ئازار 17, 2015 Omer تاوانی جه‌نگ, توێژینه‌وه لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دادگایی فرانس ڤان ئانرات و ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
فرانس ڤان ئه‌نرات دادگایی فرانس ڤان ئانرات و ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و خه‌مساردی به‌رپرسانی كورد، وه‌ڵامێك بۆ ڕێزدار خاتوو ڤینۆس فایه‌ق
anfalistan – سلێمانى:به‌ڕێز خاتوو ڤینۆس فایه‌ق له دوو ژماره‌ی 38 و 39 ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌دا له بابه‌تێكدا به ناوی ” سه‌باره‌ت به سه‌ردانی تیمی لێكۆڵینه‌وه هۆڵه‌ندیه‌كه بۆ كوردستان,” له ده‌رگای بابه‌تێكی به به‌هاو گرنگی پڕ بایه‌خی داوه, مخابن ئه‌و بابه‌ته له ناو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی داماوی كورد ئاسای دیكه‌دا بنووسرابایا، دنیایه‌ك هه‌ڵای ده‌نایه‌وه، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی ده‌هێنایه قسه و هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌بوایا وازیان له سیاست بهێنایا و توخنی ده‌سه‌ڵات نه‌كه‌وتنایه‌ته‌وه، وه‌لێ له وڵاتی نه‌خوێنده‌واری و بێده‌ربه‌ستی وه‌ك كوردستاندا، بابه‌تێكی ئاوا به بێده‌نگی تێده‌په‌ڕێت و به‌هه‌ند ناگیرێت و لایه‌نه په‌یوه‌ند داره‌كانیش هه‌ر نایخوێننه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌مه له كوردستاندا بۆته دیارده‌ی باو.
تاكو ئێستا زۆر له‌سه‌ر دادگاییكردنی فرانس ڤان ئانرات نووسرا، به‌شێكی زۆری زانیاری ڕاست و به‌شێكی دی ئه‌گه‌ر به هۆڵه‌ندی بنووسرانایه، ئه‌وا خاوه‌نده‌كانیان تووشی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بوون، ته‌نانه‌ت خاوه‌ندارییه‌تی وا له‌و دادگاییه كراوه، داواكاری گشتی دادگاكه به‌ڕێز فره‌ید ته‌یفن كه فه‌زڵی گه‌وره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه بۆ ئه‌و ده‌گه‌رێته‌وه، جورئه‌تی ئه‌وه ناكات ئه‌و نازناوانه له خۆی بنێت و ئه‌و پاشناوانه هه‌ڵبگرێت، دوور له ئاگاداری هۆڵه‌ندیه‌كان و بێ ئاگاداربوونی ئه‌وان به زمانی كوردی زۆر شت وترا و نووسرا، مخابن زیاده‌ڕۆیی هه‌مووكات له كۆتایدا زیانلێكه‌وتووی یه‌كه‌م هه‌ر خاوه‌نده‌كه‌ی ده‌بێت،چونكه تیمه‌كانی توێژینه‌وه له داهاتوودا كاری خۆیان ئه‌نجامده‌ده‌ن و په‌یامه ڕاستییه‌كه‌ی خۆیان هه‌ر ده‌گه‌یه‌ننه گه‌ل، مخابن ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له هۆڵه‌ندا ده‌بوایا وردبین بونایا له‌م بواره و بیلایه‌نانه كاری جدییان بكردبایا له گه‌یاندنی زانیارییه‌كان له‌سه‌ر خودی ئه‌و كه‌یسه گه‌وره‌یه به خوێنه‌ری كورد.
خاتوو ڤینۆس فایه‌ق له نزیكه‌وه ئاگاداری دۆسییه‌كه‌یه، به تایبه‌تیش خولی پێداچونه‌وه‌ی بڕیاره‌كه، بۆیه نوسینه‌كه‌ی به‌هه‌ند ده‌گرم، له هه‌ندێك بڕگه‌ی نووسینه‌كه‌یدا پشتگیری لێ ده‌كه‌م، له پشكێكی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا ئیزافه‌ی ده‌خه‌مه سه‌ر و ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌كه‌م، له هه‌ندێك كاتیش‌دا به ته‌واوی لێی جیاده‌بمه‌وه.
خاتوو ڤینۆس ده‌نوسێت ” دادگاییكردنه‌كه‌ی فرانس فان ئانرات له گه‌وره‌ترین دادگای ئه‌ورووپی له هۆڵه‌ندا ده‌رگایه‌كی گه‌لێ گه‌وره و فراوانی له‌به‌رده‌م ناساندنی دۆزی تاوانه‌كانی ئه‌نفال وه‌كوو تاوانی جینۆساید و تاوانی جه‌نگ كه دژ به میلله‌تی كورد ئه‌نجامدراوه.. هه‌رچه‌نده فرانس فان ئانرات (بازرگانی هۆڵه‌ندی كه به‌ر له هێرشه‌كانی ئه‌نفاله‌كان و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌ستی تاوانی له‌گه‌ڵ دیكتاتۆری به‌غدا سه‌ددام حوسێن تێكه‌ڵكردبوو به فرۆشتنی بڕی زۆر گه‌وره له مادده‌ی تی دی جی كه راسته‌وخۆ ده‌چێته دروستكردنی گازی خه‌رده‌ل و گازی كیمیایی و سه‌ددام زۆربه‌ی زۆری ناوچه كوردیه‌كان به‌تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ی پێ بۆردومان كرد) هه‌رچه‌نده له كۆتایی دادگاییه‌كه‌یدا به تاوانی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانی جینۆساید سزا نه‌درا ، به‌ڵام دادگا هۆڵه‌ندیه‌كه دانی به‌وه‌دا نا كه تاوانه‌كانی ئه‌نفال و هێرشه‌كانی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه و ناوچه كوردیه‌كانی تری عێراق و ئێران به پێی یاسا به تاوانی جینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانه‌كانی كۆكوژی ناوبرا..”.
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بزانین دادگای شاری ده‌نهاخ، گه‌وره‌ترین دادگای ئه‌وروپی نییه، به‌ڵكه دادگایه‌كی جێگه‌ی متمانه‌یه له وڵاتێكدا بۆ خۆی به‌شێكه له یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌گه‌ر ئه‌و دادگایه دادگای شارێكی لاپه‌ڕی بچوكترین وڵاتی یه‌كێتی ئه‌وروپیش بوایه، له ڕوی سیاسی و یاساییه‌وه بڕیاره‌كه هه‌مان كێشی یاسایی و كاردانه‌وه‌ی سیاسی ده‌بوو، له كۆتاییدا بڕیاره‌كانی ده‌بێته بڕیاری سه‌رجه‌م وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم تاوانی هه‌ڵه‌بجه به‌هۆی پشكداری ئێران له شه‌ڕه‌كه، وه بوونی هه‌ڵه‌بجه له‌و له‌حزه‌یه به‌به‌شێك له به‌ره‌ی شه‌ڕی ئێران- عێراق، له‌و دادگاییه به تاوانی ژینۆساید نه‌هاته ناسین، ته‌نانه‌ت له خولی یه‌كه‌می دادگاكه‌شدا، به‌ڵكه كاردانه‌وه‌ی ڕژێم له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه، گرتن و ئه‌نفالكردن و ناردنیان بۆ ئۆردوگاكان، به به‌شێك له كرده‌ی ژینۆساید هاته ناسین، بۆیه خودی كیمیابارانه‌كه چه‌نده تاوانێكی مه‌زن و ناسراوه له ئاستی جیهانی به بۆچوونی ئه‌وان تاوانی ژینۆساید نه‌بووه، به‌ڵكه ڕه‌گه‌زه‌كانی ژینۆساید له مامه‌ڵه‌ی ڕژێم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی له گرتن و زیندانیكردن و ناردنیان بۆ ئۆردوگا زۆره‌ملێكان ده‌رده‌كه‌ون و ئاماژه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی تاوانی ژینۆساید.
هۆڵه‌ندییه‌كان له پێناو سه‌ركه‌وتنی دادوه‌ری و ڕاستی هه‌موو هه‌وڵێكیان خسته كار بۆ سه‌رخستنی ئه‌و دۆسیه‌یه، ده‌یان ملیۆن ئیرۆیان خه‌رجكرد، ڕه‌نجێكی زۆریان دا، سه‌ردانی وڵاتانیان كرد له مه‌شره‌قه‌وه بۆ غه‌رب، تاناكایان له ژاپۆن دۆزییه‌وه، فینك له سویسرا، شۆڕش حاجی له به‌ریتانیا، سه‌لام ئیبراهیم له دانمارك،پۆڵا له سوید، هه‌موشی له پێناو سه‌ركه‌وتنی دادپه‌روه‌ری له وڵاته‌كه‌یان…..، ئه‌وان ئه‌وه‌یان له‌به‌ر خاتری چاوی كورد نه‌كرد، ئه‌كوا هاووڵاتییه‌كی هۆڵه‌ندییه به هه‌مان شێوه له لیبریا تاوانبار بوو دادگاییكرد، هه‌رچه‌نده هۆڵه‌ندییه‌كان شانازی به‌خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن كه له كاروباری بازرگانی زرنگن، وه‌لێ نه‌ك له‌سه‌ر خوێنی گه‌لان.
له ڕاستیدا ِره‌گه‌زه‌كانی ژینۆساید له ئه‌نفال و به‌عربكردن و ڕاگواستن و خاپوور كردنی لادێكان و كۆكردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له ئۆردوگا زۆره‌ملێكاندا ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌لێ له هه‌ڵه‌بجه‌دا ڕه‌گه‌زه‌كانی تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت، به هه‌موو پێوه‌رێك ئیلیمه‌نتی ژینۆساید له ئه‌نفالدا هه‌یه، دادگا ته‌نها كاری ئه‌وه‌یه ڕه‌گه‌زه‌كان ده‌كاته به‌رگێكی یاسایی و شه‌رعییه‌تی پێده‌به‌خشێت له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه له دادگایه‌كی شارێكی لاچه‌پی ئه‌وروپیشه‌وه ده‌ربچێت، گه‌وره‌یی بڕیاره‌كه له گه‌وره‌یی یه‌كێتی ئه‌وروپا و دادپه‌روه‌ری دادوه‌رییه‌وه‌یه له‌و وڵاته.
گۆڕی به كۆمه‌ڵ، ڕاپۆرتی دادپزیشكی، ده‌رهێنانی ژن و منداڵی كوژراو له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان، منداڵی مه‌مك له ده‌م و یاری به‌ده‌ست، پیرێژنی په‌ككه‌وته‌ی گوله به‌سه‌ره‌وه نراو، شاره‌زایانی ناسراو جێ متمانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، كه ئه‌و گۆڕانه‌یان هه‌ڵداوه‌ته‌وه، باشترین به‌ڵگه‌ی زیندوون بۆ ئه‌نجامدانی ژینۆساید له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا، به‌شێك له‌مانه خرانه به‌رده‌ست دادگا له خولی پێداچوونه‌وه، به‌داخه‌وه دره‌نگ بوو بۆ گه‌یشتنی ئه‌و دۆكۆمێنتانه. ڕه‌گه‌زه‌كانی تاوانی ژینۆساید بونیان له ئه‌نفالدا هه‌یه، ئه‌گه‌ر له لایه‌ن دادگای شاری لاهایه‌وه به‌رگی یاسایی به‌به‌ردا بكرابایا, ئه‌وه گرنگی خۆی ده‌بوو بۆ ناساندنی تاوانه‌كه به ژینۆساید له ئاستی جیهانی، چونكه هه‌مان بڕیار له ئاستی هه‌ر 25 وڵاته‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا فه‌رمیه‌تی په‌یدا ده‌كرد.
تاوانی سربرینیتشا له بۆسنیا كه له ساڵی 1995 ئه‌نجامدرا له لایه‌ن سربه‌كانی بۆسنییه‌وه به جینۆساید ناسێنرا ” كه تیایدا 8 موسڵمان به كۆمه‌ڵ گوله‌بارانكران، كه مه‌زنترین تاوان بوو له دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه له ئه‌وروپا، تیایدا سربه‌كان په‌لاماری پوازی موسڵمان نشینی سربرینیتشایان دا, به كۆمه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌یان گوله بارانكرد،دواتر ته‌رمه‌كانیان گواسته‌وه بۆ جێگه‌یه‌كی دیكه بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌یان بشارنه‌وه “، وه‌لێ شه‌ڕه‌كانی دیكه له هه‌مان وڵات به كرده‌ی جینۆساید نه‌هاته ناسین له لایه‌ن هه‌مان دادگاوه، بۆیه ناكرێت ئێمه ناوی هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیانه‌ی به‌سه‌رماندا هاتووه، به ناوی ژینۆساید ڕیزبه‌ندی بكه‌ین، زیان لێكه‌وتووی یه‌كه‌م له‌م پۆلێنكردنه هه‌ڵه‌یه، هه‌ر ژینۆسایده ڕاسته‌قینه‌كه ده‌بێت كه هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی له ئه‌نفالدا به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت، ژینۆسایدێكی دانپێنراومان هه‌بێت باشتره له هه‌زاری دان پێنه‌نراو.
قڕكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یان به‌شێك له نه‌ته‌وه‌یه‌ك كرده‌ی ژینۆسایده، قه‌ده‌غه‌كردنی خواردن، یان ته‌رحیلكردن، كوشتنی به كۆمه‌ڵ هه‌موو ده‌چنه خانه‌ی ژینۆسایده‌وه، له پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا به‌شێكی گرنگ له كورد ” كه 5% ی كۆی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی (له منه‌وه‌یه ڕێژه‌كه) ” له ناو دراوه، نزیك به‌ته‌واوی لادێكانی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌ختكراوه، ئه‌مه ئه‌و وتانه بوو له ناو دادگا وترانه‌وه.
چۆن هه‌ڵه‌بجه كرده‌ی ژینۆساید نییه له دۆسیه‌كه، به‌هۆی ئاماده‌یی ئێرانه‌وه له له‌حزه‌ی كیمیاباران كردنه‌كه‌دا، به‌هه‌مان شێوه كاره‌ساتی زێوه‌ش كه تیایدا باره‌گای كۆمۆنیسته‌كانی عێراق كیمیاباران كرا, كرده‌ی ژینۆساید نییه به پێی بۆچوونی هه‌مان دادگا، هه‌رچه‌نده زۆرترین ژماره شایه‌دی خۆیاندا له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه، وه‌لێ له بیرمان نه‌چێت له كاتی جه‌نگ نابێت چه‌كی كیمیاوی بكار بهێنرێت به‌پێی بڕیاره‌كانی ڕێكخراوی ئۆ پی سی ده‌بلیو، بۆیه به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی بۆخۆی تاوانی جه‌نگه.
یاسای ژینۆساید بۆ پاراستنی كه‌مینه‌كانه له كرده‌ی ژینۆساید، هه‌ر بۆیه ناسینی ئه‌و تاوانانه به ژینۆساید، گرنگی سیاسی و یاسایی مه‌زنی هه‌یه بۆ پاراستنی كورد له هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركه‌ران له داهاتوودا.
دادگا ده‌ریخست، ئه‌گه‌ر لایه‌نێك پێشتر زانیاری هه‌بووبێت كه ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی ناردویه‌تی بۆ عێراق، بۆ ژینۆسایدی كورد به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌وا به‌شداره له‌و تاوانه. هه‌ر كه‌س ماده یان زانیاری بداته ده‌وڵه‌تێك، كه زانیبێتی بۆ سه‌ركووتی كورد به‌كارده‌هێنرێت ئه‌و ماده‌یه، یاخود ئه‌و زانیارییه، ئه‌وه به‌شداره له كرده‌ی جینۆسایده‌كه. بۆیه تاوانبار تاوانباره، ئه‌گه‌ر بزانێت هاوكارییه‌كه‌ی ده‌بێته‌هۆی ئه‌نجامدانی كرده‌ی جینۆساید، مرۆڤ ئه‌گه‌ر بزانێت كارێك ده‌كات ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بێته هۆی جینۆساید، ئه‌وه ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات بۆ خۆی دژ به یاسایه. لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت لیستی تاوانباران له به‌شداربووانی ژینۆسایدكردن و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورد لیستێكی دوورودرێژه له ناوی وڵاتان، كۆمپانیا، ڕێكخراو، كه‌سایه‌تی…، ئێستا چۆن بتوانین ئه‌و لایه‌ن و ده‌وڵه‌ت و كۆمپانیایانه له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ده‌ستنیشان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌نگاوی دوه‌مدا بچینه ناو شه‌ڕی یاساییه‌وه، ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی مه‌زنی درێژخایه‌نه، به‌بێ بوونی ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌و پشكنینی شاره‌زایگه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ند و دڵسۆز و جدی له كاركردن، هه‌وڵه‌كانی به ئاكام ناگات، له هه‌موو پرۆسه‌یه‌كدا هۆڵه‌ندایه‌ك بۆ كورد له ئاسمانه‌وه نابارێت، ئانراتت بۆ دادگاییبكات و زیاتر له 40 ملیۆن ئیرۆ له دادگایه‌كه خه‌رجبكات.
له پرۆسه‌ی دادگایی فرانس ڤان ئانرات ده‌ركه‌وت، له لایه‌ن دادگای هۆڵه‌ندییه‌وه، پێش ساڵی 1985 زانیاری پێویست له به‌رده‌ستا نه‌بوو له‌سه‌ر سه‌ركووتكردنی كورد به هۆی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌وه، دیاره ئێمه سیدییه‌كی تاوانی قڕكردنی بارزانیه‌كانمان دابوو به دادگا، وه‌لێ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه ئه‌وه به‌س نییه، پێویست بوو له دۆسییه‌كی گه‌وره تاوانه‌كه به به‌ڵگه‌نامه‌وه پێشكه‌ش بكرێت له لایه‌ن ده‌زگایه‌كی جێ متمانه‌ی جیهانییه‌وه، هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی بارزانییه‌كان به بێ ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی پشكنینی نێونه‌ته‌وه‌یی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌و شانسه‌ی له‌م دۆسیه‌یه سه‌نده‌وه، ئه‌مه‌ش خه‌مساردی ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌رده‌خات له هه‌مبه‌ر ئه‌و تاوانانه، چۆن پاش 24 ساڵ له ئه‌نجامدانی تاوانێك هێشتا نه‌توانراوه دۆسییه‌یه‌ك له‌و تاوانه كه كه‌متر نییه له تاوانی سربرینیتشا پێشكه‌ش به ده‌زگا نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان بكرێت، له كاتێكدا ئه‌و ده‌زگاو ناوه‌ندانه هه‌موو سۆزیان هه‌یه له‌گه‌ڵ دۆزه‌كه.
عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید و دۆزی ئانرات
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا خاتوو ڤینۆس فایه‌ق ده‌نووسێت : ” ئه‌وه بۆخۆی هه‌لێكی مێژوویی گه‌وره‌بوو به‌تایبه‌ت هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ داودانشتنه‌كانی ئه‌و دۆزه له هۆڵه‌ندا ، دانیشتنه‌كانی دادگاییكردنی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید (عه‌لی كیمیایی) له دادگای باڵای تاوانی عێراقی به‌ڕوه ده‌چوو.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم له‌لایه‌ن هۆڵه‌ندیه‌كانه‌وه زۆر هه‌وڵدرا بۆ په‌یوه‌ندیكردن به دادگا عێراقیه‌كه‌وه و گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری و شاهیده‌كان ، به‌تایبه‌ت به‌نیازی په‌لكێشكردنی عه‌لی كیمیایی بۆ به‌رده‌م دادگا هۆڵه‌ندیه‌كه.. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و شته رووینه‌دا ، كه ده‌كرا دۆزی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و به‌جیهانی ناساندنی ئه‌و تاوانانه وه‌كوو تاوانی جینۆساید به جیهانی ده‌روه بناسێنێت و سه‌دایه‌كی نێوه‌نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وته‌وه ، كه بۆ داهاتوو میلله‌تی كورد وه‌كوو میلله‌تێكی زوڵم لێكراو سوودی لێده‌بینی و، هه‌روه‌ها ئه‌توانرا به‌پێی یاساكانی مافی مرۆڤ و یاسا و رێكه‌وتننامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌و بواره‌ددا بكرێته بنه‌ما بۆ ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی كورد و دروستبوونی كیانێكی سیاسی سه‌ربه‌خۆ ، به‌پێی ئه‌وه‌ی هه‌ر میلله‌تێك له دونیادا له‌سه‌ر ده‌ستی میلله‌تێكی تر دووچاری له‌ناوبردنی مه‌نهه‌جی و نه‌خشه‌بۆكێشراو بكرێت كه پێی ده‌وترێیت جینۆساید ، بۆی هه‌یه داوای جیابوونه‌وه بكات له ترسی ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه “.
ئه‌و نامه‌یه‌ی كه هۆڵه‌ندییه‌كان ناردیان بۆ دادگای باڵای تاوانه‌كان كۆپیه‌كی لای من وه‌ك دۆكۆمێنت پارێزراوه، دواتر ئیمه‌یلم كرد بۆ دادگای باڵای تاوانه‌كان، وه‌لێ داوایان كرد نه‌گاته ده‌ست ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، بۆیه ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره ئاماژه‌ی پێده‌ده‌م، خاتوو ڤینۆس و كاك عه‌لی ڕه‌حیمی ئاگاداری به‌شێك له‌و په‌یوه‌ندیانه هه‌ن كه كرا به دادگای باڵای عێراقییه‌وه له‌و ڕاستایه، له ڕاستیدا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كان و عێراقه‌وه ڕازی بوون تیمه‌كانی پشكنینی هۆڵه‌ندی سه‌ردانی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید بكه‌ن له زیندان و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بده‌ن، وه‌لێ ئه‌وه دادگای هۆڵه‌ندی بوو ڕه‌تیكرده‌وه تیمه‌كانی پشكنینی خۆی بنێرێت بۆ به‌غدا، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وتن پۆلیسێكی لێكۆڵینه‌وه پرسیاره‌كان ببات بۆ به‌غدا، كه‌سی دی نه‌چێت، وه‌لێ دوایی دادگا له‌وه‌ش په‌شیمان بوه‌وه، به‌ڵام بۆ په‌لكێشكردنی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید بۆ هۆڵه‌ندا ئه‌وه ئاواتی ئه‌ویش بوو بۆ ڕزگاركردنی ملی له‌و قه‌ناره‌یه‌ی بۆی ئاماده‌كراوه، وه‌لێ له ڕوی یاساییه‌وه پێی ناچێت ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره شیاوی جێبه‌جێبوون بوبێت، بێشك بكرابایا هه‌نگاوێكی گه‌وره بوو بۆ ناساندنی دۆزی ژینۆسایدی كورد له ئاستی جیهانی. هه‌روه‌سا ئه‌گه‌ر بهاتبایه بڕیاری دادگا له‌سه‌ر دۆزی ئه‌نفال له به‌غدا پێش بڕیاری دادگای شاری لاهای هۆڵه‌ندی بكه‌وتبایه، ئه‌وا كاردانه‌وه‌ی ئه‌رێی ده‌بوو له‌سه‌ر خودی بڕیاری دادگای ئانرات، له‌سه‌ر ناسینی تاوانی ئه‌نفال به ژینۆساید، به‌هه‌ر حاڵ ئۆباڵی ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و كاره ته‌نها له ئه‌ستۆی دادگای شاری ده‌نهاخ بوو.
گرتنی ئانرات و سكاڵا تۆماركردن له‌سه‌ری
خاتوو ڤینۆس له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا ده‌نووسێت ” دوای ئه‌وه‌ی فرانس فان ئانرات پێشتر له‌لایه‌ن پۆلیسی هۆَڵه‌ندیه‌وه ده‌سگیر ده‌كرێ ، ساڵی 2004 حیزبی سۆسیالیست و كۆمه‌ڵێك له قوربانیه‌كانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه كه له هۆڵه‌ندان ، له‌گه‌ڵ پارێزه‌ری قوربانیه‌كان شكایه‌تنامه‌یه‌ك ده‌ده‌نه پۆلیسی هۆڵه‌ندی له دژی فرانس فان ئانرات و تاوانباری ده‌كه‌ن به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی جینۆساید و فرۆشتنی بڕی زۆر گه‌وره له مادده‌ی TDG كه راسته‌وخۆ ده‌چێته دروستكردنی چه‌كی كیمیایی وه‌كو گازی خه‌رده‌ل و ئه‌عساب.. “.
لێره‌دا خاتوو ڤینۆس ناوی ناوه‌ندی چاكی له بیر ده‌چێت، ده‌توانێت له‌و سكاڵاكه‌رانه بپرسێت چۆن هاتنه ناو پرۆسه‌كه‌وه و له ڕێگه‌ی كێوه په‌یوه‌ندییان پێوه كرا، نه ئه‌و كه‌سانه نه‌ناسراون تاو نه‌دۆزرێنه‌وه، نه مێژووه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده دووره بیركردنه‌وه غه‌درمان لێبكات و له یاد كرابێت.
له به‌رواری 18-9-2003، ناوه‌ندی چاك و پارتی سۆسیالست و فیدكۆم و خه‌باتكارێكی هۆڵه‌ندی به‌ناوی مارتین كۆمیته‌یه‌كیان پێك هێنا بۆ به دادگایی گه‌یاندنی فرانس ڤان ئانرات، ئه‌و هه‌وڵه‌ش دوای بڵاو بونه‌وه‌ی ناوی ئانرات له ڕاگه‌یاندنه‌كان هات، پاش ئه‌وه‌ی خاتوو كریستای په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر لیستی سۆسیالست له په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندی قسه‌ی له‌سه‌ر تاوابار كردبوو.
وه‌لێ كاتێك ته‌له‌فزیۆنی نێت ڤێرك له به‌رواری 4-12-2003 چاوپێكه‌وتنێك گرنگ و مێژویی له‌گه‌ڵ فرانس ڤان ئانرات ئه‌نجامدا، ئه‌وسا وزاره‌تی داد به تایبه‌تیش داواكاری گشتی به‌ڕێز فره‌ید ته‌یفن دۆسییه له‌سه‌ر ئانرات ده‌كاته‌وه ” به‌رنامه‌ی نێت ڤێرك بووه هۆی لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئانرات، داواكاری گشتی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كرده سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆی ” دوای ئه‌و چاوپێكه‌وتنه دادگاییمان دانا بۆ ئانرات ” ئه‌مه له دادگا وترایه‌وه، به هه‌مان شێوه‌ش داواكاری گشتی فره‌ید ته‌یفن له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌نده هه‌مان شتی پێشتر ڕاگه‌یاندبوو، خاتوو ڤینۆسیش بۆ خۆی گوێبیستی ئه‌مه بووه له ناو دادگا.
“، وه‌لێ كاتێك ئانرات پاش ئه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی كۆنترۆڵ ده‌كرێت له لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری هۆڵه‌ندییه‌وه، كه‌ده‌یه‌وێت وڵات به‌جێبهێلێت بۆ به‌ڵقان و له دادپه‌روه‌ری هه‌ڵبێت، ئه‌وا له به‌رواری 6-12-2004 پۆلیسی هۆڵه‌ندی ده‌یگرن، واتا گرتنه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به هه‌وڵی هه‌ڵاتنی خۆیه‌وه هه‌بووه نه‌ك سكاڵا تۆماركردن له‌سه‌ری، هه‌رچه‌نده دۆسییه‌ی له‌سه‌ر كرابوه‌وه، له‌و چاوپێكه‌وتنه زۆر دان پێنانی گرنگی تێدا بوو، وه‌لێ هۆی گرتنه‌كه‌ی له‌و له‌حزه‌یه به‌هۆی هه‌وڵی هه‌ڵاتنیه‌وه بوو له ده‌ست دادپه‌روه‌ری، چونكه ده‌یانزانی ئه‌و 14 ساڵ له دادپه‌روه‌ری خۆی شارده‌وه كاتێك له ئیتاڵیا هه‌ڵات، ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵبهاتایه ئه‌وا دۆزینه‌وه‌ی ئه‌سته‌م بوو.
وه‌ك یه‌كێك له‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌ی ناوه‌ندی چاك، كه چالاكانه پشكداریم كرد له هه‌وڵه‌كانی دۆزی فرانس ڤان ئانرات له چركه ساته‌كانی یه‌كه‌مه‌وه تاكو كۆتایی، له دوولاوه ڕه‌خنه‌م هه‌یه له خاوه‌ندارییه‌تی له‌و دۆزه، له لایه‌كه‌وه وا نیشان بدرێت ئه‌و دادگا گه‌وره‌یه چاك پێیهه‌ڵسابێت و ئانراتی به‌گرتن دابێت، له‌وانه‌یه منیش له له‌حزه‌یه‌كدا وا بیرم كردبێته‌وه، وه‌لێ كه گه‌یشتم به ڕاستی بیركردنه‌وه‌م گۆڕا، ئه‌م بۆچوونه له كۆتایدا به زیان ته‌واو ده‌بێت بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر بتوانین له ڕاگه‌یاندنی هۆڵه‌ندیدا ڕاشكاوانه بڵێین ئێمه ئانراتمان به گرتن داوه و به دادگایمان گه‌یاندووه، ئه‌وا زۆر ئاساییه به كوردیش هه‌مان لێدوان بده‌ین، وه‌لێ ئه‌گه‌ر به هۆڵه‌ندی نه‌توانین لێدوانی له‌م چه‌شنه بده‌ین و كه‌س لێمان نه‌كرێت، ئه‌وا پێویست ناكات به كوردی ئه‌و بانگه‌شه‌یه بكه‌ین، چونكه چاو به چاو ده‌كه‌وێت، جیهان بۆته گوندێكی بچووك و ده‌رگای كوردستان و به‌شداریكردنی كۆڕوكۆبونه‌وه‌كان بۆ ڕاپه‌رێنه‌رانی ئه‌و كه‌یسه كراوه‌یه له كۆتاییدا هه‌ر قسه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها زۆر وه‌رگێڕی كورد كاریان له‌و كه‌یسه كردووه، ئاگاداری ورد‌و درشتی پرۆسه‌كه هه‌ن، به هه‌مان شێوه ڕه‌خنه‌م له‌وانه‌ش هه‌یه كه ده‌یانه‌وێت ڕۆڵی چاك له پرۆسه‌ی دادگاییه‌كه بكه‌ن به‌سفر، ئه‌و هه‌موو ماندوبون و سكاڵاكه‌ر په‌یدا كردن و به‌ڵگه‌نامه پێشكه‌ش كردن و شایه‌د دۆزینه‌وه‌و خۆپیشاندان ڕێكخستن و پارێزه‌ر گرتنه به هه‌ند نه‌گرترێت، مه‌سه‌له‌یه‌كی كوردی هه‌یه ده‌ڵێت هه‌مووشت به خوێ، خوێش به مانا، چاك له‌و دۆسییه‌یه هه‌موو نه‌بوو، به‌ڵكه جه‌سته گه‌وره‌كه وزاره‌تی دادی هۆڵه‌ندی و ڕاگه‌یاندنی هۆڵه‌ندی بوو، وه‌لێ به‌شێكی باشیش له‌و هه‌وڵه گه‌وره‌یه به‌ر چاك و كۆمیته‌كه ده‌كه‌وێت، بۆیه جێی خۆیه‌تی هه‌موو به‌شداربووان شانازی پێوه بكه‌ین، وه‌لێ به‌بێ غرور بوون له یادكردنی ڕه‌نجی هه‌مووان.
تیمی پشكنینی هۆڵه‌ندی و خه‌مساردی به‌رپرسانی كورد
له درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا خاتوو ڤینۆس له په‌ره‌گرافێكی دیكه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا نووسه‌ر ده‌نووسێت “ناوه‌ڕراستی ئه‌و ساڵه ، تیمێكی بیرۆی لێكۆڵینه‌وه‌ی نیشتیمانی هۆڵه‌ندی Bureau van Nationale Recherche Dienst به مه‌ستی لێپێچینه‌وه به‌دواداچوون له دۆزه‌كه‌ی تاوانبار (فرانس فان ئانرات) ده‌ستبه‌كار ده‌بن به‌مه‌به‌ستی دادگاییكردنی تاونباری ناوبراو.. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌و تیمه كه‌وته په‌وه‌ندی كردن به لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه وه‌ك: حیزبه كوردستانیه‌كانی عێراق ، رێكخراوه كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیه كوردیه‌كانی ناو هۆڵه‌ندا ، قوربانیه‌كانی چه‌كی كیمیایی ، كه‌سایه‌تی و سیاسه‌تمه‌دارانی كوردی و عێراقی ، جگه له هه‌ر لایه‌ن و كه‌سێك ئاماده‌بووبێت ده‌ستی یارمه‌تی درێژ بكات..
ئه‌وان بۆ وه‌دیهێنانی عه‌داله‌ت و مه‌به‌ست و ئامانجیان له دادگاییكردنه‌كه چه‌ند خاڵ و پرسیارێكیان ده‌ستنیشان كردبوو كه كردبوویانه بنه‌ما بۆ ده‌سپێكردنی قۆناغه‌كانی لێكۆڵینه‌وه و لێپێچینه‌وه‌كانیان ، له‌وانه: كه‌ی و له‌كوێ چه‌كی كیمیایی له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه به‌كارهێنراوه؟ له چ بنكه‌یه‌كه‌وه فرۆكه‌كان هه‌ڵساون كه بۆردومانی ناوچه‌كانیان به چه‌كی كیمیایی كردووه؟ ئه‌و فرۆكانه به‌شێك بوون له چ یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی؟ ئایا ناوی فرۆكه‌وانه‌كان ئه‌زانرێت كه ئه‌و فرۆكانه‌یان لێخوریوه؟ ئه‌و فرۆكه‌وانانه ئیستا له كوێن؟ ئایا ناوی ئه‌و كه‌سانه زانراوه كه له‌و بنكه سه‌ربازیانه كاریان كردووه؟ ئه‌و كه‌سانه ئیستا له كوێن؟ ئایا جۆری ئه‌و بۆمبانه چین كه به‌كار هاتوون؟ و ئایا پاشماوه‌ی ئه‌و بۆمبانه‌ی نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه ، هه‌ڵگیراون؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵگیراون ، له‌كوێ؟ ئایا زانراوه له كوێ ئه‌و بۆمبانه دروستكراون؟ ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیداربوون به دروستكردنی ئه‌و بۆمبانه‌وه ناسراون لاتان؟ ئایا له‌كوێن؟ “.
ئه‌م كۆمه‌ڵه پرسیاره‌ی ئه‌و تیمه خستویانه‌ته به‌رده‌م خۆیان تاكو بگه‌ن به وه‌ڵامه‌كانیان، پرسیاری گرنگ و پڕ به‌هان، تاكو ئێستاش لایه‌نی كوردی نه‌یانتوانیوه په‌ی به گرنگیان ببه‌ن و وه‌ڵامه‌كانی به‌ده‌ست بخه‌ن، خولقاندنی پرسیار و گه‌یشتن به وه‌ڵامی ڕاست و درووست له پرۆسه‌یه‌كی دادپه‌روه‌ریدا ده‌رهێنانی هه‌قیقه‌ته له‌ناو جیهانی ته‌مومژاویدا، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه بۆ لایه‌نی كوردی گران نه‌بوو ئه‌گه‌ر ئاماده‌یی پێشوه‌ختیان هه‌بوایا و ده‌زگای ستراتیژی تایبه‌ت به‌و كاره و تیمی پشكنینی خۆی هه‌بوایا، ئێستاش پێویسته لایه‌نی كوردی به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌وه بێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كار له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه گرنگه بكات، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا بوونی ده‌زگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی و به ئه‌رشیفكردنی دۆكۆمێنته‌كان گرنگترین پێداویستین.
خاتوو ڤینۆس درێژه به نووسینه‌كه‌ی دادات و له ده‌رگای بابه‌تێكی زۆر هه‌ستیار ده‌دات و ده‌نووسێت ” ناجی سه‌بری ئه‌لحه‌دیسی وه‌زیری ده‌روه‌ی عێراق زه‌مانی سه‌ددام راپۆرتێكی 2500 لاپه‌ڕه‌ی داوه‌ته لیژنه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه زۆر باسی وردیكاریه‌كانی پیشه‌سازی چه‌كی كۆكوژی ده‌كات ، ئه‌و راپۆرته كه واڵته‌ردایك نووسیویه‌تی ناوی: Find Fine Commission Rapport بوو واتا (راپۆرتی كۆمیسیۆنی ورده‌كاریه دۆزراوه‌كان) ، ئه‌م راپۆرته به‌شێكی زۆری كراوه نه‌بووه.. ئه‌مه‌ریكا وێنه‌یه‌كی له‌و راپۆرته لابووه و، رێگه‌ی نه‌داوه كه‌س بیبینێت ، به‌ڵام یه‌ك وێنه‌ی له عێراق هه‌بووه ، دوای رووخانی رژێمی سه‌ددام كه‌وتۆته لای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ، به‌تایبه‌ت د. به‌رهه‌م ساڵح كه ئه‌و ده‌مه جیگری سه‌رۆك وه‌زیران بوو بۆ كاروباری ئه‌منی عێراق ، و ده‌رگای كراوه‌بووه بۆ ئه‌و راپۆرته و هه‌موو كات ئه‌یتوانی ده‌ستیكه‌وێت و سوودی لێبینێت ، له‌و راپۆرته‌دا به وردی و دوور و درێژی باس له رۆڵی فرانس فان ئانرات ئه‌كات له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ، له لایه‌ن تیمه هۆڵه‌ندیه‌كه‌وه په‌یوه‌ندی كراوه به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه و بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و راپۆرته و، سوودبینین لێی له دادگاییكردنه‌كه‌ی فرانس فان ئانرات ، كه به‌باوه‌ڕیان هێزێكی گه‌وره به‌دۆزه‌كه بدات له‌سه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی به ئامانجی زیاتر ناساندنی دۆزی ئه‌نفال وه‌كوو تاوانه‌كانی جینۆساید و كۆكوژی ، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ وه‌ڵامێكیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه و كه‌س هاریكاری نه‌كردوون ، ئیدی نازانم د. به‌رهه‌م تا چه‌ند ئاگاداری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بووه ، تا چه‌ند نزیك بووه له مه‌سه‌له‌كه‌وه به پێی پۆسته‌كه‌ی له‌و شوێنه‌دا ، ئایا له‌ده‌ستیابووه هاریكاری بكات؟ بۆ نه‌یكردووه؟ “.
هه‌ر حیزب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك كاتێك ده‌بێته به‌شێك له ده‌سه‌ڵات، به‌شدارییه‌كه‌ی ته‌نها له پێناو ده‌ستكه‌وتی مادی و سیاسی نییه، به‌ڵكه گرنگترین كار له‌و هاوپه‌یمانییه‌تییه ئه‌وه‌یه ده‌بیته به‌شێك له ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و نهێنییه‌كانی و سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كانی، ده‌ستی به ئه‌رشیفه‌كانی ده‌گات و كه‌ی بیه‌وێت به‌كاریان ده‌هێنێت، ده‌وڵه‌ت ده‌خاته خزمه‌ت سیاسه‌ته‌كانی خۆیه‌وه، ئه‌گه‌ر دۆسییه‌یه‌كی گرنگی ئاوا له‌به‌رده‌ست د.به‌رهه‌م بوبێت و بێت له ئێستادا، نه‌توانرێت له خزمه‌ت به دادگاییگه‌یاندنی كۆمپانیا بیانییه‌كان و وڵاته به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كانی چه‌كی كیمیاوی و كۆكوژ به‌كار بهێنرێت، ئه‌وا گه‌وره‌ترین غه‌دری له‌و دۆزانه كردووه، كۆمپانیاكان و وڵاتان به دروشمی شوڕشگێڕانه‌ی ڕێكخراوه‌كانی فشار دادگایی ناكرێن، هه‌رچه‌نده ئه‌و هه‌وڵانه ڕاهێنانی گه‌له له‌سه‌ر كارێكی مه‌زن و له كۆتایشدا واداركردنی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه بۆ ئه‌وه‌ی بێته ژێر باری ئه‌و كاره‌وه، ده‌نا ئه‌وه كارێكی درێژخایه‌نه‌و پێویستی به ئیمكاناتی مادی زۆر‌و زه‌به‌ن و به‌ڵگه‌ی گرنگ و هه‌ستیار و كاتی زۆر و پشو درێژییه، هه‌موو ڕۆژێك هۆڵه‌ندایه‌كمان تووش نابێت ئه‌كواو ئانراتێكی خۆی له‌سه‌ر كورد و لیبریا دادگایی بكات و ده‌یان ملیۆن ئیرۆی بۆ ته‌رخانبكات.
بۆیه لێره‌وه داوا له ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ده‌كه‌م به زووترین كات كۆپییه‌كی ئه‌و ڕاپۆرته به ده‌ست بهێنن و بیخه‌نه به‌رده‌ست پسپۆران، تاكو كاری جدی له‌سه‌ر بكرێت بۆ به دادگایی گه‌یاندنی سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمپانیا‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به چه‌كه‌كانیان پشكدار بوونه له تاوانی ژینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی به‌رامبه‌ر به كورد، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاپۆرته بوونی هه‌یه.
هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی كورد و دادوه‌رێكی عه‌ره‌ب
له درێژه‌ی نووسینه‌كه‌یدا خاتوو ڤینۆس ده‌نووسێت ” پاشان تیمه‌كه زانیاریان ده‌ستكه‌وتووه كه كارمه‌ندێكی زۆر باڵاده‌ستی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی سه‌ربازی عێراق –به‌داخه‌وه ناوه‌كه‌یم ده‌ستنه‌كه‌وتووه ، كه كه‌سی دووم بووه دوای حسین كامل وه‌زیری پیشه‌سازی سه‌ربازی ئه‌و ده‌مه – له شاری موسڵ خۆی شاردۆته‌وه ، ئه‌مان ناو و شوێنیان زانیبوو ، بۆ مه‌به‌ستی ئاسانكاری په‌یوه‌ندیان به كورده‌كانه‌وه (ئیداره‌ی هه‌ردوو حیزبه‌كه‌وه ، پدك و ینك) كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌و كه‌سه ، تا سوود له شه‌هاده‌ته‌كه‌ی ببینن له پرۆسه‌ی دادگاییكردنی فرانس فان ئانراتدا..كه ئه‌گه‌ر ئه‌وه سه‌ری بگرتایه فرانس فان ئانرات به تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی جینۆساید سزاده‌درا ، به‌پێی ئه‌و زانیارانه‌ی هه‌یه‌تی و ویستوویه‌تی بیدات ، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر تاوانبار فرانس فان ئانرات ، به‌ڵام به‌داخه‌وه رووی نه‌دا.. تیمه‌كه په‌یوه‌ندی به رێكخستنی حزبه كوردیه‌كان وكه‌سایه‌تیكانی له موسلڕ كردووه ، له‌وانه به لقی رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له ناوچه‌ی موسڵ ئه‌و ده‌مه واتا ساڵی 2004 ، به‌داخه‌وه ناوه‌كه‌یم ده‌ستنه‌كه‌وت.. به‌ڵام مه‌خابن هیچ یارمه‌تیه‌كیان ده‌ستناكه‌وێت ، كه ده‌تونرا له‌رێی لقی ئه‌و حزبه‌وه له‌و ناوچه‌یه ئاسانكاری بكرابا بۆ هێنانی ئه‌و كابرایه بۆ هه‌ولێر یان زاخۆ بۆ بینینی ، دواتر په‌یوه‌ندیان كردووه به مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه كه ئه‌و ده‌مه (و وابزانم ئیتساش سه‌عیدی ئه‌حمه‌د پیره‌یه) ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه ئاماده نه‌بوون هیچ یارمه‌تیه‌ك بده‌ن.. ئیدی ئه‌و هه‌وڵانه گشتی بێ ئه‌نجام ماونه‌ته‌وه ، ئیتر تیمه‌كه به بێئومێدی گه‌ڕاوه‌ته‌وه ، پاش ئه‌وه كه‌وتنه رێگای كاركردنی تر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی كوشتنی مه‌سه‌له‌كه و جارێكی تر تاوانه‌كانی ئه‌نفال مرێنرا و، چه‌ندین هه‌نگاو دووری خسته‌وه.. ئه‌و كاره ئه‌كرا سوودی لێببینرێت بۆ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ی سه‌ددام و داروده‌سته‌كه‌ی و فرانس فان ئانرات ، و هاوكات پێكه‌وه جموجۆڵێكی جیهانی گه‌وره‌ی ده‌نایه‌وه..تیمه‌كه ئاماده‌بوون بچنه زاخۆ یان دهۆك ، بۆ وه‌رگرتنی شه‌هاده‌تی كابراكه ، و كابراكه خۆی ئاماده‌یی نیشان دابوو ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مابوو كورده‌كان لایه‌نی ئه‌منی و زۆر ئاسانكاری بۆ مه‌سه‌له‌كه بكه‌ن ، به‌ڵام مه‌خابن هیچ نه‌كراوه ، ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی هۆڵه‌ندیه‌كان نه‌یانتوانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له لیستی تاوانه‌كانی له دژی فرانس فان ئانرات ریزبه‌ندكرابوون دانێن ، كه ده‌كرا ببێته هۆی ئه‌وه‌ی به تۆمه‌تی جینۆساید سزابدرێت و ئه‌وسا تاوانه‌كانی ئه‌نفالی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی به ئاقارێكی زۆر جیاوازدا ده‌برد و، زۆر هه‌نگاو و هه‌وڵ و كۆششی كورت ده‌كرده‌وه له هه‌وڵی كورد بۆ ناساندنی ئه‌و تاوانه به تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی ، تاوانی جه‌نگ و تاوانی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ (جینۆساید) كه ئه‌و سێ تاوانه و خه‌سله‌ته‌كانیان ته‌واو به پێی (یاسای بنچینه‌یی رۆما) كه ساڵی 1998 دانراوه و له ساڵی 2002ه‌وه كاری پێده‌كرێ ، له تاوانه‌كانی ئه‌نفالدا هه‌ن..به‌ڵام ئه‌و كه‌مته‌رخه‌می و به‌ده‌نگه‌وه نه‌هاتن و جیدی نه‌بوونی ئیداره‌ی سیاسی كوردی و حیزبه كوردیه‌كان ولایه‌نه په‌یوه‌ندیداره كوردیه‌كان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا بووه مایه‌ی دواخستنی ناساندنی ئه‌و تاوانه ده‌یان ساڵی تر بۆ دواوه.”.
خه‌مساردی ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌ك ته‌نها به‌رامبه‌ر به دادگاییكردنی ئانرات به ڕونی و ئاشكرایی ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵكه له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو پرسه‌كانی دیكه‌ی ژینۆساید ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، له‌هه‌مبه‌ر كه‌یسی ئه‌نفال، كه‌یسی هه‌ڵه‌بجه، كه‌یسی ڕاپه‌ڕین، كه‌یسی ته‌عریب، كه‌یسی بارزانی و فه‌یلی…، به‌رامبه‌ر به بڕیاری 140،.بگره ئه‌م هه‌ڵوێسته له به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌یسه‌كانی نه‌ته‌وه به ئاشكرا ده‌بینرێت، ئاساییه به‌ڕێزان سه‌عدی پیره‌و یونس ڕۆژبه‌یانی وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنی وزاره‌تی دادی هۆڵه‌ندی نه‌ده‌نه‌وه، ئه‌وه هیچ نییه جگه له ده‌ربڕی ئاستی په‌رۆشییان بۆ دۆزه‌كه و دڵسۆزییان بۆ نه‌ته‌وه، وه‌لێ له هه‌مبه‌ردا ده‌بینین كه‌سایه‌تیه‌كی وه‌ك فره‌ید ته‌یفن كه داواكاری گشتی دۆزی ئانرات بوو، سه‌ردانی سه‌رده‌شت و ڕه‌شه هه‌رمێ و زه‌رده و ئاڵوه‌تان ده‌كات، مه‌شره‌ق و غه‌رب بۆ سه‌رخستنی ئه‌م كه‌یسه له پێناو كورددا ده‌كات، به‌ڵام 2 ساڵ زیاتره داواكراوه جێگه‌یه‌ك له شاری هه‌ڵه‌بجه به ناوییه‌وه بنرێت, هێشتا هه‌واڵێكی لێ نییه، ئه‌وه ئه‌و داوایه بۆ ئاغای فه‌رهادی بكرابایه له زووه‌كه‌وه كۆتایی پێهاتبوو.
ژیان هه‌مووی ڕه‌ش نییه، له به‌رامبه‌ر ئه‌م وێنه ناشرینه له هه‌ڵوێستی هه‌ندێك له به‌رپرسان، وێنه‌یه‌كی جوانیشمان هه‌یه، ئه‌ویش هه‌ڵوێستی حاكم عارف شاهین، سه‌رۆكی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراقی كه دادوه‌رێكی عه‌ره‌بی عێراقییه، هه‌ر زه‌نگم بۆی لێدا، داوای ئه‌و دۆكۆمێنتانه‌م لێی كرد، له دادگا دژ به ئانرات به‌كار هێنرابوون، یه‌كسه‌ر دادوه‌رێكی كوردی به‌ناو خاتوو حاكم هاوار حه‌مه خورشیدی پێ ناساندم، ئه‌ویش په‌یمانی دا هاوكاریمان بكات، به‌هۆی نه‌بوونی هێڵی ئه‌نته‌رنێته‌وه، چه‌ندین ڕۆژ و هه‌فته له هه‌وڵدا بووم، تاكو له ئه‌نجامدا به‌ڵگه‌نامه‌كانیان نارد، به شایه‌دی ڤینۆس خان و وه‌رگێڕو شایه‌داكان بووه، كاریگه‌رترین به‌شداری كوردی له پرۆسه‌ی دادگا له دژ به ئانرات، ته‌واوی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنی هۆڵه‌ندی ئاماژه‌یان پێیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆكۆمێنتانه نه‌بونایه قه‌ت سزای سه‌پاو به‌سه‌ر ئانرات به‌رز ناكرایه‌وه بۆ 17 ساڵ، بگره وه‌ك به‌شداریكردنی له ژینۆساید و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی قوربانیان، ئه‌و سزایه‌ش له 15 ساڵه‌وه كه‌مدیكرایه‌وه، شه‌وی بڕیاره‌كه كاك حه‌سه‌نی موهه‌ندیس به بریندارێكی شاری سه‌رده‌شته زه‌نگێكی لێدا وتی : ئه‌و كاغه‌زانه سه‌رمانی به‌رز كرده‌وه،دیاره هه‌ر له ڕێگای هه‌مان په‌یوه‌ندییه‌وه، په‌یوه‌ندیمان به دادگاوه كرد و ته‌سدیقی به‌ڵگه‌نامه‌كانیان كرد دواتر، وه‌ڵامی داخوازه‌كانی دادگایان دایه‌وه، له‌و پرۆسه‌یه سی دی كه‌یسی ئه‌نفال و ژماره‌یه‌كی ئێ‌كجار زۆری دۆكۆمێنت و فلیمیش پێشكه‌ش به دادگا كرا‌و به‌شێكی باشی به‌كار هێنران، هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه له‌سه‌ر ئانرات بوو، خۆی دانی نا به به‌شێكی گرنگی نه‌بوو بۆ ناساندنی ئه‌نفال به ژینۆساید، چونكه ڕه‌گه‌زه‌كانی ئه‌نفال له ناو سی دی ئه‌نفال و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ته‌عریبدا بوون، نه‌ك نامه‌ی نێوان ئانرات و سه‌دام، دیاره زیاتر كردنی ساڵی زیندانییه‌كه‌ی وه‌ك تۆڵه‌كی یاسایی و سیاسی له تاوانكارێك گرنگی خۆی هه‌یه، وه‌ك ناوه‌ندی چاك لای وزاره‌تی دادی هۆڵه‌ندی سه‌لماندمان دادگاكه بۆ كورد گرنگه، هه‌ر بۆیه ئێستاش وزاره‌تی دادی هۆڵه‌ندی به‌ڕێزه‌وه سه‌یری ناوه‌ندی چاك ده‌كه‌ن، جێی خۆیه‌تی لێره‌وه سه‌ری ڕێز بۆ هه‌موو ئه‌وانه دابنوێنم هاوكاریمانیان كرد له‌و كه‌یسه ” حاكم عارف شاهین، حاكم خاتوو هاوار حه‌مه خورشید، له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج، شوان داودی، پارێزه‌ر گۆڤه‌ند بابان، ته‌له‌فزیۆنه‌كانی كه‌ركووك و ئازادی ” هه‌روه‌ها كاك عوسمانی حاجی مه‌حموود به په‌رۆشه‌وه گوێبیستی داواكارییه‌كانم بوو، سه‌رباری په‌رله‌مانی كوردستان.
به بڕوای من دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تییه عێراقییه بۆ دادگا، گرنگی نابوو بۆ ناساندنی ئه‌نفال به ژینۆساید، چونكه ڕه‌گه‌زه‌كانی ناسینی ئه‌نفال به ژینۆساید، له شایه‌دییه‌كانی شۆڕش حاجی و به‌ڵگانه‌مه‌كانی ئه‌نفال و سی دی دادگا و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ته‌عریب و ڕاپۆرته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كاندا بوو، شایه‌دیه‌كانی تاناكا و والته‌ر بیك و سه‌عدواڵله فه‌تحی، فائیز شاهین، د.عه‌لا و سكاڵاكانی خه‌ڵكی سه‌رده‌شت و ئاڵوه‌تان و زه‌رده و چیرۆكه‌كانی مام قادری ڕه‌شه هه‌رمێی كه هه‌موو هۆڵی دادگاكه‌ی هێنایه گریان، هیچ ڕه‌گه‌زێكی له ژینۆسایدكردنی نه‌ته‌وه‌ی كوردی نه‌خسته سه‌ر كه‌یسه‌كه، به‌ڵكه وه‌ك به‌شێك له تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی و جه‌نگ سه‌یریان لێكرا، نابێت ئه‌وه‌شمان له یاد بچێت كاك عه‌لی ڕه‌حیمی نه‌بوایا كه‌یسی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان قه‌ت ناهاته ناو ئه‌و په‌روه‌نده‌یه‌وه، بۆیه هه‌موو قه‌رزارباری ئه‌و پیاوه به‌ته‌مه‌نه نه‌خۆشه‌ین، با ڕێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه پاداشتی بده‌ینه‌وه.
داواكاری گشتی دادگا، چه‌ندین جار داوای به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نوسراوی لێمكرد، له‌سه‌ر بوونی ئه‌نفالكراوان له نگره سه‌لمان، مخابن ده‌ستمان پێی نه‌گه‌یشت، ئه‌گه‌ر بهاتبایه ناوه‌ندێكی لێكۆڵینه‌وه‌و زانیاریمان له‌و بواره‌دا هه‌بوایا، ئه‌وا به‌بێ داواكردن ده‌یانتوانی ده‌ستیان پێی بگات.
چی بكرێت
ئانرات له ساڵی 1989 نزیك به 6 مانگ له ئیتاڵیا ده‌گرترێت، پاشان له‌ده‌ست دادپه‌روه‌ری هه‌ڵدێت، تاناكا له ئه‌مه‌ریكا ده‌گرترێت و حوكم ده‌درێت و ماوه‌یه‌ك له زیندان ده‌مێنێته‌وه، كه‌چی ئێمه‌ی كورد تاكو ساڵی 2003 نه ناوی ئانراتمان بیست، تاكو ساڵی 2005 نه ناوی تاناكای ژاپۆنی، ئه‌مه ده‌ربڕی خه‌مساردی نه‌ته‌وه‌یه‌كه به‌رامبه‌ر به تاوانبارانی خۆی.
كه‌یسی ئانرات وه‌ك ئه‌وه‌ی داواكاری گشتی نیشانمی دا، له یه‌ك ئه‌رشیفی زۆر گه‌وره له كاغه‌ز و فلیم و سی دی و ڕاپۆرتی گرنگ گرنگ و چاوێكه‌وتن پێك هاتووه، سه‌رجه‌میان ده‌یان هه‌زار لاپه‌ڕه نووسراوی گرنگ پێك ده‌هێنن، هه‌زاران ناو ” وڵات،كۆمپانیا، تاك “ی تێدایه، سه‌رجه‌م ئه‌و ناوانه بۆ پرسی به جیهانیكردنی ئه‌نفال و كیمیاباران گرنگن.
به پێی زانیارییه‌كان دادگا تی دی جی ئانرات 100% بۆ دروستكردنی خه‌رده‌ل به‌كارهێنراوه له ساڵه‌كانی 1986-1987-1988، هه‌روه‌ها 63% ماده‌ی تی دی جی ئانرات فرۆشتویه‌تی به عێراق، ئامرازی دروستكردنی ماده‌ی كیمیاوی هێناوه بۆ عێراق، ماده‌ی كیمیاوی كڕین و فرۆشتنی بۆ عێراق له دوای ئۆكتۆبه‌ری 1985 ه‌وه یاساغ بووه، بۆیه ئانرات به ساخته په‌یدای كردووه, نزیك 300000-400000 دۆلاری له‌م كڕین و فرۆشتنه‌ی ده‌ستكه‌وتووه.
ئه‌و تی دی جیه‌ی له ژاپۆنه‌وه هاتووه ” تاناكا و هیراتا ” دابینیان كردووه، له ڕێگه‌ی به‌نده‌ری ترێستی ئیتاڵییه‌وه گه‌یشتۆته عێراق، وه‌لێ ئه‌و كیمیاویه‌ی له ئه‌مه‌ریكاوه هاتووه، له ڕێگه‌ی به‌نده‌ری ئه‌نتوێرپنه‌وه نێردراوه، كۆمپانیای ئه‌لكۆلاكی ئه‌مه‌ریكی له به‌رواره‌كانی 30-3-1988 و 20-6-1988، ئانرات ماده‌ی كیمیاوی لێیان كڕیوه بۆ عێراق، پاش لێدانی هه‌ڵه‌بجه.كۆمپانیاكانی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵیان داوه، كاڵاكان سه‌ره‌تا بنێرن بۆ لیبریا دوای بچێت بۆ عێراق، سه‌رباری ئه‌وانه ناوی نه‌دیم، میسر، كۆمپانیای ئه‌رجه‌نتینی و…. له ناواندا ده‌بینرێن.
له عێراق ئانرات له گه‌ڵ د.عه‌لا و شاهین و سه‌عدواڵله ده‌بینین، د.عه‌لا وتوییه‌تی به‌بێ ئانرات نامان توانی ماده‌ی كیمیاوی دابین بكه‌ین، هاوكات تی دی جی بۆ سه‌عدواڵله فه‌تحی ناردووه، له موسه‌نا به‌رهه‌م هێنراوه، عێراق هه‌میشه داوای لێكردووه باشترین تی دی جی بۆ په‌یدا بكات، ئێستا سه‌عدواڵله ده‌ترسێت شایه‌دی بدات، كه سه‌ره‌تا ئه‌و په‌یوه‌ندی پێوه كردووه بۆ په‌یدا كردنی كه‌ره‌سته‌ی كیمیاوی، شاهینیش به‌وته‌ی باڵوێزی عێراقی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنه، به‌مه به سوك و سانایی كاره‌كه له كۆڵ خۆی ده‌كاته‌وه.
عه‌لی مه‌حموود محه‌مه‌د
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.