاوە بەڵكو  لەدایكبووی سالی 1954ە، بەڵام بەدیار چاوەڕوانی كوڕە ئەنفالكراوەكانی ( شێرزاد، نەوزاد، فوئاد، هەروەها خێزانەكەی زەینەب نادر حەمدان)ەوە سەروڕیشی ماڵئاواییان لەرەنگی رەشكردووەو یەكپارەچە سپی دەچێتەوە… نەجم رەزا محمد بۆیە ناوی مودیریان لێناوە لەبەرئەوەی ئەركی بەرێوەبردنی مۆنۆمێنتەكەی گوندی كلێسەی گرتووەتە ئەستۆ ، كەجگە لە كورو خێزانەكەی خۆی سومبلی سەدو سی‌و شەش كەسی ترە لە ژن‌ومنداڵ‌وپیروگەنج، لە خزم‌وكەسوكار‌و خەڵكی گوندەكەی كەئەنفالكراون. كەچی هێشتا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێویستی نەزانیوە مدیر بكاتە موچەخۆرێك‌و لەو مۆنۆمینتە دای بمەزرێنی بەڵكو تەنها گریبەستێكی كاتی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان‌و ئەنفالكراواندا بۆكراوە‌و لەبەرانبەردا مانگی 100 هەزاردیناری پێدەدەن.

یەكەمجار كەلەنزیكەوە لەگەڵ كاك نەجم رەزا (حەمە مدیر) دانیشتم، هەستم كرد بە ویژدان‌و بەرپرسیارێتیەوە قسەم بۆدەكات، لەپێشەوە لەوخێزانانەوە دەستی پێكرد كەئاسەواریان براوەتەوە یاخود كەسێك یان دوكەسیان لەئەنفال دەربازبوون: ( ئەوەماڵی رەسوڵ، ئەوەماڵی كاك صادق رەزا، كاك یاسین هەرخۆی ماوە، هەروا بێتەوە مام برایم هەرخۆی ماوە، بەبرای خۆم بلێم حەمە شكور هەرخۆی ماوە، عومەرمحمود رەسوڵ نەخۆی‌و نەخێزانی‌و نەمنداڵی كەسیان نەماوە، ماڵی رەسوڵ محمود رەسوڵ 12 كەسبوون كەسیان نەماوە، سمایل حوسین 5 سەرخێزان بوون كەسیان نەماوە، قادر حوسێنی برای شەش كەس بوون كەسیان نەماوە، گولچینیش بەپێنج منداڵەوە بێسەروشوێنە ماڵی سەعیدیش سەعید محمد عبدالرحمن بەخۆی‌و خێزان‌ومنداڵەوە نەماون) ئینجا بەماتەمینیەوە ووتی:  هی خۆشم هەموو رۆیشتن، هەر بۆخۆم ماووم.. گووتی: بێجگەلەمنداڵ‌وخیزانم، بابیشم لەنوگرەسەلمان مردووە، عەلی حاجی سمایل لەنوگرەسەلمان بەدەستی خۆی ناشتوویەتی. رەنگە حیكایەتی مدیرو ئەنفالكردنی منداڵەكانی ئازاریان لەهی كەسێكی تر زیاتربێ‌، چونكە ئەو لەبەرئەوەی سەربازی هەڵاتوو بووە، خۆی هەتا نزیكی دوكان لەگەڵیان رۆیشتووەو لەقەسقۆڵی خواحافیزی لێكردوون بەونیازەی ئەوان ئازادبوون‌و خۆی گەراوەتەوە بۆ ئەشكەوتەكەی بۆلقامیش‌و بۆماوەی پێنج ڕۆژ لەوێ‌ خۆی شاردووەتەوە، بەڵام خەمڵەكەی پێچەوانە كەوتەوە، لەقەشقۆلێ‌ ماڵ‌ومنداڵی دەگیرین‌و تەنها خۆی دەربازدەبێ‌. حەمە مدیر ووتی : كەعافواتكەی داو خۆمان تەسلیم كردەوە دواتر ساڵی 1989بانگهێشتكراین بۆ خزمەتی سەربازی، بەفرسەتمان زانی بەجلی عەسكەرییەوە چووین بۆ كۆشكی كۆماری تا سۆراغی كەسوكارەكەمان بكەین.. بەڵام چەند ئەفسەرێك لەوێ‌ بوون هیچ وەڵامێكیان نەداینەوە، هەرگاڵتەشیان پێكردین.. كەمدیر قسەی بۆدەكردم هەستم دابەش ببوو، بەشێكی فڕی بوو بۆلای ئەو لەشكرە ڕۆژنامەنوس‌و نوسەرە مووچە خۆرانەی خۆیان بەكاری تڕۆهاتەوە خەریك دەكەن‌و پارە‌و پولێكی باشیش لەحزبەكان‌و دەولەتدەكێشنەوەو خەڵكیش لەگەڵ خۆیان چەواشە دەكەن، ئەو ڕۆژنامەنوس‌و نوسەرە درۆزن‌و ناپاكانەی لەپێشەوە لە تێكشكاندنی ئازادی خۆیانەوە دەستپێدەكەن. من نازانم وەزیفەی نوسین چیە جگە لەئامادەكردنی وێنەی راستەقینەی جەلادو قوربانی، لەدەشتی كۆیە هەزاران كۆستكەوتووی وەكو حەمە مودیرو پورە ئایشی گۆپتەپە ئامادەن، بەڵام كەمینەیەكی بەدناوی وەكو قاسماغای كۆیە هەیە.. هەموو ئەنفالچیەكانی سەروەختی رژێم ناویان دەچێتە زبلخانەی مێژووەوە، بەڵام قارەمانەكانی ئەنفال لەبیروهۆش‌وئەخلاقیاتی خەڵكدا دەژین، عەبدوڵای خەرابەیی كەلە حەشارگەكەی دێتەدەرێ‌، وەنەبێ‌ ژیانی خۆش نەویستبێ‌، بەڵام ئەو مردنی پێباشتربووە لەژیانێكی سەرشۆڕی‌و نامەردانە، كاتێك لە قۆناغی ئەنفالی چواردا دەبینێ‌ سەربازەكانی دەوڵەتی عێراق، راوی پۆلە كیژۆلەیەك دەنێن‌و دەیانەوێ‌ پێش ئەوەی بیاندەنە دەستەوە ئارەزووە ئاژەڵیەكانی خۆیانیان تێدا بەتاڵ بكەنەوە، عبدوللە لە حەشارگەكەی خۆی دێتەدەرێ‌‌و تا دوا فیشەك لەگەڵیان دەجەنگێ‌، بەڵام كە فیشەك نامێنێ‌‌و بەدیلی دەست هێزە توڵەوتانجیەكانی سەرۆكی پایتەخت دەكەوێ‌ سواری كۆپتەرێكی دەكەن‌و لەئاسمانی ناوچەكەوە فرێی دەدەنە خوارەوە.. شێخ حوسینی هەزاركانیش قارەمانێكی تری ئەنفال بوو، ئەویش بەفەرمانی خودی صدام‌و عزەت دوری دەبوایە ئازادبوایە، كاتێك پێشەوای فەیلەق دەچێتەقەڵای قۆرەتوو فەرمان دەكات شێخ حسێن‌و كورەكانی ئازادبكرێن، ئەو رەتی كردەوەو پێی ووتبوو: ئەوە فەرمانی تۆیە منیش فەرمان بەخۆم دەدەم هەتا ئەو خەڵكە هەمووی لەگەڵ من ئازاد نەبن نایەمە دەرەوەو حالی خۆم‌و كورەكانیشم وەكو ئەوان، ئەوەبوو لەگەڵ ئەو خەڵكە رۆیشت‌و نەگەرایەوە..

من لە مۆنۆمینتەكەی گوندی كلێسەو بینینی كەسوكاری قوربانیان‌و پێشتریش لەگەنجە كتێب دۆستەكانی گوندی گۆپتەپەوە تێگەیشتم، وەختی ئەوە هاتووە هەموو ئەوانەی ئەنفال هەڵیداونەتە ئەو دیوی فاریزەو دیواری لەبیرچوونەوەوە خۆیان بێنەوە پێشێ‌‌و حیكایەتی شكست‌و قارەمانێتی خۆیان بنوسەوە، تاكو چیتر گەمژەو جاهیلەكان بەزمانی لوس‌و پروپاگەندەی مافی مرۆڤەوە لێیان نەبن بەفریاد رەس، بەڵكو ئیتر ئەمانە لەدنیای خۆیان بكەنە دەرەوەو بیانێرنەوە بۆناو قوللەو ژوری پاسەوانێتی سوڵتانەكان. قوربانیانی ئەنفال بۆئەوەی چیتر درێژە بەژیانی قوربانی بوون نەدەن دەبێ‌ ببنە هاورێی ئەو نوسەر‌وخامەوكتیبانەی جەهل‌و نەزانی تێك دەشكێنن‌و پاساوی بۆ ناهێننەوە‌و ناعەدالەتی پەردەپۆش ناكەن، ئیتر خوای دەكرد هەموو كورد دەبوو بەنوسەرو ۆژنامەنوس‌وكامیرامان‌و سیاسەتەدار، ئەگەر گوندی كلێسەو ژیان‌و حاڵی پرلەمەینەتی ئەنفالكراوەكان، نەبووە بابەت‌و نەچوونە ناو چاوی كامیراكانیانەوە ڕۆژێك دێ‌ وەكو هەموو ناپاكانی دنیا شۆرت لیست بكرێن‌و ناسنامەی نوسەرو ڕۆژنامەنوسیان لێوەربگیرێتەوەو ناسنامەی گەمژەو نەزانیان پێبەخشرێ‌.

عوسمان محمود رەسوڵ (كلێسە :DSC01173

بایزی ئەحمەداغا  گووتبووی: هەموویان بە مەرحبایەكی سەدام ناگۆڕمەوە.  

ئەم پیاوە تەمەنی 54 ساڵەو 16 كەس لەبراوبرازای ئەنفالكراون، ئێستا عەقیدی پۆلیسی دارستانە‌و لە دوكان دادەنیشێ‌، ئەوڕۆژە بەتایبەتی بۆ پێشوازی ئێمە هاتبووە، گوندی كلێسەو جلی كوردی پۆشیبوو، پیاوێكی هێمن‌و لەسەرخۆیەو هێشتا رەنگ‌و روخساری جوانە، لەكۆتایی دیدارەكەماندا بە ماتیەكەوە گووتی: با وێنەیەك لەلای ماڵی كاكمەە بگرم، ئیتر لەنیوان دوكێلدا وەستا تا فلاشی كامیراكە تەواوبوو ئینجا رووی كردەمن‌و ووتی:  ئەمانە هەردووكیان برامن بەخۆیان‌و خاوخێزانەوە رۆیشتن‌و نەگەرانەوە.

لەسەروەختی ئەنفالدا پێشمەرگەی یەكێتی بووە لەلای عەلی بچكۆل، ڕۆژی 3ی ئایارلەنزیك دوو ئاوان بوون كە كیمیابارانی گۆپتەپە كراوە، ووتی: ئێمە گوێمان لەدەنگی بۆردومانەكە بوو بەڵام نەماندەزانی چی رویداوە، بەڵام شەوەكەی سەعات 12 هەواڵەكەیان بۆهێناین، ئیتر هەر ئەوشەوە منداڵەكانیان پەراندووتەوە بۆ ئەم بەری زێ‌، برازایەكی ( ….) كە ئێستا ئەنفالكراوە هاتووە بۆلایان‌و پێی وتون: ( ئامرلیوای دوكان مام خورشیدی راسپاردووە كە ئەوخەڵكە بێنەوە خۆیان بدەن بەدەستەوە هیچیان لێناكەین‌و هەقمان بەسەریانەوە نیە لەكوێ‌ دەژین ئارەزووی خۆیانە، بەڵام ناهیلین چیتر لەوگوندانە بژین..كەچی ئامر لیواكە درۆی كردو هەرچی بەردەستیان كەوت ئەنفالیانكرد، عوسمان پێشمەرگە بووەو بیرورایەكی تری هەبووە وەكو خۆی دەڵێ، من رام وابوو ئەگەر هەموو منداڵەكانم بكوژم‌و دواتریش خۆم بكوژم بەڵام تەسلیم بەحكومەتیان ناكەم، بەڵام دواتر كە لەگەڵ هاورێكانی( مەلاتاهیر، محمد سابیر، مامۆستا شەماڵ، مامۆستا موەفەق) پیكەوە راوێژ دەكەن، بەوە قایل دەبێ‌، منداڵەكانیان بنێرنەوەو خۆیان لەناوچەكە بمێننەوە، ئیتر مەفرەزەیكیان پێكهێناوەو وارێكدە كەون منداڵەكانیان ببەنە نزیك رەبایەی جاشەكان، لەوێ‌ فەوجی سمایلە سووتاوی لێبووە، ئیتر منداڵ‌وژن لەنزیك رەبایەكەوە بانگی جاشەكانیان كردووە، بەڵكو ئەوەندە دەماری مەردایەتیان بجوڵی‌و فریایان بكەون‌و لە بەڵای ئەنفال رزگاریان بكەن، ئیتر بەخت یاوەریان بوو، كە جاشەكان غیرەت گرتبوونی‌و بەدەنگیانەوە چووبوون‌و تەنانەت نان‌و خواردنیشیان دابوونێ‌‌و دواتریش بردبویانن بۆ گوندی ساردكە لەوێ‌ خدر كەخەڵكی ناوچەی پشدەرەو ئامرسریەكەیان بووە، بەفریایان دەكەوێ‌‌و رزگاریان دەكات..

عوسمان محمود ووتی: كە منداڵەكانمان گەیاندە نزیك رەبایەكان خۆشمان بەهیلاكەتی‌و ماندووبنێكی زۆرەوە گەراینەوە چووینە خوچی پونگان، من هەر لەدەشتاییەك خەوتبووم، كاك ئەنوەر هاتە سەرم ووتی: هەستە ئەمە كەی شوێنە تۆ لێی نوستوی، بەزۆر هەلی ستاندم راست بلێم ئەگەر ئەونەبوایە هەموومان لەوخەودا دەگیراین، چونكە زۆرماندووبووین، دوایی چووینە ئەشكەوتەكە لەوێش راكشامەوە بنوم، گوێم لەدەنگە دەنگ بوو، ووتم بلێ ئەو دەنگەدەنگە چیە بابنوین ئەنوەر هاتەوە ووتی كورە هەستن ئەوەجاشن، منیش بە ئەسپایی میلم راكێشا، ووتم ئەگەر هاتن تا دەكوژرێم تەقەدەكەم، جاشەكان هاواریان دەكردوبانگین دەكرد وەرن خۆتان تەسلیم بكەن لەسەر شەرەفی ئەحمەداغای هیچتان لێناكەین، جەماعەتی ئەحمەداغای سێناجیان بوون، ئەوانەی بانگیان دەكرد حەمە جەچەو عەلی ساردكەیی بوون، جەبار ناوێكی قەمچوغەیشیان لەگەڵ بوو، هەروەها برایمی خونچەی كوێرەكانی ئەمانە جاشبوون هاتبوونە سەرمان، ئەوان ئیمەیان نەبینیبوو هەرلەخۆیانەوە بانگیان دەكرد، بەڵام لەخوار ئێمەوە مەلا حوسینیان گرتبوو، ئەوانیش 6 كەس بوون مەلا حوسین‌و دوانی تریش هاتبوونە دەرەوە لەسەر وەعدی شەرەفی ئەحمەداغای خۆیان تەسلیم كردبوو، بەڵام ئەنفالكران‌و ئێستاش بێسەروشێنن، خەڵكێكی زۆریش تكاو رجای بۆكردبوون بەریان نەدابوون، لەوانەی تكایان بۆكردبوو لەجاشەكان برایمی خونچە زۆر تكای بۆكردبوو، كە ئازادیان بكەن، هەتا ووتبووی بابە حكومەت چیت دەداتێ‌ من بەزیادەوە دەتدەمێ‌، دواجار گووتبووی بابە دوكچم هەیە ئەوانیشت دەدەمێ‌ بەس ئەوانە ئازادبكەین، كەچی بایز گووتبووی: هەموویان بەمەرحبایەكی سەدام ناگۆڕمەوە. ئێستاش محمد صابیرو عەلی حاجی رەسوڵ‌و ئاوات كەریم سكالایان لەسەر تۆماركردووە، دادگا داوای كردووە، بەڵام نەچووەتە بەردەمی دادگا، عوسمان محمود لەدۆسێكەیدا شایەتە بەسەریەوە، بەڵام بایز نەچووەتە بەردەمی دادگا، مامۆستایە لەسێناجیان، ئەوپیاوە كەسێكی تریشی بەناوی حوسین لەبنگرد گرتبوو، ئەوانیش داوایان لەسەر تۆماركردووە، بەڵام هیچ لەبارەی ئەوەیانەوە نازانم.

لەبارەی دەرباز بوونی ئەو چەند پێشمەرگەیەی پێكەوە بوون، كاك عوسمان ئاوا حیكایەتی ڕۆژانی ئەنفالی گێرایەوە: ( پاش ئەوەی جاشەكان منداڵەكانیان پەنادابووین، بۆخۆشمان لێرە مابووینەوە، بەڵام ڕۆژ بەڕۆژ وەزعەكە خراپتر دەبوو، كەڵكی مانەوەی تێدا نەمابوو، مامۆستا موفەق‌و مامۆستا شەماڵ  گیران‌و ئەنفالكران، ئەوان مامۆستای شۆڕش بوون، زۆر بێتاقەتیان بووین،  ڕۆژێك وەستا قادر هاتە لامان ووتی: چوومەتە لای جاشەكانی ساردكە، ئامرە كەیانووتوویەتی وەعدت دەدمێ‌، هەتا 50 كەست بۆ دەشارمەوەو ئەوەندەی لەتوانامدابێ‌ داڵدەوپەنایاندەدەم، هەتا وەزعەكە بەلایەكدا دەكەوێت، ئیمەش بەنابەدڵی رۆیشتین چەكەكانمان شاردەوەو خۆمان بەبێ‌ چەك چووین نزیكەی 40 كەسێك دەبووین، پیاو هەقبڵێ‌ زۆر حورمەتیانگرتین، ئێمە لەوێش پێمان گوتن كەوا نەهاتووین بۆ ئەوەی تەسلیم بەحكومەت بینەوە، ووتمان ئێستا پێویستمان بەهاوكاری ئێوەیەو تا وەزعەكە تێدەگەین دواتر دەرۆینەوە.

ئەوەی قسەمان لەگەڵ كرد، محمودی ناوبوو جیگری موستەشاربوو، لەفەوجی سمایل ئاغا “سمایلە سوتاویان پێدەگووت” هەر ئەوكەسانە بوون كە مندالەكانیشمانیان ئازاد كردبوو، ووتی: هەتا بۆم بلوێ‌، ناهێڵم بگیرێن، ئەگەر هەموو چەكدارەكانیشم لەسەر فەوتاندبن، بەڵام ئێمە هەرتەنها دوڕۆژ لەلای ئەوان ماینەوە دوایی هاتینە خوارەوە بۆ دوكان، بێ‌ ئەوەی هیچ وەقەیەكمان پێبێ‌ بەڵام ئاكۆی هەباسا اغا كوردۆی كوڕی بە مسلەحەەیكەوە ناردبوو بەدواماندا، ئیتر سواربووین‌و بردیانین بۆ خەلەكان، لەوێشەوە بردیانین بۆ رانیە، ئیمە سێ كەس بووین من‌و محمد سابیرو مەلا تاهیر لەرانیەش ماوەیەك خۆمان پەنادا، ئاكۆ لەویش بەفریامان كەوت ووتی: ئامادەم هەتا سەر حدودیش بتانبەم، بەڵام دوایی خۆمان وڵاخمان بەكرێ‌ گرتوو، ماڵ‌ومنداڵەانمان هەڵگرتوو، رۆیشتین بۆ ئێران.

دوا ووتەی كاك عوسمان ووتی: رێزگرتن لە كەسوكاری ئەنفال خۆهەرپارەنیە، كەسیش نەمردووە لەبرسان، ئێمە پێویستمان بەرێزێكی مەعنەوی هەیە دەنا هەموو دنیا بۆمن نینۆكێكی براوبرازاكانم ناهێنێ‌، بەڵكو پێیستە كەسوكاری ئەنفال مەدالیایەكی رێز لێنانیان پێبێ‌‌و لەهەموو شوێنێك رێزیان لێبگیرێ‌.

ئاوات كەریم سەعید :DSC01146

ئێمە سكاڵامان تۆماركردووە، رەنگە جاشەكانی خۆشی بێن شایەتی لەسەربدەن.

لەسەردانەكەماندا بۆ گوندی كلێسە یەكێك لەوكەسانەی قسەی بۆكردین ئاوات كەریم برای ئازاد كەریم  سەعیدبوو كە ئەفالكراوێكی خەڵكی گوندی كلێسەیە، ئاوات لە ساڵی 1973 لەدایكبووە، ئەو هێشتا تەمەنی سێ‌ ساڵان بووە كەباوكیان لەساڵی 1978 كۆچی كردووە، ئیتر لەوكاتەوە دایكیان خاتوون حمید بەسەریانەوە دادەنیشێ‌‌وسەرپەرشتیان دەكات‌و هەتا ئێستاش پێكەوە دەژین، ئەوان بەرلە ئەنفالیش بەژیانێكی هاكەزایی گوندەكەیان قایل بوون‌و تەماحێكی ئەوتۆیان نەبووە، هەتا مەترسی بن بۆسەر كەسانی تر، چ جای تەماحیان لە كورسی دەسەڵاتی بەغدا بریبێ‌، كەچی پەلامارەكانی ئەنفال ماشێنە گەورەكەی جینۆسایدكردنی گوندنشینەكان، بەهاوكاری‌و پێش لەشكری جاشەكوردەكان هەموو بونەوەرو زیندەوەرێكی دەچنیەوەو رۆژ بە رۆژ بازنەی تاوانەكانی فراواندەكردەوە،لە قۆناغی چواردا برایەكی ئاوات بەناوی ئازاد ئەنفالكراو نەگەرایەوە بۆ لای ئاواتی برایی‌و پورخاتوونی دایكیان، هەموو تاوانی براكەشیان ئەوە بوو گوندنشینێكی دەم زێی دوكان بوو، كەچی  پاش ئەوەی بەردەستی جاشەكانی ئەحمەد اغای سێناجیان دەكەوێ‌، تەسلیم بە سوپا دەكرێ‌‌و لەگەڵ ئەو حەشاماتەی تر جارێكی تر نەگەرانەوە بۆ نیشتمان، پاش ئەوەی دەزانێ‌ ئازادی كوڕی لەلایەن جاشەكانی ئەحمەد اغای سێناجیانەوە گیراوە، خاتوون حمید خۆی دەگەیەنێتە لای ئەحمەداغا‌و داوی لێدەكات كورەكەی بۆ بەربدات، بەڵام ئەحمەداغا داواكەی رەتدەكاتەوەو پێی دەڵێت : تۆ خەڵكت لەچیای شاردووەتەوە بۆ ئەوەی من بكوژن ئێستاش هاتووی داوای بەردانیان دەكەیت.

ئێستا خاتون حەمیدو كەسوكاری ئەوكەسانەی تر كەلەگەڵ ئازادی كوڕی لەئەنفالدا بەدەستی جاشەكان گیراون لەدادگای دوكان سكاڵایان لەسەربایزی كوڕی موستەشارەكەی سێناجیان تۆماركردووەو دۆسێكەی رەوانەی دادگای كۆیە كراوە، بەڵام هێشتا بایز بانگ نەكراوەتە لەبەردەمی دادگا.

ئاوات كەریم كەبرای ئازادی ئەنفالكراوە، لە ژورە بچوكەكەی تەنیشت هۆڵی مۆنۆمینتی ئەنفالكراوەكانەوە بەجلی پۆلیسیەوە لەبرانبەرم دانیشتبوو ووتی: براكەی من‌و چەند كەسێكی تر بوون كە ئێستا وێنەیان لێرە هەلواسراوە لەوانە مەلاحوسین، سەیدعەلی خەلكی كلێسەو ئیسماعیل ئەحمەد رەسوڵ‌و نەسەردین ئەحمەد رەسوڵ ئەوانیش دوو برابوون‌و خەڵكی تەلان بوون، ئەمانە هەموویان پێكەوە بوون‌و لەسەر وەعدی شەرەفی ئەحمەداغای سێناجیان خۆیان تەسلیمكردووە، كەچی درۆی لەگەڵ كردوون‌و تەسلیم بەقاتعی كەڵكە سماقی جەیشەكەی كردبوون، شایەتمان هەیە كە زۆرتكاو رجایان لێكردبوو ئازادیان بكات، ئەویش ووتبووی هەموویان بەمەرحەباییەكی صدامی ناگۆرمەوە، ئاوات ووتی ئیمە سكاڵامان تۆماركردووەو رەنگە جاشەكانیش بێن شایەتی لەسەربدەن.

ئیتر دەمێنێتەوە سەر دادگاو رێزگرتنی لەهەیبەتی یاساو دادەوەری‌و رێزگرتن لەقوربانیانی ئەنفال.. بەڵام هەر ئەوەندەی تا ئێستا تۆمەتبار نەچووەتە بەردەمی دادگا پرسیارێكە نەك هەر لەدادگای كۆیە بەڵكو دەبێت ئاراستەی وەزارەتی دادو داواكاری گشتی بكرێ‌‌و پێیان بوترێت ئەرێ‌ لەنیوان جەلادو قوربانیدا هێشتا بۆتان رون نیە رێز لەكامیان دەگرن..؟

سه‌رنجه‌كان


  • tweet

ڤیدیۆكان

وتار

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
    دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین

    مارس 20, 2025 0

  • ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد
    ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد

    مارس 20, 2025 0

  • تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا.                      هۆمەر محەمەد
    تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا. ...

    نیسان 16, 2025 0

  • سەرنجێک لەسەر دەرکەوتنی (بەراء)   هۆمەر محەمەد
    سەرنجێک لەسەر دەرکەوتنی (بەراء) هۆمەر محەمەد

    شوبات 27, 2025 0

  • دیسانەوە دۆسێی ١٨ کچە فرۆشراوەکە لەنێوان ساختە و ڕاستیدا. هەڵوەستەیەک لەسەر قسەکانی کاک شۆڕش حاجی
    دیسانەوە دۆسێی ١٨ کچە فرۆشراوەکە لەنێوان ساختە و ڕاستیدا....

    کانونی دووهەم 26, 2025 0

  • گۆڕی بەکۆمەڵ لە مێژوودا و عێراق لەمەشدا بەدناوترینە…. محەمەد حەمە ساڵح توفیق
    گۆڕی بەکۆمەڵ لە مێژوودا و عێراق لەمەشدا بەدناوترینە…. محەمەد...

    کانونی دووهەم 05, 2025 0

  • دەتوانین نەوەیەک پێبگەێنین کە شکۆی پێ لەپێش هەرشتێکی ترەوە بێ …………..نەریمان ئاغالی
    دەتوانین نەوەیەک پێبگەێنین کە شکۆی پێ لەپێش هەرشتێکی ترەوە بێ...

    تشرینی یەکەم 08, 2024 0

  • بینراو
  • دوایین
  • تاگ
  • بەرەویادی ئەنفال                             ………………….هۆمەر محەمەد
    بەرەویادی ئەنفال ………………….هۆمەر محەمەد

    نیسان 08, 2022 1

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
    دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین

    مارس 20, 2025 0

  • الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
    الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية

    ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية

  • حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
    حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم

    ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم

  • دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین
    دەربارەی پرسی ئەنفال مافی خۆمانە بپرسین

    مارس 20, 2025 0

  • ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد
    ناڵەو هاواری کورد لە بیابان…………….هۆمەر محەمەد

    مارس 20, 2025 0

  • تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا.                      هۆمەر محەمەد
    تاوانی ئەنفال و زیانە کلتوورییەکانی کورد لەکوردستانی باشوردا. هۆمەر محەمەد

    نیسان 16, 2025 0

  • ڕۆڵی سینەما لە پاراستنی یادەوەری ئەنفالدا – وانەیەک لە هۆڵۆکۆستەوە
    ڕۆڵی سینەما لە پاراستنی یادەوەری ئەنفالدا – وانەیەک لە هۆڵۆکۆستەوە

    نیسان 12, 2025 0

  • هەرگیز لەیادیان نکەین زەداخەوە چیرۆکێکی بەسوێ و ناخ هەژێن و دڵتەزێنە...

    3 ساڵ ago

ئێمه‌ له‌ فه‌یسبوك

دیدار

  • عەلی رەحیمی:  دوای جەنگی جیهانی دووەم  سەردەشت یەكەمین شارە  بە چەكی كیمیاویی لێبدرێت
    عەلی رەحیمی: دوای جەنگی جیهانی دووەم سەردەشت یەكەمین شارە بە...

    کانونی دووهەم 01, 2022 0

  • مەرگی مرۆڤێکی مەزن
    مەرگی مرۆڤێکی مەزن

    ئاب 13, 2020 0

  • دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
    دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی...

    ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.

  • مستەفا قادر پیرۆت  دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .
    مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .

    ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ‌ دەدوێت .

  • دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.
    دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من...

    ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.

توێژینه‌وه‌

  • پرسی فەیلییەکان، زمان، ناسنامە، کولتوور…………………فەرەیدون سامان
    پرسی فەیلییەکان، زمان، ناسنامە،...

    شوبات 27, 2022 0

  • فیلمی هەموو دایکانی من
    فیلمی هەموو دایکانی من

    نیسان 08, 2021 0

  Designed and developed by ENG.Ali Qader|| © 2015 ||
  • ڤیدیۆ
  • ئه‌رشیف
  • تاوانی جه‌نگ
  • دیدار
  • وتار
  • ئاگاداری
  • په‌یوه‌ندی
  • ئێمه‌