نیسان 02, 2015 Omer ئهرشیف, ئهنفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ئەو نامانەی ئەنفال پەی پێنەبردن .
ئەو نامانەی ئەنفال پەی پێنەبردن ، بەوان دەژیم
نووسینەوەیان، ئاسۆ بیارەیی
نووسینەوەی چەند نامەیەکی نووسراو و نە نووسراو
ههروەک چۆن هیج هێزێک نەیتوانیوە، چۆک بە پیرەمەگرون و گوێژە بدا، بەهاری گڵەزردە و کێوی گەورەدێ بدزێ، ئاواش کۆمەڵێ نامەی نیوان دوو مرۆڤ لە بەردەم دەها ساڵی دوای ئەنفال، وەک گوڵالەکانی قەندیل ژیانی قوربانییەکی ئەنفال، بگرە دەهای دیش، دەگەشێننەوە، بەردەوامی دەدەنە هیواکانی و هێندەی دی، گڕ و ووزە بەو مرۆڤە دەدەن و وەک شکۆفەی گوڵێکی ههمیشە بەهار دەپشکوێ.
نەمتوانی بەشێک نەبم لەو نامانە، نەک ههر من، بەڵکو، کەسانی دیش، کە ههمان ئازار، مەینەتی و خۆشییان چێشتوە، ووشەی ئەو نامانە پێکدەهێنن، وێنەکانیان دەڕازێننەوە. ئاخۆ ههبێ، لەو کەسانە، هاژەی تاڤگەی زەڵمی لە بیر چووبێ، بەڕەزای قەتپاڵەکانی تام نەکردبێ، وەشەن ههورامانی لەو بەهەشتە بەر گوێ نە کەوتبێ؟ ناهەقم مەگرن، کە گوێم لە سیاچەمانەیەک دەبێ، دڵم دەمفرێنی، بۆ بن ئەو باخانەی کە کۆمەڵێک خێزانی پێشمەرگە و جوتیاری، هاورێیان تێدا دەژی. هەنووز دوای ئەو ههموو ساڵە، سەمفۆنیای ئەو جۆگانە مەستم دەکا و لە دنیای ڕاستەقینە دەمفڕێنێ، وێنەی دایکمم دێتە پێش چاو، کە مانگی جارێ سەردانی من و پێشمەرگەکانی دی دەکرد.
ئەو ماڵە پێشمەرگانەی کە لەبیرمن، ماڵی هاوڕێ مامۆستا خالید، ئەحمەد رەجەب، سەیدباقی، مام بارام، مەحمود دیکتارۆف، عەبەی مامە، نەورۆز، ئەحمەدی فەقێ، مەلا عەلی و مام کەریم و چەند بوک و زاوایەکی نوێ…کۆمەڵێکی دی. سەرباری دژواری، ترس، بۆردومانی پەیتا پەیتای مۆڵگەکانی دوژمن، کە تەنها چەند کیلۆمەترێک دوور بوون، بەڵام وەک منداڵی ئەو هاوڕێیانە ههندێ جار دەیانگێرایەوە، لەوێ ڕەزای قورسی قوات خاسە و جاشیان نەدەبینی، لەگەڵ پێشمەرگە ئازادبوون.
کەسانێکی ههن تەنها بۆ خۆیان دەژین و چون گلۆرە بەفری بەهار، کە لەزەوی دەنیشنەوە یەکسەر دەتوێنەو و کەم کەس دەیانبینێ، جۆرێکی دیش ههن، ژیانیان تێکەڵ بە تیشکی خۆر دەکەن و لەگەڵ کازیوەی بەیانیاندا دنیا ڕۆشن دەکەنەوە، ئەو مرۆڤانە ههردەم لە دڵی خەڵکدان و تا ههتاو بمێنێ، ئەوان نامرن و زیندوون، م خالید یەکێکە لەو نەمرانە.
ههندێ لەو نامانە، لە ههناوی مرۆڤەکاندا، وێنەجێی خۆیان کردوەتەوە، ووشەکانیان وەک پەپولەی سەر تەیمانی ڕەزەکانی (ئەحەمەد ئاوا) ئازادن و هیچ هێزێک ناتوانی دیلیان بکا. من چەند نامەیەکی باوکم و کەسانێکم لاماوە.
تکایە ههرکەسێ نامەی قوربانییەکی ئەنفال شک دەبا، بینوسێتەوە، ئەوە سامانی گەنجینەی نەتەوەیەکە کە چەندان ساڵە دووچاری نەمان دەبێتەوە! من لە نامەکانی خەباتگێرێکی کوردی شیوعی، قوربانییەکی ئەنفالەوە، کە بۆ هاوسەر و منداڵە چاوگەشەکانی، پێش گرتنی لەبەهاری ١٩٨٨، دەست پێدەکەم، ئەوە پرۆژەی داهاتوومە.
هاوڕێی خۆتان: ئارام ههورامی
ئەو نامانەی کەوەك خاوەنەکەیان ئازادن
چرپەی ووشەی چەند نامەیەک کە لە ئەنفال ڕزگاریان بوو
بەشی یەک
دووبارە، بگرە ههزار بارە سڵاو دایکی ئەستێرەی دڵم!
چاوەکانت ماچ دەکەم و هێندەی دووریمان ههواڵت دەپرسم، تینوی سیماتم، نازانم. دەترسم پێم بڵێن، وەک دوو ههرزەی خەرفاوە و دوای سێ منداڵ،( ئەستیرە، دەریا و دەوەن) گیان، تازە ئەشقی دڵداری سواری پەلەکە زێرینەیان دەکا و چون لەیل و مەجنون، ڕازی دڵی یەکتر دەگۆڕنەوە، قەیدی چیە، چش ههرچی دەوترێ با بوترێ، ئەدی تۆ هاوسەر و ئەوینی ژیانم نی،،؟ کێ دەلێ لە تۆ دوورم، من دورێکی نێزیکم، لە دیواخانی دڵدا، شاعیرێکی لاسارم و هۆنراوەی بەختەوەریت بۆ دەچڕم..ئەوە مافی خۆمە، خۆتە، کە لە باخی ئەوینماندا، بە هەڤ، گوڵانی بەهار چەپکە بکەین و لە پایزانیشدا، ههناسەمان تێکەڵ بە ڕەنگی زێڕینی گەڵاکان بکەین…
زۆر بیرتان دەکەم، لەسەر ڕێگەکان، کە گوێم لە هاژەی ئاوێ دەبێ، (دەریا)ی کچم لە پاڵمدا ڕادەبورێ و دەڵێ: ئای بابە نەمزانیوە دەریا ئەوەندە شینە! ئای لەو رۆژەی بەپلە ناوی (دەریام )بۆ نوسیت، لە (دولکان) بووم و بوین بە هۆگری دەریایەکی نیشتمان، ناوی دەریامان ههڵبژارد وەک شادیارییەکی دی نێوانمان. تەنانەت ووژەی فرۆکە جەنگیەکانیشم کردوەتە بازی سەمفۆنیای بەهاران. دەزانی دڵەم! لەم ڕۆژانەدا، لە (شیوی قازی)* بە گرمەی ههورە تریشقە، لە خەو ڕابووم، لەترساندا نا، نا، وامزنی لە سلێمانیم و پێکەوە لە بەردەم باخی گشتین و بارانی بەهاری شار بەسەرماندا دەبارێ،،،ئای چەند خەوێكی خۆش و سەوز بوو، ههردووکمان پێکەوە، بێ چەتر، لە باراندا خوسابووین..جارجاریش گرمەی ههورەکان هەرایەکەیان دەنایەوە، دەتوت ههورەکانیش لە زۆرداری بێزارن و شۆڕشمان لەگەڵ دەکەن.. ستەمکاران دەترسێنن..
ئەم چەند دێرە بۆ ئەستیرەم دڵم، ههر چەندە منداڵە، بخوێنەوە:-
“ئەستێرەکەی بابە، گوڵە جوانەکەم، دەستە نەرموکەکانت ماچ دەکەم، دەمەوێ چاوە گەشەکانت ببینم، ئافەرین بەگوێی دایە بکە، ئاگات لە دەریای خوشکت و دەوەنی برات بێ، کەدەڵێی دوو کاری خنجیلانەی بەهارانن، دەزانی دایە گیانت، لە من باشتر ئیوەی خۆشە دەوێت. هیوادارم بچیتە قوتابخانە، وابزانم هێشتا لەسەر بەڵێنەکەی خۆت ماوی، دەبیتە دکتۆر. وایە؟ ئەوەش بۆ ئەوەی ههژارانی گوندەکە چاک بکەیتەوە. بابە چاوەرێتە، ئەگەر نووسین فێربووی، حەزدەکەم ووشەی بابەم بۆ بنەخشێنی، ئای کە چەند خۆشە، کچەکەم بتوانی بنوسە بابە. دەزانی لە خۆشی ئەستیرەکان ناوی تۆمان نا ئەستێرە، ههموو جاری لەگەڵ دایە، کە ئەستیرەکانی ئاسمانمان، هاوینان، کە لەسەربان دەخەوتین دەژمارد، حەزمان دەکرد یەکێ لەو ئەستێرانە بکەینە هێمای هاوسەرگیریمان، بۆیە ووتمان کە کچێکمان بوو ناوی دەنێین ئەستێرە،.” ئێستە تۆ و دەریا و دەوەنی کەنارەکانیشمان ههیە..
دایکی ئەستێرە، ئەستێرەی دڵەکەم! ووتت دەوەنیش هێشتا من ناناسێ، کەمێ دڵم داگیرا، ئێ ناههقی مەگرە، دەزانی! کە دەوەنێک دەبینم، دەوەنی کوڕم بیردەکەوێتەوە، لەم رۆژانەدا، بەدەم بیرکردنەوە و سەیری بنارێکم دەکرد، کە دەوەن تەنیوەیەتی، هێندە چووبومە قوڵایی بیرکردنەوە، پێم وابوو دەوەنی کوڕم، لە نێو دەوەنەکاندا چاوشارێکم لەگەڵ دەکا، کە وەخەبەر هاتم، شەماڵی هاوێنە، لەنجە و لار بە گەڵاکانیان دەکا،،،ئای دەوەنی ههناوم،،،توخوا ههردووکیان لە باتی من تێر ماچ کە! بە تایبەتی چاوەکانیان،،،ههر لێرەوە ههزاران ماچ بۆ ئیوە لە منەوە،…
نامەوێ کۆتایی بەنامەکەم بهێنم،،،بەلام دیسان سوپاسی تۆی بەرێز دەکەم، کە لەپێناوی مندا، تاڵی ژیانت ههڵبژاردووە، بروا بکە دوای ههموو ناخۆشیەک بەختەوەرییەک بەڕێوەیە،،،من دەزانم ، تۆی بەرێز. لە من، بۆ مناڵاکانمان دڵسۆز تری،،ئای ئازادی چەند خۆشی،،،ههر دەبێ پێی بگەین، ئەدی وەک نازام حکمەتی شاعیر دەڵێ {ئەگەر من نەسوتێم و ئیوە نەسوتێن، ئەدی کێ وەک چرا، دنیا بۆ مرۆڤەکانی دی ڕۆشن بکاتەو}..بەلام بامن بسوتێم نەک ئیوە..
سڵاو لەخزمان بکە…ناسیاوەکانیش لەبیرمەکە!
باوکی ئەستیرە
١٠-٢٠ – ١٩٨٦ کەرەجاڵ ئەحمەد ئاوا،،،
شیوی قازی، بەهاری ١٩٨٧
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.