ئازار 17, 2015 Omer بڕیاره‌دادوه‌رییه‌كان لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دادگای شاری ده‌نهاخ (لاهای)
ڕۆژی بریار : 2005-12-23
ڕۆژی بڵاوكردنه‌وه‌ی : 2005-12-23
به‌شی دادوه‌ری : تاوان و سزا
جۆری په‌روانه : دادگاییكردنی سه‌ره‌تایی– فره دادوه‌ری
كورته‌ی ناوه‌ڕۆك : دادگا ئه‌م بڕیاره‌ی داوه به گوێره‌ی مادده‌كانی 48 وه57 له یاساكانی تاوان و سزا، وه مادده‌ی 8 له یاساكانی سزای جه‌نگ. ئه‌وه ئاشكرا بووه كه كه‌سی گومان‌لێكراو به شێوه‌یه‌كی هۆشیاری وه ته‌نها له‌به‌ر قازانجی خۆی هاوبه‌شییه‌كی زۆری كردوه له هێنانه‌كایه‌ی پرۆگرامی چه‌كی كیمیاوی له عێراق، له ساڵه‌كانی هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابووردوو. هاوبه‌شیكردنه‌كانی كه‌سی گومان‌لێكراو بۆته هۆی ئه‌وه‌ی بتوانرێت ژماره‌یه‌كی زۆر هێرش به گازی خه‌رده‌ل بكرێته سه‌ر هاووڵاتیانی بێ ده‌سه‌ڵات. ئه‌م هێرشانه به قوورسترین تاوانه‌كانی جه‌نگ داده‌نرێن.
بریاری دادگای شاری ده‌نهاخ، (لاهای)
به‌شی دادگای تاوان
دادگای فره دادوه‌ری
(حوكم)
ژماره‌ی دۆسیه : 04-751003\09
ده‌نهاخ (لاهای)، 23 كانوونی یه‌كه‌م 2005
دادگای شاری ده‌نهاخ، به‌شی دادگای تاوان، ئه‌م بریاره‌ی خواره‌وه‌ی ده‌ركردووه، له كێشه‌ی داواكاری گشتی له دژی كه‌سی گومان‌لێكراو:
ناوی كه‌سی گومان‌لێكراو: —
به‌رواری له دایكبوون: –، شوێنی له‌دایكبوون: —
بێ ناوونیشان له هوله‌ندا، ئیستا گیراوه له سجنی: —
1. دانیشتنه‌كانی دادگا
لێكۆلینه‌وه‌كانی دادگا به‌جێ هێنراون له دانیشتنه‌كانی دادگادا له‌م ڕۆژانه‌ی خواره‌وه‌دا:
18 مارت 2005، 10 حوزه‌یران 2005، 02 ئه‌یلول 2005، 21 تشرینی دووه‌م 2005، 22 تشرینی دووه‌م 2005، 23 تشرینی دووه‌م 2005، 24 تشرینی دووه‌م 2005، 25 تشرینی دووه‌م 2005، 28 تشرینی دووه‌م 2005، 30 تشرینی دووه‌م 2005، 01 كانونی یه‌كه‌م 2005، 02 كانونی یه‌كه‌م 2005، 05 كانونی یه‌كه‌م 2005، 07 كانونی یه‌كه‌م 2005، 09 كانونی یه‌كه‌م 2005، 23 كانونی یه‌كه‌م 2005.
كه‌سی گومان‌لێكراو، ئاماده بووه له دانیشته‌نه‌كانی دادگا و لێكۆلینه‌وه‌ی له‌گه‌ل كراوه، بێجگه له‌م ڕۆژانه: 10 حوزه‌یران 2005، 02 ئه‌یلول وه 23 كانونی یه‌كه‌م. كه‌سی گومان‌لێكراو به‌رگری لێكراوه له‌لایه‌ن پارێزه‌ران: یاساناس ی.پ.ڕ. فان شخایك J.P.A. van Schaik، پارێزه‌ر له شاری فه‌ینه‌نداڵ؛ وه پارێزه‌ر: یاساناس ر. خایسن،R. Gijsen پارێزه‌ر له شاری ماستریخت. 15 كه‌س خۆیان ناونووس كردووه وه‌ك كه‌سانی زه‌ره‌رمه‌ند: (ناوه‌كان).
داواكارانی گشتی ئه‌مانه‌ن: یاساناس: ف. ته‌یفن وه یاساناس: ت. پۆلێسچوك.
له‌سه‌ر بناغه‌ی بانگهێشتنی گومان‌لێكراو بۆ دادگا و تاوانبار كردنی به تاوانی سه‌ره‌كی، وه‌ك له خاڵی 1 و 2 ئاماژه‌یان پێدراوه، داوایان كردوه كه‌سی گومان‌لێكراو حوكم بدرێت به 15 ساڵ زیندانی . ئه‌و ماوه‌یه‌ی گومان‌لێكراو له ته‌وقیفدا ( ڕاگرتن ) به‌سه‌ری بردووه له حوكمه‌كه‌ی كه‌م بكرێته‌وه.
هه‌روه‌ها داواكارانی گشتی داوایان كردوه ئه‌و شتومه‌كو كه‌لوپه‌لانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه (فۆتوكۆپی لیسته‌كه وه‌ك هاوپێچ له‌گه‌ل ئه‌م بریاره‌دایه) ژماره‌یان دراوه‌تێ، ئه‌م شتانه‌ی خواره‌وه بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ كه‌سی گومان لێكراو: ژماره: 4 تاوه‌كو 10، 13 تاوه‌كو 15، 18 تاوه‌كو 20، 23، 24، 27، 28، 29 (بێجگه له گۆڤاره‌كان). ئه‌و شتومه‌كانه‌ی له لیسته‌كه‌دا ئه‌م ژماره‌یه‌یه‌ی خواره‌وه‌یان دراوه‌تێ ده‌پارێزرێن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی مافیان له‌سه‌ری هه‌یه. ژماره‌كان: 1 تاوه‌كو 3، 11، 12، 16، 17، 21، 22، 25، 26، 30 تاوه‌كو 36.
داواكارانی گشتی گه‌یشتونه‌ته ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ، به ڕاده‌ی یه‌كه‌م: هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ی كه كه‌سانی زه‌ره‌رمه‌ند داوایان كردووه، ناوه‌كانیان له سه‌ره‌وه نووسراون، هه‌موویان پێبدرێت، به گوێره‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كاریان پێكراوه پێش كاركردن به یاسای تێرڤه‌ی ((Terwee (ئه‌م یاسایه بلاوكراوه‌ته‌وه له ڕۆژنامه‌ی ده‌وڵه‌ت، ژماره 29، 1993)، كه بریتییه له مه‌بله‌غی: 1500 خلدن، واته: 680.67 ئورۆ (شه‌شسه‌دو هه‌شتا ئورۆ، شه‌ست و حه‌وت سێنت). داواكارانی گشتی گه‌یشتونه‌ته ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه، به ڕاده‌ی دووه‌م: هه‌موو ئه‌و داوایانه‌ی كه‌سانی زه‌ره‌رمه‌ند (ناوه‌كان نووسراون) داوایان كردووه، پێیان بدرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی تریان (ناوه‌كانیان نووسراون) داواكانیان ڕه‌ت بكرێته‌وه.
داواكارانی گشتی ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند كه ئه‌وان نیازیان وایه له كاتێكی داهاتوودا پرۆسه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگرتنی موڵك‌و ماڵی گومان‌لێكراو ده‌ست پێبكه‌ن، به گوێره‌ی مادده‌ی 36e له یاساكانی تاوان و سزادان.
ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته پاڵ گومان‌لێكراو ئه‌مانه‌ن: لیستی تۆمه‌ته‌كان كه له دانیشتنی ڕۆژی 10 حوزه‌یران 2005 ڕاگه‌یه‌ندراون و زیاتر ڕوونكراونه‌ته‌وه، له‌سه‌ر بناغه‌ی مادده‌ی 314a له كتێبی یاساكانی لێپرسینه‌وه‌ی تاوانكاری . لیستی تۆمه‌ته‌كان له بانگهێشتی دادگایدا ناونراوه به A. داواكاری ئه‌وه كراوه گۆڕانكاری له لیستی تۆمه‌ته‌كان بكرێت، له كاتی دانیشتنی دادگا له 21 تشرینی دووه‌م 2005. فۆتۆكۆپیه‌كه‌ی له‌ناو فایله‌كه‌دا هه‌یه. ڕوونكردنه‌وه‌كان ناونراون به: A1. داواكردنی گۆڕانكاریه‌كان له لیستی تۆمه‌ته‌كان ناونراوه به: A2.
3.1 له كاتی دانیشتنه‌كانی دادگا ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕایانگه‌یاند كه گوایا بانگهێشتی گومان‌لێكراو بۆ دادگا ده‌بێت پوچه‌ڵ بكرێته‌وه، به تایبه‌تی به نسبه‌ت ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه ڕووداوكان ڕوویانداوه هه‌روه‌ك له خاله‌كانی 1 وه 2 دا ناوبراون ، چونكه ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه تیایدا ڕووداوه‌كان ئه‌نجامدراون به‌م شێوه‌یه نووسراوه: “به‌هه‌رحاڵ له یه‌ك كاتدا یان له چه‌ند كاتێكی جیاوازدا، له ساله‌كانی 1986 وه/یان 1987 وه/یان 1988 له عێراق”. ئه‌مه ماوه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده درێژ‌و به‌رفراوانه كه ده‌سته‌ی به‌رگری (پارێزه‌ران) ناتوانن تێیبگه‌ن مه‌به‌ست له‌مه چییه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌وان ناتوانن به‌رگری بكه‌ن له دژی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته پاڵ كه‌سی گومان‌لێكراو. كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پێشێل كردنی ئه‌و مافانه‌ی نووسراون له مادده‌ی 6 بڕگه‌ی 3 به‌شی a له په‌یمانه‌كانی ئه‌وروپا بۆ پارێزگاریكردنی مافی مرۆڤ و ئازادییه بنچینه‌ییه‌كان (EVRM)
دادگا وا ده‌بینێت كه ئه‌و ماوه‌یه‌ی ناوبراوه له دۆسیه‌كه‌دا ئه‌وه‌نده درێژه، كه بۆ كه‌سی گومان‌لێكراو زۆر ئاشكرا نی یه له دژی چی به‌رگری له خۆی بكات. دادگا وا بیر ده‌كاته‌وه كه ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته پاڵ كه‌سی گومان‌لێكراو، له‌و ماوه‌ی ناوبراودا، به تایبه‌تی ڕووداوه‌كانی خاڵی 1 وه 2 ئه‌و هه‌ل و مه‌رجانه‌یان تێدا نییه وه‌ك پێویست، به‌گوێره‌ی مادده‌ی 261 له یاساكانی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش دادگا ئه‌و به‌شه‌ی بانگهێش كردنی دادگایی پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه.
3.2 هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له كاتی دانیشتنه‌كانی دادگا ڕایانگه‌یاند كه گوایا به نسبه‌ت خاڵی 1 ی ڕووداوی سه‌ره‌كی، به هۆی به‌كارهێنانی ووشه‌ی “به‌هه‌رحال هاوكاریكردنی له تاوانه‌كه” زه‌حمه‌ته تێگه‌یشتنی و له ناوه‌رۆكدا ڕێك ناكه‌وێت و ماناكانی دژ به یه‌كترن، چونكه له لایه‌ك له‌وه ده‌چێت ماناكه‌ی ئه‌وه بێت كه گوایا تاوانی سه‌ره‌كی (جینۆساید)، پێكه‌وه‌و به كۆمه‌ل ئه‌نجام درابێت؛ له لایه‌كی تره‌وه مانای ئه‌وه ده‌به‌خشێت: بۆ ڕووداوی 1 ی سه‌ره‌كی هاوكاری كردنی خۆ ئاماده‌كردنی خرابێته پاڵ.
دادگا بڕوای وایه له‌و تۆمه‌ته‌كانی خراونه‌ته پال گومان‌لێكراو سه‌باره‌ت به‌و وشانه: “به‌هه‌رحال هاوكاریكردنی له تاوانه‌كه” هیچ ناڕێكییه‌كی تێدا نییه، چونكه ده‌بێت به‌م شێوه‌یه ببینرێت: واته وه‌ك (التهمه البدیله) بۆ تاوانی سه‌ره‌كی. به كورتی ماناكه‌ی ئه‌مه‌یه: (چه‌ند) جارێك ئه‌نجامدانی تاوانی جینوساید له لایه‌ن سه‌دام حوسه‌ین التكریتی وه/یان علی حسن المجید التكریتی وه/یان حسین كامیل حسن المجید وه/یان كه‌سانێكی تر كه تا ئێستا ئاشكرا نه‌بوون…، واته “پێكه‌وه وه به كۆمه‌ڵ تاوانه‌كان كراون له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی تر”، واته: ئه‌مه‌ش ده‌بێته به‌شی سه‌ره‌كی هاوبه‌شی كردن له تاوانه‌كاندا.
له‌به‌ر ئه‌م هۆیه ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ی ده‌سته‌ی به‌رگری ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه.
4.1 ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له‌كاتی دانیشتنه‌كانی دادگادا ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند، كه گوایا هاوبه‌شی كردن له تاوانی جینوساید و تاوانه‌كانی جه‌نگ دووشتن پێكه‌وه به‌ستراوون و به‌دوای یه‌كدا دێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دادگایه‌ی شاری ده‌نهاخ ده‌سه‌ڵاتی نییه بڕیارده‌ربكات سه‌باره‌ت به تاوانه بنچینه‌ییه‌كه (واته: جینۆساید)، ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌شی نییه بڕیار بدات به سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌دا.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی پارێزه‌ران ده‌یڵێن ڕاست و درووست بێت، ئه‌وا ده‌بێته هۆی په‌سه‌ند نه‌كردنی داواكاریه‌كه‌ی داواكاری گشتی.
هاوبه‌شی كردن له تاوانێكدا، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و تاوانه جینۆساید یان تاوانی جه‌نگیش بێت، به گوێره‌ی یاساكای هۆله‌ندا، تاوانێكی سه‌ربه‌خۆیه و سزا ده‌درێت. بۆ نموونه: كات و شوێنی دیاری كراوی خۆی هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانانه.
ئه‌گه‌ر كه‌سێكی گومان‌لێكراو له سه‌رخاكی هوله‌ندا بژی و هه‌لگری ره‌گه‌زنامه‌ی هوله‌ندی بێت، ده‌توانرێت بۆ ئه‌م ڕووداوانه، واته هاوبه‌شی كردن له‌م تاوانانه‌دا، دادگایی بكرێت له هۆله‌ندا، به گوێره‌ی مادده‌ی 5 له یاساكانی تاوان و سزادان. وه به گوێره‌ی مادده‌ی 2 ی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی , هه‌روه‌ها به گوێره‌ی ده‌سه‌لاتی تایبه‌تی یاساكانی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، نه‌ك ته‌نها دادوه‌ری هوڵه‌ندی به‌لكو دادوه‌ری شاری ده‌نهاخیش ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌ی پێدراوه زانیاری له‌م باره‌یه‌وه هه‌بێت.
له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕایانگه‌یاند به هیچ شێوه‌یه‌ك پشتگیری لێ ناكریت له لایه‌ن یاساكانی نێوده‌وله‌تی یه‌وه. به‌تایبه‌تی به گوێره‌ی تاوانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه كه‌سانێكی زۆر و چه‌ند ڕیكخراوێكی جیاواز به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن. له به‌ر ئه‌مه‌یه هه‌میشه دادگایكردنی ئه‌م حاڵه‌تانه له چه‌ند جێگایه‌كی جیاواز ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه كار نه‌كرێت ئه‌وا چه‌نده‌ها كه‌سی گومان‌لێكراو له سزادان ده‌رباز ده‌بن. ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێت ببێته هۆی ئه‌وه‌ی واز له ئه‌ركه‌كانی سه‌رشان بهێنرێت له باره‌ی سزادانی تاوانه نێو ده‌وله‌تیه‌كان. له‌به‌ر سه‌نگینی ئه‌م تاوانانه ئه‌ركی ئه‌وه‌شمان له سه‌رشانه كه نابێت هیچ جیاوازییه‌ك بكرێت له نێوان شێوه‌كانی به‌شدار بوون له ئه‌نجامدانی تاوانه‌كاندا.
4.2 ده‌سته‌ی پارێزه‌ران بیر‌و بۆچوونیان وایه كه ده‌ڵێن: گوایا له‌م كێشه‌یه‌ی له به‌رده‌ستماندایه داوا له دادگا ده‌كرێت ڕاده‌ی سزادانی حوكمه‌تی ولاتێكی تر هه‌ڵبسه‌نگێنێت، كه گویا عێراق له هه‌موو وڵاتێكی تر ده‌سه‌لاتی زیاتره بۆ دادگا كردنی ئه‌م ڕووداوانه‌ی به‌رده‌ستمان , بۆیه حوكمدان به سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا كارێكی نابه‌جێیه به گوێره‌ی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی.
ئه‌م ناڕه‌زاییه هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت. ولاتی هۆله‌ندا له‌م حاڵه‌ته‌دا حوكمی كه‌سێك نادات كه به گوێره‌ی یاساكانی نێوده‌وله‌تی پارێزراو بێت (حێانه‌ی قانونی هه‌بێت). هه‌رچه‌نده پێویسته له‌سه‌ر دادگا له‌م كێشه‌یه‌ی به‌رده‌ستیدا هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی ئاشكرا بكات سه‌باره‌ت به تاوانه بنچینه‌ییه‌كان (واته: جینوساید)، كه له لایه‌ن ئه‌وكه‌سانه‌وه ئه‌نجام دراون كه له بانگه‌وازی دادگادا ناویان براوه، به‌لام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه دادگا حوكمی ئه‌و كه‌سانه ده‌دات، چونكه ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه نابێته هۆی حوكم دانیان یان سه‌پاندنی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی به سه‌ر ئه‌م كه‌سانه‌دا.
دادگا هه‌لسه‌نگاندنی خۆی ده‌رده‌بڕێت به‌رامبه‌ر ئه‌وكه‌سانه‌ی له بانگه‌وازی دادگادا ناویان براوه وه‌ك ئه‌نجام ده‌ری سه‌ره‌كی جینوساید. دادگا ده‌ڵیت ئه‌م كه‌سانه حاڵی حازر هیچ پله‌یه‌كی فه‌رمیان نه‌ماوه و هیچ (حێانه‌یه‌كی) نێوده‌وله‌تی نایان گرێته‌وه و یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌وه نییه ئه‌م كه‌سانه حوكم بدرێن به‌رامبه‌ر تاوانانه‌ی كردویانه له كاتێكدا ده‌سه‌لاتدار بوونه .
ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی نیه به‌و پرسیاره‌وه , ئایا حوكم دانی ئه‌م كه‌سانه ئێستا كارێكی مه‌حاڵه یان نابه‌جێ یه.
سه‌باره‌ت به‌و خاڵه‌ی گوایا عێراق ولاتێكه له هه‌موو ولاتانی تر زیاتر ده‌سه‌لاتی یاسایی هه‌یه بۆ دادگاكردنی ئه‌م كێشه‌یه، دادگا ده‌ڵێت: به گوێره‌ی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی، چ تاوانه سه‌ره‌كیه‌كان، ( واته جینوساید)، چ هاوبه‌شی كردنی كه‌سی گومان‌لێكراو له‌م تاوانانه‌دا كارێك نین تایبه‌ت بن به ده‌زگایه‌كی یاسایی دیاریكراو.
5.1 كۆن بوونی تاوانه‌كان له ڕووی یاساییه‌وه، دژایه‌تی دیارده‌ی باوه‌ڕپێكردن، دژایه‌تی ناوه‌رۆكی مادده‌ی 55 برگه‌ی 2 ی یاساكانی تاوان و سزا:
له‌كاتی دانیشتنه‌كانی دادگادا ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕایان گه‌یاند: ئه‌م كێشه‌یه‌ی داواكاری گشتی دایمه‌زراندووه له دژی گومان‌لێكراو ده‌بێت په‌سه‌ند نه‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی كه گویا ئه‌و كارانه‌ی گومان‌لێكراو پێی هه‌لساوه كۆن بوون له ڕووی یاساییه‌وه و كاتێكی زۆری به‌سه‌ردا چووه، به‌تایبه‌تیش چونكه ئه‌و كارانه‌ی گومان‌لێكراو پێی هه‌لساوه ته‌نها بریتین له سه‌رپێچی كردنی یاساكانی هێنانه ژووره‌وه و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شتومه‌كی بازرگانی – (مخالفه القوانین الإستیراد و التێدیر).
له ڕۆژی 5 تشرینی یه‌كه‌می 2003 بریاری ئه‌وه دراوه گومان‌لێكراو له‌و باره‌یه‌وه ئازاد بكرێت و دادگایی نه‌كرێت.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ڕه‌تده‌كاته‌وه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
داواكاری گشتی كه‌سێكه كه ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه شێوه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرێت بۆ تاوان خستنه پاڵی گومانلێكراوێك. سه‌رپێچی كردنی یاساكانی ئابووری لێره‌دا له ئارادا نی یه. بۆیه ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته پالڕ كه‌سی گومان‌لێكراو به گونجاو داده‌نرێن و پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه به ڕێك‌وپێك داده‌نرێت.
5.2 پێشێل كردنی پرۆتۆكۆلی شه‌شه‌می یاساكانی ئه‌ورپا بۆ مافی مرۆڤ EVRM
له‌كاتی دانیشتنه‌كانی دادگادا ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕایان گه‌یاند: ئه‌م كێشه‌یه‌ی داواكاری گشتی دایمه‌زراندووه له دژی گومان‌لێكراو ده‌بێت قبوول نه‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دادگایی كردنی كه‌سی گومان‌لێكراو، لێره، وه ئاشكرا كردنی ناو‌و نازناوی چه‌ند كه‌سانێكی تر له كاتی دادگاییكردنه‌كه ده‌بێته هۆی درووست بوونی ترسێكی زۆر بۆ دادگایی كردندنی ئه‌و كه‌سانه‌ی تێیدا ناویان ئاشكرا ده‌بێت و حوكمدانیان به كوشتن، یان دووچاربوونه‌وه‌یان بۆ كوشتن به‌بێ دادگایی كردن. ئه‌مه‌ش پێشێل كردنی پرۆتۆكۆلی شه‌شه‌می یاساكانی ئه‌وروپا یه بۆ مافی مرۆڤ EVRM.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. دادگا ئه‌وه ده‌خاته لاوه تا چ ڕاده‌یه‌ك مافی مرۆڤ پێشێل ده‌كرێت له‌م حاڵه‌ته‌دا. به‌ڵام هه‌ڵسان به دادگاییكردنێكی بێلایه‌نی سه‌ربه‌خۆ نابێت دابنرێت به هۆكاری ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته دادگایی كردنێكی تر ڕووده‌دات و تێیدا مافه‌كانی مرۆڤ پێشێل ده‌كرێت. هیچ بۆچوونێكی تر ڕاست نییه ئه‌وه نه‌بێت كه وڵاتی هۆله‌ندا ئه‌ركی سه‌ربه‌خۆی سه‌رشانی خۆی به‌جێبهێنی له دادگایی كردنی تاوانه نێوده‌وله‌تیه‌كان.
5.3 پێشێل كردنی مادده‌ی 2 وه 3 ی یاساكانی ئه‌وروپا بۆ مافی مرۆڤ EVRM
له دانیشتنه‌كانی دادگادا ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕایان گه‌یاند: گوایا مادده‌ی 2 وه 3 یاساكانی مافی مرۆڤ پێشێل ده‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، به هه رشێوه‌یه‌ك پرۆسه‌ی ئه‌م دادگایی كردنه‌ی ئێره دوایی پێبێت، كه‌سی گومان‌لێكراو ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا، به تایبه‌تی له عێراق یان له ئێران یان له وڵاتێكی تر دادگایی بكرێته‌وه‌و سزا وه‌ربگرێت. دادگا وا له‌م باسه‌ی ده‌سته‌ی پارێزه‌ران تێگه‌یشتوه كه گوایا: ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه وه‌زاره‌تی داواكاری گشتی به‌ده‌ستی هێناوه، یان پاش ئه‌وه‌ی دادگا ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه وه‌ك به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراو داده‌نێت بۆ سزادانی ئه‌م تاوانانه، وڵاتانی تریش ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه له دژی كه‌سی گومان‌لێكراو به‌كار ده‌هێننه‌وه.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه له به‌ر ئه‌م هۆیه: پێشێلكردنی مه‌بده‌ئی: “ne bis in idem” واته: (دووجار نابێت كه‌سێك سزا بدرێت بۆ هه‌مان تاوان)، له كاتێكی داهاتوودا له لایه‌ن وڵاتێكی تر، ڕێگه‌گر نییه بۆ وڵاتی هۆله‌ندا بۆ به دادگادانی گومان‌لێكراو.
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕایانگه‌یاند كه گویا ئه‌م ترسه هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش كه له‌م دادگایی كردنه‌دا وه گومان‌لێكراو دادگایی ناكرێن.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه له به‌ر ئه‌م هۆیه: ئه‌مه كارێك نییه په‌یوه‌ندی هه‌بێت به كه‌سی گومانلێكراوه‌وه. ئه‌مه ناڕه‌زاییه‌تییه‌كه كه ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه‌ی تر له كێشه‌كانی خویاندا ده‌ریببڕن.
5.4 پێشێلكردنی مه‌بده‌ئی: به توانایی یه‌كسان (مادده‌ی 6 بڕگه‌ی 3b له یاساكانی ئه‌وروپا بۆ مافی مرۆڤ EVRM)
ده‌ستیه‌ی پارێزه‌ران ڕایانگه‌یاند گویا مه‌بده‌ئی “به‌توانایی هاووتا ” له‌م كیشه‌ی تاوانه‌دا پێشێل كراوه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی پێشێل كردنی مافی پرۆسه‌ی دادگاییكردنێكی ماف په‌روه‌رانه ، به گوێره‌ی مادده‌ی 6 یاساكانی ئه‌وروپا بۆ مافی مرۆڤ.
به گشتی دادگا به‌م شێوه‌یه ته‌ماشای مه‌بده‌ئی ” به‌توانایی هاووتا” ده‌كات:
هاووتایی له نێوان شكاتكه‌ر و پارێزه‌ر په‌یوه‌ندی هه‌یه به شێوه‌ی پرۆسه‌كه‌وه. بێگومان نابێت پارێزه‌ره‌كان بخرێنه حاڵه‌تێكی ناهاووتای نا مه‌عقوله‌وه ئه‌گه‌ر به‌راوورد بكرێن له‌گه‌ڵ لایه‌نی شكاتكه‌ر. “به‌توانایی هاووتا ” له دادوه‌رێتی تاوانی نێوده‌وڵه‌تیشدا پارێزراوه. سه‌یری كێشه‌یه‌ی “تادیچ” له دادگای نێوده‌وله‌تی یوغوسلاڤیا بكه: (ICTY, Tadic, no. IT-94-1-A) ، بریاری دادگای تێهه‌لچوونه‌وه (محكمه الإستئناف) له 15 ته‌موزی 1999، برگه‌ی 52). هه‌روه‌ك كێشه‌كه‌ی تادیچ له داگای نێوده‌وله‌تی یوغۆسلاڤیا، دادگای ئێمه‌ش دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه پارێزه‌ران دووچاری ته‌نگوچه‌له‌مه ده‌بنه‌وه له‌م كێشه‌ی تاوانه‌دا، چونكه ئه‌وه‌نده چڕ و گه‌وره‌یه له پله‌ی كێشه نێوده‌وله‌تییه‌كان ده‌ژمێردریت. هه‌رچه‌نده ده‌بێت حسابی ئه‌وه بكرێت كه داداگای تاوانی نێوده‌له‌تی شتێكی جیاوازه له دادگای تاوانی هۆله‌ندی. به‌ڵام دادگا هه‌رده‌م ئاماده‌یی خۆی نیشانداوه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانی ده‌سته‌ی پارێزه‌ران به گوێره‌ی توانا. بۆ نموونه: دانانی ژماره‌یه‌كی زیاتر له یه‌ك پارێزه‌ر و ته‌رخانكردنی بڕێ پاره بۆ ده‌سته‌ی پارێزه‌ران بۆ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ڕاوێژی پسپۆران له‌م باره‌یه‌وه.
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له دانیشتنه‌كانی دادگادا ڕایان گه‌یاند كه مه‌بده‌ئی “به توانایی هاووتا” پێشێل كراوه، چونكه ئه‌وان ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه به هه‌مان شێوه‌ی داواكاری گشتی، سه‌رچاوه‌یان ده‌ست بكه‌وێت یان سه‌رچاوه‌كان كۆبكه‌نه‌وه.
داواكاری گشتی هه‌ندێك دۆكیومێنتی هه‌لبژاردووه، كه له رێكخراوی Human Rights Watch وه هه‌ره‌ها له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان وه‌رگیرابوون. ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ده‌ڵێن كه گوایا ئه‌وان نه‌یانتوانیوه كاریگه‌ریان هه‌بێت له هه‌لبژاردنی ئه‌م دۆكیومێنتانه‌و نه‌یان توانیوه بزانن ئایا هیچ دۆكیومێنتێك خراوه‌ته لاوه كه تۆمه‌ته‌كانی گومان‌لێكراو سووكتر بكه‌ن.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه له‌به‌ر ئه‌م هۆیه: دادگا به ڕاده‌یه‌كی ماقوول بۆی ده‌رنه‌كه‌وتوه ئایا ئه‌و دۆكیومێنتانه كاریگه‌ریه‌كیان ده‌بێت له سه‌ر ئه‌و بریاره‌ی كه دادگا ده‌یه‌وێت بیدات.
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له دانیشتنه‌كانی دادگادا ڕایان گه‌یاند كه مه‌بده‌ئی “به توانایی هاووتا” پێشێل كراوه، چونكه خۆیان نه‌یانتوانیوه له ده‌ره‌وه‌ی هۆله‌ندا لێكولینه‌وه بكه‌ن، بۆ نموونه له ولاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌ها: له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م پارێزه‌رانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دانراون بۆ كه‌سی گومان‌لێكراو، توانایه‌كی دارایی وا گه‌وره‌یان نییه خۆیان لێكۆلینه‌وه بكه‌ن له‌سه‌ر ڕاستی ڕووداوه‌كان یان بگه‌ڕێن به‌دوای هه‌ندێك شایه‌ددا كه بتوانن تۆمه‌ته‌كان سووكتر بكه‌ن.
دادگا له‌گه‌ل ئه‌و بۆچوونه‌دا نییه، كه گوایا پارێزه‌ران خۆیان نه‌یانتوانیوه لێكۆلینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بكه‌ن. ئاشكرایه كه ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ده‌توانن خۆیان بچن بۆ وڵاتان. ده‌توانن داواكاری پێشكه‌ش بكه‌ن به دادوه‌ری لێكۆلینه‌وه (حاكم ته‌حقیق) و داواكاری گشتی بۆ دامه‌زراندنی لێكۆلینه‌وه. ده‌سته‌ی پارێزه‌ران خۆیان له توانایاندا هه‌بوو كه‌سانی پسپۆر بخه‌نه كار. له كاتی نه‌بوونی پاره بۆ به‌جێهێنانی ئه‌م كارانه، پارێزه‌ران ده‌یانتوانی داوای هاوكاری دارایی بكه‌ن، به گوێره‌ی یاسای دابینكردنی خه‌رجیه‌كان له كێشه‌ی تاواندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌سته‌ی پارێزه‌ران، وه‌ك پێشه‌كییه‌ك، پاره‌یان دراوه‌تێ به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه‌سانی پسپۆر بخه‌نه كار.
5.5 پێشێل كردنی مافی لێدوان وه‌رگرتن له شایه‌ده‌كان، چ ئه‌و شایه‌دانه‌ی سه‌لمێنه‌رن بۆ ڕووداوه‌كان، چ ئه‌وانه‌ش سه‌لمێنه‌رن بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان (مادده‌ی 6 بڕگه‌ی 3d له یاساكانی ئه‌وروپا بۆ مافی مرۆڤ، EVRM)
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له دانیشتنه‌كانی دادگادا ڕایان گه‌یاند كه گوایا كه‌سی گومان‌لێكراو مافی ئه‌وه‌ی ده‌بێ بدرێتی لێدوان وه‌ربگیرێت له شایه‌ده‌كان، چ ئه‌وانه‌ی سه‌لمێنه‌رن بۆ ڕووداوه‌كان، چ ئه‌وانه‌ش سه‌لمێنه‌رن بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان. ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕایانگه‌یاند گوایا مافی لێدوان وه‌رگرتن به‌وه‌ش پێشێل ده‌كرێت ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌وان هه‌لیان بۆ نه‌ڕه‌خسێت لێدوان وه‌ربگرن له‌و شایه‌دانه‌ی كه سه‌لمێنه‌رن بۆ ڕووداوه‌كان، به‌ڵام لێدوانه‌كانیان پێچه‌وانه‌ی ڕووداوه‌كان ده‌سه‌لمێنن. به‌م شێوه‌یه گوایا ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ڕێگه‌یان لێ گیراوه به‌ڵگه‌نامه كۆبكه‌نه‌وه بۆ سووك كردنی كێشه‌كه، یان بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسانه‌ی پشتگیری ده‌كه‌ن له بیر‌و بۆچوونه‌كانی كه‌سی گومان‌لێكراو، یان ئه‌م بیر‌و بۆچوونانه زیاتر ڕوون ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وان ده‌ڵین كه گوایا مافی دادگایی كردنێكی ڕه‌وا پێشێل كراوه. ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ده‌لێن ئه‌مه ڕووی داوه له كاتێكدا: شایه‌ده‌كان له ژێر ناوی: X و Y و [….]، شایه‌ده‌كانی تر (بریتین له: [….], [….]، كه ئه‌مانه كارمه‌ندی ده‌زگای زانیاری هۆله‌ندی بوون، AIVD). ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ئه‌و تێبینیه‌ش ده‌ده‌ن لێدوانه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستیانه به دوور‌و درێژی له لایه‌ن دادگاوه خوێندراوه‌ته‌وه.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ره‌ت ده‌كاته‌وه له حاڵه‌تی شایه‌ته‌كان به ناوی X و Y ، چونكه لێدوانه‌كانیان به نووسراوی به‌شێكن له دوسیه‌ی ئه‌م كێشه تاوانییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌وڵی زۆر درا بۆ لێدوان وه‌رگرتنی زیاتر لێیان، به‌ڵام ئه‌م كاره جێبه‌جێ نه‌كرا.
به‌نسبه‌ت دانپێنانی شایه‌د [.…]، دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ره‌ت ده‌كاته‌وه، چونكه دادگا دانپێنانه‌كانی ئه‌م شایه‌ته وه‌ك به‌لگه‌نامه هه‌رگیز به‌كارناهێنێت. به‌نسبه‌ت شایه‌ت به‌ناوی Munninghoff، ناڕه‌زاییه‌كه‌كانی پارێزه‌ران ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه چونكه ئه‌م كه‌سه له دانیشتنه‌كانی دادگا وه‌ك شایه‌تێك دانپێنانی لێ وه‌رگیرا.
به‌نسبه‌ت هه‌موو شایه‌ته‌كانی تره‌وه ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه ره‌ت ده‌كرێته‌وه، چونكه یان نه‌توانراوه لێدوانی زیاتریان لێوه‌ربگیرێت یان لێدوانه‌كانیان گرنگیه‌كیان نه‌بووه بۆ كێشه‌كه. خۆێندنه‌وه‌ی لێدوانی شایه‌ده‌كان له دانیشته‌كانی دادگادا له‌به‌ر ئه‌وه بووه، چونكه كارێكی پێویسته ناوه‌رۆكی دۆسیه‌كه به كورتی له دانیشتنه‌كانی دادگادا ئاشكرا بكرێت.
5.6 پێشێل كردنی مه‌بده‌ئی “بێ گوناهی، پێش سه‌لماندنی تاوان”، مادده‌ی 6 برگه‌ی 2 ی EVRM:
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له دانیشتنانه‌كانی دادگادا ڕایانگه‌یاند كه گوایا داواكاری گشتی به‌شێكی نووسراوه‌كه‌ی خۆی بۆ تاوانباركردنی كه‌سی گومان‌لێكراو داوه به ڕۆژنامه‌نووسه‌كان. ئه‌م به‌شه بریتی بووه له پیشاندانێك به ئامێره‌كانی مولتیمیدیا. به‌م كاره‌ش كه‌سی گومان‌لێكراو به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و به ئاشكرا وه‌ك تاوانبار له‌قه‌له‌م دراوه نه‌ك وه‌ك گومان‌لێكراو. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی مه‌بده‌ئی: “بێ گوناهی، پێش سه‌لماندنی تاوانه” .
دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه به‌م شێوه‌یه:
به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاشكرا نییه بۆچی ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی داواكاری گشتی ده‌بێت ببێته هۆی په‌سه‌ند نه‌كردنی شكاته‌كه‌ی له‌لای دادگا. ئه‌م به‌شه‌ی كه به‌م شێوه‌یه نیشاندراوه به‌شێكه له‌و نووسراوه‌یه‌ی داواكاری گشتی بۆ تاوانباركردنی گومان‌لێكراو. داواكار ئازادی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌لگه‌كانی خۆی ، پاش ته‌واو كردنی لێكۆلینه‌وه‌كانی، به شێوه‌یه‌ك پێشكه‌ش به دادگا بكات و بیسه‌لمێنێت كه گومان‌لێكراو هه‌ڵساوه به كردنی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته پاڵی. هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی پارێزه‌رانیش هه‌مان ئامێر‌و كه‌لوپه‌لیان خراوه‌ته به‌ر ده‌ست بۆ پێشكه‌ش كردنی به‌رگری نامه‌كه‌یان .
سه‌ره‌ڕای قه‌ده‌غه‌كردن و ڕیكه‌وتن له سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت وێنه‌و فلیم بگیرێت، وێنه‌ی پشتی سه‌ری گومان‌لێكراو له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌لفزیونیدا بلاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌مه جێی داخه. پاشان دادگا هه‌ڵساوه به وه‌رگرتنی لێپرسینه‌وه به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره دووباره ڕوونه‌داته‌وه.
5.7 پێشێل كردنی مه‌بده‌ئی مامه‌ڵه كردنی یه‌كسانی
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له دانیشتنه‌كانی دادگادا ڕایانگه‌یاند , گوایا داواكاری گشتی له حاڵه‌تی چه‌ند كه‌سێكی گومانلێكراوی تردا , مه‌بده‌ئی یه‌كسانی و مه‌بده‌ئی قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌لسوكه‌وتی به‌ئاره‌زوو و بێ سه‌روشوێنی پێشێل كردوه. هه‌روه‌ها بایه‌خه‌كانی كه‌سی گومانلێكراوی پێشێل كردوه، چونكه كه‌سی گومان‌لێكراو دادگایی ده‌كرێت ، به‌ڵام وازی له […..], [….]َهێناوه. كه‌سێكی تر [….] دوای گرتنی و لێكۆلینه‌وه‌كردن له‌گه‌ڵی ئازاد كراوه، زانراویشه ئه‌و كه‌سه‌ی دوای ئازادكردنی یه‌كسه‌ر وڵات به‌جێ ده‌هێلێت و ئیتر ئاماده نابێت له حاڵه‌تی داواكردنیدا.
دادگا له پێش هه‌موو شتێك‌دا باوه‌ڕی وایه كه ئه‌م بۆچوونانه هیچ بناغه‌یه‌كیان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داواكاری گشتی له دانیشتنی دادگای 21 تشرینی دووه‌می 2005 ڕایگه‌یاند كه ئه‌و شایه‌ده، به ناوی [….]، تاوه‌كو ئێستاش وه‌ك گومان‌لێكراو له قه‌له‌م ده‌درێت. واته له‌م كاته‌دا ڕوون نه‌بۆته‌وه كه [….] نادرێت به دادگا. پێشێل كردنی مه‌بده‌ئی یه‌كسانی له حالی حازردا له ئارادا نییه. ئه‌گه‌ر له حاله‌تێكیشدا مه‌بده‌ئی یه‌كسانی پێشێل كرابێت، دادگا باوه‌ڕی وا نییه ئه‌مه ئه‌بێته هۆی په‌سه‌ند نه‌كردنی شكاته‌كه‌ی داواكاری گشتی، یان كه‌م كردنه‌وه‌ی سزا بو گومان‌لێكراو. بناغه‌ی ناڕه‌زاییه‌كانی ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له‌م حاله‌ته‌دا ده‌خرێته قه‌واره‌ی دادوه‌ری نێوده‌وله‌تی و ئه‌ركه‌كانی سه‌رشان بۆ به دادگاییدانی ئه‌نجامده‌رانی تاوه‌انه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
دادگا ئه‌وه په‌سه‌ند ده‌كات كه داواكاری گشتی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه گومانلێكراوێك بدات به دادگا و یه‌كێكی دیكه واز لێبهێنێت. له پاڵ ئه‌وه‌شدا دادگا ده‌ڵێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی [….], [….]، له سه‌ر خاكی هۆله‌ندا ناژین و ڕه‌گه‌زنامه‌ی هۆله‌ندیان نییه، ناتوانرێت له هۆله‌ندا دادگایی بكرێن. هه‌روه‌ها ئه‌م كه‌سانه له داوای ده‌سته‌ی پارێزه‌ران، سوور بونی ئه‌وان له سه‌ر ئه‌م داوایه، توانرا له كاتی دانیشتنه‌كانی دادگا بهێنرێن و ئیفاده‌یان لێ وه‌ربگیرێت. ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی شایه‌ده‌كان له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه دڵنیا كرابوون له‌وه‌ی پاش ئه‌وه‌ی شایه‌دی ده‌ده‌ن، ئازادن.
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له دانیشتنه‌كانی دادگادا ناره‌زاییان ده‌ربڕی كه گوایا به شیوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه كراوه له‌گه‌ل كه‌سی گومان‌لێكراو ئه‌گه‌ر به‌راوورد بكرێت به كۆمپانیای KBS و كۆمپانیای Melchemie و كۆمپانیاكانی تری ده‌ره‌وه‌ی ولات كه تاوه‌كو ساڵی 1987 مادده سه‌ره‌كیه‌كانیان فرۆشتوه بۆ درووست كردنی گازی خه‌رده‌ل و گازی ده‌مار (گازی ئه‌عساب). ده‌سته‌ی پارێزه‌ران داوای ئه‌وه‌یان كردووه ئه‌م شێوه‌ی مامه‌ڵه‌یه ببێته هۆی قبوول نه‌كردنی شكاتی داواكاری گشتی له‌لایه‌ن دادگاوه، چونكه گوایا ئه‌مه پێشێل كردنی مه‌بده‌ئی یه‌كسانی و مه‌بده‌ئی قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ڵسوكوتی به ئاره‌زووی بێ سه‌رو شوێنه.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه ره‌ت ده‌كاته‌وه، چونكه ئه‌و دوو حاله‌ته‌ی كه ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ناویان بردوون ناتوانرێت به چاوێكی هاووتا ببینرێن له باره‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌وه‌ی كه خراونه‌ته پاڵ گومان‌لێكراو. به نسبه‌ت ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی و ولاتن، وڵاتی هۆله‌ندا ده‌سه‌ڵاتی یاسایی نیه بۆ به دادگادانیان.
5.8 پێشێل كردنی مه‌بده‌ئی “هاوكاری نه‌كردن بۆ تاوانباركردنی خۆیی”
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له دانیشتنه‌كانی دادگادا ناره‌زاییان ده‌ربڕی كه گوایا ده‌سه‌لاتدارانی ده‌وڵه‌ت به پێچه‌وانه‌ی مه‌بده‌ئی “هاوكاری نه‌كردن بۆ تاوانباركردنی خۆیی” هه‌ڵسو كه‌وتیان كردووه. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له مافه‌كانی دادگایی كردنێكی ڕه‌وایانه، له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 6 یاساكانی ئه‌وروپا بۆ مافی مرۆڤ EVRM. گوایا كه‌سانێكی سه‌ر به ده‌زگای زانیاری هۆله‌ندا AIVD په‌یوه‌ندیان كردوه به گومانلێكراوه‌وه و ئامۆژگاری و ڕاوێژی نا ڕاستیان داوه‌تێ و سه‌رلێشێوێنه‌ر بوون، به شێوه‌یه‌ك كه كه‌سی گومانلێكراویان وا لێكردوه خۆی بداته به‌ر ته‌وژمی ئه‌م دادگایی كردنه.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زاییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، چونكه ده‌زگای داواكاری گشتی هیچ شتێكیان ڕا نه‌گه‌یاندووه له باره‌ی دادگایی كردنه‌وه. حالی حازر وته‌كانی گومان‌لێكراو كه له ڕۆژی 6 تشرینی دووه‌می 2003 بلاوكراوه‌ته‌وه وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك به‌كارنه‌هێنراوه بۆ سه‌لماندنی تۆمه‌ته‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێویست ناكات مه‌بده‌ئی “هاوكاری نه‌كردن بۆ تاوانبار كردنی خۆیی” باسی لێوه بكرێت. به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕوون نه‌بۆته‌وه بۆ دادگا كه داواكاری گشتی به شێوه‌یه‌كی هوشیارانه ئه‌م مه‌بده‌ئانه‌ی پێشێل كردبێت، كاتێك ئه‌م مه‌بده‌ئانه مه‌رجن بۆ پرۆسه‌ی دادگایی كردنێكی ره‌وایانه.
5.9 دادگایی كردنی گومان‌لێكراو به پیچه‌وانه‌ی دادپه‌روه‌یه‌كی ڕێك‌و پێكه
ده‌سته‌ی پارێزه‌ران ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی كه گوایا: دادوه‌ری گشتی ئاگاداری ئه‌وه هه‌یه ڕووداو‌و تاوانه‌كانی گومان‌لێكراو وه هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ش كه وه‌ك به‌ر پرسیاری سه‌ره‌كی له قه‌ڵه‌م دراون بۆ تاوانی (جینوساید) له چه‌ند وڵاتێكی جیاواز لێكۆلینه‌وه‌ی تاوانكاری له‌سه‌ر ده‌كرێت. گوایا دادوه‌ری گشتی ئه‌و كاره‌ی پشتگوێ خستووه په‌یوه‌ندی بكات به‌و وڵاتانه‌وه به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی دادگایی كردنی ئه‌م تاوانانه له یه‌ك شوێن كۆ بكرێنه‌وه. پشتگوێ خستنی ئه‌م كاره له‌لایه‌ن داواكاری گشتی سه‌رپیچی كردنی مه‌بده‌ئی دادپه‌روه‌ریه‌كی ڕێك‌و پێكه.
دادگا ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و دادپه‌روه‌ری ڕێك‌و پێك له‌وه‌دا بێت كه گومانلێكراوه سه‌ره‌كیه‌كان و ئه‌وانه‌ی هاوبه‌ش و به‌شداریان كردوون له‌به‌رده‌م هه‌مان دادگا دادگایی بكرێن بۆ تۆمه‌ته‌كانیان، ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه به هه‌مان شێوه ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه، گوایا ئه‌م دادگایی كردنه به پێچه‌وانه‌ی مه‌بده‌ئی دادپه‌روه‌ریه‌كی ڕێك‌و پێكه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه چونكه له هیچ شوێنێكی تری سه‌ر ڕووی ئه‌م زه‌مینه ئه‌م ڕووداوانه‌ی به‌رده‌ستمان نه‌دراون به دادگا وه‌ك تاوانێكی نێوده‌وله‌تی دادگایی نه‌كراون.
7.1 سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌ی ئایا تاوانی كۆمه‌ڵكوژی (جینۆساید) ڕوویداوه یان نا، ته‌نها گرنگ نییه بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا خاڵی 1 ی تۆمه‌ته‌كان، (جینۆساید)، سه‌لمێنراوه به‌سه‌ر گومانلێكراودا یان نا.
سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه گرنگه، ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكیشدا گومان‌لێكراو ئازاد بكرێت له تۆمه‌تی خاڵی 1 (جینۆساید). ئه‌مه گرنگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له حاڵه‌تی سه‌لماندنی جینۆسایددا ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنرێت كه تۆمه‌تی جێگر (التهمه البدیله، لێره‌دا بریتییه له تۆمه‌تی تاوانه‌كانی جه‌نگ) ڕوویانداوه له هه‌لو مه‌رجێكدا كه ناو ده‌برێت به “ڕووداوه‌كان ڕوویانداوه له حاڵه‌تی تیرۆركردنێكی به‌رده‌وام یان مامه‌ڵه‌و هه‌ڵسوكه‌ت كردنێكی دژ به یاسا، له دژی كۆمه‌ڵێكی خه‌ڵكی دیاریكراو”. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی قورس‌تر كردنی تۆمه‌ته‌كانی گومان‌لێكراو.
7.2 به‌گوێره‌ی یاساكانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌كانی جینۆساید و یاساكانی تری نێوده‌وڵه‌تی، دادگاش ده‌ڵێت: پێویسته ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه سه‌باره‌ت به تۆمه‌تی سه‌ره‌كی، جینۆساید، هه‌ر هه‌موویان به‌سه‌ریه‌كه‌وه بسه‌لمێنرێن، پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌و پرسیاره: ئایا كه‌سی گومان‌لێكراو هاوبه‌شی تیا كردوه یان نا. خاڵه‌كان ئه‌مانه‌ن:
خاڵی 1:
دادگا ئه‌وه دیاری ده‌كات: شێوه‌ی مامه‌ڵه كردن، هه‌روه‌ك له لیستی تۆمه‌ته‌كاندا ڕیز كراون، له لایه‌ن “ئه‌نجامده‌رانی سه‌ره‌كی” به‌و كارانه ده‌ژێردرێن كه ناویان براوه له مادده‌ی 1، بڕگه‌ی 1 و 2 له یاساكانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌كانی جینۆساید، واته: كوشتنی ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه وه بریندار كردنی گیانی ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه به‌قورسی.
خاڵی 2:
ته‌نها له‌و حاڵه‌ته‌دا جینۆساید له ئارادایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی ئه‌نجامدراون پێی هه‌لساون وه ئه‌و نیازه‌ی هه‌یان بووه بۆ له‌ناوبردنی هه‌ر هه‌موو یان به‌شێك له‌و گروپه، ئه‌نجامدرابن له دژی گروپێكی پارێزراو. ]پارێزراون به گوێره‌ی په‌یمانه‌كانی جینۆساید[.
ده‌بێ ئه‌و پرسیاره وه‌ڵام بدرێته‌وه: هه‌روه‌ك له لیستی تۆمه‌ته‌كاندا نووسراون، ئایا تا چ ڕاده‌یه‌ك گروپی هاووڵاتیانی كورد (له ناوچه دێهاته‌كان یان له شاری هه‌ڵه‌بجه)، له ژووروی عێراق، داده‌نرێن وه‌ك گروپێكی نه‌ته‌وه‌یی یان وه‌ك گروپێك هاووڵاتیان، له چوارچێوه‌ی ئه‌و پێناسه‌یه‌دا كه كراوه له یاساكانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌كانی جینۆساید وه هه‌روه‌ها خودی په‌یمانه‌كانی جینۆساید خۆیشی.
دادگا وای داده‌نێت كه به شێوه‌یه‌كی یاسایی و به قه‌ناعه‌ته‌وه ئه‌وه نه‌سه‌لمێنراوه كورده‌كان له ژووروی عێراق وه‌ك كۆمه‌لێك هاوونیشتیمانی ده‌بینرێن، هه‌روه‌ك پێناسكراوه له یاساكانی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌كانی جینۆساید.
به نسبه‌ت پێناس كردنیان وه‌كو گروپێكی نه‌ته‌وه‌یی، به گوێره‌ی یاساكانی مامه‌ڵه‌كردن له په‌یمانه‌كانی جینۆساید، دادگا له‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ی وه‌ك ئه‌لته‌رنه‌تیڤ داناوه:
– ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه زمان و كلتورێكی هاوبه‌شیان هه‌یه، یان
– ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه خۆیان به گروپێكی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێن، یان
– كه‌سانێكی تر، كه ئه‌نجامده‌رانی سه‌ره‌كی جینۆسایدیش ده‌گرێته‌وه، گروپه‌كه به گروپێكی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نێن.
(دادگای نێوده‌ڵه‌تی بۆ وڵاتی ڕوه‌ندا (Kayishema, Ruzindana, ICTR، كێشه‌ی ژماره: ICTR-95-1-T، یه‌كه‌مین پله‌ی دادگا، له 21 مایس 1999، په‌ره‌گرافی 98).
دادگا وای داده‌نێت كه به شێوه‌یه‌كی یاسایی و به قه‌ناعه‌ته‌وه سه‌لمێنراوه كه گروپی نه‌ته‌وه‌یی كورد، وه‌ك نه‌ته‌وه، به گوێره‌ی پێناسی په‌یمانه‌كانی جینۆساید، ئه‌و مه‌رجانه‌ی به‌سه‌ردا ده‌چه‌سپێت وه‌ك له سه‌ره‌وه باسكراون. بۆ ده‌ركردنی ئه‌م بریاره، دادگا ئه‌م به‌لگانه‌ی خواره‌وه‌ی به‌كارهێناوه:
خاڵی 3:
ئه‌وه‌ی جینۆساید جیائه‌كاته‌وه ئه‌و نیازه تایبه‌ته‌ییه كه له ئارادایه بۆ قه‌لاچۆ كردنی گروپێك به ته‌واوی یان به‌شێكی گروپه‌كه. به‌بێ هه‌بوونی به‌لگه‌یه‌كی راسته‌وخۆش، بۆ نموونه: دانپیانانه‌كانی (ئیعترافاتی) كه‌سێك له‌م باره‌یه‌وه، ده‌توانرێت ئه‌م نیازه تایبه‌ته ده‌ست نیشان بكرێت كه ئه‌نجامده‌رانی سه‌ره‌كی هه‌یانبووه، به هۆی چه‌ند حاڵه‌تێكه‌وه، وه‌ك له خواره‌وه هاتووه:
به گوێره‌ی بڕیاره‌كانی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ڕۆلێكی گرنگیان هه‌یه له دیاری كردنی به نیازبوونی ئه‌نجامدانی جینۆساید:
– ئه‌و چوارچێوه گشتیه كه ڕووداوه‌كانی تێدا ئه‌نجامدراوه؛
– ئه‌و بارودۆخه‌ی كه گروپه پارێزراوه‌كانی ]پارێزراون، به گوێره‌ی په‌یمانه‌كانی جینۆساید[ به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام تیایدا بونه‌ته قوربانی، به‌هۆی هه‌لسوكه‌وتی دژ به یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا؛
– قه‌باره‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی كه ئه‌نجامدراون؛
– به به‌رده‌وامی لێدانی ئه‌و قوربانیانه، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌ندامی گروپێكی دیاریكراون؛
– دووباره بوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی قه‌لاچۆكردن و جیاوازی كردنی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌رامبه‌ر ئه‌وان؛
– ژماره‌ی قوربانیه‌كان؛
– ئه‌و شێوه‌یه‌ی تاوانه‌كانی تێدا ئه‌نجامدراوه؛
– ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئه‌نجامده‌ارن تێیدا چالاك بوون؛
– بێ‌گومانی له‌وه‌ی ئه‌نجامده‌ران به ده‌ستی ئه‌نقه‌ست قوربانیه‌كیان قه‌لاچۆ كردوه؛
– ڕاده‌ی دڵته‌زێنی ئه‌و كارانه‌ی جینۆسایدی پێ ئه‌نجامدراوه؛
– ژماره‌ی جاره‌كانی دوباره كردنه‌وه‌ی ئه‌و كارانه‌ی جینۆسایدی پێ ئه‌نجامدراوه، له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراودا؛
– ئه‌و چوارچێوه سیاسییه گشتییه‌ی كه تێیدا ئه‌م تاوانانه ئه‌نجامدراون؛
– ئه‌نجامده‌ران ڕاگه‌یاندنیان ئاشكرا كردوه له باره‌ی وه‌زعو حاڵه‌تو یان چاره‌نووسی
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.