ئازار 31, 2015 Omer ئهنفال لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە رۆژی ٤/١٤ گوشت، لە ماڵمان قەدەغەیە جا هەر كەسێك میوانمان بێت..
سەردارقادر حەسەن گوندی تەپە سەوز:
رۆژی ٤/١٤ گوشت، لە ماڵمان قەدەغەیە جا هەر كەسێك میوانمان بێت.
لە خانەوادەیەكی گەورە تەنها خۆم دەربازببووم ئەگەرخزمێك خولقی بكردمایە بۆ ماڵەوە، بڕوام نەدەکردو لە دڵی خۆمدا دەمگوت تۆبڵێی بەڕاستی بێت. ئەمە قسەی سەردار قادری گوندی تەپە سەوز بوو .
دیدار : عومەر محەمەد
شوێن : ناحێی رزگاری ماڵی سەردار قادر
رێکەوتی : ٢٨/١/٢٠١١
ئێوارەی ڕۆژی( 28/1/2011) تیمەكەمان لە گوندی بەكرەشەل گەرابوونەوە بۆ كفری كە من لەسلێمانیەوە گەیشتمەلایان ئەوان كارەكانیان تەواوکردبوو، ئێمە هێشتا لە مشتومڕی ئەوەدا بووین ئاخۆ شەو لەشاری كفری بمێنینەوە یان بچینە ناحێی ڕزگاری، یەكێك لە ئەندامانی تیمەكە پێی راگەیاندین : لە ڕزگاری نانمان بۆ ئامادەكراوەو لەوێ چاوەروانمان دەكەن، هەر كە زانیم بۆ ماڵی ئەنفالكراوێكەو خاوەن ماڵ تاكە دەربازبووی خانەوادەكەیانە لە ئەنفالدا، بێ دوودڵی رەزامەندیم دەربڕی.
لەگەڵ تیمەکەی هونەرمەند تەها کەریمی خۆمان كۆكردەوەو بەرەو ئۆردوگای ڕزگاری بەرێكەوتین، هەر کە گەیشتینە جێ كاك سەردار قادر پێشوازییەكی گەرمی لێكردین، خۆشبەختانە خانەوادەیەكی ئەوەندە روخۆش و بەخوڵقوخۆبوون، هیچ هەستمان بە نامۆیی نەكرد، سەردار پیاوێكی بەهەیكەلو میوان دۆست بوو، هەرجەندە هەمیشە روخۆش و دەمبەخەندەیە بەڵام لەناخەوە خەمبارە ئەو تەمەنی لە نێوان 15-16 ساڵاندا بووە كە ئەنفال گەیشتووەتە گوندەكەیان.
كوڕی حاجی قادری تەپە سەوزەو هەموو خانەوادەكەیان ئەنفالكراون، ئەویش بەلای ئاژەڵەوەبووە، كە سەعیدجافی موستەشاربە هانایانەوە چووەو داڵدەی داوە. ئەنفالكراوەكانی خانەوادەكەی بریتین لە (دایكیو 5 برایو دوو خوشكیو هاوسەرەكەشی بەدوو منداڵەوە) پاشئەو لێقەومانە ماوەی دوو ساڵ بێ خانەولانە بووەو هەرشەوەی لە ماڵێك حەواوەتەوەو زۆر شەویش لە هیچ ماڵێك نەماوەتەوەو لەدەرەوە لەلای (مزخە)ی ئاوەكەی صمود شەوی ڕۆژكردووەتەوە، تا ئەو كاتەی باوكی لە نوگرە سەلمان گەراوەتەوەو پێكەوە سەرپەنایەكیان پێكەوە ناوەو بەکەساسی ولەچاوەروانی ئازیزانیاندا ژیانێکی سەختیان گوزەراندوو.
سەردار لە دایكی خۆی هیچ خوشكو برایەكی دەرباز نەبوون، حاجی قادری باوكی دوو ژنی هەبوو، ئەنفالكراوەكانی ماڵی سەردار جگە لە باوكی كە لە زیندانی نوگرەسەلمان گەراوەتەوە 11 كەسی بێسەروشوێنن ئەوانیش بریتین لە:
خاوەر (دایكی سەردار) براکانی : محمد ، قازی ، بەختیار، حسێن ، حەمەخان، خوشكەكانی لەمیعە، گەشاو ، هاوسەرەكەشی بەناوی حەیات، منداڵەكانیشی بەناوەکانی شەهلاو شنۆ . بێجگە لەوانەش دەیان ئامۆزاو پورزاو خاڵۆزای تری ئەنفالكراونو هەتا ئێستا بێسەروشوێنن.
تاوانی ئەنفال لە گوندی تەپە سەوز
گوندی تەپەسەوز لەكۆی 30 ماڵ 123 كەسیان ئەنفالكراوە. ئەو گوندە چیرۆكی زۆر تراژیدی و ئالۆزی لە خۆگرتووە، نزیكەی حەوت خانەوادە هەن، لەو گوندە تاكە یەك كەسیان نەماوە تەنانەت ببێتە وارسیانو موچەكەیان وەربگرێت، خانەوادەی وای تێدایە 32 كەسیان ئەنفالكراوەو تەنها كەسێكیان ماوە ئەوانی تر ئەنفال بردنی نەگەرانەوە. لەدیدارێكی تایبەتدا بۆساڵنامەی ئەنفالستان سەردار ووتی: گوندەكەمان تەپە سەوز هەروا 30 ماڵێك دەبوو، هەموومان، بەكشتوكاڵو ئاژەڵدارییەوە خەریكبووینوخەریكی ژیانی خۆمان بووین، ئەوكاتە جەنگی ئێران عێراق پێی نابووە هەشت ساڵەوە، پێش ئەنفالیش ئێمە وەزعمان زۆرباش نەبوو چەندینجار بەتۆپوتەیارە بۆردومانكرابووینو ساڵێك پێش ئەنفالیش جارێك شەر لەگوندەكەماندا رویدا لەنێوان حكومەتو پێشەمەرگەدا، بەڵام ئەوەی لەئەنفالدا رویدا وەك ئەوانی ترنەبوو جاران حكومەت دەهاتو پێشمەرگە لێیان دەداو دەگەرایەوە، لەبەهاردا بوو كە حكومەت لەچەند قۆڵێكەوە بەچڕی هێرشی كردە سەرناوچەكە، گوندەكەی ئێمەش وەكو هەموو ناوچەكە لێی قەوما كەس نەیدەزانی ئەنفال واتای چیەوحكومەت ئەوە نیازەكەیەتی، وامان دەزانی ئەوەی پێشمەرگەیە لێبوردنی بۆدەردەچێو ئەوەی مەدەنیشەلە شوێنێكی وەكو صمود دای دەنێن، خانوومان بۆ دەكەنو ئەو دۆخە كۆتایی دێت، بەڵام ئەوتاوانەی لێكەوتەوە كەهەموومان دەیزانین.
سەردار ئەو ئێوارەیەی لەیادماوە كە خەڵ:ی گوند خەریكی تەكبیر بوون لەحاڵی خۆیان ” باوكم وەكو كوێخای گوند وابوو خاحی رەفعەتی تەرخانی هات ووتی: بەخوا هیچ چارە نەماوەو دەبێت بڕۆین، باوكم بەخەڵكی گوندی تەپەسەوزی راگەیاند ئیتر بچن مشوری خۆتان بخۆن هەركەس چۆن خۆی ڕزگار دەكات بابروات. ئینجا خەلك كەوتەخۆ كۆكردنەوە ئەوەی بەپێ دەرۆی بەپێو ئەوەی هەیبوبە تراكتۆر، حكومەتیش فیڵێكی كردبوو بەموستەشارەكاندا جوابی دەنارد بابێن خۆیان تەسلیم بكەن هیچیان بۆ نابێت، بەهەرحاڵ پێبەپێ دەرۆیشتین هەتا هاتینە مللە سورە، سەردار ئێستاش بە سەر سوڕمانەوە لەو حەشاماتە دەڕوانێ كە لە مللەسورە كۆببوونەوە (بروابكە منداڵی خۆت لێ وونبووایە نەتدە دۆزییەوە، دەڵێن قیامەت، بڕوا بكە قیامەت بوو) ئەوهەمووخەلكە ئەو هەموو مەروماڵاتە هەمووی رۆیی هیچی نەما..!! لەو هەمووحەشاماتە كەمێك پیروپەككەوتە گەڕانەوە .
سەردار چۆن دەربازبوو
سەردار ئەوكاتە خۆی بەلای ئاژەڵەوە بووە كە خانەوادەكەی بەرەو مللەسورەو میلقاسم كەوتوونەتەڕێ، ئەویش لەگەڵ ئاژەڵەكانیدا پێ بەپێ بەرەو مللەسورە كەوتووەتەرێ لەكاتێكدا گەیشتووەتە نزیكی جادەی نێوان كفریو كەلارلەخوارگوندی میلقاسمەوە تراكتۆریكی گوندنشین هاتووە عەسكەر سواری بوون، كەپێی گەیشتبوون ئەفسەرێك فەرمانی پێكردبوو كەسەركەوێت، بەڵام بەرێكەوت مەكینەكە كوژابووەوسەربازەكان پاڵیان پێوە نابوو، بەڵام سەربازێكی كوردی خانەقین داوای لێكردبوو كەلەگەلیان دابەزێت پاڵبنێت، كەسەردار كەمتەرخەمی كردبوو سەربازەكە بەتورەیی وتبووی دابەزە، بەڵام لەكاتی پاڵناندا پێی وتبوو نەگبەت ئەنفالە ئەنفال بڕۆ خۆت بدزەرەوە، سەردار ئێستاش سوپاس گوزاری ئەو سەربازەیە، سەرباری ئەوەی نوێژی دەكردو مسوڵمان بوو بەڵام تائەوكاتە نەیزانیبوو ئەنفال واتای چی بەڵام كە سۆزی سەربازەكەی بینیبوو ئیتر لەوە تێگەیشتبوو كەووشەی ئەنفال شتێكی خراپە بۆیە بەقسەی سەربازەكەی كردبوو هەركە مەكینەكەیان خستبووەوە ئێش، سەردارخۆی دزیبووەوە لەوەدا بەختی هەبوو كەئەفسەرەكەش لێی بێئاگابووە.
درێژەی پێداو ووتی: ئیتر كەگەیشتمە ناوچەمەكەی میلقاسم زۆركەسم بینی پێمگوتن كەوا سەربازێك وای پێگوتووم برۆن خۆتان بشارنەوە بەڵام خەڵك باوەری پێنەكردمو دەیانگووت كورە بابە چیمان بۆ باس دەكەی .. ئیتر باش بوو ئاوا ماینەوە دەمەو عەسرێك سەیارەیەك هات چوار پێنج چەكداری جاشی لەتەكدابوو ئەو پیاوە سەعید جافی موستەشاری 251 بوو، هات زۆر باوكەرۆی كرد، دەیگوت باوكە ڕۆ كورد رۆ وەكو ئێستالەبیرمە كورد ڕۆو باوكەڕۆی دەكرد، جلێكی سەوزی عەسكەری لە بەردابوو لە سەیارەكەیدا فەردەیەك نانی داگرت صمون بوو هەریەكەو كوتێكمان بەركەوت، چوومەلای ووتم كاك سەعید من كوڕی حاجی قادری تەپە سەوزم چۆن دەربازم دەكەی ووتی: كاكە من ئێستا دەچمەوە بۆسەرجادە ئەگەركەمین هەبوو ئەوا دیمەوە بۆلاتانو پێتان دەلێم، ئەگەركەمین نەبوو ئەوا خۆم لەسەر جادە دەوەستمو ڕزگارتان دەكەم، ئێمەش مەڕوماڵاتمان پێبوو. ئینجا بەپشتیوانی ئەو رۆیشتین لەجادەكە پەرینەوە بۆئەوبەری عەوڵاقوت، لەوێ رەبایەی سەربازی دانرابوو دووسێ ئەسپیشیان بەستبووەوە هی عەشایەربوو گرتبوویان، سەربازەكان سواری دەبوونو سوڕیان دەخوارد، كەمن پەریمەوە لەوێ ڕانەكەی ماڵی عەلی فەرەجی ئۆمەربلم بینی بەبێ كەس” عەلی حاجی فەرەج خۆیوهەموو خانەوادەكەی ئەنفالكران، تەنها حەسنیان ماوە).
بەچاوی خۆم بینیم شوانومەڕیان دەكردە لۆریەكانەوە.
ئێمە كە سەعیدجاف دەری كردین دوبارە گیراینەوە، عەسكەرەكان هاتن ووتیان بۆخۆتان لەم ناوە بخەون، مەبەستیان تاڵانی بوو، بەشۆفڵ چاڵێكیان كردبوو، لۆری گەورەو درێژی عەسكەری بەگی دادەناو دەهاتە ناوچاڵەكەو دەرگاكەی دەكردەوەو بەلێواری چاڵەكەوە جووتی دەكرد، ئیترمەرو ماڵاتەكەیان لەوچاڵەوە باردەكرد، ئینجا شوانەكانیشیان دەخستەپێشی سەیارەكەوەودەیانبرد، بەچاوی خۆم بینیم چەندین شوانیان ئاوا بەمەروماڵێتەكانیانەوە ئەنفالكرد، تەنانەت ئەوەی كەری پێبوایە كەرەكەشیان دەخستەناولۆریەكەوە لەگەڵ مەرەكانو شوانەكانیشیان دەخستەپێشی لۆریەكەوە. شەش ڕۆژ ئەو تاڵانیەم بەچاوی خۆم بینیووە، بەڵام لەوماوەیەدا لەبەر زۆری مەروماڵاتەكە فریا نەكەوتن، هەموومان بەرن. سەردارو هاوەڵەكانیشی كە زانیویانە چارەنوسیان وەكو ئەوانی ترە لە ڕۆژی چوارەمەوە كەوتوونەتە تەكبیركردنو لەشەوی پێنجەمدا لەگەڵ چەند شوانێكی تردا بەرەو ناوچە عەرەبییەكە ڕۆیشتوون، چونكە ئەوێیان بەسەلامەتتر زانیبوو، ئەوانەی لەگەڵیدابوون ( بورهانی حەمە باقیو براكەی، حسین عەزیزی لالە مەجید بوو، تەهای كاك فەقێ حەسەنی كانی ماران بوو ) خۆماندزییەوە رۆیشتین سالح عەلی جۆڵا ڕێنمایی كردوون بەرەو ناوچەی عەرەبەكان برۆن، سەردار وتی: زۆر دوركەوتینەوە، من دوربینم پێبوو لەبان یالێكەوە بۆماوەی دوڕۆژ چاودێریم كرد باركردن هەربەردەوام بوو. شارەزا بووین بەڵام برسێتی تەنگی پێمان هەلچنین نە دەمانتوانی بەرەوناوچەكە بێینەوە نەكەسیش دەیتوانی بێت بەهانامانەوە، ئیتر ناچار هەموو ئێوارەیەك بەرخی یەكمان سەردەبڕی، بەڵام من پڕكێشیمكرد شەو بەتاقی تەنیا بەدزییەوە هاتمەوە بۆلای ئەو جەماعەتەی كە لەلای عەسكەرەكان بوون، كوڕێكی حاجی رۆستەمی تەپەسپی (ئەمینی ناوە) شوان بوو بینیم ئەگریا، ووتی: 300 مەڕم بوو هەموویان لێسەندوومو خۆشمیان كوتاوە زۆر هیلاك بوو، ئیترئەمین بەو لێدانە تووشی نەخۆشییەك بوو دوای ماوەیەك مرد. بەخوا لەترسا مرد .
سەردار درێژەی بەقسەكانیداو ووتی: ڕۆژانێكی سەخت بوو بوەتوشمانەوە ئیتر ماوەی 2 مانگ ئێمە ئاوا ماینەوە بەڵام نەماندەتوانی ئیدارە بكەین، مەروماڵێتەكانیشمان پەرتەوازە بوو عەسكەر هەندێكی بردو كەمێكیشمان بۆمایەوە فرۆشتمان ئیتر خۆمانكردە ناو صموداو خۆمان تەسلیم كرد لێرەیش وەزعمان زۆر خراپ بوو، دەچوینە هەرماڵێك دەترسا بەهۆی ئێمەوە ئەویش تووش بێت، یان وەزعیان زۆرخراپبوو جایەكێكی تریش ببێتەبار بەسەرییەوە، بەو شێوەیە نەمان دەتوانی خۆمان دەرخەین، ئیتر بیرم كردەوە پارەم لەپیاوێك قەرزكرد تراكتۆرێكم كڕیو دەستمكرد بەئاو فرۆشتن لە ئۆردوگاكەدا، ئەوە لەدووسێ سەرەوە بۆمن باش بوو، بەتەنكەرە ئاوەوە بچومایەتە هەرماڵێك رەزام گران نەبوو لەبەرئەوەی ئاوم پێبوو ئاو قاتی بوو لەصمود دەست نەدەكەوتو گرانیش بوو، ئەوشەوانەش نەچومایەتە ماڵی كەس لەلای بیرە ئیرتیوازیەكان دەخەوتم، بۆئەوەی ئەگەر یەكێك بیبینیمایە دەمگوت سەرەم بۆ ئاوگرتووە، بەڵام لەراستیدالەبەربێ جیگایی من لەوێ دەخەوتم. سێ دانە ساڵ ئەوە حاڵی من بوو . ئەگەریەكێك پێی بگوتمایە بابچین بۆماڵەوە لەدڵی خۆمدا دەمگوت تۆبلێی بەراستی بێو ئەم ئێوارەیە بمباتەوە بۆماڵی خۆیانو نانم پێبدات ؟. لەراستیدا ئەو خەڵكەش ناهەقی نەبوو هەبوو پێی خۆش بوو ڕۆژی دەكەس بەرێتەوە بۆ ماڵەكەی بەڵام توانای نەبوو، حكومەتیش زۆر خراپ بوو. ئەویش دەیگوت ئەنفالم دەكەن، ڕۆژێك موختارەكە هات بۆلام ووتی: ئیخباری كراوی وتوویانە سەردار پێشمەرگەیە ئەگەر دەزانی لەخۆت دەترسی لێرە بڕۆ مشوری خۆت بخۆوخۆت بشارەوە ئەگەر دەشچیت بۆ ئەمن ئەوە كەیفی خۆتە، منیش ووتم خۆمن لەبراكانم زیاتر نیم توخوا بامنیش ببەن، هەستام چووم بۆ دائیرەی ئەمن نەقیب خالیدێك بەرێوەبەری ئەمن بوو ووتی: تۆ پێشمەرگەیت چی دەكەیت لەناو صمود منیش ووتم من كاسبمو كاتی خۆی خۆم تەسلیم كردووەتەوە، ئیترهەندێك شەپازلەی پیامدا كێشاو ئەو جارەش نەجاتم بوو، ئەوەش كەسێك ئیخباری كردبووم ئێستاش وا لێرەیە.
حاجی قادری تەپەسەوز بەپیرمەرگەوە چوو كەچی ئازادبوو:
حاجی قادری گوندی تەپەسەوز، كەباوكی سەردارە، خۆیو هەردو ژنەكەیو منداڵەكانی ئەنفالكرابوون، ئێستاشی لەگەڵ بێت خاوەری هاوسەریو 5 كوڕیو دوكچی نەگەڕانەوە بۆخۆشی ماوەی سێ مانگێك لە نوگرەسەلمان مایەوەو بەهۆی خوشكێكیەوە بەناوی پیرۆز ڕزگاری بووە، لەبەرئەوەی پیرۆز نابینابووەو لە نوگرەسەلمان هیلاك بووە، لەوێ كەناویان نوسیوە بۆبەردان وتبوویان كێی نزیكی خۆی لەگەڵدایە بابێت بڕوات، بەڵام ئەوەی زۆرمایەی تێڕامانە تكایان لەحاجی قادركردبوو كە لەگەڵیدانەڕوات، چونكە ئەنفالكراوەكان بروایان نەبووە بەوەی ئازاد بكرێن، بەڵكو پروپاگەندەی ئەوە بڵاوكرابووەوە ئەوانەی پیرو هیلاكن بۆخۆراكی ماسی دەخرێنە دەریاكەی لای سەماوەوە، بەڵام حاجی قادر ووتبووی جا لە گەرماو لەبرسابمرمولەناوئاودا بخنكێم جیاوازیان چیە مردن هەرمردنە، دەڕۆم لەم مەینەتیو ڕەزالەتە ڕۆژێك زوتر ڕزگارمان بێت. حاجی قادر سێ ڕۆژ پێشئەوە مام فەرجی كوڵەجۆی حاجی حەمەجانی بەدەستی خۆی ناشتبوو، هەربە بەچەقۆكەی خۆی جلەكانی لەبەردادڕیبوو لە بری كفن تێیەوە پێچابوو كەچی دوایی بەچاوی خۆی بینیبووی كەسەگ تەرمەكەی دەرهێناوەتەوەو خواردوویەتی (شایانی باسە هەتا ئێستاش چەقۆكەی مام فەرەج ماوە پێشتر لەلای حاجی قادری تەپە سەوزبووەو دوایی وەك یادگاری داوێتی بەكچەكەی مام فەرەج بەناوی سەعدە ئەوچەقۆیە هەڵگیراوە). بۆیە حاجی قادر ووتبووی ڕۆژێك زوتربمرین باشترە، كەواتە ئەو بەپیرمەرگەوە چووە، بەڵام لەوەدا بەخت یاوەری بوو كەناونوسینی ئەوجارە بۆ ڕزگاربوون بوو. حاجی قادری تەپە سەوز لە هەوڵی بێوچانیدا بۆسۆراخی ژنومنداڵەكەی توانیبووی كەسێك بدۆزێتەوە لە تۆپزاوا ئەو كەسە لستێك ناوی پیشاندابوو پێی ووتبوو: ئەم ناوانە لێرە لەلای ئێمەنەماونو بۆیان مەگەڕی، لەوانە ژنو منداڵەكەی خۆیو ژنومنداڵەكانی محمودی حاجی حەمەجانی كوڵەجۆو ئەوانەی مللەسورەو رێك ئەوانەی لەگەڵ تەیموردا بوون دابووی بەباوكم پێی ووتبوو ئەمانە رۆیشتنو لەلای ئێمە نەماونو بۆیان مەگەڕێ..ئەوانەش ئەوكۆمەڵەكەسەبوون كەكراون بەژێرخۆڵەوە هەتا ناوی تەیموریشی تێدابووە .
سەبارەت بەدوا هەواڵی كەسوكارەكەی قسەكانی باوكیودوو پوری خۆی بەناوی خاوەرولەیلای بۆ گیراینەوە كە هەتا تۆپزاواش پێكەوەبوون لەوانە باسی حەمەخانی برایان بۆگیرابووەوە كەبرینداربووەو خۆی خستووەتە ناو ژنەكانەوە لەگەڵ دایكیدابووەو پۆلیسێك هاوكاری كردووە حەپی گولاجی بۆ هێناوەو كردوویەتی بە برینەكەیەوە، ئیتر ئەو ڕۆژەی ئەمانیان بردووە بۆ نوگرە سەلمان لێیان بێ ئاگابوونو هەتا ئێستاش بەبێ سۆراخ ماونەتەوە.
سەردار لە ساڵی 1993 هاوسەرگیری كردووەو ئێستا پێكەوە لەئۆردوگای ڕزگاری لەوخانووەدا دەژین كە حكومەتی هەرێم زەویەكەی پێداونو هاوكاری كردونو دایكو باوكی چەند منداڵێكی چاوگەشن. بەڵام ئەو گللەییەشی هەیە كە لەپەنای ئەنفالدا خەڵكێكی زۆر سودمەندبووەو بەناوی ئەنفالەوە زەوییە ڕوكنەكانیان داوە بەخەڵكی نامستەهەق، زۆرخەڵك زەوی وەرگرتووە، هەرباسی ئەوەی ئەنفال دەكەن. خۆ زەویو موچەش هەموو شتێك نیە كەسوكاری ئەنفال هەیە لەم ناحێیەدا دەژی ناتوانێ سواری سەیارە بێت، ئەوەشی پێناخۆشە كە كوری موستەشارەكان پلەوپایەیان لەكەسوكاری ئەنفال بەرزترە. ئەوەی هێشتا گرێیەكی گەورەیە لەدڵی سەرداردا نەبوونی عەدالەتو دادپەروەریە، ئەو پێی وایە ئەم ئەزموونە بەری خوێنی ئەنفالكراوانو كیمیابارانو ئەو كەسانەیە گیانو ماڵی خۆیان كردە قوربانی بۆیە پێویستە دادپەروەرانەش بژین. ووتی: لایەكی ژنی سلیمانی بەپێشمەرگەی شاخ خانەنشین كراون بێ ئەوەی شاخیان بینیبێ ؟ ماڵیش هەیە شەوتابەیانی پێشمەرگە نەیهێشتووە بخەوێت بەخزمەتكردن كەچی ئێستا ئاوڕی لێنەدراوەتەوە..!
سەبارەت بەلێبوردنەكەی بەرەی كوردستانی بۆجاشەكان سەردار بروای وایە ئەوانەی لەساڵی 1991 بەلێبوردنەكە رازی بوونو لەكوردستان مانەوە هەقی لێبوردنیان هەیە بەمەرجێك سكاڵای كەسیان لە سەر نەبێت، سەردار ووتی: ئەوەش بزانە بەشبەحاڵی خۆم جاشێتی بە عەیبەیەكی گەورە دەزانم ئێستا پێم بڵێن جاش زۆرم پێناخۆشە، رەنگە فیشەكێك بەخۆمەوە بنیم خۆم بكوژم، بۆیە هەقوایە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت بۆئەوەی جاشێتی ڕیشەكێش بكرێتو جاشی پارچەكانی تری كوردستانیش لەلێپرسینەوە بترسنوببنە عیبرەت، چونكە ئەو وڵاتانەی ئەمرۆ حاكمی جیهاننو دەسەڵاتیان هەیە ئەم ئەزمونانەیان هەیەو پێموانیە ئەوان لەخائینو خۆفرۆشان خۆشبووبن . سەرداری تەپەسەوز ووتی: كارەساتە موستەشار بچێت واسیتە بۆخەڵك بكات، موچەیان بۆخۆیو كوڕی بریووەتەوە، ئەی چۆن ئەو دیاردەیە شەرمەزاربكەین ..؟ كوا ئەوە رەوایە وەكو مەحكەمەی ناكەیت ئیمتیازیشی بدەنێ، ئەویش بابروات كاسبی بكات، مەرداری بكات وەك هەر هاوڵاتییەكی تر .
لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا كەئاخۆ ئەو قەت دەچێت بۆپرسەی موستەشارەكان سەرداری حاجی قادر ووتی: تا ئێستا بۆپرسەی یەك موستەشار چووم ئەویش لە پێشمەرگایەتی پیكەوە بووین، ئەگینا ناچم چونكە قورسن لەبەرچاومان پێمخۆشە كەسوكاری ئەنفالیش نەچنە پرسەیان. مەگەر كەسێكی وەكو سەعید جاف یەك كەسێكی تریش هەبوو حەمە صالح عەبدوڵا ئەویش خەڵكی زۆر ڕزگاركردووە. ئەوپیاوەش وتی: ئیعدامیشم دەكەن بەجەهەنەم خۆ لەئێوە زیاتر نیم، من شایەتی بۆ ئەو دوو كەسە دەدەم ، ئەوانەی ترنا.
بریار بێت لەو ڕۆژەدا گۆشت نەخۆم
دواپرسیارم وەكو زۆركەسی تر لەسەرداری حاجی قادریش كرد، ئەویش دوو برگە بووو ئەوە بوو ئایا تۆ پێت خۆشە رۆژی 14/4 بكەینە رۆژی گۆشت نەخواردنو رۆژی قەدەغەكردنی سەربرین .. ئایا تۆ پێت باشە ئەو رۆژە خەلك لەكەلارو كفریو شارەكانی ترەوە بەپێ بێت بۆ گۆڕستانی دێ بنە، بۆ یادی ئەنفال سەیارە قەدەغەبێت ؟ لەوەڵامدا سەردار ووتی: ئەوە مێژووە ئەوە جوانترین یادكردنەوەی ئەنفالە من پشتگیریت دەكەمو لەو رۆژەدا گوشت خواردن لەماڵمان قەدەغە دەكرێت جا هەركەسێك میوانم بێت .
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.