نیسان 01, 2015 Omer ئهرشیف, دەربازبووان لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە هاشم محەمەد دەربازبووی ئەو كۆمەڵكوژییە، چیڕۆكی گوللەبارانکردنیان دەگێڕێتەوە .
قۆناغی هەشتەمی ئەنفال لە دەڤەری بادینان.
كۆمەڵكوژی گوندی كورێمی
هاشم محەمەد دەربازبووی ئەو كۆمەڵكوژییە چیڕۆكی گوللەبارانکردنیان دەگێڕێتەوە :
سمكۆ سابیر
ئەنفالستان – سلێمانی :
زۆر دەمێك بوو ئارەزووم دەكرد سەفەرێكی بادینان بكەمو لەنزیكەوە ئەو دەربازبووانەی ئەنفالی بادینان ببینم و دیداریان لەگەڵ سازبكەم وبیانناسم . چونكە دوای ئەوەی كاك عومەرمحەمەدی هاوڕێَو سەرنوسەری ساڵنامەی ئەنفالستان ئەودەربازبووانەی كۆمەڵكوژی بەئێمەو كۆمەڵگەی كوردستانیش ناساندەوەو ئیتر ژمارەی ئەو دەربازبووانەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی هەر هەشت قۆناغی ئەنفالمان بۆ دەركەوت كە لە كۆی سەدان هەزار كەس تەنها (13 ) كەسیان دەربازبوون بەداخەوە لەناویاندا ئێستا سێ كەسیان لەژیاندا نەماون.
ئەو 10 كەسەكەی تریش كەئێستا لەژیاندا ماون پێنج كەسیان لەدەربازبووانی قۆناغی هەشتی ئەنفالی بادینانن .ئەو وردەكارییو زانیاریە دروستانە دەرفەتی كاركردن بەخێرایی دێنێتە پێشەوەو وامان لێدەكات پەلەبكەین، لەكاركردنو بینینی ئەوانەی كەچەند بۆ كۆمەڵگەی كوردی پێویستن، تا بەئارامی بژینو بۆ ئێمەش ببن بەسەرچاوەی زانیاری زیاتر دەربارەی تاوانی ئەنفالو ناساندنی تەواوی دۆسێكانی كۆمەڵكوژی بەجینۆساید لەسەر ئاستی ناوچەكەو دونیا.
خۆشبەختانە ئەو رۆژە بەدی هات دیسان سوپاس بۆ كاك عومەرمحەمەد كە دوو رۆژ بەر لە یادی كۆمەلًكوژی گوندی كورێمێ لەمیانەی ئەنفالی بادیناندا، تێلی بۆكردم و پێیگووتم كەئەبێت 28/8 / 2012 بچینە دەڤەری بادینانو لە گوندی كورێمێ ی سەربەنایەی (مانگێش ) ی پارێزگای دهۆك ئامادەبین . بۆیە من رۆژێك بەرلەوە لەكەلارەوە بەرەو سلێمانی بەڕێكەوتم ، كاك (هاشم محمد) یش كە یەكێكە لە دەربازبووەكانی ئەو كۆمەڵكوژییەی گوندی كورێمێ ئامادەبوو، عەسرێكی درەنگ لە نێو نێڵەی گەرمای ئابدا بەرێگایەكی درێژدا بەرەو پارێزگای دهۆك بەڕێكەوتین, ئەگەرچی گەرمای ئەورۆژە بێڕەحمانە دەیسوتاندین بەڵام هەرچۆنێك بوو بەدەم گفتوگۆوە كاتژمێر 11 شەو گەیشتینە ناحیەی مانگێش كە هەروا پێنج دەقیقەیەك لە شوێنی كۆمەڵكوژیەكەی گوندی كورێمێ دوربوو، لەوێ لە ماڵی یەكێك لەدەربازبوانی ئەو كۆمەڵكوژیە پێشوازییانكردینو حەواینەوە ئەویش كاك ( عەبدولقەهار خەلیل) بوو كە سەربازە دلرەقەكانی سوپای بەعس لە28/8/1988 دا هەموو پیاوەكانیان دابووە بەردەسترێژی گوللە، ئەمەش حاڵەتێكی جیاوازبوو لە ئەنفالداو بەپێچەوانەی هەر حەوت قۆناغەكەی ترەوە بوو ،كەقۆناغی یەكەمی تاوانی ئەنفال تا قۆناغی حەوتەم لەسنووری سۆراندابووە ،قۆناغی هەشتەمیش لە دەڤەری بادیناندا بەرێوە چوو،لەقۆناغی هەشتەمدا زۆرێك لەگەنجوپیاوان لەنێو گوندەكانی خۆیان ئەنفال دەكرێنولەناو دەبرێن . ئەمەش ئەو جیاوازییەیە كەرەهەندێكی قوڵوهۆكاری گەورە هەیە بۆ شرۆڤەی ئەولایەنە كە بۆچی بەعس لە بادینان تاوانەكەی یەكسەر ئەنجامداوەو لەقۆناغەكانی تردا ئەو هەموو رێگایەی بە قوربانیانی ئەنفال بڕیوە بۆ ئەوەی لە بیاباندا كۆمەڵكوژیان بكان .!!.
سەرلە بەیانیی رۆژی 28 / 8/ 2012 ئامادەبووینو لەچاوەڕوانی خاتوو عەدالەت عومەردا بووین، هەر كە ئەویش گەیشتەلامان دوای ئەوەی لەماڵی كاك عەبدولقەهار خەلیل بەرچاییمانكرد،پێكەوە بەڕێكەوتین بۆ گوندی كورێمێ، بەرێگایەكی كورتخایەنو پێچاوپێچدا گەیشتینە ” كورێمێ” ئەو گوندەی كۆمەڵكوژی گەورەی مرۆڤی تێداكراوەو رۆژگارەكانی دلرەقیونەزانی ویستیان لەمێژوودابیشارنەوە.
لەوێ روبەرووی كەشێكی زۆر تایبەت بوومەوە یادەوەری ئەوخەڵكەو نامۆیی ئێمە بەم ناوچەیە، لەوماوەیەدا خەیاڵ دەیبردمەوە لە ناو گۆڕستانی گوند كە تەرمی قوربانیانی كۆمەڵكوژیەكەیان تێدا ئەسپەردەكراوەتەوە، هێندەی تر خەیاڵەكەم بوو بەخەمێكی قوڵتر، ئایا بۆچی بەعس ئەو هەموو رێگایەی دەگرتەبەر تەنها بۆ كوشتنی ئەومیللەتەی كەناوی كوردە ؟ ئەوانە ئەو رۆژەی كۆمەڵكوژكران ؟، زۆرێك لەوانە هەرگیز بڕوای نەدەكرد كە ئاستی دڕندەیی رژێمی بەعسو ئەفسەرو دەرەجەدارانی سوپاكەی سەدام كە تازە لەشەڕێكی هەشت ساڵەی كاولكاری گەڕابونەوە،بەو ئەندازەیە دوژمنی مرۆڤەكانی ژێر فەرمانڕەواو سێبەری خۆی بێت و ئارەزوی كوشتنو لەناوبردنیان بەو كۆمەڵكوژیە بكات.
هاشم محەمەد سەرەتا بەهەڵكێشانی ئاخێكی قوڵ، دوای چەند ساتێك بێدەنگی، چاوەكانی پڕبوو لە فرمێسك دەستی بەگێڕانەوەی ئەو كۆمەڵكوژییە كرد كە خۆیو تەواوی گوندی كورێمێی بادینان دوچاری هاتن . سەرەتا هاشم وردە وردە ئێمەی لە بەرزایی گوندەكەوە پەڵكێشكردە شوینی روداوەكەو هەنگاوەكانی بەرەو خوار شۆردەبوونەوە. منو عومەرمحمەد كە لەسەر گۆڕستانی گوندی كورێمێ هەتا كۆتایی مەراسیمەكە هەتاو سوتاندبوین. كە دواتر شۆربووینەوە بەرەو 200 مەتری خوار گوندی كوریمێ هەوایەكی فێنك جۆشوخرۆشێكی پێبەخشینەوە، بەڵام گیرانەوەی چیرۆكی گوللەبارانكردنی ئەوخەڵكە لەناوەوەرا دەیكوڵاندین، كورد وتەنی هەوای فێنك بەئیمەچی چونكە ئیمە بۆگەشتوگوزار نەهاتبووینە ئێرە بەڵكو بۆ گوێگرتن لەوپیاوانەی لە دۆزەخی كۆمەڵكوژییەكی تری ئەنفال رزگاریان ببوو، ئێمە گەیشتینە هەمان ئەو شوێنەی كە كۆمەڵكوژییەكەی تێدا كرابوو، چوینە شوێنی ئەو 33 پیاوەی كە لە ئەنفالی هەشتەمی بادینان لەم گوندە بێرەحمانە گوللە بارنكرابوون، ” هاشم” لە سەرەتاوە دەستی بەگیرانەوەی چیرۆكی گوللەبارنكردنەكەی رۆژی 28/8/ 1988 كرد چووە هەمان ئەو شوێنەی كە بەریز رایاگرتبوونو دواتر رویان وەرگیرابوونە ئەفسەرێك فەرمانی پێكردبون كە دایشن بەهەمان ئەو شێوەیە دانیشت كە بەرلەگوللەبارانكردنەكە دانیشتبوو، دواتر كە فەرمانی گوللەبارانكردنەكە دراوە ئەم چۆن خۆی بەزەوی بەیارەكەوە نوساندووەو سەری داخستوە، تا ئەوكاتەی سەربازیك هاتووەتە سەر تەرمەكانو گوللەی بەزەیی (گلقە الرحمە )پێوەناون : (بێگومان هێرشەكەی بادینان رۆژی 25ی ئابی 1988 بە كیمیابارانی ناوچەكە دەستی پێكردو رۆژانی دواتر لەهەموو لایەكەوە سوپا بە هێرشی زەمینی پێشڕەوی كرد دەڤەری مانگێشو گوندی كورێمێ سەرەتا لە دیوی مانگێشو لەوبەریشیەوە لە زنجیرە شاخی (مەتین ) بەرەو ئێرە دەستی پێكرد،لەشەوی 27/ 8 / 1988 ئێمە لەگەلی (بازێ) كە دەچێتەوە ناوچەی بەرواری باڵا و لەوێشەوە دەچێتە بامەڕنی و پاشان رێگا هەیە بۆ باتۆفەو زاخۆ .هەروەها سوپا لە دیوی بامەڕنێ ومانگێشەوە رێگا هەیە دەچێتەوە بامەڕنێ لەباتۆفەشەوە جاشو سوپا بەروە ئێرە هاتن كەدواتر كۆی ئەو سوپاو جاشانە لەو سنوورە یەكیان گرت ، كەلەشكرەكە كۆبونەوە سەرنجیان خستە سەر ئەو دەربەندەی خوارگوندی كورێمێ كەبەهەزاران خەڵكی تێدابوو لەگەنجوپیرو ژنومنداڵ . لەسەروەی گوندەكەی ئێمە دوو گوندی تری لێیە (ئەریزا، ئەریزا بانك ) ئەوەی توانی بەروەو ئەو دووگوندە سەربكەوێت ،ئەوە بۆخۆی دەربازیبوو،ئەوەی تریش مایەوە بەناچاری گەڕایەوە ، ئێمە كەگەڕاینەوە خوارەوە وتیان سووپا لەسەرەوە هاتووە ، خەڵك بەپێچەوانەوە بەروەو خوارەوە دەگەڕایەوە، ئێمە كەهاتینە گوندی ( دگێ ) پاشان بۆگوندی هەمزە ،رێگاكان بەتەواوی داخرابوو .دوژمن بەهێزێكی زۆرەوە بەهاوكاری جاشەكان هەموو شوێنەكانی ئەو ناوچەیەی كۆنتڕۆڵ كردبوو،لەوناوە ئاوێكی لێیە پێیدەڵێن (سپنە ) كەسنوری نێوان گوندی كورێمێوهەمزە لێكجیادەكاتەوە ، كەهاتینە سەرئەو ئاوەو پەڕینەوە ئەو شەوە 27/ 28/ 8 بوو سوپا هەستی بەئێمە كردبوو پۆپبارانێكی خەست دەستی پێكرد ،بەڵام هەرجارەو شوێنێكی دەكردە ئامانج .چیای بەڕۆشكێ ی سەربەناحیەی مانگێش بارەگای سریەی سوپای لێبوو كەخاوەنی چەندین تانكو زریپۆش وچەكی قورس بوون ، جگەلەبوونی چەندین هەزار سەرباز،ئەو سەربازگەیە بەردەوام بەتۆپی قورسودوورهاوێژ ،تۆپبارانی ئەو ناوچەیەی ئێمەیان دەكرد .تابەناچاری لەسفنەوە لەگەڵ هاووڵاتیانی گوندی (چەڵكی ) كەكەوتۆتە خوار گوندی كورێمێ ، ژمارەیان یەكجار زۆربوون بەیەكەوە دواجار بڕیارماندا بچینە دۆڵێكی زۆرقوڵ لەخوار گوندی كورێمێ .ئەو شەوە لەوێ ماینەوە تادواجاررتۆپبارنەكە لەبەرەبەیاندا تەنها چەند مەترێك لەئێمەوە دەتەقینەوە . تۆپبارانەكە هەمووبەرزاییودۆڵەكانی گرتەوە .بەیانی كەلەخەو هەڵساین ئەو ناوە هەمووی سوپاوجاش بوو،هیچ لیواوسریەو فەوجێكی جاش نەمابوو لەو ناوە نەبێت و بەشداری نەكات لەو ئۆپەراسیۆنە ،ئێمە پێماننایە رۆژی 28/8/ 1988 چونكە ژمارەمان زۆربوو،هەموومان لە دۆڵەكە بەیەكەوە بەژنو منداڵو پیرو گەنجەوە دەستگیركراین ، كەدەسگیركراین هەموومانیان هێنایە سەروەی دۆڵەكە و ژنومنداڵیان لەگەڵ پیاوەكان جیاكردەوە ،فەرماندەی سوپاكە بەناوخەڵكەكەدا دەگەڕا بەئارەزووی خۆی گەنجەكانی هەڵدەبژاردو جیایدەكردەوە ،خۆمان سەرەتا 34 كەس بووین لەوانەی كەجیاكراینەوە یەكیكمان مێرمنداڵ بوو ناوی خەڵات بوو،دووجار هاتەلای ئێمە بەڵام ئێمە رەوانەی لای دایكیمان كردەوە تادواجار 33 كەس ماینەوە پاشان ئێمەیان لەژنومنداڵەكان جیاكردەوەو لەوشوێنە دووریانخستینەوە بەروەو خوار گوندەكە وژنومنداڵو پیرو پەككەو تەكانیشیان بەرەو ناوگوندی كورێمێ راپێچكرد.پاشان سوپا بەچوار دەوری ئێمە بڵاوكرایەوە ،هەموولاێكیان لەئێمەگرت ، پاشان ماوەیەك دایانناین بەبێئەوەی یەك قسەشمان لەگەڵدابكەن ، یالێپرسینەوەو بەدواداچوون بكەن هیچ شتێك لەگەڵ ئێمە نەوترا،تەنها جار ناجارێك ئەفسەرەكان هەندێكیان دەیانگووت : لێبوردنی گشتی هەیە ، هەندێكیتر دەیانگووت نەخێر لێبوردنی گشتی لەئارادا نییە .دوای ماوەیەك كەبەتەواوی ژنومنداڵەكان لەئێمە دوورخرانەوە،ریزەكەی ئێمە كەهەمومانیان وەكو تەشكیلەی سەربازی ریزكردبوو،من دوواكەس بووم ،بەڵام كەڕوویان وەرگێڕاین ،بووم بەیەكەم كەس لەڕیزەكە وعەبدولقەهاریش (*1) دووەم كەس بوو ، ئینجا بەئێمەیان گووت :هەڵسن ،پاشان ئێمەیان بردە خوارەو ریزیان كردین بەشێوەیەك بوو كەپشتمان لەشیوەكە بوو (دۆڵ ) سەربازەكانیش هاتنە سەر سەرمان و زۆر لێمان نزیك بوونەوە ،ئێمە 33 كەس بەڕیز وەستێندرا بووینو ژمارەیەك سەربازیش بەرامبەر ئێمە ریز كرابوون ، كاتەكە دەمەوئێوارە بوو ئینجا بە ئێمەیان گووت: دابنیشن ، كاتێك دانیشتین ، من سەربازەكەی سەری خۆمم نەدەبینی چونكە شوێنەكە لێژبوو سەربازەكانیش بەپێوە وەستابوونو ئێمەش سەرمان لەخوارەوەو چاوەڕیو ئەوەمان دەكرد كە كەی تەقە دەست پێدەكاتو دەمانكوژن ؟ لەكاتی دانیشتنەكە كوڕێكی گوندی (چەڵكی ) لەتەنیشت عەبدولقەهار بوو،ئامرەكە فەرمانی دا تەقەبكرێت ، ئیتر كەتەقەمان لێكرا زۆربەی كەوت ، كاتێك سەربازەكەی بەرامبەرم تەقەی دەكرد من ئەو نەدەبینی چونكە وەكو پێشتر باسمكرد ،چاڵبوو ،بەڵام گیزەی دەیان فیشەك بەلای لەشم دەهات ،بەتایبەتی بەلای دەموچاومدا ، من هێشتا هیچ فیشەكێكم بەرنەكەوتبوو ،دیسان چەند فیشەكێكی تریان تەقاند ، من بەعەبدوقەهارم گووت : من فیشەكم بەرنەكەوتووە ،بەڵام عەبدولقەهار فیشەكی بەركەوتبوو خوێنی لێدەڕۆیشت ،جارێكی تر بۆسێیەم جار تەقەیان لێكردینەوە من بەهۆی چاڵی شوێنەكەمەوە هیچم بەرنەكەوتبوو ،بەڵام ئەفسەرەكە فەرمانیدا كەراستەوخۆ بێنەسەرمانوئەوەی نەكوژراوە بكوژرێت و لەناوببرێت بۆیە چەند سەربازێك هاتنە سەرمانو یەك بەیەك بمانكوژن .هەستمكرد سەربازێك لەسەر سەرم وەستاوە بۆیە منیش هەستم لەخۆم بڕی وجوڵەم نەكرد ، سەربازەكەش لەویوی منەوە شەقێكی لەعەبدولقەهار هەڵدا، هەستمكرد ( سدقی )ش (* 2 ) فیشەكی بەركەوتووە .ئەمجارە سەربازەكە تەقەی لەمنیش كرد بەڵام چونكە ئەو زۆر لەسەر سەرم وەستابوو كەتەقەی لێكردم هەستمكرد هەردوو قاچم فیشەكی بەركەوتووە و خوێنی لێدەڕۆیشت ،عەبدولقەهاریش برینداربوو ، بەڵام خوێنی ئەو كوڕەی گوندی چەلكی كەبەداخەوە ئەو گیانی لەدەست دابوو ، هیچنابووی بەسەرلاشەی خۆیەوەو خۆی تەواو پێ سوور كردبوو .دوای ئەوەی لەعەبدولقەهاریش تێپەڕی یەك بەیەك تەقە لەو33 كەسە كرا و لەو سەرەوە بۆی دەرچوو پاشان ئەفسەرەكە فەرمانی كرد كە سوپاكە پاشەكشە بكات بۆ ئەو شوێنەی كە دەستنیشان كرابوو .كەگوندی كورێمێ بوو كەتەنها 100- 150 لەئێمەوە دوربوو .لەكاتی رۆیشتنیشیان دەستیان كرد بەتەقەكردن بەو ناوەو تەقەیان لەهەموودۆڵوداروبەردێك دەكرد.ئەوناوەیان سووتاند ،وەكو شێت تەقەیان لەو سروشتە جوانەی ئەم وڵاتە دەكرد ،تادەهات تەقەكردن وتۆپباران زیاتر خەست تر دەبوو،(كەریم) یش (*3) لەسەرەوە هاتەخوارەوەوئاگرەكەش لەئێمەو كوژراوەكان نزیك دەبۆوە .عەبدولقەهارگووتی بوەستن باڕێگاێك بدۆزینەوە بۆدەربازبوون . منیش پێیانم گووت : من بپەڕێننەوە باڕێگاێكتان پیشان بدەم بۆئەوەی هەموومان رزگارببین .كاك كەریم وعەبدولقەهار زۆر هەوڵیاندا ئاگرەكەبكوژێننەوە بەڵام سوودی نەبوو ، شوێنەكە پوشوپەڵاشی وشكی لێبوو نەكوژایەوە .بۆیە بەرەو ئەو رەزە چوین كەلەنزیك شوێنی گوللەباران كردنەكەمان بوو ،بینیمان ئەبابەكریش (*4) برینداربووەو خۆشبەختانەلەژیاندا ماوە .كەریم لەپێش عەبدولقەهار دەڕۆیشت ، پێیگوتن بەس جاربەجارێك ئاوڕم لێبدەنەوە نەوەك بكەوم ،بەمنیشیان گووت : ئەگەر ئێمە لەژیاندا ماینەوە ،دەگەڕێینەوە بۆ رزگار كردنت .ئەوان بەرەو دۆڵەكە رۆیشتنو ئاگرەكەش تادەهات زیاتر پەرەی دەسەندولەلاشەكان نزیك دەبۆوە،تۆپ بارانەكەش زیاتر دەبوو .بەتەواوی لەئێمە نزیك دەبۆوە .من خۆم كەدواكەس بووم مابومەوە بەهۆی سەختی برینی هەردوو قاچم لەوشوێنە مابومەوە ،لەنێوان لاشەكانیش بووم تادەهات ئاگرەكە لەلاشەكان نزیك دەبۆوە تەنهانەت هەستم بەسوتانی لاشەكان دەكرد كەبۆنی سوتانی لێدەهات .جلەكانیان ئاگری لێبەرز دەبۆوە ،هەرچۆنێك بوو خۆم خستە سەرپێ لەیەكەم جاریش خۆشبەختانە نەكەوتم ،ئەمزانی قاچم بریندارە ،بەڵام نەمدەزانی برینەكەم چۆنە ؟ تاخۆم گرتەوە وبەهەمان رێگەی ئەوان رۆیشتم . كاتێك رۆیشتم نەمزانی ئەبابەكریش لەوێیەو بریندارە !. لەكاتی رۆیشتن نەدەوێرام بەڕێگادا بڕۆم ، هەوڵم دەدا بەنێو دارو باخەكەدا بڕۆم و خۆم لەڕێگاكە بەدووربگرم و ئاسەواری خوێن بەجێبهیڵم لەترسی ئەوەی نەوەك بمدۆزنەوە .بۆزانیاریتان : تۆزێك لەباسەكە دەردەچم ، لەساڵی 1985كەگوندی كورێمێ ئازاد كراو كەوتە دەست هێزی پێشمەرگە ئیتر لەو ساوە بەناوچە ئازاد كراوەكان لەقەڵەم دەدرا ،رژێمیش دەیگووت :هەركەسێك نەیەتە پێشەوە خۆی ناونووس نەكات لەلای بۆحكومەت ، ئەوە بەسیخورو پێشمەرگە لەقەڵەم دەدرێت .بۆیەلەساڵی 1985 گوندەكە تێكدراو زۆربەی دانیشتوانەكەشی لەئەشكەوتوشیوو دۆڵەكان ژیانیان دەبردەسەر ،شوێنەكەش لێرەوە تەنها 2-3 كیلۆمەترێك لێرەوە دوورە .ئێمەش یەكێك بووین لەو ماڵانەی كەلەئەشكەوت دەژیاین .هەرخانەوادەیەكی گوندەكە لەژێر بەردێكی گەورە ، یائەشكەوتێك ،ماڵێكی بۆخۆی دروستكردبوو .تیایدا دەژیا.ئەو شوێنانە تاساڵی 1988 ئاسەواری مابوو ،بۆیە ئەمزانی ئەوان بۆكوێی دەچن ؟ منیش بەهەمان رێچكەی ئەوان دەڕۆیشتم بەرەو لای ئەوان رۆیشتم خوێنێكی زۆریشم لێدەڕۆیشت تاگەیشتمە چەمێك شوێنەكەم بەرزایی بوو بینیم عەبدولقەهارو كەریم لەوێن ،بانگم كردن ئەوان یەكەمجار زۆر ترسان بەڵام من خۆم پێناساندن ، ئەوانیش هاتن وڵاخێكیان بۆهێنامومنیان خستە سەری ،لەوشوێنەی كەباسم كرد ماڵی پیاوێكی لێبوو ناوی حاجی بوو ، لەو ماڵە شەروالێكیان بۆهێنام چونكە شەرواڵەكەم هەمووی خوێن بوو ،پاشان چوینە ژێر دارێك بەپێی دەڵێن (قاچ ) بەردەوام دارێكی دڕكاوی سەوزە بۆماوەی هەشت رۆژ لەژێر ئەو دارە ماینەوە و ژیانێكی زۆر خراپمان بردەسەر .ئەبابەكر شەو بەهۆی ئازاری برینەكەی دەنگی بەرزببۆوە ، بۆیە سەربازو جاشەكان گوێیان لەدەنگی ببوو بۆیە سەربازەكان هاتبون لاشەكانیان ژماردبوو ،بینیبوویان كەمیكردووە ئینججا كەوتنە گەڕان بەدوای ئێمەدا ، بەردەوام ئەو ناوچەیان تۆپباران دەكردو بەهۆی سەدان سەربازەوە رۆژانە هەر رۆژەو شوێنێكیان دەپشكنی وتادەهات لەئێمەوە نزیك دەبوونەوە . لاشەكان چەند رۆژێك لەوێ مابونەوە و هەموویان بەتەواوی سووتابوون ،مەلاێكیش بەناوی شێخ جەمال كەئیمام وخەتیبی مزگەوتی مانگێش بوو چووبوو بۆلای بەرپرسی رێكخراوی حزبی بەعس ناوچەكە پێیگوتبوون كەخوا قبوڵ ناكات ئەو تەرمانە لەوێ بەسووتاوی كەوتوونوبەوشێوەبمێننەوە ! خۆئەوانیش موسوڵمان بوون ،!هیچ نەبێت بابەو شێوەیە نەمێننەوەوبیاننێژین بۆیە ئەو مەلایە زۆر پاڕابۆوە تادواجار رازی دەبن بەوەی لاشەكان بخەنە چەند چاڵێكەوە هەرلەشوێنی خۆیان كەلێی گوللەبارن كراون .سوپاو جاشیش هە رۆژەو دەهاتنە شوێنێكی تازەو تادەهاتیش لەئێمە نزیك دەبوونەوە . هەموو دۆڵەكانوئەشكەوتو نێو رەزوباخوشوێنە چڕەكانیان دەپشكنی بۆ ئەوەی ئێمە بدۆزنەوە ،دواجارلەكاتژمێر 8ی بەیانی تەنها 100 مەتر مابوو بماندۆزنەوە .ئێمە ئەو رۆژە لەترسان هیچ جوڵەیەكمان نەكرد ،تاكاتژمێری 4 ی ئێوارە ، چونكە ئەیانزانی ئێمە چەند كەسێك لەژیاندا ماوین ،رژێم سیناریۆێكی بۆئێمە دروست كردبوو كەئەو كەسانە شەڕیان كردووەو لەو شەڕەدا كوژراون ، دوای ئەوەش دەیانویست تاوانەكەی خۆیان بشارنەوە . ئێمەشەوی 6/5 ی مانگی 9 ی 1988 ئەو شوێنەی خۆمان بەجێهێشتو بەرەو گوندە ( سفنە ) بەڕێكەوتین ، ئەو ناوە ئەشكەوتێكی لێیە، چوینە ناو ئەشكەوتەكە.سەگوەڕێكی زۆرپەیدا بوو، خەڵكێكی زۆر لە ناوچەكەدا خۆی حەشاردا بوو بەڵام بەهۆی ترسەوە كەس ئاگای لەكەس نەمابوو، خەڵك وایلێهاتبوو لەسێبەری خۆشی سڵیدەكردەوەو دەترسان .هەتا رۆژی 6/ 9 / 1988 ئەو شوێنەشمان بەجێهێشت وچوین بۆ شیوێك پێیدەڵێن ( گەڕەگا ) بەیانیەكەی رۆژی 6/ 9 چوین بۆئەوشوێنە، عەبدولكەریم بەدووربین سەیری گوندی ( تەحلابە ) ی دەكرد، جاشوسوپایەكی زۆری تێدابوو ،عەبدولقەهارو كەریم بەناچاری وردە وردە بەرەو جاشەكان دەچن و خۆیان پێدەناسێننو قسەیان لەگەڵ دەكەن،منو سد قیش ئاگامان لەوە نییە كەئەوان چوون بۆلای جاشەكان . كات چێشتەنگاو بوو، كە گوێمان لە دەنگە دەنگ بوو، من وسدقی گووتمان ئەوانە جاشن دیارە بۆ خۆشوشتن هاتونەتە ئێرە ،سدقیش گووتی چۆن دڵنیابین ؟ گووتم شارەزایی ئەو ناوچەیەم دواتر كەبینیمان جاش بوون، من ئەو كاتە لێفەیەكم لەخۆم ئاڵاند بوو دیوێكی سوروبوو دێوێكیشی سپی بوو بەڵام بەوخوێنەی لەبەرم دەرۆیشت تەواو سوور ببوو، بەجۆرێك هەستت پێنەدەكرد كە رۆژێك بووە ئەم لیفەیە سپی بووە خستمە پشتی خۆمەوە بۆ ئەوەی جاشەكان نەیبینن ئێمە چوزانین كەریم لەگەڵ جاشەكاندایە، جاشەكان تێپەڕینو ئێمەیان نەبینی بەڵام كەئاوڕیان دایەوەو ئێمەیان بینی وتیان ئەوە ئێوە لێرەن ؟ ئێمە لەجاشەكانمان پرسی ئیوە خەڵكی كوێن ؟ گووتیان خەڵكی زاخۆین، كەریم لەخوارەوە بەڕاكردن هاتەلامان هەستی كرد كارێكی هەڵەی كردووە بەرامبەر بەهەموومان ،بەڵام هیچ كارێكی تری لەبەردەمدا نەمابوەوە ،بۆیە پەنای بۆ ئەوە بردبوو، ئەوانە جاشی موستەشارێك بوون بەناوی “خالید شێخۆ” خۆیان گووتیان : جەماعەتی خالید شێخۆین مەترسن دواتر كە كەریم هات هەندێك كەلوپولوخواردنوجگەرەی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو. جاشەكان گووتیان هەستن باسوپا نەتانبینێتو هەستتان پێنەكات،چونكە كۆپتەرێكی پێشەوای هێزەكە بەردەوام بەئاسمانی ناوچەكەدا دەسوڕایەوە و تەقەی دەكرد، پێشەوای ئەنفالی هەشتەم پلەی لیواركنو ناوی ” یونس محەمەد ئەلزەرب” پێشەوای فەیلەقی پێنج بوو.
پاشان چوینە لای جاشەكان خالید شێخۆ گووتی :ئەوانە مەهێنە ناو جاشەكان چونكە جاسوسی زۆرمان تێدایە هەواڵەكە دزە دەكات و دەبێتە كێشە بۆ ئێوەو بۆ ئێمەش ، شوێنێكی بۆ دیاری كردین، بردیانینە ئەوێ كات دەمەو ئێوارە بوو ئەو رۆژە كە گەیشتینە لای بارەگای سەرەكی جاشەكان لەدۆڵێكی گەورەو قوڵدا ئێمەیان دانا نەماندەزانی هۆی چییە كە تەقەێكی زۆر كرا، تەنانەت بەچەكی قورسیش تەقە دەكرا ؟ كە جاشەكان ئێمەیان لەناو دۆڵەكە دانا ،دواتر پێیان گووتین: لەبەر ئەمنیەتی هەردوو لالێرە بمێننەوە لەو دۆڵە كە نزیك گوندی (تەحلابا ) بەردەوام دەنگی تەقەكانیش دەهات، بۆیە ترساین لەوەی قەهارو سدقیان لە سەرەوە كوشتبێ دواتر كەریم هات گووتی: سەدام لێبوردنی گشتی داوە پاشان جاشەكان هاتن كە ئێمەیان بەو حاڵەوە بینی زۆر خەفەتیان بۆخواردین كەبەو ئێوە گوللەباران كراوینو 33 كەس لەیەك شوێن كۆمەڵكوژو ئەنفال بكرێت . جاشەكان گووتیان ئێمە ئامادەین لەگەڵتان بێین بۆ ئەوەی تۆڵە لەو ئەفسەرە بكەینەوە كە بڕیاری كوشتنی ئێوەی داوەو گوللەبارانی كردوون .
دوای ساڵی 1991 كە كورد لەدەستی بەعس رزگاری بوو، ئینجا لاشەی كەسوكاریان لەو چاڵانە دەرهێنرانەوە كە هەر لەو شوێنەی لێی گوللە باران كرابوونو لەلایەن جاشەوە خرابوونە دوو چاڵەوە ئێستا لەگۆڕستانی گوندی كورێمێ بەخاك سپێردراونەتەوە. كە لەكۆی 33 پیاوی گەنج و كامڵ تەنها 5 كەس دەرباز بوون. دەربازبووەكانیش بریتی بوون لە: هاشم محەمەد ، عەبدولقەهار خەلیل . سدقی، ئەبابەكر،كەریم . كەهەموویان بەموعجیزە لەو كۆمەڵكوژییەی گوندی كورێمێی ناحێی مانگێشی سەربەپارێزگای دهۆك دەربازبوون.
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.