ئازار 17, 2015 Omer وتار لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە ئازار … بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد مانگی ئازاره یان خۆشی ؟
anfalistan – سلێمانى: له مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا رووداو گه‌لێكی گرنگ و به بایه‌خ هه‌ن كه وه‌ك رۆژێكی ئاسای گوزه‌ر ناكه‌ن ، به‌ڵكو له لای هاولاَتیان و خه‌ڵكی به چاوی رێزه‌وه ته‌مه‌شا ده‌كرێت ، له مێژووی گه‌لی كوردیشدا له هه‌موو قۆناغه‌كاندا چه‌ند رووداوێك هه‌ن كه به چاوی رێزه‌وه سه‌یر ده‌كرێن به جۆرێك هه‌ندێك له‌و رووداوانه بۆ ئێمه‌ی كورد مایه‌ی ئازارن و پێویسته له‌سه‌رمان له یادیان نه‌كه‌ین و بیكه‌ینه ویستگه‌یه‌ك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌و باشتر چون ، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه به‌شێك له‌و رووداوانه بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی كورد مایه‌ی خۆشی و شادین و به هه‌مان شێوه ده‌كرێت ئه‌م رووداوانه‌یش ببنه مایه‌ی بنیاد نان و به‌ره‌و پێشه‌وه چوون .
مانگی ئازار march ( سێ ) ی هه‌موو ساڵێك له لای ئێمه‌ی كورد به جۆرێك كه‌وتوه‌ته‌وه كه زۆرترین رووداو گه‌لی تێدا بێت به جۆرێك هه‌ندێك له‌و رووداوانه یاد ده‌كرێنه‌وه و هه‌ندێكی تریان رۆژێكی بۆ كراوه‌ته پشوو ، راستی ئه‌وه‌یه كه له ژیانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا رۆژ و یاده‌كان گرنگن به‌لاَم به‌شێك له‌و رۆژ و یادانه له مێژوودا به نه‌مری هێڵدراوه‌ته‌وه ، وه‌ك ووتمان به‌شێك له‌و یادانه به پێی یاسا و له رێگه‌ی ده‌زگا فه‌رمیه‌كانه‌وه كراونه‌ته پشوو ، به‌لاَم له هه‌رێمی كوردستان له ده‌ست نیشان كردنی بۆنه و یاده‌كان و دیاری كردنی رۆژێك بۆ پشوو به گشتی كۆ ده‌نگی له‌سه‌ر نیه و له‌م رووه‌وه هه‌موو ره‌هه‌نده‌كان له‌یه‌ك نه‌دراوه‌ته‌وه .
لێره‌دا به كورتی و كوردی تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و رووداو بۆنه و یادانه‌ی كه له مێژووی كورد و به‌شێكی ناوچه‌ی و جیهانییه كه له كوردستان یاد ده‌كرێته‌وه به ته‌نها له مانگی ئازاردا ، به شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك له‌و رووداوانه پشت گوێ خراون و به‌شێكیشی له‌به‌رچاو ده‌گیرێن ، كه رۆژه‌كان به‌سه‌ر ئازار و خۆشی‌دا دابه‌ش بوون : 0 • له دایك بوون و كۆچی دوای مه‌لا مسته‌فای كوڕی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی (14/3/1903 – 1/3/1970) له هه‌رێمی كوردستان له دایك بوونی مه‌لا مسته‌فا سالاَنه ده‌كرێته پشوو یاد ده‌كرێته‌وه ، ئه‌م یاد كردنه‌وه‌یه تا ئێستا كۆده‌نگێكی نیشتیمانی و میللی له‌سه‌ر نیه و مایه‌ی له‌سه‌ر قسه كردنه به گشتی به‌لاَم به‌شێوه‌یه‌كی دوور له ده‌مارگیری و حزبایه‌تی ، ده‌كرێت له دایك بوون و له دنیا ده‌رچوونی مرۆڤه‌كان یاد بكرێنه‌وه به بڕوای من له‌م یاده‌دا كه‌سایه‌تی مه‌لا مسته‌فا بۆ لایه‌نێكی دیاری كرا‌و قۆرغ كراوه و نه‌توانراوه له زهنی هه‌مواندا ئه‌م كه‌سه بكرێته سه‌ركرده‌یه‌ك به‌سه‌ر سه‌وز و زه‌ردا دابه‌ش نه‌كرێت .
• هه‌ره‌س هێنانی راپه‌رێنی شێخ ره‌زای ده‌رسیم له كوردستانی باكور ، كه دژی ده‌سلاَتدارێتی توركیای كه‌مالی بوو له (3/3/1937) ، ئه‌م رووداوه له پاشه رۆژدا گه‌ر كوردستانی گه‌وره بێته دی پێم وایه گرنگی پێ ده‌درێت و وه‌ك یه‌كێك له ر‌وژه ئازاربه‌خشه‌كان له مێژووی هاوچه‌رخدا ته‌ماشا ده‌كرێت . • له دنیا ده‌رچوونی سه‌ركرده‌ی مێژووی ئیسلامی به ره‌گه‌ز كورد سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی (10/2/1138 – 4/3/1192) ز ، حه‌قی خۆیه‌تی سالاَنه له‌م مێژووه‌دا باس له قاره‌مانێتی ئه‌م سه‌ركرده موسڵمانه بكرێت ، كه له مێژووی سه‌ده‌كانی ناوه‌راستدا توانیویه‌تی ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبی دابمه‌زرێنێت و بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی ئیسلامدا ئه‌م سه‌ركرده‌یه دژی هه‌ڵمه‌تی خاچدروشمه‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه . • مۆركردنی رێكه‌وتنامه‌یه‌كی شوم له نێوان زلهێزه‌كانی سه‌رده‌می جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا ، كه ئه‌ویش مۆركردنی رێكه‌وتنامه‌ی سایكس بیكۆ سازانۆڤ بوو له (4/3/1916) له نێوان ( به‌ریتانیا – فه‌ره‌نسا – روسیا ) كه له مێژووی هاوچه‌رخی ناوچه‌كه و كوردستاندا مایه‌ی هه‌ڵویسته له‌سه‌ر كردنه ، كه بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژووی نزیكدا كوردستان نه‌خشه‌ی بۆ كێشرا و دابه‌ش كرا تا ئه‌مڕۆیش ئه‌و پارچه‌كردنه یه‌كی نه‌گردوه‌ته‌وه ، ئومێده‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن ئه‌و سنوره‌ی كوردستان كه به مره‌كه‌ب كێشرا وا خه‌ریكه به خوێن تێك ده‌شكێنرێت ، به داخه‌وه ئه‌م یاده‌وه‌ریه به ئازاره بۆ ئێمه‌ی كورد .
• ده‌ست پێكی گڵپه‌ی رق و قینی خه‌ڵكی كوردستانی باشور دژی دڕنده‌ترین رژێمی سه‌رده‌م ( به‌عس ) له (5/3/1991) له شاری رانیه‌وه كه بووه ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین ، ئه‌مه‌یش موژده‌یه‌كی خۆش بوو له مێژووی هاوچه‌رخی كوردا ، كه پاشتر ئه‌م راپه‌ڕینه سه‌رتاسه‌ری كوردستانی گرته‌وه به تایبه‌ت هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی كوردستانی باشور ( 7/3 شاری سلێمانی ، 11/3 شاری هه‌ولێر ، 14/3 شاری دهۆك ، 20/3 شاری كه‌ركوك ) ، ئه‌م راپه‌ڕینه ئومێده بۆ كوردانی هه‌ر چوار پارچه و له سایه‌یدا وا خه‌ریكه به‌شێك له كورد به سه‌ربه‌خۆی ده‌گه‌ن .
• موركردنی رێكه‌وتنامه‌ی شومی جه‌زائیر ،كه به مۆركردنی ئه‌م رێكه‌وتنامه‌یه جارێكی تر خه‌باتی كورد توشی نسكۆ و وه‌ستان بوویه‌وه ، رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر (6/3/1975) له نێوان سه‌رانی عێراق و ئێران‌دا بوو به بیانوی رێكخستنه‌وه‌ی سنوری نێوان هه‌ر دوو لا ، به‌داخه‌وه بووه مایه‌ی مه‌ینه‌تی و ئازار و نسكۆی شۆرشی كورد له زیندووترین پارچه‌ی كوردستان له‌و كاته‌دا .
• یاد كردنه‌وه‌ی رۆژی جیهانی ژنان ( ئافره‌تان ) له كوردستان ، سالاَنه له (8/3) دا له لایه‌ن به‌شێك له ژنان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه به چه‌ندین چالاكی ئه‌م یاده له كوردستان ده‌كرێته‌وه ، كه ئه‌مه‌یش بۆ (8/3/1908) ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ژماره‌یه‌ك كرێكاری كارگه‌یه‌ك له ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌سته‌به‌ری كردنی ژیانیان خۆپشاندانیان كرد ، له كوردستان زۆرجار ئه‌م یاده ده‌بێته مایه‌ی مشت‌ومڕ له نێوان به‌شێك له چالاكان و پیاوانی ئاینیدا كه به داخه‌وه ساڵ به ساڵ ژنان زۆر تر توشی مه‌ینه‌تی ده‌بنه‌وه .
• رۆژی جلی كوردی وه‌ك نه‌ریتێك بۆ چه‌ند ساڵێكه له (10/3) ی هه‌موو ساڵێكدا به تایبه‌ت له لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه به پۆشینی جلی كوردی كراوه‌ته نه‌ریت و یاد ده‌كرێته‌وه ، كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو خاوه‌ن جل و به‌رگی تایبه‌ت به خۆیه‌تی وه‌ك جلی ( پیاوانه ، ژنانه ) كه ده‌كرێت ئاماژه به جلی وه‌ك ( شاڵ ، مرادخانی ، ستارخانی ، شال و شه‌پك ، كراس و كه‌وای ژنانه به چه‌ندین جۆر ومۆدێل ) بده‌ین به درێژای مێژوو ئه‌م جۆره كه‌ل و په‌لانه سه‌ره‌نجی گه‌ڕیده و رۆژهه‌لاَتناسه‌كانی بۆ خۆی راكێشاوه ، من به هیوام به فه‌رمی و له رێگه‌ی بڕیاری په‌رله‌مانه‌وه رێگه بدرێت به هاولاَتیان به جل و به‌رگی كوردیه‌وه ده‌وام بكه‌ن و له‌م رووه‌وه رێگری نه‌كرێت و ئاره‌زوومه‌ندی له‌به‌رچاو بگیرێت .
• دامه‌زراندنی رێكخراوێكی تایبه‌ت به ژنان له كوردستان ئه‌ویش رێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی ئافره‌تانی كوردستانی عێراق بووه له (10/3/1953) كه له مێژووی كاری رێكخراویدا بۆ ئه‌و ده‌مه كارێكی نوێ بووه ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌می كۆماری كوردستان له مهاباد له ساڵی 1946 رێكخراوی تایبه‌ت به ژنان هه‌بووه كه ده‌كرێت له رۆژی جیهانی ئافره‌تان و دامه‌زراندی رێكخراوه‌كانی له‌م شێوه‌یه یادێكی هاوبه‌ش دروست بكرێت و ناوی لێ بنرێت ( رۆژی ژنی كورد ) .
• كورد بۆ یه‌كه‌مین جار له لایه‌ن یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه كوردستانی به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه دان به به‌شێك له مافه‌كانیدا نرا، له (11/3/1970 ) به‌یانی یازده‌ی ئازار مۆركرا له نێوان سه‌ركرده‌ی كورد مه‌لا مسته‌فای بارزانی و حوكمه‌تی عێراقی سه‌دام حسێن ، ئه‌م به‌یانه له 15 ماده پێك هاتبوو كه چه‌ندین خاڵی گرنگی له خۆ ده‌گرت به تایبه‌ت داننان به ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی باشور ، ئه‌م یاده له بیره‌وه‌ری كورداندا به یه‌كێك له رۆژه خۆشه‌كان داده‌نرێت به‌لاَم مه‌خابن مه‌لی ئاواتی كورد زوو فڕی و پاش پێنج ساڵ جارێكی تر كورد توشی ماڵوێرانی و نسكۆ هاته‌وه .
• له مێژووی هاوچه‌رخی مرۆڤایه‌تیدا گه‌وره‌ترین تاوان ده‌رحه‌ق به كورد له لایه‌ن دڕنده‌ترین رژێمی دیكتاتۆریه‌وه ئه‌نجامدرا ، له (16/3/1988) به چه‌كی كیمیاوی نزیكه‌ی پێنج (5) هه‌زار مرۆڤ شه‌هید كرا ، سالاَنه له كوردستان و به‌شێك له وولاَتانی جیهان به چالاكی ئه‌م یاده پیرۆز راده‌گیرێت ، خۆشبه‌ختانه ساڵی پار له زۆرێك له په‌رله‌مانی وولاَتان به تایبه‌ت ئه‌وروپا كار له‌سه‌ر به جینۆساید ناسینی تاوانی هه‌ڵه‌بجه كرا ، به‌داخه‌وه سالاَنه له‌گه‌ڵ یادكرانه‌وه‌ی مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌نگی ناڕه‌زای ده‌بیسترێت به تایبه‌ت له (16/3/2006) كه وه‌ك ناڕه‌زایه‌ك له لایه‌ن به‌شێك له دانیشتوانی ئه‌و شاره‌وه مینۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه سوتێنرا ، بریا ئه‌مساڵ له یادی ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌دا پارێزگار و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه ده‌ست به‌كار بونایه بۆ ئاسوده‌ی رۆحی شه‌هیده‌كان .
• هێرشی هاوپه‌یمانان به سه‌رۆكایه‌تی وولایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر رژێمی به‌عس له عێراق له (19/3/2003) ، ئه‌مه به دوو ناو له مێژووی عێراقدا ناوزه‌ند كرا واتا ( پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ، یان پرۆسه‌ی داگیركردنی عێراق ) له راستیدا بۆ ئیمه‌ی كورد ئازاد بوون بوو له ده‌ستی گه‌وره‌ترین رژێمی دیكتاتۆری له ناوچه‌كه‌دا ، حه‌قی خۆیه‌تی ئه‌م رۆژه سالاَنه یاد بكرێته‌وه به شێوه‌یه‌ك كه دۆخی هه‌رێمی كوردستان چووه قۆناغێكی تر به شێوه‌یه‌ك له مێژووی حوكمڕانی عێراقدا بۆ یه‌كه‌مین جار كوردێك بووه سه‌رۆك كۆمار كه ئه‌ویش ( مام جه‌لال ) بوو .
• رۆژی (21/3 ) چه‌ندین بۆنه و یاد له خۆ ده‌گرێت كه گرنگترینیان ( نه‌ورۆز ) ه كه به سه‌ره‌تای ساڵی كوردی داده‌نرێت به سێ رۆژ ئه‌م یاده سالاَنه ده‌كرێته پشوو ، ساڵنامه‌ی كوردیش له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه ده‌ست پێ ده‌كات ئه‌ویش به 700 ساڵ پێش زاین بۆ 550 ی پێش زاین ، ئه‌م یاده به جۆرێك له جۆره‌كان له نێو میلله‌ته ئاریایه‌كانی ناوچه‌كه‌دا هاوبه‌شه ، به‌لاَم بۆ ئێمه‌ی كورد نه‌ورۆز سنبولی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیه ، هه‌رچه‌نده ئه‌م یاده له نێو مێژوونوساندا مایه‌ی مشتومڕه كه ئاخۆ ئه‌م رۆژه بۆ كورد مایه‌ی شادی و خۆشیه یان غه‌م و ناخۆشی ، هه‌ر له‌م رۆژه‌دا چه‌ند یادێكی تر هه‌یه وه‌ك رۆژی جیهانی (دایك ، شیعر ، ئاو) و هاوكات هه‌ر له‌م رۆژه‌دا رۆژنامه‌گه‌ری كوردی بوه‌ته خاوه‌نی چه‌ندین بلاَوكراوه و ده‌زگا له‌وانه ده‌رچوونی ( گۆڤاری هاواری نیشتیمان و هه‌لاَڵه /1946 ، دامه‌زراندنی رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان /1979 ) .
• له مێژووی كوردا له زۆربه‌ی مانگه‌كانی ساڵدا رووداو گه‌لی ناخۆش هه‌یه به تایبه‌ت شالاَوه‌كانی ئه‌نفال ، كه به هه‌شت قۆناغ له لایه‌ن به‌عسه‌وه كرایه سه‌ر زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان ، له(23/3/1988) به ئه‌نفالی دوو ناسراوه كه به‌شێك له كوردستانی گرته‌وه ( بازیان ، قه‌ره‌داغ و ده‌ربه‌ندیخان ) تا كۆتای ئه‌م مانگه‌ی خایاند ، له بیره‌وه‌ری ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌دا پێویسته قۆناغ به قۆناغ یاد بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌رگه‌ساته بچوك نه‌كریته‌وه واتا ته‌نها له 14/4 دا یاده‌كه كۆ نه‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گرنگی زیاتر به‌م رووداوه بدرێت له مێژووی مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لی كوردا . • یه‌كێك له زانا و كه‌سایه‌تیه‌كانی گه‌لی كورد له كوردستانی باكور له ژیاندا نه‌ما ئه‌ویش زانای جیهانی ئیسلامی سه‌عید نورسیه له (1873 – 23/3/1960) ، ده‌كرێت له‌م رۆژه‌دا ئاوڕێك له خه‌باتی ئه‌م پیاوه مه‌زنه بدرێته‌وه و باس له رۆڵی كه‌سایه‌تیه كورده‌كان بكرێت له مێژووی جیهانی ئیسلامی‌دا .
• له رۆژی شانۆی جیهانیدا كه رێكه‌وتی رۆژی (27/3) شانۆكاران و هونه‌رمه‌ندانی كورد به چه‌ندین چالاكی یادی ئه‌م رۆژه ده‌كه‌نه‌وه به شێوه‌یه‌ك له‌م یاده‌دا هه‌وڵه‌كان به ئاراسته‌ی باشتر كردنی دۆخی هونه‌ره له كوردستان ، هه‌ر له‌م رۆژه‌دا دوو كه‌سایه‌تی كورد له دنیا ده‌رچون و تیرۆركران ئه‌وانیش ( ئیحسان نوری پاشا /1976 ، مه‌لا جه‌میل رۆژبه‌یانی /2001 ) .
• له رۆژه‌كانی كۆتای مانگدا واتا رۆژی (31/3) هاوكاته به سێ رووداوی ناخۆش له مێژووی میلله‌ته‌كه‌ماندا ئه‌ویش كۆچی دوای دوو كه‌سایه‌تی كورده ئه‌وانیش ( میر محه‌مه‌دی پاشای ره‌واندز / 1837 ، له‌سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و هاوڕێكانی / 1947 ) كه به‌داخه‌وه به پێی پێویست یادی ئه‌م دوو رووداوه ناكرێته‌وه و كه‌متر گرنگی پێ ده‌درێت ، له (31/3/1991) دا له مێژووی هاوچه‌رخدا به رۆژی كۆڕه‌وه مه‌زنه یه‌ك ملیۆنێكه‌ی كورد ناسراوه كه خه‌ڵكی كوردستان به هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه له ده‌ست زوڵمی به‌عس چونه خاكی ئێران و توركیاوه ، ئه‌م كۆڕه‌وه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی جیهانی لێ كه‌وته‌وه .
به‌م شێوه‌یه ده‌رده‌كه‌وێت به ته‌نها له مانگی ئازاردا چه‌ندین رووداو له مێژووی گه‌لی كورد و جیهاندا رووی داوه كه به لای خه‌ڵكی كوردستانه‌وه گرنگن و هه‌ر یه‌كه‌یان به جۆرێك یاد ده‌كرێنه‌وه ، به‌شێك له‌و یادانه به‌سه‌ر ئازار و به‌شێكی تریان به‌سه‌ر خۆشی‌دا دابه‌ش بوون ، ئه‌وه‌ی من له‌م نوسینه‌دا ئاماژه‌م بۆ كردون بریتیه له نزیكه‌ی سی (30) رووداو كه خۆش به‌ختانه به‌شی هه‌ره زۆری رووداوه‌كان به‌ر خۆشی كه‌وتون ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه رووداوه ئازاربه‌خشه‌كانیش زۆرن به‌لاَم رۆژه خۆشیه‌كانی كورد له‌م مانگه‌دا زۆر ترن . له كۆتای ئه‌م نوسینه‌دا ده‌كرێت ووردتر و به ئاگایانه تر له‌م بۆنه و یادانه بڕوانین و لایه‌نه فه‌رمیه‌كان به تایبه‌ت په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دیاری كردنی رۆژ و یاده‌كان به تایبه‌ت دیاری كردنی رۆژێك به ( پشوو ) زیاتر له‌سه‌ری بوه‌ستن ، به هیوام هه‌ر له‌م مانگه‌دا موژده‌ی راگه‌یاندنی ( ده‌وڵه‌تی كوردی ) بدرێت .
سه‌باح عه‌لی جاف
نیسان 08, 2022 1
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە الأمم المتحدة: فظائع داعش في العراق قد ترقى إلى الإبادة الجماعية
ئازار 17, 2015 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە حقوق الإنسان: مشروع لشمول الفيليين بامتيازات رفحاء ولا نملك بيانات دقيقة عن ضحاياهم
شوبات 27, 2025 0
ئاب 11, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال : حەسەن محەمەد سێدەری چیرۆکی خۆیان وگوندەکەی دەگێڕیتەوە.
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە مستەفا قادر پیرۆت دەربارەی كیمیبارانی هەوارەخۆڵ دەدوێت .
ئاب 10, 2020 لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە دیداری ئەنفال .. ئەو رۆژەی كە لێبوردنە گشتیەكە دەرچوو، براكەی من لە نوگرەسەلمان گیانی لەدەستدا.